بنەماکانی پیشەی “خلة”

پرسیار: بەدیعوزەمان دەفەرموێت” لەبەر ئەوەی پیشەی ئێمە “خلیلیة” مەشرەبی ئێمەش “خلة”یە. مادام پیشەکەی ئێمەش هەمان نازناوی سیدنا حەزرەتی ئیبراهیمی هەیە، کە ئەویش “خلیل الله” یە، ئایا پەیوەندی ئێمە بەو نازناوەی حەزرەتی ئیبراهیم چیە و، چۆن هەڵیدەسەنگێنن؟

وەڵام : خوای بەرز و توانا لە سورەتی “النحل” دا دەفەرموێت: ثُمَّ أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ أَنِ اتَّبِعْ مِلَّةَ إِبْرَاهِيمَ حَنِيفًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ
پاشان وەحیمان بۆ تۆ کرد کە شوێن ڕێگەی ئیبراهیمی پاکوبێگەرد بکەویت، بەڕاستی ئەو هیچ کاتێک لە کەسانی هاوەڵگەر نەبووە.

وەک لەم ئایەتە کەریمەشدا دەبینرێت، شوێنکەوتنی حەزرەتی ئیبراهیم گرنگیەکی زۆری هەیە. هەربۆیە جارێکیان بە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی دەڵێن ” ئەی دۆستی خودا(خلیل الله)، سەردارمان لە وەڵامیاندا دەڵیت:
نەخێر ئەوە نازناوی ئیبراهیمە.
هەروەها ڕۆژێکی تریان بە “سیدنا” بانگی دەکەن، لە وەڵامیاندا دەڵێت: نەخێر ئەوە نازناوی ئیبراهیمە. بەم شێوەیە ئەو پایەیەی بە حەزرەتی ئیبراهیم بەخشیوە.

“حنیف” بوون…

وەک لە ئایەتەکەی سەرەوەش ئاماژەی پێدراوە، خودا ڕیگەی حەزرەتی ئیبراهیمی بە حەنیف داناوە. واتای حنیفیش بریتیە لەوەی فەرسەخ فەرسەخ لە هەرچی شتی ناشرینە خۆت بە دوور بگریت. هیچ گومانیش نیە لەوەی دوور بوون لە شیرک و هاوەڵدانان بۆ خوداش پلەی جیاوازی هەیە.
یەکەم واتا کەوا لە وشەی “حنیف” تێدەگەین، بریتیە لەوەی مرۆڤ جگە لە الله هیچ خودایەک نەپەرستێت، هچ بوونەوەرێک نەخاتە شوێنی خودا، لە تەواوی بتەکانیش خۆی بە دوور بگرێت.
پلەیەکی پێشتری ئەم بابەتەش بریتیە لەوەی مرۆڤ تەواوی بیرکردنەوە و هەستەکانی خۆی لە هەر شتێک بپارێزێت کەوا بۆنی شیرکی لێبێت، بە تەواوی ڕوو لە یەکتاپەرستی بکات.
پلەیەکی لە پێشەوەتری ئەم بابەتە بریتیە لەوەی مرۆڤ هەستی “حنیف” بوون، بە تەواوی بکاتە بەشێک لە سروشتی و، وەک دەنگ و هەناسەی سروشتی خۆی لێبکات.
هەرکەسێک لەم بابەتەدا سەرفراز بێت، تەنانەت لە بەرامبەر بچوکترین شتدا کەوا بۆنی شیرکی لێدێت، بە شێوەیەکی فیتری کاردانەوە پشان دەدات.
بۆ نمونە گەر کەسێک لە بەردەمی ئەودا خۆی بکات بە خاوەنی ئەو کارە جوانانەی ئەنجامدراوە، ئەو یەکسەر ئەمە وەک خۆ کردنە هاوبەشی کارەکانی جەنابی حەق دەبینێت.
بە هەمان شێوە، باسکردن و گەیاندنی ئەو کارە جوانانەی ئەنجامدراوە بە کەسانی تر، لەلای کەسانی “حنیف” بە هاوەڵدانان بۆ خودا، ئەژمار دەکرێت. هەروەها ڕاکردن بە دوای چەپڵە و ستایشدا بە هەمان شێوە هاوەڵگەریە، هەروەها چاوەڕێ کردنی پاداشتی دونیایی لە بەرامبەر ئەو کارە جوانانەی ئەنجامدراوە، بە هەمان شێوە بە هاوەڵدانان بۆ خودا ئەژمار دەکات. ئەوەی لەسەر شانی کەسی ئیمانداری راستەقینەیە، بریتیە لەوەی بە تەواوی خۆی لەم هەموو جۆرەی هاوەڵدانان بۆ خودا، بپارێزێت.

“قنوت”
هەروەها لایەنێکی تر کەوا لە ئایەتەکاندا ئاماژەی پێکراوە بریتیە لە إِنَّ إِبْرَاهِيمَ كَانَ أُمَّةً قَانِتًا لِلَّهِ حَنِيفًا وَلَمْ يَكُ مِنَ الْمُشْرِكِينَ
بە ڕاستی ئیبراهیم لە بابەتی ڕووکردنە الله، گوێرایەڵی پەروەردگاریدا، بە تاقی تەنیا ئومەتێک بوو بۆ خۆی، هیچ کاتێکیش لە کەسانی هاوەڵگەر نەبووە.
قنوت بریتیە لەوەی لە بەردەم جەنابی حەقدا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دەست لەسەر سنگ بوەستین، پشتوێنی بەندایەتی لێ ببەستین و عیبادەت و گویرایەڵی ئەو بکەین.
لەم ڕوانگەیەشەوە حەزرەتی ئیبراهیم کەسێکی بە تەواوی قانیت بوو. بەڵام ئەم خەسڵەتەی لە حەزرەتی ئیبراهیمدا وەک تۆوێک هەبوو، لەگەڵ سەردارماندا وەک درەختێکی لێهات. هەروەک چۆن دایکە عائیشەشمان ئاماژەی پێداوە، هەرکاتێک شەو نوێژی دەکرد، هێندە بە پێوە دەمایەوە قاچەکانی دەئاوسا.

“ئەو بە تاقی تەنیا ئومەتێک بووە”
لەلایەکی ترەوە ئاماژە بەوە دەکرێت کە حەزرەتی ئیبراهیم بە تاقی تەنیا ئومەتێک بووە. واتە هیمەتی ئەو هێندەی ئەوەی هەموو کەسێک لە ئامێزی بگرێت بەرز بووە. کەسێکیش هیمەتی بەو شێوە بەرز بێت، بینینی وەک تاکە کەسێک کارێکی دروست نیە.
حەزرەتی ئیبراهیم ئەگەر کەسێکی تاک و تەنهاش بێت، بەڵام هەمیشە لە عەزم، هەوڵ و کۆششی لە ئامێزگرتنی تەواوی مرۆڤایەتی بووە.
ئەو سنگێکی وەها فراوانی هەبوو، هەرکەسێک بچووایەتە ناو ئەو سنگەوە، نیگەرانی ئەوەی شوێنی دانیشتنی نابێت و بە پێوە دەمێنێتەوە، داینەدەگرت.
حەزرەتی پیریش دەڵیت” هەرکەسێک هیمەتی بۆ میلەتی بێت، ئەوا بە تاقی تەنیا میلەتێکە!”، بەم شێوەیە گوزارشتی لەو حەقیقەتە کردووە. لە ڕاستیشدا هەرکەسێک هیمەتی بۆ میلەتی بێت، بەو واتایە دێت کە چیدی بۆ خۆی ناژی و نەژیاوە.
کەسێکی وەها تەواوی زەوق و سەفای دونیایی لە ژێر پێکانیدا داناوە. هەروەها بە دەستهێنانی پێگە و مەقامگەلێکی مەعنەوی وەک ئەولیا و ئەسفیا لە چاوی ئەودا گرنگیەکی ئەوتۆی نیە.
چونکە تەنیا دەرد و مەقسەدی ڕاستەقینەی ئەو، ڕزگاری و چاکسازیە لە تەواوی مرۆڤایەتیدا.
ئیدی مرۆڤێک کەوا بەم شێوەیە بیر لە مرۆڤایەتی و بە تایبەت میلەتی ئیسلام بکاتەوە، بە تاقی تەنیا میلەتێکە. تەنانەت گەر هیچ کەسێکیش بوونی نەبێت، ئەمە جێگەی تێڕوانین و گرنگی خۆیەتی.

ئیدی الله لەگەڵ ئەودا سەیری بوونەوەرەکانی دەکات و، هەندێک جاریش بە هۆی ڕووی سووری کەسێکی لەم شێوەیە، لە تەواوی مرۆڤەکان خۆش دەبیت. ئیدی دوای بەدەستهێنانی پایەیەکی لەم شێوەیە، پلە و مەقامە دونیاییەکان چی سوودێکیان دەبێت؟

حیلم

ئەو ئایەتەی لە سورەتی هود هاتووە کە دەفەرموێت: إِنَّ إِبْرَاهِيمَ لَحَلِيمٌ أَوَّاهٌ مُنِيبٌ لەم ئایەتەدا لە پاڵ ئەوەی ئاماژە بەوە کراوە کە حەزرەتی ئیبراهیم سیفاتگەلێکی وەک “قانت” و “حنیف” ی هەیە، لە هەمان کاتدا باس لەوەش دەکات کە هەریەک لە سیفاتەکانی “حلیم”، “اواه”، “المنیب” ی هەیە.
جەنابی حەق بەم شیوەیە ئاماژە بە سیفاتە جوانەکانی حەزرەتی ئیبراهیم دەکات، لەم ڕێگەوە فەرمان بە سەرداری مرۆڤایەتی و تەواوی ئومەتی ئەو دەکات، کە لە ڕێچکەی حەزرەتی ئیبراهیمەوە بڕۆن.

سیفاتی “حلیم” کەوا لە ئایەتە کەریمەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بریتیە لەوەی لە بەرامبەر ئەو حاڵەتانەی مرۆڤ توشی توڕەیی و سەرکەشی دەکات، یەکسەر توشی هەڵچوون نابن و، بە سیستەمێکی فراوانی هەرسکردنەوە، تەواوی ئەو شتە نەرێنیانە هەرس دەکات، کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
لە ڕاستیشدا ڕق و توڕەیی کەوا خاوەنەکەیان توشی شێوازێک لە شێتێتی دەکەن، گەر لە ڕێگەی سیفاتی حیلمەوە هاوسەنگی بۆ نەدۆزرێتەوە و هێور نەکرێتەوە، چەند پەشیمانیەکی وەها، کە توانای هەستانەوە لە ژێر باریدا نەبێت، جێگەی باس دەبێت.
مرۆڤ بە هۆی توڕەییەوە توشی هەڵەی وەها دەبێت، دواتر چیدی توانای نۆژەنکردنەوەیانی نابێت.
هەرکەسێکیش بیەوێت ڕووبەڕووی ناڕەحەتی لەم شێوەیە نەبێتەوە، پێویستە وەک حەزرەتی “حالم” هێور و لەسەر خۆ بێت.
دەشیت مرۆڤ هەندێک جار ڕووبەڕووی هەندێک کێشەی وەها ببێتەوە کە هەرس کردنیان ئەستەمە.
بۆ نمونە دەشێت ڕووبەڕووی سوکایەتی، بوختان، لەکەدارکردنی زۆر سەخت ببێتەوە، زوڵم و ناحەقیەکی وەها پێ ڕەوا ببینرێت، کە بە لای خۆیەوە بەرگەگرتنی زۆر سەخت بێت. دەشێت گیرۆدەی دەستی بێ وەفایی و غەدری ئەو کەسانە ببێت کە پێشتر بە دۆستی خۆی زانیون.
هەرسکردنی شتێکی لەم شێوەیە لەلایەن مرۆڤێکەوە و، ڕووبەڕووبوونەوەیان بە خوێن ساردی و پشاندانی کاردانەوەی تەندروست، هەر بە ڕاستی کارێکی سەختە.
بۆ ئەوەی تەواوی ئەم شتە نەرێنیانە هەرس بکات، پیویستە لە پێکهاتەی مەعنەوی ئەو کەسەدا، ئەنزیمی ڕژێنەی حیلم، سەبر، بەرگەگرتن، لێبوردەیی بوونی هەبێت.
وەک هەموو لایەکیش دەزانن “حالم” یەکێکە لە ناوە جوانەکانی جەنابی حەق.
هەربۆیە حەزرەتی ئەبوبەکریش کاتێک ئەو هەموو قەباحەت و سنوربەزاندنانەی کافر و موشریکان دەبینێت و، لە بەرامبەریشدا خودا مۆڵەتی یەک لەسەر یەکیان پێدەدات و یەکسەر سزایان نادات، دەڵێت: مَا أَحْلَمَكَ يَا رَبَّنَا
واتە فەرموویەتی” وای خودایە تۆ چەندە حەلیمی!”.
لەم روانگەیەشەوە یەکێک لە دەرکەوتەکانی سیفاتی حیلم، بریتیە لەوەی یەکسەر سزای ئەو زاڵم و دەستدرێژیکەرانە نەدەیت کە سنوری خۆیان نازانن، مۆڵەتیان پێبدەیت هەتا لە هەڵەکانیان تێدەگەن و پەشیمان دەبن و دەگەڕێنەوە!
ئیدی ئێمە نازانین، لەوە دەچێت ئەم مرۆڤانە کە ئەو هەموو هێرش و کارە خراپانە ئەنجام دەدەن، کاتێک دەبینن بە لێبوردەیی و نەرمونیانیەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ڕۆژێک بێت پەشیمان ببنەوە و داوای لێبوردن لەو مرۆڤانە بکەن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئازاری دڵیان داون و، پاشان دەست دەکەن بەوەی گوڵ بگرنە ئەو مرۆڤانە بەردەبارانیان کردوون.
خوای گەورە لە یەکێک لە ئایەتەکانیدا دەفەرموێت” وَاِنْ عَاقَبْتُمْ فَعَاقِبُوا بِمِثْلِ مَا عُوقِبْتُمْ بِه”، واتە گەر سزای یەکێکتان دا لەسەر ئەو کارەی ئەنجامیداوە، ئەوا هاوتای ئەو زیانەی بە ئێوەی گەیاندووە سزای بدەن. پاشان لە کۆتایی ئەم ئایەتەدا دەفەرموێت:
وَلَئِنْ صَبَرْتُمْ لَهُوَ خَيْرٌ لِلصَّابِرِينَ

واتە دەفەرموێت” گەر ئارام بگرن و هاوشێوەی ئەوان وەڵام نەدەنەوە، ئەوا بزانن کە ئەم ڕێگایەیان باشترە بۆ کەسانی ئارامگر”.
واتە بەم شیوەیە ڕێگەیەکی فەزیڵەتداری خستۆتە بەردەممان.
ئەویش بریتیە لەوەی لە بەرامبەر شتی نابەجێ و ناڕەوادا، وەڵامی هاوشێوە نەدەیتەوە، دان بە خۆتدا بگریت و، هەوڵی هەرسکردنی شتە نەرێنیەکان بدەیت.
دەی مادام وەهایە، کاتێک شتێکی باشتر هەیە، لەبەرچی بە شتێکی کەمتر ڕازی بین؟
وەک لە پەندێکی لای خۆشماندا ئاماژەی پێکراوە، وەڵامدانەوەی چاکە بە چاکە، کاری هەموو کەسێکە. بەڵام وەڵامدانەوەی خراپە بە چاکە، کاری کەسی مەردە. مادام هەلی ئەوەی ببینە کەسێکی مەرد و مەردانە کار بکەین لە بەردەمی ئێمەدایە، لەبەرچی ببینە کەسێکی سادە و هاکەزایی…
بوونە “اواه”

هەروەها لە ئایەتە کەریمەکەدا، یەکێکی تر لە سیفاتە ناوازەکانی حەزرەتی ئیبراهیم کەوا ئاماژەی پێدراوە، بریتیە لەوەی بە کەسێکی ” اواه” ناوی بردووە.
” اواه” بریتیە لەو کەسەی هەمیشە ئاخ و واخی لێ دەبیستیت و ناڵەی دەنگی دێت. باشە حەزرەتی ئیبراهیم لە بەرامبەر چیدا ئاخ و واخی دەکرد؟
بێگومان ناڵەی ئەو لە بەرامبەر ناڕەحەتە دونیاییەکان، ئەو بەڵا و موسیبەتانەی توشی دەبوون، نەبوو.
بە پێچەوانەوە ئەو بە هۆی ترسی خودا و، ستەملێکرا و غەدر لێکراوان، موحتاج و لێقەوماوان، ئەو گوناحکارانەی چارۆکەیان بە رووی دەریا سەرکەشیدا هەڵداوە و جارێکی تر ناگەرێنەوە، لە بەرامبەر ئەو کەسانەی بەرەو چاڵە دۆزەخیەکانی کوفر و گومرایی خلۆر دەبنەوە، ناڵەی لێهەڵدەستا و ئاخ و واخی دەکرد.
ئاخ و واخی دەکرد، هەوڵی رزگارکردنی کەسانی تری دەدا لەو ناڕەحەتیانەی تێیکەوتوون، ڕێگای بەهەشتی پشان دەدان.
ئاخر لە بەرامبەر کەسێکدا سەری خۆی هەڵگرتبێت و بەرەو دۆزەخ ملی ڕێگەی گرتبێت، چۆن مرۆڤ خۆی دەگرێت و ئاخ و واخی لێهەڵناستێت؟

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، دەچێتە میعراج، لەوێ ئەو شتانە دەبینێت کە لەلایەن کەسانی ترەوە نابینرێن، بەو شتانە گەشت کە هەرگیز کەسی تر پێیناگەن. توانی بگات بە نهێنیەکانی جیهانی لاهوت، گەشتێکە خاڵێک کە لە نێوان وجوب-ئیمکاندایە. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە کەسانی فانی و تیاچوو لە باقی جودا دەکاتەوە.
بەڵام تەواوی ئەمانە چاوی ئەویان لێڵ نەکرد و، بە پێچەوانەوە بە هەیەجانی ئەوەی دەستی مرۆڤگەلێکی زیاتر بگرێت و بیانگەیەنێتە ئەو شوێنە، بە هەموو تامەزرۆیی خۆیەوە هەوڵی دەدا. هەر بەم هۆیەشەوە دوای ئەوەی گەشتە ئەو خاڵە، گەڕایەوە و هاتەوە ئەم دونیا. چونکە ئەو لە پێناو ژیاندنی کەسانی تر دەژیا.
کێ دەزانێت، ئەو کاتەی حەزرەتی ئیبراهیم کوفر و گومڕایی قەومەکەی دەبینی، چەندە دڵتەنگ دەبوو. هەر بۆیە ئەو کاتەی هەندێک لە فریشتەکانی خودا هاتنە لایی و ئەوەیان پێ راگەیاند کە قەومی لوط لەناو دەچێت، لەو کاتەدا جەشنی ئەوەی ئاگری تێبەربێت، بەرەنگاری فریشتەکان بوویەوە. قورئان ئاماژە بەو دیالۆگە ناکات کەوا لە نێوان ئەو و فریشتەکاندا ڕوویداوە.
ئەگەر هەیە داوای ئەوەی لە فریشتەکان کردبێت، کە سزاکەیان دوا بخەن، یان بە تەواوی هەڵیبگرن، یاخود هیچ نەبێت کەمی بکەنەوە.
لەبەرچی؟
چونکە ئەوەی دەزانی هەر قەومێک کەوا لەناو ببرێن، ئەوا شایستەی ئەوەن بەر غەزەبی ئیلاهی بکەون، بە سەرماقولات بەرەو دۆزەخ خلۆر ببنەوە، ئەویش لەو کاتەدا داوای ئەوەی لێدەکردن مۆڵەتێکی تریان پێبدرێت هەتا لەو رێگە هەڵەیەی گرتوویانە بگەڕینەوە.
هیچ گومان نیە لەوەی ناڵین و ئاخ و واخ کردن لە بەرامبەر ئەو کەسانەی ملی ڕێگەی گومڕاییان گرتووە، پەلەقاژەکردن لە پێناو ئەوەی ڕێگەی هیدایەت بگرنە بەر، لە روانگەی مەردەکانی خزمەتی ڕۆژگاری ئەمرۆشمانەوە، هەتا بڵێیت وەسفێکی گرنگە.
چونکە بنەمای پیشەی ئەوان سەودای ژیاندنی کەسانی ترە. ئەوەی لەسەر شانی قارەمانانی زیندووبوونەوەی پاش مەرگە، فیداکاری بکەن لە داباری هەستەکانی خۆیان و، سەرەڕای خۆیان هەوڵی ژیاندنی کەسانی تر بدەن.
ئەوان پێویستە بێ ئەوەی بە دەستی چەند چێژ و زەوقێکی ماددی و مەعنەوییەوە گیر بخۆن، کەسانی تر لەبیر نەکەن.
تەنانەت گەر دەرگاکانی بەهەشت بخرێنە سەر پشت و فەرمووتان لێبکەن، لە پێناو ئەوەی مرۆڤی زیاتر بهێننە ناوی، پێویستە ژیانی ناو دونیای بەسەردا پێش بخەن.
“انابة”
هەروەها لە ئایەتە کەریمەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە حەزرەتی ئیبراهیم کەسێکی “منیب” بووە. منیب واتە ئەو کەسەیە کە زۆر “انابة” دەکات. داوای لیخۆشبوون(استغفار) وەک چۆن بناغەی تۆبەیە، “انابة” ش لوتکەی ئەو بناغەیەیە. مرۆڤ پێویستە لە ڕێگەی داوای لێخۆشبوونەوە، داوای پاک بوونەوە لە خودا بکات. پاشان لە ڕێگەی تۆبەوە ڕوو لەو بکاتەوە، ئەو بەندایەتیەی لە دەستی داوە، سەرلەنوێ بە دەستی بهێنێتەوە.

بە دەربڕینێکی تر، دوای ئەوەی توشی تێکچوونی فۆرمیان دەبن، جارێکی تر فۆرمی خۆیان بەدەست بهێننەوە. پاشان لە ڕێگەی “انابة” وە، فۆرمێک لەسەرو هەموو فۆرمەکانەوە بەدەستبهێنن.
هەربۆیە “انابة” ش ناو و نازناوی پەیوەندی گرتنێکی بەرفرانترە لەگەڵ جەنابی حەق. هەرچەندە حەزرەتی ئیبراهیم یەکێکە لە ٥ پێغەمبەرە گەورەکەش و، بە هۆی ئەم خاسیەتانەیەوە لە پێگەیەکی جیاوازدایە لەگەڵ ئەوان، ئەم سیفەتانەی تایبەتن بە مرۆڤی کامڵ، لە سەردارماندا کە مرۆڤی راستەقینەیە بە تەواوی خۆیان گەیاندۆتە لوتکە. واتە ئەم خاسیەتانەی وەک تۆوێک لە حەزرەتی ئیبراهیمدا بوونیان هەبووە، لە سەردارماندا وەک درەختی لێهاتووە.
کاتێک لە تەواوی ئەم خەسڵەتانەش دەڕوانین کە ئاماژەمان پێدا، دەتوانین وەک بنەماکانی پیشەی “خلة” ناویان ببەین.
هەربۆیە ئەو مرۆڤانەی سەر بەو پیشەیەن، وەک چۆن لە پەیوەندیەکانیاندا لەگەڵ مرۆڤەکانی تر، “حلیم” و “اواه” ن، پێویستە لە بەردەم الله ش دا منیب بن. هەمیشە چاویان لە ڕەزامەندی و خۆشنودی الله ببڕن و، پەیوەندی خۆیان بەوەوە توندوتۆڵ ڕابگرن.
هەمیشە روویان لە الله بێت و، لە ڕێگەی ڕشتەی دەسویەکی نەپساوەوە(حبل المتین) خۆیان بەوەوە ببەستنەوە و، هەتا لە شڵەژانێکی سادەوە پەیوەندیان نەپچڕێت و تیانەچن.
گەر مرۆڤێکیش لە پەیوەندیەکانیدا لەگەڵ کەسانی تر هەمیشە بە حیلم و ئاشتیەوە مامەڵە بکات، هەتا پێی بکرێت کەموکورتیەکانیان نادیدە بگرێت، ئیدی کەسێکی لێبوردەی لێدەردەچێت، بە ناوی مرۆڤایەتیەوە بەردەوام ئاخ و واخ دەکات، ئامێزی بۆ هەموو کەسێک دەکاتەوە، هەموو کاتێک هێزی خۆی لە الله وە وەردەگرێت، لە ڕوانگەی سروشت و فیترەتیشیەوە لە بەرامبەر بچوکترینی شتە بچوکەکانیشدا هەڵویست وەردەگرێت، ئیدی ئەویش چەشنی حەزرەتی ئیبراهیم بە تاقی تەنیا ئومەتێک دەبێت. ئەمەش بۆ کەسانێک کەوا خۆیان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی تەرخان کردووە، پێویستە وەک ئامانجی لیبێت.
مادام جەنابی حەق حەزرەتی ئیبراهیمی لە ڕێگەی ئەم سیفەتانەوە ستایش و بە گەورە پشانداوە، هەروەها وەک نمونەیەکی باڵا خستوویەتە بەردەمی کەسانی دوای خۆی، ئەوەی لەسەر شانی کەسانی ئیماندارە، بریتیە لەوەی هەوڵی ئەوە بدەن جبەخانەی خۆیان لە ڕێگەی ئەم سیفەتانەوە پڕ چەک بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *