بەدیعوزەمان مرۆڤی هزر و چالاکی

 

مرۆڤی هزر و چالاکی؛ بریتیە لەو کەسەی جوڵە دەکات، پلان دادەڕێژێت، بە داخورپانەکانی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی دونیاوە هەڵدەستێت و دادەنیشێت، نوێنەرایەتی ئەو بزاڤە دەکات، کەوا هەوڵی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی ئەو پەیکەری واتا و ڕۆحە دەدات کە چەندین سەدە خەریکی ڕوخاندنیانین، ئەو کەسەیە کە مەکۆی ئیرادەی لە جوڵەوە  بۆ بیرکردنەوە، لە بیرکردنەوە بۆ جوڵە بە ئاسانی بە گەڕ دەخات، ئەو مرۆڤە چالاکەیە کە بە گوێرەی ئەتەمینی ڕۆح و واتاکانی خۆمان، نەخش و نیگارێکی تازە و نوێمان بۆ دەهۆنێتەوە.

ئەو لە هەستەوە بەرەو بیرکردنەوە، لەوێشەوە بە ئاڕاستەی ئەو ڕێچکەیەی کەوا هەموو بەشەکانی ژیانی پراتیکی لە خۆی گرتووە، هەمیشە هەناسەی ڕێکخستنەوە دەدات، بە هەستی دروستکردن و بونیادنانەوە هەڵدەستێت و دادەنیشێت. ئەو لە جیاتی ئەوەی لە ڕێگەی هێز و دەسەڵاتی ماددیەوە هەوڵی فەتحکردنی وڵاتەکان بدات، لە جیاتی ئەوەی لەم سەرکەوتنەوە بەرەو ئەو سەرکەوتن ڕابکات،  لە پێناو دروستکردنی پایەکانی ڕۆح دەجەنگێت و، ئەندازیاری بیرکردنەوە و کرێکارانی فکر پێدەگەیەنێت، هەمیشە فووی هزری ئاوەدانکردنەوە و بونیادنان  بەسەر چواردەورەکەیدا دەپرژێنێت، مەردێکی لەدوننی ڕێگەی حەقە، کەوا ڕێگاکانی نۆژەنکردنەوەی وێرانەکان پشانی شاگردەکانی دەدات. توانیوێتی ئیرادەی خۆی لەگەڵ خواستی بێ کۆتای ئەودا یەکبخات، هەژاری خۆی وەک دەوڵەمەندی، کۆڵەواریەکەشی وەک هەمان قودرەت لێکردووە، مەردێکی حەقە کەوا بە شەوق و شوکرەوە جۆشی سەندووە… ئەو هەتا ئەو کاتەی ئەم سەرچاوانەی هێزی لە شوێنی خۆیی و بە هەستی وەفا بۆ خاوەنەکەی بەکارهێنا، هەرگیز توشی دۆڕان نابێت، لەو شوێنانەشدا کە وەها دیارە توشی دۆڕان بووە، دواتر ئەوە بەدی دەکرێت کە لە دەستپێکی موناوەرەی سەرکەوتنێکی جیاوازدا بووە.

 

… و ئایا لە کاتی باسێکی لەم شێوەیەشدا، یاد نەکردنەوەی بەدیعوزەمان کەوا بە ئیمان، بیرکردنەوە و چالاکیە سەرسوڕهێنەرەکانی  تەواوی پیلانەکانی دونیای کوفر و ئیلحادی ژێراوژور کرد، کارێکی مومکینە؟

بەدیعوزەمان سیمایەکی وەهایە کەوا پێویستە  بە جددی بیری لێبکرێتەوە، توێژینەوەی لەسەر بکرێت و بە مرۆڤەکان بناسێنرێت. ئەو مرۆڤی ژمارە یەکی سەدەی خۆیەتی، کەوا فراوانی و ناوازەیی بیروباوەڕ و ئاکار و ویژدانی جیهانی ئیسلامی بە کاریگەرترین شێوە و بێ هیچ تێکەڵەیەکی تر خستۆتە ڕوو. نزیک بوونەوە لەو و بیرکردنەوەکانی لە ڕێگەی تێبینی سۆزدارانەوە، بە یادکردنەوەی ئەو و شاکارەکانی ئەژمار ناکرێت. تێبینی سۆزدارانە لەگەڵ جددیەتی ئەو بابەتانەی کەوا ئەو هەمیشە بە شێوەیەکی زوڵاڵ باسی لێوەیان کردووە و مەردانە هەموو کاتێک هەڵوێستی لەسەریان هەبوو، یەک نایەتەوە. ئەو تەواوی ژیانی، لە سێبەری کیتاب و سونەتدا، لە ژێر باڵەکانی ئەزمون و لۆجیکدا، بە عەشق و هەیەجانێکی قوڵەوە وەک مرۆڤێکی خاوەن داوەری ژیری، بەسەر بردووە.

سەبارەت بە مەفکورەی باڵای بەدیعوزەمان، بیرکردنەوەی لەو سەردەمەی تێیدا ژیاوە و باسەکانی،  سادەیی، فراوانی و ناوازەیی لایەنی مرۆیی، وەفاداری، وابەستەیی بە دۆستەکانی، داوێنپاکی و خاکی بوون، خۆ بە هیچزانین و لە خۆبوردوویی ئەو زۆر شت نوسراوە و وتراوە. لە ڕاستیدا هەریەک لەم سیفاتانەی سەرەوە، بۆ خۆیان کتێبێکیان لێدەردەچێت، خۆیشی زوو زوو لە کتێبەکانیدا لەسەر ئەم بابەتانە وەستاوە. جگە لەمانەش، هێشتا لە نێوماندا کەسانێک هێندەی هەموو دونیا هەیە، کەوا لە کاتی ژیانیدا بە بەختیاری ئەوەی لە نزیکی ئەو بن گەشتوون و، ئەویان لە ڕووی فراوانی و ناوازەیی ڕۆحی و، دەوڵەمەندی فکریەوە ناسیوە، هەریەک لەمانەش وەک کتێبێکی زیندوو، ڕاستگۆترین شایەتەکانی ئەم بابەتەن.

بەدیعوزەمان کەوا لە ڕووی ڕواڵەتی دەرەوەی سادە و ساکار دەبینرا، لە ڕووی ژیانی فکری و چالاکیەکانیەوە، هەموو کاتێک خاوەنی کەسایەتیەکی ناوازەی وەهابوو، کەوا لە کەسانی تردا بەدی نەدەکرا. ئەو لە پێناو مرۆڤایەتیدا، لە گرنگترین بابەتە شادەماریەکاندا تەواوی مرۆڤایەتی لە ئامێز گرتووە و، بێز کردنەوەی لە کوفر و زوڵم و گومڕایی، جەنگی ئەو لە دژی داگیرکاری لە هەموو شوێنێکدا، تەنانەت بە سووکگرتنی ژیانی خۆی لەم پێناوە و، وەفا و جوامێری و ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگ بە پێکەنینەوە، بە نیسبەت ئەوەوە هەڵوێستگەلێکی ئاسایی بوون. ئەو لە پاڵ ئەوەی مرۆڤێکی خاوەن هەستی ناوازە بوو، لەو بابەتانەدا کەوا پەیوەندیداربوون بە ئەرکەکەیەوە، هەمیشە لە تەوەری قورئان-سونەت، بە ڕەنگی داوەری ژیری و لۆجیکەوە ژیاوە. ئەو هەموو کاتێک لە ڕوانگەی هەڵسوکەوتەکانیەوە، وەک دووانەیەکی مەعسوم ڕەفتاری دەکرد، یەکەمیان وەک مەردێکی خاوەن ویژدانێکی ناوازە، وەک پەیکەرەی عەشق و هەیەجانێکی قوڵ، کە هەتا بڵێی ڕواڵەتی مرۆڤێکی مەردە؛ ئەوەی تریشیان بریتی بوو لە هاوسەنگیەکی دەراسا، خاوەن تێڕوانینێکی زۆر دووربینانە لە پێش هاوسەردەمیەکانی خۆیەوە، ڕووی بیرمەندێک کە خاوەنی مێشکێکی تەندروستی وەهایە، پلان و پڕۆژەی گەورە دادەڕێژێت. ئەوانەی لەم ڕوەوە لە بەدیعوزەمان و داواکەی نزیک دەبنەوە، وەک درێژکراوەیەکی کەسە گەورەکانی ناو ئیسلام دەیبینن، کە لە سۆنگەی تێگەشتن لەو سەردەمەی تێیدا دەژین و ئەو واتایەی هەیەتی، گرنگیەکی زۆری هەیە.

تەنانەت گەر کەسانێک ئەم لایەنەی نادیدە بگرن، لە ڕاستیدا بەدیعوزەمان بە گوێرەی هاوسەردەمیەکانی خۆی، بە جددیترین بیرمەند و نوسەر قبوڵ کراوە، وەک وتەبێژ و پێشەوای مرۆڤەکانی سەردەمی خۆی بووە، بەڵام هەرگیز خۆی لەلا پەسەند نەبووە، هەرگیز ڕووپامایی نەکردووە و خۆی لە خۆدەرخستن بە دوورگرتووە. یەکێک لە وتەکانی” شۆرەت هەروەک ڕیا وەهایە و، چەشنی هەنگوینێکی ژەهراوییە کەوا دڵ دەکوژێت”، یەکێکە لە وتە ئاڵتونیەکانی ئەو لەم بابەتەدا. ئەو لە سەدەی بیستەمی جیهانی ئیسلام و لە ئێستاشدا، لە هەر چواردەوری دونیاش، یەکێکە لەو نوسەرانەی لەسەری سەرەوە ناسراون و، بە خۆشەویستیەوە لەلایەن هەموو چینەکانەوە خوێندراوەتەوە، وەک یەکێک لەو سیمایانەی کەوا تێپەڕینی کات کۆنی نەکردووە، وەک کەسایەتیەکی مێژوویی لێهاتووە.

تەواوی شاکارەکانی بەدیعوزەمان، لە ڕوانگەی ئەو سەردەمەی کەوا تێیدا لە دایک بووە، هەروەها لە ڕوانگەی ئەو لێکدانەوانەی بۆ هەندێکی بابەتی کراوە بە ڕووی لێکدانەوەدا ئەنجامیداوە، سەرئەنجامی هەوڵ و تێکۆشانێکی جددی کەوا لەو بابەتانەدا خەرجی کردووە، هاتوونەتە دی. لە نێو شاکارەکانی ئەودا، هەستپێکردن و بیستنی ئاخ و فیغان، هیوا و شەوق و خۆشی تەواوی ناوچەی ئەنەدۆڵو و جیهانی ئیسلام مومکینە.  ئەگەرچی ئەو لە شارۆچکەیەکی چەپەکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی لە دایک بووە، بەڵام هەمیشە وەک هاوڵاتیەکی ئەنەدۆڵو هەستی بە خۆی کردووە، وەک ئەفەندیەکی ئیستەنبوڵیش هەناسەی هەستەکانی ئێمەی داوەتەوە، هەموو کاتێکیش بە شەفقەتێکی ناوازە و، ڕاستگۆییەکی پاکوبێگەردەوە تەواوی وڵاتی لە ئامێز گرتووە.

بەدیعوزەمان لە سەردەمێکی زۆر بەدبەختدا، کەوا هزری ماددەگەرایی، ژیانی هزریمانی ژێراوژور کردبوو، لە سەردەمێکدا کە هزری کۆمۆنیستی بەوپەڕی شێتی خۆیەوە دەژیا، لە کاتێکدا دونیا بە تەمومژاویترین، تاریکترین و ناڕەحەتترین ڕۆژگارەکانی خۆیدا تێدەپەڕی، لە ڕێگەی شاکارەکانیەوە کە بۆنی ئیمان و هیوایان لێهەڵدەستا، ڕێگاکانی چوونە سەر کانیاوی خزری پشانی مرۆڤەکانی ئێمە دەدا، کەوا توشی شڵەژانی یەک لەسەر یەک بوو بوون و، بە هەر شوێنێکیشدا سوڕابێتەوە، هەمیشە هەر فووی ئەو “زیندووبوونەوەی پاش مەرگەی” بە بەری کۆمەڵانی خەڵکدا کردووە. ئەو لە پێش هەموومان و هەموو کەسێکەوە، گەورەترین کێشە کەوا بینیبێت و هەستی پێکردبێت و هەوڵی چارەسەرکردنی دابێت، بریتی بوو لە کێشەی ئەنارشیەت(سەرکەشی) کەوا لە کوفر و ئیلحادەوە سەرچاوەی گرتبوو. ئەو بە درێژایی تەواوی ژیانی، پێشنیاری ئەوەی بۆ مرۆڤەکانمان دەکرد، کە پێویستی ڕەهایان بە تێپەڕاندنی ئەم نەخۆشیەی سەردەمەکەی خۆیان هەیە. لەم پێناوەشدا کۆششێکی دەراسای مرۆڤانەی خستە ڕوو. بەدیعوزەمان کاتێک ڕووبەڕووی تەنگژەی دونیایەکی لەو شێوەیە بووە کە تەواوی مرۆڤایەتی بە دەستیەوە ناڵەیان لێهەستابوو، ئاگای لەو ئەرکانە بوو کەوا لەسەر شانی بوون…هەروەها کاتێک چووە ژێر باری سەختی ئەرکێکی وەهاوە کەوا لە شاخی کاف قورستر بوو، بە شێوەیەکی وەها دەراسا خاکی، خۆبە هیچزان و خەجاڵەت بوو، کە پشتی بوو بوو بە دووکەرتەوە، بەڵام لە بەرامبەر دەسەڵاتی بێ کۆتای جەنابی حەق و دەوڵەمەندیە بێ بڕانەوەکەی هەتا بڵێی دڵنیا بوو.

بەڵێ، بەدیعوزەمان لە بەرامبەر بێ ئاستی فکری گەلەکەی کەوا بە سنگەخشکی دەژیان، هەروەها دەردە کۆمەڵایەتیەکان کەوا هەریەکێکیان وەک تەنگژەیەکیان لێهاتبوو، هەموو لایەکی وڵاتیش ڕووبەڕووی سەدان ڕووداوی داخورپێنەری وەها بوو بوویەوە، لە سەردەمێکی پڕ ئاشوبی وەها کەوا بەها ئیسلامی و میلیەکان یەک لە دوای یەک توشی داڕمان دەبوون و دەڕوخان، وەک پزیشکێک وەها بوو کە  بیری دەکردەوە، بە دوای چارەدا دەگەڕا، دوای ئەوەی نەخۆشیەکی دیاری دەکرد و دەیدۆزیەوە، ڕەچەتەی پێشکەشی ناڕەحەتیەکان دەکرد.  بەدیعوزەمان ئەو نەوە بەدبەختانەی بینی کەوا بوو بوون بە ژێر ئەو فەلاکەتەی لەلایەن چەندین ساڵی تاریکی و دوور درێژ ئامادەکرابوون و هێنرابوونە ئاراوە، هەرکاتێکیش دەیانویست خۆیان لە دۆڵی بێ ئیمانی و گومڕایی و گومان ڕزگار بکەن، لە نێو تەنگژەیەکی قوڵتردا گیریان دەخوارد، وەک مرۆڤێک کەوا ئەمانەی بینی و هەستیپێکرد و لە قوڵاییەکانی ویژدانیدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، هەر لە یەکەم ڕۆژیەوە بە شێوەیەکی پەرۆشانە ژیا. بە شێوەیەکی بەردەوام بیری دەکردەوە. ڕێگە چارەسەری جیاوازی پێشکەشی کۆمەڵگا و دەوڵەت دەکرد. هەوڵی ئەوەیدا دەوڵەمەندی و ناوازەیی جاران، بەم گەلە خاوەن شانوشکۆ بەڵام چارەڕەشە، هەروەها ئەم وڵاتە ناوازەیە بەڵام بەدبەختە، پێشکەش بکات.  

بەدیعوزەمان لە گەورەترین شارەکانەوە هەتا دەگاتە چەپەکترینی شارۆچکەکان، لەو شارانەی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانیان هەیە هەتا دەگاتە تەنهاترینی خەڵک و گوندەکان، بە هەموویاندا گەڕاوە… سەری بە هەرشوێنێکیشدا کردووە، ئەوەی بەدی کردووە کە جەهالەت فەرمانڕەوایە و، کۆمەڵانی خەڵک بە دەستی هەژاری و نەبوونی زەروریاتەکانیانەوە دەناڵێنن، مرۆڤەکانمان بە هۆی نەدارییان لە رەهەندە جیاوازەکاندا، بەربوونەتە گیانی یەکتری و یەکتری دەخۆن و، بەم هۆیەوە توشی داخورپان بوو… وەک بیرمەندێکیش کەوا زۆر بە باشی درکی بە سەردەمەکەی خۆی بردووە، ویستی شرینقەی زانست لە کۆمەڵانی خەڵکی ئەو سەردەمە بدات. هەروەها لەسەر کێشەی هەژاری و زەروریات و ئابوریەکانی ئەوان وەستا.  بە دوای چارەسەری ناکۆکیەکانی نێوان ئێمەدا گەڕا و، هەمیشە و هەردەم هەناسەی یەکێتی و یەکگرتووی هەموو لایەکی دەدایەوە. ئەم هەناسەیەی دایەوە و هەرگیز گەلەکەی لەو ڕۆژگاری پڕ تەنگژەیەدا بە تەنیا جێنەهێشت. ئەو بە هەر شوێنێکدا دەگەڕا، هێندەی دەیتوانی هاواری دەکرد و دەیوت” گەر ئەم دەردە یەک لەسەر یەکانە لە ئێستادا چارەسەر نەکرێن، گەر برینەکانمان لەلایەن دەستانی کارامە و شارەزاوە ساڕێژ نەکرێن، نەخۆشیەکانمان دەبنە نەخۆشی درێژخایەن، برینەکانیشمان وەک گانگرینی لێیەت. بە شێوەیەکی ڕەها پێویستمان بەوە هەیە نەخۆشیە زانستی و کۆمەڵایەتی و ئیداریەکانمان دیاری بکرێن، بە دوای چارەی کێشە ماددی-مەعنەویەکانماندا بگەڕێین و چارەیان بکەین، هەتا ئەو کێشانە بوونمان دەکرمێنن، بوونمان لە بناغەوە دەهەژێنن، ئێمە بەرەو چاڵی خەتەرناکتر پەلکێش نەکەن کەوا ڕووبەڕووی ناڕەحەتی ترمان بکەنەوە”.

بە گوێرەی بەدیعوزەمان، وەک لەم ڕۆژدا هەمان شت بەدی دەکەین، سەرچاوەی تەواوی خراپیەکان، لە نەزانی، هەژار و دووبەرەکیەوە بووە. بەڵێ یەکەم هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتیەکانمان، یەکەم لێخۆڕەری سەفالەتی میلیمان، بریتیە لە جەهالەت. جەهالەتیش بریتیە لەوەی الله نەزانیت، پێغەمبەر نەناسیت، گوێمەدەرەییانە مامەڵە لەگەڵ دیندا بکەیت، نەبینینی دینامیکە ماددی-مەعنەویەکانی مێژوومان، هیچ گومان نیە لەوەی لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ گەورەترین بەڵای سەرمان بووە… بەدیعوزەمانیش تەمەنی خۆی بۆ جەنگی ئەم میکرۆبە کوشندەیە تەرخان کردبوو. بە ڕای ئەو، هەتا ئەو کاتەی کۆمەڵانی خەڵک لە ڕێگەی زانست و عیرفانەوە ڕۆشن نابنەوە، هەتا ئەو کاتەی کۆمەڵگا ڕادێت لەسەر ئەوەی بە شێوەیەکی سیستەماتیکی بیر بکەنەوە، هەتا ئەو کاتەی ڕێگری لە فکر و هزرە گومڕاکان دەکرێت، هیواخواستن بە ڕزگاری گەل کارێکی بێ هودەیە. بەڵێ، هەر بە هۆی ئەو جەهالەتەوە نەبوو، گەردون لە قورئان، قورئانیش لە گەردون دابڕێندرا… دابڕێندرا و یەکێک لەم دووانە، لە زیندانی خەیاڵی ڕۆحگەلێکی خۆپەرستدا هەتیو کەوت، کە نهێنیەکانی بوونیان نەدەزانی و بە ڕووی شت و ڕووداوەکاندا داخراو بوون. یەکێکی تریشیان لە دەستی کەسانێکی تەواو کوێر بە ڕووی واتادا مایەوە، کە تەنیا لە ماددەدا بە دوای هەموو شتێکدا دەگەڕان و، لە دەستی ئەو جاهیلە سێجایانەدا وەک  کاوسی(قەیران و ناڕێکی) لێهات. دیسان هەر بە هۆی ئەم جاهیلە سێجایانەوە نیە، کە ئەم دونیا موبارەکە، بەو هەموو پێدەشتە کشتیاریە، کێڵگە و ڕووبارە پڕ پیت و بەرەکەتەوە، لە چنگی سەفالەت و ئاتاجیدا دەناڵێنێت بە ناڵاندن، سواڵی بەردەم دەرگای دەربارەکان دەکات.

 

دیسان هەر بە بە هۆی ئەو جەهالەت و دووبەرەکی سەرچاوە گرتوو لەو جەهالەتەوە نیە، لە هەر چوار دەوری دونیا و دونیای تایبەت بە خۆشمان” داگیرکاری، دیلێتی، خۆسەپاندن، سەرشۆڕی، بەڵا و موسیبەت” ڕوودەدەن و، تەنانەت خوێن لاشەکانی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، کەرامەت و ناموسەکان وەک ڕاخەری ژێر پێکانیان لێهاتووە، دونیا لە تۆڕی کەسانی ناداندا بەملاولادا دەکەوێت، بە هیچ شێوەیەک لە دووبەرەکی ڕزگاری نابێت، ناتوانێت بەم کارەسات و سەرلێشێواویە بڵێت “بوەستە”. لە بەرامبەر جیهانی ئیسلامدا کەوا هەموو ڕۆژێک بەرەو کەندەڵانی تۆقێنەرتر و خەتەرناکتر خلۆر دەبێتەوە،  ناتوانێت چارەیەک بۆ کێشەکانی بدۆزێتەوە، بە ڕۆحی وەحدەتەوە ناتوانێت خۆی هەستێنێتەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ سەردەمی خۆی بکات.

لە کاتێکدا ئێمە لە داوی ئەم نەخۆشیە پەرێشانکەرانەدا دەتلاینەوە، کەسانێک لە بەرامبەر پێشکەوتنی ماددی و ڕوکەشی ڕۆژئاوا چاویان ئەبڵەق و تێڕوانینیان لێڵ و سەریان گێژی خوارد، هەربۆیە لە جیاتی ئەوەی دەماغیان بە زانستە ئەرێنیەکان و دڵیان بە حەقیقەتە دینیەکان پڕ چەک بکەن و، بگەن بە دەوڵەمەندیە ماددی-مەعنەویەکان، بە تەواوی بێ ڕەگ و بێ ڕۆحانە هەڵسوکەوتیان کرد و، لە ڕێگەی بە نادیدەگرتنی دینامیکی ژیانی میلی و دینیەوە، بە چاولێکەری و ڕووکەشگەراییەکی کوێرانەوە، کۆمەڵانی خەڵکیان لە کەسایەتی میللی خۆیان ڕووتکردەوە، لە شعوری مێژووی خۆیان بێ بەشیان کردن، لە هەموو ئەخلاق و فەزیڵەتێک دایانبڕین. بە ڕای من ئەم ڕێگا چەوتەی دووهەم کە بە تێبینی ڕزگاری گەل گیرایە بەر و، ئەم بزاڤی دووهەمە کە لەم پێناوەدا هاتە ئاراوە، زیانی زیاتری گەیاند و، لە ڕۆحی کۆمەڵگادا برینگەلێکی وەهای خستەوە کە ساڕێژ بوونی بۆ نەبێت.

 

بەدیعوزەمانیش سنگی بە ڕووی ئەم چارەسەرە هەڵانە و تەواوی ئەم گرێکوێرانەی لە کۆمەڵگادا بە هۆی ئەم کێشە و هەڵانەوە هاتوونەتە ئاراوە کردووەتەوە و، نەشتەری لە برینەکانی چەندین سەدەمان داوە و، شیکاری بۆ ئەو کارەساتانە کردووە کە بە هۆی ئەو برینانەوە ڕوویانداوە و چارەسەرەکانی دیاری کردوون، لە پێناو ئەوەی مرۆڤەکانمان ڕزگار بکات و وڵاتمان توسی ڕووخان نەبێت، لە سەرەتای ژیانیەوە هەتا ئەو کاتەی لە ئورفا بە دیداری مەولای شاد بوویەوە، هەمیشە لە دڵەوە بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە، بە دەنگ و وتەی تێروتەسەل و کە پڕاوپڕبوون لە هەستی وەفا، هەمیشە هەمان شتی وتووەتەوە و، بە هەمان ڕادە لەسەر دەردەکانمان وەستاوە، بە ناوی ساڕێژکردنیشیانەوە هەمان شتی پێشکەش کردووە.

لە پێناو ئەوەی هەندێک هزری نوێ پێشکەشی مێشکی کۆمەڵگا بکات کە چەندە کارێکی سەختیشە، هەڵکێشانی ئەو داب و نەریت و تێڕوانیانەی کەوا ساڵەهای ساڵ لە چێژ و دەمارەکانی ئەواندا ڕەنگی داوەتەوە، تێگەشتنەکانیان، ئەو شتانەی لە ڕابردوەوە بۆیان ماوەتەوە – ڕاست یان هەڵە- بە هەمان ڕادە سەخت و گرانە. کۆمەڵانی خەڵک لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ، هەموو کاتێک لە ژێر کاریگەی ئەم پاشماوانە- سوودمەند یان زیانمەند-  ماوەتەوە، ژیانی تاک و کۆمەڵگا لە ژێر کاریگەری ئەم پاشماوانە هۆنراوەتەوە، ئیدی هەرشتێک کەوا ناگونجێت لەگەڵ ئەو شتانەی لەسەری ڕاهاتوون، دەست بەسەری هەستی گشتیدا ناهێنێت، نەفرەتیان لێکردووە و هەوڵی ئەوەیان داوە خۆیانی لێ دوور بخەنەوە. ئەم هەست و تێگەشتن و قبوڵکردنە، هەندێک جار دەشێت هەڵەش بێت. گەر ئەم بیرکردنەوە و قەناعەتە چەوتانە لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە پەسەند کرابێت، بە هۆی پەیڕەوی لێکردنی بەردەوامەوە وەک بەشێک لە ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی لێهاتبێت، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لق و پۆپی دەرکردبێت و ڕەگی خۆی داکوتیبێت و بەهێز بووبێت، ڕووخاندنی تەواوی ئەم قەناعەتە هەڵانە، ڕەواندنەوەی ئەو لادانەی لەسەر ئاستی کۆمەڵگای ڕوویداوە، یاخود گەر پێویست بکات تەواوی ئەو قەناعەتانە پاک بکرێنەوە کەوا ژەنگیان هەڵهێناوە، بیرکردنەوە و ویژدانەکان بە تەواوی ئازادییان بۆ بچێت، پێویستیەکی حەتمیە لە پێناو ئەوەی گەل بەرەو پێشەوە هەنگاو هەڵبگرێت.

بەڵێ، بەدیعوزەمان لە سەرەتای تافی لاوێتی خۆیەوە، هەمیشە لەناو ئەم هەست و بیرکردنەوەیەدا بوو. ئەو لەم بابەتەدا، شاردنەوەی بچوکترین حەقیقەتی بە بێ وەفایی بەرامبەر وڵات و مرۆڤەکانی ئەژمار دەکرد و، لە بەرامبەر ئەو بڕیار و بیرکردنەوە چەوتانەی کەوا گەلەکەیان بەرەو فەلاکەت پەلکێش دەکرد، قۆڵەکانی چەشنی مەقەست دەکردەوە و هێندەی دەنگی دەردەهات هاواری دەکرد” ئەم کۆڵانە ڕێگەی دەرچوونی لێ نیە”. فیترەتی ئەو بە شێوەیەک بوو، هەرشتێک هەڵە و پێچەوانەی بەها دینیەکان بووایە، بە شێوەیەکی دەراسا بەرامبەریان پەرۆش و، ئاسۆیەکی باڵا و هیمەتیشی ئولولعەزمئاسایانە بوو. چاوپۆشیکردن لەوەی گەلێکی گەورە و گران تیابچێت و توشی ئاشبەتاڵ ببێت، شتێکی پێچەوانە بوو لەگەڵ سروشتی ئەم مرۆڤە دڵ شێرەدا. ئەو هۆکاری فەلاکەت و نوقسانی گەلەکەمانی هەتا قوڵترین و شاراوەترین خاڵ دەکردەوە و، ڕێگای لە خۆپرسینەوەی پشانی گەل دەدا. زوو زوو هۆکارەکانی لەناوچونی پشان دەدان  و ڕەچەتەی ڕزگاری دەخستە بەردەمیان. ئەم ڕەچەتانەی پێشکەش دەکرد و بێ ئەوەی هیچ دوودڵیەک ڕووی تێبکات، هاواری تاڵترینی حەقیقەتەکانی دەکرد.    ئەسپی خۆی تاودایە سەر کوفر و ئیلحاد و، تەواوی قەناعەتە هەڵە و بیرکردنەوە ژەنگهەڵگرتووەکان… بە درێژایی تەواوی ژیانیشی، بەرەنگاری ئەو کۆسپانە بوویەوە، کەوا دەبوونە ڕێگری لەبەردەم شکۆفەکردنی نورەکانی ڕێگای حەقیقەت. لە کابوسترین سەردەمەکاندا کەوا هیچ کەسێک غیرەتی ئەوەی نەبوو بە ناوی حەقیقەتە دینیەکانەوە شتێک بڵێت، هۆشداری بە کۆمەڵانی خەڵک دەدا کەوا هەوڵڵی خەولێخستنیان دەدرا. بەرامبەر جەهل، هەژاری و دووبەرەکی جەنگی ڕاگەیاند. ئەو وەهمانەی لە بناغەوە هەژاند، کەوا بەشێوازی جیا جیا خۆیان لە کۆمەڵگاوە ئاڵاندبوو. وەک ئەوەی سەنگەرێکی بەرەنگاربوونەوەی بەرامبەر ئەتەیزم و  نکوڵیکاری لە ئولوهیەت پێکهێنا، شتانی پوچ و خورافەی لە نێو گرێکوێرەکانی خۆیاندا خنکاند. هەموو کاتێک بە غیرەتێکی مەدەنی وەهاوە کە جێگەی سەرسوڕمان بوو، دەردی چەندین سەدەمانی  دیاری دەکرد و ڕێگاکانی چارەسەری خستە بەردەممان. وەک عەرەبەکانیش دەڵێن” کۆتا چارەسەر داخکردنە”، ئەویش بەرامبەر ئەو ڕیا و ڕووپامایی و خۆنواندنەی لە دوو سەدەی پێش خۆیدا سەریان هەڵدابوو، شیشی سوورەکراوەی خستە سەریان؛ لە پیاوەکانی کۆشکەوە هەتا دەگاتە سەرۆک عەشیرەتەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات، لە شێخەکانەوە هەتا دەگاتە پلەدارانی ناو سوپا، زۆر شتی نوێی وت کەوا لە ڕۆحی هەموو لایەکدا ڕەنگدانەوەی هەبێت. سەرنجی هەوو چینەکانی میلەتیشی بە لای خۆیدا ڕاکێشا. ئەگەرچی سروشتی ئەو بە شێوەیەک بوو کەوا خۆی لەم جۆرە شتانە بە دوور دەگرت، بەڵام سروشتی ئەو کارەی لەلایەن ئەوەوە ئەنجام دەدرا، داخوازی شتێکی لەم شێوەیەش بوو.

ئەو بە هەموو چینەکانی ڕاگەیاند، بۆ ئەنجامدانی جیهاد، لە پێش دەرکێشانی ئەو شمشێرانەی لە کێلانەکانیاندان، پێویستە لەو زنجیرانە ڕزگارمان ببێت کەوا فکر و ڕۆحمانیان کۆتوبەند کردووە. بە مژدەی ” زیندووبوونەوەیەکی پاش مەرگ” ئەو ڕێگایانەی پشانی نەوەی نوێ دا کەوا بەرو ئیسلام دەڕۆن. ئەو هەمیشە ترسی ئەوەی هەبوو وڵاتەکەی لە ڕووی جوگرافیەوە کەرت و پارچە پارچە و بچوک ببێتەوە و، بەم ترسەوە هەڵدەلەرزی. بەڵام زیاتر لەم ترسە، لە تەسکبوونەوەی فکرەکان کە دەبنە هۆکاری ئەم شتانە، لە سووکبوونی ڕۆحەکان و لاسایکردنەوەی ڕۆژئاوا و ڕووکەشگەرایی دادەخورپا.

بەدیعوزەمان هەمیشە باسی لە خوێندنەوە، بیرکردنەوە و کارکردن دەکرد و، لە پێناو ئەوەی تاکەکانی گەلەکەی لە تەنیایی ڕزگار بکات و، بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی تەواو تەندروست و گەلێکی ڕۆشنیان لێدەرچێت، بێ وچان خەریکی پەلەقاژە دەبوو. بۆ ئەوەی وڵات و گەلەکەمان بەرەو لوتکەیەکی وەها بەرز ببێتەوە، هەمیشە باسی لە “معاریف” دەکرد و، ئاماژەی بە پەروەردە و فێرکردن دەدا. بە گوێرەی ئەو دەبوو هەریەک لە مزگەوتەکان، حوجرەکان، سەربازگاکان، گەڕەکەکان، پارکەکان و تەنانەت زیندانەکانیش بەشداری ئەو هەڵمەتی پەروەردە کردنە بکەن. چونکە تەنیا لەم ڕێگەیەوە یەکگرتنی ئەقڵ و لۆجیک فەراهەم دەبوو. ئەوانەی هەر لە سەرەتاوە مێشکیان بە مێشکی یەکەوە نانێن، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ناتوانن لەسەر یەک ڕێگە بمێننەوە. سەرەتا پێویستە ویژدانەکان یەکبگرن، هەتا دواتر یەکگرتنی دڵەکانی بە دوادا بێت. یەکگرتنێکی لەم شێوەیەش وابەستەی ئەوەیە ژیان بە گوێڕەی ڕێساکانی دین بەڕێوە بچێت- کە ئەویش بریتیە لەوەی بە گوێرەی قورئان و سونەت و ئیجتیهادی بێگەردی سەلەفی ساڵحین هەنگاو هەڵبگیرێت و، ئەو شتانەی پەیوەندیان بە زەمانی خۆیانەوە هەیە، بە گوێرەی تێگەشتنی سەردەمیانە ڕاڤەیان بۆ بکرێتەوە.

بەڵێ، گومان لەوە نیە کە مرۆڤەکانی ئەمڕۆ پێویستیان بەوە هەیە واتا، ڕاڤە و دراوەکانی سەردەمی خۆیان بناسن و، لەگەڵ ئاشتی و ڕێکەوتن فەراهەم بکات. لە کاتێک دونیا سەری خۆیان هەڵگرتووە و بەرەو شوێنێکی دیاریکراو دەڕۆن، چوونەوە ناو قاوغەکەی خۆمان و خەڵوەتکێشی ئێمەی کوشتووە. گومان نیە لەوەدا، ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە گوێرەی سەردەمەکەی خۆیان بڕۆن بەڕێوە، پێویستە لە نێوان تاڤگەی ژیان و ئیرادە و هەوڵ و تێکۆشانی خۆیاندا هەماهەنگی بسازێنن و، ناچارن بەوەی ئەم گونجاوی و پاڵپشتیە بەدەستبهێنن. بە پێچەوانەوە، وەستانیان لە دژی ئەو شەپۆلە گشتیەی لە گەردووندا بوونی هەیە، دەبێتە هۆی ئەوەی بڕۆن و لەناوبچن.

وەک وتوویانە” بلیمەت بوون بە بژاردەی کەسەکان نیە”، واتە کەسێک بلیمەت بێت ناڵێت با بە فڵان و فیسار شێوە کار بکەم، یان لە ڕێگەی ئەوەی بڵێت” گەر ئەوە بکەم سوودی دەبێت و، فڵان شت زیانی هەیە.” حوکم لەسەر ئەوە نادات کەوا چی سوود و زیانی هەیە.

چونکە ئەوە بەهرەیەکی ئیلاهی و، بروسکە و تریشقەیەکی لەدوونی وەهایە، چەشنی سەرچاوەیەکی  هێزی فرەیەکە کەوا قوڵترین، گشتگیرترین، ئاشکراترین و پەنهانترین پێداویستیە ڕۆحی و کۆمەڵایەتیەکان لە ئامێز بگرێت و، فیترەتێکی ناوازەیە کەوا لە ڕۆحیدا هێزگەلێکی بۆ خستنە سەر شانی زۆر شت کۆکردۆتەوە. ئەو کەسانەی بەدواداچوونیان بۆ بەدیعوزەمان و شاکارەکانی کردووە، تەواوی خاسیەتەکانی کەسی بلیمەتیان لەودا بەدی کردووە. ئەو هەر لەسەردەمی گەنجێتی خۆیدا، لە ڕێگەی نوسینەکانیەوە یەکەم هەناسەکانی بلیمەتی خۆی پێشکەشی چواردەورەکەی کرد و، پاشان لە ڕیگەی ژیانی ناو زیندان و دادگاکان و، ژیانێکی پڕ ناسۆری ناو نەفی کرانەوە شکۆفەی کرد و زیاتر پێگەشت، بەم هۆیەوە پارێزگاری لەو ئاستە بەرزەی خۆی کردووە کە هەموو کاتێک لەسەروی  ئاستەکانەوە بووە و ، هەردەم بە شێوەیەکی بلیمەتانە قسەی کردووە.

  

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *