ئەوانەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی خۆیاندا لەگەڵ خەرمانەدا حاڵیان گرتووە (٢)

ئیمام ئەو ئاخهەڵکێشان و ناڵینەی کەوا هەردەم لە قوڵاییەکی جیاوازتردا بەردەوامی پێدەدا، بەم ڕوونکردنەوە زەبەرجەدیانەی خۆیەوە گوزارشتی لێدەکردن:

“ئەی پەروەردگار، دوای ئەوەی تەواوی تەمەنم لە دۆڵەکانی سەرکەشیدا بەسەر برد، بە هەستێکی پەشیمانی لەوپەڕی ناخمەوە ڕوو لە تۆ دەکەم و دەستم لەسەر دەسکی دەرگای ڕەحمەتت داناوە و، چاوەڕێی ڕەحمەت و بەزەیی و بەخشندەیی تۆ دەکەم، منیش یەکەم کەس نیم و زۆرێک لە مرۆڤەکانی تریش سەریان لە بەردەرکی دەرگاکەی تۆ داناوە، بەڵام هیچ کام لەوان هەتا ئێستا بە دەستی بەتاڵ نەگەڕاوەتەوە”. لە ڕێگەی ئەم قسانەوە دەکڕوزێتەوە، پاشان لە ڕێگەی نەغمە ناوازەکانی هیواوە بەردەومی بە قسەکانی دەدات:

ئەی پەروەرێنم کەوا گەورەی هەموو گەورەکانی! من بێ هیچ توێشوو زەخیرەیەک ڕووم لە حزوری باڵای تۆ کردووە، تۆش خاوەن کەرەم و بەخشندەییت، هیوا و چاوەڕوانیەکانم توشی تێکشکان مەکە!

بەم شێوەیە لاڵانەوە و پاڕانەوەکانی ئەو لەسەر ڕێچکەی کڕوزانەوەی کەسانی ناو خەرمانە بەردەوام دەبێت؛ ئەگەرچی ئەو بەم شێوەیە بەردەوامی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا، لە ڕێگەی ئەم ئاخ و فیغانە جەرگسوتێنەی خۆیەوە، بە نیسبەت مرۆڤگەلێکی لاشەپەرستەوە کەوا بە قەسوەتی دڵیان دۆڕاون و، بە هۆی لادانیان لە ڕێچکە توشی لێتێکچوونی ئامانجەکانیان بوون، بە زمانی دڵی بەستەگەلێکی ناوازەیان پێشکەش دەکات… وە بەم نەغمە جەرگسوتێنانەی خۆیەوە، دەیەوێت ئەوەی بیستوویەتی و هەستی پێکردووە، بە ڕۆحگەلێکی ڕێلێتێکچووی چەشنی من بگەیەنێت. هەربۆیە وتەکانی لە خەرمانەوە هێناوە و، نەغمەکانیشی لە سینەی فریشتەئاسای خۆیەوە هێناوە کەوا بە ئاگری عەشق سوتاوە، چەشنی ئەوەی بانگ بدات، دەڵێت:

بۆ عەبدێکی سوک ڕەوا نیە بە غەفڵەتەوە بخەوێت

کاتێک ڕەحمان لە شەواندا بە شەفقەتەوە بانگی دەکات(ئیبراهیم حەققی)

هەربۆیە لە کرۆکیدا، هەڵڕشتنی ناخی بۆ الله بە هەستێکی زۆر باڵا و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ نەفسی خۆیدا بە ناڵەیەکی کاریگەری وەها پێشکەش دەکات، بۆ هەرکەسێک کەوا لێی تێدەگات کاریگەری مەقامی سەبای لەسەر دادەنێت و، کەسانێکیش کەوا گوێیان لەم دەنگانەی دەبێت، گەر بە تەواوی نەمردبێتن، هەڵدەستن و بەرەو قوربەتی جەنابی حەق ڕادەکەن. بە هۆی ئەم نەغمانەی کەوا لە ناخەوە هاتوون، الله بێداربوونەوە و هاتنەوە سەرخۆ، بە نسیبی ئێمەش بکات.

حەزرەت هەر بەم هەڵڕشتنی ناخەی بۆ جەنابی حەق دەستهەڵناگرێت و، دەیەوێت شیوازێکی تری ڕووکردنە ئەو لە دڵەوە بەکاربهێنێت. لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی خود و لەسەر ڕێچکەی پشاندانی ڕێگەی گەڕانەوە بۆ خودا لە دڵەوە، جارێکی تر سەری دەخاتەوە بەر دەرکی دەرگای ڕەحمەت و لێبوردەیی ئەو و، لە چوارچێوەیەکی تردا خۆی فڕێ دەداتە ناو کڕوزانەوە و پاڕانەوە:

 

پەروەرێنم! بە هۆی ئەو گوناح و هەڵانەی کەوا ئەنجامم داون- ئیدی دەبێت بە چی بڵێت گوناح؟!- بەرگی سەرشۆڕیم بە بەری ڕۆحمدا کردووە. لە تۆ جودا بوومەوە و وەها هەست دەکەم لە نێو  جلوبەرگی سوکێتیدا بم. گوناحانی بێ حەد و پایان دڵی منیان ڕەشوتاریک کردووە – وای ئەمە چەند چاودێریەکی قوڵی ناخە- ئێستا لە دەرگای تۆم و سەرم لە بەردەرکی شەفەقەتی تۆ داناوە، ئەی تاقە پەرستراوی بە ئەمانجگیراو! لێم قبوڵ بکە ئەم ڕووتێکردن و گەڕانەوەیە بەرەو خۆت!..جارێکی تر ڕووم لە دەرگای مەزنی تۆ کردووە کەوا لە هەموو دەرگاکان مەزنترە. سەرم نەوی کردووە و دەست لەسەر سنگ لە حزوری باڵای تۆدا وەستاوم، چاوەڕێی فەرمانی لێخۆشبوونی تۆ دەکەم. خۆ گەر ئەم بەندەیەت لە دەرگای خۆت دوور بخەیتەوە، ڕوو لە کێ بکات و پەنا بۆ کێی تر ببات؟! ئەی ئەو پەروەردگارەی کەوا لە گەورەترینی گوناحەکانیش خۆش دەبیت و برینی ئەو دڵانەش ساڕێژ دەکەیت، کەوا کەوتوونەتە سەرلێشێوان و پەرشوبڵاوییەوە. داوای لێخۆشبوون لەو هەڵانەم دەکەم کەوا ڕووی مرۆڤ ڕەش دەکەن، وەک نەبوو ئەژماریان بکە و هیوام ئەوەیە تەواوی خراپەکانم بپۆشیت. منیش لەو هەرێمە بێبەشمەکە، کەوا تێیدا خۆشەویستانی خۆت بە ئیلتیفات، لوتف، کەرەم و ڕەحمەتی خۆت فێنک دەکەیتەوە.

لە ڕێگەی ئەم قسانەوە تابلۆیەکی جیاوازی کڕوزانەوە پشان دەدات و، بەرەو گەرماوەکانی خۆپاکردنەوەی داوایلێخۆشبوون، تۆبە و ئینابە ڕادەکات، کەوا لە هەموو قوڵاییەکان قوڵترن. ئاخ و داخێکی وەها بە چواردەوەریدا بڵاو دەکاتەوە کەوا پەیوەندی ڕاستەوانەی لەگەڵ ئاسۆی عیرفانی خۆیدا هەیە، کاتێک گوێت لەو هاوارانەی دەبێت، وەها دەزانیت ئەمە ئاخ و داخی موجریمێکە کەوا بە هۆی تاوانگەلێکی زۆرەوە ئالودە بووە. بەڵام هەرچۆنێک بێت، ئەگەر ئێمە بە تەواویش لەو تێنەگەین، ئەم ئاخهەڵکێشانە ناڵەی ئاسۆی کەسانی موقەڕەبینە(نزیک لە خودا) و، وەک بانگێکی ئاگادارکەرەوەیە بۆ کەسانێکی نادان و، هەناسەیەکی هۆشداریدەرە کەوا وەک نەغمەیەک لەسەر شێوازی تەمجید [1]، پێشکەش کراوە.

ئیدی چی دەڵێت و هەرچۆنێک دەیڵێت، لە ڕاستیدا ئەم زاتە کەوا تیمسالی “فنی فی الله” یە، پێموایە لە خەوەکانیشیدا هاودەمێتی لەگەڵ نەفسی فەرمانکەر بە خراپە نەکردووە، بەڵام وەرە و ببینە، ئەمە کەوا وەک وانە و ئاگاداری بۆ ئێمە وەهایە، لە ڕوانگەی خۆیەوە و لە بەرامبەری ئەو پێگەی “مقربین” کەوا لەبەردەم جەنابی حەقدا هەیبووە، هەمیشە هەر خەریکی ناڵاندن بووە. دەتوانن ئەم لاڵانەوەی ئەو بە چەند ناڵەیەکی جەرگسوتێن ناوی ببەن کەوا لەسەر شێوازی کڕوزانەوە و ئاخهەڵکێشان دەریبڕیوە.

لەم ڕوانگەیەوە ئەو هەمیشە سەری لە بەردەرکی دەرگای جەنابی حەق بووە و هەردەم وتوویەتی ” دەستم بە دامێنت!”. هەروەها ئەمەش یەکێکی ترە لەو ناڵە و کڕوزانەوانەی کەوا چەشنی مەقامی حیجاز پێشکەشی کردووە:

” ئەی پەروەردگاری مەزنم! هیچ کاتێک من لە خۆت دوور مەخەوە و مەهێڵە بکەومە ناو خراپەوە، مەهێڵە لەم هەڵەوە بکەومە ناو ئەو هەڵە و پەلکێشی ناو دەریای سەرکەشی  ببم، ئەم بەندەیەی خۆت بپارێزە لەوەی پەلکێشی ناو کارێک ببێت کەوا غەزەب و توڕەیی خۆتی بە دوادا بێت!  لەبەردەمی تۆدا سکاڵا لە نەفسی فەرمانکەر بە خراپەی خۆم دەکەم، کەوا وەک بەڵای سەرم وەهایە و، بەردەوام بە دوای هیوای دوور و درێژی نەبڕاوەوە ڕادەکات و، بەردەوام لە بەردەم بەڵا و توشهاتەکاندا خەریکی ناڵە و کڕوزانەوەیە، هەموو کارێکی چاکە لە خۆیەوە دەبینێت، هەموو کاتێک مەیلی ئەو شتانە دەکات کەوا پەیوەندییان بەوەوە نیە(ما لا یعنیه)، لێوان لێوە لە غەفڵەت و لەبیرچوونەوە، هەردەم بە ڕووی گوناحەکاندا کراوەیە و، کاتێک سەری ئەوەش دێت کەوا ڕوو لە تۆ بکاتەوە و تۆبە و ئینابە ئەنجام بدات، هەردەم دەڵێت” سبەینێ” و هەتا لە دەستی بێت دوای دەخات.

تۆ بڵێی ئەم ڕۆحە پاک و بێگەردە کەوا هەواری لە ئاسۆی “اطمئنان” دا هەڵداوە، بە چی بڵێت نەفسی فەرمانکەر بە خراپە؟!..

هەربەمەش دەستهەڵناگرێت و لە بەرامبەر گەرداوەکانی شەیتان و هەوا و نەفسیدا داوای پەنا و داڵدە دەکات و، پاشان دەچێتە بەشێکی جیاوازی نیازکردنی خۆیەوە و ، ئەم هەڵڕشتنەی ناو ناخی ئەنجام دەدا کەوا بە نیسبەت نەفسگەلێکی غافڵی وەک ئێمەوە چەشنی شەپازلەیە و تێیدا دەڵێت:

” ئەی پەروەردگارم! سکاڵا لە دەستی دڵی مردووی خۆم دەکەم کەوا دیلی چەندین وەسوەسەی جیاواز جیاوازە و  ڕەقوتەق کەوتووەو ژەنگی هەڵهێناوە،  سکاڵا لە حاڵی خۆم دەکەم کەوا ترس و خەشیەتی لەبیرکردووە و نازانێت چیە!”.

 

ئیدی نازانم ئەم قسانە بە نیسبەت ڕۆحگەلێکی دونیاپەرست کە وەک پشتڕاستکەرەوەی ئەو ئایەتە وەهان کە دەفەرموێت” کمثل الحمار یحمل اسفارا” و، موسوڵمانێتیان ئەمانەتی دەستی ڕووکەشگەرایی و شکڵگەرایی کردووە، چەندین سەدەیە فرمێسکی چاو و داخورپانی دڵیان لەبیر کردووە، هیچ شتێک لەم قسانەی ئەو تێدەگەن؟ من هیچ گومانێکی لەو شێوەیە نابەم.

حەزرەت هەر بەمەشەوە ناوەستێت و ڕوو لە ئاسۆی ترس و خۆشەویستی و توخمە سەرەکیەکانی کامڵێتی مرۆیی دەکات… لە ژێر سێبەری حەقیقەتی ” رأس الحکمة مخافة الله” ڕوو لە فەزیڵەتی ڕاستەقینە دەکات، وەک ئەوەی ئەم کۆپلانەی عاکیف بڵێتەوە دەناڵێنێت و جارێکی تر لە بەرامبەر جەنابی حەقدا دەبێت بە دوو کەرتەوە:

نە عیرفانە ئەوەی بەرزی بە ئەخلاق دەدا نە ویژدان

هەستی فەزیڵەت لە مرۆڤەکاندا ترسی الله یە

گریمان لە سینەی مرۆڤەکاندا دەسڕێتەوە ترسی یەزدان

نە عیرفان کاریگەری دەمێنیت نە ویژدان

ئیدی لەو کاتەدا ژیان ئاژەڵیانە دەبێت؟! نەخێر لەویش خوارتر…

بەم شێوەیە بیر دەکاتەوە و هەستی ژیانی مرۆڤانە لەو دڵانەدا بێدار دەکاتەوە کەوا نەمردوون. ئەم هەستانەشی بە نەغمەکانی مەخافەت و موحیبەت دێنێتە سەر زاری و، لەسەرو لوتکەی ” بینران لەلایەن ئەوەوە”، وەک ئەوەی لە حزوری باڵای ئەودا ئامادە بێت، وەک نەی دەناڵێنێت و چەشنی شەوگەڕێ ڕەفتار دەکات. هەربۆیە لەم بابەتەشدا بە ڕووتەخت و ڕەنگێکی جیاوازەوە، چەپکێک لە زەمزەمی ترس و خەشیەت بە ئەدای هیواوە پێشکەش دەکات:

“ئەی پەروەردگاری مەزن کەوا سوڵتانی مەرحەمەت و شەفقەتی. ئایا ئەم بەندەیەی خۆت و گەدای بەر دەرگاکەت کەوا ڕووی لە تۆ کردووە، فڕێ دەدەیتە ناو ئاگری بێ کەسیەوە؟ ئەو کارانەی کەوا ئەنجامی داوە تەنیا دەریای عومانی بەرفراوانی ڕەحمەتی تۆ دەتوانێت پاکی بکاتەوە و، ئەم کۆڵەوارە لە پەڕەی لێخۆشبووانی خۆت بێ بەش دەکەیت؟ حاشا، سەدان هەزار جار حاشا، تۆ هیچ کاتێک کەسانێک کەوا ڕوویان لە دەرگای ئولوهیەتی تۆ کردووە بە دەستی بەتاڵ و دڵی شکاوەوە نەگێڕاوەتەوە”.

لێرەشدا وەک ئەوەی هەناسەی لێبڕابێت و بە ناڵەی دڵێکەوە کەوا ڕمی ترس و مەخافەت لێیدابێت دەڵێت:” چی دەبوو گەر بمزانیایە منت لە دەفتەری کەسە “بەختەوەرەکان” لای خۆت تۆمار کردووە و، بە نزیکێتی لە خۆت شەرەفمەندت کردووم! بمزانیایە هەتا چاو و دڵم بە خۆشی و شادییەوە پەردەیان بەسەر خۆیاندا بدایە. ئەی پەروەردگار، دەرگای ڕەحمەتت بە ڕووی ئەوانەدا دامەخە کەوا بە شێوەیەک لە شێوەکان تۆ دەناسن و باوەڕیان پێت هەیە. هیوا و باوەڕی من ئەوەیە، ئەو دڵانەی کەوا بە بوونی باڵای خۆت زیندووت کردوونەتەوە، نەخەیتە ناو سەرشۆڕی بێ تۆییەوە – هیچ کاتێکیش وەهات لێنەکردوون- وەهایان لێمەکە و لە ئاگری دۆزەخی دووری لە تۆدا مەیانسوتێنە. پەروەرێنم! بەندەی خۆت لە ئازاری غەزەب و سزای خۆت بپارێزە!

لەو ڕۆژە سەختەی لە هەموو ڕۆژێک چەتون ترە و، چاک و خراپ لە یەکتر جودا دەبنەوە، ئەو کاتەی مرۆڤ بە نیگەرانی لێپرسینەوە دەست و قاچەکانی تێکەڵی یەکتر دەبن، ئەو ڕۆحانەی کەوا بە چاکە سەرفراز بوون بە نەشوەی نزیکی لە تۆوە لە هۆش خۆیان دەچن و، ئەو بەدبەختانەشی کەوا ژیانی خۆیان چەپەڵ کردووە بە هیجرانی دووری لە تۆوە توشی هەڵلەرزین دەبن، لە ئاگری دۆزەخ بمپارێزە”، بەم شێوە گوزارشت لەوە دەکات کەوا لە چی نیگەرانیەکی قوڵدا بووە. بە هەستی موجریمێکەوە کەوا لە تەپڵی سەریەوە هەتا نوکی پێی لە گوناحدا نوقم بووبێت، لەوپەڕی ناخیەوە ڕوو لە کڕوزانەوە دەکات. بە تێگەشتنێکی قوڵەوە لەوەی کەوا دوو ترس و دوو دڵنیایی لەم دونیا و لەو دونیا پێکەوە کۆ نابنەوە، دەست بە لاڵانەوە دەکات. بە دەستی لەرزۆکەوە هەردەم لە دەرگانەی ڕەحمەت و ڕەئفەتی ئەو دەدات، بێ ئەوەی وچان و پشوویەک بزانێت، بەردەوام خەریکی کڕوزانەوە و لاڵانەوەیە…

ئەو هەر خەریکی کڕوزانەوە و لاڵانەوەی خۆیەتی و بە فرمێسکی چاوەکانی تاجی لەسەر دادەنێت، لە هەمان کاتدا بە نیسبەت ئەو کەسانەی کەوا لە ژێر بەرگی باوەڕدا لە ئیمانی ڕاستەقینە دوور کەوتونەتەوە و، ئەو ڕۆحە مردووانەی کەوا لە هەستی ترس و خۆشەویستی بێ بەشبوون، پەیامی تیاچوونیان پێدەدات…

[1] تمجید؛ بریتیە لەو موناجات و نزایانەی کەوا لە ٣ مانگە پیرۆزەکەدا لەسەر مینبەری مزگەوتەکان پێشکەش دەکرێت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *