ئاسۆی بەرفراوانی ئیسلام

 

https://youtu.be/vXJDm2hDmJ4

 

ئیسلام، مرۆڤ و گەردوون و جیهانەکانى غەیب لە ڕوانگەى قوڵایی ڕەهەندە ئیلاهى و نەبەوییەکانەوە دەخاتە بەر دیدە و، بەم جۆرە لێیان دەڕوانێت:

مرۆڤ لە ڕوانگەی تەواوی لایەنە ئاژەڵی-جسمانیەکانی، قوڵایەتیەکانی تایبەت بە ئەقڵ-ڕۆح-دڵ، لایەنە بەرفراوانەکانی ئیرادە-هزر-چەش-ئیحساس، هەروەها لە ڕوانگەی پێداویستی و چاوەڕەوانییە دونیایی- ئاخیرەتیەکانیەوە هەڵدەسەنگێنێت؛ گەردونیش لە ڕوانگەی تەواوی لایەنە بینراو-نەبینراوەکانی، دانیشتووانە ڕۆحانی-جسمانیەکانی، سروشت و ئەو ڕەهەندانەی بەسەر ئەودیوی سروشتدا دەڕوانن و تەواوی قوڵایەتیە جیاوازەکانی فیزیک-مێتافیزیک دەخاتە بەر دیدە؛ هەروەها گوزارشت لە پەیوەندی جیهانی ئەولا لەگەڵ ئەم دونیا، تایبەتمەندیەکانی ئەم دونیایە، شتانی دەراسای ئەو دونیا دەکات و، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئیمان، بزاوتن ، کار و چالاکیەکانی ئەم دونیا لەو دونیا شکۆفە دەکەن و دەگۆڕێن و دەبنە چەشێکی تر کە هەزاران چەشی دونیایی لە خۆیان دەگرن و بەرەو خانەیەکی چەش”دار الذوق” وەردەچەرخێن و، ئەوەش پشان دەدات کەوا هەموو شتێک بە گوێرەی پلانێکى  مەزن (ماکرۆ) و لە چوارچێوەی قەدەرێکی دیاریکراودا، بەڕێوە دەچێت.

لەم پلانەدا کەوا لەلایەن ئیسلامەوە خراوەتە ڕوو، لە بچوکترین گەردیلەوە هەتا دەگاتە خوار گەردیلەکانیش-دەتوانن بە ئەتۆم و پارتیکول ناوی ببەن- هەتا دەگاتە زەبەلاحترین سیستەمەکان، هەموویان بە نێو یەکدا چوون، لە پشتی ئەوانیشەوە ئەوەی دەبینرێت-نابینرێت، دەزانرێت-نازانرێت، درکی پێدەبردرێت-پێینابردرێت، هەموو شتێک بە شێوەیەکی دەراسا لە نێو یەکێتی و پاڵپشتی و پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەوی تردا، دواتر هەموویان دەڕۆن و  پێکەوە پاڵ بە ئافرێنەرێکی مەزنەوە دەدەنەوە. دیسان لەم پلانەدا دونیا و ئاخیرەت هەردەم لە نێو یەکتریدان و، تەواوی بوون وەک تەواوکەری یەکتری پیشان دەدرێت. ئیدی مرۆڤ لەگەڵ فریشتەکاندا-ئەگەرچی لە دوو ڕێچکەی جیاوازیشدان- دەتوانن لە هەمان خاڵدا هاوبەش بکەن و،هاوشانى یەک هەست بە قورسیى دونیەوییەت و سووکیى ئوخرەوییەت دەکەن.

لەم ڕوانگەیەوە کەسی ئیماندار وەک ئەوەی بوونەوەرێکی زەمینییە لە هەمان کاتدا بوونەوەرێکی ئاسمانییە، لەگەڵ ئەوەی لایەنێکی لاشەیی هەیە لە هەمان کاتدا ڕۆحانیشە. ئەگەرچی هەرکەسە و ئاستێکی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئەمەی سەرەوە بە نیسبەت هەموو کەسێکەوە جێگەی باسە. هەندێک کەس سوود لە ڕۆحی ئیسلام دەبینن و هەردەم بە جوانی خۆیان گۆش دەکەن؛ لە دوای ئەمەش وەهایان لێدێت کەوا شان لە شانی فریشتەکان بدەن. هەندێکیش- بە هۆی ئەو شلگیریەی لە بابەتی پەیوەندیی لەگەڵ کەموکورتییدا هەیانە- (بەهۆى کەموکورتى و لاوازیى پەیوەندییەکانیان) (لێرەدا ئەم دوو هۆکارە پێکەوە ئەنجامێکى دروستدەکەن) ناتوانن بگەنە ئەم ئاستە و، دەکەونە ناو تەقلیدەوە و لە ژێر سایەی کەسانی تردا دینداری خۆیان ئەنجام دەدەن. هەندێکیش بە تەواوی دەچنە ژێر کاریگەری لایەنی جسمانیەتی خۆیانەوە و، هەرگیز بە تەواوی هەست بەو شتانە ناکەن کەوا ئیسلام لە بابەتی دڵ و ڕۆحدا بەڵێنیان پێدەدات. لەگەڵ ئەوەی هەستیشی پێناکەن، بەڵام ئەمانیش گەر کەمێک پەیوەندییان لەگەڵ چواردەوریاندا هەبێت، بە هۆی ئیحساساتە ویژدانیەکانیانەوە-ئەگەرچی ڕوونیش نەبێت-زۆر شت دەبیستن و ئاماژەی زۆر جددییان دەستگیر دەبێت؛ ئیدی درک بە زۆر ڕازی ناو کارە نهێنیەکانی پەروەردگار دەبەن و، بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆیان لە نێو هەندێک تێبینی تایبەت بە عبودیەتدا دەبیننەوە.

ئیسلام، زۆر پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کەوا جەنابی حەق پەروەردگاری جیهانیانە(رب العالمین)، ئولوهیەتی ئەو دەخاتە بەر دیدە و (بەردەوام)  بانگهێشتی ئەوەمان دەکات کەوا بەندایەتی بۆ ئەو ئەنجام بدەین. لەم سیستەمە ئیلاهیەدا، لە ڕوانگەی ڕوونکردنەوەکانی قورئان و زمانی سونەتەوە، هێندە جەختکردنەوە لەسەر حەقیقەتەکانی (ئولوهیەت و ڕبوبیەت) و پاشان ڕاستی عبودیەتی وابەستە بەم دوو چەمکە هەیە، مرۆڤ لە نێو ئەم کەشوهەوایەدا، لە پاڵ ئەو پڕۆگرامە بەرین و بەرفراوانەی گەردووندا کە هەیە، دەتوانێت زۆر ڕوون و ئاشکرا نەخشەى بزاوتنى خۆی ببینێتەوە. لەم سیستەمە قورئانیەدا کەوا لەلایەن پێغەمبەرەوە نوێنەرایەتی کراوە، هەموو شتێک بە شێوەیەکی وەها لە چوارچێوەی ئەوەی پابەندی(تلازم) یەکترن بە هەند وەرگیردراون، ئیدی لە گەردونەوە بیگرە هەتا دەگاتە تایبەتمەندیەکانی، لە یاسا و ڕێساکانی بوونەوە هەتا دەگەیتە ڕاڤەیەکی دروستی ئەم بابەتانە، یان لە ڕوانگەی شوێن و پێگەی مرۆڤ لە نێو بووندا و ئەو جیهانەی مرۆڤی بۆ ناوزەند کراوە، هەتا دەگەیتە ئەو نیعمەت و نەگبەتییانەی کەوا چاوەڕێی مرۆڤ دەکەن، بە شێوەیەکی دەراسای وەها لە نێو یەکانگیریدان، هەموو شتێک لە ڕوانگەی هەماهەنگی و هاوسەنگییە وەها لە مرۆڤ دەکەن بڵێت” بە ڕاستی لەمە کامڵتر نابێت!”.

ئەگەر بۆ ساتێکیش ئەوە قبوڵ بکەین کەوا ئەم ئاهەنگ و یەکانگیریە، ئەم یاسا و ڕێسایانە-گەر هەندێکیشی بێت- لە ڕوانگەی ئەوەی بە حیکمەتی ئەقڵ و زانستەوە بیانبەستینەوە و، لێوەشاوەیەتی ئاوارتەی(مستثنی) هەندێک لە مرۆڤەکانیش بە گریمانە وەربگرین کەوا دەشێت بیدۆزنەوە و دیاری بکەن، بەڵام هیچ کەس توانای ئەوە نیە کەوا پەیوەندی ئەمە لەگەڵ تەواوی پارچەکان و، هەماهەنگی نێوان تەواوی پارچە بچوکەکان دیاری بکات و لە شوێنی خۆیاندا دایانبنێت؛ کارێکی لەم شێوەیە مومکین نیە، چونکە لە پلانی پشتەوەی ئەم سیستەمەدا، بوونی زانستێکی بێ کۆتا و دەسەڵاتێکی ڕەها و ئیرادەیەکی گەمارۆدەر، جێگەی باسە. یەکێک  کەسێک یان هەزاران کەس کەوا دارای ئەم سیفەتانە نەبن، نەک تەواوی سیستەمێک، بەڵکو مومکین نیە پلانی پارچەیەکی ئەو سیستەمە دابڕێژێت و جێبەجێی بکات. لە ڕاستیدا کەسانێکیش کەوا زانست-دەسەڵاتی بێکۆتا و ئیرادە-مەشیئەتی گەمارۆدەری ئەو قبوڵ ناکەن، لە بەرامبەر ڕێکوپێکی و هەماهەنگی یاسا و ڕێساکانی بوون(اوامر تکوینیة) وەک جادوولێکراویان لێدێت و توشی سەرسوڕمان دەبن؛ بەڵام لە جیاتی ئەوەی سەیری پلانی پشتەوەی کارەکان بکەن، بوون یاخود شتەکان-حاشا- دەکەنە خودا و لەسەر عەرشی ئولوهیەت جێگیریان دەکەن، یاخود کار و ڕازەکانی تایبەت بە بازنەی ڕبوبیەت دەخەنە پاڵ هەندێك چەمکی وەهمی چیەتی نەزانراوی وەک “ئەقڵی گشتی” و “ڕۆحی گشتی” کە وەک سەرچاوەیەکی دەراسای هێز، دەیانبینن.

لەم سۆنگەیەوە، پاراستنی هاوسەنگی و هەڵسەنگاندنی هەموو شتێک بە گوێرەی ماهییەتى تایبەتى خۆى تەنیا لە ڕێگەی ئەو سیستەمە ئیلاهییەوە هێنراوەتە دی. ئەم سیستەمە لە سایەی ئەو سەرچاوە پتەو و تەندروستانەی تایبەت بە خۆیەتی، بێ ئەوەی بهێڵێت هیچ حەقیقەتێک زەبری پێبگات، بێ ئەوەی هیچ شتێک بە پێچەوانەی ماهییەتى تایبەتى خۆى پشان بدات، بە شێوەیەکی وەها کامڵ و ڕێک پێناسە و ڕاڤەی هەموو شتێک دەکات، ویژدان وەهای لێدێت لەبەر خۆیەوە بڵێت” تەواوی یاسا و ڕێساکانی بوون لە کارگەی کێوە دەرچووبێت، مرۆڤیش شاکاری دەستی کام دانایی بێت، دەبێت ئەم سیستەمەش تەنیا شاکاری دەستی ئەو بێت!”.

ئەو بیر و بۆچوونە سنووردار و خاوەن پێشداوەرییانەى کەوا لە ئاسۆی ئیسلامەوە سەیری مرۆڤ و گەردون و شتەکان ناکەن، ئەو ئیدراکە بەرتەسکانەی کەوا تەنیا ماددە قبوڵ دەکەن، لەبەر ئەوەی هیچ کاتێک لە نێو موڵکدا مەلەکوت و، لە نێو ماددەدا قوڵاییەکانی واتا، لە بوون و ڕووداوەکاندا پلانی پشتەوەی نابینن، بۆچوون و موتاڵاکانیان، ئەو بیردۆزانەى کە لەم شتانەوە سەرچاوە دەگرن، ئەو سیستەمە جۆراوجۆرانەش کە بە بەرهەمى ئەم بیردۆزانە دادەنرێن ناتوانن ئەقڵ، لۆجیک، ڕۆح و دڵ لە بۆشاییەکان ڕزگار بکەن؛ وەک ئەوەی ڕزگاریان ناکەن، لە هەمان کاتدا هەموو کات گیرۆدەی دەستی ئەو بۆشاییە دەبن کە نەهێڵن هەست بە بۆشاییەکان نەکەن (بکەن).

سیستەمی ئیسلام کەوا لەسەر ئاستێکی باڵا درەوشانەوەی دەرکەوتی سیفاتگەلێکی بێ خەوشی وەک زانست، ئیرادە و کەلامی الله یە، مومکین نیە لەلایەن بیرکردنەوە و ئیدراکی سنورداری مرۆڤەوە بهێنرێتە کایەوە. پەیامێکى ئیلاهیى لەم شێوەیە کە بەرهەمى زانستى گشتگیرى خوا، تەواوى و کامڵیى گوفتارى پەروەردگار و نیشانەى ئاسۆى ڕەزامەندیى ئیرادەى جەنابى حەقە؛ نەک هێنانی پەیامێک لە ئاستی ئەودا، بەڵکو هێنانی پەیامێکی هاوشێوەش مومکین نیە.. ڕووداوێکی لەم شێوەیەش زانست، دەسەڵات، ئیرادە و بلیمەتی مرۆڤ تێدەپەڕێنێت. لە ڕاستیشدا هەموو کەسێک کەوا بە شێوەیەک لە شێوەکان توانای ئەوەی هەیە گوزارشت لە مەبەستەکانی خۆی بکات، بە دیقەتێکی کەمیشەوە دەتوانێت لەوە تێبگات کە ئەم پەیامەی لەسەرو ئاسمانەکانەوە هاتووە و، گەمارۆی هەموو شتەکانی داوە و وەک ڕەنگ و نەخش و شێوەی ڕاستەقینەی ژیانی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت، ناتوانرێت هاوشێوەی پەیدا بکرێت؛ بەڵام وەرە و ببینە (بەداخەوە) زۆرێک لە مرۆڤەکان نایانەوێت ئەم حەقیقەتە ڕوون و ئاشکرایەش ببینن.

هەربۆیە لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ سەیری تەواوی مێشکە ناوازەکان بکەن.. سەیری ئەو شاکارانە بکەن کەوا بانگەشەی بۆ دەکەن..سەیری ئەو نەوەیەش بکەن کە پێیان گەیاندوون!.. ئاخۆی وێڕای ئەو هەموو هەوڵ و تێکۆشانە، سیستەمێکی گشتگیری وەک ئیسلامیان خستۆتە ڕوو کە وەک کێڵگەی (نەمامگە) ملیۆنان ئەولیا، ئەسفیا، ئەبرار و موقەڕەبینە؟! نەخێر هەرگیزا و هەرگیز.. نەک ئەوەی سیستەمێک لەسەر ئەم ئاستە بخەنە ڕوو، تەنانەت ناتوانرێت ئەوەش بگوترێت کەوا شتێکی نیوەناچڵیان لەسەر ئاستی هەندێک بەشی ئەو سیستەمە خستووەتە ڕوو.

سیستەمی ئیسلام، لە پەیدابوونی مرۆڤەوە بیگرە هەتا پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ گەردووندا، لە ئاسوودەیى و دڵنیایى دونیاییەوە بیگرە هەتا دەگاتە بەڵێنەکانی جیهانێکی ئەبەدی کەوا تەواوی ئاواتەکانی مرۆڤی تێدا فەراهەم دەبێت، لە هاوسەنگی ڕۆح و لاشەوە هەتا دەگاتە گوزارشتى ڕوون لە ئامانجى ئەم دوانە؛ لە دابینکردنی پێداویستی ماددی-مەعنەوی هەموو کەسێکەوە، هەتا بەڵێنی هاتنی ئەو وەرزەی هەموو ئارەزووەکانی تێدا جێبەجێ دەکرێت ــ چونکە ئەو لوتفانەى تا ئێستا بەخشراون باشترین بەڵگەن لەسەر هاتنەدیى لوتفە بەڵێندراوەکانى داهاتووــ لە هەموو بابەتێکدا بێ هیچ گومانێک قسەی خۆی دەکات و، هیچ پرسیارێک لەو بابەتەدا بێ وەڵام ناهێڵێتەوە.

ئەم سیستەمەش پێش هەموو شتێک، پشتی بە سیستەمی باوەڕێکی بەهێز بەستووە. ئەم سیستەمە ئیلاهییە کەوا لە هیچ ڕوویەکەوە جێگەی ڕەخنەی نەهێشتووەتەوە؛ لەلایەک بەهۆى قووڵیى ئەو دین و دیندارییەى کە لە ڕۆحیەوە هەڵدەقوڵێت، لەلایەک بەهۆى موتاڵاکردنى ڕاست و دروستى یاسا و ڕێسا گەردوونییەکان و پاشان ڕاڤەکردنى شتە موتاڵاکراوەکان بەگوێرەى ئاسۆى زانست و مەعریفەتى سەردەم، بەردەوام خۆى نوێدەکاتەوە)؛ لە پاڵ ئەوەدا کە بە توندی پارێزگاری لەو بابەتانە دەکات کە پەیوەندییان بە جەوهەری ئەو بناغانەوە هەیە کە دایناوە، لەو بەریانانەشدا کەوا بە ڕووی ئیجتیهاد و هەڵگۆزیندا کراوەن، ئیعتیبار بۆ ڕاڤەی سەردەمەکەشی دادەنێت؛ لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە مرۆڤ و گەردون و ژیانی ئەولاشەوە بەردەوام تۆڕی بیرکردنەوە دروست دەکات و، بە دابارە جیاوازەکانی قەلب و دڵی شوێنکەوتووانی گۆش دەکات و، شتێک بە قوڵاییەکانی ئەو مرۆڤانەدا دەچرپێنێت کەوا چاوێکیان لەسەر دونیایە و چاوەکەی تریشیان لەسەر ئاخیرەتە.

بەڵێ، ئیسلام گۆشەنیگایەکی وەها دەست مرۆڤ دەخات، لە بەرامبەر کەسانێکدا کەوا بەیانی-ئێوارە خەریکی تاوتوێکردنی شت و ڕووداوەکانن و هیچیشی لێتێناگەن، هێندەی  ئەوەی فەرهەنگێک پڕ بکات زانیاری چنگ دەکەوێت.. ئیدی وەهای لیدێت لە هەموو شتێکی گیاندار-بێگیان ئاماژە و ئیشارەتێک بۆ ئافرێنەری مەزن ببینێت. ئیدی بە گوێرەی ئاستی خۆی، بەو داباری ئیحسانانەی بەسەریدا دەبارێت لە هۆش خۆی دەچێت. ئیدی وەک ئەوەی لێدێت هەموو ڕۆژێک لە داڵانێکی جیاوازی بەهەشتدا خۆی ببینێتەوە.

مرۆڤ لە سایەی ئەو نور و ڕۆشنایەی کەوا لە سایەی ئیسلامەوە بڵاو بووەتەوە توانیوێتی خۆی بخوێنێتەوە (لە سایەى ئەو ڕووناکى و نوورەدا کە ئیسلام بڵاوى کردووەتەوە، ئادەمیزاد توانیویەتى خۆى بە ڕاست و دروستى بخوێنێتەوە)؛ توانیوێتی لەوەش تێبگات کە خودی خۆی شاکارێکی ئیلاهیە و، ئەوەی بەدی کردووە کەوا هەرشتێک لە گەردووندا هەبێت پوختەیەکی لە خۆیشیدا بوونی هەیە و، بەسەر زۆر قوڵایی بەرفراواندا کراوەتەوە کەوا زۆرینەی مرۆڤەکان چاویان پێینەکەتووە.

بەڵێ، هەموو کەسێکی ئیماندار لە کەشوهەوای ئەودا بە شێوەیەکی جیاواز سەیری شت و ڕووداوەکان دەکات، بە شێوەیەکی جیاوازیش هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات و بە ئەنجامگیری جیاواز دەگات؛ ئیدی بوون، پێگەی خۆی لە نێو بووندا، بەرپرسیارێتیەکانی بە گوێرەی ئەم پێگەیەی، دەستپێک-پاشەڕۆژ و سەرئەنجامی خۆی بە گوێرەی ڕەفتارەکانی بە شێوەیەکی ڕوونتر دەبینێت؛ ئیدی بە هۆی ئەم تێبینیانەوە، پەیتا پەیتا دەنگی زوڵاڵی شوکرانەبژێری لێوە بەرز دەبێتەوە، پەیتا پەیتاش بە موحیبەتەوە جۆش و خرۆش دەیگرێت، بەڵام هەردەم خۆی بە شێوەیەکی ڕەها لە نێو هەستەکانی ترس و خۆشەویستیدا دەبەستێتەوە و هەناسەکانی بۆنی ڕێز دەگرن.

 

ئەگەرچی ئەوەی لە سەرەتاوە هەتا ئێرە ئاماژەم پێداوە هەمووی لە قورئان و سونەتدا پاڵپشتی لێ کراوە بەڵام، ئەوەش ڕوونە کەوا ناکرێت لە چوارچێوەی وتارێکی بەرتەسکی لەم شێوەیەدا گوزارشت لە تەواوی ئایەت و حەدیسەکانی ئەم بابەتە بکرێت. هەربۆیە دەمەوێت ئەو لایەنەی بابەتەکە حەواڵەی لای کەسانی شارەزای ئەم بابەتە بکەم و لێرەدا خاڵی کۆتایی دابنێم.

 

 

 

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *