“جگە لە الله داوای لێبوردن لە کەس ناکەم”

” لەو کاتەدا ئەوە بە ئەقڵمدا هات کەوا جارێکی تر بە خەبەر نەیەمەوە، ئیدی بیرم لەوە کردەوە، مرۆڤێک گەر دوا هەناسەی وەک دیاری پێدرابێت، دەبێت لەو کاتەدا چی بڵێت…”

**

دووهەم جەڵتەی دڵ (٢٠٠٢)

ئەو داوایەی نوح مەتە یوکسەل لە دژی مامۆستا جوڵاندبووی، یەکێک بوو لە گەورەترین سەرچاوەکانی خەمباربوونی مامۆستا. هەربۆیە کاتێک مامۆستا لە ڕێکەوتی ٣١ ی ئازاری ٢٠٠٢ جەڵتەی دڵ لێیدایەوە، تەواوی ئەم ناڕەحەتیانەی توشی بوو بوون کاریگەرییان هەبوو، ئیدی توانای ئەوەی نەمابوو بە پلیکانەکاندا سەر بکەوێت، زۆرینەی ڕۆژەکان بە نەخۆشییەوە لە جێگادا کەوتبوو”.

مامۆستا لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت” ماوەیەکی زۆر بوو لە شێوازی لێدانی دڵمدا ناڕێکی هەبوو. لەم ماوەیەی کۆتاییدا زۆر بێتاقەت بووم. چەند شتێک ڕوویاندا وەک ئەوە وەهابوو کەوا پشتم بووبێت بە دووکەرتەوە”…

مامۆستا لە ڕێکەوتی ٣١ ی ئازاری ٢٠٠٢، کاتێک نوێژی بەیانی لە ساڵۆنی ئەو بینا ٣ قاتە ئەنجامدا کەوا دەکەوێتە شارۆچکەی سایلسبۆرگی ویلایەتی پەنسیلڤانیای وڵاتی ئەمەریکا، یەکسەر ڕووی لە ژوورەکەی خۆی کرد. لە ڕۆژانی ئاسایدا دوای ئەوەی نوێژی بەیانی ئەنجام دەدا، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ تەسبیحاتی ئەنجام دەدا و، پاشان نزیکەی نیو کاتژمێر لەگەڵ چواردەورەکەیدا کتێبی دەخوێندەوە.

مامۆستا ئەو بەیانیە بێ ئەوەی هیچ شتێک بە کەس بڵێت، ڕووی لە ژوورەکەی خۆی کرد. لەو ڕۆژەدا دوو پزیشک لە نیوان میوانەکانیدا هەبوو، کە هەردووکیان پزیشکی دڵ بوون.  هەروەها دکتۆر قودرەت ئوناڵ لێبوو، کە ماوەی ٣٠ ساڵ بوو لەگەڵ مامۆستادا بوو. مامۆستا نزیکی کاتژمێر ٧ لە ژوورەکەی خۆیدا باری تەندروستی تێکچوو. پزیشکەکان کاتێک سەیری فشاری خوێنی مامۆستایان کرد، بە ئاماژەی چاویان ئەوەیان بە یەکتر وت کە حاڵی بە شێوەیەک خراپە شایەنی باس نیە. کاتێک مامۆستایان خستە ناو جێگاکەی خۆیەوە، هەموو گیانی لە عارەقدا بوو. فشاری خوێنی خەریک بوو دەگەشتە سفر. دکتۆر قودرەت ئوناڵیش یەکسەر پەیوەندی بە ژمارە ٩١١ کرد هەتا ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن بگاتە شوێنی مانەوەی مامۆستا. ئەمە جاری دووهەم بوو مامۆستا لە ژیانیدا ڕووبەڕووی جەڵتەیەکی دڵی جددی لەو شێوەیە دەبوویەوە. یەکەم جەڵتەی دڵ لە ساڵی ١٩٩٩ لە ناوچەی ئاڵتونیزادە لە ئیستەنبول لێیدا. مامۆستا بەم شێوەیە چاوەڕێی هاتنی ئۆتۆمبیلی فریاکەوتنی دەکرد و، هەتا گەشتە لای مامۆستا نزیکەی ١٠ خولەکی پێچوو. مامۆستا لە ماوەی ٢٠ خولەکدا گەیاندرایە نەخۆشخانەیەک بە ناوی پۆکۆنۆ و، لەو کاتەدا وەک نیوە بوراوەی لێهاتبوو، هەروەک ئەوە وەهابوو دڵی لە لێدان کەوتبێت. لێدانی دڵی زۆر شێوا بوو. دوای ئەوەی مامۆستا لە بەشی فریاگوزاری بە پەلە دەرزی لێدرا، پاشان ڕەوانەی بەشی چاودێری ورد کرا.

مامۆستا بۆ ئەوەی لێدانی دڵی ڕێک بکرێتەوە، پێویستی بەوە هەبوو کە بە ئامێری ئەلەکترۆشۆک کارەبای لێبدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەبوو بەنجی بێ هۆشی لێبدرێت. ئەو پزیشکی دڵەی بۆ چارەسەری حاڵەتەکەی مامۆستا هاتبوو، پزیشکێکی ئەمەریکی بە ناوی دەیڤد دۆڕان بوو، کە لە ئەسڵدا خەڵکی شیلی بوو.

مامۆستا دوای ئەوەی بەنجی بۆ کرا، لە یەکەم و دووهەم لێدانی ئەلەکترۆشۆکدا شێوازی لێدانی دڵی چاک نەبوویەوە. ئەو کەسانەی لەگەڵ مامۆستا هاتبوون بۆ نەخۆشخانە، هەموویان دەستیان بە گریان کردبوو. جگە لە نزاکردنیش هیچ کارێکی تریان لە دەست نەدەهات. وەزعەکە بە تەواوی شڵۆق بوو. مامۆستا لەو کاتەی لە حاڵەتی نیمچە بێ هۆشیدا بوو، دەنگی گریانی هاوڕێ و خوێندکارەکانی خۆی دەبیست. دوای ئەوەی مامۆستا شۆکی سێهەمی لێدرا، دڵی دیسان دەستی بە لێدان کردەوە. ئەو ڕۆژە هەر بە ڕاستی لە مردن گەڕایەوە.

مامۆستا هەر هێندەی چاوەکانی کردەوە، پرسیاری ئەوەی کرد کەوا کاتژمێر چەندە و دواتر وتی ” نوێژەکانم چییان لێهات”. هێشتا لە ژووری چاودێری ورد بوو. مومکین نەبوو لەو کاتەدا بتوانێت دەستنوێژ بگرێت و نوێژەکانی بکات. لەسەر جلەکانی و ئەو سەرچەفەی بە خۆیدا دابوو، زۆر پرژەی خوێنی پێوەبوو، هەروەها دەیان بۆری بە دەمارەکانی لاشەیەوە بوو کە دەرمانیان پێدەدا. دوای ئەوەی پزیشکەکان ئەوەیان بە پزیشک و هاوڕێکانی ڕاگەیاند، کەوا لە ژێر ئەو هەلومەرجەدا مومکین نیە دەستنوێژ بگرێت و نوێژ بکات، لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە هەندێک خۆڵیان هێنا و، لە ڕێگەی تەیەمومەوە بە ئیشارەت نوێژەکانی ئەنجامدا.

مامۆستا دوای ئەوەی شۆکەکانی لێدرا، ڕیتمی لێدانی دڵی ئاسای بووە و، لە ١٤٠ وە بۆ ٨٩ لێدان دابەزی بوو. بەڵام لەم کاتەدا فشاری خوێنی دابەزی بوو. هەربۆیە لە ڕێگەی کردنەوەی هێڵێک لە قوڕگیەوە، پیلێکی کاتییان لە دڵی بەست. مامۆستا لەو ڕۆژەدا کە برایە ژووری چاودێری ورد، دواتر کاتێک شۆک لە دڵی درا و، پیلیان لە دڵی بەست، لە هەر ٣ جارەکەدا واژۆی ئەوەیان پێکرد کەوا خۆی لە هەر ڕووداوێک بەرپرسە کەوا بەسەری دێت و، خۆی لە ڕێگەی ئەم ڕستەیەوە باسی ئەو ڕۆژەی دەکات:” ئەمڕۆ ٣ جار واژۆم لەسەر مردن کردووە”.

بەڵام دوای ئەوەی لێدانی دڵی ئاسایی بوویەوە، پیلە کاتییەکەیان لە دڵی کردەوە و، مامۆستاش چیدی نەیدەویست لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە. هەربۆیە شەوی هەمان ڕۆژ گەڕایەوە ماڵەوە. مامۆستا کەوا لەو کاتەدا زۆر بێ حاڵ بوو، لە ژوورەکەی خۆی خرایە سەر کورسی. هەر هێندەی گەڕایەوە ماڵەوە، یەکەم کار کەوا ئەنجامیدا، بریتی بوو لەوەی ئەو نوێژانەی بە قەزا بگێڕێتەوە، کەوا لە نەخۆشخانە لە ژێر هەلومەرجێکی سەختدا ئەنجامیدابوون. مامۆستا سەرباری ئەوەی دڵی تەواو نەبوو، بە هۆی کەوتن لەسەر مێزی نەشتەرگەری نەخۆشخانە، سەرمای دەبێت و توشی هەڵامەت دەبێت. مامۆستا کاتێک دەگاتە ماڵەوە باسی ئەو ساتە دەکات کەوا خەریکە بەنج دەکرێت و دەڵێت:” لەو کاتەدا بیرم لەوە کردەوە کە دەشێت جارێکی تر چاوەکانم نەکەمەوە. بیرم لەوە کردەوە کەسێک دەبێت چی بڵێت کەوا دوا هەناسەکانی بە دیاری پێدرابێتەوە…”

مامۆستا نزیکەی هەفتەیەک لە دوای جەڵتەکەی دڵیەوە، ئەمجارەیان بە مەبەستی ئەنجامدانی قەستەرەی دڵ، ڕووی لە نەخۆشخانەی کیلڤلاند کرد لە ویلایەتی ئۆهایۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. لەم نەخۆشخانەیە مورات توزجو کاری دەکرد، کەوا لە ساڵی ١٩٩٧ بە هەمان شێوە قەستەرەی بۆ مامۆستا کردبوو. پێش ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە، سولەیمان دەمیرەلی سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە دکتۆر موراتەوە دەکات و داوای ئەوەی لێدەکات کەوا لە نزیکەوە ئاگای لە بارودۆخی مامۆستا بێت.

توزجو، لە ڕێکەوتی ٨ ی نیسانی ٢٠٠٢ قەستەرەی بۆ مامۆستا کرد. توزجو لە بوارەکەی خۆیدا شارەزاییەکی تەواوی هەبوو. بۆ نمونە، چەند ڕۆژێک بەر لەوەی  مامۆستا سەردانی نەخۆشخانەکەی بکات، بە هەمان شیوە قەستەرەی بۆ یاریدەدەری دیک چینی سەرۆکی پێشووتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەنجامدابوو.

دکتۆر تۆزجو، لە پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکە بۆ مامۆستا، ئەنجامی نەشتەرگەریەکانی پێشووی مامۆستای لەبەردەستدا بوو. مامۆستا لە ساڵی ١٩٩٥ لە ئیستەنبول قەستەرەی بۆ ئەنجامدرابوو. هەروەها قەستەرکەی ساڵی ١٩٩٧، لەلایەن خودی خۆیەوە بۆ مامۆستا ئەنجامدرابوو. توزجو بەم شێوەیە بەراوردی حاڵی مامۆستای  بە نەشتەرگەریەکی پێش ٥ ساڵی ڕابردوو کرد. لەو کاتەدا ئەوەی بەدی کرد، ڕێژەی گیرانی دەمارەکانی دڵی مامۆستا لە پێش ٥ ساڵدا هەرچۆنێک بووە، لەو کاتەشدا بە هەمان شێوەیە. مامۆستا وێڕای ئەوەی نەخۆشی شەکرەی لەگەڵدا بوو، بەڵام بە شێوەیەک کەوا پزیشکەکان سەریان پێی دەسوڕما، لە ماوەی ٥ ساڵدا هیچ تەسکبوونەوەیەک لە دەمارەکانی دڵیدا رووینەدابوو.

چونکە مامۆستا هەر خۆی زۆر بە کەمی نانی دەیخوارد و، زۆر دیقەتی ڕۆشتنی پێویستی ڕۆژانەی دەدا. بەم هۆیەوە دکتۆر تۆزجو کە پێش ٥ ساڵ بە مامۆستای وت “پیویستە قەستەرە ئەنجام بدەن”، ئەمجارەیان بە مامۆستای وت” زۆر چاکە کەوا نەشتەرگەری قەستەرەتان ئەنجام نەداوە. چیدی پێویستتان بە نەشتەرگەری نەماوە. مادام هێندە ئاگاداری تەندروستی خۆتانن، گەر تەنیا چەند ستەنتێک لە دڵتان ببەستین ڕزگارتان دەبێت”.

بەم شێوەیە مامۆستا لە ڕێکەوتی ٩ ی نیسانی ٢٠٠٢ لە نەخۆشخانە دەرچوو.

بەم شێوەیە بڕیاری نوێی پزیشکەکان بریتی بوو لەوەی ستەنت لە دڵی مامۆستا ببەستن. بەڵام بڕیار بوو لە جیاتی ستەنتی ئاسایی، ستەنتی دەرماناوی لە دڵی مامۆستا ببەسترێت. چونکە مامۆستا لە هەمان کاتدا نەخۆشی شەکرەی لەگەڵدا بوو، بەستنی ستەنتی ئاسایی مەترسی ئەوەی دەهێنایە ئاراوە کەوا دیسان بۆریەکانی دڵی بگیرێنێت. دکتۆرەکەش دەیوت” با جارێکە چاوەڕێ بکەین دواتر ستەنتی دەرماناوی لێببەستین”. لە ڕاستیشدا مامۆستاش حەزی بەوە نەدەکرد کەوا ستەنتی ئاسایی لە دڵی ببەسترێت. لەو ساڵانەدا، لە سەدا ٤٠ ئەو ستەنتانەی لە ئەمەریکا لە دڵی نەخۆشەکان دەبەستران، دواتر گیران تێیاندا ڕووی دەدا. ئەگەرچی کۆمپانیای (جۆنسۆن&جۆنسۆن) لە ساڵی ٢٠٠٠ دەستی بەوە کردبوو کە ستەنتی دەرماناوی بەرهەم بهێنێت، بەڵام هەتا ئەو ساتەی مامۆستا نەخۆش کەوتبوو، مۆڵەتی بەکارهێنانی لەسەر نەخۆشەکان وەرنەگرتبوو. بەم شێوەیە لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕێگە نەدەدرا ستەنتی دەرماناوی بەکاربهێنرێت. هەربۆیە دەبوو چاوەڕێی مۆڵەتی بەکارهێنانی ئەم جۆرە ستەنتانە بکەن، کەوا لە نەخۆشی شەکرەدا مەترسی گیرانی دڵی کەم دەکردەوە.

**

کێ بوون ئەوانەی داواکاری گشتی یوکسەلیان خستە تەڵەوە؟

لەم کاتەدا کاتێک دۆسیەکانی مامۆستا لە ساڵی ٢٠٠٢ لە ئیستەنبول بەردەوامی هەبوو، ڕووداوێکی سەیر ڕوویدا. لەسەر داوای داواکاری گشتی ئیستەنبول، بەشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە ئاسایشی گشتی ئیستەنبول، لە ڕێکەوتی ٣ ی حوزەیرانی ٢٠٠٢، لە یەکێک لە ڕێکخراوە مەدەنیەکاندا پشکنینیان ئەنجامدا. لەم کاتەدا لە قاسەی ڕێکخراوەکەدا دەست بەسەر کاسێتێکدا گیرا، کەوا ڤیدیۆی نائەخلاقی مەتە یوکسەلی تێدا بوو.

دوای ئەوەی دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیا سەبارەت بەم کاسێتە کرایەوە کەوا ٤ خولەک و ٥٢ سانیەی دەخایەند، لە تاقیگەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و پزیشکی دادوەریش ئەوە ساغ بوویەوە کە ئەو کەسەی لە کاسێتەکەدا دەردەکەوێت، نوح مەتە یوکسەلی داواکاری گشتیە. داواکاری گشتی دواتر داوای ئەوەی کرد کە لێکۆڵینەوە لەسەر پێکهاتەی ئێسقانی کەسی ناو کاسێتەکە و مەتە یوکسەل بکرێت، لەویشدا هەمان سەرئەنجام بەدەستهات. لیژنەی وەزارەتی دادیش لەو ڕاپۆرتەی کەوا بەرزیان کردەوە، باسیان لەوە کرد کە نوح مەتە یوکسەل بە پێچەوانەی کەرامەتی داواکارە گشتیەکانی تورکیاوە ڕەفتاری نواندووە و، داوای دوو جار سزای جێگۆڕینیان بۆ کرد. واتە پشکنەرەکان داوای ئەوەیان دەکرد، کە نوح مەتە یوکسەل لە کارەکەی دوور بخرێتەوە.

چونکە بە گوێرەی یاسای دادوەر و داواکارە گشتیەکانی تورکیا، کاتێک داوای سزایەکی لەم شێوەیە کرا، پێویست بەوە دەکرد کە دادگا سزایەکی قورسی بدات. ئەمەش بریتی بوو لەوەی یوکسەل لە پیشەکەی دوور بخرێتەوە. دەبوو ئەم بڕیارەش لەلایەن دەزگای باڵای دادوەران و داواکارانی گشتی تورکیاوە بدرێت. لە ڕێکەوتی ٢١ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢، دەزگای باڵای دادوەران و داواکارانی گشتی تورکیا، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی نوح مەتە یوکسەل کۆبوونەوە. ئەندامەکانی دەزگاکە، بە کۆی دەنگ بڕیاری ئەوەیاندا ئیدانەی کارەکانی یوکسەل بکەن و، وەک سزای کارەکەشی پلەکەیان لە داواکاری گشتی ئاسایشی دەوڵەتەوە، بۆ داواکاری گشتی دادگایەکی ئەنقەرە دابەزاند.

لەم ڕووداوەدا شادەمارترین پرسیار ئەوە بوو: کێ بوون ئەوانەی بە شێوەیەکی شاراوە ڤیدیۆی یوکسەلیان گرتبوو؟ یوکسەل لە ڕێگەی کامێرایەکی شاراوەوە کەوا لە ژوورەکەیدا دانرابوو، لەگەڵ ژنێک دەبینرا کەوا خوشکی گەورەی دادنوسێکی دادگای ئاسایشی دەوڵەت بوو.

پارێزەرەکانی مامۆستا، لەبەردەم دادگا باسیان لەوە دەکرد کە ئەگەر زۆرە نوح مەتە یوکسەل لە ڕێگەی ئەم کاسێتەوە فشاری خرابێتە سەر هەتا لە دژی مامۆستا ئەو دۆسیەیە بجوڵێنێت. بە گوێرەی پارێزەرەکانی مامۆستا، ئەو کەسانەی کاسێتی وتارەکانی مامۆستایان لە ساڵی ١٩٩٩ مۆنتاژ کرد و بەسەر تەلەڤیزیۆنەکاندا دابەشیان کرد، هەمان دەست بوو کەوا بە شێوەیەکی شاراوە ڤیدیۆی یوکسەلیان لەگەڵ خانمێکدا تۆمار کردبوو.

ئەو کەسانەی دەیانویست خزمەت تەواو بکەن، هەندێک جار کەسانێکن بە پارە دەکری، هەندێک جاریش کەسانێکیان بەم شێوەیە دەخستە ناو تەڵەوە و، لە دژی خزمەت بەکاریان دەهێنان. بەڵام شتێک هەبوو کەوا نەیاندەزانی، خاوەنی ئەم داوایە الله بوو، هەرشتێک کەوا الله لەناوی نەبردایە کەس توانای لەناوبردنی نەبوو.

نوح مەتە یوکسەل، یەکێک بوو لەو داواکارانەی کەوا ژیانێکی رێکوپێکیان هەبوو. هەروەها بەشداری لە ئەنجامدانی نوێژی هەینی دەکرد. تەنانەت لە نێو دۆستەکانیدا کەسانێک هەبوون کەوا بایەخیان بە بیروراکانی مامۆستا دەدا. یوکسەل کەوا هەتا ئەو ڕۆژە بەو شێوە ژیانی بەسەر بردبوو، لە پڕێکدا کەوتنە ناو بازنەی ژیانێکی ناتەبا لەگەڵ بەهاکانی خێزاندا، کەمێک سەرسوڕهێنەر بوو. بە داخەوە بە درێژایی قۆناغەکانی دادگا، بابەتی ئەوەی ئەم کاسێتە لەلایەن کێوە تۆمارکراوە، یاخود چۆن گەشتە دەستی ئەم ڕێکخراوەی کەوا بە چالاکیەکانیان لە دژی مامۆستا ناسرابوون و داوای ئەوەیان کردبوو بەشداری دانیشتنەکانی دادگا بکەن، بە هیچ شێوەیەک ڕوون نەبوویەوە.

نوح مەتە یوکسەل لەبەر ئەوەی خۆی سکاڵای تۆمار نەکرد، هیچ دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتەکەنەکرایەوە. تەنیا زانیاریەک بە گوێی هەندێک لە ڕۆژنامەنوسان گەشتبوو بریتی بوو لە:

ئەو کەسەی پاڵی بە داواکاری گشتیەوە نا هەتا بکەوێتە ناو ئەم جۆرە کارانەوە، یەکێک لە هاوڕێکانی خۆی بوو کەوا لە دادگا بەوە ناسرابوو لەگەڵ زۆر ژندا پەیوەندی هەیە.

واتە ئەو کەسەی یوکسەلی توشی ئەو جۆرە کارانە کرد، کەسێک بوو لە هەمان کاتدا لە دادگا لە پۆستی بەرزدا ئەرکی وەرگرتبوو، لە هەمان کاتدا خزمەتی یەکێک لە سیاسەتمەدارە بەناوبانگەکان بوو، کەهەردووکیان لە هەمان کاتدا لە پشتەوە خەریکی دۆسیەکەی مامۆستا بوون. ئەم ئەندامەی دادگا و خزمە سیاسیەکەی، ئاواتیان ئەوە بوو کەوا مامۆستا لە دوا بڕیاری دادگا مەحکوم بکرێت و، ئیعتیباری لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا نەهێڵن.

ئیدی یوکسەل هەرچیەکی کردبوو، دەبوو مامۆستا مەحکوم بکات. بەڵام هەرچیەک بێت ئەو کاسێتەی لەو کاتدا پەیدابوو، لەگەڵ ئەو سزایەی لەلایەن دەزگای باڵای دادوەرانەوەی بەسەریدا سەپێندرا، حسابەکانی یوکسەلی ژێراوژور کرد. ئیدی ئەرکەکەی لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت کۆتایی هاتبوو. یوکسەل خوازیاری ئەوە بوو هەرچیەکی کردووە، شانسی خۆی لە مەحکومکردنی مامۆستادا تاقی بکاتەوە. تەنانەت داوایەکی لەم شێوەیەی بە فەرمی پێشکەشی دەزگای باڵای دادوەران و داواکارانی گشتی تورکیا کرد:” ئێوە منتان لە پۆستەکەم دوور خستەوە، بەڵام گەر بە شێوەیەکی کاتی ڕامبسپێرن، دەتوانم دۆسیەکەی فەتحوڵڵا گولەن لە ماوەی ٦ مانگدا تەواو بکەم”.

یوکسەل خوازیاری ئەوە بوو، لە دۆسیەکەی مامۆستادا دوا تێبینیەکانی خۆی بخاتە ڕوو، کە لە زاراوەی یاساییدا بەمە دەڵێن” بەرزکردنەوەی تێنوس سەبارەت بە بناغەی سەرەکیەکانی دۆسیەکە”.

بەڵام دەزگای باڵای دادوەران، لە ڕێکەوتی ٣١ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢، داواکەی یوکسەلیان ڕەت کردەوە. بەم شێوەیە ژیانی یوکسەل لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت بە تەواوی کۆتایی هات. سەرۆکی دەزگاکەش وەک ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە داواکەی یوکسەل، چەند تێبینیەکی خستە ڕوو کە وەک ئاماژە بە ناڕەحەتبوونی خۆیان بەرامبەر قسەکانی یوکسەل وەهابوو. سەرۆکی دەزگاکە دەیوت” نوح مەتە یوکسەل تەنیا داواکاری ناو دەزگاکەمان نیە. ڕۆشتنی ئەو نابێتە هۆی ئەوەی هیچ کام لە دۆسیەکان بە نیوەناچڵی بمێنێتەوە”.

کاتێک نوح مەتە یوکسەل بەم شێوەیە ڕۆشت، لە ڕێکەوتی ٢٥ ی تشرینی دووهەمی ٢٠٠٢، حەمزە کەلەش وەک داواکاری گشتی دۆسیەکەی مامۆستا دەست بەکاربوو. ئیدی دۆسیەکەی مامۆستا لە کۆتایی نزیک بوویەوە. کەلەش دەبوو ئەو تێنوسە ئامادە بکات کەوا نوح مەتە یوکسەل نەیتوانی سەبارەت بە بناغەی دۆسیەکە ئامادەی بکات، دوا بە دوای ئەوەش دەبوو دادگا دوا بڕیاری خۆی بدات. بەڵام کەلەش داوای لە دادگا کرد، کاتی پێویستی پێبدات هەتا دۆسیەکەی مامۆستا بە تەواوی بخوێنێتەوە و تێنوسەکەی ئامادە بکات.

“جگە لە الله داوای لێبوردن لە کەس ناکەم”

ئیدی دوو پارێزەرەکەی مامۆستا، لەگەڵ حەمزە کەلەش ڕووبەڕووبوونەوە کەوا لە جێگەی نوح مەتە یوکسەل دانرابوو. خەریک بوو لە کۆتایی داواکە نزیک دەبوونەوە. کەلەش دەبوو لە پێش بڕیاری کۆتایی دادگا، تێنوسی خۆی سەبارەت بە بناغەکانی داواکە بخاتە ڕوو. کەلەش لە ڕێکەوتی ٢٣ ی کانونی دووهەمی ٢٠٠٣ کاتێک تێنوسی خۆی سەبارەت بە مامۆستا خستە ڕوو، داوای کرد فەرمانی دەستگیرکردن بە شێوەی غیابی بۆ مامۆستا دەربکرێت. کەلەش لە تێنوسەکەیدا دەڵێت” جەماعەتی گولەن بە شێوەیەکی زۆر ئارامگرانە و بە تەگبیرەوە، خۆیان بۆ جیهادێکی چاوەڕوانکراو ئامادە دەکەن”. بەڵام دادگا داوای دەستگیرکردنی مامۆستا بە شێوەی غیابی ڕەتکردەوە.

کەلەش لەو تێنوسە ٢٤ لاپەڕەیەی کەوا خستبوویە ڕوو، ئاماژەی بە دوو چوارینە شیعری مامۆستا کردبوو لە کتێبی “سەرەڕمی شکاو” و، وەک بەڵگە لەسەر خواستی مامۆستا بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی پشانی دابوو. ئەو چوارینەی داواکاری گشتی لە لاپەڕە ٣٨ کتێبەکە دەریهێنابوو بەم شێوەیە بوو:

هاوڕێیان، هاوڕێیان

مەزهەبی شەوق بۆ ئێمە ڕێگایە

(ڕێگەمان ڕێگەی ڕوناکییە)

 

ئەو دێڕەی ناو کەوانەکە داواکاری گشتی خۆی بۆی زیادکردبوو.

پارێزەرەکانی مامۆستا ئاماژەیان بەوەدا کە “مەزهەبی شەوق” بە واتای ٧ قاڕەکەی گۆی زەوی دێت و، بەو واتایە نایەت کەوا داواکاری گشتی ئاماژەی پێداوە. چونکە بە گوێرەی وشەدانێک کەوا لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی تورکیاوە بڵاوکرابوویەوە، وشەی شەوقی عەرەبی واتاگەلێکی وەک” ویست، ئارەزوو، نەشە، کەیف، خۆشی، جۆش و خرۆش” دەگەیاند. لێرەدا دەستەواژەی “مەزهەبی شەوق” واتای جۆش سەندن بە عەشقی الله ی دەگەیاند. هەروەها داواکاری گشتی بەشێکی لە چوارینەیەکی لاپەڕە ١٧١ هەمان کتێب دەرهێنابوو کە دەڵێت:

ڕاکە و تۆش پەیوەندی بە سوپای ڕوناکیەوە  بکە و خۆت قورتار بکە

تەنیا یەک ڕێگا هەیە: خۆت بە کاروانی نەمران بگەیەنە

بەڵام لە ڕاستیدا چوارینەکەی مامۆستا لە کتێبەکەدا بەم شێوەیە بوو:

ڕاکە و تۆش خۆت بگەیەنە سوپای ڕوناکی خۆت قورتار بکە

 

خۆت لە کۆیلایەتیەکان ڕزگار بکە تەنیا ببە بەندەی الله

لە هەموو شتێکدا پێگەشتن و تەواوبوون بەدەست بهێنە

تەنیا یەک ڕێگا هەیە: خۆت بە کاروانی نەمران بگەیەنە

کاتێک داواکاری گشتی ئەو وتانەی مامۆستایان دەرهێنابوو کەوا ئاماژەیان بە هاندانی مرۆڤەکان بۆ بەندایەتی الله دەکرد، شیعرەکە وەک بانگەشە بۆ دروستکردنی گروپ و ڕێکخراوی لێدەهات. هەروەها پارێزەرەکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە خودی داواکاری گشتی  خۆی وشەی “پەیوەندی بکە” ی خستۆتە ناو شیعرەکەوە.

دۆسیەکەی مامۆستا لە ڕێکەوتی ٣ ی ئازاری ٢٠٠٣، لە دانیشتنی حەقدەهەمدا دەبوو بڕیاری کۆتایی بدرێت. بەڵام کاتێک پارێزەرەکانی مامۆستا لە هۆڵی دادگا نزیکەی ٤ کاتژمێر و نیو بەرگرییان لە مامۆستا کرد، ئەندامانی دەستەی دادگا بڕیاری ئەوەیاندا دوابڕیاریان بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخەن. هەربۆیە دوابڕیاریان بۆ ڕێکەوتی ١٠ ی ئازاری ٢٠٠٣ دواکەوت.

 

ڕۆژێک پێش دوا بڕیاری دادگا، پارێزەری مامۆستا بە ناوی عبدالقادر ئاکسۆی لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا بە مامۆستای وت” بەیانی دوو ئەگەر هەیە، یان ئەوەتا بڕیاری بێ تاوانیت دەردەکەن، یاخود بڕیارەکەیان دوادەخەن”. مامۆستاش پرسیاری ئەوەی کرد کە دواخستنی بڕیاری کۆتایی بە چی واتایەک دێت؟ پارێزەرەکەشی لە وەڵامدا وت” بۆ ئەوەیە داوای لێبوردن و شت بکەیت”. مامۆستا لە بەرامبەر ئەم قسەیەی پارێزەرەکەیدا وتی” من جگە لە الله داوای لێبوردن لە کەس ناکەم”..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *