تافی کاتە پیرۆزەکان: ٣ مانگەکە

٣ مانگە پیرۆزەکە تام و شێوازێکی تایبەت بە خۆیان هەیە کەوا لە مانگەکانی تری ساڵیان جیا دەکاتەوە.. ئەگەرچی لە ڕێگەی هەستە دەرەکیەکانمانەوە پەی بە جوانی و ناوازەیی هەریەک لە مانگەکان دەبەین و ژیانیان تێدا دەگوزەرێنین؛ بەڵام بە نیسبەت ئەم کاتە ئاوارتەییانەوە(استثناء) ژیان لە ڕێگەی دڵ و هەستە ناوەکیەکانەوە دەگوزەرێت. ئەو مرۆڤانەی لەم مانگانەدا ڕوو لە دونیای دڵیان دەکەن، لە ڕێگەی ئەو تیشکانەی لە ئیمان و تێگەشتنی قوڵیانەوە هەڵدەقوڵێت، شیکار و پاڵفتەی پشت پەردەی شتەکان دەکەن و، هەستەکانیان چەشنی ئەوەی لێدێت بە فیردەوسێک گەشتبێتن و چاویان تێدا هەڵهێنابێت کەوا تەمەنێکی جاویدانی تێدا بەسەر ببەن. ئیدی بە نیسبەت ئەوانەوە، ڕۆژ-شەو، تەنانەت کاتژمێر-خولەکەکانی ئەم مانگانە بە ئەفسونێکی جیاوازەوە دێن-دەچن؛ لەم هاتوچونەشیدا هەر مرۆڤێک لەسەر ئاستی خۆی شتێک بە گوێیدا دەچرپێنرێت.

لەم مانگانەدا زەمان هەردەم بە ڕەنگی ئاخیرەتیەوە خۆی واڵا دەکات.. مرۆڤەکان چەشنی ئەوەی دانیشتوانی جیهانی ئەولا بن دەبنە هاودەمی یەکتر و دەگەنە قوڵاییەکی پڕ ڕاز و نهێنی. هەموو کەسێک چەشنی ئەوەی لە ناخی خۆیشیاندا هەیە، لە سینەی بووندا گوێ لە شیعرێکی ئاخیرەتی دەگرن و، بە لێشاو خولیا، یادەوەری، چاوەڕوانی و خەونیان لا دروست دەبێت و لە ئاسۆکانیاندا دەسوڕێنەوە. ٣ مانگەکە، گاهێک غەمگین و گاهێک بە بانگهێشتە پڕ نەشەکانیەوە، هەم حەسرەتی بەهەشتێکی لەدەستدراومان بە یادا دەهێننەوە، هەم تەمی ئەو هیوایەی کە دەشێت سەرلەنوێ بیدۆزینەوە تەواوی بوونمان دادەپۆشێت. بەڵێ، یادەوەری و بانگهێشتەکانی ئەم ڕۆژانە کەوا هەموو خولەکێکی ژیانمان بە نەشە و بەختەوەرییەکی جیاواز، بە گورجبوونەوە و هەنگاوێکی نوێ دەگۆڕن، هەستەکانمان دەکەنە شیعرێکی بێدەنگ و ژیانیشمان بۆ جوانییەکی ئەفسوناوی دەگۆڕن.

بە هۆی دابەزینی کەمێک لە نورەکانی ئەم ٣ مانگە بۆ سەر دڵەکان، ڕوناکی کۆڵانەکان، ڕیزە گڵۆپی نێوان منارەکان، ئەو زیندوویەتیە ڕۆحانیەی لە هەموو لایەکدا هەیە و ئەو میهرەبانیەی لە سیمای ئەو مرۆڤانەدا هەیە کەوا بەرەو مزگەوتەکان ڕادەکەن، چێژ و چەشێکی ڕۆحانی جیاواز پێشکەشی ئەو کەسانە دەکەن کەوا نرخ و بەهای ئەم ساتە نورئەفشانانە دەزانن و، زیاتر لە دونیا یادی ئەو ساتانە دەکەنەوە کەوا لە بەهەشتدان. بەڵێ، ئەم سێ مانگە، بە سروەی ئەو چەشە بێکۆتایانەی ئامێزانی ڕۆحەکان دەبن و دڵنەواییان دەکەن، کەوا لە ڕەنگی جیاوازی ناو شەپۆلە تیشکیەکان و ناسکێتی ئەو شنەبایانەی هێدی هێدی هەڵدەکەن و کۆکراوەی دەنگی تەواوی ئەو کەسانەشە لە نێو زەمەندا بەسەریاندا تێپەڕیوە و ئەفسوناوی کردوون پێکهاتووە، باوەش بۆ هەموومان و ئەو کەسانە دەکاتەوە کەوا هەست بە ئیمان، ئیسلام، پەرستگا و پەرستشەکان دەکەن و بە ڕووی مەعریفەت-خۆشەویستی- چێژە لەدونیەکانیشدا کراوەن.

هەموو ساڵێک کاتێک پەی بەم تافە ئاڵتونیەی زەمەن دەبەین، چەشنی ئەوەمان لێدێت کەوا سەرلەنوێ بە ڕۆژانی پڕ نەشە و خۆشەویستی و شینباوی ژیانی  ڕاستەقینەی ئەولا شاد بووبێتینەوە. بەڵێ، ئیدی لە چاوی دڵەکانماندا هەموو لایەک کاڵای بەهار دەپۆشێت.. لە هەموو لایەکەوە سەرلەنوێ ژیان هەڵدەقوڵێت.. شاخ-پێدەشت سەوز دەبنەوە و بە ڕەنگاکانیانەوە قاقا لێدەدەن.. گوڵەکان دەکەونە سەما، بولبولەکانیش چریکەکانیان هەڵدەڕژن.. هەستەکانیش وەک ئەوەی لێدێت کڵپەی خۆیان لە گوڵ و لالەوە وەرگرتبێت.. بە شێوەیەک، ئەم هەوا گشتییە کەوا لە هەموو لایەکەوە هەڵدەکات، دڵەکانمان بە بەڵێنی شادی دادەپۆشێت و، وای شتانێکی چەند نەزانراو و درکپێنەبراو بە گوێکانماندا دەچرپێنێت! تەنانەت ئەو مرۆڤانەی ژیانی خۆیان بە ڕەشبینی و بەدبینییەوە بەستۆتەوە، پشکی خۆیان لەم نمایشە ئاسمانییە بەردەکەوێت. بە تایبەت ڕۆژەکانی، کاتێک کاتژمێرەکانی لە سایەی عیبادەتەکانەوە قوڵتر دەبنەوە و چەشنی ژەنیارێک لەسەر دڵەکان جوڵەی خۆیان دەکەن هەتا ئاوازی واتای ژیانی ڕاستەقینە لێبدەن؛ خولەکەکانی کاتی بانگ کەوا چەشنی جریوەی باڵندەکان بێگەردن و لە تامی نەشەی منداڵێکدان و هێندەی جوانیەکانی ناو بەهەشت کاریگەرن؛ کاتژمێرە تێروپڕەکانی عیبادەتیش کەوا چەشنی دڵێکی مەفتونن بە تەواوی ئەم جوانیانە، لەگەڵ ئەو هەستە زەبەرجەدیانەی هەڵاوی واتای بوونە دوێنراوی جەنابی حەق و وەرگرتنی جەنابی حەقیان وەک دوێنراو لێهەڵدەستێت، دەست بە وتنەوەی ئەو شیعرە دەکەن کەوا بە زیکر و فیکرەوە جۆشوخرۆش لە سینەکانمان هەڵدەستێنێت.

ئیدی لەگەڵ دەستپێکردنیدا پەردەکانی سەر دەموچاوی بوون هەڵدەگیرێن و، دەبینە خاوەنی ئەو چەندە خولەکە شینە، گەرموگوڕە، پڕ تام-چێژ و دڵنیایی- ئاسودەییەی تایبەتن بە ساتی نزیکی لە جەنابی حەق. هەموو ڕۆژێک ٥ جار، لە هەفتەیەکیشدا لایەنی کەم  ٣٥ جار چەشنی ئەوەی بە چواردەوری لولپێچێکی نورانیدا بسوڕێینەوە، لە دڵەکانماندا بە هەلەکانی چوونە میعراج دەگەین و، هەردەم بە خەونی بوونە مرۆڤی کامڵەوە ژیان بەسەر دەبەین. ئەگەرچی مانگی یەکشەوە چەند شەوێک پێشتر دەردەکەوێت، بەڵام دەستپێکی ئەم ٣ مانگە لەگەڵ هاتنی یەکەم ئێوارەی پێنجشەممە دەڵێت “سڵاو”، کەوا کراوەیە بە ڕووی خواست(رغائب) و بەرگی چاودێری ئەوی بەخۆیدا داوە و چەشنی ژەنیارێک لەسەر دڵەکانمان دادەنیشێت. ئەمەش هەستەکانمان کەوا تینووی ئامێزانبوونی ڕۆژانێکی مەزنن بۆ یەکەم جار ئاگادار دەکاتەوە و، چەشنی پڕۆڤەی دەنگ و ئامێرێکی دڵخوازە”لیلة الرغائب” کەوا جۆشمان پێ دەسەنێت. شەوی میعراجیش کەوا دوای بیست شەوێک دێت، بە نیسبەت ئەو ڕۆحانەی بە تەواوی خۆیان ئامادە کردووە و گورج بوونەتەوە، چەشنی تێبینیگەلێکی ئاسمانی و جیڕەی دەرگاکانی ئاسمان و شنەبای ئاخیرەتیی دێت. شەوی بەراتیش بە نیسبەت ئەو سینانەی بەم ئاگاداریانە بێداربوونەتەوە و دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە، بە مژدەی ڕزگارییەوە دێت. کاتێک دێینە سەر شەوی قەدریش، بە دابار و بەرەکەتێکەوە کە لەسەرو ئاستی وێناکەردنەوەیە و تەنیا لە ڕێگەی هەوڵ و تێکۆشانێکی هەزار مانگییەوە بەدەست دێت، باوەش بە مرۆڤە قەدرشناسەکاندا دەکات و، بە شنەبای لێبوردەیی و لێخۆشبوونەوە ئامێزانیان دەبێت.

ئەم گەرموگوڕییە شیرین و ئێرەییهێنەری ٣ مانگەکە، بە نیسبەت دڵانی ئیماندارەوە شەو-ڕۆژ بەردەوامی دەبێت. دوای ئەوەی هەموو ڕۆژێکی نوێ بە تەواوی درەوشاوەیی و زیندوویەتی خۆیەوە بەرەکەتەکانی خۆی بەسەر سەرماندا دەبارێنێت و بەرەو کۆتاییەکانی ئاسۆی خۆی دەچێت، لە دوایەوە ڕۆژێکی نوێی ئاسودە کەوا هەڵاوی جوانیەکانی لێهەڵدەستدێت، لەدایک دەبێت.. ئەم بەیانییە نوێیەش کەوا دڵەکانمان پڕ دەکات، بە نیسبەت دڵە هۆشیارەکانەوە بە شێوەیەکی پەنهان چەندین شت لە ناخماندا دەهۆنێتەوە، بەیانییەکی پڕ خولیا دەبێت..

   

 

 

لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەجەبیشدا، ئەو ڕۆحانەی بە نزا، نیاز، حەمد، سەنا و ئەوپەڕی بێداری خۆیانەوە لە بەرامبەر ڕەحمەتی بێکۆتای ئەو دەکەونە حاڵەتی ئامادەباشی، لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا چەشنی ئەوەیان لێدێت کەوا بە چێژی تەواوی تەماشای ژیانی ئەولا گەشتبێتن.. دەگەن و بەم هۆیەشەوە گۆڕانکاری بەسەر زمان، ئەدا و شێوازی هەموو کەسێکدا دێت، لە سیمایاندا هەیبەت و گەردنکەچی و خۆشحاڵی هیوایەک خۆی ئاوەڵا دەکات.. ئیدی هەموو کەسێک زیاتر بە زمانی دڵی قسە دەکات.. توندوتیژییە مرۆییەکان زیاتر خاو دەبنەوە.. لە نێو ئەمانەشدا، زۆرێک لە مرۆڤەکان چەشنی ئەوەی میعراج بکەن، تەواوی قورساییە دونیایەکانی خۆیان فڕێ دەدەن و بە ڕەوانیەتی ڕۆحی خۆیان دەگەن. ئیدی ئەو نورانیەتەی لە دڵی ئەم مرۆڤانەوە سەرشار دەبێت کەوا ڕوویان لە جەنابی حەق کردووە و ئەو ناسکییە ڕەنگاوڕەنگەی لە سیمایاندا خۆی دەردەخات، تەنانەت ڕەقترینی دڵەکانیش نەرم دەکاتەوە و دەیانکات بە دڵانێکی پڕ بەزەیی.

لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەجەبدا، شەوەکان هەردەم خۆیان بە قوڵاییەتیەکی جیاوازەوە ئاوەڵا دەکەن، حاڵێکی ئەفسوناویتر وەردەگرن؛ وەی چەند ئیلهامی بیرکردنەوەی عەبقەریانە بە هەریەک لە مرۆڤەکان دەدەن! بە تایبەت شەوەکانی کەوا وەک دەرچەیەکی کراوەن بە ڕووی ژیانی ئەولا و وەک پارچە پیرۆزەکانی کات ئەژمار دەکرێن، هەموو کاتێک هیواگەلێکی تایبەت بە دڵەکانمان و خولیاگەلێکی کوڵسەندوو بە هەستە بەهەشتیەکانمان دەدەن. ئیدی باوەش بۆ ئارەزووی “جاویدانیبوون”مان دەگرێتەوە و لە ڕۆحماندا دەرگاگەلێک بۆ خەونی نوێ نوێ دەخاتە سەر پشت. ئیدی هەموو شەوێک چەشنی ئەوەی لە خودی خۆماندا سەرخەوێک بشکێنین، ئەو هەستانەمان کەوا بێدەنگ-سەدا کەوتوون بەئاگا دەهێنینەوە و ئیلهامی بەختەوەرییەکی زۆر قوڵتر لەوەی لە دونیادا هەیە بە بیرکردنەوەکانمان دەدەن.

مانگی شەعبانیش کەوا لە کتێبەکاندا بە “مانگە مەزنەکەی خودا” ناوی براوە، چەشنی لەزەتێک کەوا بەسەر تەواوی بوون و خودمانەوە نیشتبێتەوە هەستی پێدەکەین، هەست بە دڵەکانمان دەکەین کەوا بەرەو هیوا، چاوەڕوانی، جوانیە ئاخیرەتیەکان ملی ڕێگە دەگرن. ئەویش بە ڕۆژ-شەوەکانیەوە، چەشنی مۆسیقایەکی ئەفسوناوی کەوا بەستەکەی ڕەمەزانئاسابێت کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان دادەنێت.. ئیدی بە قۆڵە ئاسمانیەکانی خۆیەوە ئەو کەسانە لە ئامێز دەگرێت کەوا هانای بۆ دەبەن.. بە بەزەییەکی دایکانەوە لە ئامێزیان دەگرێت و لە لایەنە بەرفراوانەکانی ڕەحمەتدا دەیانسوڕێنێتەوە. بە نیسبەت ئەوانەشەوە کە هەست بە ڕۆحی ئەم مانگە دەکەن، چەشنی ئەوەی زەمەن کوناودەر بووبێت، شتانێک لە سەروی جیهانی کاتەوە دەڕژێتە ناو هەستەکانیانەوە. بە شێوەیەک، گەر کەسێک لە ساتە ڕۆشن و لایەنە بەرفراوانەکانی هەستکردندا هەنگاوێک زیاتر هەڵبگرێت، گومانی ئەوە بە خۆی دەبات کە سواری پەیژەیەکی سیحراوی بووە و بەرەو ژیانی ئەولا دەچێت. ئیدی لە هەموو ڕۆژ، شەو، کاتژمێر و خولەکێکیدا، بە هۆی ئەو بیرکردنەوە و ئارەزووە شاراوەیەی لە فیترەتماندا بەرامبەر ئەبەدیەت و جاویدانیبوون هەیە، هەر خودا خۆی دەزانێت کەوا چەند جار هەست بە ئاتاجیمان بۆ ژیانی ئەولا دەکەین، بەرەو تەماشای ئەو هیوایانەمان ڕادەکەین کە لەلایەن مانگی خوداوە دەلاقەکانی خراوە سەر پشت.

ئیدی لە پڕێکدا خولەکە گەرموگوڕەکانی مانگی ڕەمەزان کە هەتا بڵێی نەرمونیانن، بەوپەڕی تینوتاوی خۆیانەوە لە ئاسۆدا دەردەکەون.. ویژدانەکان بەئاگا دێنەوە، هەموو دڵەکان بێدار دەبنەوە، تەواوی هەستەکان دەخرۆشێن.. مرۆڤایەتی بە لێشاو بەرەو پەرستگاکان ڕادەکەن، لەوێشەوە بەرەو پەروەردگاریان ملی ڕێگە دەگرن. لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا، پەیوەندیەکانی ڕۆح زیاتر بەهێز دەبن.. هیوا و ئارەزووە ئاخیرەتیەکان زیاتر کوڵ دەسەنن، لەگەڵ کوڵسەندنیاندا تێبینی هاتنی مانگی ڕەمەزان چەشنی ژەنیارێک لەسەر هەستەکان هەڵدەستن و دادەنیشن، سینەی ئیمانداران بە عەشق و شەوقەوە جۆشوخرۆشی تێدەکەوێت؛ وەک ئەوە وەهایە لە ڕۆحیاندا ئاگری داگیرساندبێت. دەتوانین ئەوە بڵێین کە ڕەمەزان وەک نورانیترین، ناوەڕۆکدارترین، کاریگەرترین و بەتامترین ڕۆژەکانی ساڵ، لە هەمان کاتدا گرنگترین دینامیکی ناوەکی ژیانی لەدوونیمان، تەواوی بوونمان دادەپۆشێت و ترۆپکی حەزە ئاخیرەتیەکانمان پێدەچێژێت. دیمەنی کۆگا و بازاڕ و کۆڵانەکان، جمەی هەستگەلێکی تایبەت بە ژیانی ئەولایان تێدا دەبینرێت. هەناسەی منارەکان، لە دڵەکاندا بە خەمی قورئانییەوە سەدا دەداتەوە. پەرستگاکان بەرگی ڕۆشنایی دەپۆشن و بە ئاوازی دڵە ئیماندارەکانەوە دەناڵێنن. لە ماڵەوە بۆ مزگەوت، لە مزگەوتەوە بۆ خوێندنگە، لە هەموو شوێنێکدا شادی و دڵنیایی ڕووکردنە جەنابی حەق بەدی دەکرێت.. ئەو سینانەی بە عیبادەتەکانەوە شاباڵ دەگرن، تەواوی جوانی خۆیان هەڵدەڕێژن.. بەوپەڕی وردەکاری مەحرەمانەی خۆیانەوە، هاواری ئەو عەشق و شەوقە دەکەن کەوا لە دونیای ناخیانەوە هەڵدەقوڵێت. ئەم مرۆڤانە، چەشنی ئەوەی فەرمانی ” ئامادەی ساتی شادبوونەوە بن” یان وەرگرتبێت، هەریەک لە شەوەکان وەک عەرەفەی “شەبی عەروس” ئەژمار دەکەن و، ڕۆژەکانیشی بە هەستێکی بەرفراوانی ساتی بەیەکشادبوونەوە بەسەر دەبەن.

بەڵێ لە ڕەمەزاندا، لە هەموو دەنگێکدا بەڵێنی دەستپێکێک، لە هەموو هەناسەیەکدا هیوایەکی ڕزگاری بەدی دەکرێت. بەربانگەکان، هەندێک ڕاز بە گوێکانماندا دەچرپێنن و لە ئاسۆماندا ساتی بەیەکشادبوونەوە مەزنەکە خۆی ئاوەڵا دەکات.. تەراویحەکانیش بەڵێنی شتانێکی زۆر و زەبەندە بە دونیاکەی ئێمە دەدەن. شەوەکانیش، چەشنی بوکێکی نازەنین دەرگاکانی خۆیانمان بۆ دەکەنەوە، دابارەکانی ڕەحمەتیش بە هەموو درێژە شەپۆلەکانیەوە دەبنە تیشک و دەڕژێنە ناو دڵەکانمانەوە. ئیمساکیش چەشنی فیکەی کەشتی، دەنگی فڕۆکە و تەقینی موشەکەکان لە گوێکانماندا دەزرنگێنەوە، لە پێناو گەشتن بە دۆستدا شەوڕەوێنیمان پێ ئەنجام دەدەن… لە کۆتایشدا ڕۆژێکی دوور و درێژ، کاتژمێرە پڕ هیوا و هەیەجانەکانی، بە شپرزەییەکی وریایانەی ئەو دیدارە شیرینەوە، هەموو لایەکمان دادەپۆشێت.

لە ڕەمەزاندا ژیان هێندە قوڵ و پڕ واتایە، هەر قسەیەک دەکرێت و هەر وتەیەک دەبیسترێت، وەک بەستەیەکی لێدێت کەوا لە دڵی مرۆڤەوە هەڵقوڵابێت و، دەست دەکات بەوەی بە شیرینترین نەغمە هەستەکانمان بڕازێنێتەوە. ڕەمەزان کەوا هەموو کاتێک دەبێتە هۆی ئەوەی ڕۆحمان چەشنی تۆوێکی وردیلە بکرێتەوە و ئەو هەستانەی لە قوڵایی ناخماندایە بێدار ببنەوە، لە ئەفسوناویترین و ناوازەترین جیهانی خولیاکاندا دەمانسوڕێنێتەوە؛  هەموومان هەتا سەر ئێسقان بە ئاتاجیەتی عەشق، شەوق  و شادبوونەوە لەگەڵ ئەو هەڵدەشێلێت و نەشەی ڕاستەقینەی ژیان بە دڵەکانمان دەگەیەنێت.

ئەو کەسانەی ئازوخەی تەواوی خۆیان لە ڕەمەزان وەردەگرن،  زیاتر لەو شتانەی لێرە بەدەستی دەهێنن، لەم ڕێگە نورانیەی لەسەری دەڕۆن کەوا کەمێکیش تەماوییە، لەوە تێدەگەن کەوا بەختەوەرییەکی ئەبەدی بوونی هەیە کە هەردەم بیری دەکەن و بە تەواوی ناخیانەوە ڕووی تێدەکەن. بەڵێ، لە هەموو بەربانگ و ئیمساکێکدا، درک بەوە دەبەین کە دەرگایەکی نوێی شادبوونەوەمان لەگەڵ ئەودا بە ڕووماندا کراوەتەوە، هیوا و ئاتاجی ئەوەمان لا دروست دەبێت کە دوو هەنگاو لە پێشترەوە شادبوونەوەیەکی بەرفراوانتر و ئەفسوناویتر چاوەڕێمان دەکات؛ لەلایەکەوە غوربەت و تەنیایی، لەلایەکی ترەوە چاوەڕوانی و خولیاکان بە ئەفسونێکی قوڵترەوە داماندەپۆشێت و بەرەو عەشقی ڕاستەقینە ڕاماندەکێشێت. بە شێوەیەک، وەک ئەو بەرفراوانیەی لە سینەی ئەوانیشدا هەیە، لە بێسنوری شوێنەوە لەوە تێدەگەن کەوا هەموو شتێک بە چواردەوری عەشقدا دەخولێتەوە و بەم هۆیەوە لە هۆش خۆیان دەچن. ژن-پیاو، گەنج-پیر، هەژار-دەوڵەمەندی ناو ئیمانداران، بە گوێرەی ئاستی تێگەشتنی خۆیان، بە قۆناغێکی جددی خۆ ئامادەکردندا تێدەپەڕن، دواتر بە تێبینی ئەوەی ئەو ڕێگایەی گرتوویانە کۆتایی نایەت، بەرەو الله ملی ڕێگە دەگرن.  

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *