ئاسۆى پێغەمبەرانە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خوددا (١)

پەیوەندیى ئەوان لەگەڵ خوادا ئاسۆى ئێمە دەبەزێنێت.. ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ خۆیاندا.. وە سەرەڕاى بێتاوانییان, نرکە و ناڵەى تەمکینى یەک لەدواى یەکیان لە دەرگانەى خوادا. قووڵیى لەدوننیى ئەوان لە چەندین بەرگ کتێبدا جێى نابێتەوە.. هەستى ترس و ئومێدیان.. نیازى جگەرسۆزانەى ئەوان کە ڕووى لە ئەودیوى ئەودیوەکانە و نەغمە پڕسۆزەکانیان لەم بارەیەوە ، بەم گوفتارە شڕوشێواوانەى ئێمە کە دڵۆپێک لە دەریا و گەردیلەیەکن لە مانگەشەو, هەڵسەنگاندن و گوزارشتکردن لەوەى لەسەر چ بنەمایەک ئەم زاتانەى کە هەر لە سەرەتاوە بە دەستى ڕەحمەت پاککراونەتەوە, لەم حەوزى خاوێنبوونەوە بۆ ئەو حەوزى خاوێنبوونەوە و ئیستیغفار و ئینابە و ئەوبە ڕۆیشتوون, تا ئەندازەى مەحاڵ کارێکى سەخت و گرانە. بەڵام ئەگەر یان وەک بوێرییەک یان لەپێناو ئەوەدا کە بە تەماشاکردنى ئەوان بێینەوە هۆشى خۆمان, لام وایە پێویستە هەندێک شت بوترێت. بە قەناعەتى خۆم شتێکى گونجاوە ئەگەر ئەم پەرەگرافە بەم خۆزگەیە کۆتایى پێبهێنین “خواى گەورە دڵۆپێکى ئەم هەستەى ئەوان بە ئێمەش ببەخشێت!”

یەکەم نرکە و ناڵەى یەکەم دڵى زنجیرە زەبەڕجەدییەکە کە هاوڕێ لەگەڵ خزانێکى کەمدا یادى دەکرێتەوە, بریتی بوو لە دەرەنجامى ئەوەى کە لە بابەتى دەستنیشانکردنى شکاندنى ڕۆژوودا (افطار) ئیجتیهاد دروست نییە. بە مەبەست وشەى “هەڵە” بەکارناهێنم, لە شوێنى خۆیشیدا -پشت بە خوا- هەڵوێستەى لەسەر دەکەین. هەرچەندە هەر وشەیەک خواى گەورە سەبارەت بە بەندەکانى بەکارى بهێنێت بەڕێزەوە بەندە دەیخاتە سەرچاوى, بەڵام ئەو شتەى دەکەوێتە سەرشانى ئێمە ئەوەیە هەمیشە بەرامبەر بەو (مصطفین الاخیار)ە بە حەزەرەوە بیربکەینەوە و بدوێین.

پاشان دەمانەوێت (بسم اللە) لە باسکردنى ئەو زاتە پیرۆزە بکەین کە هەرچەندە لەدواوە هات بەڵام پێشى هەمووان کەوتەوە.. دۆزەرەوە(کشاف)ى نهێنیى حیکمەتى جیهان.. زاتێک کە بوونە زانستییەکەى لەپێش هەمووانەوەیە.. سەرتاجى دانیشتووانى ئاسمانەکان و زەوى و, ڕێنموونیکارى هەموو مرۆڤایەتى بە پەیامە گشتیر و جیهانییەکانى.. تابلۆى شانازیى ئەهلى ئاسمانەکان و زەوى.. ئەو ناوازە و بێهاوتایەى کە بە “سوڵتانى پێغەمبەران” یاددەکرێتەوە.. یەکەم جێڕوانگەى بەدیهێنەر لەنێوان سەرجەم بوونەوەرە ڕۆحانى و جیسمانییەکاندا.. ئەو زاتەى تیشکى نوور و فەیزە غەیبییەکان ئاڕاستەى ئەو دڵانە دەکات کە کراوەن بە ڕووى ئیماندا.. قوتبى ئەعزەمى جیهانەکانى مولک و مەلەکوت.. ئەو زاتەى لەسەر ئاستى تایبەتمەندییەکانى وەک عیصمەت و پاکیزەیى و ئەمانەت و ڕاستگۆیى و فەتانەت و تەبلیغ لەپێش هەموو هەڵبژێرراوەکانى دیکەوەیە.. ئەو زاتەى کە دۆستێکى خوا دەربارەى دەڵێت “ئاوێنەیە ئەم جیهانە, هەموو شتێک بە خوا قائیم لە ئاوێنەى موحەممەدەوە خوا دەرەکەوێت دائیم”.. ئەو زاتەى لەلایەن هەموو ئەوانەوە کە پێشینەبڕیاریان نییە, بە تاکە دۆزەرەوەى ڕاستییەکانى ئەحەدییەت و صەمەدییەت دادەنرێت لەو ڕێگا ئاسمانییەدا کە پێیدا دەڕوات.. ئەو زاتەى لە بەرزترین ئاستدا ستایشکراوە بەوەى گۆیاترین زمانى (حقیقة الحقائق)ە.. کەچى سەرەڕاى هەموو ئەمانە هەمیشە لەسەر ڕێى خۆبەکەمزانى و مەحوییەت هەنگاوى ناوە.. قارەمانێکى وەهاى بوارى (ایثار) کە لەپێناو گەیاندنى ناوى خوا بە تێکڕاى دڵەکان بە شێوەیەکى کاتى ماڵئاوایى لە ویساڵى پیرۆز کردووە.. فیترەتێکى ناوازە و بەندە و خواپەرستێکى بێوێنەیە.

سەرەڕاى ئەم هەموو فەزڵ و ڕەهەندە قووڵانەی جیهانى ناوەوەى, کاتێک تەماشای نیاز و پاڕانەوە و لاڵانەوەکانى دەکەین, عەقڵى ڕووکەشبین ناتوانێت خۆى ببوێرێت و نەڵێت “بۆچى, لەبەرچى؟”؛ بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەردگاریدا, هەمیشە لە خولگەى عبودەتدا دەسووڕایەوە و هاوڕێ لەگەڵ شعوورى ئیحساندا هەڵدەستا و دادەنیشت. ئێمەش لێرەدا دەمانەوێت -ئەگەر بە شێوەیەکى کورتیش بێت- چەند شتێک دەربارەى ئەو بڵێین.

ئەگەرچى عەقڵى ڕواڵەتبین واى پێ باشە لەم بابەتەدا لە حەزرەتى ئادەمەوە دەستپێبکرێت, وەلێ دڵمان مەیلى ئەوەى هەیە لەو زاتەوە دەست پێبکەین کە لەو ڕووەوە هۆکارى بەدیهاتنى جیهانە لە جۆرى (براءة الاستحلال)ە. چونکە پێش لە هەر شت ئەو لە ڕوانگەى بوونى دەرەکییەوە, ئەگەرچى لەدواوەش دەربکەوێت, بەڵام هەمیشە لە پێشى پێشەوە بووە. چونکە هەرچەندە هۆنراوەى پێغەمبەرێتى بە ناوى ئەوەوە نەزمکرابوو و بەستەى بۆ دانرابوو, بەڵام هاوڕێ لەگەڵ ئەرکە گشتگیر و جیهانییەکەیدا وەکو سەروا و قافیەیەک لە کۆتایى ئەم هۆنراوە موقەددەسەدا دانرا و, لەم ئەرکە گرنگەدا بەهۆى ئەوەوە خاڵى کۆتایى نووسرا.

بەڵێ, ئەو لە ڕوویەکەوە سەرەتا و لە ڕوویەکیشەوە کۆتا بوو. پێش لە هەر شت, ئەو لە ڕوانگەى وجودى نەجمى نوورانییەکەیەوە سەرفرازکرابوو بە پایەى (أَوَّلُ مَا خَلَقَ اللهُ نُوري) و, ڕۆژێکیش وەکو ئاماژە بۆ ئەم مانایە فەرمووى “کاتێک حەزرەتى ئادەم لەنێوان ئاو و قوڕدا بوو من پێغەمبەر بووم.” بەمەش ئاماژەى بۆ ئەم ڕاز و مەتەڵى سەرەتا و کۆتایە کرد.

لەم ڕووەوە, بەرمەبناى ئەم پێشکەوتنە ڕازئامێزە, ئەگەر بە چەند ڕستەیەکیش بێت, دەمانەوێت بەم ڕۆحە بڵند و شکۆدارەى کە هەمیشە ڕووى لە خوا بوو دەست بە زنجیرە زەبەڕجەدییەکە بکەین.

ئەو, تەنانەت لە خەون و خەیاڵەکانیشیدا هەرگیز میوانداریى لە هەڵە و تاوان نەکرد. بەڵام وەرە و ببینە ئەم ڕۆحە پیرۆزەى کە ئاشنایە بە خوا, کاتێک ڕووى لەو خەوە دەکرد کە بە براى مردن دادەنرێت –لە ڕاستیدا خەوى ئەو تەنها چاونووقاندن بوو, چونکە دڵى هەمیشە بێدار بوو- ئەم ئایەت و سورەتانەى دووپات دەکردەوە و, بەبێ خوێندنیان هیچکات چارۆکەى بە ڕووى ئەو جیهانەدا هەڵنەدەکرد لاَ يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلاَّ وُسْعَهَا لَهَا مَا كَسَبَتْ وَعَلَيْهَا مَا اكْتَسَبَتْ رَبَّنَا لاَ تُؤَاخِذْنَا إِن نَّسِينَا أَوْ أَخْطَأْنَا رَبَّنَا وَلاَ تَحْمِلْ عَلَيْنَا إِصْرًا كَمَا حَمَلْتَهُ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِنَا رَبَّنَا وَلاَ تُحَمِّلْنَا مَا لاَ طَاقَةَ لَنَا بِهِ وَاعْفُ عَنَّا وَاغْفِرْ لَنَا وَارْحَمْنَا أَنتَ مَوْلانَا فَانصُرْنَا عَلَى الْقَوْمِ الْكَافِرِينَ ئەى پەروەردگارمان! ئەگەر هەڵەمان کردبێت -نازانم داخۆ بە چى دەڵێت هەڵە؟- لەسەرى لێمان مەپرسەوە. ئەى پەروەردگارمان ئەو بارە سەختەى خستە سەرشانى ئەوانەى پێش خۆمان لە کۆڵى ئێمەشى مەنێ. پەروەردگارمان! لە شتێک بەرپرسیارمان مەکە کە نایتوانین! لێمان خۆشبە و لە کەموکورتییەکانمان ببوورە -نازانم بە چى دەڵێت کەموکورتى!- و بەزەییت پێماندا بێتەوە! تۆیت گەورە و یارمەتیدەرى ئێمە, بەسەر کافراندا سەرمان بخە”.

ئەى ڕۆحى بەرز و خاوێن! ئەگەر ئەم نزا و پاڕنەوەیەت بێدارکردنەوە بێت بۆ خۆپەرستان و سەرگەردانەکان, دەڵێین (سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا) و, ئەم ڵاڵانەوانەت دەگێڕینەوە بۆ هەستى ڕابەرایەتییەکەت و, لەهەمبەر وجودى نەجمى نوورانیتدا دەچەمێینەوە. خۆ ئەگەر بە ناوى خۆتەوە وتبێتت, ئەوا چاو و گوێمان دادەخەین و ڕۆدەچین بەناو موڕاقەبەى بێدەنگیدا؛ چونکە دوژمنە هەرە سەرسەختەکانت تەنانەت لەو کاتانەشدا کە کەفوکوڵى ڕق و نەفرەتیان لێهەڵدەستا بە تۆیان دەوت “ئەمین”؛ لە بابەتى عیصمەت و پاکیزەیى و بێتاوانیى تۆدا زمانى خۆیان دەگرت و, ئەگەر بۆ ماوەیەکى کاتیش بوایە لرخەلرخى خۆیان دەوەستاند. ئەگەر دەنگم توانیبای پێت بگات, -سەرگەردانییەکەم ڕێگرە لەبەردەم ئەمەدا ئەى خۆشەویست!- دەموت بڵێ بۆ خاترى خوا, داخۆ ئەم ناڵە و نرکە و کڕووزانەوانەت کە لە بەرزترین ئاستى تەمکیندان نهێنییەکى تایبەتە بە (أقرب المقربین) یان فەرمانێکى ڕازئامێزە بۆ ئێمەى دەربەدەر؟!

نازانم داخۆ هۆکارى پشتەوەى ئەم بیرکردنەوە فراوان و تەنانەت وردەکارى و هەستیارییە لەسنووربەدەری, ئەو ئوسلوبە خواییە کە لە ڕێگەى ئەوەوە خوا ڕێمان نیشاندەدات؟! بۆ نموونە لەم ئایەتەدا کە دەفەرمووێت إِنَّا أَنزَلْنَا إِلَيْكَ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ لِتَحْكُمَ بَيْنَ النَّاسِ بِمَا أَرَاكَ اللَّهُ وَلاَ تَكُن لِّلْخَائِنِينَ خَصِيمًا لەوانەیە مەبەست لەمە ئەمە بێت “لەگەڵ ئەو دەدوێم, بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە لەگەڵ ئەوانەى دواى ئەومە!” بەڵام ئەم فەرمانە وەکو نەى لە ڕۆحە هەرە ناسک و هەستیارەکەی ئەودا دەنگى دایەوە. لە ئەنجامى ئاوێتەبوونى فەرمانەکانى وەک (فَاسْتَقِمْ كَمَا أُمِرْتَ) بە ڕۆحە و موبارەک و هەستیارەکەى, جارێکیان فەرمووى “سورەتى هود پیرى کردم.”

ئەى ڕۆحى مەزن! هەموو ڕۆحەکان بەقوربانت بن! ژیانى پیرۆزت چەندەها قات لەسەروو ڕاستییەوە بوو, هەردەم لە ناوەندى ترس و ڕێزدا بەسەرچوو؛ بەڵام تۆ ئەو فەرمانە خواییەت خستە سەر خۆت و ناڵاندت. لە کاتێکدا زیاتر ئێمە ئامانجى بووین؛ بەڵام نەمانتوانى تێبگەین وەک چۆن تۆ سووتایت نەمانتوانى بسووتێین. خۆزگە تێدەگەیشتین لەوەى بەرپرسیارین لەو شتانەى تۆ فەرمانت پێکراوە! بەداخەوە لە غەفڵەتدا ژیاین و لەگەڵ غەفڵەتدا هەستاین و دانیشتین و, هەرگیز بە شێوەیەکى تەواوەتى مافى پێگەکەى خۆمان نەدا.

ئەى شەرەفى ڕەگەزى ئینسان و ئەى ناوازەى کەون و زەمان! بەردەوام بانگەشەى شوێنکەوتنى تۆمان کرد, بەڵام لەڕووى چۆنێتیى حاڵ و تەمسیلەوە –بەداخەوە- چەندەها فەرسەخ دوور لە تۆ گاگۆڵکێمان کرد. هەروەک ئەو کاتەى ڕووت لە میحرابى ئەبەدیى خۆت کرد بۆ ئەم ڕۆحە پەرێشان و دەربەدەرانە دەتناڵاند و دەکڕووزایتەوە, جارێکى دیش بناڵە و, لە خوا بخوازە ئەم سەرگەردانانەى کە لە خوا و تۆ دوورکەوتوونەتەوە لە دڵەوە موسڵمانببن! بخوازە خواى گەورە ئێمەش بکات بە ئینسانى ڕاستەقینە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *