تاقیکردنەوە شاراوەکان

تاقیکردنەوەکانی ژیانی دونیا جۆراوجۆرن. هەندێک لەم تاقیکردنەوانە ئاشکران، هەندێکیشیان هەتا ڕادەیەک شاراوەن. بابەتی ئەوەی مرۆڤ بارێکی ناخرێتە سەرشان کەوا پێی هەڵنەگیرێت ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە، ڕەنگە مرۆڤ توشی هەندێک تاقیکردنەوەش ببێت کەوا لە یەکەم تێڕوانیندا لێی تێنەگات و هۆشیاری بەرامبەری نەبێت. بۆ نمونە کارێکی جوان ئەنجام دەدات، بەڵام دوکەڵ و تەمێک دونیای خەیاڵ و وێناکردنەکانی دەتەنێت، ئەو سەرکەوتنەی بەدەستی هێناوە، توشی لەخۆباییبوونی دەکەن. هەربۆیە ئەو کارەی ئەنجامی داوە، نە بەرەکەتی تێدا دەمێنێت نە پاداشت. ئەو بیرکردنەوەیەی لە مێشکیدا سەرهەڵدەدات کە بڵێت” من کردم، من ئەنجامم دا، من سەرکەوتم” هەموو شتێک لەناو دەبات. لە ڕاستیشدا بابەتی ئەوەی مرۆڤ خۆی بکاتە خاوەنی ئەو کارانەی ئەنجامی داوە، بە شاکاری خۆی ئەژماریان بکات، تێڕوانینێکە لە نێو خۆیدا شیرکی شاراوەی هەڵگرتووە. وتنەوەی بەردەوامی “من، من” گەرداوێکە مرۆڤ پەلکێشی ناو کوفر و گومڕایی دەکات.

هەربۆیە کەسێک کەوا دەیەوێت لە فێڵ و تەڵەکەکانی شەیتان بەدوور بێت، تەنات گەر گەورەترینی سەرکەوتنەکانیشی بەدەستهێنابێت، لە نێو ئەستێرەکاندا گەشتی بە مرۆڤایەتیش کردبێت، نابێت دەستبەرداری هەستی ئاساییبوون ببێت و پێویستە بڵێت:

“زۆر سەرم سوڕ دەمێنێت لەوەی الله کاری گەورەی لەم شێوەیە بە کۆمەڵە کەسێکی سادەی وەک ئێمە ئەنجام دەدات!”. خۆ گەر هەر بتانەوێت هۆکار/ڕوونکردنەوەیەکی ماقوڵ بۆ کارە جوانەکان بدۆزنەوە، ئەوا دەتوانن لە ڕوانگەی حیکمەت و دانایی ئیلاهییەوە سەیری بابەتە بکەن و بڵێن: الله بۆ ئەوەی گەورەیی خۆی پیشان بدات، کاری زۆر گەورە بە کەسانێکی بچوکی وەک ئێمە ئەنجام دەدات. ئاشکرایە کەوا هێز و دەسەڵاتی ئێمە بەشی ئەم جۆرە کارە گەورانە ناکات، لەم سۆنگەیەوە تەواوی ئەم کارانە بەڵگەن لەسەر گەورەیی ئەو.

کاتێک تێڕوانینەکانمان دەخەینە سەر کتێبی گەردوونیش، هەمان شت لەویشدا بەدی دەکەین. خوای گەورە، جیهانە زەبەلاحەکانی فیزیای لە پارچەی زۆر بچوک دروست کردووە. بوونەوەرەکان هەرچەندە زەبەلاحیش بن لە ئەتۆمەکان پێکهاتوون، ئەتۆمەکانیش لە ئەلەکترۆن، نیوترۆن و پرۆتۆن پێکهاتوون. ڕەنگە الله ئەوانیشی لە پارچەگەلێکی بچوکتر دروست کردبێت کەوا ناوە جیاوازەکانی (کوارک، ئایۆن، ئەتەر)یان لە بەرامبەردا بەکاردەهێنین، ئەگەرچی هەتا ئێستا چیەتی و حەقیقەتی ئەوانیش بە تەواوی نازانین. لەم سۆنگەیەشەوە، دەشێت وەک نەریت و سوننەتێکی ئیلاهی سەیری بابەتەکە بکرێت کەوا لە شتی زۆر بچوک، شتگەلێکی گەورە دەئافرێنێت.

لەلایەکی ترەوە، الله لە ڕێگەی مێروولەیەکەوە کۆشکی فیرعەونی وێران کرد، بە مێشێك نەمرودی تەختی زەوی کرد، بە میکرۆبێکی بچوکیش بەسەر دەججالدا زاڵ دەبێت. تەواوی ئەمانە بەڵگەن لەسەر دەسەڵاتی بێکۆتای ئەو.

گەر هەردەم ئەم ڕاستیەمان لەبەرچاو بێت، گەورەترین سەرکەوتنەکانیش ئاڕاستەی شانازیکردن و خۆبەزلزانینمان ناکەن، هەستی سادەییبوونمان لەبیر نابەنەوە. چەشنی حەزرەتی عەلی، بوونە تاکێکی ئاسایی ناو خەڵک بە گەورەترین فەزیڵەت ئەژمار دەکەین، هەرگیز ناکەوینە ناو تێبینی ئەوەی خۆمان بە بەرزتر لە کەسانی تر ببینین. پێویستە ئەوەش لەبیر نەکرێت، بابەتی ئەوەی مرۆڤ کارەکانی خۆی بەدڵ بێت، تەواوی جوانیەکان لە خۆیەوە ببینێت و بڵێت” کەس هەیە وەک من بێت!”… تەواوی ئەمانە بیرکردنەوەکانی شەیتانن.

**

خاکەڕایی و خۆبەهیچزانین

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، وەرچەرخانێکی وەها گەورەی لە جیهاندا ئەنجامدا، چەشنی دەربڕینەکەی عاکیفی شاعیر: “لە هەناسەیەکدا کیسرا و قەیسەرەکانی تەختی زەوی کرد و بە جوڵەیەک تەواوی مرۆڤایەتی ڕزگار کرد”. وێڕای ئەمەش، ئەو بە درێژایی ژیانی، هەرگیز دەستبەرداری خاکەڕایی و خۆبەهیچزانین نەبووەتەوە. بۆ نمونە، کاتێک پیاوێک دێتە بەردەمی و لە ترساندا دەست بە لەرزین دەکات، ” مەترسە، من پاشا نیم. بەڵکو کوڕی ژنێکی قوڕەیشیم کەوا گۆشتی وشکبووەی دەخوارد”.(ابن ماجة، اطعمة)

هەتا جەنابی حەق بە لوتف و ئیحسانەکانی خۆی زیاتر گەورەیی پێغەمبەرەکەی پیشانی خەڵکی بدایە، ئەویش لەبەردەم الله زیاتر ڕووی لە شوکرانەبژێری و حەمد دەکرد، لە بەرامبەر مرۆڤەکانیشدا زیاتر باڵەکانی خاکیبوونی خۆی لەبەرپێیاندا ڕادەخست. ئەو نەیدەتوانی پێغەمبەرایەتی خۆی نەفی بکات. چونکە ئەو ئەرکێک ڕاسپێردرابوو کەوا جێبەجێکردنی زۆر سەختە و  لە هەمان کاتدا یەکێک لە پایەکانی دینیشە. جگە لەم بابەتە، وێڕای ئەوەی پێغەمبەریش بوو، بەڵام ئەو هیچ کاتێک خۆی بە گەورە پیشان نەداوە. ئەو کاتەی لەگەڵ هاوەڵانیدا دادەنیشت، گەر یەکێک لە دەرەوە بهاتایە و بیویستایە بیبینێت، نەیدەتوانی بە ئاسانی لەوانی جیا بکاتەوە. چونکە نە جلوبەرگ-جێگەی دانیشتنی، نە حاڵ-هەڵسوکەوتی لە کەسەکانی چواردەوری جیاواز بوو. لە ڕاستیشدا واتای ڕاستەقینەی گەورەیی هەر ئەمەیە. گەر بە دەربڕینێ تر گوزارشتی لێبکەین کەوا زۆر جار دووبارەمان کردۆتەوە:

نیشانەی کەسە گەورەکان خاکیبوونە، نیشانەی کەسە بچوکەکانیش خۆبەزلزانینە.   

گەر سەرکەوتنێکی گەورە لە ئارادا نەبێت بەرزەفت کردنی خۆپەرستی ئاسانە. گەر ئەو خزمەتانەی ئەنجامی دەدەن هێشتا تیشکێکی بچوک لە شەبەنگێک و چۆڕاوگەیەکی بچوک بێت، ئیدی نەفستان بە خاوەنی چی دەکەن! بەڵام گەر لوتفەکانی الله دەستی کردبێت بەوەی بە لێزمە و شەستە بەسەرتاندا ببارێت، ئا لەم کاتەدا پارێزگاری لە خاکەڕایی و خۆبەهیچزانین، کارێکی هەروا ئاسان نابێت. لە کاتانەدا کەوا کاری دەراسا ئەنجام دەدرێت، هەموو کەسێک ڕووی لە ئێوە کردبێت، مەترسی کەوتنە ناو زۆنگاوی کیبر و غرورەوە زیاتر دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە ئەوە لەبیر نەکرێت کەوا هەر نیعمەتێک لای خوداوە بێت، لە هەمان کاتدا تاقیکردنەوەیەکە لەلایەن ئەوەوە هاتووە.

هەربۆیە داخوازی سەرکەوتن لەم تاقیکردنەوەیەش، بریتیە لەوەی هەر جوانییەک هاتبێتە ئاراوە بە هی خۆمانی نەزانین و الله لەبیرنەکەین. دەبێت ئەوەش بە باشی بزانرێت، ئەوەی حوکمی دڵەکان دەکات و هەڵاوگێڕیان دەکات هەر خودی خۆیەتی. خۆ گەر مرۆڤەکان لە سەردەمێکی دیاریکراودا شاباڵیان گرتبێت و بە جۆش و خرۆشەوە هیجرەتیان بۆ هەر چواردەوری دونیا کردبێت، ئەوا ئەمە لە سایەی لوتف و چاودێری الله وە ڕوویداوە. گەر خۆمان بخەینە ناو بیرکردنەوەگەلێکی وەک” ئێمە ئاڕاستەی شتەکان دەکەین، ئێمە شتەکان هەڵدەسوڕێنین، ئێمە سەرکەوتن بەدەستدەهێنین”، ئەوا الله ئەو نیعمەتانەمان لێدەسەنێتەوە کەوا خۆی پێیبەخشیوین. گەر ئەم جۆرە بیرکردنەوانە لەسەر ئاستی شەخسی بێت ئەوا خۆپەرستی شەخسییە، گەر لەسەر ئاستی کۆمەڵیش بێت، ئەوا خۆپەرستی دەستەجەمعییە. تەنانەت وەک ئەوەی لە حەدیسێکیشدا ئاماژەی پێکراوە، دەتوانین بە “شیرکی شاراوە” ناوی ببەین.

**

هەموو شتێک هەر لەوەوەیە

لەم سۆنگەیەوە، هێنانە پێشەوەی لایەنگریکردنێکی وەک ئەوەی بڵێین” ئێمە ئەندامی جەماعەتێکین کەوا بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاوبووەتەوە، چەندین خوێندنگەمان کردۆتەوە، چەندین چالاکیشمان هەیە”، بە نیسبەت ئێمەوە وەک ڕووخانی لێدێت. بۆ ئەوەی لە خۆپەرستی شەخسی ڕزگار ببین، پێویستە منێتی”انا” بەلاوە بنێین و هەوڵی پشاندانی ئێمە”نحن” بدەین. بەڵام لەم کاتەشدا لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی خۆپەرستی دەستەجەمعی دەبینەوە، ئەوا پێویستە ئێمەش”نحن” ژێر پێکانمان بخەین و هەوڵی پیشاندانی “ئەو” بدەین. دەبێت ئەوە باش بزانین کەوا هەموومان هەردەم موحتاجی ئەوین، بەڵام ئەو هیچ کاتێک پێویستی بە کەس نیە و زاتی ئەجەلی ئەعلایە.

لەگەڵ تەواوی ئەمانەشدا، لە سەردەمێکدا کەوا فەتح بە دوای فەتحدا دێت، مێدیاکانیش بابەتەکە گەورە دەکەن و هەموو کەسێکیش “هەر بژی”ـیتان بۆ دەکەن، بەرزەفتکردنی هەست و هزرەکان کارێکی زۆر سەختە. لەپێناو زاڵبوونیش بەسەر ئەمەدا، هەرچەندێک نزا بکرێت هەر کەمە. پێویستە بەردەوام دەستەکانمان بکەینەوە و بڵێین” پەروەردگار هەردەم بە “هیچ لەسەر هیچ” خۆمانمان پێ پیشان بدە!”. تەنیا ڕێگەیەکیش کەوا خزمەتە ئەنجامدراوەکان بە نیسبەت ئاخیرەتی کەسەکانەوە وەک دەستکەوتێکی گرنگی لێبێت، هەر لێرەوە تێدەپەڕێت. ئەگەرنا ئەو کارانەی مرۆڤ لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا ئەنجامیداوە، لە ڕوانگەی ئاخیرەتیەوە هیچ سوودێکی نابێت.

وەک ئەوەی لە حەدیسێکی پیرۆزیشدا گوزارشتی لێکراوە کەوا زۆر جار ئاماژەمان پێداوە، مرۆڤ کاتێک دەچێتەوە حزوری پەروەردگاری متمانەی بە کارە چاکەکانی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی بۆ خودای ئەنجام نەداوە و بەرژەوەندی خۆی لێکداوەتەوە، لەو کاتەدا سوودێکی پێناگەیەنێت. تەنانەت چەندین کاری وەک جیهاد لە پێناو خودا، خۆخەریک کردن بە عیلمەوە، پێشکەشکردنی وتار-ئامۆژگاری و بەخشین لە ڕێگەی خودا، گەر کەسەکە لە پێناو نەفسی خۆیدا ئەنجامی بدات-پەنا بە خودا-دەشێت تیاچوون بە دوای خۆیدا بهێنێت. ئەو مرۆڤانەی کارە چاکەکانیان بە مەبەستی پەسن و ستایش و دەستخۆشی خەڵک ئەنجام داوە، خۆیان بە شێوەیەکی زۆر هەرزان هەڕاج کردووە. چونکە ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن، پاداشتەکەی بەم شێوەیە لە دونیادا وەردەگرنەوە و هیچ شتێک بۆ ئاخیرەت بەجێناهێڵن. الله بمانپاریزێت لەوەی پاداشتی کارە چاکەکانمان بە شتی زۆر بچوکەوە ببەستینەوە، ژیان وەک مەحکومی ژێردەستییەکی زۆر جددی بەسەر ببەین و بە هۆی ڕاکردن بە دوای لەزەتە کاتییەکانەوە ئاخیرەتمان لەدەست بدەین.

بەڵێ، الله هەرچەندێک دابار و بەهرە بەسەر مرۆڤدا ببارێنێت، کارەکانی مرۆڤ چەندە بەرهەمدار بکات، مرۆڤیش پێویستە بەو ڕادەیە ڕوو لەو بکات و خۆی سفر بکاتەوە. پێویستە لە ژێر باری قورسی نیعمەتەکانی ئەودا هەردەم دەست لەسەر سنگ بوەستێت و، بە ڕكوع و سوجدەوە شوکرانەبژێری خۆی دەرببڕێت. بەو تێبینیەی کەوا شایەنی ئەو نیعمەتانە نیە، بە حەیرەت و سەرسوڕمانەوە سەیری ئەو نیعمەتانە بکات کەوا بووەتە جێدەرکەوتیان و بە شوکرانەبژێرییەوە وەڵامیان بداتەوە. پێویستە هەردەم وەک ئیمامی ئاڵڤاری بڵێین” شایەنی من نیە ئەوەی لێرەدا هەمە، تۆ بڵێی ئەم لوتف و ئیحسانە لەبەرچی بێت!؟”…

         

 

     

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *