ئەو ئەرکەی لەسەر شانی کەسە خۆتەرخانکەرەکانە

 

هەندێک جار لەبەر ئەوەی هاتووینەتە دونیایەکەوە کەوا کێشەکان تێیدا لەسەر یەکتری کەڵەکە بوون، سکاڵا لە حاڵی خۆمان دەکەین. مرۆڤ وەک داخوازی سروشتی خۆی، بە دوای چاکە و کەماڵدا دەگەڕێت، بیری ڕۆژە جوانەکانی ڕابردوو دەکات و دەڵێت” خۆزگە لە ڕابردوودا بهاتمایەتە دونیاوە”. بە گوێرەی ئاڕاستەکردنی هەستەکانمان، هەندێک جار ئارەزووی ژیان لە سەردەمی هاوەڵان دەکەین، هەندێک جاریش چاو لەسەردەمی شوێنکەوتووانی هاوەڵان دەبڕین، بەم شێوەیە لە نێو پەڕە پڕ شانۆشکۆکانی مێژوودا دەسوڕێینەوە. وەک ئەوەی عاکیف بە هەستی هیجرانەوە دەریبڕیوە:

گەر لە دەوری گوڵدا بهاتمایە بولبولەکەی دەبووم

پەروەردگارا! چی دەبوو گەر پێشتر منت بهێنایەتە بوون؟

پێموایە ئەم جۆرە هەست و هزرە وەک تەرجومانی ئیحساسی زۆرێک لە ئێمەیە.

هەرچیەک بێت، مرۆڤ لە جیاتی هەڵهاتن لەو کێشانەی کەوا تێیاندا دەژی، پێویستە ڕووبەڕوویان ببێتەوە و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. مرۆڤ کەوا لەلایەن جەنابی حەقەوە وەک “جێنشین” ئافرێندراوە و، وەک ئاوەدانکەرەوەی سەر ڕووی زەوی بەکاری دەهێنێت، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هێندە کار هەیە کەوا ئەنجامی بدات، هەرکەسێک کەوا ئەم کارانە جێبەجێ بکات، دەشێت کەوا لە پلانی سێبەری الله دا  بیانگەیەنێتە ئاستی هاوەڵان. لەم ڕوانگەیەوە ئەوەی لەسەرشانی ئێمەیە بڵێین” پەروەردگارا، گەر لە سەردەمی گوڵدا بژیامایە نەمدەزانی دەبوومە چی،  وای چەندە چاکت کرد کەوا منت لەم سەردەمەدا هێنایە دونیاوە. حەمد و سەنا هەر بۆ تۆ بێت!”.

بێگومان هەموو کەسێکی ئیماندار، بە دوای هەلومەرجێکدا دەگەڕێت هەتا ئەو بەهایانەی باوەڕی پێیەتی لەسەریان بژی. بابەتی ئەوەی بیرکردنەوە و ویژدان باڵا دەست ببێت، هەموو کەسێک بەو شێوەیە بژی کە باوەڕی پێیەتی، بە ئاسانی نوێنەرایەتی ئەو بەهایانە بکات کە باوەڕی پێیەتی، هەلومەرجێکی دیموکراسیانە کەوا هەموو کەسێک بە ئاسانی گوزارشت لە بیرکردنەوە و فیکری خۆی بکات، وەک زۆرێک لە مرۆڤەکان خەیاڵی ئێمەشە. ژیان لە هەلومەرجێکی لەم شێوەیەدا کەوا کەلتوری دیموکراسی لەلایەن کۆمەڵگاوە پەسەند کراوە، گومانی تێدا نیە کەوا زۆر شت دەستی مرۆڤ دەخات. بەڵام بە قەناعەتی من، نۆژەنکردنەوەی قەڵایەک کەوا چەندین سەدەیە توشی داڕوخان بووە، نۆژەنکردنەوەی ئەو بەهایانەی توشی ڕوخان و شکان بووە، لە ڕێگەی ڕەواندنەوەی ئەو لادانانەی کەوا لە هزر و هەستەکاندا دروست بووە ئاڕاستەکردنەوەی سەرلەنوێی مرۆڤەکان بۆ ڕاستەڕێگاکە(استقامة)، لە سەرلەنوێ بەخشینەوەی فەزیڵەتە لەدەستدراوەکان بە کۆمەڵگا …بە کورتی، قوڵ هەڵماڵین لە پێناو “زیندووبوونەوەیەکی  پاش مەرگ”ی نوێ، ئەرکێکی گرنگتر و بەرهەمدارترە.

کاتێک سەیری گەورەیی و گرنگی ئەو ئەرکانە دەکەین کەوا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا دەکەوێتە سەرشانمان، بابەتی ئەوەی لە دڵمانەوە نەڵێین” پەروەردگارا وای چەندە چاکە کەوا ئێمەت لەم سەردەمەدا هێناوەتە دونیاوە”، لە دەستی ئێمەدا نیە. چونکە ئەمە، ئەرکێکە کەوا پێغەمبەران وەک ئەمانەت بەجێیانهێشتووە و، بە واتای نوێنەرایەتیکردنی دەرکەوتی درەوشانەوەیەکی جیاوازی ئەو ئەرکە دێت، تەنانەت گەر لەسەری پلانی سێبەری ئەو کارەش بێت. کاتێک ئەمەش گوزارشت لە جێدەرکەوتێکی شتی زۆر جیاواز دەکات، گومان لەوەدا نیە کەوا مژدەی زۆر شتی جیاوازمان پێدەدات. جێدەرکەوتێکی لەم شێوەیە کەوا مرۆڤ دەگەیەنێتە ترۆپکی کەماڵی خۆی،  هەرگیز بە سوک ناگیردرێت و پێویستە نەگیردرێت.

لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە زۆر بە باشی ئەوە بزانین کەوا لە شوێنێکی چۆنیدا وەستاوین و چی ئەرکگەلێکمان لەسەرشانە، دواتر بە ناوی ئەوەی حەقی پێگەی خۆمان بدەین ئەوەی لە دەستمان دێت ئەنجامی بدەین. ئەگەر لەسەر ڕێچکەیەکی لەم شێوەیە هەنگاو هەڵبگرین، دەشێت ئەوە بڵێین کەوا لەسەر ڕێگەیەکی چاک دەڕۆین و لەسەر بەندەرێکی چاک وەستاوین و لەسەر ڕەمپایەکی باشین. مرۆڤ لە ڕێگە یان ڕەمپە و بەندەرێکی لەم شێوەیەدا، بە گوێرەی ئامادەگی و سەمیمیەتی خۆی، دەشێت بە ڕووی بێ کۆتادا بکرێتەوە. 

**

ناوازەیی نیەت

تایبەتمەندیەکی تر کەوا پێویستە لەم بابەتەدا سەرنجی لێبدرێت، تەواوی چالاکی و کردارەکان بە ئیخلاسەوە ئەنجام بدرێن و بە شێوەیەکی ڕەها بە ڕەزامەندی الله وە ببەسترێنەوە. لە حاڵێکی لەم شێوەیەشدا، ئەو کارانەی ئەنجام دەدرێن هەم بەرەکەتێکی جیاوازیان تێدەکەوێت، هەم ئەو کەسانەی ئەنجامیان دەدەن پاداشتگەلێکی گەورەیان دەستدەکەوێت. ئیخلاس، تەنیا شتێکی وابەستە بە نوێژ، ڕۆژوو، زەکات و حەجەوە نیە. بە پێچەوانەوە، هەر کارێک کەوا ئەنجام دەدرێت دەشێت بە ڕەزامەندی الله وە ببەسترێتەوە و پێویستە بیشبەسترێتەوە. بابەتی ئەوەی مرۆڤ لە پێناو الله بیڕێسێت، لە پێناو الله دەست بە کارەکانی بکات، لە پێناو الله چاوپێکەوتنەکانی ئەنجام بدات، لە پێناو الله قسە بکات، لە پێناو الله بخەوێت، لە پێناو الله هەڵبستێت، لە پێناو الله زەردەخەنە بکات هتد… پێویستە وەک ئامانجی ژیانی خۆی لێبکات. کاتێک بەردێکی سەر ڕێگا هەڵدەگرێت کەوا ئەگەری زیان گەیاندنی بە مرۆڤەکان هەیە، کاتێک دەست بۆ لێقەوماوان درێژ دەکات، کاتێک کێشەی نێوان مرۆڤەکان چارەسەر دەکات، کاتێک مرۆڤەکان لە خاڵێکی هاوبەشدا کۆدەکاتەوە هتد… پێویستە هەردەم ڕەزامەندی و خۆشنودی الله ی بە ئامانج گرتبێت. هەربۆیە لەو کاتەدا تەواوی کارەکان، لە ئاخیرەتدا ڕەنگدانەوەیەکی جیاوازی دەبێت.

گەر کەمێک زیاتر بابەتە ڕوون بکەینەوە، هەندێک جار دەشێت لە ڕێگەی تیمارکردنی تاکە مرۆڤێکەوە، کەوا تەندروستی خۆیی بۆ بگێڕیتەوە، ئازار و ناسۆریەکانی بڕەوێنیتەوە و، نزای خێری ئەو کەسە وەربگریت، کەسێکی ئیماندار بە گوێرەی ئیخلاس و سەمیمیەتی خۆی دەشێت لە ڕێگەی ئەم کارەیەوە بگاتە ئاستی یەکێک لە دۆستانی خودا. مادام وەهایە، گەر وابەستە بە ڕەزامەندی الله چارەسەری شێرپەنجەکانی ناو کۆمەڵگا بکرێت کەوا وەک گانگرینی لێهاتووە، دروستکردنی پڕۆژە بۆ ڕێگری لەو شەڕ و پێکدادانانەی لەسەر ئاستی مرۆڤایەتی ڕوودەدەن، بابەتی ئەوەی کە چەندە عبودیەتێکی گشتگیرە، خۆتان هەستن بەوەی حساباتی بۆ بکەن.

سەردارمان جیهانگەرایە، واتە بۆ هەموو مرۆڤایەتی ڕەوانە کراوە. ئێمەش وەک ئومەتی ئەو، ئەوەمان لەسەرشانە لسەر ئاستی جیهانی نوێنەرایەتی پەیامی پێغەمبەرایەتی ئەو بکەین. ئەگەر ببینە خوازیاری ئەمە و هەردەم بەم نیەتە هەستین و دابنیشین، لەم بابەتەشدا هیممەتان بەرز ڕابگرین، پاداشتەکەمان بە گوێرەی ئەمە دەبێت. چونکە مرۆڤەکان بە گوێرەی نیەت و هەوڵ و کۆششیان پاداشت وەردەگرن، نەک بە گوێرەی سەرکەوتن و سەرئەنجامی کارەکانیان! لەبەرچی لە چوارچێوەی بەرتەسکی کارەکانماندا خۆمان لە بەرامبەر الله بخەینە ناو چاوەڕوانییەوە؟ لەبەرچی چارۆکەمان بە ڕووی بەرفراوانی و ناوازەیی نیەتماندا هەڵنەدەین؟ مادام کردەوەکان بە گوێرەی نیەتەکانن و، الله بە گوێرەی نیەتەکان پاداشتی مرۆڤەکان دەداتەوە، ئایا ئەوەی لەسەرشانی ئێمەشە بریتی نیە لەوەی سوود لە بەرفراوانی و عەزمی نیەتەکانمان وەربگرین؟  پێویستە هەردەم ئاستەکان لە سەرەوە دابنرێن، هیممەتەکانیش هەردەم بەرز ڕابگیردرێن. بۆ نمونە لە جەمسەری باکوری زەوییەوە هەتا جەمسەری باشوری زەوی، لە ئەنتارتیکاوە هەتا گرۆنلاند، لە کوێدا مرۆڤ بوونی هەبێت، بە تەواوی ئەمانە بگەیت، تەواوی ئەم مرۆڤانە لە چواردەوری کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش کۆبکەیتەوە، لەیەکتێگەشتن و ڕێکەوتنی نێوانیان بە ئامانج بگیردرێت. هەوڵی ئەوە بدەین لە دونیادا شوێنێک نەمێنێت کەوا شەبەنگی هەست و هزرەکانمانی پێنەگەشتبێت. بابەتی ئەوەی ئامانج و ئایدیاڵەکانمان بەرز ڕابگیردرێت، لایەنێکی ناوازەی نیەت و عەزمە. کەسێک کەوا هەردەم بەم هەست و هزرەوە هەڵدەستێت و دادەنیشێت، الله چەشنی ئەوەی ئایدیاڵەکانی بە شوێنی خۆی گەیاندبێت، پاداشتی دەداتەوە.

**

وابەستە مانەوە بە واقعەوە

لێرەدا وەبیرهێنانەوەیەک سوودی خۆی دەبێت. بابەتی ئەوەی ئامانج و ئایدیاڵەکانمان بەرز ڕابگرین، نابێت ببێتە هۆی ئەوەی لە واقع داببڕێین. بە پێچەوانەوە، پێویستە تەواوی ئامانجەکانمان لە چوارچێوەیەکدا بە هەند وەربگرین کەوا دارای هێنانەدی بێت. کاتێک ئامانجەکان دیاری دەکرێن، بێگومان پێویست بەوە دەکات کەوا کات و شوێن و ئیمکانەکان لەبەرچاو بگیردرێت. ئەو هەنگاوانەی پێویستە هەڵبگیردرێت بە دروستی دیاری بکرێن، ئەمانە بە قۆناغی دیاریکراوەوە ببەسترێنەوە. ئەگەر هەندێک لە بابەتەکان پێویست بەوە بکات حەواڵەی نەوەی داهاتوو بکرێت و وەک ئەمانەت بۆ ئەوان جێبهێڵدرێت، پێویستە لێرەدا پەلەپەل نەکرێت.

بە کورتی؛ لە پاڵ ناوازەیی نیەت و بەرزی ئامانجەکاندا بابەتی واقعی بوونیش زۆر گرنگە. بێ هیچ گومانێک پێویستە هەلومەرجی ڕۆژگار، ئەو ئیمکانانەی خاوەندارێتییان لێدەکرێت و سەرچاوە مرۆییەکان، ناڕەحەتی و قورسییەکانی ڕێگا، لەمپەرەکانی ئەو ڕۆحانەی خۆیان وابەستەی دوژمنایەتی کردووە، حسابی بۆ بکرێت. واتە پێویست بەوە دەکات هێزی جەمسەرە چەکەکان لەگەڵ هێزی جەمسەرە خراپەکان پێکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، لە پاڵ ئەو ستافەی لەبەردەستدایە دوژمنایەتی سەنگەری ڕکابەرەکانیش نادیدە نەگیردرێت. گەر بچنە نێو کۆمەڵێک تێبینی خەیاڵی وەک ئەوەی بە هەناسەیەک تەواوی مرۆڤایەتی بگەیەنن بە کەناری سەلامەتی و قەیسەر و کیسراکان تەختی زەوی بکەن، دوای ماوەیەکی کەم دەکەونە ناو بێ ئومێدی، تێکشکان لە دوای تێکشکان بەسەردا دێت.  چونکە ئەم جۆرە بیرکردنەوانە، بە پێچەوانەی واقعی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە. هەتا ئێستا ڕووداوگەلێکی دەراسای لەم شێوەیە ڕووی نەداوە.

ئەگەرچی عاکیف لە شوێنێکدا دەڵێت:

لە هەناسەیەکدا عالەمی ڕزگاری کرد ئەو مەعسومە

لە گورزێکدا قەیسەر و کیسراگەلێکی تەخت کرد

هەژارانیش کە تەنیا مافی پلیشانەوەیان هەبوو زیندوو بوونەوە

زوڵمیش کەوا بە ئەقڵی زاڵمدا نەدەهات، تۆپی

بەڵام کاتێک سەیری ژیانی جوانی سەردارمان دەکەین، ئەوە دەبینین کە ڕزگاری مرۆڤایەتی بە گورز و هەناسەیەک نەبووە، بەڵکو بەرهەمی ٢٣ ساڵ ژیانە کەوا ئەتەمینەکەی بە ناسۆر و ئازار هۆنراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە بابەتە لە سەردارماندا تەواو نەبووە. کاتێک ئەو بەرەو لوتکەی ڕۆحی گەڕایەوە، چەند ڕووداوێکی هەڵگەڕانەوە سەریهەڵدا و، سەردەمی پێکدادان و فیتنە بەردەوامی هەبوو. خۆ گەر هەریەک لە حەزرەتی ئەبوبەکر، حەزرەتی عومەر، حەزرەتی عوسمان و حەزرەتی عەلی بوونی نەبووایە –لە پلانی هۆکارەکاندا- لەوە دەچوو ئەو  ئەمانەتە نەگات بە شوێنی خۆی. چونکە ئەوان ڕووداوەکانی هەڵگەڕانەوەیان سەرکوت کرد، زۆرێک لە قەومە هەڵگەڕاوەکانیان گیڕایەوە ناو شیرازەی خۆیان، مەترسیەکانیان ڕەواندەوە، گەر بە شێوەیەکی کاتی و سنورداریش بێت، بوونە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان یەکتری لە ئامێز بگرن.

بەڵێ، هەندێک شت وابەستەی ڕؤژمێرێکی دیاریکراوە، ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارانە بە شێوەیەکی خێراتر مومکین نیە. ئەگەرچی بابەتی ئەوەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا تەکنەلۆژیا زۆر پێشکەوتووە ڕاستییە و، بە سوود وەرگرتن لەمانە هەتا دوا ڕادە، زۆر شت دەتوانرێت بە شێوەیەکی زۆر خێراتر و ئاسانتر ئەنجام بدرێت. بەڵام ئێوە هەرکام لە ئیمکانەکانی خۆتان سەفەربەر دەکەن بیکەن، ئەو کاریگەریەی سەردارمان لە ڕێگەی هێزی قودسی خۆیەوە ئەنجامیدا کەوا بە شێوەیەکی تایبەت جێدەرکەوتی ئیلهام و بەخشندەیی پەروەردگاری بوو، ئێوە ناتوانن ئەنجامی بدەن. هەربۆیە لە پێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە خەیاڵییەی هەیە، دەبێت ئەو ڕێگەیەی لەسەری دەڕۆن زۆر واقعی و ئاقڵانە بێت.

**

تەنیا ئامانجی خەیاڵییمان

لە ڕۆژگاری ئەمڕؤماندا زۆرن ئەو کەسانەی کەوا تەواوی بابەتەکانیان لەسەر بنەمای گومان و دوودڵی بونیاد ناوە و، بەردەوام بە پارانۆیاوە دەژین، هەردەمیان کردەوە دەڵێن” تۆ بڵێی فڵان و فیسار حسابیان نەبێت”.  لێرەدا بە مەبەستی ڕێگری لەم تێگەشتنە هەڵانە، ڕوونکردنەوەیەکی کورت بە پێویست دەزانم:

بەڵێ، ئێمە حساب و داوا و ئامانجێکمان هەیە. ئەویش بریتیە لە ڕەزامەندی الله، وەک گەورەترین هۆکاری بەدەستهێنانی ئەمەش،  ئامانجی خۆشەویستکردنی ئەو لای مرۆڤەکان و، خۆشەویستی خستنە نێو مرۆڤەکانمان هەیە. جگە لەمە، بیرکردنەوەی لە شتێکی تر بە حەرام دەزانین. ئەو مرۆڤانەی خۆیان وابەستەی ڕەزامەندی ئیلاهی کردووە، نە دەبنە داواکاری ڤیلا و خانووی کەنار دەریاکان، نە بە دوای شۆرەتدا ڕادەکەن، نە چاویان دەبڕنە پۆست و پلە و پایەی دونیایی. ئەوان دڵوابەستەی جوانییەکی وەها بوون، دابڕانیان لەو بە ئیهانەت و سوکایەتی کردن بە خۆیان دەزانن.

با حەوت عالەم بزانێت کەوا ئێمە جگە لە ڕەزامەندی الله تێبینیەکی ترمان نیە. تەواوی خەمی ئێمە ئەوەیە خۆشەویستی الله بە تەواوی دڵەکان بگەیەنین و مرۆڤەکان لە چواردەوری خۆشەویستی کۆبکەینەوە. ببینە یاریدەدەری بونیادنانی دونیایەک کەوا مرۆڤەکان یەکتری تێدا ناخۆن و ناپلیشێننەوە و ناڕوتێننەوە. بریتیە لە بونیادنانی دونیایەک کەوا هەموو کەس لە پێگەی خۆیدا قبوڵ کرابێت، هاوبەشیکردن و پاڵپشتی کردنی یەکتری تێیدا باڵا دەست بێت، ستەملێکراوان و زوڵملێکراوان بە تەنیا جێنەهێڵدرابێتن. باوەڕمان بەوە هەیە کە مرۆڤایەتی پێویستی بە بیستنی دەنگێکی نوێ هەیە و، ئەمەش  بە نیسبەت مرۆڤەکانەوە هێندەی ئاو و هەوا گرنگە. ئێمە نازانین ڕووتاندنەوە و خراپبەکارهێنانی مرۆڤەکان چییە. ئەگەرچی زۆرینەی کاتەکان نەزانین بە واتای کەموکورتی دێت، بەڵام نەزانینی هەندێک شت بە واتای کەماڵ و کامڵێتی دێت. ئێمە لە هەمان کاتدا نازانین جیاکاری و وەدەرنانی مرۆڤەکان چییە. ئێمە بەرامبەر ڕەنگ و ڕەگەزە جیاوازەکان، خۆمان بە کوێری “ڕەنگ” و “ڕەگەزەکان” پێناسە دەکەین. هەستێکی بێوێنەی خۆشەویستی وەهامان هەیە، ئارەزوی ئەوە دەکەین کەوا چەشنی عومان جۆش بسەنین و دەستی یارمەتی بۆ هەموو کەسێک درێژ بکەین هەتا تاکە دڵێکی خەمبار بوونی نەمێنێت. بە چوار چاو چاوەڕێی هاتنی ئەو ڕۆژانە دەکەین کەوا مرۆڤەکان دەستی یەکتریان گرتووە و هاوبەشی خەم و هیواکانی یەکترن و پێکەوە دەگرین و پێدەکەنن.

بە کورتی، هەوڵی خستنەڕووی چنراوی ئەتەمینێکی نوێ دەدەین کە تاڵەکانی لە خۆشەویستی و موحیبەت و شەفقەت پێکهاتبێت. لەو باوەڕەداین، پڕبوونی دڵەکان بە خۆشەویستی، باڵادەستبوونی موحیبەت بەسەر دڵەکاندا، یاخود بابەتی ئەوەی مرۆڤەکان دەست لە ملانی یەکتری بن، زۆر بە گرنگ دەزانین. ئەمەش بە هەزار سوڵتانێتی دونیا ناگۆڕینەوە. پێویستە ئەم قسانەش وەک ئیحساسی شەخسی من نەبینرێت، بەپێچەوانەوە لێرەدا هەوڵی ئەوە دەدەم ببمە تەرجومانی ئیحساسی گشتی. لەوەدەچێت ئەم قسانە بە نیسبەت هەندێک کەسەوە یۆتۆپیک بن و ئێمە بە خەیاڵپەرست ببینن. بەڵام پێویستە ئەوەش لەبیرنەکرێت، کەوا خۆشەویستی بە گوێرەی خۆی کەرامەتێکی هەیە. کەسێکت خۆشدەوێت و پەیوەندی لەگەڵدا دروست دەکەیت و لە کەموکورتیەکانی دەبوریت، کەشوهەوایەکی جیاواز لە چواردەورتان دروست دەبێت. لەلایەکی ترەوە، خۆشەویستی وەک شروبێکی سیحراوی وەهایە. لەلایەکەوە بەرامبەر شتە نەرێنەکان ڕێگاکان دادەخات و دەڵێت ” ئەم ڕێگایە داخراوە”، لەلایەکی ترەوە مرۆڤەکان ڕێکدەخات و کۆیان دەکاتەوە. دونیا چاوەڕێی هاتنی قارەمانگەلێکی خۆشەویستی دەکات کەوا خۆشەویستییان خۆش بوێت و ڕقیان لە ڕقلێبوونەوە بێت. چاوەڕێی هاتنی فیداکارانێک دەکات کەوا خۆشەویستییان وەک ئامانجی ژیانیان لێکردبێت. ئایا ناتانەوێت ئێوە بەو شێوەیە بن؟

قسەکانی حەزرەتی بەدیعوزەمانیش کە دەڵێت” چی بکەم لە زستاندا هاتم و پەلەم کرد، ئێوە لە بەهارێکی بەهەشتئاسادا دێن” هەم شاباڵ بە هیواکانمان دەگرێت و هەستەکانی تکاکردنمان دەبزوێنێت، هەم ئاماژە بەوە دەکات کەوا دونیا لە داهاتوودا وەک گوڵستانێکی لێدێت کەوا لە هەموو لایەک گوڵەکان ڕوابێتن و بولبولانیش چریکەیان بێت. ئەگەرچی وەک لە سەروەش ئاماژەمان پێدا، هاتنە دی ڕووداوێکی لەو شێوەیە شتێک نیە کەوا لە پڕێکدا بێتە دی. ئەگەر ئەمە وابەستە بە کاتێکی دیاریکراو بێت، ئێوە ناتوانن ئەمە بگۆڕن. لەم بابەتەدا پێویستە ئاقڵانە مامەڵە بکەن و، کاتێک دەتانەوێت ئەم بابەتە جێبەجێ بکەن، پێویستە لە چوارچێوەی ستراتیژی و پلانێکدا بابەتەکە بە هەند وەربگرن.

لەمەش گرنگتر، پێویستە بێ ئەوەی سەیری چەتوونی هەلومەرجەکان بکەین، هەوڵی ئەوە بدەین لە هەموو شوێنێکدا تۆو بچێنین و هەموو شوێنەکان بە بەهار بکەین. سەختی وەرزەکان و گۆڕانی بارودۆخەکان، یان ئەوەی دونیا بەردەوام هەڵبکوتێتە سەرمان، نابێت ڕێگە و شێوازمان پێبگۆڕێت. پێویستە لە بەرامبەر ڕەشەبا و باهۆزە هەڵکردووەکان  گیرنەخۆین و پەرشوبڵاو نەبینەوە. لە هەموو وەرزێکدا هەوڵی ئەنجامدانی ئەو کارانە بدەین کەوا پیویستە ئەنجام بدرێن. ئەگەرچی هەندێک جار پیویست بەوە بکات کەوا بە گوێرەی هەلومەرجەکان هەندێک گۆڕانکاری لە پلان و پڕۆژەکانماندا بکەین، یان بە گوێرەی ڕێگەکە پێویست بە ڕێکخستنی خێراییمان بکات، بەڵام هەردەم وەک یاریزانێکی ماراسۆن، بەردەوام دەبین لە ڕاکردنی خۆمان.

 

             

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *