ئەو دەرگایانەی بە شەفقەتەوە دەکرێنەوە (گۆزەی شکاو بەشی چوارەم)

الله (جل جلاله) زۆر بە شەفقەتە لەگەڵ بەندەکانی، زۆر بە بەبەزییە و، لێبوردەییەکی زۆر فراوان و، حیلمێکی ناوازەی هەیە. هەریەک لە ناوەکانی الرحمن، الرحیم، الرَّؤُوفُ، الحلیم، الکریم زۆرێک لە ناوەکانی ئەم واتایەیان هەیە. قورئانی کەریم، لە ڕێگەی ئەم ئایەتەوە ئاماژە بەوە دەدات کە پێغەمبەری سەردارمان لەم بابەتەدا، خاوەنی “ئاکاری الله”یە:

لَقَدْ جَاءَكُمْ رَسُولٌ مِّنْ أَنفُسِكُمْ عَزِيزٌ عَلَيْهِ مَا عَنِتُّمْ حَرِيصٌ عَلَيْكُم بِالْمُؤْمِنِينَ رَءُوفٌ رَّحِيمٌ

لە نێو ئێوەدا پێغەمبەرێکی وەها هەیە، دووچاربوونی ئێوە بە ناڕەحەتی و بەڵا، بەلای ئەوەوە زۆر سەختە. زۆر بە تەنگیشتانەوەیە و پەرۆشتانە، زۆر دڵسۆزی ئیماندارانە و میهرەبان و دلۆڤانە بۆیان.(التوبة، ١٢٨)

واتە سەبارەت بە سەردارمان، هەریەک لە ناوەکانی ” رَءُوفٌ” و “الرحیم” بەکاردەهێنێت کە لە هەمان کاتدا لە ناوە جوانەکانی جەنابی حەقە و، وەک سیفات بۆ سەردارمان بەکاریهێناوە. کەواتە پێغەمبەری سەردارمان واتا و ڕۆحی ئەم دوو ناوە لە ناخیدا ڕەنگی دابوویەوە، بە پشتبەستن بەم دوو سیفاتە ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێدەگەیاند.

دەتوانین لێرەدا ئەم واتایە هەڵبهێنجێنین:

کاتێک جەنابی حەق، پێغەمبەرایەتی تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی دەخاتە بەر تێڕوانینی مرۆڤەکان، هەریەک لە سیفەتەکانی بەزەیی و شەفقەت(دلۆڤان) دەهێنێتە پێشەوە، واتە لێرەوە ئەو سەرئەنجامە دەردەهێنرێت، کەوا ئەنجامدانی ئەرکی راگەیاندن و ڕێنموییکردنی مرۆڤەکان، بە شێوەیەکی زۆر جددی بە هەریەک لە سیفاتەکانی ڕەحمەت و شەفقەتەوە گرێدراوە.

مادام ئەمەش حەقیقەتە، ئیدی لە هەر سەردەمێکدا دەبێت با ببێت، جیانەبوونەوەی مەردانی ڕێگەی ڕێنموییکردن لەم بابەتە، بناغەی کارەکەیانە.

بە تایبەت نەوەکانی ئەمڕۆمان، زیاتر لە هەموو کەسێک ئاتاجی شەفقەت و مەرحەمەتێکی پێغەمبەرانەن.

گەر بەم شێوەیە بە شەفقەت(دلۆڤان) و مەرحەمەتەوە(بەزەیی) هەنگاو هەڵنەگیرا، ئەنجامدانی ئەرکی گەیاندنی حەق و حەقیقەت بە هەموو کەسێک، وەک پێویست بەڕێوە نابرێت. تەنانەت گەر بەڕێوەش ببرێت، بەردەوامی نابێت.

مرۆڤ لە پاڵ ئەوەی دەبێت ئەقڵ و ئیرادەی بەکاربهێنێت، بە شێوەیەکی ڕەها پێویستی بەوە هەیە دڵ و هەستەکانیشی لەگەڵدا بێت، هەتا لەو ڕێگایەی بەسەریدا دەڕوات توشی ماندوویەتی نەبێت و هەڵنەوەرێت. لە ڕاستیشدا ئەو کارانەی وەک بەشێک لە سروشت، ئارەزوو، تامەزرۆیی مرۆڤەکانی لێدەکرێت، زۆر بە ئاسانتر ئەنجام دەدرێن. گەر لە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکاندا، سروشتی خۆیشتان بکەنە پاڵپشتی ئەو بابەتە، ئەوا یاریدەدەرێکی زۆر جددیتان دەست دەکەوێت.

مرۆڤێک کەوا هەریەک لە هەستەکانی شەفقەت، مەرحەمەت و بەزەیی هەیە، دەتوانێت بە ئاسانی ئەو لەمپەرانە تێپەڕێنێت، کە دێنە سەر ڕێگای بەجێگەیاندنی مەفکورە باڵاکەی. چەشنی عەبدوڵای کوڕی حوزافەتول سەهمی، هەر هەلێکی بهاتایە بەردەم، لە پێناو گەیاندنی حەق و حەقیقەت بە مرۆڤەکانی تر هەڵیدەسەنگاند. ئاشکرایە کەوا عەبدوڵا لەلایەن ڕۆمەکانەوە دەگیرێت و، پێش ئەوەی لە سێدارەی بدەن، پرسیاری ئەوەی لێدەکەن کە ئایا داواکاریەکی هەیە یاخود نا، ئەویش لە وەڵامی ئەو قەشەیەی لە بەردەمیدا وەستاوە دەڵێت” باوکی ئازیز، زۆر سوپاسی تۆ دەکەم کە ئەم چەند خولەکەت پێدام هەتا قسە بکەم. چونکە گەر لەم چەند خولەکەدا بتوانم باسی دینی حەق و موسوڵمانێتیت بۆ بکەم، گەر بشمرم خەفەت ناخۆم. چونکە لەم نێوەندەدا تۆ دەتوانیت ڕزگارت ببێت”. مرۆڤێک گەر هەستی شەفقەتی لە دڵدا نابێت ناتوانیت ئەم جۆرە قسانە بکات.

گەر ئیماندارێک هەر بە ڕاستی بووبێتە قارەمانی شەفقەت، بەرگەی ئەوە ناگرێت مرۆڤەکان توشی دۆڕانی ژیانی ئاخیرەتی بن و لە ئاگری دۆزەخدا بسوتێن. هەربۆیە سەردارمان چەشنی سیدنا حەزرەتی عیسا، شەو هەتا بەیان بە گریانەوە دەیوت:

إِنْ تُعَذِّبْهُمْ فَإِنَّهُمْ عِبَادُكَ وَإِنْ تَغْفِرْ لَهُمْ فَإِنَّكَ أَنْتَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ 

“واتە گەر سزایان بدەیت، ئەوا گومان لەوەدا نیە کە ئەوان بەندەی تۆن، بەڵام گەر لێیان خۆش بیت، ئەوا هەرخۆتیت باڵادەستی دانا”، ئەم قسانەی دووبارە دەکردەوە. جەنابی حەقیش لە وەڵامیدا حەزرەتی جوبرەئیلی دەنارد، دڵنیایی پێدەدا کەوا لە بابەتی ئومەتەکەیدا شەرمەزاری ناکات. ئەمەش مەرحەمەتێکی الله بوو بەرامبەر ئەو پشانی دەدا. لە ڕاستیدا دەتوانن ئەم قسانە وەک نەغمەی تەواوی پێغەمبەران بەرامبەر ئومەتەکانیان ببینن. هەربۆیە پێغەمبەرێک کەوا بەم ڕادەیە پەرۆشی ئومەتەکەی بێت، ئامادەشە لە پێناو ڕزگارکردنی ئەواندا بەرگەی هەموو شتێک بگرێت.

 

هەروەها بەدیعوزەمانیش کاتێک دەیوت” گەر ئیمانی گەلەکەم لە سەلامەتیدا ببینم، ڕازیم بەوەی لە کڵپە و بڵێسەی ئاگری دۆزەخدا بسوتێم، چونکە ئەو کاتەی لاشەم دەسوتێت، دڵم وەک گوڵ و گوڵستانی لێدێت”، ئەوەی ئەم قسانەی پێکردووە، هەر هەستێکی شەفقەتی لەو شێوەیە بووە. لە ڕاستیدا تەواوی ئەو زاتە گەورانە، دەست لەسەر نەبزی هەرکامیان دابنێیت و گوێ لە ترپەی دڵیان بگریت، گوێت لە هەمان شتی هاوشێوە دەبێتەوە. مرۆڤێک کەوا هەستێکی شەفقەتی لەو شێوەیەی شوێنی خۆی خستبێت، بێ ئەوەی بوەستێت و وچانێک بدات، بەردەوام بە ئاڕاستەی سەلامەتی مرۆڤایەتی ڕادەکات. ئەم هەستە بەردەوام لە ناخی ئەودا وەک داینەمۆیەک کار دەکات. بەرەو خزمەت هانی دەدات و ئاڕاستەی دەکات، کەسێکیش کەوا لە هەستێکی لەم شێوەیە بێ بەش بێت، دەبێت بەردەوام ڕووبەڕووی نەفسی خۆی ببێتەوە و هەوڵی ئەوە بدات حەقی ئیرادەی خۆی بدات. لەمەش زیاتر، ئاتاجی ئەوەیە بە مەبەستی خۆ ساڕێژکردنەوە بە خۆیدا بچێتەوە، ورە و هیممەتی خۆی بەرز ڕابگرێت. پارێزگاری لە ئاستی پێگەشتنی خۆی، وابەستەی کارێکی لەم شێوەیەیە. بەڵام ئەمە هەندێک کات سوودی هەیە و هەندێک کات سوودی نیە. مرۆڤ هەندێک جار هۆشداری و ئامۆژگاریەکان بە هەند وەردەگرێت، هەندێک جار سەرنجیان نادات.

هەر بەم هۆیەشەوە بووە، ئوستاد بەدیعوزەمان ئاماژەی بەوە داوە کە شەفقەت یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی پیشەکەی ئێمە. بە تایبەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کەوا هەموو بابەتەکان بە شێوەیەکی پەیوەندیدار لەگەڵ ماددە و لایەنی لاشەیی دەڕۆن بەڕێوە، پێویستیەکی وەک ئەوە هەیە تەواوی دڵەکان جارێکی تر بە هەستێکی شەفقەتی وەک ئەوەی – هەموو کەس و شتێک بە هۆی پەیوەندیان بە الله وە لە ئامێز بگرێت- هۆشی بە بەردا بهێنرێتەوە، ئاتاجیەکی زۆر هەیە کەوا مرۆڤەکان ئاڕاستەی ژیانی دڵ بکرێنەوە.

مەولاناش دەڵێت” هەرچیەکیت ببە، هەر وەرە”. بەڵام مرۆڤەکانی ئەمڕۆ زۆر ئامادەی هاتن نین. هەربۆیە پێش ئەوەی چاوەروانی هاتنی ئەوان بکەین، پێویستە ئێمە بەرەو دامێنی ئەوان بڕۆین. هەوڵی ئەوە بدەین دڵە شکاوەکان نۆژەن بکەینەوە. تەنانەت گەر کەسانێکی تر لە مرۆڤایەتی دوور بکەونەوە، هەموو جۆرە خراپەکاریەکیش ئەنجام بدەن، ئەوەی لەسەرشانی ئەو کەسانەیە کەوا لەسەر ڕێگەی حەزرەتی محمدن، بێ ئەوەی توشی دڵشکان و زویری ببن، بە چاکە وەڵامی خراپەکانیشیان بدەنەوە. هەڵسەوکەوت و ڕەفتاری نەگونجاوی کەسانی تر، نابێت ببێتە هۆکاری ئەوەی ئێوە لە بەها بناغەییەکانی خۆتان دوور بکەونەوە. ئێوە پێویستە هەموو کاتێک بە هەستەکانی شەفقەت و لێبوردەییەوە بێنە مەیدانەوە.

لە ڕاستیدا کەسی ئیماندار نەک بەرامبەر مرۆڤایەتی، بەڵکو بەرامبەر تەواوی بوون و بوونەوەران، پڕاوپڕە لە هەستی شەفقەت. کاتێک بە ڕێگادا دەڕوات، بۆ ئەوەی پێ بە مێرولەیەکدا نەنێت، بە دیقەتەوە هەنگاوەکانی هەڵدەگرێت. کەسێک کەوا بەم ڕادەیە پڕاوپڕی هەستی شەفقەت و بەزەیی بێت، بابەتی ئەوەی چاوپۆشی لە مانەوە مرۆڤەکان لە نێو گومڕایی، چوونە ناو ئاگری دۆزەخیان بکات، جێگەی باس نیە. بە تایبەت ئەوانەی هۆشیارن بەرامبەر ئەو جوانیەی لە لایەن ئیمانەوە بەڵێنی پێدراوە، ئەو کەسەی بە باشی لە واتاکانی بەهەشت و دۆزەخ تێدەگات، ناتوانێت بەرامبەر حاڵی ئەو کەسانەی لە نێو کوفر و گومڕاییدان، بێ هەڵویست بمێنێتەوە. بە عەشق و هەیەجان و خۆشەویستی و بایەخێکی زۆر قوڵەوە، هەوڵی دەستگرتنی ئەوانیش دەدا. ئەم هەستەش زیندوو مانەوە و دینامیزمی ئەو کەسە فەراهەم دەکات.

پێغەمبەری سەردارمان لە ڕیگەی ئەم فەرمایشتەیەوە ئاماژەی بەوە داوە ئەو کەسانەی لە ڕێگەی شەفقەت و بەزەییەوە مامەڵە لەگەڵ کەسانی تر دەکەن، الله بە هەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکاتەوە:

الرَّاحِمُونَ يَرْحَمُهُمُ الرَّحْمَنُ، ارْحَمُوا مَنْ فِي الأَرْضِ يَرْحَمْكُمْ مَنْ فِي السَّمَاءِ

واتە ئەوانەی بە رەحمەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەن، حەزرەتی رەحمانیش بە هەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکاتەوە، ڕەحم بکەن بەوانەی لە زەویدان، با ئەوەی لە ئاسمانە ڕەحم بە ئێوەش بکات.

بە گوێرەی ئەم فەرمودەیە مرۆڤێک چەندە خاوەنی هەستەکانی شەفقەت و ڕەحمەت بێت، چەندە بە هەستی بەزەییەوە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا بکات، لەلای الله پێگەی ئەو کەسە بە گوێرەی ئەوە دیاری دەکرێت.

بە داخەوە هەستی شەفقەت و مەرحەمەت یەکێکە لەو بەها گرنگانەی لە ئێستادا لە دەستمان داوە. ئەمە لە کاتێکدایە خەسڵەتێکی مرۆیین کەوا مرۆڤەکانی ئەمڕۆ زۆر ئاتاجن پێیان. مرۆڤەکانی ئەمڕۆ زیاتر لە هەوا، ئاو، خواردن ئاتاجی هەستی شەفقەتن.

کەسێک کەوا بە هەستی شەفەقەت لێوان لێو نەبێت، ناتوانێت لەبەر خاتری مرۆڤەکانی تر بژیت، ناتوانێت ژیانی لە پێناو ژیاندندا فیدا بکات. لەمەش زیاتر، ناتوانێت بچێتە دڵەکانەوە و کاریگەری لەسەر دوێنراوەکانی بۆ دانانرێت. گەر بە ڕەقی مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەکان بکرێت، ئەوا سەرئەنجامی بێبەش بوونی لێدەکەوێتەوە. خۆ گەر بە شەفقەت و نەرمونیانیەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، تەواوی دەرگاکان دەکرێتەوە. شەفقەت کلیلێکی پڕ ڕازی وەهایە، هیچ دەرگایەک نیە کەوا لە ڕێگەی ئەوەوە نەکرێتەوە. هەروەها الله دەرگاکانی بەهەشتی، لە ڕێگەی شەفقەتەوە دەکاتەوە، کە وەک درەوشانەوەی دەرکەوتی شەپۆلئاسای ڕەحمەتی ئەوە.

لە بەرامبەر دوژمنایەتیەکاندا هیچ چەکێکی کاریگەری وەک شەفقەت بوونی نیە. لێرەدا وشەی چەکم بەکارهێنا، استغفرلله، لێرەدا ئەم وشەیە واتایەکی نیە!

هەرکەسێک کەوا خاوەنی ئەم ئیکسیرە ئەفسوناویە بێت، لە بەرامبەر ئەو کەسانەی بە هەستی دوژمنایەتیەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، درەنگ یان زوو بەسەریاندا سەردەکەون و، لە هەموو بوارەکاندا بە قازانجەوە دەردەچن و، تەواوی دڵەکانیش بەدەست دەهێنن. بەڵام ئەم بەدەستهێنانە، پلەبەندی جیاوازی هەیە. ناکرێت چاوەڕێی هەموو شتێک لە هەموو کەسێک بکەیت. سەرئەنجامی ئەو خۆشەویستی و بایەخە قوڵەی ئێوە پشانی دەدەن، ئەگەرچی ئەگەر هەیە کەسانێک  وەهایان لێبێت هاوبەشی هەمان هەست و بیرکردنەوەی ئێوە بکەن، دەشێت هەندێکی تریش وەک دۆست، لایەنگر، هەواداریان لێبێت. هەندێکیش لە ئەعرافدا لەو نێوەندەدا بمێننەوە. واتە لە کاتی خۆشیدا لەگەڵ ئێوەدا بن و لە کاتی ناخۆشیدا پشتتان تێبکەن. بەڵام هەریەک لەمانە بە گوێرەی ئاستی خۆیان دەستکەوتن. زۆرێک لە مرۆڤەکان، خۆیان فڕێ دەدەن نێو ئەو قۆڵانەوە کەوا بە خۆشەویستیەوە بە روویاندا کراوەن. تەنیا پێویستیان بەوە هەیە، متمانەیان بەو شوێنە هەبێت کەوا خۆیانی تێ فڕێ دەدەن.

گەر بتوانن بچنە ناو دڵەکانەوە، زۆر کەسی دڵخواز لە چواردەورتان کۆدەبنەوە. دەروازەی دڵەکان بە شێوەیەک نیە کەوا مرۆڤ نەتوانێت لێوەی بچێتە ژوورەوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەوەیە بزانیت چۆنی دەیکەیتەوە. گەر ئێوە دڵەکانتان بۆ کەسانی تر بکەنەوە، هیچ شتێک لە کەسانی تر نەگرنەوە، کەسانی تریش دڵیان بۆ ئیوە دەکەنەوە. گەر مرۆڤایەتی بەم ئاستە ناوازەیە بگەن، ئیدی کێشەیەک نامێنێتەوە کەوا توانای چارەسەریان نەبێت. چونکە کێشەکان، لەسەرزەمینی بەرتەسکی خۆمان چەکەرە دەکەن و گەورە دەبن. خۆمان بە دەستی خۆمان دونیایەکی بەرتەسک دروست دەکەین و، دەمانەوێت هەموو شتێکیش لە چوارچێوەی ئەم دونیا بەرتەسکەدا ببینینەوە. هەربۆیە ئەو حەقیقەتانەی هێندەی هەموو دونیاکان فراوانن، کاتێک دەیانهێنینە ناو ئەم دونیا بەرتەسکەی خۆمانەوە، ئەوانیش بەرتەسک دەکەینەوە. ئەمە لە کاتێکدایە دڵ و ویژدان، هێندەی ئەوەی جێگەی تەواوی بوونی تێدا ببێتەوە، ناوازە و بەرفراوانە.

ئەو ئەرکەی لەسەرشانی ئەندازیارانی بونیادنانی داهاتووە، ئەم بەرفراوانیە زۆر بە باشی هەڵبسەنگێنن، بتوانن لەم ڕێگەیەوە مرۆڤەکان لە چواردەوری بەها گەردونیەکان کۆ بکەنەوە.

 

 

 

 

  

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *