جۆرەکانی تاقیکردنەوە

پرسیار: ڕاستیەکی ئاشکرایە کەوا زۆر شت هەیە لە ژیاندا دەبنە هۆکاری تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان. لە نێو ئەمانەدا مەترسیدارترین تاقیکردنەوە بە نیسبەت مرۆڤەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆوە چییە؟

وەڵام: جەنابی حەق، وەک نەریتی ئیلاهی خۆی، مرۆڤەکان بە درێژایی ژیانیان بە زۆر تاقیکردنەوەی جۆرا و جۆردا تێدەپەڕێنێت. هەربۆیە چەشنی ئەوەی ئەڵماس لە خەڵوز جیا بکەیتەوە، یان ئاڵتون لە بەرد و خۆڵ و خڵتە، مرۆڤە پاکوبێگەردەکانیش لەوانەی خامن و پێنەگەشتون جیا دەکاتەوە. لە هەمان کاتدا، هەر تاقیکردنەوەیەک کەوا توشی دەبین، لە ڕوویەکەوە دەبێتە ئەو ئەزمونەی خۆمانی تێدا دەبینینەوە. واتە ئەو الله یەی لە ئەزەلەوە بەژن و باڵای ئێمە دەزانێت، لە ڕێگەی ئەو تاقیکردنەوەیەی ئێمەی پێدا تێدەپەڕێێت، ئەوەمان پشان دەدا کەوا لە چیدا هەتا چەندە بەرگە دەگرین، لە بەرامبەر کام بەڵا و موسیبەتەکاندا چۆنی هەڵوێست وەردەگرین، لە کوێدا ئارام دەگرین و لە کوێدا لا دەدەینە سەر خۆڵ، لە کوێدا دان بە خۆماندا دەگرین و ئارامگری پشان دەدەین، لە کوێدا هەڵوێستگەلێک پشان دەدەین کە وەک ناڕەزایی پشاندان بێت بەرامبەر قەدەرمان، تەواوی ئەمانەمان کت و مت وەک خۆی پشان دەدات. لەم ڕوانگەیەوە تاقیکردنەوەکان وەک ئەوەیە پێمان بڵێت” ئەوە عەرز و ئەوە گەز، ئادەی بەرزی باڵای خۆتان بپێوێن”. هەربۆیە یونس ئێمرەش دەڵێت” ئەم ڕێگەیە دوورە، نشێوی زۆرە، دەرچەی نیە و ئاوی مەنگی تێدایە”. لە ڕێگەی ئەمەوە گوزارشت لەوە دەکات کەوا مرۆڤەکان لە دونیادا دەشەپۆکێنرێن، بەسەر چەندین شتی تیژدا تێدەپەڕێندرێن، گوزارشت لەو حەقیقەتە دەکات، کە چەشنی ئاسنی ناو کورەی ئاگر، دەتوێنرێنەوە.

**

 

بە گوێرەی گەورەیی ئامانجەکان تاقیکردنەوەکان سەخت دەبن

الله لە سورەتی پیرۆزی بەقەرەدا دەفەرموێت:

وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوْفِ وَالْجُوعِ وَنَقْصٍ مِنَ الْأَمْوَالِ وَالْأَنْفُسِ وَالثَّمَرَاتِ وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ

 ” سوێند بێت، ئێوە لە ڕێگەی ترس، برسێتی، کەمبوونەوەی ماڵ و موڵک، لە دەستدانی گیان و بەرهەمەکانتان تاقی دەکرێنەوە، دەی تۆ مژدە بدە بەوانەی ئارام دەگرن لەم کاتانەدا”.(البقرة، ١٥٥)

 

لەم ڕێگەیەوە گوزارشتی لەوە کردووە، کە مرۆڤەکان توشی تاقیکردنەوەی جۆرا و جۆر دەبن. پاشان فەرمان بە سەردارمان دەکات کەوا مژدە بدات بەو کەسانەی لە کاتی ئەم بەڵا و میحنەتانەدا ئارام دەگرن. لەم ڕوەوە، وەک چۆن عیبادەتەکان پلەی مۆڤەکان لەلای خودا بەرز دەکەنەوە، تاقیکردنەوەی مرۆڤەکانیش کە بە عیبادەتی نەرێنی ئەژمار دەکرێت، هەتا ئەو کاتەی ئارامی لەسەر دەگیرێت، مرۆڤ لە گوناحەکان پاک دەکاتەوە و، بە مەقامی مەزن و باڵای دەگەیەنێت. هەربۆیە کاتێک الله مرۆڤەکان لەم تاقیکردنەوە بەرەو ئەوی دی پەلکێش دەکات و، لە ڕێگەی توخمی جیاوازی تاقیکردنەوەوە بە ئەزمونی جیاوازدا دەیانبات، ئەوەی لەسەرشانی کەسی ئیماندارە، دان بە خۆیدا بگرێت و ئارامگری پشان بدات، هەروەها ئەمە بکاتە هەلێک بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ خۆیدا بکات و چاوێک بە خۆیدا بخشێنێتەوە و، لێپرسینەوەی ئەوە لەگەڵ خۆیدا بکات، کە ئایا وەک ئاستی پێویست هەڵوێستی جوانی پشانداوە یاخود نا.

وەک دەڵێن “مغنم” بە گوێرەی”مغرم” دەبێت. واتە پاداشت بە گوێرەی ئەو ناڕەحەتیە دەبێت کە توشت دەبێت. مادام لەم بابەتەدا ئەمە دەستورێکی زۆر گرنگە، مرۆڤ بە گوێرەی نرخ و گەورەیی ئەو ئامانج و مەبەستەی دەیەوێت پێیبگات، سەختی تاقیکردنەوەکانیشی بە هەمان ڕادە دەبێت. بۆ نمونە شەهید بوون و فڕین بە ئاستێکی تری ژیان، جێدەرکەوتێکی زۆر گرنگە. بەڵام بوونە جێدەرکەوتی پێگەیەکی لەو شێوەیە، وابەستەی ئەوەیە لە ڕێگەی الله بجەنگیت و بریندار ببیت و، گیانت لە پێناویدا بەخت بکەیت. هەر بەم هۆیەشەوەیە، ئەو مرۆڤانەی کەوا دڵیان بە مەفکورەیەکی باڵا داوە، هەوڵی بەجێگەیاندنی داخوازیەکانی ئەو مەفکورە باڵایە دەدەن، هەرچی بەڵا و موسیبەتێک کەوا دێتە سەر ڕێگاکەیان، پێویستە بزانێت چۆنی بەرگەی دەگرێت، دان بە خۆیدا بگرێت و ئارامگری پشان بدات، هەروەها ئەوە بزانێت کە زۆر جار سەرەڕای بوونی خۆیشی لە ژیاندا بمێنێتەوە.

 

گەر خوازیارن با لەم خاڵەدا بوەستین و گوێ لەم وتانەی حەزرەتی پیر بگرین کە دەفەرموێت” بە درێژایی ٨٠ ساڵی تەمەنم، شتێک بە ناوی خۆشی دونیاوە نازانم، ژیانم هەمیشە لە مەیدانەکانی جەنگ، زیندانەکانی دیلێتی، چەرمەسەریخانە جیاوازەکاندا بەسەر بردووە. ئەزیەتێک نەماوە نەمخواردبێت و جەفایەک نەماوە نەمچەشتبێت. لە دادگا سەربازیەکانی چەشنی جانەوەرێک مامەڵەیان لەگەڵدا کردم. وەک سەرسەرییەک لەم مەملەکەتەوە نەفی ئەو مەملەکەتیان کردم. لە زیندانەکانی وڵاتدا، چەندین مانگ قەدەغەیان کردم لەوەی چاوم بە مرۆڤەکان بکەوێت. چەندین جار ژەهرانخواردیان کردم. ڕووبەڕووی سوکایەتی جۆراوجۆر بوومەوە، کاتێک وەها هەبووە، زیاتر لە ژیان هەزار جار ئاواتم بە مەرگ خواستووە. گەر دینەکەم منی لە خۆ کوشتن قەدەغە نەکردایە، ئەوا سەعید هەر دەمێک بوو لە ژێر خاکدا دەڕزی و نەمابوو”. کاتێک تاقیکردنەوەکانی ئەو حەزرەتە بەم شێوەیە سەخت بوو، لە بەرامبەردا الله ئەوی بۆ پلەکانی کامڵێتی مرۆیی بەرز کردەوە. ئێمە نازانین، لەوە دەچێت بە هۆی ئەو ناڕەحەتیانەی توشی بوون و ئارامگرتنی ئەو لەسەریان، الله بە مۆڵەت، چاودێری، کەرەم و لوتفی خۆی، ئەوی وەک ڕابەری کەسانی دوای خۆی لێکردبێت.

 

**

کەسانێکی لە ڕێگا بەجێماویش هەیە

مرۆڤ کەوا سەرتاسەری ژیانی بە  زنجیرەیەک تاقیکردنەوەدا تێدەپەڕێت، لەم دونیایەدا تەنیا لە ڕێگەی بەڵا و موسیبەتەوە توشی تاقیکردنەوە نابێت. لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی ئەو ئیحسان و سەرکەوتنە ماددی و مەعنەویانەی توشی دەبێت، بە تاقیکردنەوەدا تێدەپەڕێت. بەڵێ، مرۆڤ لە ژیاندا بە ڕێگەی وەهادا تێدەپەڕێت و توشی نشێوی وەها دەبێت، هەندێک لە شوێنەکان سەری ئەو دەخولێننەوە و، هەندێک لە مەقام و پایەکان – خودا بمانپارێزێت- پێکانی هەڵدەخلیسکێنن، لە کاتی تێپەڕین بە هەندێک لەو ڕێگایانەدا هەندێک لە میکرۆب و ڤایرۆسەکان بەسەرژیانی مەعنەوی مرۆڤەکەدا زاڵ دەبن.  بە کورتی مرۆڤ لە کاتی تێپەڕین بەسەر ڕێگاکەیدا، هەندێک جار لە ڕێگەی خۆش گوزەرانی، هەندێک جار لە ڕێگەی شانوشۆرەت، هەندێک جار بە هۆی پۆست و پایە، هەندێک جاریش لە ڕێگەی ستایش و پیاهەڵدانەوە توشی تاقیکردنەوە دەبێت.

ئیمامی غەزالیش، لە ڕێگەی ئەم نمونەیەوە باسی ئەم تاقیکردنەوانە دەکات: مرۆڤ بە عەزم و خۆڕاگریەکی گەورەوە ملی ڕێگەی بەهەشت دەگرێتە بەر. چونکە جوانیە سەرسوڕهێنەرەکانی ئەو شوێنەی بۆی دەڕوات، لە پێشتردا بۆی باسکراوە. بەڵام لە ڕێگا کاتێک دەچێتە شوێنێک کەوا ئاوەکان خوڕە خوڕیان دێت، درەختەکان شنە شنیان دێت، باڵندەکان جریوە جریویان دێت، شوێنێکی فێنک و سازگار کەوا سێبەر و سایەکەی مرۆڤ مرۆڤ بانگهێشتی ژیانێکی خۆش دەکات، لەو کاتەدا ئەو شوێنە فەرامۆش دەکات کەوا لە سەرەتاوە بۆی دەڕۆشت.  یەکسەر لەوێدا کوخێک بۆ خۆی دروست دەکات و بڕیاری مانەوە لەوێدا دەدات. لە ڕاستیدا ئەم نمونەیە، ڕێڕەوی ژیانی مرۆڤ بە شێوەیەکی زۆر کورت و پوخت دەخاتە ڕوو. ئیدی دەتوانن خۆیشتان شێوە جیاوازەکانی ئەم نشێویانەی دێنە سەر ڕیگای مرۆڤ، بە بیرتاندا بهێنن. واتە مرۆڤ بە درێژایی ڕێگاکەی، لەگەڵ حەزی بۆ ژیانی ڕەحەت و تەنپەروەری، دەشێت بە زۆر شتی ترەوە گیر بخوات و لە ڕێگا بەجێبمێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە بە بڕینی ئەم کۆسپانە، گەشتنی بە بەهەشت و زاتی ئولوهیەت کارێکی مومکین نیە.

**

هەڵپەی سەروەت

یەکێکی تر لە تاقیکردنەوە هەر گرنگەکانی ناو ژیانی مرۆڤ، بریتیە لە هەڵپە و ئارەزوی بەدەستهێنانی موڵک و ماڵ، سەروەت و پارە. هەروەها دەشێت بڵێین بە درێژایی مێژوو، ئەم بابەتە خاڵی لاوازی زۆرینەی مرۆڤەکان بووە. پێغەمبەری خوداش لە یەکێک لە فەرمودەکانیدا بەم شێوەیە گوزارشتی لەم حەقیقەتە کردووە:

لو أن لابن آدم وادياً من ذهب أحب أن يكون له واديان، ولن يملأ فاه إلا التراب

 

گەر مرۆڤ دۆڵێک ئاڵتونی هەبێت، ئاواتەخوازی دوو دۆڵ دەبێت. جگە لە خۆڵ هیچ شتێک نیە کەوا دەمی مرۆڤ پڕ بکات، ئەگەرچی الله لەو کەسانە خۆش دەبێت کە دەگەڕێنەوە و تۆبە دەکەن.(البخاری، الرقاق؛ المسلم، الزکاة) بەڵێ هەڵپەکردن بە شێوەیەک کەوا تێرخواردنی بۆ نەبێت، هەوڵدان بۆ ئەوەی ببیتە خاوەنی کۆمپانیا و هۆڵدینگی گەورەتر، هەوڵدان بۆ ئەوەی دەست بەسەر هەموو شتێکدا بگریت، خاڵی لاوازی زۆرینەی مرۆڤەکانە. لە ڕاستیشدا زۆرینەی شەڕ و پێکدادانەکانی ناو کۆمەڵگا، بە هۆی بەرژەوەندی و کێبڕکێیەکی لەم شێوەیەوەیە. موحیدینی عەرەبی ئەو کاتەی لە شام دەستگیری دەکەن، قاچی بە زەویدا دەکێشێت و دەڵێت” ئەوەی ئێوە دەیپەرستن، لە ژێر پێکانی مندایە”. هەندێک هەن ئەم قسانەی ئەو بە هۆکاری مولحید بوونی ئەو ئەژمار دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە حەزرەت لەبەر ئەوەی بە باشی ئەوەی دەزانی کە دوێنراوەکانی چەشنی قارون دڵیان بە پارە داوە و، لە هەمان کاتدا دەستیان بە پەرستنی کردووە.  بابەتی ئەوەی بە قاچەکانی دەدا و بە زەویدا و دەیوت “ئەو خودایەی ئێوە دەیپەرستن لە ژێر قاچەکانمدایە”، دوای ماوەیەکی زۆر ئەوە ئاشکرا بوو کە لە ژێر قاچەکانیدا گەنجینەیەکی شاراوە هەبووە و، بەو شێوەیە ئاماژەی بۆ خۆشەویستی ئەوان بۆ پارە کردووە.

بە داخەوە ئەم بابەتە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، بووەتە یەکێک لەو هۆکارانەی کەوا زۆرێک لە مرۆڤەکان چەندین جار لە پێناویدا دەمرن و زیندوو دەبنەوە. هێندەی هەموو دونیا دونیاپەرست هەیە کە لە ڕێگەی “خۆزگە خانوویەکم دەبوو” دەست پێدەکات و، دواتر دەڵێت” با خانوویەک بۆ کوڕەکەم بکڕم، با خانویەک بۆ کچەکەشم دەستبخەم، نەوەکانیشم ڤیلایەکیان هەبێت”. هەروەها دەشێت چاوتان بە کەسانێک بکەوێت کە لە پێناو خزمەتی ڕێگەی الله دەستیان بە کارەکانیان کردووە، بەڵام دواتر هێندەی ئەوەی پارە بپەرستن، بە دوای ئەم جۆرە ئارەزووانەی خۆیاندا ڕایانکردووە. کەسانێکی وەها هەن، ئەو موچەیەی وەریدەگرێت بە بەسی نازانێت، لە پێناو ئەوەی زیاتری دەست بکەوێت، ژیانی خزمەت بە دین و گەلەکەی بەجێدەهێڵێت، بەم شێوەیە دەستبەرداری ڕێگەی پێشینە چاکەکان دەبێت و، ملی ڕێگەی ئەهلی دونیا دەگرێت.

 

**

 

ئارەزووی شەهوەت

بە تایبەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا یەکێکی تر لە هۆکارەکانی تاقیکردنەوە بریتیە لە ئارەزوی شەهوەت. لەگەڵ ئەوەی ئارەزوی شەهوەت بە درێژایی مێژووی بەشەریەت توخمێکی سەختی تاقیکردنەوە بووە، لەمڕۆدا وەک تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەختتری لێهاتووە.

حەزرەتی مەولانا، لە مەسنەویەکەیدا چیرۆکێک سەبارەت بە لاوازی مرۆڤەکان لە ڕووی شەهوەتەوە دەگێڕێتەوە، ئەم چیرۆکە گفتوگۆیەکی نێوان شەیتان و جەنابی حەقی لە خۆ گرتووە، کە ڕاستتر وەهایە بڵێین شەیتان زمانێکی زۆر بێ ئەدەبانە لە بەردەم جەنابی حەقدا بەکاردەهێنێت. لە قورئانی کەریمیشدا ئاماژە بە زۆرێک لە گفتوگۆکانی شەیتان کراوە، کە زیاتر لەسەر شێوازی دێماگۆجیە و قسەی نەشیاو دەکات. بەڵام حەزرەتی مەولانا، لێرەدا ڕوویداوێکی جیاواز دەگێڕێتەوە:

شەیتان لە بەردەم جەنابی حەقدا ئاماژە بەوە دەکات کەوا جەنابی حەق سوک و ڕسوای کردووە و توشی دۆڕانی کردووە. شەیتان لە بەرامبەر ئەمەدا داوا لە جەنابی حەق دەکات، کەوا هەندێک شتی پێبدات، هەتا لە ڕێگەیەوە مرۆڤەکان لە ڕێ لابدات، لە دژیان بەکاری بهێنێت و سەریان لێبشێوێنێت. جەنابی حەقیش هەندێک شتی وەک سەروەت و سامان و شانوشۆرەت پێدەدات. بەڵام ئەو دڵی بە هیچ کام لەم شتانە خۆش نیە. دواتر کاتێک پێی دەڵێت” با ئیمکانی ئەوەشت پێبدەم کەوا ژنان لە دژی پیاوان، پیاوانیش لە دژی ژنان بەکاربهێنێت” شەیتان هێندە دڵی خۆش دەبێت، زڕوخرخاڵ دەبەستێت و دەست بە سەما دەکات.

ئەگەرچی ئەم بەسەرهاتە لە سەرچاوە سەرەکیەکاندا ئاماژەی پێنەدراوە، بەڵام ئەوەی لەم چیرۆکەدا بە نیسبەت ئێمەوە گرنگە، ئەو حەقیقەتەیە کە گوزارشتی لێدەکات. بەڵێ، بە نیسبەت هەندێک لە فیترەتەکانەوە، گرنگترین توخمی تاقیکردنەوە بریتیە لە شەهوەت. دەتوانین ئەم حەقیقەتە بەم فەرموودەیەی سەردارمانەوە ببەستینەوە:

حُجِبَتِ النَّارُ بِالشَّهَوَاتِ وَحُجِبَتِ الْجَنَّةُ بِالْمَكَارِهِ

دۆزەخ بە شەهوەت چواردەوری تەندراوە، بەهەشتیش بە ناڕەحەتی و ئەو شتانەی بەلای نەفسەوە خۆش نیە، چواردەوری گیراوە.

 

بەڵێ لە بەرامبەر ئەوەی بە ئاڕاستەی بەهەشت ڕێگەیەکی دوور و درێژ هەیە، کە نشێوی زۆرە و دەرچەی نیە، ئاوی مەنگ و دەریای پڕ تەڵەزگەی خوێنین هەیە؛ لەسەر ڕێگەی دۆزەخیش خواردن و خواردنەوە، پاڵکەوتن لەسەر گوێکان و ئەو شتانە هەیە کەوا بە لای نەفسی مرۆڤەوە خۆشن.هەرمرۆڤێکیش دەست بەمانەوە بگرێت، بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت، بەرەو خوارتر لە هەموو خوارەوەکان، پەلکێش دەبێت.

**

 

ئارەزوی شانوشۆرەت

ڕاکردن بە دوای پۆست و پلە و پایە، بەستنەوەی کارەکانمان بە دەستخۆشی کەسانی ترەوە، یەکێکی ترە لەو تاقیکردنەوانەی کەوا زۆر کەس تێیاندا دۆڕاوە. حەزرەتی پیریش لە مەسنەوی نوریەدا، لە بابەتی ٦ هێرشەکەی شەیتاندا بە دەستەواژەی” حب الجاه”، ئاماژەی بەم بابەتە کردووە، بە بەڵایەکی ژەهراوی شوپهاندووە. ئەمەش یەکێکی ترە لەو خاڵە لاوازانەی هەندێک لە مرۆڤەکان گیری پێوە دەخۆن و پێویستە هەرگیز ئەوە فەرامۆش نەکەین، لاوازی مرۆڤ لەم بابەتەدا بە ڕادەیەکە، کە تەنانەت دەڵێت” با خەڵکێکی زۆر بەشداری جەنازەکەم بکەن” و بەم شێوەیە خەمی پاش مەرگیشی بۆ دەخوات. کەسێکی لەم شێوەیە لە دونیادا شتێک نیە لەم پێناوەدا ئەنجامی نەدات.

پەروەردگارم هەمووتان لە کەوتنە ناو ئەم بۆشاییە کوشندانە بپارێزێت، بە ڤیزەی ئیمان و شعوری ئیحسانەوە، چوون بۆ ژیانی ئەولامان بە نسیب بکات.

 

 

 

  

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *