بەرپرسیارێتی جێنشینی لای مرۆڤ

پرسیار: بابەتی ئەوەی جەنابی حەق مرۆڤی لەسەر زەوی کردووەتە جێنشین، ئەمە چی بەرپرسیارێتییەکی خستووەتە سەرشانی؟ مرۆڤ چۆن دەکرێت لە ڕۆحیدا هەست بەو حەقیقەتە بکات؟

وەڵام: بابەتی حەقیقەتی بوونی مرۆڤ بە جێنشین لەسەر ڕووی زەوی پشتی بەم ئایەتە بەستووە: “وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلاَئِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الأَرْضِ خَلِيفَةً”. “پەروەردگارت بە فریشتەکانی فەرموو: من جێنشینێک لەسەر زەوی دادەنێم”. (سورەتی البقرة – ئایەتی ٣٠). بوونی مرۆڤ بە جێنشینی الله لەسەر زەوی، ئەگەر دەڕبڕینەکە شیاو بێت، بە واتای ئەوە دێت کە مرۆڤ دەبێت بە نوێنەری الله، وە دارای ئەوەیە کە بە ناوی ئەوەوە مامەڵە لەگەڵ بووندا بکات.

تێگەیشتنی ئەو حەقیقەتە لای مرۆڤ بابەتێکی پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ جەنابی حەق. پەیوەندییەکانی هەموو کەسێک لەگەڵ الله جیاوازە؛ لەم بابەتەدا هێندەی نێوان زەوی و ئاسمان جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکاندا هەیە. هەرکەسەو بە گوێرەی دەستدانی توێشووی مەعنەوی، ئاستی پەروەردە و پێکهاتەی ناخی ئەو شتانە دەبیستێت کە پێویستە ببیسترێن، وە بە ڕووی حەقیقەتە مەزنەکاندا دەکرێتەوە. بۆ نموونە ناتوانین درک بەوە بکەین کە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی (صلی الله علیه و سلم) چۆن هەستی بە حەقیقەتە ئیلاهییەکان کردووە و هەڵسەنگاندنی بۆ کردووە. هاوەڵان دەڵێن، سەروەرمان کاتێک دەستی بە نوێژ دەکرد دەنگێکی هاوشێوەی کوڵانی مەنجەڵ لە ناخییەوە دەهات. کێ دەزانێت لە ڕوانگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەروەردگاری، بە کام تێڕوانینی قوڵەوە بە ڕوویدا دەکرایەوە.

بە هەمان شێوە حەزرەتی ئەبوبەکر، حەزرەتی عومەر، حەزرەتی عوسمان و حەزرەتی عەلی هەریەکەیان پەیوەندییەکی زۆر قوڵیان لەگەڵ الله هەبووە. بۆ نموونە حەزرەتی ئەبوبەکر کاتێک لە سەکۆی ماڵەکەیاندا نوێژی دەکرد بە هەڵسوکەوتەکانی، بە دەنگ و هەناسەدانی، تەنانەت سەرنجی کەسە دیارەکانی ناو موشریکەکانی ڕادەکێشا، و کاریگەری قوڵی لەسەر ئەوان جێدەهێشت ، هەر بۆیە بە دزی یەکترەوە دەهاتن و تەماشای نوێژەکەی ئەویان دەکرد. وە بە هەمان شێوەیە دەنگی گریان و ناڵەی حەزرەتی عومەر لە نوێژەکانیدا لە ڕیزەکانی دواوە دەبیسترا. لەم سۆنگەیەوە هەستکردنی مرۆڤ بە حەقیقەتی جێنشینی لە ڕۆحیدا و ئەنجامدانی هەڵسوکەوت بە گوێرەی داخوازیەکانی، پەیوەستە بە هەبوونی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ الله دا.

وەک ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد، جێنشینی بە واتای ئەوە دێت کە مرۆڤ دارای ئەوەیە وەک جێگری (نیابة) خودا مامەڵە لەگەڵ بووندا بکات. واتای ئەمەش بەو شێوەیە نییە کە بتوانێت هەموو کارە بێخەوشەکانی جەنابی حەق ئەنجام بدات. جێنشینی ئەو مافەیە کە خودا داوییەتی بە مرۆڤ بۆ بەکارهێنانی ئەو بوونەی لە لایەن اللەوە ئەفرێندراوە و خراوەتە ژێر فەرمانی مرۆڤایەتییەوە. دەتوانین ئەوە بچووێنین بە کێشانی دیمەنێکی سرووشتی لە زەمینەیەکی دیاریکراو و لە چوارچێوەی ئەو بنەما و پێودانگانە جەنابی حەق دایناوە. هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە سەرفرازکردنی مرۆڤ بەو دەسەڵاتە پایەیەکی گرنگە. ئەمە لە کاتێکدا کە نە فریشتەکان و نە هیچ بوونەوەرێکی ڕۆحانی دیکە ئەرکێکی لەو شێوەیەی نییە. مرۆڤ لەبەر ئەوەی بوونەوەرێکی مادییە و لەناو سرووشتەوە پێگەیشتووە و توانایەکی وەهای پێبەخشراوە کە لە زمانی سرووشت تێبگات، هەر بۆیە مافی ئەو مامەڵەکردنەی پێدراوە.

ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەرشانی مرۆڤ بریتییە لەوەی پەراوی گەردوون بە باشی بخوێنێتەوە، لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو بوونەوەرە گیاندار و بێگیانەکان بکات و لەو ڕێگەیەوە لە لایەک زانیارییەکانی سەبارەت بە الله زیاتر بکات و لە لایەکی دیکەوە کارێک بکات کە خزمەت بە خێر و بەرژەوەندی مرۆڤایەتی و تەواوی بوونەوەر بکات. هەر بەوەش سنوور بۆ دەسەڵاتی مامەڵەی مرۆڤ کێشراوە. واتە پارێزگاری کردن لە گەردوون بەو شێوەیەی الله ئافراندویەتی، وە ئەنجامدانی کارێک لە بەرژەوەندی ئەو ئافراندنە بێت. بە پێچەوانەوە، گۆڕینی ئەو فیترەتەی خودا دایناوە، سنووری دەسەڵاتەکانی مرۆڤ دەبەزێنێت. بەو هۆیەوە مامەڵەکانی مرۆڤ دەچێتە چوارچێوەی دەستکاری کردنی فیترەت، وە ئەگەر ببێتە هۆی زیان و تێکچوون، ئەوە بە واتای ئەوە دێت کە ئەو مرۆڤە خراپ مامەڵەی لەگەڵ ئەوە دەسەڵاتە کردووە کە پێیدراوە. بۆ نموونە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا زانستەکانی وەک مۆلیکویلەر بایۆلۆجی و ئەندازیاری بۆماوەیی زۆر پێشکەوتووە. ئەو کار و تاقیکردنەوانەی لەو بوارەدا ئەنجام دەدرێن ئەگەر بە شێوەیەک بەکاربهێندرێت کە خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات؛ دەکرێت ببێتە هۆی چارەسەرکردنی بەشێک لە نەخۆشییەکان، دۆزینەوە چارەسەر بۆ هەندێک لە نەخۆشییە چارەسەر نەکراوەکانی مرۆڤایەتی، وە هیچ کاتێک ئایین ڕێگر نەبووە لە بەردەم ئەو کارانەی بۆ خزمەتی ئاسوودەیی کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێن بەڵکو دەتوانین بڵێین ئایین هانی ئەنجامدانی ئەو کارانەی داوە. ئەوە بە واتای سوود وەرگرتن لە نیعمەتەکانی جەنابی حەق و بەکارهێنانی بە پێی ئەو تایبەتمەندییانەی جەنابی حەق لە گەردووندا دایناوە، وە بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندی گەردوون دێت. تەنانەت کارە دەراساکانی (موعجیزە) هەندێک لە پێغەمبەران کە لە قورئانی پیرۆزدا باسکراوە ئاماژە و هاندانە بۆ ئەو کارانە. بەڵام ئەگەر لێکۆڵەرەوەکان لەو شوێنەی پێویستە ڕابوەستن نەوەستان، بۆ نموونە ئەگەر بە شێوەیەکی هەڵە دەستکاری هۆرمۆنەکان و جیناتەکان بکەن و ژینگە تێکبدەن، ئەوا زیان بە تەندرووستی مرۆڤ دەگەیەنن، دەبنە هۆی شێواندنی زیندەوەر و بەمەش لەو چوارچێوە ڕەوایەی بۆی دانراوە دەردەچێت.

پێویستە ئەوەمان لەیادبێت کە بوونی مرۆڤ بە جێنشینی الله، واتە بوون بە خاوەنی ماف و ئیمکانییەتی ئەوەی دەستکاری شتەکان بکات و ئەمەش بارگاویبوونە بە توانایەکی گەورە. مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت ئەمە بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە لە لایەک پێویستە زۆر بە وردی بچێتە بنج و بناوانی شت و ڕووداوەکان، وە لە لایەکی دیکەوە  بیرکردنەوە (تەفەکور) و کارەکانی بۆ سنوورەکانی سرووشتگەراییدا جێنەهێڵێت و زیاتر بەرەوپێشی ببات، هەر بۆیە پێویستە مادە تێپەڕێنێت و بگات بە حەزرەتی متعال.

ئەو زانستە ئەزموونیانەی لە ڕێگەی عەقڵ و هەستەکانەوە بەدەست دەهێندرێت زۆر گرنگن. بەڵام ئەو مرۆڤەی بووەتە جێدەرکەوتی “أحسن التقویم”، سنوورەکانی زۆر لە پێشترن، وە زۆر گشتگیرترە. ئەوەی دەکەوێتە سەرشانی بریتییە لە تێپەڕاندنی ئەو شتانەی تێپەڕاندییان ئەستەمە بۆ ئەوەی بگات بە جەنابی حەق. بەڵام ئەگەر ئەو هەر لە بازنەی مادەدا بمێنێتەوە، نەتوانێت سەری لە تاقیگە بهێنێتە دەرەوە، لە ڕێگەی چاودێری و تاقیکردنەوەوە ئەو زانیارییانە تێنەپەڕێنێت کە بەدەستی هێناوە، ناتوانێت بگات بەو شعورەی کە جێنشینی الله یە. لە ڕوانگەی ئەو توانا باڵایەی لە توێشووی ئەودا جێگیرکراوە چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە هەموو ئەو سەردێڕانە تێبپەڕێنێت و بگات بە ئەو.

ئەو مرۆڤەی گەیشتووە بەو شعورەی کە جێنشینی الله یە، تەماشای هەر شوێنێک بکات دەروازەیەک دەکاتەوە و شاڕێگەیەک درووست دەکات کە بە الله ی بگەیەنێت. هەر ئەوەش واتای ئەوەیە کە ڕێگاکانی گەیشتن بە الله هێندەی ژمارەی هەناسەی تەواوی مەخلوقات زۆرە. وەک ئەوەی ئەکرەم ڕەجایزادە دەڵێت: گەردوون کتێبێکی گەورەیە. هەر پیتێکی هەڵبگریت لە پشتییەوە الله دەردەچێت. ئەو مرۆڤەی درک بەوە بکات، لەوە تێدەگات ئەمە سیستەمە ناوازەیەی لەم گەردوونەدا هەیە بەڵگەیە لەسەر وجودی الله. ئەگەر بە هۆی عەقڵیشیەوە نەتوانێت بگات زاتی بەحت، ئەوا دەتوانێ زانیاری و مەعریفەتی سەبارەت بە ناوە جوانەکان (الأسماء الحسنی) و سیفەتە بێخەوشەکانی الله زیاد بکات.

بابەتی فێربوونی تایبەتمەندییەکانی جێنشینی و نوێنەری، بابەتی ئەوەی کەوا ئەم پلە باڵایە چاوەڕوانی چی لە مرۆڤ دەکات و چۆن دەتوانرێت حەقی خۆی پێبدرێت، وابەستەی بوونی ڕابەرێکە. لە پلانی بنەڕەتیدا ئەو ڕابەرانە پێغەمبەرانن. لەناو پێغەمبەرانیشدا سەروەرمانە (صلی الله علیه و سلم). مرۆڤ هەم بۆ ئەوەی زاتی ئەجەل و ئەعلا بە حەقی خۆی بناسێت و هەم بۆ ئەوەی لەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە تێبگات کە چاوەڕوان دەکرێت لێی، پێویستە دەست بە دامێنی ئەو ڕابەرەوە بگیرێت، بە ڕابەرایەتی ئەوان درێژە بە گەشتی ژیانی بدات.

( إِنِّي جَاعِلٌ فِي الأَرْضِ خَلِيفَةً) ” من جێنشینێک لەسەر زەوی دادەنێم”. (سورەتی البقرة – ئایەتی ٣٠)، وەک لەم ئایەتەدا باسکراوە، الله ئەرکی جێنشینی بە مرۆڤ سپاردووە و هەر خۆشی هێز و دەسەڵات و توێشووی پێبەخشیوە بۆ ئەوەی ئەم ئەرکەی بەجێبگەیەنێت و زەمینەیەکی لەباری بۆ ڕەخساندووە، وە هەر خۆشی دەزانێت کە مرۆڤ تا چەند دەتوانێت توانای خۆی پێشکەش بکات و بەو توانایەشی دەتوانێت چی دەست بکەوێت. بەڵام لەبەر ئەوەی سیفاتی زانستی الله بە شێوەیەکە کەوا پێویستی بە بوونی زانراوەکە نیە لە ئێستادا،  زانینی ئەو بۆ شتەکان نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەوەی مرۆڤەکان بە ئیرادەی ئازادی خۆیان بژاردەیەک هەڵبژێرن. بە دەربڕینێکی تر، الله زۆربەی کات بە گوێرەی خواست و بژاردەی مرۆڤەکان سەرەنجام دەئافرێنێت. ئەوە بابەتێکی جیاوازە.

لێرەدا مەبەستی سەرەکی کە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە: مادەم الله ئێمە بەم توێشووە بەرزەوە بۆ دونیا ڕەوانە کردووە و ئەم ئەرکە باڵایەی بە ئێمە سپاردووە و هەموو هۆکارێکی بۆ ئامادەکردووین بۆ ئەوەی ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەین، پێویستە لە هیچ بارودۆخێکدا نەکەوینە نائومێدییەوە. کاتێک سەرسمێک دەدەین، دەکەوین یاخود کارەکانمان بە شێوەیەک ناڕوات کە خۆمان دەمانەوێت، یاخود لەو ڕێگەیەی پێیدا دەڕۆین کۆمەڵێک ئاستەنگ دێتە بەردەممان پێویستە هەرگیز تووشی نائومێدی نەبین. مادەم الله ئێمەی ناردووەتە ئەم ڕێگە سەختەوە، بە دڵنیاییەوە ئامانجێک (موراد) ی بێخەوشی هەیە. ئەگەر ئەو لە پشت ئەوەوە بێت کە هەڵسوکەوتەکانی ئێمە بێتە سەر گۆڕەپانی بوون، هەلومەرجەکە هەرچۆنێک بێت هیچ مەجالێک بۆ بێئومێدی نییە. بەڵام بۆ ئەوەی مرۆڤ لەم بابەتەدا بتوانێت بە شێوەیەک ڕاست (مستقم) بیربکاتەوە و هەڵوێستێکی ڕاست نیشان بدات، ئەوە پەیوەستە بە فێربوون و پەروەردەیەکی جدییەوە. کەسێک کە بە باشی پێنەگەیشتبێت، نازانێت پێویستە لە کوێدا و چۆن هەڵسوکەوت بکات و ببێت بە خاوەنی کام هەست و بیرکردنەوانە.

هەندێک جار ڕەنگە ڕێگاکان وادیاربن کە دەرچەیەکیان نەبێت. بەڵام پێویستە ئەوەمان لەیادنەچێت کە ڕەحمەتی خودا گەمارۆی هەموو شتێکی داوە. ئەگەر لە شوێنێکدا گیربخۆین، بێزاربین، تەنگمان پێ هەڵچنرێت، هەناسەمان لێ ببڕدرێت، دواتر بە دڵنیاییەوە الله هەناسەمان پێ دەدات، پێویستە هیچ کات لەوە بێئومید نەبین. ئایەتی “وَلاَ تَيْئَسُوا مِنْ رَوْحِ اللهِ” (له سۆزو میهره‌بانی الله نائومێد مه‌بن). (سورەتی یوسف – ئایەتی ٨٧). لە ئایەتێکی پیرۆزی دیکەشدا دەفەرموێت: ” يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنْفُسِهِمْ لاَ تَقْنَطُوا مِنْ رَحْمَةِ اللهِ” (ئه‌ی به‌نده‌کانم.. ئه‌وانه‌ی که خۆتان گوناهبار کردووه و هه‌ڵه‌تان زۆره‌، نائومێد مه‌بن له ڕه‌حمه‌تی خوا). (سورەتی الزمر – ئایەتی ٥٣).

ئەگەر ئێمە هەموو شتێکمان بە جەنابی حەق بسپێرین هەرگیز نابێت بکەوینە نائومێدییەوە. بە دەربڕینەکەی حەزرەتی پیر، نائومێدبوون ڕێگرە لە گەیشتن بە کەماڵ. واتە نائومیدبوون ڕێگرێکی گەورەیە لە بەردەم بەرەوپێشچوون و بەرزبوونەوەی مرۆڤدا. عاکیفیش بەم چوارینەیە باس لە زیانەکانی نائومێدبوون دەکات:

نائومێدبوون زەلکاوێکە کە تێیکەوتیت دەخنکێی.

توند باوەش بە ئومێداکە، تەماشاکە چی دەبێت!

ئەوانەی ژیان هەمیشە بە عەزم و ئومێدەوە ژیان؛

ئەوانەی نائومێد دەبن ڕۆح و ویژدانیان قەتیس دەکەن.

بەو پێیەش ئەو مرۆڤەی باوەڕی بە الله هەیە، وە گەیشتووە بەو شعورەی کە جێنشینی الله یە لەسەر زەوی، بە هیچ شێوەیەک نابێت بکەوێتە نائومێدییەوە. تەنانەت ئەگەر هەموو سوپاکانی پەرش و بڵاوببن و بە تەنها بمێنێتەوە، دەڵێت “من جبەخانەیەکی وەک ‘لا حول ولا قوة الا بالله’ م هەیە و بە ئیزنی خوا دەتوانم هەموو سوپاکان بشکێنم”، وە پێویستە بزانێت بەو شێوەیە پارێزگاری لە ئومێدی بکات. چونکە لە ڕوانگەیەکی دیکەوە نائومێدبوون بە واتای ئەوە دێت کە مرۆڤ هێز و دەسەڵاتی بێسنووری الله و چاودێری و سەرپەرشتی بێکۆتای الله نەبینێت و هەموو شتێک لە هێز و دەسەڵاتی خۆیەوە تەماشا بکات.

لە لایەکی دیکەوە، هەر کاتێک دەگەیت بەو نیعمەتانەی خودا بەخشیویەتی و دەگەیت بە ئارامی و ئاسوودەیی، پێویستە ڕووقایم نەبین و بێڕێزی نەکەین. پێویستە ئەو سەرکەوتنانەی یەتە کایەوە بە هی خۆت نەزانیت. نائومێدبوون لە کاتە سەخت و دژوارەکاندا، وە ڕووقایم بوون و بێڕێزی کردن لە کاتی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەییدا، هەڵسوکەوتێکن کە لەگەڵ جێنشینی الله لەسەر زەوی ناگونجێن.

http://herkul.org/kirik-testi/insanin-hilafet-sorumlulugu/

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *