خاسیەتەکانی مرۆڤی ئیماندار

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا زیاتر لە هەموو شتێک، ئاتاجیمان بە مرۆڤگەلێکی ئایدیاڵ هەیە، ببێتە ڕابەری نەوە و کۆمەڵگایەکی بەرپرس، کەوا بە شعوری ئەنجامدانی ئەرکەکانی بەرامبەر الله، خۆی بخواتەوە.

پێویست بە ڕابەرگەلێکی ئایدیاڵ هەیە، کە  مرۆڤایەتی لە چاڵە دۆزەخیەکانی ئیلحاد، جەهالەت، گومڕایی و ڕێچکەشکێنی(ئەنارشیەت) ڕزگار بکات کەوا چەندین سەدەیە لە نێویاندا پەلەقاژە دەکات و ، بیانگەیەنێت بە ئیمان، عیرفان و ڕێگەی ڕاست و حزور…

لە سایەی ئەم مێشکە بلیمەتانەوە، کەوا لە هەموو سەردەمێکی گێژاوی دینی و فکری و کۆمەڵایەت و ئابوری و ئەخلاقی، کۆمەڵانی خەڵکیان ڕۆشنکردۆتەوە کەوا لە نێو تەنگژەکاندا لولوپێچیان خواردووە، مرۆڤ و گەردون و تەواوی بوونیان سەرلەنوێ ڕاڤە کردۆتەوە و، تەنانەت پشتی پەردەی بوونیشیان سەرلەنوێ ڕاڤە کردۆتەوە، گرێ کوێرەکانی ناو هەست و هزری ئێمەیان کردۆتەوە؛ هەربۆیە مرۆڤایەتی لە سایەی ئەوانەوە پەنج جار کفنی مەرگی دڕیوە و کراسی بەریان لێ دووریوە… لە سایەی ئەو جۆرە کەسانەوە ٥٠ جار شت و ڕووداوەکانیان سەرلەنوێ ڕاڤە کردۆتەوە. کتێبی بوون کەوا لە سایەی لۆجیکی کرچوکاڵەوە ڕەنگی پەڕیوە و پەژموردە بووە و ڕەنگی بێ هودەیی لێ نیشتووە، بە تەواوی قوڵێتی خۆیەوە هەستیان پێکردووە و بیستوویانە و، چەشنی میوزیک گوزارشتیان لێکردووە. توانیوێتی وەک پێشانگایەک تەماشای بکاتەوە… تەواوی شتەکانی بوون بەش بەش، دێڕ بە دێڕ بە شیکاریدا تێیپەڕاندووە و حەقیقەتە شاراوەکانی ناو ڕۆحی گەردونی دەرهێناوە.

گرنگترین خاسیەتی ئەم کەسە پیرۆزانە کەوا بوونەتە جێدەرکەوتی، بریتیە لە ئیمانیان و هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ گەیاندنی ئیمان بە کەسانی تر. لە سایەی ئەم ئیمان و تێکۆشانەیانەوە، باوەڕیان بەوە هەیە کەوا دەتوانن هەموو شتێک تێبپەڕێنن و بە الله و حزوری ڕاستەقینە بگەن، دونیا بە بەهەشتەکان بگۆڕن و هەواری خۆیان لە فیردەوسەکانی ژیانی ئەولا هەڵبخەن، بە تامەزرۆیی گەشتن بە ژیانی ئاخیرەتەوە، ژیانی دونیا و ئەو خزمەتانەی ئەنجامی دەدەن، چەشنی ئەوەی لە بنار و قەدپاڵەکانی بەهەشتدا بسوڕێنەوە، هەستی پێدەکەن.

لە ڕاستیدا پلەی ئیمانی مرۆڤەکان هەرچەندێک بێت، هیچ دووزەنەیەک، هیچ تێزێک، هیچ فەلسەفەیەک هێندەی ئیمان کاریگەری ئەرێنی لەسەر مرۆڤایەتی جێنەهێشتووە. ئیمان کاتێک بە چوارچێوەی ڕاستەقینەی خۆیەوە، خۆی بە ناو دڵی کەسێکدا دەکات، لە پڕێکدا بیرکردنەوەی ئەو کەسە سەبارەت بە گەردون و شتەکان و الله گۆڕانکاری بەسەردا دێت و قوڵ دەبێتەوە، بەرفراوانیەکی وەها بەدەستدەهێنێت، چەشنی ئەوەی تەواوی بوون لەبەردەمیدا پەڕەی کتێبێک بێت، هەڵیدەداتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات. ئیدی هەتا ئەو ڕۆژە شتەکانی چواردەوری کە هەتا ئەو ساتە بایەخی پێنەداون و تەنانەت بە بێ گیان و بێ واتا هاتوونەتە پێش چاوی، دەستبەجێ لە بەردەمیدا دەبنە بوونەوەرێکی گیاندار و، وەک دۆست و هاوڕێیەکی خۆی لێدێت و بە شەفقەتەوە لە ئامێزیان دەگرێت. لەم کەشوهەوا گەرموگوڕەدا، مرۆڤ دەست دەکات بەوەی لە خۆیی و، نرخی ڕاستەقینەی خۆی تێبگات. ئیدی درک بەوە دەبات کە خۆی پارچەیەکی خاوەن شعوری ناو بوونە. ئیدی دەگات بە ڕازی ئەو لول و پێچانەی لە نێو دێڕ و پەڕەکانی  گەردونەوە ملی ڕێگەیان گرتووە و دەڕۆن. چەشنی ئەوەی لێدێت کەوا درکی بە پەردەی پشتی شتەکان بردبێت… لەم کاتەدا لە زیندانی بەرتەسکی دونیایەکی سێ ڕەهەندی ڕزگاری دەبێت و خۆی لە نێو فراوانیەکانی جیهانی بێ کۆتادا دەبینێتەوە.

بەڵێ هەموو کەسێکی ئیماندار، بە گوێرەی ئەو پلەیەی لە ئیماندا هەیەتی، لە سایەی ئەو هزرانەی لە قوڵاییەکانی ناخیەوە قوڵپەیان دێت، لە نێو سنوردارێتی خۆیدا بێ سنوری بەدەستدەهێنێت و، لە حاڵێکدا بەستراوەی ناو کات و شوێنە، چەشنی قومری ناو ڕەهایی لێدێت و، دەگاتە ڕیزی ئەو بوونەوەرانەی لەسەروی کاتەوەن و، گوێ لە نەغمەی فریشتەکان دەگرێت.

 

ئەم بوونەوەرە گەورەیەی کەوا لە ڕواڵەتدا بچوک دیارە و، لە سەرەتاوە لە دڵۆپەیەک ئاو و لێڵاوی تێکەڵەیەک لە قوڕ ئەفرێندراوە، هێندەی زەمینەی بۆ ئەو هەناسە ئیلاهیەی تێیدایە خۆشکرد هەتا دەربکەوێت، بەرفراوان دەبێت و، چەشنی بوونەوەرێکی دەراسای لێدێت، کە ئەرز و ئاسمان نەیگرێتە خۆیی و، چیدی سەرەتا و کۆتایی نابێت و، چۆنیەتیەتیگەلێکی وەها وەردەگرێت کەوا هێندە چەندێتیەکانی نێوان جەمسەرەکانی گۆی زەوی بێت.

لە نێو ئێمەدا دەسوڕێتەوە، لەگەڵ ئێمەدا هەڵدەستێت و دادەنیشێت، قاچەکانی بە هەمان ئەو شوێنانەدا دەنێت کەوا ئێمەش پێی پێدا دەنێین، سەری دەخاتە سەر هەمان ئەو بەرماڵەی کەوا ئێمەش سەری دەخەینە سەر، بەڵام ئەو لە کاتی سوجدەدا کەوا قاچەکانی و سەری لەسەر هەمان خاڵ دەبن و چەشنی ئەڵقەیەکی بازنەیی لێدێت، ئەم سوجدەیە وەک ڕەمپەیەک بۆ نزیک بوونەوە لە الله بەکاردەهێنێت و،  بە یەک جوڵە دەگاتە ئاسۆی ئەوەی نزیکترین کەسەکان لە الله بێت…ئیدی لەگەڵ ڕۆحانیەکاندا لە هەمان ئاسماندا لە شەقەی باڵ دەدات و، لە نێو دونیادا وەک کەسێکی ئاخیرەتی ژیان بەسەر دەبات.

دڵێکی لەم شێوەیەش، هێندەی ئەو پێگەشتن و پێشکەوتنەی هەستە مرۆییەکانی بە خۆیەوە دەبینێت، هەموو کاتێک تاکێتی خۆی تێدەپەڕێنێت و، دەبێتە کەسێکی فرەگیر و ئامێز بۆ تەواوی مرۆڤەکان دەکاتەوە…  دەستی یارمەتی بۆ هەموو کەسێک درێژ دەکات. وە لەوپەڕی هەستەکانی ناخیەوە سڵاو لە سەرتاسەری بوون دەکات… چاوی بە هەرشتێک و کەسێک دەکەوێت، ڕەنگی دەرکەوتی درەوشانەوە ئیلاهیەکانیان تێدا بەدی دەکات، سەیری ڕووتەختیان دەکات و گوێ لە دەنگەکانیان دەگرێت. هەموو کاتێک لە فرێکانسێکی جیاوازدا خۆی بە نێو چاودێری هاتوهاواری نێو ئاسمانەکاندا دەکات، چەشنی ئەوەی لێدێت کەوا دەنگی شەقەی باڵی فریشتەکان ببیستێت… ئیدی لە دەنگی چەخماخەی تۆقێنەری هەورەبروسکەکانەوە هەتا دەگاتە نەغمەی دڵکەرەوەی باڵندەکان، لە شەپۆلی پڕ خۆشەویستی دەریاکانەوە، هەتا خوڕەی ئاوی ڕووبارەکان کەوا هەستی بێ کۆتایی بە ئاگا دەهێننەوە، لە ناڵەی ئەفسوناوی دارستانە تەنهاکانەوە، هەتا دەگاتە ئەدای پڕ هەیبەتی لوتکەی شاخە هەڵەموتەکان کە وەها دیارن سەریان بۆ ئاسمان هەڵبڕیوە، لەو شنەبا ئەفسوناویانەوە کەوا هەردەم دەست بەسەری بەرزاییە سەوزەکاندا دەهێنن،هەتا دەگاتە ئەو بۆنە لە هۆشبەرانەی لە باخ و باخچەکانەوە بە چواردەوردا بڵاو دەبێتەوە، چاویان بە زەریای جوانیگەلێکی زۆر بەرفراوان دەکەوێت و، دەیبیستن و گوێی لێدەگرن و دەڵێن” بە ڕاستی ژیان هەر بەم شێوەیەیە” و لەگەڵ تەواوی شت و واتاکانیان کەوا لە ڕۆح دەچێت ئەویش هاواری لێهەڵدەستێت و، هەوڵ دەدات هەناسەکانی لە ڕێگەی نزا و تەسبیحاتەوە بگەیەنێتە نرخی ڕاستەقینەی خۆیان. هەموو کاتێک سەری بۆ زەوی دانەواندووە، چاویشی بە نیگایەکی ئاشنای چاوەڕوانییەوە،هەردەم لەسەر درزی ئەو دەرگایەیە، کەوا هەردەم هیوای کرانەوەی پێیەتی. بە هیواوە چاوەکانی دەکاتەوە و دایدەخات… بە تامەزرۆییەوە سەیری پشتەوەی دەرگاکە دەکات. چاوەڕێی ئەو کاتژمێرە شەرەفمەندانە دەکات کەوا ونبوون و غوربەت ڕادەماڵدرێن و دەڕۆن، حزور و قوربەتیش وەک سوکنایی دێن و ئامێزانی ڕۆح دەبن.هەوڵی دۆزینەوەی وەڵامگەلێک بۆ ئارەزووەکانی بەیەککشادبوونەوەی ناو ڕۆحی دەدات. هەندێک جار دەفڕن و، هەندێک جار بە هەنگەشەلێ، دەستلەملانی هەموو کەسێک و شتێک دەبن و، بەرەو ڕووی ئەو ڕادەکەن. لە هەموو خاڵێکدا لەگەڵ سێبەری شەبێکی عەروسی نوێ ژیان بەسەر دەبەن. لە هەموو قۆناغێکدا ئاگری حەسرەتێکی جیاواز دەکوژێنێتەوە و لە هەمان کاتدا بە ئاورنگێکی نوێ گڕ دەگرێت و دەست بە سوتان دەکات. کێ چووزانێت، لە ڕۆژێکدا چەند جار بە شنەباکانی هاودەمی(انس) خۆی بە ئابڵۆقەدراوی دەبینێت و، لە بەرامبەری تەنیایی و و حاڵی پڕ ئازاری ئەوانەی هەست بەم دەستکەوتانە ناکەن، دەچەمێتەوە.

بەڵێ، ڕۆحێک کەوا بەم ڕادەیە فراوانبوونی بە خۆیەوە بینیبێت، هەردەم لەسەر ئەو ڕەمپە و سەکۆیانەی کەوا بە ڕووی جیهانە نفتونۆکاندا دەکرێتەوە، هەتا پێی بکرێت خۆی دەخواتەوە و، لە ناخیدا هەست بە عەزم و خۆڕاگرییەکی دەراسای وەها دەکات، کە حاڵی ئاسایی مرۆڤەکان تێدەپەڕێنێت.

ئیدی لە سایەی ئەو ئیمانەی خاوەنێتی و ئەو هێزەی لە پشتی ئیمانەکەیەوە هەیە، بیر لەو جێدەرکەوتانە دەکاتەوە کەوا دەشێت پێی بگات و، بیر لەو سەرکەوتنانە دەکات کەوا لە داهاتوودا واژۆیان لەسەر دەکات. ئاسۆی کراوە، بەردەمی کراوە، ئیرادەی ئازاد و دڵی پڕ حزور، بێ ئەوەی هەست بە هیچ ماندوویەتیەک بکات، بێ وچان هەر ڕادەکات. لە هەر هەوارێکدا کەوا پێی دەگات، بایەخی بۆ خۆیی و چواردەوری زیاد دەبێت و قوڵتر دەبێتەوە.

هەر هێندەی بەمە حاڵەی گەشت، لەسەر لێواری حزور و ئاسوودەییەک کەوا بڕانەوە و تەواوبوونی بۆ نیە، وێرای ئەو هەموو پاڵنەری غوربەت و تەنیاییەی بە نیسبەت کەسانی ترەوە بوونیان هەیە، ئەو هەرگیز لە ڕێگەی خۆیدا توشی غوربەت و تەنیایی نابێت، چونکە باش دەزانێت کەوا لە کوێوە هاتووە و لەبەرچی هاتووە، بەرەو کوێ ئاڕاستە دەکرێت، ئاگای لە تەواوی تاوتوێکانی دونیایە و، شعوری ئەوەی هەیە کەوا لە کام کایەدا خەریکی ڕاکردنە، هەربۆیە نە توشی ناڕەحەتی ڕێگا دەبێت، نە ئەو ترس و نیگەرانی و  ناسۆریانەی هەیە، کەوا توشی کەسانی تر دەبێت. متمانەی بە الله هەیە، بە هیواوە شاباڵ دەگرێت و بە خولیای شین شینی سبەینێ پڕ شادییەکانەوە ، بەردەوام خەریکی قومدانە لە نەشوەی گەشتن بە لوتکەکان.

بەڵێ، قارەمانانی ئەم ئیمانە فراوانە، لەلایەک هێندەی ئەو قوڵێتیەی لە ئیمانیاندا هەیانە، ئەو ڕێگایانەی کەوا خەڵکی بە هەڵبەز و دابەز تێیدا دەڕۆن، ئەوان چەشنی ئەوەی لە بنارەکانی بەهەشتدا خەریکی گەشت و گەڕان بن، بە هەناسەی ئاسودەییەوە ملی ڕێگەیان گرتووە، لەلایەکی ترەوە لە سایەی ئەو پەیوەندیەی لەگەڵ جەنابی حەق هەیانە، دەتوانن تەحەدای تەواوی گەردون بکەن، بەسەر هەموو شتێکدا زاڵ ببن، تەنانەت گەر قیامەتیش هەستیت نیگەرانی ڕوو لەوان ناکات و، گەر دۆزەخیش بێتە بەردەمیان، ترس دایانناگرێت و لە شوێنی خۆیان پاشەکشێ ناکەن.

هەمیشە سەریان بەرز ڕادەگرن و، جگە لە الله هەرگیز لە بەردەمی کەسدا ناچەمێنەوە. سڵ لە کەس ناکەنەوە، چاوەڕێی هیچ شتێک لە کەس ناکەن، خۆیان ناکەن بە ژێر منەتباری کەسیشەوە. ئەو کاتەی دەبەنەوە و لەم سەرکەوتنەوە بەرەو ئەو سەرکەوتنیش ڕادەکەن، لەلایەکەوە بە نیگەرانی ئەوەی بە تاقیکردنەوەدا تێدەپەڕن هەڵدەلەرزن بە لەرزین، لەلایەکی ترەوە بە هەستی شوکرانەبژێرییەوە دەبن بە دوو کەرتەوە و، فرمێسکی شادی لە چاوەکانیان دەڕژێتە خوارەوە. ئەو کاتەشی توشی دۆڕان دەبن، دەزانن چۆنی ئارام دەگرن، بە عەزمەوە خۆیان دەخۆنەوە و بە ئیرادەیەکی دەمەزەردکراوەوە دەڵێن” لە سەری ساڵانەوە” و ملی ڕێگە دەگرنەوە. نە لە بەرامبەر نیعمەتەکان بوغرا دەبن و بەدنمەکی دەکەن، نە ئەو کاتەی توشی بێبەشبوون دەبن دەکەونە ناو هیوابڕاوییەوە.

لە کاتی مامەڵەیان لەگەڵ مرۆڤەکاندا هەڵگری دڵێکی پێغەمبەرئاسایانەن، هەموو کەسیان خۆش دەوێت، هەموو کەس لە ئامێز دەگرن، لە هەمان کاتی ئەوەی کەموکورتی هەموو کەسێک نادیدە دەگرن، لە بەرامبەر بچوکترین هەڵەدا لێپرسینەوە لەگەڵ خۆیاندا ئەنجام دەدەن، تەنیا لە کاتی ئاساییشدا لە هەڵەکانی چواردەوریان خۆش نابن، بەڵکو لە کاتی توڕەییشیاندا لە هەڵەکان خۆش دەبن و، لەگەڵ بێخودترین ڕۆحەکانیشدا دەتوانن هەڵبکەن. لە راستیدا دینی ئیسلام، ڕێوشوێنی ئەوە پشانی شوێنکەوتووانی خۆی دەدات، هەتا هێندەی لە دەستیان دێت کەسانێکی لێبوردە بن، خۆیان بە نەفرەت و کینە نەدۆڕێنن و، هەستی تۆڵەسەندنەوە دایان نەگرێت، لە ڕاستیشدا ئەوانەی هەردەم بە شعوری ڕۆشتن بەرەو الله ملی ڕێگەیان گرتووە، جگە لەمە بوونیان بە شێوەیەکی تر جێگەی باس نیە. لەوە بگەڕێ بە شێوەیەکی تر ڕەفتار بکەن و بیر بکەنەوە، ئەوان لە هەموو هەستان و دانیشتنێکیاندا هەر بە دوای چاکەی کەسانی تردا دەگەڕێن، هیوای چاکەیان بۆ دەخوازن، هەوڵی ئەوە دەدەن خۆشەویستی ناو ڕۆحیان هەردەم بە زیندوویی بهێڵنەوە، لە دژی بوغز و کینەش جەنگێکی نەبڕاوە ئەنجام دەدەن. هەڵە و گوناحەکانیان بە گڕی پەشیمانی دەسوتێنن و دەیکەنە خۆڵەمێش، ڕۆژانەش چەندین جار دەست دەدەنە یەخەی ئەو خراپانەی لە چیەتییاندا هەیە. لە دڵی خۆیانەوە دەست بە کارەکانیان دەکەن، لە هەموو کون و قوژبنێکدا زەمینە بۆ سەوز بوون و گەورەبوونی نێونەمامەکانی جوانی و چاكە ئامادە دەکەن، لە ڕوانگەی فەلسەفەکەی ڕابیعەتول عەدەوییشەوە، هەموو شت و کەسێک تەنانەت گەر ژەهریش بێت، وەک شەکر و شەربەت قبوڵ دەکەن، تەنانەت ئەوانەی بە نەفرەت و کینەوە هاشاوڵیان بۆ دەهێنن بە زەردەخەنەوە پێشوازییان لێدەکەن، تەنانەت بەرامبەر دەستدرێژیکەرترین سوپاش، بە چەکی نەبەزیوی خۆشەویستی بڵاوەیان پێدەکەن.

ئەوان الله یان خۆش دەوێت و، الله ش ئەوانی خۆش دەوێت. هەردەم بە هەیەجانی خۆشەویستیەوە جۆش و خرۆشیان تێدایە و، بە هەستی ئەوەشی خۆش دەویسترێن هەردەم مەست و مەخمورن. باڵەکانی خاكەڕاییبوونیان هەردەم لە زەوی دەخشێت، بە نەشوەی ئەوەی گوڵیان لێبڕوێت، هەمیشە تینوی ئەوەن ببنە خاک.

هێندەی ئەوەی ڕێز لە کەسانی تر دەگرن، لە هەمان کاتدا بە تەنگی کەرامەتی خۆیشیانەوەن، هەرگیز ڕێگە بەوەش نادەن کەوا لێبوردەیی و شەفقەت و نەرمونیانی و نەزاکەتیان وەک خاڵی لاوازی  لێکدانەوەی بۆ بکرێت. گەر پێویستی کرد، بێ ئەوەی ساتێک دوودڵ بن، ژیانیان بە کەم دەگرن و ملی ڕێگەی ئاخیرەت دەگرن. کاتێک لەسەر بیروڕای خۆیان دەژین، گوێ بۆ ڕەخنە و دەستخۆشی هیچ کەسێک هەڵناخەن، گوێیان هەڵناخەن و، تەنیا و تەنیا سەرنجی ئەوە دەدەن ڕەنگی زەریای بیرکردنەوەی خۆیان نەژاکێنن، چونکە ئەوان عەزمی ئەوەیان هەیە هەردەم ئیماندارێکی چاک بن.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *