ئەو بەهایانەی کە پێویستە تا دواڕادە بایەخیان پێبدرێت

ئیسلامیەت بە داخەوە هەتا ئەمڕۆ بە شێوەیەکی زۆر هەڵە ناسێندراوە. زۆر ئیماژ و تێڕوانین وێناکردنی هەڵە سەبارەت بە موسوڵمانێتی و موسوڵمانان لە هزرەکاندا دروست بووە/دروستکراوە. نەک تەنیا ئەو کەسانەی کەوا سەر بە دینەکانی ترن، بەڵکو لە ڕوانگەی زۆرینەی موسوڵمانانیشەوە سەبارەت بە زاتی ئولوهیەت زانیاریەکی ڕێکوپێکیان نیە. جەنابی حەق لە ڕوانگەی زۆر تێبینی چەوت و کەموکورتەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. لە زۆر بۆنە و مەراسیمی جیاوازدا، سەبارەت بە شەخسیەت، پێغەمبەرایەتی، هیجرەت، هاوسەرگیریەکانی سەردارمان و کردارە جیاوازەکانی سەردارمانەوە، بانگەشە و بوختانگەلێکی وەها دوور لە ئەقڵ و خەیاڵ هەڵدەبەسترێت، من لێرەدا شەرم دەکەم باسیان بکەمەوە.

**

ئاوێتە بوونی ناسۆریی و بزاڤ پێکەوە

بابەتی ئەوەی مرۆڤایەتی لەم تێگەشتنە هەڵانە ڕزگاری ببێت، سەبارەت بە ئولوهیەت و پێغەمبەرایەتی بیرکردنەوە هەڵەکانی بۆ ڕاست بکرێتەوە، باسکردنی حەقیقەتەکانی تایبەت بە دین بە شێوەیەکی ڕاست و ڕەوان، ئەرکی سەرشانی موسوڵمانانە. گەر ئەوانیش هەڵنەستن بەوەی باسی ئەو خودا و پێغەمبەرە بکەن کەوا ئیمانیان پێیەتی، ئیدی کێی تر هەیە کەوا باسی بکات! خەمباربوون بەرامبەر ئەو فکرە چەوت و گومڕاییانەی سەبارەت بە دین گوزارشتیان لێدەکرێت، کاریگەر بوون بەرامبەر ئەوەی مرۆڤەکان بەرەو ئاگری دۆزەخ خلۆر دەبنەوە، شیوەن و گریان لە بەرامبەر حاڵی پەرێشانی موسوڵمانان، چارەسەرەکەی بەوە نابێت داستانی  حەماسی سەبارەت بە ئیسلام بهۆنیتەوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە، بکەویتە خۆڕاپسکان و کارێک ئەنجام بدەیت.

جەهالەتی مرۆڤەکان، دوورییان لە دین، ئەو ناسۆریەی لە بەرامبەر نەناسینی مرۆڤەکان بۆ پەروەردگاریان هەستی پێدەکرێت، پێویستە هەر لە چوارچێوەی هەڵکێشانی هەناسەیەکی ساردی ناو ناخدا نەمێنێتەوە. بێگومان نکوڵی لە گرنگی هەستکردن بە ناسۆریەکی لەو شێوەیە ناکرێت. مرۆڤێک کەوا لە بەرامبەر کێشەکانی مرۆڤایەتی پشتی بووبێت بە دوو کەرتەوە و خەویان لێزڕابێت و وەک شێتەکان بە چواردەوری خۆیاندا بسوڕێنەوە، حاڵێکی لەم شێوەیە شایەنی دەستخۆشی لێکردنە. چونکە ئەمانە هەستیاری و حەساسیەت و شەفقەتی ئەو مرۆڤە پشان دەدەن. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەم هەیەجانەی ناو ناخی وەربچەرخێتە سەر بزاڤێک. لە جیاتی ئەوەی مرۆڤ چەشنی دێوانە لە ڕاست و چەپ خەریکی سوڕانەوە بێت، پێویستە لە نێو مرۆڤەکاندا بسوڕێتەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام لە نێو هەوڵ و تێکۆشاندا بێت، لەلایەکەوە بە ناوی موسوڵمانێتیەوە نمونەیەکی جوان بخاتە ڕوو، لەلایەکی ترەوە بە دەنگ و هەناسەیەکی سەمیمی هەوڵی چوونە ناو دڵی ئەوان بدات.

بەڵێ، پێویستە بە دەستی بەتاڵ نەوەستێت، بە شێوەیەکی ڕەها هەست و هزرەکانی وەربچەرخێنێت بۆ سەر بزاڤێک. هەرکەسێک خاوەنی هەرچیەک بێت، ئیمکانەکانی خۆی لە ڕێگەی خاوەنی هەموو موڵکەکان بەکاربهێنێت. بۆ نمونە ئەوانەی ئەهلی قەڵەمن، لە جیاتی ئەوەی لە ڕێگەی قسەی زل و پڕ باقوبریقەوە هەوڵی باسکردنی خۆی بدات، پێویستە لە ڕێگەی گەیاندن و باسکردنی پەروەردگاری هەموو جیهانیان بەکاری بهێنێت. ئەگەر کەسێک لە بابەتی شیعردا لێوەشاوەیەتیەکی هەبێت، لە ڕێگەی چەند وتەیەکی بێ ئامانج و بێ واتاوە قسە نەجوێتەوە و، بە پێچەوانەوە لە دڵەکاندا بەرامبەر ئەو بەهایانەی ئیمانی پێیەتی هەیەجانێک بێنێتە بەریانەوە. پێویستە بە لۆجیکی ” هونەر هەر لە پێناو هونەردایە” کار نەکات و، تەواوی شێوازەکانی پەخشان و هۆنراوە بەکاربهێنێت، هەتا ببێتە دەنگ و هەناسەی حەق و حەقیقەت.

ئەو بەرهەمانەی دەنوسرێت ئیدی چیرۆک یان ڕۆمان و سیناریۆی فیلم بێت، نوسەر پێویستە بە شێوەیەکی رەها بە دوای ئامانجێکی مەزنەوە بێت کەوا دەیەوێت پێیبگات. هیچ کایەیەک کەوا بە نیسبەت مرۆڤەکانەوە گوزارشت لە شتێک دەکات بە بەتاڵی جێنەهێڵدرێت و، لە ڕێگەی ئەو بەرهەمانەی دەخرێنە ڕوو، پێکهاتەیەک لە بەهاکانی تایبەت بە خۆمان بهۆنرێتەوە.

 

ئەوانەی توانای قسەکردنیان هەیە لە ڕێگەی وتەکانیانەوە، ئەوانەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامە دەزانن لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەوە، ئەوانەی لێوەشاوەیەتی چیرۆک نوسینیان هەیە لە ڕێگەی نوسینی چیرۆکەوە، ئەوانەی لە شیعر دەزانن لە ڕێگەی شیعرەوە، ئەوانەی توانای پیاهەڵدانیان هەیە لە ڕێگەی پیاهەڵدانەوە، ئەوانەی توانای نوسینی سیناریۆیان هەیە، پێویستە لە ڕێگەی زنجیرەی دراما و فیلمەکانەوە، داوێنپاکی و ڕاستگۆیی و وردبینی سەردارمان بە تەواوی ڕەهەندەکانیەوە بگوازنەوە، تەواوی ئەو شک و گومانانەی کەوا بە چواردەوری ئەودا دروست دەکرێن بیانڕەوێننەوە.  سەبارەت بەو زاتە مەزنە، پێویستە لە مێشکی هیچ کەسێکدا هێندەی نوکە نینۆکێک شک و گومان نەمێنێتەوە. چونکە مرۆڤەکان هەتا چەندە بە شێوەیەکی بەهێز ئیمان بە پێغەمبەری خودا بهێنن، بەو ڕادەیە باوەش بەو پەیامەدا دەکەن کەوا پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە. هەر شک و گومانێک کەوا سەبارەت بەو دروست دەبێت، لە هەمان کاتدا گومان و دوودڵی بەرامبەر ئەو پەیامەش دروست دەکات کەوا لەلایەن ئەوەوە هێنراوە.

 

**

 

ناساندنی پێغەمبەری خودا بە مرۆڤایەتی

پێغەمبەری خودا مرۆڤێکە، نەک خودا. لەگەڵ ئەمەشدا، بە مەبەستی زیندووکردنەوەی مرۆڤایەتی لەسەر ئاستی هەموو دونیا – بە پشتیوانی الله- کەسایەتیەکی ناوازەیە کەوا لەلایەن الله وە بە تایبەتی ئەفرێندراوە. وەک چۆن ئیسرافیل لە ڕێگەی فووکردن بە بوقەکەیدا دەبێتە ئامرازی ئەوەی مرۆڤە مردووەکان زیندوو بکاتەوە، ئەویش بە ئاڕاستەی بەجێگەیاندنی ئەرکی زیندووکردنەوەی مرۆڤایەتی ڕەوانە کراوە، کەوا لە ڕوانگەی ڕۆح و واتاوە توشی مردن بووە. هەربۆیە نابێت بە چاوی مرۆڤێکی هاکەزایی سەیر بکرێت، لە نێو هاکەزایی بووندا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکەیت. هەربۆیە ئەو مرۆڤانەی بە شێوەیەکی شایستە بەژن و باڵای بەرزی ئەویان ناسیوە، گەیاندنی ئەمە بە کەسانی تر، ئەرکێکی گرنگی سەرشانیانە.

ئیدی چەندە ئامرازی وتەیی، نوسراو و بینراو هەبێت، پێویستە تەواوی ئەمانە بەم ئاڕاستەیەدا بەگەڕ بخرێت. پێویستە لە ڕێگەی چیرۆکەکانمان، شیعرەکانمان، زنجیرە دراماکانمان، فیلمەکانمانەوە خۆشەویستی ئەو و  هزری ڕاستێتی پێغەمبەرایەتی ئەو، تاڵ بە تاڵ لە دڵی مرۆڤەکاندا بهۆنینەوە. لەوە دەچێت هەتا ئێستا ٥٠ جار سەیری فیلمی “الرسالة” ی موستەفا عەقادم کردبێت. سەرەڕای ئەوەی هەندێک هەڵە و کەموکورتی و بۆشایی لۆجیکی تێدایە، بەڵام هەر جارێک کەوا سەیری دەکەمەوە، کاریگەریەکی جیاوازتر لەوەی پێشوو لەسەرم دادەنێت. لە ڕاستیشدا وەک ئەوەی لە وتەیەکی عەرەبیدا هاتووە، ئەوەی بە چاوی خۆت دەیبینیت، زۆر جیاوازە لەوەی بە شێوەیەکی نەزەری دەیخوێنیتەوە. ئەگەرچی مرۆڤ ئەوەش دەزانێت کەوا ئەوەی سەیری دەکات فیلمە، بەڵام مرۆڤ لە بەرامبەر ئەو پەیام و گۆڕانکاریەی هێنایە دی، ناتوانێت حەیرانێتی خۆی بشارێتەوە.

هەربۆیە دەپرسم، لەبەرچی وتە کریستاڵیەکانی سەردارمان، لەسەر شێوازی زیندووی زنجیرە دراما و فیلمەکاندا، پێشکەش بە نەوەی نوێمان نەکەین؟ لەبەرچی تەکنیک و تەکنەلۆژیای ڕۆژگاری ئەمڕۆمان و چەندین ئیمکانی تریش هەڵنەسەنگێنین و لە دڵی مرۆڤەکاندا پەیوەندیەک بەرامبەر بێدار نەکەینەوە؟

لەبەرچی لە دونیای ئەمڕۆماندا کەوا مرۆڤایەتی بە ناو کێشەی یەک لە دوا یەکدا تێدەپەڕێت، ئەو ڕەچەتانەی سەردارمان لەم بابەتانەدا پێشکەشی کردووە و پێشنیاری چارەسەری بۆ کردوون، پێشکەشی مرۆڤەکانی نەکەین؟ لەمانەش زیاتر، لەبەرچی ئەوە بە هەموو مرۆڤەکان نەگەیەنین کەوا دایکە عائیشەمان دایکێکی هێندە موبارەکە کەوا پێویستە وەک تاجی سەری هەموویان سەیری بکەین و ئەمە بە ویژدانی هەموو مرۆڤەکان نەگەیەنین؟ لەبەرچی لە ڕێگەی فیلم و زنجیرە دراماوە، گەورەیی هەریەک لە حەزرەتی ئەبوبەکر، عومەر، عوسمان، عەلی بە مرۆڤەکان نەگەیەنین. لەبەرچی ئەو درز و شکاوی قڵیشەی هەندێک لە مرۆڤەکان سەبارەت بە هاوەڵان دروستیان کردووە، لەم ڕێگەیەوە نۆژەنکاری بۆ نەکەین؟

هەریەک لەمانە ئەرکە لەسەرشانی ئەو مرۆڤانەی کەوا ڕێزیان بەرامبەریان هەیە. لە بابەتی گەیاندنی ناسنامەی ڕاستەقیەنی ئیسلام بە ئێمە، هاوەڵانی سەردارمان شوێنێکی گرنگیان هەیە. ئەوان گیانی خۆیان لە پێناو دیندا بەخت کردووە، بە هەر چواردەوری دونیایان گەیاندووە، بە شێوەیەکی ڕاست و دروست بۆ ئێمەیان گواستۆتەوە. بەو حەساسەتیەی هەیانبووە کەوا هێندەی تاڵە موویەک بکەیت بە چل پارچەوە هەستیار بوون لە بابەتی نوێنەرایەتیدا، لە ڕوانگەی ڕاڤەی ناوازەی خۆیانەوە تێگەشتنی دروستیان لە دین فەراهەم کردووە.

ئیدی لە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیەوە بیگرە هەتا دەگاتە ئەو هاوەڵە بەڕێزانەی کەوا ئەم دینەیان لەسەر شانیان هەڵگرتووە، لە بابەتی سەرلەنوێ ناساندنیان بە مرۆڤایەتی، ئاتاجیەکی زۆر گەورە هەیە. بابەتەکە تەنیا ئەوە نیە هەندێک ڕووداوی ناو سیرەی سەردارمان بگێڕیتەوە، یاخود ئەو ڕووداوانە ڕوویانداوە، بە گوێرەی ڕیزبەندی زەمەنییان بیانگوازیتەوە. بە پێچەوانەوە پێویستە بە قوڵی بە ناخی هەریەک لە ڕووداوەکاندا بچیتە خوارەوە، ئەو ڕووەی بدۆزیتەوە کەوا بەسەر ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا دەڕوانێت. عەسری سەعادەت پێویستە لە ڕوانگەی لۆجیکی فەلسەفەی سیرەوە، بە شێوەیەکی زۆر جددی بە هەند وەربگریدرێت. لە ڕێگەی تێڕوانین لەو ڕووداوانەی ڕوویانداوە، لایەنی ناوازە و دەرەدەست و سنور بۆ دانەنراوی وردبینی سەردارمان پشان بدرێت.

**

ئەو خاڵەی کەوا دەبێت هیمەتی خۆمانی تێدا دابەش بکەین

ئەوەی لە ڕاستیدا ئەرکی سەرشانی ئێمەیە، ئەو بەهایانەی کەوا لەبیرکراون و ڕەنگیان پەڕیوە و بەلاڕێدا براون، بخرێنەوە شوێنی خۆیان و، ڕێگە نەدرێت کەسانێک گومانیان لەسەر دروست بکەن و لە شوێنی خۆیان بیانلەقێنن. هەربۆیە پێویست بەوە دەکات هەموو کەسێک هیممەتی خۆی لەم خاڵەدا چڕ بکاتەوە. پێویستە هەرکەسێک لای خۆیەوە هەر لێوەشاوەیەتی و ئیمکانێکی هەبێت، بەم ئاڕاستەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکات. ئیدی هەرکەسێک کەوا دەنگێکی خۆشی هەیە، بە نەغمە و ئاوازەکانی، ئەو کەسانەی توانای ڕوونکردنەوەیان هەیە لە ڕێگەی وتەکانیانەوە، ئەوەی دەستی پێنوسی هەیە لە ڕێگەی پێنوس و سیناریۆی فیلمەکانیەوە، هەوڵی ئەوە بدات لە دڵی مرۆڤەکاندا بەرامبەر الله و سەردارمان و قورئان شێوازێک لە ڕێزگرتن دروست بکات.

کاتێک سەیری ژیانی حەزرەتی پریش دەکەین، ئەوە بەدی دەکەین کەوا کارە لەپێشینەکانی زۆر بە باشی دیاریکردووە و خۆی لە بابەتە زۆر گرنگەکاندا چڕ کردۆتەوە. لە ڕاستیشدا یەکێکە لەو مرۆڤە دەگمەنانەی کەوا لەسەردەمی خۆیدا زۆر بە باشی دەیخوێندەوە. لە هەلومەرجی ئەوڕۆژگارەدا پێویستی بە هەرچیەک بکردایە ئەو کارەی ئەنجام دەدا، لەسەر حەقیقەتەکانی ئیمان هەڵوێستەی کردووە، لەگەڵ ئەو ٤-٥ مرۆڤە سەمیمیەی کەوا لە چواردەوری کۆبوونەتەوە، زۆر خزمەتی گرنگیان ئەنجامداوە. ئەوەی لە کارەکانیاندا گرنگ بووە، کێشە و کەموکورتیەکانی سەردەمی خۆیان زۆر بە باشی دیاریکردووە، لە دوای ئەوەش تەواوی هەلەکانیان زۆر بە  باشی قۆستۆتەوە، لە ڕێگەی چەشتنی  سەرئێشەیەکی زۆر جددیەوە، چارەسەری گونجاویان بۆ کێشەکان خستۆتە ڕوو.

بە کورتی، پێویستە هەموو کەسێک بابەتە لاوەکیەکان بەلاوە بنێت و لەو کارانەدا خۆی چڕ بکاتەوە کە پێویستی بە خۆ تێدا چڕ کردنەوە هەیە. بە پێچەوانەوە ناتوانن ئەو کێشانەی هەیە چارەسەری بکەن و ئەو شتەی دەتانەوێت بیڵێن، ناتوانن گوزارشتی لێبکەن. لەوە دەچێت ئەو خاڵەی کەوا ئێمە کەموکورتیمان تێیدا هەیە یاخود وەک پێویست لەسەری هەڵوێستەمان نەکردووە، هەر ئەم شوێنەیە…

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *