ئەوانەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی خۆیاندا لەگەڵ خەرمانەدا حاڵیان گرتووە (1)

سەردارمان وەک ئەوەی خۆی سەرچاوەی داباری مەعنەوی(فیض) بووە، هەمان هەست و ئیحساسیش، هیچ کاتێک لە شوێنکەوتوانی ئەودا کەموکورتی نەهێناوە. ئەوانەی هەمیشە بە چاو-دڵیان چێژی تەماشاکردنی ئەو مەست و مەخموری کردوون، بەو حاڵەوە هەردەم هەیەجانی حاڵ لێهاتنیان گرتووە و، بەردەوام سەیری ئەوەی پێش خۆیان کردووە و ئەو گوزەرەی کەوا بەویان دەگەیەنێت، هەرگیز بێ ڕێبوار نەیانهێشۆتەوە. چاویان هەمیشە لەسەر خەرمانە بووە و، دڵەکانیشیان هەمیشە تینوی بینینی ئەولاتر بووە، سەدان- هەزاران، بەو دووربینەی کەوا ” لەلایەن ئەوەوە سەیر دەکرێن”، هەمیشە وتوویانە ” ئەولاتر و زیاتر لە ئەولاتر” بەرەو ئەو لە شەقەی باڵیان داوە،هەروەها ئادابی ڕێ ڕۆشتنیشیان فێری ئەوانە کردووە، کەوا بە هەڵسان-داکەوتن ملی ڕێگەیان گرتووە.  ئیمان بە حەق، لە سینەیاندا کانگای هەیەجانێکی کوڵسەندوو بووە…مەعریفەت و موحیبەتیش، لە هەست و هزریاندا وەک مەشخەڵێک بووە کەوا دەدرەوشێنەوە. تامەزرۆیی ئەو کەسەی کەوا خاوەنی ڕاستەقینەی هەموو شتێکە، چەشنی بلاجکتۆرێک بووە کەوا ڕێگا درێژبوەکانیان بەرەو ئەبەدیەت  بۆ ڕۆشن دەکاتەوە. موشتاق بوون بۆ الله، لە هەست و هزرەکاندا کانگای وزەیەک بووە کەوا خامۆش بوونی بۆ نەبووە. دڵەکانیش هەمیشە بە سەیری ئاسۆی ئەوانەی بوونەتە خەرمانە، بە هەیەجانەوە لێیداوە. هەمیشە بێ هەڵنوتین ڕۆشتوون بەرەو پشتەوەی هەموو پشتەوەکان…نە ماندوویەتی نە وەڕزی بەرۆکی گرتوون، لە ڕێگەی بەسیرەتیانەوە ئەوەی بینویانە هەڵیانسەنگاندووە، لە ڕێگەی میکانیزمی ویژدانیانەوە، عەزم و دەستپێشخەری گەشت بەرەو جیهانی ئەودیو ئاسۆکانیان پشانداوە، وەک ئەوەی شانیان بە شانی ئەو خەرمانەوە دابێت، دڵیان بە خەشیەتەوە لێیداوە، بە تەواوی پێکهاتەی ماددی-مەعنەوییانەوە لەرزەیان تێکەوتووە و ڕایانکردووە بەرەو شاڕێگەی ئەوانەی لە خەرمانەدا بوونیان هەبووە. ئیمان و مەعریفەتیان  لە هەموو قوڵاییەک قوڵتر بووە. توێشووی ماددی و مەعنەوییان تێروتەسەل بووە. بە تەواوی خودیانەوە ڕزگاربوون لە دونیا و ئەوەی تێیدایە. تێخوڕینە چەپەڵەکانی هەوا و هەوەسیان ژێر پێکانیان خستووە. لە لوتکەکاندا لە شەقەی باڵیان داوە، بەڵام دڵیان هەردەم لەرزە لەرزی تێدابووە. هەمیشە لەگەڵ گوناحەکاندا خەریکی ناڵاندنن چەشنی ئەوانەی موجریمن و تاوانێکیان کردووە. هەموو بەیانیان- ئێوارانێک بەوپەڕی هەستی قوڵیانەوە لە خۆیان دەپێچنەوە. ئەم وتەیەشیان وەک ویردی سەر زوبانیان لێکردووە:

گەر بەم گوناحانەوە من بکێشێت حەزرەتی ڕەحمان

لە بەریانی مەحشەردا شەقا شەقار دەبێت عەرشی میزان

هەربۆیە شەو_ڕۆژ بەم هەستانەی ناو ناخیانەوە دەکڕوزێنەوە. هەردەم لە لوتکەکاندان بەڵام هەردەم بە هەستی خاکیبوون و خەجاڵەتیەوە هەڵدەستن و دادەنیشن. بێز دەکەنەوە لەوەی ستایش بکرێن و چەپڵەیان بۆ لێبدرێت. نەفرەتیش دەکەن لەوەی شانوشۆرەت و ناوبانگیان هەبێت… لە هەموو حاڵێکیاندا وێنەی تاکێک لە مرۆڤەکان پشان دەدەن. هەر سەرکەوتن و جوانی و شتانێکی دەراسا کەوا دەدرێتە پاڵیان لە سایەی خاوەنی ڕاستەقینەیەوە دەیبینن و بە تێبینی ئەوەی پێویستە باسی نیعمەتەکانی پەروەردگاریان بکەن، یەکسەر لە ڕکوعەوە دەچنە سوجدە و، سوجدە دەبەن.

بەهەستی ئەوەی دەڵێن:

” ئەمە شایەنی من نیە کەوا بەندەیەکم

دەبێت هۆکاری ئەم لوتف و ئیحسانەی ئەو چی بێت؟!”

بەم هەستەیانەوە جارێکی تر خۆیان بە زەویدا دەماڵن و، بەردەوام دەبن لەوەی خاکیبوون و خۆ بەهیچزانینی خۆیان دوپات بکەنەوە. ئەم دەستورەی گرنگەی قورئانیشیان وەک خوی خۆیان لێکردووە کە دەفەرموێت:

هەر جوانیەک کەوا بە تۆ بەخشراوە بۆ الله ی بگێڕەوە و، هەر بەڵا و توشهات و خراپەیەکیش کەوا پێشت هاتووە، بۆ نەفسی خۆتی بگێڕەوە”.  گەر چەندین ساڵیشی بەسەردا تێپەڕێت، هەر هەڵە و پێهەڵنوتینێک کەوا بەسەریان هاتووە، لەبیری ناکەن. بەڵام ئەو جوانی و چاکانەی کەوا بەشی هەزاران دەکات، هەر زوو لەبیری دەکەن. گەر زەفەر و سەرکەوتنێکی چاوئەبڵەقکەریش بە ئەقڵیاندا بێت، یەکسەر دەڵێن” هەموو سەرکەوتن و زەفەرێک هەر لەلایەن الله وەیە”، بەم شێوەیە خۆیان لەو بیرکردنەوەیەش قورتار دەکەن…ئەمە کەسایەتی ئەو کەسە خۆ تەرخانکەرانەیە کەوا لەسەر ڕێگەی حەق دەڕۆن و حاڵی جێگیری ئەو کەسایەتیە ناوازانەیە، کەوا دڵیان لای خەرمانەیە و وابەستەی ڕەزامەندی ئەویان کردووە.

ئێستا گەر لە ڕێگەی هەندێک گوزارەی ناڕێک و هەڵوەشاویشەوە بێت، بە ناوی باسکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی بەندە ڕاستگۆکانی دەرگای حەق لەگەڵ خۆیاندا، کەوا چاو و دڵیان لەسەر خەرمانەیە، ئەمانە وەک نمونەی دڵۆپێک لە دەریایەک پشان دەدەم و لەسەریان دەوەستم:

ئیمام زەینەل عابدین، لە میوەکانی درەختی موبارەکی درەوشاوەی خانەی پێغەمبەرە و، تیمسالی کەسایەتیەکی ناوازەیە. باوکی حەزرەتی حوسەینە و نەنکی حەزرەتی فاتمەیە و، باپیریشی حەیدەری کەڕار و شاهی مەردان و باپیری باپیرەکان حەزرەتی سەرداری ڕۆحی مرۆڤایەتی بوو. ئەو لەم جیهانە ڕۆشنەدا چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، بەختیارێکە کەوا هەمیشە بە قومدان لە ئاوی کەوسەر  قەد و باڵای گرتووە و هەمیشە مرۆڤێکی دڵ و ڕۆح بووە کەوا ڕووی لە جەنابی حەق بووە. بە شێوەیەک کەوا لە خەو و خولیاکانیشدا شتی خراپی نەناسیوە، لەگەڵ هەموو چاوتروکان و کردنەوەیەکیدا بە تەماشای خەرمانە لە هۆش خۆی چووە، بە شێوەیەکی بەردەوام بە تامەزرۆی گەشتن بەو ئاڕاستەی کانگای داباری مەعنەوییە(فیض)، لە شەقەی باڵی داوە.

ئەمە هەست و بیرکردنەوەکانی بووە و، وێڕای ئەوەی ئارەزوو و ئەمەلی هەردەم لەسەر ئەو ڕێچکە نورانی بووە بەو تێبینیەی دەڵێت:

“ئەوەی جانانی دەوێت دەغدەغەی گیانی دەیگرێت؟

ئەوەی جانانی بوێت، ئەندێشەی گیانی دەیگرێت”، هەمیشە خۆی سفر کردۆتەوە و هەمیشە هەر وتوویەتی “ئەو” و چاوەکانی بە تەواوی بە ڕووی جیهانی بێگانەدا داخستووە. لە ڕاستیدا ئەو لە ڕێگەی چاو و بەسیرەتیەوە، بە شیوەیەکی بەردەوام لەسەیر و تەماشای خەرمانەدا بوو. دڵی بە هەیجانی ئەوەی لەگەڵ ئەواندا لەسەر هەمان ڕۆشناییە خەریکی ترپە ترپ و لێدان بوو، بە تامەزرۆیی ئەوەی حەقی بەندایەتی خۆی لەسەر ئەم ئاستی لوتکەیە ببات بەڕێوە، هەڵدەستا و دادەنیشت.

لەم بابەتەدا بێ ئەوەی بە دەستی نەداری وشەوە گیر بخۆم، هەوڵ دەدەم لە خولگەی کرۆک و واتای بابەتەکە نزیک ببمەوە و، هەندێک جاریش بەسەر هەندێک لە لقەکانی بابەتەکەدا باز هەڵدەدەم و لە نێو ئەو هاوارە چنگ لەسەرشانانەی کەوا لەلایەن ئەوەوە گوزارشتی لێکراوە دەسوڕێمەوە، هەندێک جاریش لە ڕێگەی تێهەڵکێشی هەندێک تێبینیەوە هەڵسەنگاندنێکی بابەتەکە دەکەم و، هەوڵی گەیاندنی کڕوزانەوەکانی ناو ناخی ئەو بە نەفسگەلێکی وەک نەفسی خۆم دەدەم. ئێستا بێ ئەوەی کرۆکی واتای گوزارەکانی نادیدە بگرین، یەکێک لەو کڕوزانەوانەی ناو ناخی حەزرەت  کەوا هەرگیز لە دەمی نەدەکەوتە خوارەوە، دەخەمە ڕوو کەوا بەم شێوەیە بوو:

” ئەی پەروەرێنم، بە هۆی ئەو خەتا و گوناحانەی ئەنجامم داوە، بەرگی سەرشۆڕیم بەسەر ڕۆحمدا داوە. بە هۆی دوورکەوتنەوە لە تۆ – ئیدی نازانم بە چی دەڵێت دوورکەوتنەوە- خۆم لە نێو بەرگێکی زۆر جددی سوکیدا بینی. بە هۆی ئەو هەڵە دێوئاسایانەی ئەنجامم داوە – حاشا سەدان هەزار جار- دڵم ڕەش بوەوە و پەنا بە تۆ دەگرم ئەی تەنیا خۆشەویست و مەبەست و ئامانجی من! بە هەستێکی زۆر جددی تۆبەوە، ڕووکردنە دەرگاکەی خۆتم لێ قبوڵ بکە، بە زیندووبوونەوەیەکی پاش مەرگ، من بە زیندووبوونەوەیەکی تەڕ و تازە بگەیەنە -دەی گەر تۆ زیندوو نەبیت، ئیدی نازانم کەسانێکی وەک من کەوا چەشنی گۆڕی گەڕیدەن چی بە خۆیان بڵێن و چۆنی بکڕوزێنەوە- سوێند بێت من هیچ کاتێک جگە لە تۆ کەسێکم نەناسیوە کەوا بتوانێت ساڕێژی برینەکانم بکات و ببێتە دەرمانی دەردم. نەمناسیوە و وێڕای هەموو شتێک دەست لەسەر سنگ لە حزوری تۆدا وەستاوم و چاوەڕێی لێخۆشبوونی تۆ دەکەم. خۆ گەر بەندەی خۆت ڕاوبنێیت، ئەوا دەتوانم ڕووی لە دەرگانەی کێی تر بکەم و پەنا بۆ کێی تر ببەم؟ واوەیلا بە حاڵم گەر لەو دەرگایەی تۆ دەربکرێم، واوەیلا بەو حاڵی خەجاڵەتیەم!”

ئەی نوری چاوەکانم، ئێمە کەسانێکی وەک تۆ و ئێوەمان لە ئاوێنەکانی سیرەدا ناسی کەوا ڕوویان لە زەوییە و لە ناخیانەوە خەریکی ناڵینن. گەر ئەوەی بووەتە هۆکاری ئەم ئاخ و داخ هەڵکێشانەت، لە روانگەی پەیوەندی بەرفراوانت بە جەنابی حەقەوە، بریتی بێت لەو تەمومژە کاتیەی کەوا هەندێک جار ڕوو لە خەوەکانت و خەیاڵەکانت دەکەن، گەر ئەمانە ئەم هەموو ئاخهەڵکێشان و ناڵەیەی لە تۆ هەستاندبێت، وای چەندە بەختەوەریت… وای بە حاڵی بەدبەختەکانی ئەم سەردەمەش کەوا چەشنی من هەموو تەمەنیان لە نێو ئەو تەمومژەدا بەسەر بردووە و خۆیان بە خواناسیش دەزانن!

هەر بەم قسانەش دەستی  هەڵنەگرتووە و نەغمەیەکی تر دەخاتە سەر بەستەی ناڵینەکانی و، لە ناخیەوە خۆی زیاتر دەخواتەوە و دەچێتە قۆناغێکی جیاوازی کڕوزانەوە و دەڵێت:

ئەی پەروەرێنی مەزن باڵام کەوا لە گەورەترینی گوناحەکانم خۆش دەبیت و بە شەفقەتەوە ساڕێژی ئەو سینانە دەکەیت کەوا شەق شەق بوون. داوای لێخۆشبوون لەو گوناحانەم دەکەم کەوا شەرمەزارم دەکەن، داوای داپۆشینی ئەو گوناحە شەرمئاوەرانەی خۆمت لێدەکەم. لەو کەسانەم بگێڕە کەوا لە نێو کەشوهەوای گەرموگوڕی ڕەئفەت و ڕەحمەتی خۆت داڵدەت داون و، هیوا و دەرۆزەی ئەوەت لێدەکەم کەوا لەم بەندەیەی خۆشت خۆش ببیت”.

خۆزگە لە سەدای یەکی ئەم کڕوزانەوەیە لە دونیای ئەو ڕۆحە مێگەلئاسا لاساییکەرەوانەشدا بوونی هەبووایە کەوا ژیانیان لە پەرستگاکان بەسەر دەبەن و، لە تەکیە و خانەقاکان پۆز لێدەدەن، تەمەنیان لە هێلانەکانی غەفڵەتدا بەسەر دەبەن کەوا لە ڕواڵەتدا خەریکی خوێندنی دینیە و، ژیانیان هەر بە پرتەوبۆڵەی ” من ئەنجاممدا، من کردم” دەبەنە سەر…

حەزرەت لە ترۆپکی ناڵینەکانیدا بەردەوامە لە هەڵڕشتنی ناخ و ناڵینەکانی و دەڵێت:

” ئەگەر تۆبە و ئینابە لە گوناحەکان بریتی بێت لەوەی لە دڵەوە هەست بە پەشیمانی بەرامبەر گوناحەکان بکەیت، ئەوا سوێند بێت من هەزاران جار لە گوناحەکانم پەشیمانم. گەر وتنەوەی “استغفرالله” بە ناوی داوای لێخۆشبوون لە گوناحەکان و بەرزبوونەوەی نزاکان هۆکارێک بێت، ئەوا بەوپەڕی پەشیمانی ناو ناخمەوە دەناڵێنم و وەک بێچارەیەک کۆیلەی دەرباری تۆ داوای لێخۆشبوونت لێدەکات…

وەک ڕیزی من بەرامبەر ئەو بەسەر هەندێک لە کڕوزانەوەکانیدا تێدەپەڕێم و دیسان لەسەر هەڵڕشتنەکانی ناو ناخی بەردەوام دەبین کە دەڵێت:

ئەی پەروەردگارم کەوا دەرگای تۆبە و ئینابە هەتا پشت بۆ بەندەکانت ئاوەڵا دەکەیت، وەک مژدەیەک لە ژێر ناونیشانی توبة-انابة دەیخەیتە بەردەممان کاتێک دەفەرمویت” ئەی بەندە ئیماندارەکانم، لەوپەڕی دڵ و ناخانەوە بە تۆبەکردنەوە ڕوو لە پەروەردگارتان بکەنەوە”، هەر خۆتیت کەوا بەم فەرمانە جەلیلەی خۆت ئێمە بەرەو دەرگای ئەحەدیەتی خۆت بانگهێشت دەکەیت، گەشتنی ئەوانەی ڕوو لەم دەرگایەی تۆ دەکەن بە چاوەڕوانیەکانیان، داخوازی کەرەم و بەخشندەیی تۆیە. بەڵێ، هەڵە و گوناح لە بەندەکانی تۆ نایەت، بەڵام گومانیش لەوەدا نیە کەوا لیبوردەیی و لێخۆشبوونیش لە کەرەمکانێکی وەک تۆ دەوەشێتەوە”.

با ئەمانەشی بۆ زیاد بکەین:

کەرەم بکە و کەرەمت مەبرە لە بێنەوایان

کەرەم نەکردنی خاوەن کەرەم گونجاوە لەگەڵ گەدایان؟!…(محمد لوتفی)

گیانە موحتاجەکان هەمیشە بەم جۆرە تیبینیانەوە نیازەکانی خۆیان پێشکەش کرد. ئەگەر ئەمە وەک بێ ڕێزی ئەژمار نەکرێت بەرامبەر جەنابی حەق، منیش هەمان تێبینی ئەوان دەڵێمەوە…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *