ئاسۆی پێغەمبەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی خوددا (٤)

کەمێک باسی حەزرەتی یوسفمان کرد لە ژێر سێبەری باوکیدا. لە ڕوانگەی سەرگوزەشتە تایبەتەکەی ئەوەوە: لە بابەتی پشتبەستن و خۆڕادەستکردن بە جەنابی حەق، خۆڕاگری و نەهەژانی لە بەرامبەر ئەو شتانەی بەسەری دێن، خستنەگەڕی نەفسانیەتی لە بەرامبەر حاڵەکان و هەڵوێستی ڕێكوپێک و بێ گوناحانەی، ڕاستگۆیی لە وابەستەیی بە جەنابی حەق و گۆڕینی زیندان بە حوجرەیەکی ڕۆحانی، ئەو نمونەی مرۆڤی کامڵ و کەسایەتیەکی ناوازەی ئاراوتەیە. ئەو لە هەموو قۆناغێکی ژیانیدا توشی چاڵێکی دۆزەخی جیاواز بووە، ئەویش بەو حاڵەی لەخەمڕەخسیوەی خۆیەوە، ئەوەی زانیوە هەریەک لەو ڕووداوانە بۆ قازانجێک بگۆڕێت، وەک مەقەسێکی چاودێری-ئیلاهی و بیلبیلەی فریشتە باڵاکان، تەواوی شتە نەرێنیەکانی بۆ ئامرازێکی چاکە وەرچەرخاندووە، لەم بابەتانەدا پەیکەرەی مرۆڤێکی نمونەیی بوو.

بیرە ئاوەکە، بە نیسبەت ئەوەوە وەک دووربینخانەیەکی لێهات کە تێیدا ڕازی تاکێتی خودا لە نوری یەکتاپەرستیدا دەربکەوێت؛ فرۆشرانی وەک کۆیلەش- گیانمان بە قوربانی کۆیلەیەکی لەو شێوەیە بێت- لەمەشەوە هەڵسەنگاندنی بۆ هۆکارەکان کرد هەتا هەلی خوێندنەوەی شێوازی ژیانی کەسانی لوتکەی بۆ فەراهەم ببێت؛ چوونە ناو زیندانیشی، بووە هۆکاری ئەوەی بێگەردی و قوڵێتی ئەو ببینرێت و بزانرێت، ئەو شتانەی کەوا بە نیسبەت ئەوەوە وەک شەڕ دەبینران، بە نیسبەت ئەرکی پاشەڕۆژیەوە وەک پلیکانەیەکیان لێهات.

ئەو لە تافی منداڵی و لاوێتیدا هەردەم لە ژێر چاودێری حەقدا ژیانی بەسەر برد، قۆناغەکانی دواتریش، پەنای بردە مۆڵگەی پارێزراوی ئیمان و، بەرەو پێگەی باڵای ئەوە بەرز بووەیەوە کەوا ببیتە بیلبیلەی ئەهلی زەوی-ئاسمان. کاتێک کەسانێکیش سەرکەوتوو نەبوون لەوەی دەستەمۆی ئارەزوەکانی خۆیانی بکەن، لە بەرامبەر هەڕەشەی زیندانی کردنیدا وتی” ئەی پەروەردگارم! زیندان زۆر باشترە لەو شتەی کەوا ئەم ژنانە منی بۆ بانگهێشت دەکەن، گەر تۆ من لە فێڵ و تەڵەکەی ئەوان دوور نەخەیتەوە، تەنانەت گەر بە مەیلێکی کەمیش بێت مەیلی خواستەکانی ئەوان دەکەم و بەم هۆیەوە دەچمە ڕیزی کەسە نەزانەکانەوە”. (یوسف، ٣٣)

بەم قسانەوە ناڵاندی و، وتی “زیندان”، بەوپەڕی دڵی ڕەزامەندەوە ملی ڕێگەی زیندانی گرت. گەنج بوو، قۆز بوو، غەریزەی مرۆیی تەواو بوو، بەڵام هەستی تەواو بە داوێنپاکی، شعوری ئیحسانی کامڵ، ئارەزوو و هەستی بینینی ڕەزامەندی و رضوانی ئەو، هێندەی ئەوەی خۆی لە بیر بچێتەوە، قوڵ بوو.

ڕۆژێکیش هات، لە بەرامبەر خەوێکی پاشا کەوا خەڵک بە “خەوی بێسەروبەرە” ناویان دەبرد، کەوا ئەو لە ڕێگەی ئیلهامی “ڕاڤەکردنی ڕووداوەکان” لێکدانەوەی بۆ کرد، بە شێوەیەکی شاقوڵی لەبەر چاوی پاشا بەرز بوویەوە. ئیدی خانمان هاتن و دانیان بە تاوانەکانی خۆیاندا نا، ئەو لە بەرامبەر ئەم بە پاک دەرچوونەشیدا شێوازی خۆی نەگۆڕی،  خاکیبوون و خۆ بە هیچ زانینێکی زۆر جددی خستە ڕوو، وتی” لە ڕاستیدا من نامەوێت پاکانە بۆ نەفسی خۆم بکەم، چونکە نەفس- جگە لەوانەی الله خستوونیەتە ژێر بەزەیی و پارێزگاری خۆیەوە- هەموو کاتێک فەرمانکەر بە خراپەیە. لە بەرامبەر ئەمەشدا پەروەردگاری من بە ڕاستی لێبوردە و میهرەبانە”. بە شێوازێکی تایبەتمەند بە پێغەمبەران و شایستە لەگەڵ عالی جەنابی خۆی، بەردەوام بوو لە ڕۆشتنی ئەو ڕێگایەی بەرەو پاشەڕۆژێکی کامەران دەڕوات.

هەروەها ئەو ڕەفتارەی براکانی بەرامبەر ئەم تیمسالی داوێنپاکی و بێگوناحی و فەتانەتە ئەنجامیاندا، بابەتێکە کەوا پێویستە لەسەری بوەستین. ئەو تایبەتمەندیەی کەوا پێویستە لەم بابەتەدا ئاماژەی بۆ بکرێت، ئەم بەسەرهاتە کەوا لە چواردەوری خەوێک دەسوڕایەوە، هەریەک لە باوک، دایک و منداڵەکانی بە شکۆفایی و نەشوەی شەبی عەروسەوە، سەرئەنجامی کۆتایی ئەو خەوەیان بە چاوی خۆیان بینی. لە کاتێکدا هەموو کەسێک مەست و مەخموری ئەم شادیە قوڵە بوو، پێغەمبەر یوسفیش چەشنی ئەو ڕەفتارەی تەواوی مرۆڤە کامڵەکان ئەنجامیانداوە، بە تێبینیەکی جیاوازەوە ڕووی لە میحرابی ئەبەدی کرد و، بەم شێوەیە شتەکانی ناو ناخی هێنایە سەر زاری” پەروەردگارم، تۆ فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتت بە من بەخشی، فێری لێکدانەوەی ڕووداوەکانت(تأویل الاحادیث) کردم، ئەی ئەو پەروەردگارەی کەوا زەوی و ئاسمانەکانت بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئەفراندووە، لە دونیا و ئاخیرەتدا هەر تۆ یاریدەدەر و سەرپەرشتیاری من، وەک ئیماندارێک کەوا بە تەواوی خۆی ڕادەستی تۆ کردووە گیانم بکێشە و لە ڕیز بەندە چاکەکانی خۆتم بگێڕە”.

بەم نیازەوە هەناسەی هەڵکێشا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دونیا بە نیسبەت کەسانی دونیاپەرستەوە ئەو شوێنەیە کەوا فریوی تێدا دەخۆن.

پێموایە، یەکێک لەو تێبینیە شادەماریانەی لەودا بوونی هەبوو، ئەم جۆرە تێبینیانەی بوو. دوای ئەوەی ئەرک و ئامانجەکەی خۆی بەجێگەیاند، بە لەپی دەستی “دونیا و ئەوەشی تێیدایە” توڕی دا و چەشنی فزوڵی وتی:

گەر گیانم گیانان بیەوێت منەتی بۆ چیە

گیان چیە گەر فیدای گیانانی نەکەم

یاخود کە دەڵێت:

گیانمن گیانان ویستوویەتی، پێنەدانی نیە ئەی دڵ

ئیدی چی نزایەک بکەین، کە نەهی تۆیە نە هی من!

بەم ڕادەیە ڕوو لە گیانی گیانەکان بکەیت. هەربۆیە وەک مرۆڤێکی دڵ و ڕۆح کەوا هەردەم ڕووی لە میحرابی ئەبەدی بێت ژیاوە و، هەر ئەمەشە شێوازی ئێرەییئاوەرانەی کەسایەتیە تیمسالیەکان.

ئێستاش با بێینە سەر باسی حەزرەتی شوعەیب کەوا ژیانی بە هاتوچۆی نێوان مەدیەن و ئەیکە بردۆتە سەر، لەگەڵ باسی هەڵوێستی مەردانە و فراوانی ناخی کەوا لە بەرامبەر ئیلحاد و نکوڵی، ڕێسا-تەرازوو نەناسیەی قەومەکەی پشانیان دەدا. بە گوێرەی تەفسیرەکان، حەزرەتی شوعەیب ئەو زاتەیە کەوا پارێزگاری لە حەزرەتی موسا کردووە و، کچەکەی خۆیی وەک هاوسەر پێداوە. هەربۆیە بە چاوی پێغەمبەرانی خۆیەوە، تیمسالێکی گرنگی ئەنجامدەری ئەرکی کەشف دەکات و چەندین ساڵ وەک ڕۆڵەی خۆی لەلای خۆی دەیهێڵێتەوە. واتە جەنابی حەق کەسێکی ناوزەند بۆ پێغەمبەرایەتی ئەمانەتی دەستی یەکیک لە پێغەمبەران دەکات، ئەویش بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە ئەم ئەمانەتەی پەروەردگاری لە ئامێز دەگرێت.

حەزرەتی شوعەیبیش هەر وەک باقی پێغەمبەران، مرۆڤەکان بۆ باوەڕهێنان بە الله بانگهێشت دەکات، لەگەڵ ئەم ئەرکە گرنگەشدا خەبات لە دژی گێرمەوکێشە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان دەکات، لە ژێر نور و ڕۆشنایی سروشدا بە گوێرەی ویستی بێ خەوشی الله، هەوڵی ئەوەی دەدا لە کۆمەڵگادا دادپەروەری کۆمەڵایەتی بونیاد بنێت. چەشنی سەرکەشەکانی سەردەمی حەزرەتی نوح، سەرگەردانەکانی سەردەمی حەزرەتی هود، هاربووەکانی سەردەمی حەزرەتی ساڵح، قەومەکەی ئەویش بە نکوڵیکردن، سەرکەشی و گاڵتە و سوکایەتیەوە وەڵامی ئەویان دایەوە. زیاتر لەمەش، فشاریان بۆ سەر ئەو پێغەمبەرە مەزنە دەهێنا هەتا بیهێننە سەر ڕێگەی ئەو بیروباوەڕە پوچەی کەوا خۆیان هەیانبوو. ئەویش چەشنی ئەو خۆڕاگری و نەبەزیەی کەوا لە تەواوی پێغەمبەراندوو بوونی هەیە وەڵامی دانەوە، چەشنی تەواوی پێغەمبەرە گەورەکان، پێی وتن” من لە بەرامبەر ئەم ئەرکەی ئەنجامی دەدەم، داوای هیچ کرێ و پاداشتێک لە ئیوە ناکەم”. وەک مەردێکی ڕێگەی حەق بەم شێوەیە تێڕوانینی خۆی بۆ دونیا دەخستە ڕوو. خۆ گەر ئەوان باوەڕیشیان پێنەهێنایە و بە سوکیش بیانگرتایە، ئەوەی فەرامۆش نەدەکرد کەوا یاسای نەگۆڕی عادەتی ئیلاهی سەبارەت بەوەی قەهر و لەناوبردنی خۆی بەسەر کەسانی سەرکەشدا دەدا، بە بیری ئەوانیشدا بهێنێتەوە.

لێشاوی سەرکەشەکان بەرامبەر بانگەوازی حەزرەتی شوعەیب، کەوا بۆ جەنابی حەق و بەختەوەری ئەبەدی بانگهێشتی دەکردن، بە فشاری جیاواز وەڵامیان دەدایەوە – وەک ئەوەی هەردەم لە دوێنێ و ئەمڕۆشدا بوونی هەبووە و هەیە- بەردەوام بوون لەوەی زۆر لەویش بکەن هەتا بێتە ناو ئەو بیروباوەڕە پوچەی ئەوانەوە. وەڵامی ئەم پێغەمبەرەش بەرامبەر ئەو فشرانەی ئەنجامیان دەدا ئاشکرا بوو:

“دوای ئەوەی الله لە ڕۆچوون بەو دینە پوچەی ئێوەدا ڕزگاری کردین –خودا نەکا- گەر دووبارە پاشگەز ببینەوە و بگەڕێینەوە ناو ئەو شتەی کەوا ئێوە بە دین ناوی دەبەن، ئەوا بوختانمان بەرامبەر الله ئەنجامداوە. لەم ڕوانگەیەوە هاتنی ئێمە بۆ ناو ئەو بیروباوەڕەی ئێوە بانگهێشتی بۆ دەکەن جێگەی باس نیە.  بێگومان زانستی پەروەردگاریشم بەرامبەر تەواوی شتەکانی ڕابردوو و داهاتوو فرەگیرە.ئێمە تەنیا پشت بە الله دەبەستین و لە دڵەوە تەنیا باوەڕمان بەو هەیە. ئەی پەروەردگارم لە نێوان ئێمە و خەڵکی خۆماندا بە دادپەروەری خۆت بڕیار بدە، لوتفی کرانەوە بێ خەوشەکانی خۆت لەگەڵ ئێمە بکە. ئەوەی دەتوانێت ئەم کرانەوە خێردارەش ئەنجام بدات تەنیا هەر خۆتیت”، بەم شێوەیە ئەوانی حەواڵەی لای ئەو چارەنوسە بەڵاویە دەکرد کەوا لە چارەیان نوسرا بوو.

ڕۆژێک دێت کەوا ئەم نیازانە و کڕوزانەوەی ناخە دەڕوات و بەر غەیرەتوڵا دەکەوێت و وەک هەمیشە بەو شێوەیە بووە، تاغوتەکان و کۆلکە تاغوتەکان توشی ئەو بەڵایە بوون کەوا شایستەی بوون. ئیدی بە قەهر و لەناوبردنی ئەو تەختی زەوی دەبن، ئەوانەشی بوونەتە جێدەرکەوتی لەگەڵبوونی جەنابی حەقدا، لەگەڵ دڵخۆشی ڕزگاربوونیشدا لەوپەڕی قوڵایی ناخیانەوە هەست بە ئازاری تیاچوونی ئەوانیش دەکەن و، پاشان بەردەوام بوون لە ڕۆشتنی ئەو ڕێگەیەی بە ڕاستی دەزانن بە ئاڕاستەی لەگەڵبوونی جەنابی حەقدا…

 

لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ نەریتی بێخەوشی ئیلاهی هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە. لە پاڵ ناڵەی ستەملێکراوان و غەدرلێکراواندا هاتوهاواری زاڵمان و تاغوتان هەر بەردەوامی هەبووە. کاتێک ئەم ئاخهەڵکێشان و هاوارەش گەشتۆتە ئاسۆی غەیرەتوڵا زۆردار و پاوانخوازەکان کەوتوونەتە ناو ئەو چاڵەی کەوا بە دەستی خۆیان هەڵیانکەندووە، ئەو ویژدانە بێگەردانەشی کەوا هەردەم وتوویانە حەق، ئەو ناسۆرانەیان لەبیرکردووە کەوا بە دەستی ئەوان چەشتوویانە، ئەمجارەیان بۆ چارەنوسی ئەوان دەستیان بە ناڵین کردووە…

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *