ئەو ئەرکانەی دەکەوێتە سەرشانی قارەمانەکانی چاکسازی

 

مۆدێرنیتە کاریگەریەکی زۆر جددی لەسەر هەموو کەسێک هەبووە. موسوڵمانەکانیش لە کاریگەرێتی مۆدێرنیتە ڕزگاریان نەبووە. تەنانەت لە بابەتی شیکاریی و ڕاڤەی هەندێک لە مەلاکاندا، دەشێت کاریگەری ئەم بابەتە ببینرێت. سەرئەنجام لەم بابەتەدا بوونە کەسێکی دی بە شێوەیەکی زۆر جددی ڕوویداوە. لە بەهاکانی خۆمان دوور کەوتینەتەوە.

ئیدی بابەتی ئەوەی جارێکی تر سەرلەنوێ لە بناغەی دینەوە هەتا دەگاتە لقەکانی، یاخود جارێکی تر بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ چیەتی خودی فەرمانەکانی دیندا ژیان دەکرێت یان نا، ئەمە بابەتێکە کەوا نایزانم. بەڵام دەتوانین ئەوە بڵێین: لەبەرئەوەی ئەو وێرانکارییەی ڕوویداوە زۆر گەورەیە، بابەتی کۆکردنەوە و یەکخستنەوەی ئەو پارچانەی پەرشوبڵاوبوونەتەوە و شێواون، گەڕاندنەوەیان بۆ ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان، وابەستەی نۆژەنکردنەوەیەکە کەوا کاتێکی زۆر دەخایەنێت. لەوە دەچێت ئەم کارە لەسەر دەستی نەوەیەک فەراهەم نەبێت. چونکە لەم کارەدا کات و بارودۆخەکان، دەستێوەردانێکی زۆر گرنگیان لەم بابەتەدا هەیە. لە دونیایەکدا کەوا بەرەو جیهانیبوون دەڕوات، لەم کۆڕاڵەدا کەوا خەریکە دێتە کایەوە، بابەتی دۆزینەوەی نەغمە و دەنگی خۆمان هەروا کارێکی ئاسان نیە. ئەم جۆرە پێشهاتانە وابەستەی کاتن.

**

بناغەکانی نوێنەرایەتی و بانگەوازکردن

لە حاڵێکی لەم شێوەیەدا، پێویستە قارەمانەکانی بواری چاکسازی لە نێو ئاگاییدابن بەرامبەر کێشەکان و، بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ ڕۆحی زەماندا، بەردەوامی بە هەوڵ و کۆششەکانیان بدەن لە بواری چاکسازیدا. دەبێت ئەوان لە پێش هەموو شتێکدا، بە شێوەیەکی کامڵ نوێنەرایەتی ئەو ڕووەی ئیسلام بکەن کەوا ئیرەییئاوەر و جێگەی چاولێکردنە. دواتر بێ ئەوەی زۆر لە کەس بکەن، بێ ئەوەی ئەو دینە گران بکەن کەوا لەسەر بنەمای ئاسانکاری دامەزرێندراوە، بێ ئەوەی مرۆڤەکان ڕاوبنێن، بێ ئەوەی بناغەکان بکرێنە قوربانی وردەکاریەکان، حەق و حەقیقەت بە سینە ئاتاجەکان بگەیەندرێت. سەرەتا لە ژیانی خێزانیمانەوە دەست پێبکەین، دواتر لەسەر ئاستی وڵاتەکەمان و هەموو دونیا لەسەر بابەتەکانی زەروریات و پێداویستیەکان هەڵوێستە بکرێت، شەڕ لەسەر وردەکاریەکان بەرپا نەکرێت.

لە بناغەوە ئەوەی لەسەر شانی کەسی ئیماندارە، تەواوی ئەو بابەتەی پەیوەندییان بە دینەوە هەیە، لە سونەتەکانەوە هەتا دەگاتە ئادابی جێبەجێکردنیان، بەوپەڕی هەستیارییەوە هەوڵی جیبەجێکردنیان بدات. بەڵام کاتێک ئەم کارەش ئەنجام دەدەن پێویستە بە گوێرەی ئامۆژگاریەکانی سەردارمان بێت و ئاسانکارانە و مژدەپێدەرانە بێت. واتە هەرگیز لە بنەماکاندا کەموکورتی نەنوێنێت، لە وردەکاریەکانیشدا زۆر دەمارگیر نەبێت. نابێت بە هۆی گیرخواردن بەم بابەتانەوە مرۆڤەکان لە دین سارد بکرێنەوە و لە     چواردەوری خۆی دووریان بخاتەوە؛ بە پێچەوانەوە دەبێت هەردەم ئیرەییئاوەر و سەرنجڕاکێشبێت.

ئەگەرچی بەکارهێنانی دەستەواژەی کونەڕەشەکان بە نیسبەت کەسی موسوڵمانەوە خۆش نیە بەلامەوە، بەڵام کەسی موسوڵمان پێویستە  چەشنی کونەڕەشيکان خاوەنی هێزێكی ڕاکێشانی زۆر بەهێز بێت. وەک ئەوەی لای هەمووان ئاشکرایە، کونەڕەشەکان خاوەن هێزێکی ڕاکێشانی وەهان هەموو شتێکی نزیک لە خۆیان ڕادەکێشن. هەربۆیە کەسێکی ئیماندار، لە ڕێگەی فکر، دونیابینی، داوەری ژیری، لۆجیک و درەوشاوەیی ئەو نوێنەرایەتیەی ئەنجامی دەدات، بێ ئەوەی هیچ کاتێک توشی کوژانەوە بێت، هەردەم خاوەنی ئەو هێزی ڕاکێشانە بێت. هەرکەسێک کەوا دەیبینێت، پێویستە بڵێت” وەڵڵاهی لە سیمای ئەم مرۆڤەدا درۆ بوونی نیە!”

لە زۆر بۆنەی جیاوازدا ئاماژەم بە وتەیەکی ئوستاد نەجیب فازڵ کردووە. ئەو هەمیشە ئاماژەی بەوە دەکرد کە پێویستە کەسی ئیماندار وەک شەکری کڵۆ بێت. کڵۆ شەکرێک کە تەنانەت گەر فڕێی بدەیتە ناو دەریا و زەریاکانیشەوە بیانگۆڕێت بە شەربەت. دەتوانین ئەم بابەتە بە وتەکانی حەزرەتی پیریشەوە ببەستینەوە:” گەر لە شوێنێکدا یەک خوێندکارم هەبێت، وەها ئەژمار دەکەم ئەو شوێنەم فەتح کردووە”. وای ئەمە چی هیممەتێکی باڵایە! ئەو هەمیشە کتومت لەگەڵ ئەم وتەیەی خۆیدا ژیا. بەردەوام هاواری ئەوەی کردووە کە بێئومێدی لەمپەرێکە لەسەر ڕێگای گەشتن بە کەماڵ و، بۆ ئەوەی مرۆڤەکان نەکەونە ناو گەرداوێکی لەو شێوەیە، خەریکی پەلەقاژە بووە.

خۆ گەر ئەو بەهایانەی باوەڕتان پێی هەیە و لەسەری دەژین و نوێنەرایەتی دەکەن، پێتان وەهابێت بە ناوی دونیا و ئاخیرەتی مرۆڤەکانەوە واتایەکی هەیە، ئەوا لەم بابەتەدا ناتوانن ڕەزیلی بکەن. بە پێچەوانەوە پێویستە زۆر بەخشندە ببن. پێویستە لە هەموو شوێنێک پێشانگاکانتان بکەنەوە و چەشنی ئیمامی ئاڵڤاری بڵێن” خۆری یەکتاپەرستی هەڵهاتووە، هەڕاجە و هەرکەس هەرچیەکی دەوێت با بیبات!”. پێویستە لە ڕێگەی کتێب، پانێل و کۆنفڕانسەکانەوە، بیرکردنەوەکانتان بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ هەلومەرج و ئاسۆی هزر و هەستی مرۆڤەکانی ئەمڕۆدا، بخەنە ڕوو. ئەمانە هەموویان ئەرکگەلێکن کەوا تایبەت بە ئێوەن.

لەم بابەتەشدا، لە چوارچێوەی تێڕوانینی زاناکاندا ئینجا ئیتر ئەم چوارچێوەیە بریتی بێت لە “هەڵبژاردنی ڕێژەیی”، یان لە شایستەبوون”الاستطاعة”، یان لە “مەیلکردن”، ئیدی الله هەرچیەکی بە ناوی ئیرادەوە بە ئێمە دابێت، پێویستە حەقی خۆی پێبدەین و، بێ ئەوەی ملیمێکی لێ بە فیڕۆ بدەین، هەتا دوا دڵۆپەی بەکاری بهێنین. پێویستە وەک بازرگان و سەرمایەدار و پیاوێکی کار هەنگاو هەڵبگرین، کاتێک بە سەرمایەیەکی زۆر بچوکەوە بە ئاڕاستەی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زۆر گەورە هەنگاو هەڵدەگرێت، پێویستە ئەو هەنگاوەی هەڵیدەگرین زۆر بە چاکی حسابی بۆ بکەین و ئیرادەمان بە شێوەیەکی سوودهێنەرانە بەکاربهێنین.

**

سازکردنی کەشوهەوای ئاشتەواویی لە جیهاندا

 

یەکێکی تر لەو ئەرکانەی لەسەرشانی کەسە خۆتەرخانکەرەکانە، بە تایبەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کەوا مرۆڤەکان تێرخواردنیان لە پەلاماردانی یەکتری نیە، لەم سەردەمەدا کەوا مرۆڤەکان بەربوونەتە خواردنی یەکتریی و لە ڕێگەی ئەو جەنگانەوە کەوا خۆیان هەڵیدەگیرسێنن تێرخواردنیان لە پەلاماردانی یەکتری نیە، لەم سەردەمەدا کەوا مرۆڤەکان بەربوونەتە خواردنی یەکتری و لە ڕێگەی ئەو جەنگانەوە کەوا خۆیان هەڵیدەگیرسێنن وڵاتەکان پارچە پارچە دەکەن، بریتیە لەوەی لە نێوان مرۆڤەکاندا پردگەلێک بونیاد بنێنن کەوا ڕووخاندنی بۆ نەبێت، وابەستەگیەکی زۆر بەهێز لە نێوانیاندا ڕێکبخرێت و بەم شێوەیە لە تەواوی دونیادا کەشوهەوای ئاشتەواویی باڵا دەست ببێت. مرۆڤەکان زۆر ئاتاجی ئەوەن کە جارێکی تر ئەوەیان بە بیردا بهێنرێتەوە کەوا هەموویان ڕۆڵەی حەزرەتی ئادەمن و ڕێگاکانی ژیانی مرۆڤانەیان پێ پشان بدرێت. لە دونیای ئەمڕۆدا کەوا بەردەوام ئاگری دوژمنایەتی و پێکدادان خۆش دەکرێت و لە هەموو شوێنێک چەکی کوشندە دروست دەکرێت، گەر لە تەواوی دونیادا کەشوهەوایەکی ئاشتەوایی لەو شێوەیە زەمینەسازی بۆ نەکرێت، ئەوا هیچ کەسێک دارای ئەوە نابێت ژیانێکی پڕ متمانە و ئاسایش و ئاسودەیی بەسەر بەرێت. لە جیاتی ئەوەی مرۆڤەکان شەڕ لەگەڵ یەکتری بکەن، دان لە یەکتری جیڕ بکەنەوە، یەکتری بخۆن، کارەکانی یەکتری بڕوخێنن، زۆرداری ئەنجام بدەن، دەسەڵاتێکی پاوانخوازی بەسەر کەسانی تردا بسەپێنن، پێویستە ئاسۆی هاوبەشیکردنی برایانەیان پشان بدرێت. بەڵام پێویستە ئەم کارەش بە گوێرەی هەلومەرجەکانی دونیای ئەمڕۆمان ئەنجام بدرێت. فکرەیەکی وەک “عوسمانلی نوێ” هیچ نیە جگە لە بیرکردنەوەیەکی فانتازیانە. حەزرەتی پیریش دەفەرموێت” یان نوێگەری لە حاڵ، یان ئاشبەتاڵ”. لەم ڕوانگەیەشەوە، ئەو کەسانەی بە مەبەستی فەراهەمکردنی ئاشتی و ئاشتەوایی لە تەواوی جیهاندا ملی ڕێگەیان گرتووە، بە شێوەیەکی ڕەها پێویستیان بەوە هەیە کەوا بە گوێرەی داخوازیەکانی دونیای مۆدێرن هەنگاوەکانیان هەڵبگرن، لەم بابەتەشدا هەتا چەندێک سەرکەوتوو بوون، پێویستە بێ دابڕان لە واقع هەوڵی جێبەجێکردنی بدەن.

لێرەدا دەبێت ئەوەش لە یاد نەکەین، کەوا ئەم کارە لەلایەن ستافێکی زۆر چاک پێگەشتوەوە ئەنجام دەدرێت. پێویستە هەم توێشوی ماددی، هەم توێشوی مەعنەوی ئەو جۆرە کەسانە پڕ بێت. پێویستە لە ڕوانگەی ئاوەز و هزر و لۆجیکەوە گەشتبێتە پێگەشتنێکی دیاریکراو و، لەم بابەتەدا خاوەنی دەستکەوتێکی زۆر جددی وەهابن، هەتا بتوانن یاسا و ڕێساکانی بوون و شەریعەت بە دروستی بخوێننەوە، بە دروستی هەڵیبسەنگێنن و هەموو شتەکان لە شوێنی گونجاوی خۆیان دابنێن. پێویستە یاسا و ڕێساکانی بوون لەو ڕوانگەیەوە بخوێننەوە کەوا قورئانی کەریم پێشکەشی ئێمەی کردووە. پێویستە لە تێبینی سروشتگەراکان و پۆزیتیڤیستەکان و ماددەگەراکان ڕزگاریان ببێت، هەموو شتێکی ئەم گەردونە بە ئەفرێنەرەکەیانەوە ببەستنەوە، بتوانن ئەم شتانە بەو شێوەیە بخوێننەوە کە تێبگەن لەوەی بە نیسبەت خۆیان و ئەفرێنەرەکەیانەوە گوزارشت لە چی دەکەن. واتە دونیای هزر و دڵی ئەوان، لەگەڵ کرانەوەی بە ڕووی سروشتدا، پێویستە بە ڕووی میتافیزکیشدا کراوە بێت. لە ڕاستیشدا پێویستە ئەو چۆڕاوگانەی لە ڕاست و چەپەوە دێن، هەریەکەیان وەک هێشوویەکی مەعریفەت لێبکات و، بڕینی پێگەکانی نزیکبوونەوە لەویش هەر وابەستەی کارێکی لەم شێوەیەیە.

**

پاراستنی “قوام” و چڕبوونەوەی مێتافیزیکی

بابەتی ئەوەی لە کاتی ڕاکەڕاک بە دوای بەرزکردنەوەی ناوی الله دا، پارێزگاری لە چڕبوونەوەی میتافیزیکی و ئاستی پێگەشتویی(قوام) بکەیت، کارێکی زۆر گرنگە. پیویستە بێ ئەوەی گیر بە شتە نەرێنیە وەرزیەکانەوە بخۆین، هەموو کاتێک هەر بە زیندویی بمێنینەوە؛ نە لە بەرامبەر سەرمای ڕەقکەرەوەی زستان و نە لە بەرامبەر گەرمای پڕوکێنەری بیابانەکاندا نەژاکێین و بێ ڕەنگ نەبین. {أَلَمْ تَرَ كَيْفَ ضَرَبَ اللَّهُ مَثَلاً كَلِمَةً طَيِّبَةً كَشَجَرةٍ طَيِّبَةٍ أَصْلُهَا ثَابِتٌ وَفَرْعُهَا فِي السَّمَآءِ* تُؤْتِي أُكُلَهَا كُلَّ حِينٍ بِإِذْنِ رَبِّهَا…

واتە ” تۆ سەیری ئەو نمونەیە بکە کەوا الله دەیهێنێتەوە: وتەی جوان وەک درەختێکی ڕەگئاژوو بە قوڵایی خاکدا وەهایە کەوا چڵ و پۆپەکانی هەتا ئاسمان گەشتووە، بە پشتیوانی پەروەردگاری هەرکاتێک خواستی لەسەر بێت میوەی خۆی دەدات”؛ وەک ئەوەی لەم ئایەتە کەریمەشدا ئاماژەی پێکراوە، پێویستە هەر چوار وەرزەکە پارێزگاری لە ڕەنگاوڕەنگی خۆمان بکەین و، هەموو کاتێک میوەی خۆمان ببەخشین.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت، پارێزگاری لە دەستکەوتەکان، زۆر لە بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتانە لە سەرەتاوە، سەختترە. دەشێت لە ڕێگەی هەوڵ و کۆششەکانتانەوە ببنە خاوەنی دەستکەوتێکی زۆر جددی، دەشێت لە ڕوانگەی پێگەکانی ناسینی الله (معرفة الله) و خۆشەویستی الله(محبة الله) هەندێک ئاستی دیاریکراو بەدەستبهێنن. بەڵام دەشێت دواتر لە ڕوانگەی پۆست و پلە و پایەوە هەندێک شت بێتە سەر رێگاتان کەوا سەرتان لێبشێوێنێت. یان لە بەرامبەر هەندێک زوڵم و فشاردا ڕێگە و ئاڕاستەی خۆتان بگۆڕن. دەشێت بە هۆی ترسەوە سازش لەسەر هەندێک لە بەهاکانتان بکەن. دەشێت بکەونە نێو چنگی هەندێک نەخۆشی وەک ئارەزوی ژیان و ڕەحەت و لەشپەرستی. دواتر هەندێک هەستی وەک حەسودی و ناحەزی و ئیرەیی بردن دروست ببێت. تەواوی ئەمانەش دەبنە هۆی ئەوەی کەسەکە ئاستی پێگەشتوویی(قوام) خۆی لە دەستبدات.

لەم سۆنگەیەوە، بێ ئەوەی توشی هەڵخلیسکان، هەڵنوتین، کەوتن و ڕزین ببین، چەشنی ئەو گوڵەگەنمانەی هەردەم بۆ سەرەوە دەڕۆن، مانەوەمان بە زیندویی زۆر گرنگە. ئێمە بە تەواوی نازانین کەوا الله بابەتی هاتنە دی ئامانجە خەیاڵییەکەمانی(غایەی خەیاڵ) بە چی شتێکەوە بەستۆتەوە. ئایا ئەم بابەتە پەیوەندی ڕاستەوانەی لەگەڵ گەشتن بە ئاستێکی پێگەشتویی(قوام) دیاریکراو یاخود بە پاراستنی ئەو ئاستە هەیە؟ یان ئایا کاتێک گەشتین بەو ئاستە دیاریکراوە لە پێگەشتن، یەکسەر ئەو شتانەی ئارەزوی دەکەین دێنە دی؟ یان ئایا ویستی ئیلاهی مەبەستێکی تری هەیە؟ ئێمە هیچ کام لەمانە نازانین. لە زانیاری الله دا هەموو شتێک کاتێکی دیاریکراوی هەیە. دەشێت هەموو کاتێک ئەو سەرئەنجامە نەهێنێتە دی کە ئێمە خوازیارین بێتە دی. ئیدی هەرچۆنێک بێت، ئەوەی لەسەرشانی ئێمەیە بریتیە لەوەی پارێزگاری لە ئاستی پێگەشتنمان بکەین، خۆمان بە خاوەنی ئەمانەتەکەمان بکەین، هەر ئەرکێک لەسەرشانمانە بێ کەموکورتی بەجێی خۆی بگەیەنین. لە ڕاستیشدا لە ڕوانگەی ڕوونکردنەوەی یەکێک لە ئایەتە کەریمەکانی قورئان، مرۆڤ جگە لەوەی هەوڵ و کۆششی خۆیەتی هیچی تری دەستناکەوێت. هەربۆیە هەرچیەک لەسەرو ئەمەوەیە بێت پەیوەندی بە ئێمەوە نیە. ئافراندنی سەرئەنجامەکان کارێکی تایبەت بە الله یە.            

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *