ئاسۆى دین

 

زانست، لایەکى خۆشویستنى حەقیقەت و دینیش لایەکەى دیکەى پێکدەهێنێت. بەڵێ، لە پەیوەندیى نێوان شعوور و ئیدراکى مرۆڤ و وجوددا، لەلایەک دەستنیشانکردن و کەشفى حەقیقەت، لەلایەک دیاریکردنى هەڵوێست بەرامبەر بە حەقیقەتەکە گرنگن. یەکەمیان بوارى زانستە بە سەرچاوەى زانستە دینییەکانیشەوە. دووەمیان بوارى دینە.

زانستێک کە لە بنەمادا عەشق و شەوقى بۆ شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەى وجود و دۆزینەوەى حەقیقەت نەبێت کوێرە؛ دەستنیشانکارییەکانیشى لە دژیەکى خاڵى نین. زانستێک کە لەپێناو بەرژەوەندییە تاکى، خێزانى و کۆمەڵایەتییەکاندا هەوڵى بەدەستهێنرانى بدرێت، هەروەک هەمیشە ڕووبەڕووى کۆمەڵێک بنبەست دەبێتەوە، بەهەمان جۆر زانیارییەک کە لە ڕێگەى زیهنییەتێک، بۆچوونێک، حیزبێک یان دۆکترینێکەوە بەدەستهێنرابێت، زوو یان درەنگ بەحەتمى گڵۆڵەى دەکەوێتە لێژى. دین، لەو ڕووەوە کە بە سەرچاوەکانى زانستى نێو خۆیەوە لە حەوزێکى زانست دەچێت، لە بابەتى عەشق و خولیاى حەقیقەتدا ماک و دینامیکێکى گرنگە و، لەو بابەتانەشدا کە ئاسۆى زانست و زانیارى تێدەپەڕێنن، ڕابەرێکى فریونەدەرى وەهایە کە داراى ئوسلوبێکى ڕوون بەڵام ئەدایەکى قووڵە.

ئەوەندە هەیە هەروەک هەمیشە دەگونجێت زانست بکرێت بە شوێنکەوتەى بۆچوون، تەوژم و دۆکترینێکى دیاریکراو و، ببێتە بە دێوەزمەیەکى دڕندە و شەڕخوازى وا کە ئاسۆ تەسک بکاتەوە و ڕێ لە حەقیقەت بگرێت، دەشگونجێت دین کە ڕاستییەکى ئاسمانییە، لە دەستى بۆچوونێکى فاناتیک و توندڕەودا ببێتە ئامڕازى ڕق، قین، نەفرەت و تۆڵە. گومانکردنى شتێک کە پێچەوانەکەى خۆى بێت چ دژیەکییەکى گەورەیە!

هەنووکە بیر لە خانەیەکى زانست بکەنەوە ــ کە لەڕاستیدا هێندەى پەرستگایەک پیرۆزە ــ کە بەجۆرێک لە جۆرەکان پێى لە داوى تەوژمێکى فەلسەفى گیربووە، یان تەنانەت دیل بووە. کەواتە زانست لەوێ دیلى دەستى بیرێکى کۆنەپەرست و نائازادە و، بەجۆرێک مەلعونە ئینسان ناچاردەکات ڕەحمەت بۆ خەستترین جۆرى نەزانى بنێرێت. وە دینێک کە هەوڵدەدرێت بکرێتە ئامڕازى کۆمەڵێک حیزبى سیاسى و ناسیاسى، چیدى پەرستگا کۆشکى بچووککراوەى ئەو گروپەیە، ماناى وایە تەنانەت عیبادەتى ناوى وەک جۆرێک لە سرووتێکى ڕۆتینیی لێهاتووە؛ لە حاڵێکى لەم جۆرەدا هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە لاهووتییەتى دین شێوێنراوە.

بەڵێ، ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا کەسانێک بە ناوى زانستەوە خانەکانى زانست ــ وەک ئەوەى ماڵى شەخسیی خۆیان بێت-ــ وەک پێشانگایەک بۆ هەوا، ئارەزوو و ئایدۆلۆژیاى خۆیان بەکاربهێنن، ماناى وایە ئەو خانانە دەمێکە لەوە دەرچوون حسابى پەرستگاى پیرۆزیان بۆ بکرێت، گۆڕاون بە مەیدانێک بۆ پێکدادانى ئارەزوو، هەڵپە و نەفرەتەکان. بەهەمان جۆر، ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا کەسانێک بە ناوى دیندارییەوە سیفەتى کافرى و زەندەقەیى و دووڕوویی بدەنە پاڵ خەڵکانێک کە وەک خۆیان بیرناکەنەوە یان هەمان بۆچوونى سیاسییان نییە، دین لەسەر دەستى ئەم نوێنەرە ساختانەیدا ــ گوناهەکەى لە ملیان ــ  دەبێت بە فۆبیایەک بۆ دوورخستنەوەى خەڵک لە خوا و تاریک کردنى دەروونەکان، کە ئەمانەش تەواو پێچەوانەى مەبەستەکانى دابەزینى ئەو دینەن. لەڕاستیدا دوژمنایەتیى دین لاى ئەو دەمانەى کە بە ڕق و قین و نەفرەتەوە دەکرێتەوە و لاى ئەو قەڵەمانەى کە ڕۆحەکان ڕەش دەکەن، چەند دەمارگیرى و توندڕەوى بێت و جوانترین دیاریى بێت بۆ شەیتان؛ ئەو مشتانەش کە بە ناوى دینەوە لە دژى فڵان بیر و فیسار بۆچوون بەرزدەبنەوە و دەوەشێنرێن، بەهەمان ئەندازە دەمارگیرى و کۆنەپەرستین و، نموونەى نەزانییەکى وایە کە دانیشتووانى ئاسمانەکان غەرقى حوزن دەکەن.

ئەگەر کەسێک ــ ئیدى ڕووى دەرەوەى هەرچۆنێک بێت ــ نەزانێت ئیمانى ڕاستەقینە چییە، لە دەنگى ویژدانى خۆى تێنەگات، بێبەش بێت لە عەشق و خۆشەویستیى خوا، ئەو شتانە بە گەورە نەزانێت کە خوا بە گەورەیان دەزانێت و ئەو شتانەش بە بچووک نەبینێت کە خوا بە بچووک دەیانبینێت، ئەژمارکرانى کەسێکى لەم شێوەیە لە ڕیزى دینداران، بێڕێزییەکى گەورەیە بەرامبەر بە ئاسمانیبوون و گەردوونیبوونى دین. هەوا و هەوەس و هەندێک لە ئارەزووەکانمان کە هەم دوژمنى زانست و هەم دوژمنى دینن، لەوانەیە لاى کەسانێک وا گومان ببرێت کە فیکرن، لاى کەسانێکى دیکەش وەک دین دەربخرێت. ئەم بوارە لە مرۆڤەکاندا زەمینەى بۆشاییەکى گەورەیە و، کانگاى ئەم بۆشاییەش خاڵە لاوازەکانیانە.. لە پێشى پێشەوەى ئەم لاوازییانەش هەستى حەزکردن بە بینران لە ئاستێکى بەرزتردا لەوەى کە هەین و، چاوەڕێکردنى پاداشت درانەوە چەندین قات لەسەروو توانا و لێهاتنەکانمانەوە، دێن. ئیدى کەسانێک دێن ئەم خاڵە لاوازانەى خۆیان بە هەندێک بەهاى زانست و دین پڕدەکەنەوە کە ویژدانى گشتى ڕێزیان لێدەگرن و بە پیرۆز تەماشایان دەکەن. ڕوونتر بڵێین، دێن لاى هەندێک وەک ماددەیەک بۆ پڕکردنەوەى بۆشاییەکان بەکاردەهێنرێت. گەورەترین چەکى ویژدان لە دژى ئەم خاڵە لاوازە مرۆییە بریتییە لە عەشقى زانست و حەقیقەت.. بەڵێ، ئەگەر ئیکسیرێک هەبێت قەوزەى ئەو دەماغانە بشواتەوە کە وەک زانا دەردەکەون و، ژەنگى ئەوانەش بسڕێتەوە کە وەک لایەنگرى دین دەبینرێن، بێگومان عەشقى خوا، خۆشویستنى بوونەوەران لەبەر خاترى ئەو عەشقى حەقیقەتە. کاتێک دەروونەکان بە عەشق دەخرۆشێن، ڕۆحەکانیش بە خۆشەویستى باڵ دەگرن، سەرجەم لاوازى و بۆشاییە مرۆییەکان یان لەناودەچن، یاخود دەگۆڕێن بە ئیکسیرى ژیانبەخش.

سەرزەوى و مرۆڤەکان لە ڕێگەى پێغەمبەرانەوە خۆشویستنى خوا و عەشقى حەقیقەتیان ناسى. لە یەکەم ڕۆژەوە، هەموو پێغەمبەرێک، وەک ئەمیرى عەشق ڕێى پیشانى ڕێبواران دا و، مامەڵەى خۆى لەگەڵ ئەواندا لەسەر قەنەواچەى عەشق چنى، هەتا ئەمە لەکۆتاییدا لە حەوزى عەشقى ئیلاهیدا توایەوە و گەیشت بە بەهاى ڕاستەقینەى خۆى. حەزرەتى مەسیح شیعرێکى ژیانێکى لەسەر خۆشویستنى ئینسان هۆنییەوە و لە شێوەى جۆراوجۆردا گوزارشتى لەم هەستە کرد. فەخرى کائینات (ص)، دونیاى شەرەفمەند کرد و بەدرێژایى تەمەنى وەک دەنگ و نەفەسى خۆشەویستى ناڵاندى و نرکاندى.. کاتێکیش ئەم خۆشەویستییە ئیلاهییە هێندە ڕەها بوو کە چیدى نەدەتوانرا بەرى لێبگیرێت، بەرەو عوقبا کۆچى کرد. لەپاڵ ئەو ئەفسوونەى کە لە دەنگ و مۆسیقاى قورئاندا هەیە ــ ئەگەر بە ئیمان و تەرکیزێکى باشەوە بخوێنرێتەوە ــ لە هەمان کاتدا سەرتاپا بریتییە لە نەفەس و سەداى عەشق و، خاڵى یەکگرتنى نێوان شەوق و ویساڵە. هەریەک لە خولیاى حەقیقەت، خۆشویستنى زانست، هەوڵى لێکۆڵینەوە و جددییەتى بەدواداچوون بەنزیکەیى لە گشت سوورەتێکى قورئاندا هەن و، لەو بابەتانەن هێندە هەڵوێستەیان لەسەر کراوە کە سەرنجى دڵانى باوەڕدار ڕادەکێشن. بەهەمان جۆر، سەبارەت بە ڕۆحە بەدیقەتەکانیش وەک زەمینەیەکى پڕ لە گەوهەر وان کە لە هەموو هەوڵێکدا گەنجینەى تێدا دەدۆزرێتەوە. هەموو گەشیارێکى فیکر کە بە سەرنجێکى وردەوە گەشت لە قورئاندا دەکات، بەحەتمى خۆى لەسەر یەکێک لەو دەمارانە دەبینێتەوە کە دەیگەیەنن بە یەکێک لەو گەنجینانە و، مەگەر خوا بزانێت لەو ڕێگایەدا چ تێبینیگەلێک دەبینێت کە چێژ و تامیان تەواونابێت…

بەڵام بەداخەوە، ئەم کتێبەى کە ناوەرۆکەکەى زۆر دەوڵەمەندە و، سەرجەم ئازارەکانمان چارە دەکات و مەڵهەم بەسەر برینە چەند سەدەییەکانماندا دەهێنێت، لەبەرئەوەى لەلایەن کەسانێکەوە نوێنەرایەتى دەکرێت کە خولیایان جۆرێکە، عەشقیان جۆرێکە، سەودایان جۆرێکى دیکەیە؛ لە لێکۆڵینەوەکانیاندا ڕووکەشین؛ لە هەڵسەنگاندنەکانیاندا ڕواڵەتین؛ لێپرسینەوەکانیان هەمیشە ڕووى لە کەسانى ترە؛ هەستەکانیان لەسەر هەڵپە و بەرژەوەندى قورمیش بووە؛ عەقڵ و لۆجیکیان لەدواى هەستەکانیانەوەیە و داوەرییەکانیان کوشتەى دەستى ئارەزووەکانیانە؛ کۆمەڵێک ڕۆحى هەژارى وەهان کە لە ناوەرۆک و قووڵیی ناخەوە دوورن و زیاتر لەنێوان ڕواڵەت و ڕووکەشدا دێن و دەچن.. بەڵێ، لەبەر ئەم نوێنەرایەتییە چەوتە، لەکە دەکەوێتە سەر تەوێڵى درەخشانى دین و لە ڕۆحە یاخییەکاندا گومان و دوودڵى پەیدادەبێت. ڕاستییەکەى کەسانى لەم شێوەیە ئەگەر لەسەر ڕێى ئاخیرەت و بنارەکانى مێتافیزیکیشدا ببینرێن، چونکە بەرژەوەندیى ماددى چاویانى کوێر کردووە، ناتوانن لە چوارچێوەى تەواوەتیى خۆیدا پەى بە دونیاى ڕۆح و مانا ببەن و پاشان لە خۆیاندا ڕەنگ بداتەوە. لەمەش زیاتر، ئەم بەناو دیندارانە، کاتێک تەماشاى دونیاى خەڵکانى تر دەکەن کە لەسەر هەندێک بۆشایى و لاوازی دامەزراوە، دەکەونە هەڵەى خۆپڕچەککردن بە هەمان چەک و بەکارهێنانى هەمان کەرەستەى ئەوان؛ واتە بە لاساییکردنەوەى ئەوانەى کە ئەوان بە “ئەوانى تر” دەیانبینن، ئەو شتە خراپانەى کە پێشتر بەرامبەرەکانیان پێ تاوانبار و سەرکۆنە دەکرد، ملیم بە ملیم دووبارەى دەکەنەوە. لە خەباتێکى بێ ئامانج و مەبەستى لەم جۆرەدا هەتا ئێستا کەس قازانجى نەکردووە. بەپێچەوانەوە، ئەوە هەمیشە ڕۆحى کۆمەڵگا بووە کە بەدەم ناڵە و نرکەوە دۆڕاندوویەتى و زیانى کردووە. قورئان، هاوڕێ لەگەڵ هاوسەنگییەکى بەریندا بۆ سەرزەوى دابەزیوە؛ ئەو، بەشێوەیەکى هاوسەنگ پەیوەندیى تاکى لەگەڵ تاک، خێزان و کۆمەڵگا و پاشان هەموو بووندا داڕشتووە و، ڕێگاى بەرەو هاوسەنگیى گەردوونى پیشانى شوێنکەوتووانى داوە. بەڵام ئێمە بە بەندکردنى ڕۆحى ئەو لە لۆجیکى تەسکى خۆماندا، سەرەتا ئەو زۆر فراوانەمان تەسک کردووەتەوە، شتێکى گەردوونیمان کردووە بە ناوچەیى، شتێکى ڕەهامان ڕاکێشانەوە سەر زەمینى شتە ڕۆتین و ئاساییەکان و، یەک لەسەر یەک خۆرگیرانمان بەسەر سیماى ئاسمانیى ئەودا هێناوە. خاوەن مەفکورە بەرزەکانى وەک سەعیدى کوڕى جوبەیر، ئەبو حەنیفە، ئەحمەدى کوڕى حەنبەل، ئیمامى سەراخسى و هاوشێوەکانیان نەک تەنها نەبوون بە لایەنگرى ستەمى سەردەمەکانى خۆیان، بەڵکو هەمیشە بەرامبەر بە بچووکترین مەیل و تەنازول بەم ئاڕاستەیدا، بەگوێرەى دەنگى ویژدانیان کە کراوە بووە بە ڕووى خوادا بڕیاریان داوە؛ لەبریى زەوق و سەفاى ناو کۆشکەکان، جەفاى ناو زیندانەکان و بەندایەتیى بۆ خوا و ئازادیى ویژدانیان هەڵبژاردووە.

بەڵێ، ئەوانەى لە ژیاندا ئامانجیان هەیە مردنیشیان بەئامانجە؛ دڵ و دەروونى خەڵک دەبێت بە گۆڕیان و بۆ هەتاهەتایە لە ویژدانى گشتیدا بەنەمرى دەمێننەوە. لەبەرامبەر ئەم ڕۆحە بەرزانەدا، ئەو بەدبەختە کەڵەکچییانەى کە دیلى دەستى بەرژەوەندییەکانیان، گوێ بە هیچ شتێک نادەن و هەمیشە کۆیلەى زنجیرلەملى هەوا و ئارەزووەکانیان دەبن؛ ژیانى ئەمانە سەرشۆڕییە، چارەنووسیان کارەساتە، لەدواى خۆشیان لەعنەت جێدەهێڵن.

قوتابییەکى ڕاستگۆى قورئان ــ دەکرێت ئێوە ناوى “مرۆڤى خاوەن مەفوکوورە”شى لێبنێن ــ لەسەروو عەشق و شەوق و هەیەجانى خۆیەوە، سوارچاکێکى ئەبەدیى وەهایە کە خەڵکانى دیکەش بەرەو جاویدانى دەگوازێتەوە. ئەو، لەکاتێکدا بەرەو ئاسۆیە دەڕوات کە لە دونیاى بیریدا بە ئامانجى گرتووە، پێ بە زۆرێک لەو شتانەدا دەنێت کە خەڵکانى دیکە بە “واقیعى حاڵ”ى دادەنێن؛ ئیدى کەسانێکى بێبەش لە مەفکوورە وادەزانن شێتە.

لەبنەڕەتدا ئامانج و مەبەست سەبارەت بە ئێمە وەک مەنجەنیقێک وایە کە لە دونیای هەستەکان، ماددە، بەرژەوەندییەکان و ناوبانگەوە بەرەو ناوجەرگەى جیهانى ڕۆح و هەرێمى مێتافیزیک فڕێمان دەدات. هەرکەسێک دەست بەجۆرێک لە جۆرەکان دەست بە ئامانجەوە بگرێت، ئەگەر ئەمڕۆش نەبێت بێگومان سبەى، هاوشێوەى مووشەکێکى ناو بنکەکەى، ڕۆژێک دێت کە دەردەپەڕێت و لە خولگەى لاى خوادا پێگەى خۆى دەگرێت. دین، بریتییە لە کانگایەکى بەپیت کە ئەم جۆرە مرۆڤانە گۆش دەکات، پێغەمبەریش پێشکەشکارى میهرەبانى ئەم سەرچاوە پیرۆزە و ڕاڤەکارێکى وەهایە تەفسیرگەلێکى وەها بۆ دین دەکات کە گونجاوترینن لەگەڵ سەرچاوە ئاسمانییەکەیدا. لەم ڕووەوە ئەو، هەمیشە باشترین و کامڵترین و مرۆییترین شت پێشکەش بە پەیڕەوانى دەکات؛ بەهۆى ئەو دەستوورانەوە کە دایاندەنێت نوێکەرەوە و ڕێگالێدەر و شۆڕشگێڕێکى وەهایە کە کراوەیە بە ڕووى دوورترین ئاییندەدا. ئەوانەى قووڵیى ڕاستەقینەى قورئان نابینن، ئەوانەى کە ئەو زاتە وەک کارامەترین مەلەوانى ئەو قووڵاییانە قبووڵناکەن، کۆمەڵێکى بەدبەختن کە لە قووڵاییەکانى خۆیاندا خنکاون؛ جاروبار لە قورئاندا بە دەنگدانەوەى ڕووکەشییەکانى خۆیان دەسڵەمێنەوە؛ جاروبار پەنا بۆ وڕێنەى مێژووگەرایى دەبەن و گوزارشت لە بۆشاییەکانى خۆیان دەکەن؛ لە ڕاڤەى زۆرێک لەمانەدا دین شتێکى سەیر و سەمەرەى وەهایە کە بە خوارفەکان کون کون بووە، یان زەمانە کۆنى کردووە و ــ حاشا ــ سیستەمێکى دێرینە و جەنگ لەگەڵ ڕۆژگاردا دەکات.

ئەمە لەحاڵێکدا قورئان سەرچاوەیەکى هێندە زەنگینە، لە یەکەم هەنگاودا هەستدەکات ئەم کانگایە دەیگەیەنێت بە دڵنیایى و بێنیازى دەکات لە هەموو شتێکى تر. پاشان بەگوێرەى کرانەوە و گەشەکردنى ئاسۆى تێگەیشتنى، وەک پەلکەزێڕینەیەک تەماشاى دەکات کە لەودیوى هەموو ئەو پنت خاڵانەوەیە کە پێیان دەگات. دینیش بریتییە لە تێپەڕبوونى ئەم سەرچاوەى ڕووناکییە بەناو ئاوێزەیەکى زەبەرجەدیدا و پاشان ڕژانى بۆ ناو ژیان؛ ژیان دەشێلێت و شکڵ و شێوەى پێدەدات. بەجۆرێک، ئەوانەى دەیبیستن و هەستى پێدەکەن، لەپاڵ ئەوەدا شتانێک دەبیستن کە لە ئاستى مرۆڤدا دەوترێن، کەچى هەمیشە لەگەڵ “ئاسانێکى مەحاڵ”دا (سهل الممتنع) ڕووبەڕوو دەبن کە لاساییکردنەوەى ئەستەمە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *