خزمەت لە کاتە سەختەکاندا!

پرسیار: سەختبوونی هەلومەرجەکان، زیاد بوونی فشار و زوڵمەکان دەشێت لە هەندێک کەسدا هیوابڕاوی دروست بکات، لەم جۆرە حاڵەتانەدا پێویستە چی ئەنجام بدرێت هەتا پارێزگاری لە ڕێچکەی ڕاست بکرێت؟

 

وەڵام: لێرەدا پێویستە تایبەتمەندیەک بە بیری هەموو لایەکدا بهێنمەوە:

نابێت بە هۆی ڕواڵەتی دەرەوەی ڕووداوەکان فریو بخۆین. لەوە دەچێت هەندێک بە هۆی هێز، دەسەڵات، بڕینی هەرچیەک دەستی دەدەنێ و، تێپەڕینی ڕووداوەکان لە بەرژەوەندی ئەوان، فریو بخۆن. پێدەچێت بە هۆی ئەم شتانەوە گومانی ئەوە ببەن، دەتوانن بە هەر شتێک بگەن، کە بە ئامانجیان گرتووە.

ئەگەرچی زۆرن ئەوانەی چەشنی ئیمامی ئاڵڤار دەڵێت : زۆر باڵا بەرزی سنەوبەرئاسا، زۆر سوڵتانی ڕەنگ گوڵ، زۆر خانی چەشنی خوسرەوخان، بێ ئەوەی هیچیان پێبکرێت و بە ئامانجیان بگەن، قوڵپ بوونەتەوە و لەناوچوون.

لەلایەکی ترەوە کەسانێکی خاکی چەشنی ئەبو عوبەیدە، سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس، قەعقاع، تاریقی کوڕی زیاد، قەڵاگەلێکیان ڕووخاندووە کە گومانی نەڕوخانیان پێبردراوە، دەریاگەلێکیان بڕیوە کە گومانی نەبڕینیان پێبردراوە، شوێنگەلێکیان تێپەڕاندووە کە بە ناتێپەڕ بنیراون و، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا واژۆیان لەسەر زۆرێک لە سەرکەوتنەکان کردووە.

 

“بۆ گەشتن بە قیامەتی سەرو قیامەتەکان…”

گەر بابەتەکە بە ڕوونکردنەوەی یەکێک لە ئایەتە کەریمەکان ببەستینەوە کە دەفەرموێت:

ذَلِكَ فَضْلُ اللهِ يُؤْتِيهِ مَنْ يَشَاءُ وَاللَّهُ ذُو الْفَضْلِ الْعَظِيمِ

 

واتە ئەمە فەزڵ و ئیحسانی پەروەردگارە بە هەرکەسێکی دەبەخشێت کە خۆی خواستی لەسەر بێت، بە ڕاستی الله خاوەن فەزڵ و ئیحسانێکی گەورەیە.

لەم ڕوانگەیەوە ئیمانداری ڕاستەقینە، نە بە هۆی فراوانبوونی ئیمکانەکانیەوە لە خۆی غەڕا دەبێت، نە بە سەختبوونی هەلومەرجەکانیش دەکەوێتە ناو هیوابڕاوییەوە. نەفسی لە خوار هەموو کەسێکەوە ڕادەگرێت و، لە بەجێگەیاندنی ئەرکیشدا لە هەموو کەس باڵاتر دەبێت. دەشێت مرۆڤ خۆی بە بچوک ببینێت. وەها بیر بکاتەوە کە لاواز و بێ دەسەڵاتە. لەوە دەچێت هەر لە ڕاستیشدا بەو شێوەیە بێت. بەڵام ئەو کاتەی متمانە و پەنای بردە بەر گەورەی هەموو گەورەکان کە زاتی زولجەلالە، سەرکەوتوو دەبێت لە ئەنجامدانی زۆر کاری گەورە، کە بینەرانی پێ سەرسام و حەیران دەبێت.

 

وەک سەرداریشمان لە یەکێک لە فەرمودەکانیدا ئاماژەی پێکردووە:

زۆر کەسی وەهایە کە سەروقژیان تێکئاڵۆسکاوە و بچنە هەر شوێنێک دەست بە ڕوویانەوە دەنێن، بەڵام هەر کاتێک دەستەکانی بەرز کردەوە و وتیان ” ئەی پەروەردگارم”، دەستەکانی بە بەتاڵی ناهێنێتە خوارەوە.

پێدەچێت کەسانێکی لەو شێوەیە بە داماو و دەربەدەر بێتە پێش چاوتان.  بەڵام هەرچیەک بێت، ئەوان لەلای خودا نرخێکی بەرزیان هەیە. ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا چەشنی بینا داڕوخاوەکان بێنە پێش چاو، بەڵام لە ڕاستیدا ناوەوەیان پڕ لە گەنجینەیە.

الله، زۆر ئامانجی گرنگ و ئەرکی گەورە بە دەستی ئەم مرۆڤانە دەهێنێتە دی، کە وەک لاواز و دەربەدەر دەبینرێن.  چونکە ئەو جۆرە کەسانە خاوەنی بێگەردیەکی زۆر جددی دڵیانن. لە دڵەوە ڕوویان لە پەروەردگاریان کردووە. خۆیان سفر کردۆتەوە و زەڕبێکیان بەسەردا هێناوە. ئەم تایبەتمەندیەی ئەوان وەک هاوار و بانگهێشتێکی زۆر گرنگ بۆ هاتنی چاودێری و ڕەحمەتی جەنابی حەقی لێهاتووە و، خودا بەم شێوەیە ئەوانی سەرخستووە. هەربۆیە ئەوەی گرنگە لێرەدا بریتیە لە بەدەستهێنانی خۆشحاڵی و ڕەزامەندی خودا. واتە دەستبەرداری هێز و دەسەڵاتی خۆمان ببین و پەنا بۆ بەر هێز و دەسەڵاتی پەروەردگار ببەین.

لە ڕێگەی خۆ دوورخستنەوە لە هەموو قسەیەکی وەک ” من کردم، من دروستم کرد، من پلانم بۆ دانا، من سەرکەوتم” کە بۆنی شیرکیان لێدێت، هەرچی سەرکەوتن و سەرفرازیەک بەدەستهێنراوە، هەمووی بۆ الله بگێڕینەوە. گەر بەم شێوەیە سەیری بابەتەکە کرا، ئیدی ناشکەویتە ناو شیرکەوە.

ئێمە هەتا ئەو کاتەی نەفی خۆمان دەکەین، هەرگیز ناتوانین بگەین بە نرخێکی ڕاستەقینە و ناتوانین نرخی خۆشمان دیاری بکەین.

ئیماندار دەبێت یەقینی تەواوی هەبێت، گەر ئەو ڕەزامەندی پشاندا ئەوا بورجی گەورە بە مێرولەش دروست دەکات، گەر غەزەبیشی لێگرتن بە ناخی زەویدا ڕۆیان دەچێنێت.

بەڵێ، ئەوەی بێ کۆتایە تەنیا یەک دانەیە، لە پاڵ ئەودا بێ کۆتای زیادەی تر بوونی نیە.

لە بەرامبەری بێ کۆتای ڕەهادا، گەر بمانەوێت ئیللا نرخ و بەهایەکی ڕاستەقینە بۆ کەسێکی تر دابنێین، ئەوا بەشی ئەو کەسانەی تر “سفر” دەبێت.  هەربۆیە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و الله ش، بریتیە لە پەیوەندی نێوان بێ کۆتا-سفر.

بەڵام مرۆڤ سفرێکی وەهایە، گەر “ئەلف” ی لەفزی جەلالەت خستە لای چەپی، لە پڕێکدا دەیکات بە ١٠. ئیدی دوای ئەوە چەند سفری تریش ڕیز بکەین، هەر لە نرخەکەی زیاد دەکات. هەربۆیە گەر مرۆڤ بە تاقی تەنیا نرخ و بەهایەکیشی نەبێت، ئەو کاتەی پشتی بە الله بەست، دەگاتە نرخێک لەسەرو هەموو نرخەکانەوە. بەڵام پێش هەموو شتێک، پێویستە هەموو کەسێک بە باشی پێگەی خۆی دیاری بکات.

ئەمڕۆ بۆ کەسانێک جەژنە و سبەینێش بۆ کەسانێکی تر… دووهەم خاڵیش ئەوەیە: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کەسانێک کەوا ڕاستگۆیانە لە دڵەوە باوەڕیان بە الله هێناوە، دەشێت لەلایەن کەسانێکەوە کە  بەرامبەر ئیلحاد، کیبر و حەسودی دۆڕاون، یاخود کەسانێک کەوا بە هەڵە لە هەستی ڕکابەری و پێشبڕکێ تێگەشتوون، لەسەر شێوەی بازنەی یەک لەسەر یەک ئابڵۆقە درابێتن. بەڵام کاتێک سەیری ئەم تابلۆ شومە دەکەن، پێویستە هەرگیز بیر لەوە نەکەنەوە کە ئەمە بۆ هەتا هەتایە بەردەوامی دەبێت. گۆرانکاری لەم تابلۆیەدا نە بە تەواوی بە دەستی ئەوانە، نە بە دەستی ئەوانەیە کە دڵەکانیان ئیمانی هێناوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەموو شتێک هەر لە دەستی الله دایە. وەک لە ئایەتێکی کەریمیشدا دەفەرموێت:

وَتِلْكَ الأَيَّامُ نُدَاوِلُهَا بَيْنَ النَّاسِ

 

واتە ئەم ڕۆژانی (سەرکەوتن-دۆڕان) بەسەرە لە نێوان مرۆڤەکاندا دەهێنین و دەبەین.(ال العمران، ١٤٠)

 

واتە ئەمڕۆ جەژنی کەسانێکە و سبەینێش بۆ کەسانێکی تر. ئەمڕۆ ماتەمی هەندێکە و سبەینێش بۆ کەسانێکی تر. نەریت و یاسایەکی ئیلاهی لەم شێوەیە جێگەی باسە لەم بابەتەدا.

ئیدی کەس توانای گۆڕینی ئەم نەریت و یاسایانەی نیە.

هەر بەم هۆیەشەوە، ئەو بارەی لە حاڵی حازردا هاتۆتە پێش لە تاریکی شەو دەچێت، نابێت لە ڕێگەی ئەوەی پێمان وەهابێت هەتا ئەبەد بەو شێوەیە بەردەوامی دەبێت، خۆمان بخەینە ناو هیوابڕاویەوە. هەموو شەوێک بەرەبەیانێک و هەموو زستانێکیش نەوبەهارێکی هەیە. گومانیش لەوەدا نیە الله یارمەتیدەری تەواوی ئەو بەندانەیەتی، کە دان بە خۆیاندا دەگرن و سەبر دەگرن. سەبر دەگرن لەسەر ئەو حاڵەی تێکەوتوون و چەشنی ئەو قارەمانانەی گیای ژەهر و زەقنەبوتی “صابر” دەخۆن کە لە بیابانی وشکوبرنگدا دەڕوێت. پشتیوان بە خودا سەرئەنجام قومیش لە شەکر و شەربەتاو دەدەن.

لە پاڵ ئەوەی دەبێت بڕوایەکی ڕەهامان هەبێت بەوەی لە دوای شەو بەرەبەیانە، شەویش وەک شەو قبوڵ بکەین و بیر لەوە بکەینەوە کە دەتوانین لەو کاتەدا چی کارێک ئەنجام بدەین. لە پێناو کورتکردنەوەی شەو و ساتێک زووتر بازدان بۆ گزنگی بەرەبەیان، پێویستە بیر لە ڕێگە چارەسەرەکان بکەینەوە. لە ڕاستیشدا وەک چۆن کارگەلێک هەیە کە دەبێت لە بەرەبەیاندا ئەنجامی بدەیت، شەوانیش بە گوێرەی هەلومەرجی خۆیان، هەلومەرجی تایبەتی هەیە کە دەبێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت. ئیدی لە شەودا بین یاخود ڕۆژ، پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجەکانی حاڵی حازر پلانەکانمان دانەڕێژین و، بە بێ هیچ گومانێک داهاتوش لەبەرچاو بگرین.

چونکە نە ڕۆژ بەردەوامی هەیە نە شەو. ئەوەی لە شەودایە پێویستە بزانێت کە ڕۆژی بە دوادا دێت و، ئەوەی لە ڕۆژیشدایە پێویستە بابەتی ئەوەی شەوی بە دوادا دێت، لەبیر نەکات و هەنگاوەکانی بە گوێرەی ئەم ڕاستیە هەڵبگرێت.

گریمان لە ڕۆژێکی ڕۆشن و ڕوناکداین. وەک دڵانێکی خۆبەخش، بۆ ئەوەی ئیلهامەکانی ناو ڕۆحتان بە هەر چوار دەوری دونیا بگەیەنن، بەوپەڕی نەشە و ئاسودەیی و دڵخۆشیەوە خەریکی ڕاکە ڕاک دەبیت. لە هەموو لایەک بازاڕ و مێزگرد دادەنێیت و ئەو بەهایانەی تایبەت بە خۆتان، دەخەنە ڕوو.  ئیدی کەسانێکی تر بە ئیرادەی ئازادی خۆیان ئەم شتانە قبوڵ دەکە یاخود نا، ئەوە بابەتێکی ترە.  بەڵام ئێوە ئەمە وەک ئەرکی سەرشانتان دەزانن و، هەرکاتێک ئەم ئەرکەتان بەجێنەگەیاند دەبێت ترسی لێپرسینەوەی خودا داتانبگرێت.

لە پاڵ ئەوەی ئەم جۆرە کارانەش ئەنجام دەدەین، دەبێت بێگومان پلان و ستراتیژی تایبەت بەو کاتەش داڕێژین، کە شەومان بەسەردا دێت. چونکە لەو کاتەی دونیا دروست بووە، هیچ کاتێک کەسانێکی سەرکەش، زاڵم و مولحید ڕوویان لە کەمی نەکردووە. دەبێت هەرگیز ئەوە لەبیر نەکەن کە ئەم جۆرە مرۆڤانە قیبلەنمای خۆیان داناوە و، ئامادەکاری بۆ گرتنی شوێنێک دەکەن و، هەرکاتێک هەلیان بۆ ڕەخسا دەست بە هێرشەکانیان دەکەن. بەم شێوەیە نە بە ڕۆشنایی و ڕوناکی سەرلەبەیان فریو دەخۆیت و، سەرەڕۆیانە ژیان بەسەر دەبەیت، نە بە تاریکی شەوەوە گیردەخۆیت و توشی شڵەژان دەبیت.

جەنابی حەق، تەنانەت عیبادەت و تاعەتگەلێکی وەک نوێژ، ڕۆژوو، حەج، زەکات و قوربانی بە گوێرەی ڕۆژمێرێکی دیاریکراو لەسەر شانی بەندەکانی داناوە. موسوڵمانێک لە کاتێکی دیاریکراوی ڕۆژدا ئەوە دەزانێت کە دەبێت کام نوێژیان ئەنجام بدات. لە بەرەبەیاندا نوێژی بەیانی، لە ناوەڕاستی ڕۆژیشدا نوێژی نیوەڕۆ و عەسر، لە دوای ئاوابوونی خۆریش بە سەرە نوێژی ئێوارە و خەوتنان دێت. تەنانەت کاتی نوێژەکانی وەک تەهەجود، چێشتەنگاو و ئەوابینیش کاتەکانی دیاریکراوە. هەروەک چۆن ئەوەی جەنابی حەق ساڵ، مانگ و ڕۆژەکانی ئێمەشی بە ڕۆژمێرێکی دیارکراوەوە بەستۆتەوە. ڕێک چەشنی ئەمە، پێویستە بە گوێرەی ئەو هەلومەرجەی تێیدا دەژین، ئەو ئەرکانەی لەسەرشانمانە بە باشی دیارییان بکەین.

لەم بابەتەدا هەموو ئیماندارێک، چەشنی ئەو کەسە شارەزایانەی لە ناوەندە هزریەکان”Think tank” و ستراتیژیەکان کار دەکەن،  هەنگاو هەڵبگرن. سەرەتا پلان بۆ ژیانی خۆیی و خێزانەکەی ، پاشان زۆر بە باشی پلان بۆ ئەرکانەی لە نێو دەستە باڵاکەدا هەیەتی،  دابڕێژێت.

پێویستە زۆر بە باشی ئەو ئەقڵ، لۆجیک و پێودانگەی جەنابی حەق وەک ئیحسان پێی بەخشیوە، بخاتە کار. پێویستە هەردەم پلان و پڕۆژەی بۆ داهاتوو هەبێت. بە شێوەیەکی بەردەوام شتی بە سوود بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگاکەی بەرهەم بهێنێت. بە کورتی پێویستە هەردەم لە چالاکیدا بێت. بە پێچەوانەوە چەشنی ئەو ئامێرانەی بەکارناهێنرێن، ژەنگ هەڵدێنن و دەڕزێن و بێ کەڵک دەکەون.

“پەی بردن بە نهێنی نەوەستان”

لەلایەکی ترەوە ئەو هەلومەرجەی تێیدا دەژین ئیدی هەرچۆنێک بێت، پێویستە تێیدا پەی بە نهێنی نەوەستان ببەین. بە شێوەیەکی بەردەوام بڵێین ” ئێستا پێویستە چی بکەین؟”، بەم شێوەیە زۆر گرنگە کەوا ستراتیژی هەنگاوی دروست دابڕێژین.

ئیدی حەز دەکات با سەرەو خوار ملی ڕێگەی گرتبێت، یاخود لە هەوراز و لۆفەدا بێت،   بێ ئەوەی بوەستن دەتوانن بە گویرەی حاڵی خۆیان هەنگاو هەڵبگرن.

ئیدی هەندێک جار چەشنی ئەو ڕاکردنەی لە نێوان کێوی سەفا و مەروە ئەنجام دەدرێت “هەروەلە” دەکەیت، بە ڕاکردن دەڕۆیت. هەندێک جاریش وەک ئەوەی لە “سەعی” دا بیت، بە هەنگاوی هێواش لەسەر ڕێگەی خۆت بەردەوام دەبیت. گەر بە هۆی قەرەباڵغیەوە مەجالی ڕۆشتن بە ڕێگادا نەمابێت، ئەوا لە شوێنی خۆت هەڵبەز و دابەز دەکەیت. بەڵام هیچ کاتێک ناوەستیت.

گەر وەستایت هەڵدەوەریت. ئەو کاتەی جوڵەی خۆت لە دەستدا، تەختی زەوی دەبیت. ئیدی بە هێزێکی ڕاکێشانی گەورەوە گیر دەخۆیت و بە هۆی لێکخشانەوە توشی داخوران دەبیت. ئیدی هەتا دەگەیتە ئەو شوێنەی کە پێویستە پێی بگەیت، چەشنی تەنە ئاگرینە ئاسمانیەکان(میتیۆر) دەتوێیتەوە و لەناو دەچیت.

بەڵام گەر هەرگیز نەوەستیت و بە شێوەیەکی هەماهەنگ لەگەڵ بووندا هەنگاو هەڵبگریت، بێ ئەوەی گوێ بە شەو و ڕۆژ بدەیت، بە شێوەیەکی بەردەوام خەریکی هەڵسوڕان بیت، دەتوانی بەردەوامی بە ژیانت بدەیت. ئەمەش یاسایەکە الله لە کتێبی گەردوندا دایناوە. مرۆڤیش بە شێوەیەک لە شێوەکان پابەندی ئەو یاسا فیزیکیانەیە کە لە گەردووندا بوونیان هەیە.

بە کورتی، گەر هەمیشە خەریکی جوڵە و کارکردن بن، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا هەمیشە بە پێوە دەمێننەوە.

بەڵام گەر خۆتان فڕێ بدەنە ناو تەمبەڵی، هیوابڕاوی، وچان و دەستەوسانی، ئەوا هەڵدەوەرێن و لە ڕێگا بەجێدەمێنن.

گەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنن، ئەوا دەیان نمونەی ئەم بابەتە دەبینن.

هەرکاتێک کۆمەڵگا و دەوڵەتەکان توشی دەستەوسانی بووبێتن و کاتەکانی خۆیان لە نێو کۆشکەکاندا بەسەر بردبێت، لە نێو پەڕەکانی مێژوو سڕدراونەتەوە و ڕۆشتوون.

بەڵام ئەو کۆمەڵگایانەی پارێزگارییان لە هەیەجان و بێگەردی خۆیان کردووە، هەمیشە خەریکی هەوڵ و تێکۆشان بووبێتن و ناوەندێکی ڕاکێشەریان پێکهێنابێت، وەک چۆن توانیویانە خۆیان بە پێوە بمێننەوە، لە هەمان کاتدا پێکهاتە لاواز و بچوکەکانیشیان هێناوەتە ڕیزی خۆیانەوە، هەتا پاڵپشتیان بکەن.

 

نوسینی: م. فەتحوڵڵا گولەن

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *