ترس لە مردن یان نیگەرانی بەرامبەر پاشەڕۆژ؟

 

پرسیار: ترس لە مردن لەگەڵ نیگەرانی بەرامبەر چوونە ئەو دونیا بە بێ ئیمانی، چۆنی لە یەکتر جیا دەکرێتەوە؟

وەڵام: مرۆڤ، بوونەوەرێکە کەوا دوو قوڵایی جیاوازی هەیە. ئەو لایەنێکی لاشەیی و، لایەنێکی ڕۆحانی هەیە. مرۆڤ دەشێت لە مردن بترسێت، کەوا تامی ژیانی لێ تاڵ دەکات، کۆتایی بە ئارەزوی بۆ ژیان دەهێنێت. دەشێت لە چوونە ناو گۆڕ بسەڵەمێتەوە کەوا گوزارشتە لە ڕزین و تیاچوونی مرۆڤ لە ڕووی ماددیەوە. چونکە نەفس، خوازیاری ئەوە نیە ئەو چێژ و لەزەتانەی لەسەری ڕاهاتووە، لە دەستی بدات. مردن کاتیک لە ڕوانگەی نەفس، لاشە و لایەنی دونیاییەوە بە هەند وەرگیرا، کەم هەتا زۆرهەبوونی ترس لەم بابەتەدا کارێکی حەتمییە. تەنانەت من ترسێکی زۆر جددی مردنم لە هەندێک مرۆڤیشدا بینیوە، کە خۆیان بۆ دین تەرخان کردووە و بە تەواوی بە ئاڕاستەی بەرزکردنەوەی دینی الله پەلەقاژەیان کردووە. مرۆڤ گەر بە شێوەیەکی حەقیقی لە مردن تێبگات، سەبارەت بە چیەتی مردن دەست بە نوسین و کێشانی تابلۆ بکات، تەنانەت باسی پلانی پشتەوەی مردنیش بۆ مرۆڤەکانی تر بکات، دیسان هەر دەشێت لە مردن بترسێت. ئیدی ئەم ترسەش بە گوێرەی قورسایی هەستە لاشەیی و بەدەنیەکان، بە گوێرەی وەهمەکانی نەفس کە هەتا چەندە پێش بابەتەکانی تر کەوتووە، کەم و زۆری ئەم ترسە گۆرانکاری بەسەر دێت.

ئەو کەسانەشی کەوا ڕۆشتن بەرەو ژیانی ئاخیرەت وەک چوونە ناو خەوێکی شیرین دەبینن، یان ئەوەی پێیان وەهایە مردن گواستنەوەیە لە ژیانێکی تەنگەبەر و بێزارکەرەوە بەرەو جیهانێکی فراوان و بەختەوەر، کە لەوێدا بە دۆستانیان شاد دەبنەوە، چاویان بە جەنابی حەق دەکەوێت، هێندەی ئەوەی بە قوڵی لەم بابەتانە تێگەشتبێتن، لەم ترسە ڕزگاریان دەبێت. ئەوان بە شێوەیەکی وەها مردنیان لە ناو ناخی خۆیاندا هەرس کردووە، وەک ئەوەی لەم ژوورەوە بەرەو ئەو ژوورە بڕۆیت، بە گواستنەوە لە شوێنێکەوە بەرەو شوێنێکی تر، دەیبینن.

لەبەر ئەوەی ئەوان لە ڕیگەی هەست و شعور، لەتیفە ڕەبانیەکانیانەوە سەیری مردن دەکەن، بە شێوەیەکی زۆر جیاواز وێنای دەکەن. هەربۆیە کاتێک باسی مردن دەکەن، زۆر بە ئاسانی لە بارەیەوە دەدوێن. لە تۆنی دەنگیان و پێداگریەکانیاندا هەست بەم ئاسان وەرگرتنەی مردن دەکەیت.

تێپەڕاندنی ترسی مردن، ژیان بە تامەزرۆیی ئەوەی بە الله بگەیت، بۆ هەموو کەسێک کارێکی هەروا ئاسان نیە. لەم ڕوانگەیەە کەسی ئیماندار، وەک لە نزاکانیدا هەمیشە داوای زانست، ئیمان، ئیخلاس، یەقین، تەوەکول و تەسلیمیەت دەکات، پێویستە داوای تامەزرۆبوون بۆ گەشتن بە دیداری الله ش بکات. تەنانەت ئێمە لە نزاکانماندا وەک دەڵێین”واشتیاقا الا لقائک”-واتە تامەزرۆیی گەشتن بە دیدادری خۆتمان پێببەخشە- لە هەمان کاتدا دەڵێین “واشتیاقا الی لقاء حبیبیک” واتە تامەزۆرییمان بۆ گەشتن بە دیداری خۆشەویستەکەشت پێببەخشە. لەوە دەچێت هەندێک بە تیبینی ئەوەی ئەمە دەبێتە شیرک پەیداکردن بۆ خودا، بە کارێکی پڕ مەترسی سەیری بکەن. هەندێک جار منیش لەم بابەتەدا کەمێک دوودڵی دامدەگرێت. بەڵام لەلایەکی ترەوە ئارەزوی گەشتن بە دیداری سەردارمان، بابەتێکی وەها نیە کە بتوانیت پشتگوێی بخەیت. هەربۆیە لە نزاکانمدا بەردەوامم لە یادی کردنەوەی ئەم بابەتە و، وەک بابەتیکی پێچەوانەوە بەرامبەر یەکێتی و تاکێتی جەنابی حەق نایبینم و، پێموایە حەقیقەتەکانی یەکێتی و تاکیتی جەنابی حەق، ئەم بابەتەش دەگرێتەوە.

 

**

ئەوانەی بە ناچاری لە دونیادا دەمێننەوە

ئەوانەی لە تامەزرۆبوون بۆ ژیان ڕزگاریان نەبووە، ترسانیان لە مردن کارێکی حەتمیە. ئیدی هەندێک لەسەر ئاستێکی زۆر، هەندێک مامناوەند، هەندێک بە کەمی لێیدەترسن. ئەوانەی زۆر وابەستەی ژیانی دونیان، دەشێت ئارەزوی ژیانێکی دوور و درێژ بکەن لێرە. ئەمەش لە کاتێکدایە ژیانێک کەوا هەزار ساڵ بێت و سەرئەنجامەکەی مردن بێت، لەگەڵ  ١٠ ساڵ ژیاندا جیاوازیەکی ئەوتۆی نیە. بەڵام ئەو مرۆڤانەی کەوا ژیانیان لەسەر ئاستی ژیانی دڵ و ڕۆح دەژین، لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی جیاواز وێنای مردن دەکەن، ئەم ترسەشیان دەڕەوێتەوە. وەک چۆن دونیای فانی بە سیمای تایبەتی خۆیەوە دەبینێت، دونیای ئەبەدیش بە تەواوی ڕەنگ و جوانیەکانیەوە لە چاویدا ڕەنگ دەداتەوە. ئیدی هەردەم بە تامەزرۆی دیداری الله و پێغەمبەرەکەی هەڵدەستێت و دادەنیشێت. دونیا وەک خزمەتێکی سەربازی دێتە پێش چاو، هەتا ئەو کاتەی مۆڵەتی کۆتایی وەردەگرێت، مانەوە لە ژیاندا وەک نیشانەی ڕێز بەرامبەر فەرمانی الله ئەژمار دەکات.

دونیا لەو روانگەیەی کەوا بەسەر هەوا و هەوەسدا دەڕوانێت، بەلای ئەوەوە هیچ نرخێکی نیە. هەربۆیە گەر بڵێین ئەو جۆرە کەسانە بە ناچاری لە دونیادا ماونەتەوە، ئەوا قسەیەکی درۆمان نەکردووە. تەنیا لەبەر ئەوەی الله ئەوی لە ژیاندا هێشتۆتەوە و، داوای بەجێگەیاندنی هەندێک ئەرک و بەرپرسیارێتی لێدەکات، ڕازی دەبێت بەوەی لە ژیاندا بمێنێتەوە. لە ڕاستیشدا مرۆڤ لەم ڕوانگەیەوە گەر لە دونیادا شتێک بکات کەوا ڕەزامەندی الله بەدەستبهێنیت، شروبێک پێشکەشی غوربەتی مرۆڤایەتی بکات، پێویستە بەرگەی ژیانی دونیا بگرێت و، ئارام لەسەر ناشرینیەکانی بگرێت. مەگەرنا دونیا لە ڕوانگەی لایەنە دونیەویەکانیەوە، شتێکی وەها نیە مرۆڤ ئارەزوی بکات. ئەوەی وەها لە دونیا دەکات شوێنێکی بە نرخ بێت، بریتیە لەوەی جێدەرکەوتی ناوە جوانەکانی الله یە و وەک کۆریدۆرێک وەهایە کەوا بۆ ئەو دونیا دەتگوازێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە زۆرینەی مرۆڤەکان ئەم ڕووەی دونیا نابینن.

ترس لەوەی بە بێ ئیمان ڕوو لە ژیانی ئاخیرەت بکەیت، ئەمە بابەتێکی تەواو جیاوازە. جگە لە پێغەمبەرە گەورەکان، تەواوی دۆستانی خودا ترسێکی لەو شێوەیە ڕووی تێکردوون. تەنانەت ئەگەر هەیە پێغەمبەرانیش نیگەرانی ئەوە ڕووی تێکردبێتن کە الله سەرکۆنەیان بکات. بەڵام ئەوان بە هۆی ئەوەی الله زامنی ئیمانی ئەوانی کردووە، ترس لەوەی بێ ئیمان بڕۆنە ئەو دونیا، جێگەی باس نیە. بەڵام هاوەڵانی سەردارمان، عەبدولقادری گەیلانی، حەسەن شازەلی، محمد بەهائونەقشیبەندیش نیگەرانیەکی لەم شێوەیەیان بەرامبەر پاشەڕۆژیان هەبووە. لە ڕاستیشدا ئەوەی نیگەرانی ژیانی پاشەڕۆژی دەبێت، ژیانی پاشەڕۆژی جێگەی نیگەرانییە! هیچ کەسێک دیار نیە کەوا چۆنی بەرە ئەو دونیا دەڕوات. شەیتان بە ناوی ئەوەی پێی مرۆڤەکان هەڵبخلیسکێنێ هێندە فێڵ و تەڵەکەی هەیە، دەتوانێت لە ڕێگەی هەر کام لەوانەوە تەواوی سەرمایەی ئاخیرەتی لە چنگ دەربهێنێت. پەنا بە خودا، دەشێت مرۆڤ لەو کاتەی لە سەرەمەرگدایە، کەلیمەی شەهادەتی بە دەمدا نەیەت. یان ئەوەی لە حاڵێکی خراپدا بێت و مردن بەرۆکی بگرێت، دواتر بەم حاڵە خراپەیەوە ڕوو لەو دونیا بکات.

هەر بەم هۆیەشەوە بووە، لە نێو هاوەڵانی سەردارمان و شوێنکەوتە مەزنەکانی ئەوانیش، هێندەی یەک دونیا مرۆڤیان تێدا بووە، کە هەردەم نیگەرانی پاشەڕۆژیان لەسەر زار بووە. زاتەکانی دوای ئەوانیش بە هەمان شێوە ژیاون. لە نزا و کڕوزانەوەکانی ئەوان لە بەردەم الله، چاوکەوتن بە نیگەرانیەکی لەم شێوەیە مومکینە. ئەگەرچی ئەوان بە حەساسیەتی ئەوەی تاڵە موویەک بکەن بە چل پارچەوە لەسەر دینەکەیان ژیاون و، لە بابەتی چەسپاندنی بنەماکانی دین، دامەزراندنی لەسەر سەکۆ و بناغەیەکی پتەو، ئەوەی لە دەستیان هاتووە ئەنجامیانداوە. وێرای ئەم کارانەشیان، بە نیگەرانی ئەوەی وەک کافرێک بەرەو ژیانی ئەو دونیا خلۆر دەبنەوە، ژیانیان بەسەر بردووە. حاشا ئەوان هەرگیز دووچاری پاشەڕۆژێکی لەو شێوەیە نەبوونەتەوە. بەڵام ئەو مرۆڤانەی تەنیا یەک جاریش لە ژیانیاندا ترس و نیگەرانیەکی لەم شێوەیە ڕووی تێنەکردوون، ترس و نیگەرانی ئەوەی بە بێ ئیمان دەڕۆنە ژیانی ئەو دونیا، جێگەی باسە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە بۆمان نیە حوکمی یەکلاکەرەوە لە بارەی پاشەڕۆژی کەسەوە بدەین، ناتوانین بڵێین مردنی ئەم جۆرە کەسانە بە کافری، شتێکی حەتمیە. لەلایەکی ترەوە ڕەحمەتی الله پێش غەزەبی کەوتووە. دەشێت ئەم جۆرە کەسانەش لەم ڕەحمەتەی پەروەردگار سوودمەند ببن. بەڵام پێویستە ترس و نیگەرانیەکی لەم شێوەیە لە هەموو کەسێکی ئیمانداردا بونی هەبێت. تەنانەت ئیمامی غەزالی ئاماژەی بەوە داوە کە پێویستە تەواوی ژیانی کەسی ئیماندار، قورساییەکەی بە لای ترسدا بکەوێت و، ئەو کاتەشی دەمرێت هەستی هیوا(رجا) پێش ترسەکەی بکەوێت و پەنا بباتە بەر ڕەحمەتی الله.

ئەم تێڕوانینەی ئیمامی غەزالی، لە بابەتی پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان ترس-هیوا(خوف-رجا) پێودانگێکی زۆر گرنگە. هەربۆیە پێویستە ئیمانداری ڕاستەقینە، لە ترسی ژیانی پاشەڕۆژ دەموچاوی وشکببێتەوە، ڕەنگی هەڵبزڕکێت، ماسولکەکانی بدەنە ئازار و، قاچەکانی بلەرزێت.چونکە مرۆڤ ناتوانیت لەوە دڵنیا بێت، کە شەیتان لە کوێدا بە چی شێوەیەک پاشقول لە قاچەکانی دەگرێت. بەڵام هەرگیز نابێت ئەم ترسە مرۆڤ بخاتە نێو هیوا بڕاوییەوە. ئەو کاتەی هەستەکانی ڕەشبینی ڕوویان لە مرۆڤ کرد، پێویستە یەکسەر دەستی بە پەتی هیواوە بگرێت و بڵێت” پەروەردگارا ڕەحمەتی تۆ هێندە فراوانە، تەنانەت موجریمگەلێکی وەک منیش ڕزگار دەکات. زۆر بەندەی دەربەدەر و داماوی وەک من ڕووی لە دەرگانەی تۆ کردووە و بە دەستی بەتاڵ نەگەڕاوەتەوە”. پێویستە قسەیەکی لەم شێوەیە بکات.

**

زۆر لە پاشەڕۆژی خۆم دەترسم!

هەتا ئەمڕۆ کەسە گەورەکان هەمیشە خۆیان وەک موجریمێک بینیوە و، ژیانیان بەم نیگەرانیەی پاشەڕۆژیانەوە بەسەر بردووە. گەر سەیری وتەکانی حەزرەتی پیری موغان بکەن، کە لە “تیبینی ١٢” دا ئاماژەی پیداوە، زۆر بە باشی لەم قسەیەی ئیستام تێدەگەن. ئەو خۆی وەک ئەو کۆیلەیە بینیوە کەوا لە سەردارەکەی هەڵهاتووە و، بە شێوەیەکی زۆر جددی ڕووبەڕووی خۆی بووەتەوە. ئیمامی ئاڵڤاریش مرۆڤێکی زۆر ناواز و کەسایەتیەکی میسالی بوو. هەزاران مرۆڤ لە چواردەوری ئەو وەک پەروانە دەسوڕانەوە. بەڵام ئەو هەمیشە دەیوت” هەرکەس جوان و منم خوار، هەرکەس گەنم و منم کا” بە نیگەرانی ژیانی پاشەڕۆژیەوە لول و پێچی دەخوارد. مامۆستا کرکنجی تەنانەت لە تەمەنی گەنجێتیشیدا دەست بە ڕانەکانیدا دەکیشا و دەیوت” فەتحوڵڵا ئەفەندی، زۆر ترسم لە ژیانی پاشەڕۆژم هەیە”. کەسانێکی بچوکیش لەبەر ئەوەی نەگەشتون بە ئاسۆیەکی لەم شێوەیە، سەبارەت بە ژیانی پاشەڕۆژیان هەست بە هیچ نیگەرانیەک ناکەن.

بە داخەوە لە ئیماندارەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، ئەگەرچی ترسی مردنیش هەبێت، نیگەرانییان بەرامبەر ژیانی پاشەڕۆژیان نیە. زۆرێک لە مرۆڤەکان لە چوونە ناو گۆڕ و ڕزینی ئێسقانەکانیان لە گۆڕدا دەترسن. بەڵام مرۆڤەکان کەوا بە فیترەتێکی پاکوتەمیزەوە هاتوونەتە دونیا، کەمینەیەکیان خەمی ئەوەیان هەیە، کە بێ ئەوەی ئەم فیترەتەیان چەپەڵ بکەن، بڕۆنەوە حزوری الله. لە کاتێکدا دۆستانی خودا بە ترسی خوداوە هەڵدەلەرزن بە لەرزین، بەڵام کەسانێکی وەک ئێمە کە ئاداب و ئەرکانی ئەم دۆستایەتیە نازانن، ژیانیان بە شێوەیەکی زۆر گوێمەدەرەییانە و ناجددی دەبەنە سەر.

لە ڕاستیدا ئەو جوانیانەی کەوا ئیمان بەڵێنی پێدەدات، یان ئەوەی ئیمان کلیلی نهێنی چوونە ناو بەهەشتە و، گەشتن بە ئارەزووی ژیانی ئەبەدیەت تەنیا لە ڕێگەی ئیمانەوە بەدەستدێت، مرۆڤێک کەوا بە واتا ڕاستەقینەکەی باوەڕی بەم شتانە هێنابێت، هەڵنەلەرزینی بە ترسی لە دەستدانی ئەو شتانەوە، جێگەی باس نیە. بەڵام گەر هێشتا لەوە تێنەگەشتبێت کە نرخی ئیمان لە سەرو هەموو شتێکەوەیە، ئیدی تەگبیری پێویست لە پێناو پاراستنیدا ناگرێتەبەر و، ترسی لە دەستدانی ئیمانی نابێت. بەم هۆیەوە دەتوانی بڵێین ترسی مرۆڤ لەوەی بێ ئیمان ڕوو لەو دونیا بکات، بە ڕادەی قوڵێتی ئەو کەسەیە لە ئیمانەکەیدا. واتە ئیمانەی کەسێک چەندە بەهێز بێت، نیگەرانی ئەو کەسە بەرامبەر ژیانی ئاخیرەتی بە هەمان ڕادە قوڵ دەبێت. ئەو کەسانەشی کەوا ئیمانێکی خامیان هەیە، یان ئەوەتا هیچ ترسێکیان لە الله نیە، یاخود بە رادەی پێویست نیە.

کەسێکی زگورت، تەنانەت لەو کاتەی بە شوێنیکدا دەسوڕێتەوە کەوا چەتەکان تەراتێنی تێدا دەکەن، ترسی لە دڵدا نیە. بەڵام کەسێک کەوا گەنجینەیەکی زۆر بە نرخی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، نەک لەو شوێنەی کەوا چەتەکان تەراتێنی تێدا دەکەن، بەڵکو لەو شوێنانەش کەوا بێ گوناحترینی مرۆڤەکانی لێیە، ترسی ئەوەی هەیە زیانێک بە گەنجینەکەی بگات. ئیدی هەموو تەگبیرێک بە ناوی ڕێگرتن لە دەستبەسەراگرتن و دزینی دەگرێتە بەر. خۆیشتان بانکەکانتان لە کاتی پارە گواستنەوە لە شوێنێکەوە بەرەو شوێنێکی تر بینیوە، کە چۆن ئۆتۆمبیلی زرێپۆش بەکاردەهێنن و چۆنی لەگەڵ خۆیاندا دەستەیەک لە پاسەوانان دەبەن.

خۆ گەر ئەم گەنجینەیە تەنیا بە کەڵکی ژیانی دونیای نەیەت و، لە هەمان کاتدا ئاسودەیی ژیانی ئەبەدی مرۆڤەکەش فەراهەم بکات، ئیدی خۆتان ئەو ترس و حەساسیەتەی کەوا دەبێت لەم بابەتەدا پشانی بدات،  مەزەندەی بکەن!

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *