ئاسۆى پێغەمبەرانە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خوددا (٣)

یەکێک لە نموونە باڵاکانى بوارى ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خوددا بێگومان ئەو حەزرەتى ئیبراهیمەیە کە بە (خلیل الرحمن) ناوى دەرکردووە. ئەو, لە زەوى و ئاسماندا هاوڕێ لەگەڵ سیفەتى (الخلة)دا یادکرایەوە. بە جۆرێک, کاتێک ئەم سیفەتە درایە پاڵ حەزرەتى موحەممەد -بە هاندەرى مەحوییەت و خۆبەکەمزانى- فەرمووى ئەو سیفەتە تایبەتە بە حەزرەتى ئیبراهیم و بەمەش قووڵیى خۆى دەرخست. لە ڕاستیدا دەکرێت لە ڕوانگەى (ترجيح المرجوح على الراجح)ەوە لە بابەتەکە بڕوانرێت؛ قسەشى تێدایە (فیە نضر)!
هەندێک هەبوون بەم جۆرە لە (خلة) تێگەیشتوون: بریتییە لە بینینى بوون وەکو سێبەر یان تیشکى تەجەللى حەزرەتى وجودى سوبحانى و, بریتییە لە گەیشتن بە هاودەمى(المعیة)یەکى تایبەتى و بوون بە هاودەم(أنیس) و هاوکۆڕ(جلیس). بە جۆرێک, کەسێک کە لەم ئاسۆیەدایە, بیر لە “ئەو” دەکاتەوە؛ لە کاتى ئاخاوتندا هەمیشە “ئەو” دەڵێت؛ لە کاتى وتنى “خۆشەویستى” و “یار”دا لە دونیاى خەیاڵیدا “دوور لە هەموو چەندێتى و چۆنێتییەک” “ئەو” دەردەکەوێت؛ کاتێک تەماشاى شتان و ڕووداوەکان دەکات لە کردارەکانەوە بۆ ئاسەوارەکان دەڕوات.. بە زەڕەبینى ئاسەوارەکان دەکەوێتە حونجەکردنى ناوەکان.. بە دووربینى ناوەکانیش تووشى مەراقى تەماشاکردن سیفەتە سوبحانییەکان دەبێت.. پاشانیش بەدەم وتنى “زاتى بەحت”ەوە دەناڵێنێت. لە دیدى ئەودا هەموو بوون هێمان بۆ “ئەو” و نامەیەکن لە “ئەو”ەوە؛ هەموو دەنگ و گوتەکانیش کۆمەڵێک نەغمەى وەهان کە ئەو دەچپێنن. لە دونیاى بیرکردنەوەى ئەودا شتان و ڕووداوەکان زمانێکى گۆیان نەغمەى ئەم زمانانەش هەمیشە “هو”ن. بەڵێ, وەکو شاعیرێکیشمان ئاماژەى بۆ دەکات, ئاى چ ئاماژە و هێماگەلێک لە هەموو شتێکدا هەن کە ئەو ڕادەگەیەنن “کتێبێکى مەزنە سەراسەر کائینات ، دەست لە کام حەرفى بدەى ماناکەى هەر خوا دەکات.” ئەو, هاوڕێ لەگەڵ ئیدراک و بەسیرەتە فراوانەکەیدا هەمیشە وەک سەرمەستى هاودەمى دەژى و هەرگیز بە خەیاڵیشیدا نایەت جارێکى دى ئەو ئاسۆیە جێبهێڵێت.
ڕێگاى (خلة) بریتییە لە گەشتکردن لە کەشێکى نوورەفشانى لەم جۆرەدا و, ڕێبوارانى ئەم ڕێیەش بە شێوەیەکى گوێرەیى ئەربابى (خلة)یان پێدەوترێت. ئەو کەسەش کە لە کامڵترین شێوەدا ئەم سیفەتە بەدەستدەهێنێت, بە ماناى ڕاستەقینە (خلیل)ە. هەستى هاودەمى و خۆشەویستى, هەستى تەوەککول و تەسلیمییەت, لە بزەى ڕووخسارییەوە هەتا هەموو ئەندامەکانى لەشى و لە گشت هەڵسوکەوتێکیدا دەردەکەوێت. خەلیلێکى لەم جۆرە بە چاکە وەڵامى خراپەکان دەداتەوە.. بەرامبەر بە ڕەفتارە ناشرین و بێڕێزەکان وەڵامى هاوشێوە ناداتەوە.. وەکو شەماڵێک هەڵدەکات, هەمیشە لەگەڵ شعوورى ئیحساندا هەڵدەستێت و دادەنیشێت.. نەک تەنها بەرامبەر بەوانەى کە پشتگیریی دەکەن, بەڵکو تەنانەت بەرامبەر بەوانەش کە ڕق و قینیان قوڵپدەدات, مافى وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەى خۆى بەکارناهێنێت. نەک هەر بەکارى ناهێنێت, بەڵکو کاتێک بە ناشرینترین شتەکانیش هێرشى بۆ دەهێنن (فصَبْرٌ جَمِيلٌ وَاللّهُ الْمُسْتَعَانُ عَلَى مَا تَصِفُونَ )[i] دەڵێت و, هاودەم لەگەڵ سەبرێکى چالاکدا دەکەوێتە چاوەڕوانى تەجەللیى قەدەر. ئەمانە بە سیفەتە دانەبڕاوەکانى ڕۆحى (خلة) ئەژماردەکرێن و, حەزرەتى (خلیل الرحمن)یش ناوازەى ئاماژەبۆکراوی ئەم ئاسۆ بەرز و مەزنەیە.
ئەو, بەدەم وتنى (توکلت على اللە)وە خۆى لەناو ئاگر هاویشت.. بەرگەى کۆمەڵێک ناڕەحەتیى وەهاى گرت کە بە خەیاڵیشدا نایەن.. خانەى و لانەى خۆى جێهێشت و بۆ شوێنانى دى کۆچى کرد.. هیجرەتەکەى لەپێناو دۆزینەوەى گوێگر و دوێنراوى دیکەدا بەکارهێنا.. بە هاتوچۆکانى نێوان کەنعان و مەککە و فەلەستین, هەوڵی دا نەخشێکى تەوحید بچنێت.. بە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەى ئەو ماڵى خوایەى میحرابى ئیماندارانە و بریتییە لە سێبەرى (سدرة المنتهى) لە سەرزەوى, دیارییەکى مەزنى پێشکەش بەوانەى دواى خۆى کرد.. تەنانەت کاتێک لەگەڵ حەزرەتى ئیسماعیلى کوڕیدا سەرقاڵى ئەم کارە لوتکەییە بوو, لەگەڵ خۆى ڕووبەڕوودەبوویەوە و, ئەمەشى دەگۆڕى بۆ ڕاز و نیازێک لەگەڵ خوادا و, وەکو کەسێک کە هیچ نەکردبێت دەیفەرموو “ئەى پەروەردگار! خۆم و نەوەکانم لەوانە بگێڕە کە بە شێوەیەکى بەردەوام و تەواو نوێژەکانیان ئەنجامدەدەن؛ -ئەمە نیشانەیەکى ئاشکرایە لەسەر ئەوەى هەموو کردارە چاکەکانى پێشووى خۆیى کردووە بەژێر خۆڵى لەبیرکردندا- پەروەردگارم, دوعاکەم لێوەربگرە. خۆم و دایک و باوکم -هەڵبەت ئەمە پێش ئەو کاتەیە کە دوعاکردن بۆ باوکى لێ قەدەغەبکرێت- و هەموو ئیمانداران لە ڕۆژى لێپرسینەوەدا بە لێخۆشبوون سەرفراز بکە.” (ابراهیم: ٤٠,٤١)[ii]. سەیرى گەورەیى خۆى و مەزهەرییەتبوونى خۆى بۆ (خلة تامة) نەکردووە؛ خواى گەورە نەیهێشتووە سەیرى بکات؛ هەر بۆیە هەمیشە ڕەفتارەکانى سادە و ئاسایى بوون.
لەبەر ئەم تایبەتمەندییە ڕەنگین و زەنگینەیەتى کە خواى گەورە دەربارەى دەفەرمووێت(ئه‌ی ئیمانداران، به‌ڕاستی له‌ ئیبراهیم و ئه‌وانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵیدا بوون نموونه‌یه‌کی چاکتان خراوه‌ته‌ به‌رچاو، کاتێك که‌ به‌ قه‌ومه‌که‌ی خۆیانیان وت: دوای ساڵه‌ها بانگه‌واز، ئێمه‌ به‌رین له‌ ئێوه‌ و له‌و شتانه‌ش که‌ له‌جیاتی خوا ده‌یپه‌رستن، ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌و د‌ین و ئایینه‌ی ئێوه‌ نییه‌، ئیتر دوژمنایه‌تی و ڕقه‌به‌رایه‌تی له‌نێوانماندا به‌رپابووه‌ تا ئه‌و کاته‌ی که‌ باوه‌ڕ به‌ خوای تاك و ته‌نها ده‌هێنن،) (الممتحنة: ٤). بەرامبەر بەو خراپە و ناڕەحەتییە گریمانکراوانەش کە دەکرێت لە ئەنجامى ئەم هەڵوێستە بەرامبەریان بکرێت, ڕوویان لە خواى (أرحم الراحمین) کرد و بەم جۆرە گوزارشتیان لە متمانەى خۆیان بەرامبەر بە خوا کرد (په‌روه‌ردگارا، هه‌ر پشتمان به‌ تۆ به‌ستووه‌ و هه‌ر بۆ لای تۆش گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌‌نجامیش هه‌ر بۆ لای تۆیه‌ )(الممتحنة: ٤,٥). بەم جۆرە ناخى خۆى هەڵڕشت و, هەستى بڕوا و متمانەى خۆى عەرزکرد و پەناى بۆ ئەمان و پارێزگاریى ئەو برد. ئەمەش بریتییە لە خۆموحاسەبەکردنى ئەوانەى کە لە دڵەوە باوەڕیان هێناوە و, چۆنێتیی ڕوانینیان لە خودى خۆیان و پەیوەندیى قووڵیان لەگەڵ خوادا!
بێگومان یەکێکى دیکە لە نموونە باڵاکانى ئەم بابەتە حەزرەتى یەعقوبە. قورئان شوێنێکى فراوان بۆ باسکردنى تەرخاندەکات. لە ڕوانگەى عەشقى قووڵى بۆ بەرپرسیارێتییەکەى و, نواندنى ئەوپەڕى هەستیارى لە بابەتى پێدانى مافى تەواوەتى بە پێگەکەى و, ئاوێتەبوونى لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکەیدا, لە کاتێکدا کە وەکو داخوازییەکى فەرمانبەرییەکەى سەرقاڵى ڕووبەڕووبوونەوە بوو لەگەڵ یاخییەکانى چواردەوریدا, هاوڕێ لەگەڵ هەوڵى شکاندنى پزیسکەکانى کوفر و ئیلحاد کە هەموو لایەکیان تەنیبوو هەڵدەستا و دادەنیشت و, هەوڵى دەدا دیسیپلینى پەیوەندى لەگەڵ خوادا کە لە باپیرانیەوە بە میرات بۆى مابووەوە بە هەموو کەسێکى دوور و نزیکى بگەیەنێت. کاتێک ئەم لێپرسراوێتییە سەختانەى لە دووتوێى هەستیاریى پێغەمبەرانەدا ڕادەپەڕاند, بەهۆى منداڵەکانییەوە دووچارى تاقیکردنەوەیەکى جیاوازیش دەبێتەوە. بەخیلیبردنى براکان بە حەزرەتى یوسف, ئەو ڕۆحە ناسک و هەستیارە دەڕەنجێنێت. جگە لە شەفەقەتى باوکایەتى, بەهۆى هەستیاریى پێغەمبەرانە و پەیوەندی لەگەڵ جیهانى غەیبدا, حەزرەتى یوسف وەکو کەسێک دەبینێت کە دەتوانێت ئەمانەتەکەى حەزرەتى ئیبراهیم و ئیسحاق هەڵبگرێت؛ هەربۆیە گرنگیى زیاترى پێدەدات. بەڵام لەبەرئەوەى منداڵەکانى دى ئاگادارى ئەم هەستە ناوەکییانەى ئەو نەبوون _ پێدەچێت لەو کاتەدا هێشتا کامڵ نەبووبن _ ئەمەیان پێ قەبووڵناکرێت و, هەمیشە لە خەون و خەیاڵى لەناوبردنیدا خۆیان دەتوێننەوە.
لە کۆتاییدا ڕۆژێک بڕیارى جێبەبەجێکردن دەدەن بۆ ئەو شتانەى تا ئەو ڕۆژە بیریان لێکردبووەوە, یوسف لە باوکى جیادەکەنەوە و ئەو شتە دەکەن کە پلانیان بۆ داڕشتووە. ئەو ڕووداوە شوومە وەک کابوس یەخەى ئەو حەزرەتى یەعقوبە دەگرێت کە پێشتر بە ئاسۆى پێغەمبەرانە و ڕۆحى کە کراوە بوو بەڕووى (تأویل الاحادیث)دا هەستى پێکردبوو و ترسى لێنیشتبوو. وەکو هەورەبروسکە ئەو ئینسانە بێتاوانە دەپێکن. بزربوونى حەزرەتى یوسف و, ئەنجامدانى تاوانەکانى کوشتن و درۆ لەلایەن منداڵەکانى تریەوە خوێن لە جەرگى دێنن؛ لە سایەى هەستە فراوانەکانیشیدا باوەڕ بە هیچ یەکێک لەو شتانە ناکات کە وەک بەهانە یان دڵنەوایى پێى دەوترێت. تووشى نائومێدى نەبووە و هەستى هیواى زیندووە, بەڵام ڕووداوەکە بە جۆرێکە کە خەیاڵشکانێکى سەخت بەرهەمدەهێنێت.
لەو دەمەدا کە هەموو هۆکارەکان سڕراونەتەوە و نائومێدییە یەک لەناو یەکەکان ڕۆحیان تەنیوە, نهێنیى ئەحەدییەت لە دووتوێى نوورى تەوحیددا تەجەللیکرد؛ ئەویش بە شێوەیەکى نائاسایى ڕووى لە دەرگانەى خوا کرد. خۆى لە خۆیدا بەردەوام ڕوو و چاو و گوێ و دڵى هەر لەو بەردەرگایەدا بوو. هاوڕێ لەگەڵ قووڵیى (فناء في اللە)دا ناخى خۆى بۆ ئەو هەڵڕشت و ناڵاندى و فەرمووى (به‌ڕاستی من باسی سکاڵا و غه‌م و په‌ژاره‌م هه‌ر بۆ لای خوا ده‌به‌م، ئه‌وه‌ی من ده‌یزانم لەلایه‌ن خواوه‌ (له‌ نه‌خشه‌ و حیکمه‌ته‌کانی، له‌ پێشهات و ڕووداوه‌کاندا) ئێوه‌ نایزانن ) (یوسف: 86). لە ناوەندى حاڵەتێکى جددیى ڕۆحى تەوەککول و تەسلیمییەتدا بە ( فَصَبْرٌ جَمِيلٌ) هەناسەیەکى هەڵمژى و, بە حەواڵەکردن شتان بۆ لاى خوا دەستى کرد بە چاوەڕێکردنى سوبحى ڕەحمەت.
موحسابەى ناوەکیى ئەو لەم ئاستە بەرزەدا لە لایەک و ڕاستڕەوى و فەتانەتى حەزرەتى یوسفیش لە لایەکى دیکەوە بوون بە بانگهێشتنامەى عینایەتى خوایى: لەدواى ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکانى وەک ڕزگاربوون لە بنکى بیرەکە, سەرکەوتنى ڕووسوورانە بەسەر فیتنەى دەستەى ژناندا, گۆڕینى بەندیخانە بە قوتابخانە, گەیاندنى ناوى خوا ئیلهامى ڕۆحى خۆى بە چەندین کەسى لەڕێدەرچوو, بەدەستهێنانى پلەى وەزیرى بە توانا و بەهرەى (تأویل الاحادیث), نواندنى چاکەى چەندقات بەرامبەر بەو برایانەى کە خراپەیان لەگەڵ کردبوو… لەدواى هەموو ئەمانە, سەرگوزەشتەکەى کە بە خەونێک دەستى پێکردبوو, بە بەیەکگەیشتنەوەیەکى شادیبەخش کۆتاییهات. وەکو “ئیمامى ئاڵوار” دەفەرمووێت:
بولبولى باغى شارى جانان بەدەرکەوت
چاخى لالەى هەرێمى دۆست بەدەرکەوت
پێى گەیشت بۆنى یوسفەکەى بە یەعقوب
چاخى ئاوى ژیان بۆ هەمووان بەدەرکەوت
بەم جۆرە ڕۆژانى ناخۆش و سەخت بەسەرچوون؛ وە ئەو هیچ گومانێکى لە تەواوبوونیان نەبوو. چونکە ئەو هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ دونیاى ناوەوەى خۆى ڕووبەڕوو بووەوە و, ناخى خۆى بۆ خوا هەڵڕشت و ناڵاندى. هەنووکە کاتى چنینى میوەى ئازار و ناڕەحەتییەکان بوو. بەگوێرەى دەستوورى “دەستى ماندوو لەسەر سکى تێرە”ش, بەرامبەر بە مەینەتییە یەک لەدواى یەکەکان دانى بە خۆیدا گرت. وە ئیدى لە ئەنجامى ئەو هەستى شوکرانەیەى کە لە ئەنجامى هاتنەدیی بەختەوەریى دونیایى و قیامەتییەوە دروستدەبێت, لەگەڵ شوکردا هەڵدەستا و دادەنیشت.
خواى گەورەى دادپەروەرى ڕەها ستەملێکراو و مافخوراوانى ئەم چەرخەش بەهۆى پلیکانەى ئارامگیریى چالاکەوە بەم ئاسۆیە بگەیەنێت. ئامین!

[i] . سورەتی یوسف ، ئایەتی 18.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *