(لانە) دامەزراندنی پێکهاتەی خێزانێکی بەختەوەر وابەستەی چیە؟

 

وەڵام: حەزرەتی بەدیعوزەمان، پێکهێنانی خێزانێکی بەختەوەر کەوا لانەی خێزانەکە وەک باخێکی بەهەشتی لێبێت بە ئیمانەوە دەبەستێتەوە و بە تایبەتیش زۆر پێداگری لەسەر بابەتی ئیمان بە ڕۆژی دوایی دەکات. هەر بە ڕاستیش، کەسێک ژیانی بەو شێوەیە بەسەر ببات کەوا لە دوا ڕۆژدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت، باوەڕی بەوە هەبێت کە سەبارەت بە بچوکترین و گەورەترین کرداری لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، خێزانێک کەوا هاوسەرەکانی لە چیەتی دونیا و ئاخیرەت تێگەشتبێتن، کێشەی کەمتر دروست دەبێت و ئەو کێشانەی دروستیش دەبن زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەکرێن. ئەو هاوسەرانەی بە ئاواتی چوونە بەهەشتەوە ژیانیان بەسەر دەبەن، بە هۆی باوەڕیان بە نیعمەتەکانی ئاخیرەتەوە بەرگەی هەندێک ناڕەحەتی دونیایی دەگرن و دەتوانن بەرگە بگرن، لەو باوەڕەدابن کە لەو دونیا لە هەموو کەموکورتییە دونیاییەکان ڕزگاریان دەبێت و پێکەوە لە بەهەشتدا کۆدەبنەوە، لانەکەیان چەشنی باخێکی بەهەشتی لێ دێت. ئیدی نە نەخۆشیەکان، نە ئەو حاڵانەی پیرێتی بەسەر مرۆڤەکانیدا دەهێنێت، نە ئەو حاڵەتانەی زویری خستۆتە نێوانیانەوە، نە ئەو حاڵەتە نەرێنیانەی تر کەوا لە ژیانیاندا ڕوویداوە، ناتوانێت مامەڵەی ئەو هاوسەرانە بەرانبەر یەکتری بگۆڕێت کەوا بە شێوەیەکی پتەو باوەڕیان بە خودا و ڕۆژی دوایی هێناوە، وەفا و ڕاستگۆیی و سەمیمیەتی نێوانیان بشێوێنێت.

 

خێزان لە ئەندامەکانیەوە دروست دەبێت. لەم سۆنگەیەوە دامەزراندنی خێزانێکی بەختەوەر و تەندروست، لە پێش هەموو شتێکەوە وابەستەی چاک پێگەیاندنی تاکەکانێتی. هەربۆیە پێویستە خێزان ڕۆڵی خوێندنگەیەک ببینێت و ئەو پەروەردەیەی لە خێزانەوە وەردەگیرێت لە کۆڵانەکاندا لەدەستی نەدەن، پەرستگاکانیش ڕۆح بە بەریاندا بکات و وەک سەرچاوەی ژیانیانی لێ بێت، خوێندنگەکانیش ئاسۆی باڵا و ئامانجی خەیاڵییان بخاتە بەردەم. لە شوێنێکیشدا کەوا خێزانەکان پەرتەوازە بوون، کۆڵانەکانیش چەپەڵ بووبێتن، پەرستگاکانیش وشکوبرنگ ببن، خوێندنگەکانیش خۆیان ڕادەستی چەند قاڵبێکی دیاریکراو و دەرخیات کردبێت، نەوەکانی کۆمەڵگایەکی لەو شێوەیە لە بۆشاییدا دەمێننەوە. بە داخەوە نەوەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان لەبەر ئەوەی خاوەنی توێشوویەکی لەو شێوەیە نین، مەحرومیش بوون لەوەی بە ئاڕاستەی تواناسازییەکی لەو شێوەیە پێبگەیەنرێن، لە بابەتەکانی هاوسەرگیری و هەڵبژاردنی هاوسەر و ئەو حاڵەتە جیاوازانەی لە ژیانی خێزانیدا ڕوودەدەن، بڕیارەکانیان لەسەر بنەمای تەمەنی کورتی ژیانی دونیا دەدەن، بەم هۆیەشەوە لە گێژاوی کێشە یەک لە دوا یەکەکان ڕزگار نابن.

**

بڕوانامەی هاوسەرگیری

لەلایەکی ترەوە، ئەو پرەنسیپ و بنەمایانەی دینەکەمان سەبارەت بە چۆنیەتی هەڵبژاردنی هاوسەر هەتا دەگاتە قۆناغی دەستگیرانداری، لە حوکمەکانی هاوسەرگیرییەوە هەتا دەگاتە پەیوەندیەکانی نێوان ژن و مێرد، وەک پێویست نازانرێن. ئەو کەسانەشی شارەزاییان هەیە لە کاتی جێبەجێکردنیاندا کەموکورتییان هەیە.

لەم سۆنگەیەوە، بابەتی هاوسەرگیری وەک زۆرێک لە بابەتەکانی تر پیویستی بەوە هەیە سەرلەنوێ چاوی پێدا بخشێنرێتەوە، ئەو کەسانەی خوازیاری هاوسەرگیرین زۆر ئاتاجی ئەوەن بە پەروەردەکردنێکی زۆر جددیدا تێبپەڕن.  

بەم هۆیەشەوە، لە مێژەوە ئەوەم زۆر بە گرنگ زانیوە کە خوازیارانی هاوسەرگیری کۆرس و سیمینارێکی چاک سەبارەت بەو بابەتە وەربگرن، تەنانەت ئەو کەسانەی بڕوانامەی کۆرس و سیمینارێکی لەو شێوەیەیان نەبێت، نەتوانن هاوسەرگیری ئەنجام بدەن. دەبێت لە کۆرسێکی لەم شێوەیەدا، فێرکاری سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی خێزان و حوکمەکانی پێشکەش بکرێت، باس لەو کێشانە بکرێت کە ئەگەر هەیە لە ژیانی خێزانیدا دروست ببێت، ئاماژە بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بکرێت و ڕێگاکانی سەبر و بەرگەگرتن لە بەرانبەر ناڕەحەتی و کێشەکانیان پێ پیشان بدرێت. ئەو کەسانەی هەنگاو بەرەو ژیانی هاوسەرگیری هەڵدەنێن، دەبێت هەر لە سەرەتاوە زانیاری پێویستیان سەبارەت بە ئەگەری ئەو کێشانەی دەشێت توشیان ببێت پێ بدرێت و بە ئامادەکاریدا تێبپەڕێنرێن.

دەبێت بە تایبەت ئاماژە بەوەش بدەم، ئەگەرچی هەبوونی زانیاری تەکنیکی سەبارەت بە ژیانی هاوسەرگیری گرنگیەکی زۆریشی هەیە، بەڵام لە ڕەواندنەوەی ئەو کێشە و ناڕەحەتیانەی توشی ژیانی خێزانی دەبن، بە تاقی تەنیا بەس نیە. ئەو زانیاریانەی لەم بابەتەدا هەیە، بێ هیچ گومانێک دەبێت لە ڕێگەی باوەڕ بە خودا و لێپرسینەوەی ڕۆژی دواییەوە پاڵپشتی بکرێن، ئاڕاستەی ئامانجێکی دیاریکراو بکرێن. لەم سۆنگەیەوە، بونیاتنانی پێکهاتەیەکی خێزانی تەندروست، وابەستەی گۆشبوونی مەعنەوی تاکەکانی کۆمەڵگا و ئاسوودەیی ڕۆحییە. لە سایەی ئەمەوە شعورێکی جددی بەرانبەر هەستی بەرپرسیارێتی دروست دەبێت.

پێغەمبەری خوداش، لە نێو ئەو هەموو ئەرکەی هەیبوو، هەرگیز بایەخدانی بە ژیانی خێزانی یەکە بە یەکەی هاوەڵانی فەرامۆش نەکردووە. لە پاڵ ئەوەی ئەرکگەلێکی وەک بانگەواز و نوێنەرایەتی ئەو وەحیەی لە خوداوە بۆی هاتبوو، بونیاتنانی بناغەکانی دین، سەرلەنوێ ڕەنگڕێژکردنەوەی ژیانی مرۆڤایەتی، تێکشکاندنی نەریتە هەڵەکانی سەردەمی نەفامی و ئەنجامدانی چاکسازی تێیاندا، یارمەتی ئەو کەسانەشی داوە کە هاوسەریگیرییان کردووە و ڕێگای پیشان داون. چونکە ئەو بە مەبەستی ئەوە ڕەوانە کرابوو کە تەواوی ژیانمان فێر بکات. لەبەر ئەوەی کەموکورتیەک لە هەر بەریانێکدا هەبێت دەبێتە هۆی کەموکورتی لە شوێنێکی تریشدا، لە پاڵ ئەوەی بناغە سەرەکیەکانی دینی فێری مرۆڤەکان دەکرد، ئەو بابەتانەشی فەرامۆش نەدەکرد کە دەشێت بە شتانێکی لاوەکی ئەژمار بکرێن. هەربۆیە هەندێک جار لە پێش هاوسەرگیری کەسێکدا هۆشداری سەبارەت بە خاڵە گرنگەکان دەدا، هەندێک جار ئامۆژگاری کەسێکی دەکرد کە دەشێت لەگەڵ کێدا هاوسەرگیری بکات، هەندێک جار لە بابەتی مارەییەدا یارمەتی کەسێکی دەدا، هەندێک جار بە دەستی خۆی هاوسەرگیری بە هەندێک لە هاوەڵانی دەکرد.

هەربۆیە پێویستە ئێمەش پێغەمبەری خودا بە نمونە وەربگرین، لە پێناو ئەوەی خێزانی بەختەوەر و ئاسوودە بونیاتبنێین، هەرچیەکمان لە دەست بێت ئەنجامی بدەین و یارمەتی گەنجەکانمان بدەین. ئەو کەسانەی دەیانەوێت هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، هەلی چاوپێکەوتن، قسەکردنیان بۆ فەراهەم بکەین لەو چوارچێوەیەی کەوا دین دیاریکردووە، زەمینەی گونجاویان بۆ بڕەخسێنین. لە ڕێگەی ئەو کتێبانەی پێیان دەخوێنینەوە، ئەو پەروەردەیەی پێیان دەدەین، پێش ئەنجامدانی هاوسەرگیری، ئامادەی هاوسەرگیرییان بکەین. لە ڕێگە و شێوازی جیاوازەوە ئەحکامەکانی هاوسەرگیری، ماف و ئەرکیان بەرانبەر یەکتری، چۆنیەتی پێگەیاندنی منداڵیان تێبگەیەنین.

لە هەمووشی گرنگتر، دەبێت ئەم بابەتانەی باسیان لێوە دەکەین، لەسەر بنەمای ئیمان بونیات بنێین. بابەتی ئەوەی خودا بناسن، باوەڕیان بەوە هەبێت کە هەر کردارێک لەم دونیا ئەنجامی دەدەن لەو دونیا بە بێ کەموکورتی دێتەوە سەر ڕێگایان، پێویستە وەک سەکۆیەک بێت کەوا بابەتەکانیان لەسەر هەڵدەچنین. خۆ گەر بناغەیەکی پتەویان بۆ دانەنێن، هەر پێکهاتەیەک لەسەر بناغەیەکی فشەڵ بونیات بنرێت، پێکهاتەیەکی لاواز دەبێت. هەربۆیە پێویستە لە سەرەتاوە کار لەسەر بونیاتنانی سەکۆیەکی پتەو بکەین، دواتر زانیاریەکانمان لەسەر ئەو سەکۆیە هەڵبچنین. ئەم بابەتە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا گرنگیەکی زیاتری هەیە. چونکە لە نەوەی ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لاوازییەکی زۆری باوەڕ و بۆشایی ئیمان هەیە. سەرباری ئەمەش، هەبوونی کێشەگەلێکی وەک نەبوونی زانیاری و لاوازی ئەخلاقی کارێکی وەهای کردووە لانەکان درزیان تێ ببێت و هەر زووتوشی داڕمان ببن.

**

توانەوە و شیبوونەوەی خێزانی

لە دونیا ڕۆژئاواشدا، خێزان بە هەلومەرجێکی سەختدا تێدەپەڕێت. بابەتی هاوسەرگیری و جیابوونەوە ڕۆژەڤی یەکەمینی کۆمەڵناسەکان بووە. ڕێژەی جیابوونەوە زۆر بەرزە. تەنانەت زۆرێک لە مرۆڤەکان هاوسەرگیری وەک شێوازێکی گونجاوی ژیان نابینن و ژیانی تەنیایی بەسەر هاوسەرگیریدا هەڵدەبژێرن. بابەتی ئەوەی خێزانەکانیش هەتا چەندە هەلومەرجێکی تەندروستیان بۆ ئەندامەکانیان فەراهەم کردووە جێگەی باس و لێکۆڵینەوەیە.  ئەو کەسانەشی هاوسەرگیرییان نەکردووە، یاخود لە ژیانی هاوسەرگیریدا کێشەی زۆر جددیان هەیە یان جیابوونەتەوە، بابەتی ئەوەی پارێزگاری لە داوێنپاکی و خۆڕاگریی لەسەر ڕێگای ڕاست بکەن، کارێکی هەروا ئاسان نیە. هەربۆیە ئەو داڕمانە ئەخلاقیەی لەو کۆمەڵگایانەدا بەدی دەکرێت، لای زۆر کەس ئاشکرا بووە. لێرەدا پێویست بەوە ناکات باس لە هەندێک شتی پڕوپوچ بکەین و هزرە بێگەردەکانیش توشی گومڕایی بکەین، بەڵام تەنانەت گەر لە ڕووکەشیشەوە سەیری بابەتەکان بکەین، بە ئاسانی ئەوە دەبینرێت کە کۆمەڵگا چۆن توشی داڕمان بووە و بە چی نەگبەتییەکدا تێدەپەڕێت.

بە داخەوە، لە جیهانی ئیسلامیشدا سەبارەت بەو تابلۆیەی لە ئێستادا هەیە، شتێکی دڵخۆشکەر نابینین. چاولێکردنێکی  زۆر سەیری ژیانی ڕۆژئاوا بەدی دەکەین. بابەتی ئەوەی دینامیکە سەرەکیەکانی ژیانی خۆمانمان لەدەستدابێت جێگەی باسە. بێ ئەوەی ئاگامان لە خۆمان بێت، بە توانەوەیەکی(ئەسیملەیشن) پەنهاندا تێدەپەڕین. لە جیاتی ئەوەی چاو لە زانست و تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوا بکەین، لاسایی شێوازی ژیان و ئەخلاقیاتی ئەوان دەکەینەوە. ڕۆژئاواش بە شێوەیەکی بەردەوام شێوە ژیانی خۆی بەسەر کەسانی تردا دەسەپێنێت. بەم هۆیەشەوە، خێزانەکانمان و ئەو بەهایانەی هەمانە لە ژێر مەترسیەکی گەورەدان. لە سەردەمێکی لەم شێوەیەشدا، هەرچەندێک لەسەر بابەتی هاوسەرگیری و چۆنیەتی بونیاتنانی خێزانێکی بەختەوەر بوەستین و چەندە پاڵپشتی بۆ ئەو بابەتە کۆ بکەینەوە، هێشتا هەر کەم دەهێنێت.

لە ڕاستیدا پێکهاتەی خێزان لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا جێگەی خۆیان گرتبوو. چونکە بناغەکانی تەندروست و پتەو بوون. تەنانەت لە دوای ئەو هەموو ژاکان و داپرژان و زەوتکردنەی بەسەر دینامیکە سەرەکیەکانیشماندا هاتووە، هەندێک لە ڕۆژئاواییەکان حەیرانی خۆیان بۆ ناشاردرێتەوە کاتێک گەرموگوڕی و سەمیمیەتی ناو خێزانەکانی ئێمە دەبینن. خۆزگە حاڵی خێزانەکانی ئێمەیان پێش ڕووخانی دەبینی! لە بەرانبەر ئەو پەرێشانیەی لە حاڵی خێزانەکانماندا هەیە، مرۆڤ خۆی پێ ناگیرێت نەڵێت” دەستی ئەوانە بشکێت کە ئەم حاڵەیان بەسەر هێنا!”. بە داخەوە بەدەستی خۆمان لانەکانی خۆمان وێران کرد. خێزانەکان لە حاڵی پەکەوتەدان، بە هەڵتەک و داتەک ملی ڕێگەیان گرتووە. ماڵەکانمان ڕەنگیان پەڕیوە و مات و خامۆشن و تایبەتمەندی تایبەت بە خۆیانیان لەدەستداوە.

**

گرنگی خێزان

کاتێک خێزان دەڕوخێت کە وەک گەردیلەی پێکهێنەری کۆمەڵگایە، مانەوە دامودەزگا شادەماریەکانی تریش بە پێوە، وەک کارێکی زۆر سەختی لێ دێت. ئەو کۆمەڵگایانەی لە خێزانەکانیدا توشی کێشە دەبن، هەروا بە ئاسانی چاکسازی تێدا ڕوو نادات. ئەو کۆمەڵگایانەی خێزانەکانی کێشەی تێدایە، هەروا بە ئاسانی چاکسازی تێدا ڕوو نادات. لە کۆمەڵگایەکدا کەوا خێزان ڕۆڵی خوێندنگەیەک نابینێت، ناتوانێت خۆی کۆ بکاتەوە و ڕێگەی ڕاست بگرێتە بەر. ئەو بەهایانەی لە خێزاندا لەدەست دەدرێن، لە شوێنێکی تر بەدەستناهێنرێنەوە. ئەو مرۆڤانەی لە خێزاندا پەروەردە نەبوون، ناتوانیت لە ڕێگەی یاسا و ڕێساوە ملی ڕێگەی ڕاستیان پێ بگریت. بە کورتی، داهاتووی هەموو کۆمەڵگایەک هەتا ڕادەیەکی زۆر وابەستەی تەندروستبوونی خێزانەکانێتی.

لەم سۆنگەیەوە، هەرچیەکمان کردووە دەبێت بیکەین، هەتا ئەرکی ڕاستەقینەی خێزان بۆ خێزان بگێڕینەوە، وەک باخێکی بەهەشتی لێ بکەینەوە، بەو ناسنامەیەی بیخەمڵێنینەوە کەوا خێزان شوێنێکی گەرموگوڕ و سەمیمی و ئامێزگرەوە و ئاسوودەکەری ئەندامەکانێتی. دەشێت لەو خێزانانەشدا کەوا هاوسەرەکانی ئەم سیفاتانەیان هەیە چاو لەیەکتری سوور بکەنەوە و توڕە ببن و توشی هەندێک کێشە ببن. بەڵام لە پێناو ئەوەی دڵی هاوڕێی ژیانی خۆیان نەشکێنن کە هاوبەشییان لە چارەنووسدا کردووە، بەرزەفتی هەستی توندوتیژی و توڕەیی خۆیان دەکەن. ئەوە دەزانن کە هاوسەرەکەیان یەکێک لە پایە و کۆڵەکەکانی خێزانەکەیانە و هەرکاتێک ڕووخاندیان، لانەکەشیان بەسەریاندا رووخاوە. بابوباپیرانمان ئەگەرچی خاوەنی زانیاری زۆر قوڵ نەبوون، بە فێرکاری بناغەکانی پەروەردەدا تێنەپەڕیبوون، بەڵام بە هۆی  ئەو ئەخلاقەی لە ڕۆحیاندا چەسپابوو و ئەو بیرکردنەوە تەندروستەی هەیانبوو، دەیانتوانی پارێزگاری لە لانەکانیان بکەن. هەربۆیە ئاتاجی ئەوەین جارێکی تر ئەم ڕۆح و واتایە زیندوو بکەینەوە.

بە تایبەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کە لەشیرازە دەرچوونێکی بەرفراوان بەدی دەکەین، گرنگی خێزان دوو هێند بووە. بە داخەوە هەندێک لە کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆن، ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت و پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئامرازە نوسراو و بینراوەکانی ناو مێدیا، لە شوێنی خۆیاندا ڕۆڵی چاو و دەم و گوێچکەی شەیتان دەبینن. چەشنی دەستەکانی شەیتان هەتا ناو ماڵەکانمان دێن و یاری بە هزری منداڵەکانمان دەکەن. خۆ گەر تەواوی مرۆڤە خراپەکانی دونیا لە یەک شوێندا کۆ ببونایەتەوە، نەیاندەتوانی هێندەی ئەو وێرانکاریەی ئەمانە لە کۆمەڵگادا دروستیان کردووە، زیان بە نەوەی نوێ بگەیەنن. خۆ گەر ئێمە سەرکەوتوو نەبین لەوەی خێزانگەلێک دروست بکەین کەوا لانەکانیان چەشنی باخێکی بەهەشت بێت و زەمینەسازی بۆ ئەوە نەکەین کەوا منداڵەکانمان پەروەردەیەکی چاک وەربگرن، زایەبوون و بەهەدەرچوونی نەوەی داهاتوومان حەتمی دەبێت. نابێت خێزانەکان بۆ بێئنسافی زەمەن و لەخشتەبردنی شەیتان بەجێبهێڵین.

نابێت لەم قسانەشمانەوە ئەو خوێندنەوە بکرێت کەوا ئێمە دژی مێدیا و پێشکەوتنە تەکنەلۆژیەکانین. چونکە مێدیا و تەکنەلۆژیا لە دەستی کەسانی نیەتپاک و خاوەن ئەخلاقدا ڕۆڵی کۆترێک دەبینن کەوا لەبەهەشتەوە فڕی بێت و دەبنە ئامرازی ئەوەی جوانیەکانیان بە کەسانی تریش بگەیەنن. گەر ئەو هەلانەی بە جیهانیبوونی دونیا خستوویەتیە بەردەمی مرۆڤایەتی بە چاکی بەکاربهێنرێن، دەکرێت پەیامە سوودبەخشەکان بە قاچی ئەم کۆترانەوە ببەسترێتەوە و بە هەر چواردەوری دونیا بڵاو بکرێنەوە. دەکرێت ئەو شتانەی لە دەستی کەسانێکدا وەک دەستی شەیتانی لێهاتووە و وەک توخمێکی وێرانکەر ڕۆڵ دەگێڕن، لە دەستی کەسانێکی تردا وەک هەناسەی فریشتەکانی لێبێت و فووی ژیان بە بەری مرۆڤەکاندا بکەن. ئەوەی لێرەدا گرنگە بریتیە لەوەی ئەم ئامرازانە بە چی نیەت و ئامانجێک، لە کام ڕێگا و چۆنی بەکاردەهێنرێت. بەڵێ، گەر ئیمکانە تەکنەلۆژیەکان دەست ئەو مرۆڤانە بکەوێت کە ئارەزووی خێر و چاکەی مرۆڤەکان دەکەن، وەک توخمێکی زۆر گرنگی لێ دێت کەوا سەرلەنوێ مرۆڤایەتی زیندوو بکاتەوە و بونیاتی بنێتەوە.       

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *