تەواوی چاوپێکەوتنی هاوبەشی ڕۆژنامەی ” لێ ماتین دیمانچەی” سویسری و “دێ وێڵتی” ئەڵمانی، لەگەڵ م.فەتحوڵڵا گولەن

 

 

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن لە دیمانەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەی دێ واڵتی ئەڵمانی و لێ ماتین دێمانچەی سویسریدا، ئاماژەی بەوەدا وەک لە زۆر بابەتدا دونیابینی جیاوازی لەگەڵ ئێردۆغاندا هەیە، لە کێشەی کوردیشدا تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە.

مامۆستا جارێکی تر ئەوەی دووپاتکردەوە، کە خزمەت پشتگیری لە مافی بەکارهێنانی زمانی کوردی لەلایەن هاوڵاتیە کوردەکانی تورکیاوە، دەکات.

گولەن لە دیمانەکەدا سەبارەت بە چارەسەری کێشەی کوردانی تورکیا دەڵێت”پێموایە پێویستە ئازادی زیاتر فەراهەم بکرێت، ئازاد کردنی زمانی کوردیش لە خوێندنگەکاندا بە کارێکی ڕاست دەزانم. بۆ ئەمەش پێویستمان بە دەوڵەتێک هەیە کەوا لە ناوەندەوە بەڕێوە نەبرێت. گەر ڕۆژێک چاکسازییەک ڕووبدات، ئەوا پێشنیاری دەستوری ئەمەریکام دەکرد، کە ئازادییەکی زیاتر بۆ هاوڵاتیەکانی فەراهەم کردووە”.
گولەن لە میانەی دیمانەکەیدا ئەوەی دووپات کردەوە تێروانینی خزمەت هەرگیز لەگەڵ تێروانینی خۆسەپێنەرانەی ئێردۆغاندا یەک نایەتەوە و وەک نمونەش وتی” بۆ نمونە ئێمە پاڵپشتی ئەوە دەکەین، کە هاوڵاتیە کوردەکانمان مافی ئەوەیان هەبێت زمانی کوردیش لەگەڵ زمانی تورکیدا بەکاربهێنن”.

ئەمە خوارەوەش بەشێکە لە ڕێپۆرتاژەکەیە:

دێ وێڵت: ئێردۆغان بۆچی هێندە ڕقی لە ئێوەیە، لە کاتێکدا ئێوە سەردەمانێک هاوپەیمانی یەکتری بوون.

گولەن: خزمەت هیچ کاتێک پەیوەندیەکی نزیکی لەگەڵ ئێردۆغاندا نەبووە. ئێردۆغان سەردەمانێک وەهای خۆی دەردەخست، کە هەمان تێڕوانینی ئێمەی بۆ دیموکراسی هەیە. تەنیا هێندە و بەس. ئەویش لەو کاتەدا بۆ هەمان شتەکانی ئێمە تێدەکۆشا. بەڵام ئەو کاتەی دەسەڵاتی گرتە دەست، دەموچاوێکی تری پشاندا. خوێندنگەکانی ئێمە خاوەنی تێڕوانینێکی وەهابوون، لەگەڵ ئەو ڕژێمە خۆسەپێنەی ئەوی تێکەوتبوو، یەک نەدەهاتەوە. بۆ نمونە ئێمە پشتگیری ئەوە دەکەین، کە هاوڵاتیە کوردەکانمان مافی ئەوەیان هەبێت زمانی کوردی لەگەڵ زمانی تورکیدا بەکاربهێنن. ئەو من وەک دوژمنی خۆی دەبینێت، لە کاتێکدا من هیچ کاتێک ئەوم وەک دوژمنی خۆم نەبینیوە. من تەنیا تکای ئەوەم لێکرد، کە ئەو بەڵێنانەی لە ڕابردوودا دابووی، بیانباتە سەر. خۆی دوژمنی ڕاستەقینەی خۆیەتی. خۆی وەک ئاقڵترین مرۆڤی سەر زەوی دەبینێت. بەڵام لە ڕاستیدا لەلایەن هەستەکان، حەسودی، نەفرەت و تۆڵەوە ئاڕاستە دەکرێت. حکومەتەکەی لە نێو پارانۆیادا نقوم بووە. خوشکێکی گەورەی من ناچارە بەوەی بە شێوەیەکی قاچاغ ژیان بەسەر ببات، هەرکەسێک کەوا هەمان نازناوی خێزانی منی هەڵگرتبێت، بێ هیچ پرسیار و لێکۆڵینەوەیەک دەستبەسەر دەکرێت.
وێڵت: گەر ئێمە بە شێوەیەکی دروست لە ئێوە تێگەشتبێتین، خاڵی سەرەکی ئێوە لە بابەتی کوردەکاندا، خۆی دەبینێتەوە!

گولەن: ئێردۆغان خاوەنی هەمان جیهانبینی من نیە. لە سەردەمی تورگوت ئۆزاڵ کەوا سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا بوو، ئەم کێشەیەی لە ڕێگەی هێنانی هەندێک کەسایەتی کورد و سۆسیال دیموکرات بۆ ناو حکومەتەکەی، بە شێوەیەکی ڕێژەیی چارەسەر کردبوو. من پێموایە پێویستە ئازادی زیاتر فەراهەم بکرێت، ئازاد کردنی زمانی کوردیش لە خوێندنگەکاندا بە کارێکی ڕاست دەزانم. بۆ ئەمەش پێویستمان بەو دەوڵەتێک هەیە کەوا لە ناوەندەوە بەڕێوە نەبرێت. گەر ڕۆژێک چاکسازییەک ڕووبدات، ئەوا پێشنیاری دەستوری ئەمەریکام دەکرد، کە ئازادییەکی زیاتری بۆ هاوڵاتیەکانی فەراهەم کردووە…
دێ وێڵت: چوارچێوەی گشتی تێگەشتنی ئێوە بۆ ئازادیەکان چیە؟ ئێردۆغان پێی وەهایە مەتبەخ شوێنی ژنانە. ئایا ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی نێوانی ئێوەی تێکداوە؟

گولەن: من شەخسی خۆم، لایەگری مۆدێلێکی پیاوسالاری نیم، چونکە ئەمە بە گوێرەی سەرەتاکانی مێژووی ئیسلام، هەنگاوێک لە دواوەیە. ژنان پێویستە لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگادا بوونیان هەبێت. گەر ژنێک خوازیاری ئەوە بێت کە ببێتە دادوەر یاخود فڕۆکەوان، پێویستە هیچ شتێک ڕێگری لەم خواستەی نەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *