خوێندنەوەی کتێب بە شێوەیەکی سیستەماتیکی

لە ساڵانی پەنجا و شەستەکاندا ژمارەی ئەو کتێب و گۆڤارانەی ڕەنگدانەوەی دونیای بیرکردنەوەی ئێمە ببن و نامۆ نەبن بە ڕۆح و ڕەگی واتاکانی ئێمە، هەتا بڵێی کەم بوون. مرۆڤ ئەگەر ڕۆژانە پێنج شەش کاتژمێری بۆ خوێندنەوە تەرخان بکردایە، ئەوا دەیتوانی ڕاستەوخۆ هەموو کتێبانە بخوێنێتەوە کە دەکەوتنە بازاڕەوە. بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا – جا بە هۆی بازرگانییەوە بێت یاخود بە مەبەستی سوود گەیاندن بە ژیانی زانستی و فیکری بێت – ئەوەندە کتێب بڵاودەکرێتەوە کە خوێندنەوە و بەدواداچوونیان بە هەر بە ڕاستی کارێکی سەختە. جگە لەوەش سەرقاڵییەکان کە  مرۆڤ مەشغوڵ دەکەن و مێشکی مرۆڤ پەرش و بڵاودەکەنەوە، زۆر زۆر بوون. لەم ڕوانگەیەوە، سوودێکی زۆری دەبێت گەر بە وردی ئەو کتێبانە هەڵبژێرین کە دەمانەوێت بیانخوێنینەوە. پێویستە ئێمە پێشڕەوی بدەین بەو بەرهەمانەی باس لە بابەتەکانی ئیمان و ئیسلام دەکەن و لەگەڵ ڕەگی ڕۆح و واتاماندا پەیوەندییان هەیە. دەبێت لە پێویستترینی بەرهەمەکانەوە دەست بە خوێندنەوە بکەین و بەو شێوەیە بەردەوامی بە چالاکی خوێندنەوەکانمان بدەین.

دوای ئەوەی لە ڕوانگەی دونیای بەها و بیرکردنەوەکانی خۆمانەوە پێیەکانمان لە زەمینێکی پتەودا جێگیرکرد، ڕەنگە هیچ لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی دیکەشدا کێشەیەک بوونی نەبێت. بە پێچەوانەوە دەشێت لە بەرامبەر شەپۆلی بیرکردنەوە جیاوازەکاندا سەرتان گێژبخوات و تێڕوانینتان لێڵ ببێت و، تووشی سەرسوڕمان و بەلادا کەوتن ببن.

هەڵمەتی سەرتاسەری خوێندنەوە

بابەتی ئەوەی کەوا لە ڕووی بەها ئایینی و میللییەکانمان یاخود ژیانی ئابووری و کەلتوریمان ببینەوە بە خۆمان، لە هەموو بوارەکاندا پەیکەرەی ڕۆحمان بونیاد بنێینەوە؛ وابەستەی ئەوەیە خاوەنی زانست و کەلتور بین. بەدیعوزەمانیش لە شوێنێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەموو شتێک لە ڕووی چییەتی(ماهیة) و لێهاتووییەوە وابەستەی زانستە و، (وتەی ٢٣، باسی یەکەم، خاڵی ٤)، لە شوێنێکی دیکەشدا دەڵێت لە ئاخیر زەماندا مرۆڤایەتی باوەش بە عیلم و زانستدا دەکات و هەموو هێز و توانایەکی خۆی لەوێوە وەردەگرێت. (وتەی ٢٠، مەقامی ٢). لەم ڕوانگەیە، بۆ ئەوەی لە کاروانەکە دوانەکەوین پێویستمان بە هەڵمەتێکی سەرتاسەری زۆر جددیی خوێندنەوە هەیە.

 

خوێندنەوەی کتێب کارێک نییە تەنها ئەو کەسانە ئەنجامی بدەن کە لە بوارێکی زانستیدا قاڵبوونەتەوە. بە پێچەوانەوە پێویستە هەموو کەسێک بە گوێرەی ئاستی خۆی کتێب بخوێنێتەوە و وەک خووی خۆی لێبکات. ئێمە پێش هەموو شتێک پێویستە ئەو کتێبانە بخوێنینەوە کەوا چەشنی ئاو و هەوا و خۆراک پێویستیمان پێیان هەیە. بۆ نموونە، بۆ ئەوەی پەرستشەکانمان بە دروستی ئەنجام بدەین و بە جوانی لەسەر دینەکەمان بژین، زۆر پیویستمان بە خوێندنەوەی زانستە فیقهیەکان(علم الحال) هەیە. جگە لەمانە، پێویستە بابەتە پەیوەندیدارەکانی ڕەوشت و شێوازی مامەڵەکردن بە باشی بزانین، خوێندنەوەکانمان سەبارەت بە قورئان زیاتر بکەین، بەرامبەر وتە و ڕوونکردنەوە نور پەخشانەکانی سەردارمان زیاتر خۆمان ئاگادار بین لە فەرمایشتەکانی سەروەرمان (صلی الله علیه و سلم).  ئیدی با بە هەر کارێکەوە سەرقاڵ بین، پێویستە ئەوەندە لە ئایینەکەمان شارەزابین کە بزانین ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەین لەگەڵ یاسا و ڕێساکانی ئایینەکەماندا دەگونجێت یاخود نا.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، قارەمانانی ڕێنوێنی بانگەواز ئەگەر بیانەوێت ئەو حەق و حەقیقەتانەی باوەڕیان پێی هەیە بە شێوەیەکی ڕاست بە کەسانی دیکەش بگەیەنن و تێڕوانینی خۆیان بۆ دونیا و فەلسەفەی ژیانیان بە شێوازێکی باوەڕپێکەرانە بۆ دوێنراوەکانیان باس بکەن، ئەوا ناچار ببنە خاوەنی زانیارییەکی زۆر تێروتەسەلتر سەبارەت بەو بەهایانەی باوەڕیان پێی هەیە. ئەوان هەم دەبێت زانیاری پێویستیان لەسەر ئایینەکەیان هەبێت و هەم لە نزیکە ئەو دونیایە بناسن کە تێیدا دەژین. پێویستە تەوژمی ڕەشەبای ئەو سەردەمەی تێیدا دەژین بخەنە پشتی خۆیان و وەڵامی پێداویستییەکانی سەردەمەکەیان بدەنەوە. ئەمەش تەنها بە هەڵمەتێکی سەرتاسەری خوێندنەوەیەکی جددیی دەتوانرێت ئەنجام بدرێت. هەموو شتێک لە بازنەیەکی بچووکەوە دەستپێدەکات، لە چەقەوە وەک گۆشەیەکی زۆر بچووک دەردەکەوێت بەڵام دواتر بەرەو بازنەیەکی گشتگیر وەردەچەرخێت. ئێوە بە پەنجا کەسەوە دەست بە کارێک دەکەن. دوای ماوەیەک تەماشا دەکەن ئەو پەنجا کەسە گەیشتووەتە هەزار کەس.

لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر ئێمە نەخوێنینەوە ئەگەری زۆری هەیە کە منداڵەکانیشمان وەک ئێمە بن. ئەگەر لە خێزانێکدا دایک و باوک کتێب نەخوێننەوە، گەر ویستێکی تایبەتیان بۆ خوێندنەوە نەبێت، ئەوا ویستی خویندنەوە لای منداڵەکانیشیان زۆر قورس دەبێت. ئەگەر ئێمە کتێبێک بگرین بە دەستمانەوە و دەست بە خوێندنەوەی بکەین، ئەوا ئەوانیش دەست بە کتێب خوێندنەوە دەکەن. چەشنی کۆدێکی بۆماوەیی زۆرینەی کات هەڵسوکەوتەکانی دایک و باوک ڕەنگدانەوەی لە منداڵەکانیاندا دەبێت. بە داخەوە لەبەر ئەوەی دایکان و باوکانی ئەم ڕۆژگارەمان گرنگی بە خوێندنەوە نادەن منداڵەکانیشیان وەک ئەوان دەردەچن. بە دڵنیاییەوە پێویستە ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە و ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و قەرەبوو بکرێتەوە.

تەنها لە ناو خێزاندا نا، بەڵکو پێویستە لە هەموو شوێنێکدا پێشنیاری کتێب خوێندنەوە بۆ خەڵکی بکەین و لایان خۆشەویست بکەین. بە تایبەتی پێویستە خوێندنەوەی ئەو کتێبانە فەراهەم بکەین کە باس لە دونیای بیرکردنەوەی خۆمان دەکەن و پەیوەندییان لەگەڵ ڕەگەکانی ڕۆح و واتاکانماندا هەیە. ئەمە گرنگترین ڕێگەیە بۆ ڕێگری کردن لە بوونە بێگانە و بوون بە کەسێکی تر.

ئاستەنگەکانی بەردەم  دونیای دیجیتاڵی

لەگەڵ ئەوەی دونیای دیجیتاڵی وەک جێگرەوەیەکی کتێب خوێندنەوەی لێهاتووە و لەوەشدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام ئاستەنگێکیشی بۆ کتێب خوێندنەوە دروست کردووە. پێویستە ئێمە وەک کۆمەڵگە مێشکمان بخەینە کار لەوەی چۆن بتوانین ئەو بارودۆخە دژوارە تێپەڕێنین و سەرلەنوێ مرۆڤەکان بەرەو خوێندنەوە و بیرکردنەوە و گفتوگۆکردن ئاراستە بکەین. هەرچەندە لە سایەی ئینتەرنێت و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک مۆبایل و کۆمپیوتەرەوە مرۆڤەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسانتر زانیارییان دەست بکەوێت، بەڵام لە مێشکی مرۆڤدا، جێگیربوونی ئەو زانیارییانەی بە ئاسانی بەدەست دەهێنرێت، کارێکی سەختترە. زانیارییەکان بەو شێوەیەی دێت بە خێرایی دەڕوات. لەم سۆنگەیەوە خوێندنەوە لە خودی کتێبەکانەوە هەمیشە هەنگاوێک لەپێشترە.

زۆر گرنگە مرۆڤ کاتێک کتێبێک دەگرێت بە دەستییەوە و دەیخوێنێتەوە هێڵ بە ژێر ئەو شوێنانەدا بهێنێت کە بە گرنگی دەزانێت، لەو شوێنانەی پێویست دەکات تێبینی بنووسێت، تێبینی خۆی لەسەر ئەو بۆچوونانە تۆماربکات کە بەلایەوە پەسەند نین، هەتا باشتر لەو شتانە تێبگات و هەرسی بکات کەوا دەیخوێنێتەوە. چونکە مەبەستی سەرەکی لە خوێندنەوە بریتییە لە تێگەیشتن و دەوڵەمەندکردنی هزر. ئەوەش تەنها وابەستەی هەوڵ و ماندووبوونێکی دیاریکراوە.

لێرەدا دەمەوێت تایبەتمەندییەکی دیکەتان بەبیربهێنمەوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لە سایەی ئامرازەکانی گەیاندنی وەک ئینتەرنێت و تەلەڤیزیۆنەوە زۆر شت دەبینین و فێری زۆر شت دەبین. بەڵام مرۆڤەکان دوای ماوەیەک بێ ئەوەی هیچ هەستی پێبکەن ئالوودەی ئەم شتانە دەبن. دواتر وردە وردە بەرەو هەواڵی گەرمی ڕۆژ و بابەتە تەرفیهییەکان پەلکێش دەبن، وە لە دونیای خۆیان دووردەکەونەوە. لە کاتی بەکارهێنانی ئەو جۆرە ئامرازانەدا ناچارین زۆر وریا بین. پێویستە هەندێک سنوور بۆ خۆمان دابنێین و پێش لە هەر جۆرە تێکچوون و نزمبوونەوەی تاک و کۆمەڵ بگرین کە ئەگەری هەیە ڕووبدات. چونکە ئەو جۆرە بارودۆخانە زۆر کراوەیە بە ڕووی خراپ بەکارهێناندا. لەم ڕوانگەیەوە ئەو برین و تێکچوونەش کە لە مێشکی گەنجان، لە ژیانی خێزانەکان و کۆمەڵگادا بەدی دەکرێت، هەر پەیوەندی بەم بابەتەوە هەیە.

لەو بابەتەدا هەروەک چۆن بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر ئەستۆی دەوڵەت، چەندین بەرپرسیارێتیش دەکەوێتە سەرشانی  خێزانەکان کە پێویستە ئەنجامی بدەن. لە کاتی بەکارهێنانی تەلەڤیزیۆن و ئینتەرنێتدا پێویستە وریاتر و پارێزگارتر بن. پێویستە لە نزیکەوە چاودێری منداڵەکانیان بکەن و کۆنتڕۆڵی ئەو ماڵپەر و لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییانە بکەن کە تەماشای دەکەن و، کارێکی وەها ئەنجام بدەن بەکارهێنانی ئینتەرنێت لەلایەن منداڵەکانیانەوە بخەنە ژێر دیسپلینێکی دیاریکراوەوە.

خوێندنەوە بە گفتوگۆ کردنەوە (مذاکرة)

یەکێکی تر لەو ڕێگا گرنگانەی کارێکی وەها دەکات سوودی زیاتر لەو کتێبانە وەربگرین کەوا دەیخوێنینەوە، بریتییە لەوەی بە شێوەیەکی ڕووبەڕوو گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە بکەین کەوا دەیانخوێنینەوە. با بڵێین دەتانەوێت بابەتێک سەبارەت بە حەشر بخوێننەوە، دەتوانن پێکەوە بەرهەمەکانی هەریەک لە بەدیعوزەمان، فەخرەدینی ڕازی، ئیمام غەزالی و ئیبن سینا سەبارەت بەو بابەتە بخوێننەوە و گفتوگۆی لەسەر بکەن و بابەتەکە بە فرەڕەهەندی تاوتوێ بکەن. خۆ گەر بتانەوێت پەیامی “أنا و ذرة” بخوێننەوە، دەتوانن ئەمە لەگەڵ کتێبی “ڕوموز بیخودی” ی موحەمەد ئیقبال بەراورد بکەن. لە سایەی ئەو خوێندنەوە بەراوردکارانەیەوە، هەم باڵادەستی بیروبۆچوونەکان بەسەر یەکتریدا دەبینن، هەم دەتوانن بە شێوەیەکی قوڵتر لە بابەتەکە تێبگەن.

سەروەریشمان (صلی الله علیه و سلم) لەو فەرموودە پیرۆزەدا کە باس لەوە دەکات فریشەکان لە چواردەوری فێرخوازانی زانست کۆدەبنەوە و ئارامی و سەکینەت بەسەریاندا دادەبەرێنن، بابەتەکە بە گفتوگۆکردن و دانوستانەوە (مذاکرة) دەبەستێتەوە. وشەی (مذاکرة) کە لەسەر وەزنی (مفاعلة) یە، بە واتای ئەوە دێت کە چەند مرۆڤێک سەر بنێن بە سەری یەکەوە و لە چەند ڕەهەندێکەوە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکە بکەن. مذاکرة هەروەک چۆن بریتی نیە لەوەی بە شێوەیەکی ڕۆتینی کتێب بخوێنیتەوە، هەروەها بریتی نیە لەوەی کەسێکیش کتێب بخوێنێتەوە و ئەوانی دیکە خەو بیانباتەوە. بەڵکو بە پێچەوانەوە بریتییە لەوەی دە کەس سەر بنێن بە سەری یەکەوە و بیروڕایان لە بارەی ئەو شتانەی لەو بابەتەوە تێیگەیشتوون بخەنەڕوو، لە پێکدادانی فیکرەکاندا بریسکەی حەقیقەت درەوشانەوەی دەرکەوتی دەبێت.

لێرەدا ناچارنین تەنها یەک شێواز پەیڕەو بکەن. چونکە ئەوە بە تێپەڕبوونی کات بێزاری و ڕاهاتن لە لای مرۆڤ درووست دەکات. بەم هۆیەوە چیدی سوود لە گفتوگۆکان وەرناگیرێت، ناتوانن وەک پێویست سوود لەو سەرچاوە سازگارە وەربگرن. ئەوەی لێرەدا گرنگە بریتیە لەوەی هەمووان سوود لەو کارە وەربگرن و ببێتە هۆی ئەوەی چێژی فێربوونی شتگەلێکی نوێ و ڕەسەن تام بکرێت و خوێندنەوە  وەک کارێکی ڕێزلێگیراوی لێ بێت. ئەوەش پەیوەستە بەوەی کەوا ناوبەناو گۆڕانکاری لە شێوازی وانەکاندا بکرێت و شێوازی نوێ بهێندرێتە کایەوە.

 

پێگەیاندنی مرۆڤی خاوەن توێشووی باڵا

بەداخەوە، ئێمە بە هەڵە لە دەربڕینێکی حەزرەتی پیر (مامۆستا سەعیدی نورسی) تێگەیشتبووین کە لە سەردەمێکدا بە خوێندکارەکانی خۆی وتبوو ”پەیامەکان بەسە بۆ ئێوە”. ئەو لە سەردەمانێکدا کە دین و دیانەت بە شێوەیەکی جددی شێوێندرابوون، هەست و بیری میللی پاشقولی یەک لە دوا یەکی لێدەگیرا و بەدەمدا خرابوو، ئەو لە ڕوانگەی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی بۆ بنەما سەرەکییەکانی دین و گرنگترین بابەتی ئەو ڕۆژگارە ئەم قسەیەی کردبوو. بەڵام ئێمە ئەو دەربڕینەی ئەومان کرد بە شتێکی ڕەها و، ئیدی گرنگییەکی ئەوتۆمان نەدا. هەروەک چۆن کەسێک لەپاڵ خوێندنەوەی پەیامەکانی نووردا، گەر زانستەکانی پزیشکی، کیمیا، فیزیا، کۆمەڵناسی و جیۆلۆجی بخوێنێت هیچ کەسێک شتێکی پێناڵێت؛ بە هەمان شێوە کەسێک کەوا زانستە شەریعیەکان دەخوێنێت پێویستە بەرهەمە بنەڕەتییەکانی تایبەت بە زانستە ئیسلامییەکان بخوێنێتەوە- کە هەر یەکەیان خۆی بۆ خۆی بەریانێکی سەربەخۆی هەیە- پێویستە لەو بەریانانەدا شارەزایی پەیدا بکات.

تەنانەت کەسێک کەوا لە بەریانی شەریعەتدا دەخوێنێت، لەپاڵ زانستەکانی بەریانی خۆیدا، پێویستە لە بەریانی زانستە ئەرێنیەکانیشدا-لایەنی کەم لەسەر ئاستی ئینسکلۆپیدیا- ببێتە خاوەنی زانیاری گشتی. بە شێوەیەک گەر لەگەڵ مامۆستایەکی کیمیا یاخود فیزیادا دانیشت، زۆر بە ئاسانی بتوانێت لەگەڵ ئەوانیشدا قسە لەسەر بابەتی بەریانەکانی ئەوانیش بکات. چونکە هەم ناکرێت ئیسلام لە زانستە ئەرێنییەکان داببڕن، هەم گەر لەو بەریانەنەدا زانیاریتان نەبێت ناتوانن پەیامی خۆتان بەو مرۆڤانە بگەیەنن کە لەو بەریانانەدا باڵادەستییان هەیە. فەرمانە تەشریعییەکان کەوا لە سیفاتی کەلامی جەنابی حەقەوە سەرچاوەی گرتووە، فەرمانە تەکوینییەکان ڕوون دەکەنەوە. ئەوم دوو لایەنە هێندە بە نێو یەکتردا چوون، ئەگەر یەکێکیان لەوی دیکە داببڕیت ئەوا ناتوانیت بە ڕاستی لە زمانی هیچ کامیان تێبگەیت. لەم ڕوانگەیەوە هەروەک چۆن ئەو کەسانەی پسپۆڕی لە زانستە ئایینییەکاندا بەدەست دەهێنن پێویستە زانیارییان لەسەر زانستەکانی دیکەش هەبێت، بە هەمان شێوە کەسێک کە لە بوارە زانستییەکانی دیکەدا شارەزایی پەیدا دەکات، پێویستە ئەوەندە یان زیاتر زانیارییان سەبارەت بە زانستە ئایینییەکان هەبێت.

گەر ئەو کەسانەی لە بواری زانستە ئایینییەکاندا شارەزاییان هەیە، نەتوانن چارەسەری گونجاو بۆ ئەو کێشانە بدۆزنەوە کەوا لە سەردەمی خۆیاندا هەیە، ئەوا ئەمە بە تەنها وەک دۆڕان و بێتوانایی ئەوان نابینرێت، بەڵکو شکستێکی لەو شێوەیە لەسەر ئیسلام هەژمار دەکرێت. هەربۆیە لە ئیمام غەزالییەوە بیگرە هەتا فەخرەدینی ڕازی، لە عیز ئیبنی عەبدولسەلامەوە بیگرە هەتا ئیبن حەجەر ئەسقەلانی، لە بەدیعوزەمانەوە  بیگرە هەتا سەعید ڕەمەزان ئەلبوتی و طەنطاوی،  بابەتی ئەوەی کەوا کۆمەڵێک لە زانایان  لە ڕێگەی فکر و ڕاڤەکانیانەوەبوونەتە هۆی ئەوەی خەڵکی بە شێوەیەکی دروست لە ئایینی ئیسلام تێبگەن، پێویستە وەک کۆمەڵە هەنگاوێکی ناو ئەم چوارچێوەیە سەیر بکرێن. ئەوان لە ڕێگەی ئەو شاکارە بە نرخانەی نووسیویانە وەڵامی هەموو ئەو گومانانەیان داوەتەوە کە لەسەر ئایینی ئیسلام پەیدابوون، ڕوونکردنەوەیەکی دڵنیاکەرەوەیان بۆ کێشانە خستووەتە ڕوو کە مێشکی خەڵکی سەرقاڵ کردبوون.

ئەگەر ئێمەش ئارەزووی ئەوە بکەین کە لە دونیای ئەمڕۆماندا خەڵکی بە شێوەیەکی ڕاست لە ئیسلام تێبگەن و جێبەجێی بکەن، ناچارین لانی کەم هێندەی ئەوان خاوەنی زانیاری و توێشوو بین. ڕێگای ئەوەش بریتییە لەوەی لەناو ئەو سیستەمی پەروەردەیەی لە ئێستادا هەیە،  کەسانێکی لێهاتوو و بەتوانا لە زانستە ئەزموونییەکان و شەرعییەکاندا پێبگەیەندرێن؛ ڕەخساندنی هەلومەرجی تایبەتی ئەم بابەتە. ئێمە کەوا لە ئێستادا چەشنی گۆڕگەلێکی گەڕۆکمان لێهاتووە، گەر بمانەوێت زۆر بە باشی ئەو هۆکارانە هەڵبسەنگێنین کە جەنابی حەق پێی بەخشیوین و ببینە هۆکاری هەڵسانەوە و زیندووبوونەوەیەکی نوێ، ئەوا پێویستە زۆر بە باشی بزانین کەوا ئەم کارە وابەستەی مرۆڤگەلێکی خاوەن توێشووی باڵایە و، هەموو دەرفەتێک بەم ئاڕاستەیە هەڵبسەنگێنین و حەقی ئەو پێگەیە بدەین کەوا بوونمان تێیدا هەیە.

https://herkul.org/kirik-testi/sistemli-kitap-okuma/

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *