بیدعە

پرسیار: چیەتی و چوارچێوەی بیدعە لە چیدا دەبیننەوە؟

وەڵام: بیدعە بریتیە لەوەی دوای ئەوەی خاوەنی شەریعەت دینی خۆی تەواو و کامڵ کردووە، حوکمی نوێ و زیادەی تری بخەیتە سەر؛ یاخود هەڵسوکەوت و ڕەفتارێک بنوێنیت کە پێچەوانەی بەڵگە شەرعیەکان بێت.

بۆ نمونە سەردارمان فەرموویەتی” سەیری چۆنیەتی نوێژەکانی من بکەن، ئێوەش ڕێک وەک ئەوەی من بیکەن”. (البخاری، الاذان؛ احمد بن حنبل، المسند)، خودی خۆی تەواوی مەرج و وردەکاری پایەکانی نوێژی فێری ئومەتەکەی کردووە. ئیدی لە دوای ئەو هەر شتێکی زیادە بخرێتە سەر نوێژ “بیدعە”یە.

بە هەمان شێوەیە، دوای ئەوەی قورئان و سونەت بە تەواوی وردەکاریەکانەوە چۆنیەتی ڕۆژووگرتنیان ڕوون کردووەتەوە، گەر کەسێک هەستێت بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری، بۆ نمونە یاری بە کاتەکانی ڕۆژوو بکات و چەشنی شوێنکەوتووانی دینەکانی تر هەندێک لەو خواردنانەی دەخورێن قەدەغەی بکات، دەشێت وەک نمونەی بیدعە پیشان بدرێن.

پێغەمبەری خودا لە یەکێک لە فەرموودەکانیدا دەفەرموێت” چاکترینی وتەکان لە قورئانەوەیە کەوا کتێبی خودایە، چاکترین ڕێگە و ڕێبازیش بریتیە لە سونەت و ڕێگەی محمد (سەڵات و سەلامی لەسەر بێت). خراپترینی کارەکانیش ئەوانەن کە دواتر پەیدا دەبن و سەرهەڵدەدەن(بیدعە). وە هەموو بیدعەیەکیش گومڕاییە”. وەک ئەوەی لەم فەرموودەیەشدا دەبینرێت، هەر مرۆڤێک بە دروستکردنی بیدعەیەک هەستێت، ئەوا لە ڕێچکەی دین لایداوە.

**

حەزەری هاوەڵان

هەر لەبەر ئەم مەترسیەش بوو، هاوەڵە بەڕێزەکانی سەردارمان هەتا بڵێی بە شێوەیەکی هەستیارانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکرد. بۆ نمونە عەبدوڵای کوڕی عومەر، جارێکیان بە مەبەستی نوێژکردن دەچێتە مزگەوتێکەوە، دوای ئەوەی کەسێک لە دوای قامەتی بانگبێژەکەوە بە شێوەیەکی ناپێویست خەڵکەکە بۆ نوێژ بانگ دەکاتەوە، یەکسەر لەو مزگەوتە دەڕواتە دەرەوە و بە کەسە نزیکەکانی دەڵێت” دەی، با زوو خۆمان لەم بیدعەچییە دوور بخەینەوە”. (ترمذی، صلاة ٣١).   هەربۆیە ئەوان هەتا بڵێی بە حەزەرەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەوەدا دەکرد شتێکی نادینی نەیەتە ناو دینەوە. چونکە ئەوان ئەو بیرکردنەوەیان هەبوو کەوا هەموو حوکمێکی تایبەت بە دین لەلایەن خاوەن شەریعەتەوە تەواو و کامڵ کراوە، تەنیا لە ڕێگەی ئەمانەشەوە دەتوانن بە ڕەزامەندی خودا بگەن، لەو باوەڕەشدا بوون کە چیدی پێویستیان بە شتێکی تر نەماوە.

لەمەشەوە لەوە تێدەگەین، لە بابەتی عیبادەتەدا سەلامەتترین ڕێگە بریتیە لەوەی لەو حوکمانە نەچینە دەرەوە کەوا لە قورئان و سوننەتە زارەکی و کردەیی و ڕێپێدراوەکاندا جێگیر بوون و، هێندەی ئەوەی لەدەستمان دێت شتێکیان تێکەڵ نەکەین کەوا لە سوننەتی سەردارماندا نەهاتووە. بۆ نمونە دەتوانن لە شوینێکدا دابنیشین و هێندەی دەتوانن سورەتی ئیخلاس بخوێنن، یان هێندەی دەتوانن سورەتی فاتیحە بخوێنن و بە دڵی خۆتان نزا بکەن و تەسبیحاتی خودا بکەن. خوێندنەوەی قورئان، نزاکردن، زیکری خودا، لەبەر ئەوەی تەواوی ئەمانە لە ڕەگەزی عیبادەت و تاعەتن، دەتوانن لەهەریەکەیانەوە پاداشتتان دەست بکەوێت. بەڵام ناتوانن بە هەوەسی خۆتان دەستکاری سوجدە و ڕکوع و بەپێوەوەستان و دانیشتنی ناو نوێژەکانتان بکەن. گەر لە نێو نوێژدا کۆمەڵێک نزا و ئایەت دیاری بکەن کەوا لە سوننەتدا نەهاتووە و وەک ئەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن کەوا دەبێت هەردەم بخوێنرێن، ئەوا بیدعەیەکتان داهێناوە.

 

**

پایەکانی بانگ

لە کاتی ئەنجامدانی عیبادەت و تاعەتەکاندا، بە شێوەیەکی ڕەها پیویستە سەرنج لەوە بدرێت کەوا کارێکی پێچەوانە بە کرۆک و ڕۆحی دین ئەنجام نەدرێت. بیدعەش تەنیا ئەوە نیە شتێکی نوێ بهێنیتە ناو دینەوە، بەڵکو گۆڕینی ئەو عیبادەتانەی بوونیان هەیە و خستنە ناو قاڵبی تریشەوە بە بیدعە ئەژمار دەکرێت. بۆ نمونە زاناکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پایەکانی بانگ بریتیە لەوەی بە “الله اکبر” دەست پێ بکات و بە “لا اله الا الله” کۆتایی بێت. چونکە بانگ، لە دوای ئەوەی دوو کەس لە هاوەڵان لە خەویاندا فێر دەکرێن و پێغەمبەری خوداش بە جوانی دەبینێت و پەسەندی(تقریر) دەکات، وەک کارێکی شەرعی لێ دێت. ئیدی گۆڕینی ئەمە لەمەودوا جێگەی باس نیە. ئەمەش بەو واتایە دێت کە گۆڕینی وێژەکانی بانگ، لەوەی دەخات کە بە بانگ ئەژماری بکەین. یان ناشێت لە جیاتی وێژە عەرەبیەکانی ناو بانگ، وێژەی ناو زمانێکی تر بەکاربهێنین. بۆ نمونە ناتوانین بڵێین” خودا مەزنە، جگە لە خودا هیچ خودایەکی تر نیە”. گەر کەسێک بەم شێوەیە خوێندنی، ئەوا بیدعەیەکی ئەنجام داوە و حوکمێکی دینی گۆڕیوە. یان گەر کەسێک لە کاتی بانگدا پەنجا جاریش ئەم وێژانە دووبارە بکاتەوە، هیشتا بە بانگ ئەژمار ناکرێت. سەردەمانێک لە وڵاتی ئێمە کارێکی لەو شێوەیە ئەنجام درا. هێندەی ئەوەی من بیزانم، لە سەردەمی سەردارمانەوە هەتا ئەمڕۆ، جگە وڵاتی ئێمە لە هیچ شوێنێکی تری دونیادا دەستکاری پایەکانی بانگ نەکراوە.

واز لە بانگ بهێنن، تەنانەت سەردەمانێک تەکلیفی ئەوە خرایە بەردەم موسوڵمانان کەوا ئایەتەکانی ناو نوێژیش بە تەرجومەکراوی بخوێنرێنەوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی زاناکانەوە دەست لەم کارە هەڵگیرا. گەر ڕێگە بەم کارە بدرایە، ئەوا بیدعەیەکی گەورە ئەنجام دەدرا و نوێژ لەوە دەردەچوو کەوا چیدی بە نوێژ ناو ببرێت. هەندێک لەم بابەتەدا پەنا بۆ فەتواکەی ئەبو حەنیفە دەبەن. ئەمە لە کاتێکدایە فەتواکەی ئەو بۆ کەسانەیە کەوا تازە موسوڵمان بوون و زمانیان وشە عەرەبیەکان گۆ ناکات؛ ئەویش ماوەیەکی دیاریکراو دەتوانن بە زمانی فارسی یان هەر زمانێکی تر سورەتی “الفاتحة” بخوێننەوە. ئەمە لە کاتێکدایە زۆرێک لە فەقیهە گەورەکان ئەم فەتوایەی ئەبو حەنیفەیان پەسەند نەکردووە. تەنانەت ئەم فەتوایەی ئەبو حەنیفە، لە نێو خودی مەزهەبەکەی ئەبو حەنیفەدا ڕەواجی پەیدا نەکردووە. کەسێکی وەک ئەکمەلەدین بابەرتیش لە کتێبی “العنایة شرح الهدایة”دا ئاماژە بەوە دەکات کە ناکرێت ئەم فەتوایەی ئەبوحەنیفە کە تایبەت بە سورەتی فاتیحە بووە، گشتگیر بکرێت بۆ ئەو سورەتانەی تری قورئان کەوا لە نوێژدا دەخوێنرێن.

حەزرەتی پیریش لە بریسکەکاندا ئاماژە بەم بابەتە دەکات و دەڵێت” ڕەمەزانێکیان وێڕای ئەوەی ئەهلی کەشف هەواڵی ئەوەیان دابوو کە خودا دەروویەک و کرانەوەیەک بە نسیبی ئەهلی سونەت دەکات، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو”. کاتێک پرسیاری ئەوە کرا کە بۆچی ئەهلی ویلایەت هەواڵی پێچەوانەی واقع دەدەن، لە وەڵامدا وتی: “بە داخەوە لەبەر ئەوەی لە مانگی ڕەمەزاندا بیدعەیەک هاتە ناو مزگەوتەکانەوە، لەمپەرێکی لەبەردەم نزاکاندا دروست کرد و ڕزگاربوونیان بەنسیب نەبوو”. حەزرەتی پیر لەو کاتەدا ئەوە ڕوون ناکاتەوە کەوا بیدعەکە چی بووە، چونکە وتنی ئەو بابەتە لەو کاتەدا قەدەغە بووە. بەڵام ئەو بیدعەیەی ئوستاد ئاماژەی پێداوە، بریتی بووە لەوەی لە مزگەوتەکاندا بانگ و قامەت بە زمانی تورکی کراوە. بەم هۆیەشەوە ڕووتێکردنی ئیلاهی بۆ ئەهلی سوننەت پچڕاوە. حەزرەتی پیر لە ڕێگەی ئەم بۆچوونەیەوە، ئەوەمان پیشان دەدات کە ڕەچاوکردنی ڕێساکانی خاوەنی شەریعەت چەندە گرنگە.

جەنابی حەقیش لە یەکێک لە ئایەتەکانی قورئانی کەریمدا دەفەرموێت: إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ… واتە هیچ گومان لەوەدا نیە کە هەر خۆمان قورئانمان دابەزاندووە و هەر خۆیشمان دەیپارێزین. هەربۆیە لە بابەتی پاراستنی قورئان و ئیسلامدا، ئەو لایەنەی پەیوەندی بە مرۆڤەکانەوە هەیە بریتیە لەوەی خۆیان لە بیدعە بەدوور بگرن. چونکە لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر بیدعەیەکدا، دەستکاری کرۆک و پایەکی دین کراوە و پارچەیەکی بەلاڕێدا براوە. لە ڕاستیدا بەلاڕێدا بردنی دینە ئاسمانیەکانی تریش هەر بەهۆی کۆمەڵێک بیدعەوە بووە کە لە سەرەتادا بە بچوک بینراون.  لە ڕێگەی یاریکردن بە وشەکان، دوورخستنەوەی وێژەکان لە واتای ڕاستەقینەی خۆیان، واتای تریان پێدراوە و ئیدی بەلاڕێدابردن و دەستکاری، بەلاڕێدابردن و دەستکاری تری بەدوادا هاتووە، ئیدی حاڵێکی وەهای بەسەر هاتووە، زۆر لە کرۆکی ڕاستەقینەی دینەکە دوور کەوتوونەتەوە. چونکە لەو کاتەدا کەوا دەستدەکرێت بە یاریکردن بە وشە و وێژە و واتاکانی کەلامی ئیلاهی، ئیدی دەرگا بۆ ئاوەڵا دەکرێت کەوا بە گوێرەی هەوەس و ئارەزووش ڕاڤە بکرێن.

بە درێژایی مێژوو هەموو کاتێک هەمان پیلان بۆ قورئان داڕێژراوە، بەڵام بە پشتیوانی و چاودێری خودا هەردەم لەلایەن زانایانەوە ئەم پیلانە پوچەڵ کراوەتەوە. چونکە وەک ئەوەی لە ئایەتەکەی سەرەوەشدا ئاماژەی پێکراوە، لەم بابەتەدا بەڵێنی خودا جێگەی باسە. لەو ڕۆژەوەی ئەم کەلامە ئیلاهییە دابەزیوە، خودا لە هەموو جۆرە دەستکارییەک پاراستوویەتی. هەربۆیە گۆڕینی تەنیا وشەیەکیشی کاری نەکردەیە.

**

گونجاوی لەگەڵ بنەما سەرەکیەکاندا

لە لایەکی ترەوە، داهێنانی ئەو حوکم و ڕاڤە و پەیڕەوانەی کەوا ناسنامەی ڕەسەنی دین دەشێوێنن چەندە هەڵەیەکی گەورە بێت، بە بیدعەزانینی هەموو شتێک بێ ئەوەی سەیری ئەوە بکرێت کە چەندە لەگەڵ کرۆک و ڕۆحی دیندا گونجاوە،  بەهەمان شێوە زیان بە دین دەگەیەنێت. بۆ نمونە “نزاکردن” یەکێکە لە عیبادەتە هەرە گرنگەکان. لە ڕاستیشدا سەردارمان نزای بە “کرۆکی عیبادەت” پێناسە کردووە. نزاکردن لەبەر ئەوەی ناونیشانی ڕووکردنە جەنابی حەقە لەسەرو هۆکارەکانەوە، عیبادەتێکی زۆر پوختە. بەڵام لەم بابەتەدا حوکمێکی یەکلاکەرەوەمان نیە کەوا کەی، چۆن، چەند، بە چی زمان و شێوەیەک  دەبێت ئەنجام بدرێت. مرۆڤ هەرکاتێک و لە هەر شوێنێکدا ویستی دەتوانێت بەو زمان و شێوازەی دەیخوازێت ئەنجامی بدات. ناکرێت هیچ کام لەمانە بە بیدعە ئەژمار بکرێت. ئەوەی لێرەدا گرنگە، مرۆڤ لە کاتی نزادا داوای شتێک نەکات کەوا پێچەوانەی حوکمە چەسپاوەکانی دین بێت، قسەیەک نەکات کەوا لەگەڵ بنەما سەرەکیەکانی دیندا یەک نەیەتەوە.

مەرجیش نیە ئەو نزایەی دەکرێت تەنیا لە قورئان و سونەتەوە وەرگیرابێت. بەڵام گومانیش لەوەدا نیە، گەر مرۆڤێک ئەو نزایانەی لە قورئاندا فێرمان کراوە یان لەلایەن سەردارمانەوە پێمان گەشتووە بەسەر شێوازی خۆیدا پێش بخات، نزایەکی جوانتری ئەنجام داوە. لەبەر ئەوەی سەردارمان بەندەیەکی کامڵی پەروەردگارمان بووە، بێگومان لە ئێمە باشتر ئەوە دەزانێت کەوا چۆنی و بە چی شێوازێک، داوایەک پێشکەشی پەروەردگارمان دەکرێت. جاران خەڵک  کە دەیانویست داوایەک لە پێگە فەرمیەکانی دەوڵەت بکەن، ڕوویان لە عەریزەنوسەکان دەکرد. عەریزەنوسەکانیش کەسانێک بوون ئەوەیان دەزانی کە چۆنی و بە چی شێوازێک داوایەک ئاڕاستەی پێگە فەرمیەکان دەکرێت. ئێوەش دەتوانن بەم شێوەیەش لە نزاکانی سەردارمان بڕوانن.

بەڵام هەرچیەکیش بێت، نابێت هەموو کەسێکیش بەم شێوە نزایە پابەند بکەین. کارێکی لەم شێوەیە هەم ئەرکێک دەخاتە سەرشانی مرۆڤەکان کەوا توانای بەرگەگرتنیان نیە ، هەم بەرتەسککردنەوەی بەریانی عیبادەتەکانە.  کەسیش حەقی کارێکی لەم شێوەیەی نیە. مرۆڤەکان سەرپشکن لەوەی هەرچۆنێکیان بوێت بەو شێوەیە عیبادەت بکەن. لەم بابەتەدا ناتوانین سنورێک دابنێین. مرۆڤەکان بەر هەر زمان و شێوازێک ئاسودەبن لەوەی مەبەست و ئامانجی خۆیان بە پەروەردگاریان بگەیەنن، دەتوانن بەو شێوەیە نزاکانیان بکەن.

هەندێک نزا، زیکر، سەڵاوات هەیە نە لەلایەن سەردارمان- هاوەڵە بەڕێزەکانیەوە، نە لەلایەن پێشینە چاکەکان- فوقەها بەڕێزەکانەوە ئەنجام دراوە. بەڵام ناکرێت بەم هۆیەوە بە بیدعە ئەژمار بکرێن. بۆ نمونە سەبارەت بە فەزڵ و بەرەکەتی هەریەک لە سورەتەکانی الفاتحة، الاخلاص، الفلق، الناس لە سونەتی سەردارماندا چەند ڕیوایەتێک هاتووە. لەسەر ئەم بنەمایەش مرۆڤ دەتوانێت لە شوێنێکدا دابنیشێت و سەد جار سورەتی ئیخلاس بخوێنێت. یان وەک ئەوەی لە پێشینە چاکەکانمانەوە بینیومانە، دەکرێت لە چەند ئایەتێکی قورئانەوە کۆمەڵە موناجاتێک دروست بکرێت. ناشکرێت بە هۆی ئەوەی لە سەردەمی سەردارمان یان هاوەڵە بەڕێزەکانیدا نەبووە، ئەمە بە بیدعە ئەژمار بکرێت. چونکە لە ڕاستیدا ئەمانە کارگەلێکن کەوا لە دیندا هانیان دراوە. سەنگی مەحەکی ئەوەی کارێک بیدعەیە یاخود نا، بریتیە لەوەی هەتا چەندە لەگەڵ بنەما سەرەکیەکانی دیندا گونجاوە.

 

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *