دوعا (٢)

دەروونێک کە کراوەیە بە ڕووى هەموو ئەم تێبینییانەدا، کاتێک هانادەبات و دەست بە پاڕانەوە دەکات، بیر لە هەبوونى زاتێک دەکاتەوە کە دەیبینێت، هەناسە و نرکە و ناڵەکانى دەبیستێت، دەسەڵاتى بەسەر هەموو شتێکدا دەشکێت، چۆن هەر شتێکى بە هەر شێوەیەک بوێت دەیکات، لە هەموو کارێکیشیدا هەزاران حیکمەت شاراوەیە.. باوەڕى ئەوەى کە لە سایەى ڕەحمەت، ئیرادە و مەشیئەتى ئەودا دەتوانرێت هەموو تەنگ و چەڵەمەیەک تێبپەڕێنرێت دەیخاتە جۆش و خرۆش؛ وە تەنانەت لە ساتە هەرە تاریکەکانیشدا بەردەوام قوم لە ئارامى، ئاسوودەیى و ئومێد دەدات. لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژانە چەند جارێک ڕووکردنەوە ئەو، هەوڵدان بۆ بینین و بیستنى شتانى ئەودیو جیهانى فیزیک لە ڕێگەى چاو و گوێى دڵەوە، هێندە قووڵ و مانابەخشن، کەسێک کە تەنها یەک جار تامى ئەمە بکات، هەرگیز جارێکى تر ئەو بەردەرگایە بەجێناهێڵێت.

ئەگەر بەتەواوەتى نەتوانین ئەم مەزهەرییەتەش بەدەستبهێنین، بۆ دوایین جار ڕوو لەو دەرگانەیە دەکەین، دەست بۆ قوڵفەى دەرگاکەى درێژدەکەین و دەناڵێنین.

ئەى ئەو زاتە مەزنەى کە بوونت گیانى گیانمانە، نوورت ڕۆشنایى چاومانە! ئەگەر تۆ گیانت بە جەستەمان نەبەخشیبایە، ئێمە چ جیاوازییەکمان لەگەڵ خاک و خۆڵدا دەبوو؟! ئەگەر تۆ چاومانت ڕووناک نەکردایەتەوە، چۆنى دەمانتوانى گەردوون و شتان ببینین و تۆ بناسین؟! تۆ سەرەتا لە خاک و، پاشان بە پێدانى ئیمان و مەعریفەت دوو جار بوونت پێبەخشین. ئەگەر بەئەندازەى ژمارەى گەردیلەکانى وجود سوپاس و ستایشت بکەین، هێشتا ئەرکى سوپاسگوزاریمان بەرامبەر بە تۆ ڕانەپەڕاندووە…

ئەى ئەو هەرە جوانەى کە هەمیشە جوانییەکان دەردەخەیت، ناشرینییەکان دەشاریتەوە و ناشرینترین شتەکانیش بە جوانییە ڕێژەییەکان دەڕازێنیتەوە! دەروونەکانمان بە هەستەکانى جوانى ئاوەدان بکەرەوە و بەردەوام ڕێگەکانى مانەوە بەجوانیمان نیشان بدە!

ئەى ئەو هەرە بەڕەحمەى کە خێرا گوناهکاران سزانادەیت، چاو لە عەیبى سنووربەزێنەکان دەپۆشیت و فرسەتى خاوێنبوونەوەیان پێدەدەیت! لە پیسبوون بە هەڵە و تاوانەکان بمانپارێزە و، لە بەزەیى و لێخۆشبوونت بێبەشمان مەکە! ئێمە بە بەدیهاتنى تۆ لەدایکبووین و بە لوتفەکانی تۆش ڕاگیر بووین و بەپێوەین. هەمیشە جوامێریى تۆ هەڵدەمژین و قوم لە ئیحسانەکانت دەدەین. ئەوە تۆیت کە ڕۆشنایى بە دەماغەکانمان و چێژى ئیمان بە سینەکانمان دەدەیت. عەقڵ، هەتا ئەو کاتەى تۆ دەدۆزێتەوە لە سەرسامییەکاندا پەلەقاژە دەکات، نەفسیش بەشێون سەرپێچییەکاندا ڕادەکات. ئەوە تۆیت کە عەقڵ دەکەیت بە ڕابەر، جڵەوى ئارەزووەکانى نەفس دەگریتەوە و ئاسۆى دڵنیایی پێ نیشان دەدەیت.. بەهۆى لوتفەکانى تۆوە خۆمان دۆزییەوە و لەوە ڕزگارمانبوو لێرە و لەوێ لەناوبچین.

دڵەکانمان بەهۆى مەعریفەتى تۆوە گەیشتن بە دڵنایى و جێگیر بوو.. بیرکردنەوەکانمان بە تەسلیمبوون بە تۆ توانى لە پەستانە خەفەکەر و بکوژەکان قوتارى ببێت. ئێمە هەموومان کۆمەڵێک سواڵکەری لارەملی بەردەم دەرگاکەتین ــ خوا ئەم سواڵکەرییە هەتا ئەبەد بەردەوام بکات ــ لە دوعاکانماندا ناوى تۆ دەبەین،  ئاخ هەڵدەکێشین و چاوەڕێى وەڵامتین. هەتا ئەمڕۆ جگە لە تۆ کەسێکى تر نەبووە دەنگمان ببیستێت، تەماشاى ناو سینەمان بکات و دەست بە سەرماندا بهێنێت. هەر چیمان دۆزیبێتەوە و بینیبێتمان لاى تۆ بووە و هیى تۆ بووە؛ لە سایەى باوەڕیشمان بە تۆ لە سەرسامى و نامۆیى ڕزگارمان بوو. بە هەموو بوونمان جارێکى دیکەش ڕوو لە تۆ دەکەین و، داوى لێخۆشبوون و ڕزگاربوونت لێدەکەین.

پەنات پێدەگرین لە دڵڕەقى، غەفڵەت، بوونە بار بەسەر خەڵکەوە، سووکبوون، سووکایەتى پێکران، سەرشۆڕى، نەزانى و زانستى بێسوود، دڵى نەترس و نەلەرز، نەفسى تێرنەخۆر، دوعاى قبووڵنەکراو، لەناوچوونى نیعمەتەکان، گۆڕانى لوتفەکان، سزاى لەناکاو و عەزایى ناگەهان. هەمیشە داواى زمانى دوعاگۆ و دڵى لەرزیوت لێدەکەین. تەوبەکانمان قبووڵ بکە، لە گوناهەکانمان پاکمان بکەرەوە و وەڵامى دوعا و خواستەکانمان بدەرەوە. بەڵگە و بورهانەکانمان ڕووەو ئامانجى ڕاستى خۆیان ئاڕاستەبکە، ئاسۆى دڵەکانمان بکەرەوە، زمانانمان لەسەر ڕاستى گرێ بدە و چڵکى دەروونەکانمان بشۆ! خوایە گیان، لە هەموو کارێکماندا داواى جێگیرى و ڕاستڕەویت لێدەکەین، بەرامبەر بە نیعمەتەکانیشت لەسەر وەفا و سوپاسگوزارى بمانهێڵەوە. بە دەستى بەتاڵ سەردانکەرانى دەرگاکەت مەگێڕەوە، بەلێشاو بیڕژێنە بەسەر ئەوانەدا کە گوێڕایەڵن، ڕێگەى ڕاستیش پیشانى سەرپێچیکارانت بدە.. تاجى گیرابوون بکەرە سەر دوعاى لێقەوماوان، نوورەکەشت پیشانى ئەوانە بدە کە لە کوفر و ئیلحاددا پەلەقاژەیانە؛ هەتا لە هیچ جێیەکدا خاڵێک تاریکى نەمێنێتەوە!..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *