تامەزرۆیی بۆ دیداری خودا

تامەزرۆیی بۆ دیداری خودا

پرسیار: پێویستە چۆن لە تامەزرۆیی بۆ دیداری خودا تێبگەین کە لەم فەرموودەیەدا باسی دەکات: “مَنْ أَحَبَّ لِقَاءَ اللهِ أَحَبَّ اللهُ لِقَاءَهُ وَمَنْ كَرِهَ لِقَاءَ اللهِ كَرِهَ اللهُ لِقَاءَهُ (واتە: هەر کەس حەز بە دیداری الله بکات، ئەوا خوداش حەز بە دیداری دەکات. هەر کەس ڕقی لە دیداری خودای گەورە بێت، ئەوا خوداش ڕقی لە دیداری دەبێت” ؟

وەڵام: ئەم فەرموودە پیرۆزە پێمان ڕادەگەیەنێت مردن هێندە ساردوسڕ نییە وەک ئەوەی دەبینرێت،  تەنها خزان بۆ ناو چاڵێک نییە کەوا مرۆڤ دوای مردن بەرەو عەدەم و هیچێتی ببات. بەڵکو بە پێچەوانەوە مردن بریتییە لە ناو و ناونیشانی گەیشتن بە جەنابی حەق و دیداری خودا و پێکەوەبوون لەگەڵی (معیة).

لە بنەڕەتدا دۆستانی حەق لە دونیاشدا باس لە گەیشتن بە خودا وشادبوون بە دیداری الله دەکەن. بۆ گەشتن بەو دیدارەش بە گوێرەی بۆچوون و مەزهەب و چەشی خۆیان ڕێگە و شێوازی جیاوازیان داناوە. هەندێکیان باس لەوە دەکەن کەسێک لە ڕێگەی هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو شتێک جگە لە الله، دەتوانێت بەرز ببێتەوە بۆ پلەکانی فناء فی الله، بقی بالله و مع الله. ئەگەر دەتانەوێت ئێوە دەتوانن ئەوە ناوبنێن “گەشتن بە دیداری خودا”. لە دوعاکانیشتاندا لە بری دۆستایەتی فڵان و فیسار، چوونە ناو حەرەمگاکانیان و نزیکبوون لێیان، دەتوانن داوای دۆستایەتی خودا و چوونە ناو حەرەمگای خودا بکەن.

بەڵام بۆ ئەوەی ئەم دیدارە لەگەڵ چییەتی (ماهیة) خودی بابەتەکەدا بگونجێت، وە هەروەها ئارەزووی ئەو پێکەوەبوونە لەگەڵ حەقیقەتی بابەتەکەدا یەک بێتەوە، ئەمانە شتانێکن لە ئاخیرەتدا دێنە دی. ئەو حەقیقەتانە بە شێوەیەک دەدرەوشێنەوە کە لەودیوی ئەوەوەیە کە چاوەکان ببینن و گوێیەکان بیبیستێت، یاخود وێنا بکرێت. لەبەر ئەوە لە دونیادا ئەوە نابێت. مرۆڤ دوای چوونە ناو گۆڕ و هاتنەوە دەرەوە، دوای تێپەڕبوون بەسەر پردی سیراتدا، دوای چوونە سەر بەرزاییەکانی جومعە لە بەهەشت، دوای چوونە حزوری ئەو، بە بینین و دیداری ئەو شەرەفمەند دەبێت.

ئەو جوانییانەی لە پشت مردنەوە شاردراونەتەوە

بەڵێ، لەبەر ئەوەی گەیشتن و شادبوون بە خودا بە واتایەکی دیکە پەیوەستە بە مردنەوە ڕەنگە کەسانێک هەبن کە حەزیان لێی نەبێت. ڕەنگە ڕووە ساردوسڕەکەی مردن بە لای ئەوانەوە بێزراو بێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەگەر بۆ گەیشتن بە مەحبوبی حەقیقی، نەک تەنها مردن و گۆڕ و بەرزەخ، بەڵکو بەناو ڕووباری پڕ لە تەڵەزگەی خوێندا بڕۆین، یاخود بەسەر چیای هەڵەمووتدا سەربکەوین حەقی خۆیەتی. لەبەر ئەوەی جێدەرکەوتێکی زۆر گەورەیە. ئەو کەسانەی ڕقیان لە مردنە و نەفرەتی لێ دەکەن، بێئاگان لەو جوانییانەی لە پشت مردنەوە هەیە. جگە لەوە ڕق لێبوونەوە لە مردن بە واتای ڕق لێبوون لە چوونە حزووری خودا دێت.

هەموو جوانییەکانی ناو گەردوون تەنها سێبەری سێبەرەکەی ورشەی جوانیەکانی ئەوە… ئارەزووی شادبوون بە زاتی زولجەلال لە بنەڕەتدا داخوازی بوون بە ئیماندارە. حەزرەتی بەدیعوزەمان، نەک بۆ گەیشتن بە دیداری خودا، تەنانەت بۆ گەیشتن بە دیداری سەروەرمان (صلی الله علیه و سلم) دەڵێت: “ئەگەر ئەمڕۆ ئیمام ڕەبانی ئەحمەدی فاروقی کەوا لە هیندستان لە ژیاندایە، وە بانگهێشت بکرێم بۆ ئەوێ، سەرەڕای هەموو مەترسی و ناڕەحەتییەکان دەچم بۆ زیارەتیان. هەر لەسەر ئەوەش سەروەرمان کە لە ئینجیلدا بە “ئەحمەد” و لە تەوراتدا بە “ئەحیەد” و لە قورئاندا بە “موحەمەد” ناوی هاتووە، خۆری هەردوو جیهانیان، لەودیوی گۆڕەوە لەگەڵ ملیۆنان فاروقی ئەحمەدی لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە. بۆچی پەلە ناکەین بۆ ئەوەی زیارەتی ئەوان بکەین؟ دواکەوتن لەم کارە هەڵەیە”. (بەدیعوزەمان، مەسنەوی نورییە، لاپەڕە ١١٧). هەر بۆیە شادبوون بە ئافرێنەرمان کە هەموومانی درووست کردووە و ئەم گەردوونەی بەم هەموو جوانییە ڕازاندووەتەوە و بەم یاسا و ڕێسا ناوازەیە هێناوییەتە بوون، هێندە قوڵە کە بەم شتانە بەراورد ناکرێت. ناکرێت بیر لەوە بکرێتەوە کە مرۆڤێکی باوەڕدار ئارەزووی گەیشتن و شادبوون بە خودای گەورە نەکات.

لە ڕاستیدا کەسێک ئەگەر درک بەو جوانییانە بکات کە لە پشتی مردنەوە شاردراونەتەوە، ناکرێت ڕقی لە مردن بێت. بەڵام کەسێک کە بە هەڵە لێکدانەوە بۆ هەبوون دەکات، وەها گومان دەبات هەموو شتێک تەنها ئەم دونیایە، ناتوانێت ئەودیوی جیهانی فیزیکی ببینێت، وا گومان دەبات مەبەستی سەرەکی خودی ئەم دونیایە و بە هەموو شتێکییەوە خۆی فڕێ دەداتە باوەشی ئەم دونیایەوە، جیابوونەوە لەم دونیایە بۆ کەسێکی وەها زۆر سەختە. لەبەر ئەو شتانەیە کە مردنی لە لای بێزراو دەبێت. چونکە ئەو هەروەک چۆن درک بەو جوانییانە ناکات کە لە دوای مردن دەتوانێت پێی بگات، هیچ عەزم و نییەتێکی نییە بۆ ئەوەی بگات بە سەرچاوەی سەرەکی ئەو خۆشی و جوانییانەی لەم دونیایەدا بینیویەتی.

سەبارەت بەو کەسانەی ڕقیان لە دیداری  خودای گەورەیە، لەو فەرموودەیەی لە سەرەوە باسکرا تێدەگەین کە خودای گەورەش لە بەرامبەردا ڕقی لە دیداری ئەوانە. بەو هۆیەوە ڕێگە نادات ئەو کەسانە بێنە حزوری، شەرەفمەندییان ناکات بە پێکەوەبوونی لەگەڵ خۆی (معیة)، سەرفرازیان ناکات بە درەوشانەوەی دەرکەوتەکانی. ئێمە بە هۆی ئەوەی بە تەواوی نازانین دانەپاڵی وشەی “ڕق لێبوون” بۆ خودای گەورە بە واتای چی دێت، لە زانستی بەلاغەتدا بابەتەکە دەخەینە ڕیزی وەڵامدانەوە (مقابلة) و ئەو شێوازە هەڵدەبژێرین. ئەوانە بەهۆی ئەوەی ڕقیان لەو پردانە دەبێتەوە کە دەتگەیەنن بە خودای گەورە وەک مردن، حەشرکردن، پردی سیرات، خودای گەورەش لە بەرامبەر بە ڕقلێبوون وەڵامیان دەداتەوە.

ئەگەر خۆشتان بوێت، خۆشدەویسترێن

لە لایەکی دیکەوە، بە گوێرەی ئەهلی حەقیقەت هەبوونی خۆشەویستی خودا و ئارەزووی گەیشتن بە خودا لە دڵی مرۆڤێکدا، لە بنەڕەتدا – ئەگەر دەربڕینەکە گونجاو بێت – ڕەنگدانەوەی خۆشەویستی خودایە بەرامبەر بەو مرۆڤانە. ئەگەر خودا ئێمە خۆش نەوێت ئێمەش ناتوانین ئەومان خۆش بوێت. الله بە شێوەیەک کە شیاوە لەگەڵ پاک و بێگەردی و بەرزی و پیرۆزی خۆیدا، تامەزرۆیی بۆ بەندەکانی هەیە. چونکە هەروەک حەزرەتی پیر فەرموویەتی، هەموو هونەرمەندێک هونەرەکەی خۆی خۆشدەوێت. مرۆڤیش بەو پێیەی بەدیهێنراوێکی ناوازەی خودای گەورەیە کە لە فڵچەی هێز و دەسەڵات و ویستی خوداوە دەرچووە و تیمسالێکی ناوازەی  وەهایە کەوا لەسەر بنەمای “احسن التقویم” ئافراندوویەتی، الله بە گوێرەی خۆی پەیوەندیەکی تایبەتی لەگەڵدا هەیە. ئەو پەیوەندی و تامەزرۆییەی خودا بۆ بەندەکانی هەیە زۆر زیاترە لەوە بەندەکانی بەرامبەر بە ئەو هەیانە.

باشە مرۆڤ چۆن دەتوانێت پەی بەو پێگەیە ببات کە لای الله هەیەتی؟ بە دڵنیاییەوە بە توندی و بەهێزی ئەو پەیوەندییەی بەرامبەر بە خودا هەستی پێدەکات. واتە مرۆڤ پێویستە تەماشای ئەوە بکات کە تا چەند پەیوەندی لەگەڵ خودا بەهێزە و تا چەند تامەزۆری گەیشتن بە خودایە. لە ناخی دڵەوە تا چەند هەست بە پەیوەندی لەگەڵ الله دەکەین؟ تا چەند بە خولیای شادبوون بە ئەو هەڵدەستین و دادەنیشین؟ تا چەند قەد پاڵی بەهەشت دەهێنینە بەرچاومان. پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه و سلم) لە یەکێک لە فەرموودەکانیدا دەفەرموێت: ” مَنْ اَحَبَّ أَنْ يَعْلَمَ مَنْزِلَتَهُ عِنْدَ اللهِ فَلْيَنْطُرْ كَيْفَ مَنْزِلَةُ الله عِنْدَهُ”. (واتە: هەر کەسێک بیەوێت پێگە و پلەی خۆی لە لای خودای گەورە بزانێت، با تەماشای ئەوەی بکات کە پێگە و پلەی خودا لە هەست و بیرکردنەوەکانیدا چۆنە). (طبرانی، المعجم الأوسط، بیهقی، شعب الإیمان).

کەواتە بابەتی تامەزرۆبوون بۆ دیداری خودا لە بنەڕەتدا بابەتێکە کە پەیوەیستە بە باوەڕبوونێکی تەواو بە الله و خۆشویستنی و هەستکردن بە چێژی گەیشتن بەو. هەموو ئەوانەش بە هەوڵ و تێکۆشانی مرۆڤ بەدەست دەهێنرێت، ڕاستتر وایە بڵێین ئەوانە شتانێکن کە ئەمانەتی ویست و ئیرادە و بیرکردنەوەی ئەو کراون. بە دڵنیاییەوە لەپاڵ ئەوانەشدا خودای گەورە ڕووتێکردنی خۆی لە دڵی بەندەکانیدا فەراهەم دەکات. ڕەنگە هەندێک لوتفی زیادە ببەخشێت بەو کەسانەی خاوەن فیترەتێکی پاکن. ئەو هەرچییەکی بوێت دەیبەخشێت بە هەر کەسێک کە بیەوێت و هیچ کەسێک حاشا ناتوانێت بڵێت “تۆ بۆچی فڵان شت دەدەیت بە فڵان کەس؟”. بەڵام ئەو ئەرکەی لەسەر شانی مرۆڤە بریتییە لەوەی حەقی تەواوی ئیرادەی بدات، بە شوێن باوەڕبوون بە خوداوە بێت، لە ڕێگەی کردەوە چاکەکانیش ئەوە قوڵتر بکات، وە هەروەها دەشتوانێت بە شعوری ئیحسانەوە کردەوە چاکەکانی بگەیەنێتە بەرفراوانییەک زۆر لەسەرو ئاستی کردەوە چاکەکانییەوە. مرۆڤ ئەگەر لەو بابەتەدا حەقی ئیرادەی بدات، خودای گەورەش عەشق و تامەزرۆیی بۆ دیداری خۆی لە ناخیدا دەئافرێنێت.

ناسینی خودا (مەعریفەتوڵا)

یەکێک لەو هۆکارە گرنگانەی تامەزرۆیی بۆ دیداری الله زیاد دەکات مەعریفەتوڵایە، واتە ناسینی خودای گەورە. چونکە مرۆڤ ئەو شتەی خۆش دەوێت کە دەیزانێت؛ خۆی بە دوور دەگرێت لە شتێک کەوا نەیزانێت. دەتوانین بەم نموونەیە بابەتەکە ڕوون بکەینەوە: ئەگەر لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کەسانێک کە پەیڕەوی ئایینەکانی دیکە دەکەن، خۆیان بەدوور بگرن لە پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) یاخود خۆشیان نەوێت، هۆکارەکەی بریتییە لەوەی کە وەک پێویست زانیارییان سەبارەت بە پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم) نییە. ئەگەر تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی شایستە ڕووی ڕاستەقینەی بەوان بناسێندرایە، وە لەگەڵ ئەوەشدا موسوڵمانەکان بە هەڵسوکەوتە نەشیاوەکانیان ڕووی حەقیقەتەکانیان نەشێواندایە، ئەوانیش پەیوەندییەکی باشتریان لەگەڵ سەروەرماندا دەبوو، وە ئەویان خۆشدەویست. چونکە مرۆڤ لە فیترەتی خۆیدا بە کەریمی درووستکراوە و بوونەوەرێکی خاوەن ویژدانە. ناتوانێت لە بەرامبەر جوانی و کەماڵدا خۆی بەدوور بگرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە وەک موسوڵمانان بە شێوەیەکی ڕاست و دروست سەروەرمان نەناساندووە، ناتوانین ئەو شەوق و خۆشەویستییە بۆ ئەو ببینین کە دەمانەوێت. ئەگەر بمانتوانیبایە بە تەواوی باسی ئەوە بکەین کە ئەو خاوەن چۆن وردێتییەک بووە، چۆن تیمسالێکی عیسمەت و داوێنپاکی بووە، چۆن خۆی بە قوڵی گەیاندنی پەیامەکەیەوە بەستبووەوە، ئەوا هیچ مرۆڤێک لەسەر زەوی نەدەما کە ئەوی خۆشنەویستبایە و بە تامەزرۆییەوە بۆ ئەو هەڵنەسایە و دانەنیشتایە.

پێویستە ئەوەشمان لەیاد نەچێت کە لە سایەی ئەو پەیامەی سەروەرمان (صلی الله علیه و سلم) پێی گەیاندووین، دەتوانین بە تەواوی مانا پەروەردگارمان بناسین. دەکرێت مرۆڤ بە عەقڵی خۆی بگات بەو ڕاستییەی کە خالقێک هەیە. بەڵام زانینی ناو و سیفاتەکانی ئەو پەیوەستە بەو پەیامەی سەروەرمان پێی گەیاندووین. ئێمە هەر بە هۆی ئەوەوە الله مان ناسیوە. ئەگەر ئەو ڕاستییەکەی بە ئێمە نەگەیاندایە، حەقیقەتەکانی پیشان نەداینایە، ئەمڕۆ خاوەنی ئەو زانیارییانە نەدەبووین سەبارەت بە خودا دەیزانین.

بە شێوەیەک لە شێوەکان ناسینی زاتی ئولوهییەت بە ناسینی سەروەرمان و چوونە ناو کەشی پڕ لە نووری سەروەرمان و تێگەیشتن لە بەرفراوانی پەیامەکەیدا تێدەپەڕێت. ئەوەی بەسەر ئەوە پردەدا نەپەڕێتەوە ناتوانێت الله بناسێت. هەتا نەیناسێت ناتوانێت خۆشی بوێت. هەتا خۆشی نەوێت ناتوانێت بگات بە چێژی ڕۆحانی. ئەگەر نەشگات بەو چێژە ناتوانێت عشق و تامەزۆریی هەبێت بۆ گەیشتن بە الله. لەم ڕوانگەیەوە یەکەم ئەرک کە دەکەوێتە سەرشانی باوەڕداران بریتییە لە ناساندن و خۆشەویستکردنی خودای گەورە و سەروەرمان بە تەواوی مرۆڤایەتی بە شێوازێکی جوان و بە لەبەرچاوگرتنی هەستیارییەکانی هەموو کەسێک.

یەکێکی دیکە لە هۆکارە گرنگەکان بۆ گەیشتنی بە ئاسۆی مەعریفەت بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە فەرمانە تەکوینییەکان. پەیامەکانی نوور هەر یەکێکیان سەرچاوەیەکی گرنگن کە لەسەر ئەو ڕێچکەیە نووسراون. خوێندنەوەی پەراوی گەردوون بە ڕاستی، وە شیکردنەوەی بە شێوەیەکی ڕاست و گەیشتن بە سەرەنجامێکی ڕاست، زانیارییەکانمان سەبارەت بە الله زیاد دەکات. هەتا زیاتر لە مەعریفەتوڵادا قاڵ ببینەوە، زیاتر خودامان خۆش دەوێت و زیاتر تامەزرۆی دیداری دەبین. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە کەمتەرخەم نەبین لە شیکردنەوەیەکی تەندروست بۆ فەرمانە تەکوینییەکان و لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەکەی.

لەپاڵ هەموو ئەوانەشدا پێویستە لە دوعاکانماندا بەردەوام داوای ئیمانی کامڵ، ئیخلاسی تەواو، یەقینی تەواو، مەعریفەتی تەواو و تامەزرۆبوون بۆ دیداری خودای گەورە بکەین و زۆر پێداگری لەسەر بکەین. جونەیدی بەغدادی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دوای ٦٠ ساڵ داوایەکی بەدیهات کە لە خودای گەورەی داواکردبوو. ئەگەر ٦٠ ساڵیش نەبێت، پێویستە لانی کەم ٦ مانگ بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە بەردەوام ئەوانە دووبارە بکەیەنەوە و چاوەڕێ بکەین بزانین جەنابی حەق چ لوتفێکمان پێ دەبەخشێت. ئینشاالله بە هۆی ئەم وتانەوە ناکەوینە بێڕێزییەکی وەها وەک ئەوەی خودا تاقی بکەینەوە. بەڵام پێویستە ئەوەمان لەیاد نەچێت کە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان بۆ بەئاگاهاتنی هەستی تامەزرۆیی بۆ دیداری خودا لە ناخی مرۆڤدا بریتییە لە نییەت و داواکاری و پێداگری مرۆڤ لەو بابەتەدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *