ئامانجی ژیان

بابەتی ئەوەی ئەم ژیانە هەتا چەندە بایی ئەوەیە تێیدا بژیت یاخود نا، وابەستەی ئەوەیە هەتا چی ڕادەیەک لە ئامانجی بوون تێدەگەیت و دەیزانیت. تەنانەت دەتوانین بڵێین: بوون و تێبینیە مرۆییەکانمان، ناو بە ناو  کاتێک ڕازی ژیانمان بە بیردا دەهێننەوە، زیاتر هەست بەم بابەتە دەکەین و، تێیدا دەژین، هەتا ڕادەیەکی دیاریکراو، بە کاوەخۆیی لەبەرچاومان ساف و ڕوون دەبێتەوە.

لە ڕاستیدا، لە بابەتی ئەفراندنی بووندا، ئامانجی یەکەم و گشتی زانراوە. ئەم ئامانجەش بریتیە لەوەی مرۆڤ لە بەرامبەر گەردون و حەقیقەتی الله، بگاتە ئیمان و مەعریفەت و چێژی ڕۆحانی، جیاوازی خۆی وەک مرۆڤێک بخاتە ڕوو. هێنانەدی پلانێکی گەورە و گشتگیری لەو شێوەیەش، تەنیا و تەنیا بە بیرکردنەوەیەکی سیستەماتیکی و بزاوتێکی دیسپلینیزەکراوەوە وابەستەیە. ئەمەش یەکەمین پلانی سادە و جوڵە و بیرکردنەوە و بزاوت – کە هێشتا بە ڕووی بیرکردنەوە لە وردەکاریەکاندا داخراوە- یەکەم ئەڵقەی “بازنەی چاکبوون”(خولگەیەکی بەرهەمهێن) پێکدەهێنێت. دواتر لە نێوان ئاسۆی لاهوتی دڵ و،  ڕۆژهەڵاتەکانی حیکمەتی ئەقڵدا، چەندین بازنەی چاکبوونی هاوشێوە دەست بە ژیان دەکات. لەم کاتەشدا بزاوتەکان بە شێوازێکی تر لە بیرکردنەوەی ئاڵۆز و گۆشەنیگای فراوانتر دەگەن و، ئیدی بیرکردنەوەکان بەرەو پڕۆژەی گەورەتر وەردەچەرخێن و بەردەوامی بە خۆیان دەدەن.

هیچ گومان لەوەدا نیە، ناوازەترین ئوستادی قۆناغێکی لەم شێوەیە، بەهێزترین ڕابەر و دیارترین شەخسیەتی بریتیە لەوەی ئیمانێکی ساغ و، کردارێکی خاوەن شعور، لە هەموو کردارێکدا تێڕوانینێکی فراوانی ناوازەی چاودێریکردن، بوونی هەبێت. هەر لە سایەی ئەمەشەوەیە، ئەو ژیانەی هەموو کەسێک بێ ئاگایانە، یاخود زۆرینەی مرۆڤەکان سەرخۆشانە خۆیان فڕێداوەتە ناو ڕێڕەوە سەرنجڕاکێشەکانیەوە، بە نیسبەت ئەو کەسانەی بوونەتە خاوەنی ئەم وەسفانە، وەک ئاڕاستەخانەیەکی لێدێت کە لێیەوە تەماشای واتای ڕاستەقینەی ژیان دەکەن. چونکە ئەوان بیر دەکەنەوە، بیرکردنەوەکانیشیان بەرەو بزاوتن دەگۆڕن، بزاوتەکانیشیان بە ناسۆری فکری نوێ قوڵتر دەکەنەوە و، هەموو ڕۆژێک بە ئازارێکی جیاوازی لە دایک بوونێکی نوێوە، خەریکی لولوپێچ خواردن دەبن. خەریکی لولوپێچ خواردن دەبن چونکە لەو باوەڕەدان تەنیا ئەو مێشکانەی بە ناسۆرەوە دەزرنگێنەوە، دەتوانن شتێک بەرهەم بهێنن. بەڵێ ئەوان لەو باوەڕەدان، هەلومەرجەکان چەندە بێ ئامان، ئازارەکان چەندە تاقەتپڕوکێن، ڕۆحەکانیش چەندە لە نێو داخورپاندا بن، فکرەکانی ناو ڕەحمی هزریان بەو رادەیە بەهێز و هاوسەنگ و سەرنجراکێشتر دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە ئەوان هەمیشە بە ئازاری فکرەوە هەڵدەستن و دادەنیشن. هەموو ڕۆژێکی نوێ، سەرلەنوێ هەلاجی “بوون” دەکەنەوە. لە شوێنی خۆیدا وەک کتێبێک دەیخوێننەوە، لە شوێنی خۆیدا وەک پێشانگایەک تەماشای دەکەن. هەروەها لە شوێنی خۆیدا، چەشنی ئەتەمینێک لە نێو هزریاندا تاڵ تاڵ دەیهۆننەوە و نەخش و نیگاری لێدروست دەکەن. لە ڕاستیشدا ئەو حیکمەتەی لە ڕۆحی کتێبی گەردوندا بوونی هەیە، هەمیشە وێنەی ئەمە دەکات و، ئامانجی ئەفراندنی مرۆڤیش هەمیشە هەر ئەمە پشان دەدات.

ئەو خاڵەشی پێش هەموو شتێک پێویستە لەسەری بوەستین، بریتیە لەوەی “بوون”، پلیکانەیەکی نیعمەتی زۆر گرنگە، کەوا بە شێوەیەکی ڕەها دەبێت قەدر و نرخی بزانین.

مادام ئێمە بوونمان هەیە و، لەگەڵ ئێمەشدا هێندەی یەک دونیا نیعمەت بوونیان هەیە کەوا پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە، بێگومان قۆستنەوەی ئەم نیعمەتانە و، هەڵسەنگاندیان و بەکارهێنانیان لە پێناو ئەوەی وەک پلیکانەی نیعمەتگەلێکی تری لێبێت، هەر ئەرکی ئێمەیە.

هەربۆیە پێویستە پێش هەموو شتێک، تەواوی ئامادەگی و لێوەشاوەیەتیەکانمان هەتا دوا ڕادەیان، بەم ئاڕاستەیەدا بەکاربهێنین و، دەنگ و هەناسەی ئیرادەمان – کە وەک بانگهێشتکەر و داواکاری دەسەڵاتی بێ کۆتای ئەون-  بهێنینە گۆ و، بە شێوەیەکی ڕەها ئەوە پشان بدەین کە ئێمە بوونەوەرگەلێکی خاوەن ئیرادەین.

لە ڕاستیشدا ئەرکی ئێمە هەر ئەوەیە، لەم تاڤگە ناوازەی بووندا، بیر لە پێگەی خۆمان و بەرپرسیارێتیەکانمان و پەیوەندیمان بە گەردون و جیهانی ئەودیو گەردون بکەینەوە، لۆجیکی ڕۆحیمان وەک کانگایەکی حیکمەت لێبکەین، کەوا هەردەم لە بەهاکانی پشت پەردەی بوون بکۆڵێتەوە.

هێندەی توانیمان ئەمە بکەین، بە شێوازێکی جیاواز لە خۆمان دەگەین، جیاوازتر خۆمان دەبینین، قوڵتر هەست بە خۆمان دەکەین، بەم هۆیەوە شایەتی ئەوە دەبین کە بوون و ڕووداوەکان  زمانیان دەپژێت و، دیالۆگمان لەگەڵدا دروست دەکەن و چەندین شتمان بۆ باس دەکەن.

ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبێتم، ئەو ئاسۆیەی کەوا پێویستە بە ناوی ژیانی ڕاستەقینەوە بگیرێتە بەر، هەر ئەمەیە. ئێمەی مرۆڤ بە نیسبەت گەردوونەوە، گرنگترین ئێکسێسواری زیندوو، تەنانەت ڕۆح و کرۆک و پاڵاوتەین، کەوا چەشنی کرۆک و شکۆفایی و ڕووتەختی بەرینی تەواوی بوونین. گەر بەم شێوەیە بێت، دەتوانین ئەوە بڵێین: بە گوێرەی ئەرکی ڕاستەقینەمان و گۆشەنیگای داخوازی پێگەکەمان، تەواوی دێڕ و لاپەڕەکانی “بوون” بخوێنینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، چالاکی حیکمەتی ناو قوڵاییەکانی ڕۆحمان بخەینە گەڕ. کاتێک ئەو چالاکیەشمان خستە گەڕ، لە گێرمەوکێشەی ژیانی جسمانیەت ڕزگارمان ببێت کەوا لە ڕوانگەی دەرەکیەوە لە نێوان لەدایکبوون-مردندا ناسۆری دەکێشێت و، لەسەر زەمینی ژیانی دڵ و ڕۆح، دەست بکەین بە ڕاوکردنی ئەو چێژ و تەجەلیاتە مەعنەویە ناوازەیەی، کەوا بەڵێنی پێدراوە.

لە ڕاستیدا ئەوەی وەها لەم ژیانە پڕ ئازارەش بکات شایەنی ژیانکردن بێت، بریتیە لەوەی لە هەموو حاڵێکدا، لە هەموو قۆناغێکی ئەم گەشتە بڕاوەیەدا، بە نەشوەیەکی جیاواز بگەیت و ببیتە جێدەرکەوتی لوتفێکی جیاواز، هەر ئەمەیە. ئەو کەسانەشی لەم بابەتەدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، هەموو ئانێک بە درەوشانەوەی دەرکەوتێکی(تجلی) جیاواز مەست و سەرمەست دەبن، ڕۆحیشیان چەشنی شیعر و ئاوازێکی میوزیکی کەوا لە ڕێچکەی سەرنجڕاکێشی ڕێڕەوی خۆیدا بەوپەڕی هەیەجانەوە بەرەو خاڵی قەراری خۆی ڕادەکات، قوم لە حەزەکانیان دەدەن و بە هەناسەی چێژوەرگرتنەوە هەردەم بەرەو ئەو(الله) ڕادەکەن.

بەڵێ بە نیسبەت ئێمەوە، بەختەوەری ڕاستەقینە بریتی نیە لەو سوکنایی هاتنانەی لە دەرەوە دێن، یان دێن-دەبڕێن، دەبارێن-دەوەستێن، بەڵکو بەختەوەری ڕاستەقینە بریتیە لەوەی لە ڕۆحمانەوە قوڵپەی دێت و لە ڕێگەی پەیوەندی بە الله وە قوڵ دەبێتەوە و بە بەهەشت خاڵی کۆتایی بۆ دادەنرێت. بەڵێ، ئەو خۆشی و نەشوەیەی شەپۆل شەپۆل لە ناخمانەوە دێت و تەواوی بوونمان دادەپۆشێت، خۆشی و نەشوەی ئێمەیە. ئیدی ناخمان دەبێتە ڕاڕەوی درەوشانەوەی دەرکەوتە ئیلاهیەکان، ویژدانیشمان وەک سەحەرێکی لێدێت کە هەوڵی ڕاوکردنی درەوشانەوەی ئەم دەرکەوتانە دەدات، تەمەنیشمان هەمیشە بۆ ساتێکی لەو شێوەیە لە کەمیندایە و، چاوەکانیشمان کاتێک لە ئاسۆی بەختماندا ڕووبەڕووی بچوکترین ئاماژەی تەشریفاتی ڕووتێکردنەکانی ئەو دەبێت، ڕۆحمان بە زەوق و شەوقەوە نەشیدەکانی” پێتخستە سەر تەختی دڵم سوڵتان، یاخوا بە خێر بێیت” دەسێنێتەوە.

نەوەکانی ئەمڕۆمان، پێویستیان بە ڕابەرگەلێکە، کەوا بەرەو ئیمان و تێڕوانینێکی لەو شێوەیە، بەرەو ڕاڤە و نەشوەیەکی لەو شێوەیە بەرز بکاتەوە. نەوەی نوێ، تەنیا ئەو کاتەی لە دوای مەردگەلێکی لە وشێوەیە خەریکی ڕاکردن بن، گەنجێتییان و لەسەر ڕێچکەی ئامانج و مەبەستی گەنجێتییان، دەتوانن بە تێروتەسەلی بژین. ئەو کاتەی ڕۆحیان لەگەڵ ئاسۆ بێ کۆتاییەکاندا ئاوێتە دەبێت، هەرچی شتی فانی و ڕاگوزەرە وەک شتانێکی جاویدانی هەستی پێدەکات. ئیدی سانیە و سالیسەکانی تەمەنیان، بە حەیرەتگەلێکەوە کەوا تەواوی جیهانەکانی لە خۆی گرتبێت، تەماشا دەکەن. هەروەها کاتێک لە دەموچاوی هەموو شتێکدا ڕەنگدانەوەی ئەبەدیەت دەبینن، خۆیشیان لەگەڵیدا دەگەن بە جاویدانییەکی جیاوازتر. ئیدی لەو کاتەدا تێدەگەن لەوەی ئەم ژیانە هەر بە ڕاستی شایەنی ئەوەیە تێیدا بژیت. کاتێک لەمە تێدەگەن و لە ئاسمانەکانی ڕۆحی خۆیاندا چاویان بە هەڵهاتن و ئاوابوونی هەموو شتێک دەکەوێت، چەشنی ئەوەی لە نێوان گەلاکسیەکاندا گەشت بکەن، لە قوڵاییەکانی خۆیاندا، بەردەوام لە نێوان کڵاوڕۆژنەکانی سەیرکردنی ئەبەدیەتدا دێن و دەچن، هەوڵ دەدەن لەم ژیانە فانیەی دونیادا، چەندین ڕەهەند پێکەوە لە یەک کاتدا تێیدا بژین.      

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *