دوعا (١)

دوعا، بانگ و لاڵانەوەیەکە لە بچووکەوە بۆ گەورە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە؛ ڕووتێکردن، داواکردن و ناخ هەڵڕشتنێکە لە زەوى و زەوینشینانەوە بۆ ئەودیوى ئاسمانەکان. کەسى نزاکار هەست بە بچووکیى خۆى و گەورەیی ئەو دەرگایە دەکات کە ڕووى تێکردووە؛ بەوپەڕى خاکیبوونەوە و هاوڕێ لەگەڵ متمانەى تەواوەتیدا بەوەى کە وەڵامى داواکانى دەدرێتەوە، دەست بەرز دەکاتەوە و دەپاڕێتەوە. ئیدى ئەم کەسە خۆى و چواردەورەکەى سیفەتى ئاسمانیبوون بەدەستدەهێنن و خۆى لە کۆڕى زیکرى ڕۆحانییەکاندا دەبینێتەوە. ئیماندار بە ڕووتێکردنێکى لەم جۆرە، هەروەک چووەتە سەر ڕێگاى بەدەستهێنانى هیوا و ئارەزووەکانى، بەهەمان جۆر بەرامبەر بەو شتانەش کە لێیان دەترسێت پاڵى بە دەرگانەیەکى بەهێزەوە داوە و هاناى بۆ قەڵایەکى پتەو بردووە.

هیوا و ئارەزووەکانمان پاڵنەرى پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانمانن، ترس و ئەندێشەکانیشمان هۆکارى تەمکین و بێدارى و هۆشیارین لەبەرامبەر کردارە نەرێنییەکانمانەوە. هەرچەندە ئێمە ئەو شتانە نازانین کە خواى گەورە سەبارە بە داهاتوومان تەقدیرى کردووە، بەڵام هەمیشە لەسەر ئاستى هۆکارەکان، هیوا و ترسەکانمان و هەوڵ و تێکۆشانەکانمان بە دوعاى گوفتارى و کرداریی ئەو تەقدیرە ئەژماردەکەین. چونکە پێغەمبەرى ڕاستگۆ (ص) هەواڵى ئەوەى پێداوین دواجار هەموان بەگوێرەى کردەوەکانیان پاداشت دەدرێنەوە. بەڵام ئەوەندەش هەیە نابێت لە دوعادا ڕووکردنە خوا ببەستینەوە بە خواستەکانى خۆمانەوە و ئارەزووەکانمان پێش هەموو شتێکى تر بخەین. بەڵکو ڕاست وایە لەگەڵ شعوورى بەندایەتیدا ڕوو لە خوا بکەین، بەوپەڕى خاکیبوون و خۆبەکەمزانییەوە، بە زمانى لاوازى، هەژارى و پێداویستییەکانمان حاڵى خۆمان عەرز بکەین.

لەبنەڕەتدا ئێمە لە دوعاکانماندا زیاتر ڕێز و متمانەى خۆمان بۆ پەروەردگارمان دەردەخەین و دان بەوەدا دەنێین کە ئەو تواناى بەسەر هەموو شتێکدا دەشکێت، وەک لەوەى داواکارى هاتنەدیى خواستە مرۆییەکانمان بین. ئیدى لە خاڵى کۆتاییدا یان بێدەنگ دەبین، یاخود ــ بە مەرجێک هۆکارەکانیش فەرامۆش نەکەین ــ وەک گوزارشت کردن لەوەى کە هەموو شتێک لەو چاوەڕێ دەکەین، بە وتنى “هەرچییەکمان هەبێت لاى تۆ ئاشکرایە/ دوعا تەنها عەریزەى حاڵى کۆیلەکانتە” حاڵى پەرێشانى خۆمان دەردەبڕین. بەڵێ، هەندێک جار لە قورئانەوە و هەندێک جاریش لە وتە لەعل و گەوهەرییەکانى سەردارمانەوە (ص) گوفتارگەلێک دەهێنین و، پێشکەشى دەرگانەى خوایان دەکەین و، بە ڕووکردنە دەرگاى ئەو کە میحرابى ئەبەدیمانە شەرحى دونیاى ڕۆحمان دەکەین، ناخى خۆمان بۆ ئەو هەڵدەڕژین و، وەک نیشانەیەک بۆ “ئەدەبى حزور” دەممان بەتوندى دادەخەین؛ ئەمەى کۆتاییان بەلاى هەندێکەوە ــ بەئەندانزەى پلەى ئیخلاسەکەى ــ لە ڕەوانترین وتەکانیش ڕەوانترە و، گوزارشت و عەرزى حاڵێکە لەوپەڕى جوانیى لە دەربڕیندا. مادەم خواى گەورە هەموو شتێکى ئاشکرا و نهێنیمان دەزانێت، کەوایە پێدەچێت لە دوعادا گرنگ ناوەرۆک بێت نەک وتە.. خۆى لە خۆیدا ئایەتى () نیشاندەرى ئەو ڕاستییەیە کە ئەو لە بابەتى زانینى خواست و ئارەزووەکانماندا لە خۆمان لە ئێمەوە نزیکترە. لەم ڕووەوە، ڕەچاوکردنى ئەدەبى حزور و گوزارشتکردن لە داواکانمان بە زمانى بێدەنگى، بەتایبەت بۆ کەسى خۆى، خوى ئەدەبە. پەروەردگارمان کە لە خۆمان لێمانەوە نزیکترە، لە ئایەتى ()دا هانمان دەدات بۆ دوعا و، نەبوونى دوعا بە بێنیازییەکى بێمانا و بچڕان حساب دەکات.

کەسێک کە دوعا دەکات، چەندێک بتوانێت ڕوو لە خوا بکات و لێى بپاڕێتەوە، بەرامبەر بەو پەروەردگارەى کە لە خۆى لێوەى نزیکترە، ئەو دوورییە تێدەپەڕێنێت کە لە لاشە و جیسمانییەتى خۆیەوە سەرچاوەى گرتووە و ڕێز لەو نزیکییەى ئەو دەگرێت کە هەمیشە ئامادەیە و لە وەحشەتى دووریى خۆى ڕزگارى دەبێت. خواى گەورەش ئەو شتانەى دەدات بەگوێدا کە پێویستە ببیسترێن، ئەو شتانەى نیشان دەدات کە دەبێت ببینرێن، ئەو شتانەش دەخاتە سەرزارى کە دەبێت بوترێن و یارمەتیى دەدات لە کردنى ئەو کارانەشدا کە پێویستە بکرێن. ئەم پایەیە لە هەمان کاتدا ئەو ئاستەیە کە ئیماندار بەهۆى عیبادەتە سوننەتەکانەوە پێیان دەگات. پاڵەوانێک کە بە مەزهەرییەتى نزیکبوونەوەیەکى لەم جۆرە شەرەفمەند بووە، بە چاوێکى تر شتان دەبینێت، بە گوێیەکى تر دەبیستێت و سەرجەم چالاکییەکانى دیکەشى بە شوناسێک کە زۆر لەسەروو منێتییەوەیەتى ئەنجام دەدات. ئیدى بە هەڵمەتێک بەرزدەبێتەوە، لە هەموو دەرفەتێکدا دەکەوێتە ئاڵوگۆڕ دوعا و وەڵام درانەوە لەگەڵ پەروەردگاریدا، بەتوندى دەست بە پاڕانەوە و لاڵانەوەوە دەگرێت وەک نیشانەیەک بۆ متمانەکردن بە توانستى بێسنوورى ئەو؛ هەروەها بە پشتبەستن بە هێزێکى بێپایان، بە دوعاوە هێرش دەکاتە سەر هەموو ئەو شتانەى وەک نەرێنى و مەحاڵ دەبینرێن.

لەم ڕوانگەیەوە، ئەو کەسانەى کە تامى ئیمانیان کردووە و لە عیبادەتدا هەستیار بوون، هەرگیز لە دوعادا کەموکورتى نانوێنن. بەپێچەوانەوە، ئەمانە عیبادەت وەک ئامانجى بوونیان دەبینن و گرنگییەکى زۆر بە دوعا دەدەن.. لەپاڵ ڕەچاوکردنى سەرجەم هۆکارە ماددى و مەعنەوییەکاندا، واڵاکردنى دەروونەکانیان و پاڕانەوە لە پەروەردگاریان، وەک نیشانەى گەڕان بەدواى نزیکبوونەوە لەو دەبینن و، دوعاکانیان وەک نەغمەى هیوا و ئومێدێک دەچڕن. لە ژینگەیەکى نزیکبوونەوەى لەم جۆرەدا، زۆرجار لەپاڵ نەشوەى هیوا و ئاواتەکانیاندا، هەندێک جاریش هەست بە سروەکانى ترس و ئەندێشە دەکرێت. ئادەمیزاد، لە هەمان ئەو کاتەدا کە لە ڕوانگەى ئەبەدییەت و ڕەهایی ئەوەوە لە هەموو شتێک دەڕوانێت، لە دڵیدا هەست بە شەونمى ترسیش دەکات و یەکسەر حاڵەتى تەمکین و بێدارى وەردەگرێت. ئەم دوو حاڵەى کە لە دوعادا ئاوێتەى یەکترن، ڕاستەوانە لەگەڵ ئاسۆى ماریفەتیدا دەگۆڕێت و گەشەدەکات. قورئان، وەک گوزارشتێک لەم تێکەڵەیەى کە لە سروشتى دوعادا هەیە دەفەرمووێت (). لەمەشدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ کەسێک ناتوانێت لەو بێنیاز بێت، لەپاڵ گەورەیى، مەزنى و جەبەروتەکەیدا دەرگاى ڕەحمەت و عینایەتى هەتا سەر پشت کراوەیە.

بەرامبەر بە لاوازى، هەژارى و پێداویستییەکانى ئێمە، ئەو خاوەنى ڕەحمەتێکى فراوانى وەهایە کە ئێمەى بەدیهێناوە، ڕۆزیمان دەداتێ و بەخێومان دەکات، چاوى لە خواست و ئارەزووەکانمانە و هەرگیز بۆ کەسانى تر جێمان ناهێڵێت.. ئەمەش لە بابەتى ئەوەدا کە هەمیشە بەرامبەر بە ئەو هەڵسوکەوتەکانمان باڵانسێکى ورد و ناسکى هەبێت، شتێکى زۆر گرنگە. بۆیە ئێمە هەمیشە هاوڕێ لەگەڵ شعوورى هەستکردن بە بچووکیى خۆمان و مەزنیى ئەودا دەژین و، هەر شتێک کە بمانەوێت لە چوارچێوەى داوایەکى گوفتارى، کردارى یان حاڵیدا تەنها و تەنها لەوى داوادەکەین و، بێنیازبوون لەو بە کەشوفشێکى بێڕێزانە دەبینین؛ ناجددییەت و لاموبالاتیش لە دوعا و پەیوەندییەکانماندا لەگەڵ ئەودا وەک بێئەدەبى دەبینین؛ لە ڕووکردنە ئەودا هەمیشە هەوڵدەدەین هیوا و ترس، ئومێد و ئەندێشە هاوشانى یەک بن. کاتێک بیر لەوە دەکەینەوە کە ئەو لێمانەوە زۆر نزیکە و وەڵامى دوعاکانمان دەداتەوە، بەهەمان کاتدا هەست بە گەورەیى، مەزنى و شکۆمەندییەکەشى دەکەین.. خەشیەت لەرز دەخاتە گیانمانەوە.. سەرلەنوێ چاو بە هەڵسوکەتەکانماندا دەخشێنینەوە.. تۆنى دەنگمان عەیار دەکەین. هاوڕێ لەگەڵ ئەو تێبینییەدا کە لە حزورى خوایەکى حازر و نازرداین، لەهەمان کاتدا هەست بە چێژ و تەمکین دەکەین. دوعا بەم مانایە، لەو ڕووەوە کە بریتییە لە نیشانەى عەرزکردنى حاڵ لە حزورى خوادا، بێگەردترین و خاوێنترین جۆرى بەندایەتییە. لەبنەڕەتدا هەموو بوون بە توانا، لێهاتن و زمانى پێداویستییە سروشتییەکانیان بەردەوام دوعا دەکەن. ئەویش لە چوارچێوەى حیکمەتێکى دیاریکراودا وەڵامى هەموو ئەمانە دەداتەوە، هەموو دەنگێک دەبیستێت، وا لە هەموو کەس و شتێکیش دەکات هەست بەم بیستنەى ئەو بکەن.

ئەوەندە هەیە نابێت وەڵام درانەوەى دوعاکانمان بە هاتنەدیى خواست و داواکانمان وەک خۆیان، تێبگەین. ئێمە هەندێک جار تەنها بیر لە ئەمڕۆ و هەوا و ئارەزووەکانى ئێستامان دەکەینەوە، بەمەش چوارچێوەى داواکارییەکانمان تەسک دەکەینەوە، ئاییندە و شتە پەیوەندیدارەکانى تر فەرامۆش دەکەین. بەڵام ئەو پێکەوە ڕەچاوى هەم ئێمە و هەم هەموو شتێکى تر، هەم ئەمڕۆ و هەم داهاتووى دوور و نزیکمان دەکات؛ ئەو شتانە فراوان دەکات کە ئێمە تەنگ و تەسکمان کردووە، بەگوێرەى قووڵیی ڕەحمەت و حیکمەتەکەى وەڵامى فرەڕەهەندمان دەداتەوە.. بەڵێ، لەکاتێکدا کە ئێستامان ڕۆشن دەکاتەوە، ئاییندەمان تاریک ناکات.. ڕووناکییەکانى ئەمڕۆ ناکات بە تاریکیى سبەى.. کاتێک لوتف و سۆز بەرامبەر بە ئێمە دەنوێنێت، خەڵکانى تر تووشى مەحرومییەت ناکات.. وەڵامى زۆر قووڵ پێشکەش بە هەموان و هەموو شتێک دەکات، پیشانمان دەدات کە دوعاکانمان دەبیستێت و ڕەچاوى داواکانمان دەکات.. وە بە حزورى خۆى ئاى چ ئاسوودەیى و ئارامییەک بە دەروونەکانمان دەدات..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *