تاسەی خزمەتێکی دەنگ زوڵاڵ   بەشی ٢٠  

ئەو کاتەی مامۆستا هاتە ئیزمیر، دادگایکردنەکەی لە ئێدیرنە بەردەوام بوو. ڕۆژێکیان لەلایەن داواکاری گشتیەوە بانگهێشتکرا. خودی مامۆستا بەم شێوەیە ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە:

لە کاتێک عیرفان ئاکچا و ئابرا حاجی کەمالم لەگەڵدا بوو ڕۆشتین. ئیدی لەوە تێگەشتین کەوا یەکێک لە دادوەرەکانی دادگا گۆڕاوە و لە شوێنی ئەو دادوەرێکی ژنیان داناوە. کەسێکیش کەوا ناوی من و واژۆی منی بەکارهێنابوو، نامەیەکی پڕ سوکایەتی ئاڕاستەی ئەم ژنە دەکات. ئەوانیش بە مەبەستی ئەوەی دەست و خەتەکەی من بناسنەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، منیان بانگهێشتی لای داواکاری گشتی کردبوو. ئەوە باش بوو نامەکەیان بە دەست نوسیبوو. نوسخەیەکیان لە دەست و خەتی من وەرگرتوو، دواتر بڕیاری بەدوادانەچوونی دۆسیەکەیان دا. ئیدی نازانم ئەم نامەیە لەلایەن کێ و بە چی مەبەستێک نوسرابوو. بەڵام ئەوەم چاک دەزانی کە تەڵەیەکیان بۆ داناوم”.

مامۆستا ئەو کاتەی لە ئیزمیر بوو، بە شێوەیەکی بەردەوام لە ژێر چاودێریدا بوو. هەمیشە لەلایەن پۆلیسێکی مەدەنیەوە خرابوویە ژێر چاودێری. بەڵام سەرەڕای ئەمەش مامۆستا هەرگیز لە ئەنجامدانی خزمەتەکانی سەرشانیدا دەستەوسانی رووی تێنەدەکرد. لەو کاتەی ژیانی لە کەستانەپازاری بەسەر دەبرد، بەشداری لە سیمینارەکانی ناو زانکۆ دەکرد و لەوێش وتاری پێشکەش دەکرد. کەمال سۆلاک بەگیش کەوا لەلایەن مامۆستا یەشارەوە وەک وتاربێژی ئیزمیر دامەزرێندرابوو، لەو کاتە پەیمانگای باڵای زانستە ئیسلامیەکانی دەخوێند. هەر کاتێک مامۆستا دەیوسیت وتارێک پێشکەش بکات، کەمال بەگیش یارمەتی دەدا. کاتێک مامۆستا باسی ئابوری ناو ئیسلامی دەکرد، خەڵکی ئەو ناوچەیە زۆر بەم جۆرە وتارانە دڵخۆش دەبوون.

 

“هەندێک جار لەسەر شێوازی سێمیناریش وانەکانی تەسەوفم دەوتەوە. لە یەکێک لەم وتارانەدا نەجدەت بەگیش ئامادە بوو. لە دوای وتارەکە پرسیارگەلێکی وەک یەکانەکی بوون(وحدة الوجود) و حەلاجی مەنسوری لێکردم.  نەجدەت بەگیش بەم گفتوگۆیە زۆری دڵی کرایەوە و، دوای ئەوەی پەسنێکی زۆری وتارەکەی کردم، داوای ئەوەی لێکردم بە دوو قوڵیش قسە بکەین. ٣-٥ جار پێکەوە کۆ بووینەوە. لە میانەی ئەم گفتوگۆیانەدا، گولتەکین ساریگوڵیش دەستی کرد بەوەی بەشداری وتارەکانم بکات. بەڵام کاک نەجدەت نیگەرانی ئەوە بوو لەگەڵ هەندێک کەس و لایەندا ببینرێت. هەربۆیە بە ناچاری دەستی لە بەشداری وتارەکان هەڵگرت. لە ڕۆژی یەکێک لە دانیشتنەکانماندا، بە بۆنەی کارێکەوە ڕووی لە ئەنقەرە کرد. لەو ڕۆژەدا دانیشتنەکەشمان ڕووی نەدا. دوای ئەوەی کودەتای ١٢ ی ئازاریش ڕوویدا، ئیدی نیگەرانیەکانی زیادی کرد و، دوای ئەوە هەلی چاوپێکەوتنمان بۆ نەڕەخسایەوە.

 

**

کۆڵانەکان وەک مەیدانی جەنگیان لێهات

 

لەگەڵ تێپەڕینی کات، وڵات دیسان بەرەو ئاژاوەیەکی تر پەلکێش دەکرا. کۆڵانەکان لەبەر نوسینی کەسانی سەر بە ڕەوتی چەپ، ڕێگەی ڕۆشتنی نەمابوو. هەندێک لە گروپی موسوڵمانانیش، هەوڵی ئەوەیان دەدا، لە ڕێگەی نوسینەوە وەڵامی نوسینەکانی ئەوان بدەنەوە. کاتێک مامۆستا لە وتارەکانیدا باسی لەوە کرد کە نوسینی سەر دیوار و کوژاندنەوەی نوسینەکانی لایەنی بەرامبەر هیچ سودێکی بۆ کەس تێدا نیە، ئەم قسانەی مامۆستاش نیگەرانی لەلای چینی نەریتپارێز و  دیندار دروست کرد. بەڵام مامۆستا دیسان بۆ ئەوەی بانگهێشتیان بکات بۆ ئەقڵێکی سەلیم، هەوڵی ئەوەی دەدا پەیوەندی نێوانیان نەپچڕێت.

 

مامۆستا زۆرێک لە وتارەکانی تەرخان کرد بۆ ئەو ئایەتانەی قورئان کەوا ئاماژەی زانستی و تەکنیکییان تێدایە. مامۆستا کاتێک هەوڵی ڕوونکردنەوەی ئەو ئایەتانەی دەدا، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە دەدا، کەوا دروست نیە بڵێین فڵان ئایەت تەنیا ئەو واتایەی هەیە، هەربۆیە لە یەکێک لە وتارەکانیدا سەبارەت بەم بابەتە وتی” پێویستە نەڵێین فڵان ئایەت بەڵگەیە لەسەر فڵان شت، پێویستە بە شێوەیەکی گشتگیرانەتر باس لە ئایەتەکان بکەین. بە پێچەوانەوە توشی نەپێکان دەبین. دوای ئەوەی ئاماژەم بەم خاڵە دەدا، ئینجا باسی قەناعەتی خۆم لەسەر ئایەتەکان دەکرد”.

 

“لەو سەردەمەدا هەفتەیەک کۆنفرانسمان پێشکەش دەکرد و، هەفتەی داهاتوو ڕەخنە و پێداچوونەوەی قسەکانی ناو کۆنفرانسەکەمان دەکرد. لەو کاتەی ڕەخنە لە قسەکانی من دەگیرا، چەند کەسێکی وەک دکتۆر تەها کیتاپچی بەگ و هاوڕێکانیشی پەسنی قسەکانیان دەکرد. لە ڕاستیشدا دکتۆر تەها کیتاپچی، کەسێک بوو کەوا پەسنی هەموو مرۆڤێکی دەکرد. هەندێک لە هاوڕێکانیش دەیانوت لە مزگەوت هەست و هەیەجان، لێرەش لۆجیک و داوەری ژیری پەیرەو دەکەیت، بەم شێوەیە پەسن و ستایشیان بۆ کۆنفرانسەکان  دەردەخست. لەو ڕۆژگارەدا یەکێک لەوانەی ناڕەزایی پشاندا، کاک سولەیمان کەراگولـلە بوو. لەو کاتەدا وتی” لەبەرچی لە دژی قورئان دەوەستنەوە، مەگەر هەموو شتێک بە ڕوون و ئاشکرا تێێدا باس نەکراوە”. هەروەها یەکێک لەو هاوڕێیانەی ناڕەزایی بەرامبەر ڕەخنەکان پشاندا، هاوڕێیەکی پارێزەر بوو. ئەویش پشتگیری لەو قسەیەی من دەکرد کە وتبووم پێویستە لە چەند روویەکەوە ئایەتەکان هەڵبسەنگێنین و تەنیا لە یەک ڕوەوە نەیانخوێنینەوە. هەروەها مەلایەکی نیوە شێتی لێبوو. تەکلیفی ئەویش ئەوە بوو، کە بابەتە زانستی و تەکنیکیەکانی قورئان بۆ کەسانی شارەزای ئەو بابەتە بەجێبهیڵین و باسی لێوە نەکەین. کاک سولەیمان کەرەگولـلەش وانەی دەوتەوە، پاش ماوەیەک هەموویانی کۆکردەوە و لەسەر شێوازی کۆنفرانسێک پێشکەشی کردن. هەر کاتم هەبووایە بەشداری ئەم گفتوگۆ و وانانەشم دەکرد. بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی کات و بەرفراوانبوونی مەیدانی خزمەتەکەمان، ئیدی کاتی بەشداریکردنم لەو جۆرە چالاکیانە نەما…”

 

تاسەی خزمەتێکی دەنگ زوڵاڵ…

ئەو خزمەتەی بەرفراوانەی کەوا لە ئێستادا ئەنجام دەدرێت، مامۆستا هەر لەو کاتەدا ئارەزووی دەکرد، کە لۆجیک و داوەری ژیری کەسەکانی ئەو سەردەمە زۆر بە ئاستەم لێی تێدەگەشتن. بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو چالاکیەکان وەک پێویست ئاستی تەواوی خۆیان پشان نەدەدا، زۆر نیگەران بوو. خۆی بەم شێوەیە باسی دەکات:

” لە گەڕەکی بەیلەر، ڕێکخراوی بوژاندنەوەمان کردبوویەوە. ئەندامەکانی بریتی بوون لە هەندێک خوێندکار و کارمەندی زانکۆ. ئەوەی لە یادمدا ماوە، بریتیە لە زەفەر ئایواز، عیسا سەراچ، کەمال سۆلاک. سەرەتا کتێبەکانی سەزایی کەرەکۆچ و هەر کتێبێکی ناوەندە ئیسلامیەکان دەربچووایە، لەوێ دادەنرا و دەخوێنرایەوە. لەم بوارەدا ئاسۆی کتێبەکان هەتا بڵێیت بەرفراوان بوو. ئیدی بەم هۆیەوە جیاوازی بیروڕا کەوتە نێوان هاوڕێکانەوە. هەرکەس دەهات و لەلای خۆیەوە وتاری پێشکەش دەکرد و، کۆنفرانسی ساز دەکرد. منیش چەند وتارێکم لەو شوێنە پێشکەش کرد. بەڵام نە لە کاتی وتارەکان و نە لە ڕێڕەوی بیرکردنەوەدا، پەیڕەوی کردن لە ڕێچکەیەکی دیاریکراو کارێکی مومکین نەبوو. ئیدی بەم حاڵە نیگەران بووم. ڕۆژێکی هاوین کەوا ئەو شوێنە قەرەباڵغ نەبوو، یوسف پێکمەزجی و چەند هاوڕێیەکم لەگەڵ خۆمدا برد و ڕۆشتم. کتێبەکانمان خستە چەند کارتۆنێکەوە و، کتێبی سەر ڕەفەکانیشمان داگرت. شوێنەکەشمان ڕادەستی خاوەنەکەی کردەوە. ڕێک لەو کاتەی خەریک بوو شتەکانمان دەخستە ناو ئۆتۆمبیلەوە، کاک عیسا و کاک زەفەر هاتن. زۆریان پێ ناخۆش بوو، بەڵام شتێکیشیان لە دەست نەدەهات. وتمان” شوێنەکانی ئێمە بریتیە لە ماڵەکان، تەواوی هەوڵ و کۆششی خۆمان بۆ ئەو شوێنانە چڕ دەکەینەوە”.

هەروەها یەکێک لەو دەستپێشخەریە خێرانەی لە کەستانەپازاری ئەنجامماندا، بریتی بوو لە کڕینی ئەو شوێنەی ئێستا کە هەریەک لە خوێندنی ئیمام و وتاربێژی، لەگەڵ پەیمانگای باڵای زانستە ئیسلامیەکانی لێیە. هەریەک لە عەلی رەزا گیوڤەن، دکتۆر دورسون و خۆم، پێکەوە بە دوای ئەو شوێنانەدا گەڕاین. دواتر عەرزەکان کڕدران و بیناکانیان لەسەر کرا. هەروەها هەڵمەتی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ تورگوتلوش ئەنجامدرا، حاجی بەکریش یەکێک بوو لەو کەسانەی بەشدارییان تێدا کرد”.

 

بەشداری نەکردنی کەسانی دەوڵەمەند لەو کارە خێرانەدا، شتێک بوو کەوا زۆر سەرم پێی سوڕما. یەکێک لە خاوەن کارگەکان بە بڕی ٥٠ لیرە بەشداری کرد، ئەمە شتێک بوو کە زۆر بە لامەوە سەیر بوو”.

 

ئیدی لەوە تێگەشتم بەم شێوە گەڕانە، بە هیچ ئەنجامێک ناگەین. ئیدی وتم ئەو مرۆڤانەی کەوا بڕیارە یارمەتی یەکتری بدەن، هەموویان لە یەک شوێندا کۆ بکەینەوە و هانی یەکتری بدەن. ئەم تەکلیفەی من قبوڵ کرا و، لە قاتی سەرەوەی دوکانەکەی حاجی ئەحمەد کۆبوونەوە. نزیکەی ١٠ کەس دەبووین. لەو کەسانەی لە یادمدا ماوە، هەریەک لە حاجی موستەفای کۆنیایی، عەلی رەزا گیوڤەن، حاجی ئەحمەد تەتەری، ئیسماعیل ئەڵکان بەگ لەناویاندا بوو”.

دواتر پارە کۆکرایەوە. ئەحمەد تەتەری ١٠٠ هەزار لیرەی بەخشی. عەلی رەزا گیوڤەن بەگیش ٥٠ هەزار لیرەی بەخشی. ئیدی هەریەکە و بڕی بەخشینی بڕێک پارەی دا. ئیسماعیل ئەڵکانیش ٢ هەزار و ٥٠٠ لیرەی بەخشی. ئەمە لە کاتێکدا بوو کەسێکی زۆر دەوڵەمەند بوو. لەو کاتەشدا وتی” هەرکەس هێندەی باوەڕی هەیە کار ئەنجام دەدات”، ئیدی هەرگیز ئەم قسەیەی ئەوم لەبیر نەکرد.

 

“خزمەت قەرزاری کەس نیە”

ئەمیری کوەیت جارێکیان بڕیار دەردەکات و دەڵێت” هەموو ساڵێک با بەشێک لە سندوقی زەکاتی هاوڵاتیان بڕوات بۆ ئەو جەماعەتانەی تورکیا کەوا خزمەتی ئیسلام دەکەن”. وەزیرێکی کوەیتیش کەوا بە شێوەیەکی فەرمی سەردانی تورکیای کرد، دەیوسیت دوێنراوێک لە ناوخۆی تورکیا بدۆزێتەوە، هەتا لە ڕێگەیەوە ئەم فەرمانەی ئەمیری کوەیت بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئیدی ئەم بابەتەیان هێنایە لای مامۆستا، ئەویش لە وەڵامدا وتی: یارمەتیەکی لەو شێوەیە بە نیسبەت هاوڵاتیانی تورکیاوە کارێکی دروست نابێت. ئەمە لە کاتێکدا بوو تورکیا وڵاتێکی دەوڵەمەند نەبوو. هەروەها ئەو یارمەتیانەی لە ساڵانی ١٩٧٠ کۆ دەکرایەوە وەک پێویست نەبوو. بەڵام بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، هەر شتێک کە دەبوو ئەنجام بدرایە، هەر لە رێگەی هیممەت و هەڵمەتی ڕاستگۆیانەی تورکیاوە ئەنجام بدرێت. هەربۆیە لە دوای ئەو بڕیارە، کەسانێکی وەها پەیدا بوون، یەکێک لەو دوو خانووەی هەیانبوو لە پێناو یارمەتی خزمەت دەیانفرۆشت، کەسی وەهاش هەبوو تاقە خانوەکەی خۆی دەفرۆشت و خۆی دەچووە ناو کرێوە.

 

مامۆستاش سەباەرت بەم بابەتە دەیوت:

لەم بزاڤەدا تەنیا سەنتێکی هیچ کەس و دەسەڵاتێک بوونی نیە. مرۆڤی خزمەت نابێتە مانگی دەستکردنی هیچ گەلێکی تر. ئەو بزاڤانەی وابەستەی شوێنێکن، ڕۆژێک دێت پاشقولیان لێدەگیرێت و دەتەپێن. دونیای لە داهاتوودا لەلایەن کەسانێکی سەربەخۆوە بونیاد دەنرێت، تەنیا ئەوەی سەر بە گەلی خۆتان بن، بەسە بۆ ئێوە. ئەم کەسە غەریبانە کە تەنیا سەرمایەی دەستیان سەمیمیەتیانە، دەبنە هۆکاری ئەوەی دونیا بگۆڕن. ئەم داستانە، داستانەی ئەو کەسانەیە کەوا شوێنەکەوتەی ئەو  مرۆڤەن(حەزرەتی محمد) کەوا بۆ گۆڕینی دونیا هاتۆتە ئەم ژیانەوە. ئەم بزاڤە، وەک سەردەمی هاوەڵان نمونەکانی هەر لە ناو خودی خۆیدایە. نمونەی فیداکاریەکە کەوا هاوشێوەی زۆر کەمە. یەکەم و کۆتا پێشنیارم بۆ ئەو نەوانەی کە چاوەڕێی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتییان لێدەکرێت ئەمەیە:

 

سەربەرز و خاوەن کەرامەت بن. یەخە و دامێنتان مەخەنە دەستی چەند سەرچاوەی هێزی دیارکراوەوە. تەنانەت گەر بە مەبەستی باسکردنی دەرد و خۆشتان ڕووتان لەوان کردبێت، هەمیشە هەر سەربەرزانە مامەڵە بکەن. هەرگیز خۆتان مەخەنە ژێر هەڕەشە و گوشاری کەسانی ترەوە.

 

کەس ناتوانێت ئێمە وەک ئامێرێک بەکاربهێنێت. چونکە ئێمە قەرزاری کەس نین هەتا فیدیەیان بدەینەوە”.

ڕۆژنامەی ئیتیحاد

 

وەک مامۆستاش زۆر جار ئاماژەی پێداوە، ڕۆژنامە یەکێکە لەو سەرچاوانەی هێز کەوا موسوڵمانان زۆر درەنگ ناسیویانە. ئەگەرچی لە سەردەمێکی دیاریکراودا ڕۆژنامەکان لەسەر شێوازی هەفتانە یان مانگانە دەردەکران، لەبەر فشار و بێ ئیمکانیەتی، نەیانتوانی بەردەوامی بە خۆیان بدەن. مامۆستاش خۆی بەم شێوەیە باسی دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی بەهێزی لەم شێوەیە دەکات:

ناسیاویمان لەگەڵ کاک ساڵح ئۆزجان بۆ زۆر کۆن دەگەڕێتەوە. زوو زوو دەچووە ئیزمیر و دەگەڕایەوە. ئیدی لەو کاتەدا هەستێکی لەو شێوەیە سەریهەڵدا، پێگەشت و بە تەواوی گەورە بوو. پاشان بە پاڵپشتی کاک زوبەیر ئاغا ڕۆژنامەکە دەرکرا. ڕۆژنامەکە هەفتانە بڵاو دەکرایەوە و ناوی ئیتیحاد بوو. لە ساڵی ١٩٦٨ لە کاتی وەرزی حەجدا، ڕۆژنامەکە بە هەریەک لە زمانەکانی عەرەبی-تورکی بڵاوکرایەوە و، هاوڕێکانمان لە مەککە، موزدەلیفە و مینا ژمارەیەکی زۆریان لیفرۆشت.  ئەو ساڵە بە نسیبەت ڕۆژنامەکەوە ساڵێکی پڕ بەرەکەت بوو. حاجی کەمال ئێریمەز و ساڵح ئۆزجان لە ساڵی ١٩٦٨ کاتێک پێکەوە چوون بۆ حەج، خۆیان چادر بە چادر گەڕابوون و ڕۆژنامەکەیان بڵاو کردبوویەوە. ڕۆژنامەکە لەو کاتەدا لە ڕووی ماددیەوە زۆر لە وەزعێکی ناهەمواردا بوو. حاجی کەمال ئەو پارەیەی لە ڕێگەی فرۆشتنی زەیتونەکانیەوە دەستی کەوتبوو، هێشتا بە  دەستی نەگەشتبوو. کاتێک کاک ساڵح باسی حاڵی خراپی ڕۆژنامەکە بۆ  کاک حاجی دەکات، کە هەمیشە لە بابەتی مەردایەتی و جوامێری لە ڕیزی پێشەوە کێبڕکێی دەکرد، تەواوی ئەو پارەیەی کەوا بڕیاری بوو بە دەستی بگات، بە کاک ساڵحی بەخشی، بەم شێوەیە ڕۆژنامەکە ڕزگاری بوو.

 

 

کەشوهەوایەکی ئاڵۆز

 

مامۆستا سەبارەت بە قۆناغەکانی دواتر بەم شێوەیە باسی ڕۆژنامەی ئیتیحاد دەکات:

دواتر ساڵح ئۆزجان لە ڕۆژنامەکە جیا بوویەوە. لەبەر ئەوەی لە هەموو شتێکدا پێکەوە بووین، پێش ئەوە بە تەواوی جیا ببێتەوە، منیشیان بانگهێشتی ئیستەنبول کرد. هەریەک لە حاجی کەمال و من و موستەفا بیرلیک، پێکەوە بەرەو ئیستەنبول بەڕێکەوتین. لە هۆتێلی فلۆریا چاومان بە یەک کەوت. جگە لە ئابرا زوبەیر، تەواوی کەسە گەورەکان لەوێ بوون. ئەو نەهاتبوو. لەبەر بارگرژی کەشوهەواکە، هەستم بە ڕوودانی رووداوێکی زۆر ناخۆش کردبوو. هەروەها نەهاتنی ئابرا زوبەیر بۆ کۆبوونەوەکە، گومانەکانی منی زیاتر کرد. هەستم بە ناکۆکیەک دەکرد و ئەمەش منی زۆر نیگەران دەکرد. لەم کاتەدا برایەک بە ناوی کاک عەبدولواحید وتی ” ئابرا زوبەیر دەیەوێت چاوی بە ئێوە بکەوێت”. منیش ڕۆشتم و چاوم پێکەوت. بە ناوی خۆمەوە لەوە تێگەشتم، بۆ پاراستنی سازان و ڕێکەوتنی نێوانمان پێویست بەوە دەکات لە دەرەوەی ئەو کارە بمێنمەوە و منیش هەر بۆ ئەو مەبەستە، بڕیاری ئەوەمدا بە شێوەیەکی کارا لەو بابەتەدا ڕۆڵ نەگێڕم”.

ڕۆژنامەکە دواتر دەستی کرد بەوەی هەموو ڕۆژێک دەربچێت. موستەفا پۆڵاتیش کەوا یەکێک بوو لە هاوڕێ خۆشەویستەکانی کاتی منداڵی مامۆستا، دەستی کرد بەوەی لەلای ئەوان بمێنێتەوە. مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو کاتەش دەکات:

تەنانەت لەمڕۆشدا ڕۆژنامەنوسێکی ناوازە لەسەر ئاستی ئەو، بە ئەستەم دەستدەکەوێت. دیزاینەرێکی زۆر بە توانا بوو. کاتێک شتێکی دەنوسی، هیچ کاتێک نەمدیوە کاغەزی مسۆدە بەکار بهێنێت. تەنانەت لە وەرزی زستانیشدا عارەقی دەکردەوە، بەڵام قاچەکانی دەخستە ناو تەشتێکەوە و تابیعەکەی دەخستە بەردەمی و دەستی بە نوسین دەکرد. دەیوت ئەمەش بخەنە ناو ڕۆژنامەکەوە. کەسێک زۆر بە توانا و لە بنچینەوە وەک ڕۆژنامەنوس هەڵکەوتبوو. خۆ هەر لە ڕاستیشدا باوکی خاوەنی ڕۆژنامەی حورسۆز(وتەی ئازاد) بوو. ڕۆژنامەکە بە شێوەیەکی خۆماڵی لە ئێرزروم دەردەچوو. کاک موستەفا پۆلات، ئەو کاتەشی منداڵێکی زۆر بچوک بوو، تێبینیەکانی بە شێوازی کورتکراوە دەنوسی. کاتێک عەدنان مەندەرەس هاتە ئێرزروم، ئەوم لەبەردەم کورسی وتاردانەکەیدا بینی کەوا تێبینی لەسەر قسەکانی دەنوسی. گەنجترین کەسی ناو ڕۆژنامەنوسەکان ئەو بوو. هیچ کاتێکیش ئەو دیمەنە لەیاد ناکەم. دواتر ئەویان کردە سەرنوسەری ڕۆژنامەی ئیتیحاد. هەر بە ڕاستی ڕۆژنامەکە لەسەر ئاستی کوالیتیەکی بەرز دەردەچوو.

لەو سەردەمەدا محمد شەوکەت ئێگی ڕۆژنامەی بیوگیونی دەردەکرد. تیراژی ڕۆژنامەکە لەسەرو ١٠٠ هەزارەوە بوو. کاتێک لە ڕێچکەی خۆیدا خزمەتی دەکرد، دیسان هەندێک بابەتی ناحەزی سەریان هەڵدا.

مامۆستا بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکانی ئەو کاتە دەکات:

من بە تەواوی وردەکاریەکانەوە نازانم کەوا چی لە نێوان ئەو دوو ڕۆژنامەیەدا روویدا. بەڵام ڕۆژنامەی بیوگیون، ئیماژی ئەوەی هەبوو، کە لە تورکیادا تەنیا نوێنەری ئیسلامە. ئەویش وەک ڕۆژنامەی ئیتیحاد سوودی زۆری دەگەیاند، تەواوی هاوڕێیان لەسەرو هەستی لایەنی خۆیانەوە کاریان دەکرد. بەڵام دیسان زۆر بوون ئەوانەی کە بەرامبەر کارەکانیان نیگەران بوون. هەروەها ئەوەش نازانم کە بە تەواوی هاوسەنگییان پاراستبوو یاخود نا. کەسانێک هەبوون کەوا بە نوسینەکانی موستەفا پۆڵات و هاوڕێکانی نارەحەت بوون. ئەم حاڵەش منی زۆر نیگەران کرد. ڕۆژێک کەوا هیچ کاتێک لەبیری ناکەم، تەلەفۆنم بۆ کاک موستەفا پۆڵات کرد. زۆر بیرم نایە کەوا بە تەواوی باسی چیمان کرد. بەڵام گومانم وەهایە ئەم قسانەم کردبێت:” بێ ئەوەی گوێ ئەوەی گوێ بە ڕاست و چەپ بدەیت، بەردەوام پەلامار ئەم و ئەو دەدەیت. من پێم وانیە ئەم کارانە لەگەڵ پەیڕەوی پیشەی بەدیعوزەماندا یەک بگرێتەوە”. کاتێک من ئەم قسانەم کرد، ئەویش لە وەڵامدا وتی” ئابرا ئەوانیش هێرش دەکەن سەر ئێمە”. منیش لە وەڵامدا وتم” گەر ئەوان ١٠ جاریش هێرشمان بکەنە سەر و ئێمەش تەنیا یەک جار وەڵامیان بدەینەوە، دیسان هەر ئێمە زوڵممان کردووە. چونکە ئێمە چەند دەستورێکی ڕێنیشاندەرمان لە بەردەمدایە. ئەگەر ئێوە لەسەر ئەم کارانەتان بەردەوام ببن، ئەوا ئێمەش بۆ نۆژەنکردنەوەی کارەکان چەند ڕێکارێکی خۆمان دەگرینە بەر، دوای ئەم قسانە تەلەفۆنەکەم داخستەوە”. پاشان ئەم قسەیەی من وک هیجرانێکی لێهات لەسەر دڵم. چونکە دوای ئەم قسەیەی من. ئەم هاوڕێ ئازیز و بە نرخەم لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لە دەستدا. بەم شێوەیە فریای ئەوە نەکەوتم بڵێم “گەردنمان ئازاد بکە”. سەردانی مەراسیمی بە خاکسپاردنەکەیم کرد، بەڵام هێشتا خەمی ئەوەی دوا قسەمان بەم شێوە کۆتای هات، لە دڵمدایە. موستەفا پۆڵات، کەسێکی بێگەرد، ڕەسەن و دەستەبژێر بوو. جەنابی حەق بە فیردەوسەکەی خۆی پاداشتی بداتەوە. دۆستایەتیمان بۆ ئەبەد بمێنێت، ئامین…

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *