ئاسۆى پێغەمبەرانە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خوددا (٢)

سەرگوزەشتەى ژیانى حەزرەتى (صفى اللە)ش -هەرچەندە خاوەنى خەسڵەتى کات و بوونى تایبەت بە خۆیەتى- ماهییەتەکەى نزیکییەکى تەواوى لەگەڵ موڕاقەبەى ناوەکى و پەیوەندى لەگەڵ خوادا هەیە: هەمیشە ڕوولەخوابوون لە کاتى ژیاندا.. ئەژمارکردنى بچووکترین خزانەکانیش بە گەورەترین بەربوونەوە.. ئاخ و داخى بەردەوامى سەرزار.. چاوەڕێکردنى بەصەر و بەصیرەت لە کەلێنى ئەو دەرگایەدا کە بەسەر ئەودا دەڕوانێت.. هەبوونى بەردەوامى (هو) لەسەر دەم…
پێغەمبەر ئادەمى (صفى اللە) لە (صَلْصَالٍ كَالْفَخَّارِ)ەوە -کە بریتییە لە منداڵدانى ڕۆحى ئینسان- وەکو پێڕستێکى پوختى کتێبى گەردوون بەدیهێنراوە.. وەکو قیبلەنماى مەلائیکەتەکان ستایشکراوە.. وەکو بوونەوەرێکى خاوەن شعوور لە تێکەڵبوونى نێوان ماددە و یاسائەمریى خواوەند پێکهاتووە.. باوکى ڕێزلێگیراو و پایەبڵندى هەموو مرۆڤایەتییە.. ئەو تۆوە نایابەیە کە زنجیرەى پێغەمبەرێتى لێوەى نەشونمادەکات.. نەمامێکى وایە کە کراوەیە بەڕووى میوەگرتندا و ئاوێنەیەکى پڕشکۆى ئیلاهیى وەهایە کە بەتەواوەتى مەزهەرییەتى (أحسن تقویم)ى بەدەستهێناوە. ئەم ئاوێنە گشتگیرەى کە خاوەنى ڕەهەندێکى جیاوازە, هاوڕێ لەگەڵ توانا و لێهاتنە ناوەکى و دەرەکییەکانیدا, لەپاڵ ئەوەدا کە ئاوێنەیەکى پڕشکۆ بووە بۆ حەزرەتى زانستى گشتگیر و قودرەتى زاڵ و ئیرادەى ڕوون, لە هەمان کاتدا لە حوکمى (کنز المخفى) “گەنجینەى شاراوە”دا بوو. بەهۆى خوێندنەوەى ڕاست و شیکردنەوەى دروستى ئەناتۆمى ماددى و مەعنەویی ئەوەوە بوو کە دەرگاکانى کردارەکان و شوێنەوارەکان و ناوەکان و سیفەتەکان و شەئنەکان و زاتى (البحت) لەڕووى ئەربابە بەسیرەتدا دەکرانەوە. ئەو ویژدانە هۆشیارانەى کە بەم جۆرە دەیانخوێندەوە و هەڵیان دەسەنگاند, لەو شاڕێیەدا کە بەرەو لاى خوا درێژدەبێتەوە بێئەوەى هەست بە ماندووبوون بکەن, هەمیشە هەنگاویان دەنا و, بەدەم وتنى مەعریفەت و خۆشەویستى و چێژى ڕۆحانییەوە بەرەو ئەو مەوجودە بێهاوتایە دەڕۆیشتن. لەم نێوەندەدا هەندێک لەو بەدبەختانەش کە دەلاقەکانى دڵیان بەڕووى شەپۆلە شەیتانییەکاندا کراوە بوو دەبوو لە نیوەى ڕێدا جێبمێنن؛ هەر وایش دەرچوو.
هەموو نەوەى ئادەم هاوڕێ لەگەڵ ئەو ناوک و تۆوە فریشتەیى و شەیتانییانەى کە لە ماهییەتیاندا دانرابوون, گاهـ بە جۆرێک بەرەو (أعلى علیین) بەرزدەبنەوە کە فریشتەکانیش ئیرەییان پێدەبەن و, گاهیش بە پلەکانى (أسفل سافلین)دا ڕۆدەچن. ئەمە لە ئینسانە مەزنەکاندا تەنها لە شێوەی لادان یان خزانێکى کەم و هەندەکیدا خۆى دەنواند, وەلێ لەوانەدا کە دەرگاکانى دڵیان بە ڕووى شەیتاندا واڵایە و لەژێر فەرمانیدان, لە شێوەی بەربوونەوەى ترسناکدا بەرچاودەکەوێت. ئەم لادانە بچووک و گەورانە تا ئەمڕۆ بەردەوامبوون, لەمەودواش لاى هەندێک هەر بەردەوام دەبن.
عاکیف گوتەنى “ماهییەتى لە فریشتەکان بەرزتر بوو ، عالەم لەودا پەنهان و جیهانەکان لەودا مەطوى” بوو, بەڵام لە قەدەرى ئەویشدا کەمێک لادان هەبوو؛ هەرچەندە شتێکى وا نەبوو کە صەفوەتەکەى لێڵبکات. لەبەرئەوەى ئەم هەڵنووتینە کاتییە ئیجتیهادى بوو, ئەوا خێرەکەى لە دووەوە دابەزى بۆ یەک. لە ڕاستیدا هۆکارى دەستبردن بۆ ئەو میوە قەدەغەکراوە, بریتی بوو لە دەستنیشاننەکردنى تەواوەتى کاتى بانگ و ڕۆژووشکاندن؛ بەڵام پەروەردگارى لەسەر ئەمە, بەشێوەیەک سزاى دا کە تایبەتە بە کەسە نزیکەکان. لە لایەکى دیکەوە, هاوڕێ لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییە ناوەکییانەیدا کە هەستى پێنەکردبوون, بەرەو زەمینى میوەبەخشین ڕاپێچکرا. بەڵێ, وەکو “ئیمامى ئاڵوار”یش دەڵێت “حیکمەتى ڕاستەقینەى درەختى بوون بریتیبوو لەوەى حەزرەتى موحەممەد بێتە دونیاوە!” بەڵام باسکردنى ئەمانە بۆ (صفى اللە) زۆر ئاسان نەبوو. هەر بۆیە بە درێژایى تەمەنى ئەم خزانە کەمەى لە بەرچاوى خۆیدا گەورەکرد؛ وەک کەسێک کە سەرپێچى پەروەردگارى خۆى کردبێت بەبەردەوامى ناڵاندنى و کڕووزایەوە.
بەڵێ, ئەم سیما “نزیکخراو”(مقرب)ە بە درێژایى چەندەها ساڵ لە ناوەندى حاڵەتێکى ڕۆحیى وەک ترس و خۆشەویستیدا تلایەوە, بە جۆرێک هیچ دڵێک نەیدەتوانى بەرگەى بگرێت. چەندین ساڵ بەسەرکزى ژیا؛ شەرم نەیهێشت سەرى بەرەو ئاسمان بەرزبکاتەوە و, دەنگى دڵى هەمیشە بەدەم وتنى (قَالا رَبَّنَا ظَلَمْنَا أَنْفُسَنَا وَإِنْ لَمْ تَغْفِرْ لَنَا وَتَرْحَمْنَا لَنَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ)ەوە ناڵاندى. ئاى ئەمە چ ڕووبەڕووبوونەوەیەکى فراوانە لەگەڵ نەفسدا و چ هەستیارییەکە لە بابەتى پەیوەندى لەگەڵ خوادا! چ تەمکینێکى قووڵ و چ بێدارى(تیقض)یەکى تیژە!
بەگوێرەى ڕیوایەتێکى لاواز, ئەو شتەى کە ناڵەکانى دڵى ئەوی تا ئەندازەیەک هێورکردەوە ئەم ڕووداوە بوو: ڕۆژێک لە ڕۆژان دەستەکانى بەرزکردەوە و فەرمووى “خوایە گیان, لەبەر خاترى حەزرەتى موحەممەدى خۆشەویسستت لێم خۆشبە!” لە وەڵامى ئەمەدا سەداى ئاسوودەبەخش فەرمووى “تۆ ئەو لە کوێوە دەناسیت؟” وەڵامى حەزرەتى (صفى اللە) بەم جۆرە بوو: “کاتێک لە بەهەشت دوورخرامەوە تەماشاى دەرگاکەیم کرد, بینیم لێى نووسراوە (لا الە الا اللە محمد رسول اللە), بەوەدا کە ئەو دوو ناوەم لەتەنیشت یەکەوە بینى, تێگەیشتم لاى تۆ پێگەیەکى تایبەتى هەیە؛ هەر بۆیە کردم بە شەفاعەتکار و داواى لێخۆشبوونم کرد.” سولەیمان چەلەبى لە باسى (قاب قوسین) بەم جۆرە گوزارشت لەم بابەتە دەکات: “زاتى ئەوم کرد بە ئاوێنەى زاتم ، ناویم نووسیوە لەتەنیشت ناوم.” خۆى لە خۆیدا شایستەى بەخشین بوو؛ بەم دواین ناڵەیەى بەدەستى هێنا.
باوکى مرۆڤایەتى لە ئەنجامى خزانێکى بچووک بەم جۆرە لەگەڵ خۆیدا ڕووبەڕووبوویەوە و هەردەم بەدەم وتنى (رَبَّنَا ظَلَمْنَا)ەوە خەمى هەڵمژى. نازانم داخۆ ئەم هەڵوێست و ئەم تەمکین و ئەم بێدارییە سەبارەت بە ئێمە مانایەکى هەیە یان نا؟! ئەگەر نەیبێت, ماناى وایە کۆمەڵێک بێویژدانى وەهاین کە لەژێر جەستەماندا پلیشاوینەتەوە.
یەکێکى دیکە لە سیما ناوازەکانى زنجیرەى زەبەڕجەدى پێغەمبەرێتیی حەزرەتى نوح (نجى اللە) بوو. ئەم باڵابەرزە بە درێژایى چەندین ساڵ بەهەناسەبڕکێ ڕایکرد و هەمیشە گەلەکەى بەرەو لاى “ئەو” بانگکرد و داواى کرد ئیمانى پێبهێنن. لەم پێناوەدا سووکایەتیی پێکرا و هەڕەشەى لێکرا, بەڵام ئەو بەبێ ماندووبوون بەردەوام ناوى (أللە)ى برد. لەبەرامبەر ئەمەدا کافرانى کۆنەپەرستیش هەروا دانەنیشتبوون؛ گاڵتەیان بە خۆى و ئەو مشتە ئینسانە دەکرد کە لە چواردەورى کۆبووبوونەوە و, دەیانویست خەڵکى لێداببڕێنن. ئەوەندە هەبوو هەموو ئەم شتە نەرێنییانە نەیاندەتوانى تاقەتى ئەو سستبکەن؛ تەنانەت بەپێچەوانەوە, ئەو هاوڕێ لەگەڵ گوڕوتینێکى مێتافیزیکیى زیاتر و بەردەوامى و دامەزراوییەکى زیاتردا بەرپرسیارێتیى پێغەمبەرانەى خۆى ڕادەپەڕاند و, وەک ئەوەى ڕاپۆرتێکیش بۆ سەروو خۆى ئامادەبکات, عەرزوحاڵى حاڵەتى گشتیی خۆى و گەلەکەى دەبردە لاى خواى گەورە. هەروەک لە چەندین سورەتى جیاوازى قورئاندا هەڵوێستە لەسەر ئەمە کراوە, سورەتى (نوح)یش بەتایبەتى ئەم سەرگوزەشتە پیرۆزە دەگێڕێتەوە.
ئەو هەمیشە سەدایەکى ناڵەکار بوو.. لە بابەتى بەجێهێنانى بەرپرسیارێتییەکەیدا نموونەیەکى بەرز و باڵاى خۆتەرخانکردن و فیداکارى و نەویستنى پاداشت بوو. ئەم هەستەى لە قورئاندا بەم جۆرە دەردەبڕێت (وَمَا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ مِنْ أَجْرٍ إِنْ أَجْرِيَ إِلَّا عَلَى رَبِّ الْعَالَمِينَ). بەمەش هەڵوێستى بێنیازانە و صەمیمانەى خۆى دەردەخست؛ ئەمەش یەکێکە لە یاسا بنەڕەتییەکانى هەموو ئەوانەى کە لەسەر ڕێى پێغەمبەران دەڕۆن.
بەڵێ, حەزرەتى (نجی اللە) توانا و لێهاتنە بەرز و بڵندەکانى و, فیراسەتە فراوانەکەى و, فەتانەتەکەى کە خەسڵەتى دانەبڕاوى هەموو پێغەمبەرێکە, وەکو ئامڕازێک لەپێناو بانگکردنى خەڵکى بۆ لاى خوا بەکارهێنا و, جگە لە ڕووتێکردن و ڕەزامەندیى خواش هیچ چاوەڕوانییەکى ترى نەبوو. سنگى لە هەموو ئەو سووکایەتییانە دەرپەڕاند کە بە خەیاڵیشدا نایەن؛ لەهەمبەر ڕەفتارە ناشرین و پەستەکانەوە هەرگیز لەرزەى پێنەکەوت.
لە هەمان کاتدا کە عەقڵ و زمان و لێوى سەرقاڵى باسکردنى شتانێک بوو بۆ دەوروبەرى, هەمیشە دڵى لەنێوان هەستەکانى ترس و خۆشەویستیدا هەڵدەلەرزى. کاتێک تێگەیشت سکاڵابردن بۆ لاى خوا و پێشکەشکردنى عەرز و حاڵ سوودێکى نییە, بەیەکجارى حەواڵەى خواى کردن و, بە فەرمانى خوا دەستى بە دروستکردنى کەشتى کرد. لەم قۆناغەشدا گاڵتە و سووکایەتییەکان بەبێ بچڕان بەردەوامبوون.
لە کۆتاییدا ئەو کارەساتەى لە قەدەردا نووسرابوو هات.. هەموو لایەک لە ئاوى ئاسمان و ئاوى هەڵقوڵاوى زەویدا نوقمبوو.. زۆرێک خنکان و کوڕەکەشى یەکێک بوو لەوان. لەم حاڵەتەدا دڵى باوکانەى ئەو وَنَادَى نُوحٌ رَّبَّهُ فَقَالَ رَبِّ إِنَّ ابْنِي مِنْ أَهْلِي وَإِنَّ وَعْدَكَ الْحَقُّ وَأَنتَ أَحْكَمُ الْحَاكِمِينَ و عەرزى حاڵى خۆى کرد. پەروەردگاریش فەرمووى قَالَ يَا نُوحُ إِنَّهُ لَيْسَ مِنْ أَهْلِكَ إِنَّهُ عَمَلٌ غَيْرُ صَالِحٍ فَلاَ تَسْأَلْنِ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ إِنِّي أَعِظُكَ أَن تَكُونَ مِنَ الْجَاهِلِينَ حەزرەتى (نجى اللە) (نەجييوڵڵا)لە هەڵوێستێکدا کە شایانى “نزیکخراوەکان”(مقربین) بێت فەرمووى قَالَ رَبِّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ أَنْ أَسْأَلَكَ مَا لَيْسَ لِي بِهِ عِلْمٌ وَإِلاَّ تَغْفِرْ لِي وَتَرْحَمْنِي أَكُن مِّنَ الْخَاسِرِينَ و جارێکى دى هاوڕێ لەگەڵ موڕاقەبەیەکى فراوانیى ناوەکیدا ڕاز و نیازى ڕوو لە خوا کرد.
بەندە ڕاستگۆکانى ڕێگاى حەق و خوا و ئەو کەسایەتییە ناوازانەش کە لە گوێڕایەڵى و ملکەچبوون بۆ فەرمانەکاندا تواونەتەوە, هەمیشە بەم شێوەیە ڕەفتاریان کردووە. لە ئەنجامى هەڵە ئیجتیهادییەکانیان, لەسەر ئاستى هەست و بیر و گوفتار هەمیشە (تفویض)یان هەڵمژیوە و, لەهەمبەر ئەو جوڵە و ڕەفتارانەیشەوە کە پێیان وا بووە لەگەڵ ئاسۆیاندا ناگونجێت, قەدچەمیو و سەرکزانە ژیاون. خۆزگە یەک لە دەى ئەو تێبینییە بەرز و ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە لەگەڵ خوددا لە ئێمەدا هەبووایە!
لام وایە ئەگەر خواى گەورە پەردە لەسەر بەسیرەتمان لاببات و هەستى ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ خۆماندا پێ لوتف بکات, دەبینین چەند لەدواى ئەو شتانەوەین کە دەیانکەین و دەیانڵێین و پشتمان دەچەمێتەوە. بەڵام هەیهات! دەرگاکانى دڵمان بەڕووى ئەم شعوور و تێگەیشتنەدا داخراون؛ بۆیە هێندە خۆمان دەبینین, ئەو شتانە نابینین کە پێویستە ببینرێن. کەچى ئێمە لەم ناوەندەدا خۆمان بە شتێک دەزانین. بەتایبەت کەسانێکى وا هەن ئەو شتانە نازانن کە پێویستە بزانرێن, کەچى بە جۆرێک خۆیان بادەدەن وەک ئەوەى بزانن, لەسەرەوە تەماشاى خەڵکى دەکەن, هەم خۆیان ڕۆدەچن و هەم حەشاماتە بێشعوورەکان لەگەڵ خۆیان دەبەن بە ناخى زەویدا. خواى گەورە بەم کەسانەى کە لەسەر شێوەى ئینسانن و لە تەنگانەى نەزانیى چوارجادا خنکاون, ڕزگاربوون لە ئاژەڵێتى و, قووتاربوون لە دیلێتى جیسمانییەت و, بەسیرەتى ڕووکردنە ژیانى دڵ و ڕۆح خەڵات بکات. ئامین!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *