خەونێکی تێکشکاو و خولیایەکی قەشەنگ

دانیشتووم و گوێ لە ڕۆحی خۆم دەگرم، حاڵێکی وەهای هەیە چاوەڕێی پێکهاتەگەلێک دەکات، کەوا واقعیان تێپەڕاندووە. پێموایە ئەوانەی دەتوانن گوێ لە دەنگەکانی ناو ناخم بگرن، دەشێت هەست بەم چاوەڕوانیە بکەن. ئەگەرچی سینەم هەردەم بە خەمەوە لێدەدات، بەڵام لە ئێستادا وەها دیارە کەوا دڵۆپەیەک بەس بێت بۆ هەڵقوڵانی. بەڵام من، چەندین ساڵە هەموو بەیانیەک بە هۆی ئەو سێبەرانەی کەوا دەکەونە سەر هاتنە دی ئەمەلی هیواکانم، بە ئاگا دێمەوە. هیچ بیرم لێنەکردۆتەوە و ناشمەوێت بیری لێبکەمەوە، کەوا ئەو ڕۆژە ڕۆشنانەی بە خولیاکانی من پەردەیان بەسەردا دراوە نایەن و، ئەو ڕۆژانەی ژیانیشم کەوا لە چاوەڕوانیدا بردوومنەتە سەر، هەرگیز بە بێ هودەیان نازانم. هەموو ڕۆژێک کەوا ئاسۆ ڕۆشن دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین تارمایی تاریک لە دوورەوە دێنە بەرچاوە ماندووەکانم، بەڵام بێ ئەوەی ئەمانە وەڕزم بکەن، هەمیشە هەر حونجەی ئەمەل و ئایدیاڵەکانی خۆم دەکەم و، وەک ئەوەی بە هۆی پێشهاتەکانەوە داخورپان ڕووی تێنەکردم، هەموو ڕۆژێک کەمێک زیاتر پڕ هەست و ئیحساس، کەمێک زیاتر لە خۆمدا چڕ دەبمەوە، کەمێکیش زیاتر بە ئەدای حەسرەتی دووری لە نیشتیمانەوە…

بێگومان لە دونیادا من تەنیا کەس نیم کەوا باری خەمی بەسەر شانیدا داوە، بەڵام هەرچیەکیش بێت، ئەوەی بە باشترین شێوە لە ناسۆریەکانی ناو ڕۆحم تێدەگەشت هەر خودی خۆم بووم. ئەو هیجران و ئۆقرە لێ هەڵگیرانەی ناو دڵم کەوا بە درێژایی تەمەنم لە ناخی خۆمدا دەیانخۆمەوە، کەس نەیدەتوانی وەک خۆم لێیان تێبگات، وەک چۆن منیش لە ژیانی کەسانی تر ئاگادار نیم. لە ڕاستیشدا نە ئۆقرە لێ هەڵگیرانی دڵم کەرامەتێکی ڕەهایە، نە ئەوەی بە هیچ شتێک کاریگەر نەبیت و هەستی پێنەکەیت، فەزیڵەتە. هەیەجان و هەستیاری بە گوێرەی خۆیان شوێنێکی تایبەتیان هەیە، ئاخکردن لە دەستی دەرد و ناڵاندنیش بە گوێرەی خۆی بەهایەکی تایبەتی هەیە. هەربۆیە بابەتی ئەوەی کە چی شتێک گوزارشت لە شتێک دەکات یاخود نا، تەنیا الله دەیزانێت. ئەمەش نیەتی مرۆڤەکە و بەردەوامی لەسەر کارەکەی پشانی دەدات.

لە تافی سەردەمێکی شومدا، وەک زۆرێک لە کەسانی ناسۆرکێش هەرکاتێک شتێک دەیدات بە ڕۆحمدا و تێیدەپەڕێنێت، وەک ڕمێک کەوا بە سینەمدا دەچەقێت، هەستی پێدەکەم. ویستم ڕابچڵەکێم و نەمتوانی ڕابچڵەکێم، لە ڕاستیشدا زۆر کەسم هاوشێوەی خۆم بینی کە هەتا بینەقاقایان لە ناو ناسۆریدا نوقم بوون و، بەم هۆیەوە هەژانەکانی ناو دڵم لە سینەی خۆمدا ناشت. لەو ڕۆژەدا لەمسەر هەتا ئەسەری دونیاکەمان بە نێو هەڵوەشانێکی تۆقێنەردا تێدەپەڕی، ئەو ویژدانانەی کەوا نەمردبوون و بە هۆی بەهاکانی خۆیانەوە دەیانتوانی بە پێوە بوەستن هەستیان بەمە دەکرد، ئەگەرچی هەستکردن بە تەواوی ئەو کارەسات و نەهامەتیە لە چوارچێوەی خۆیاندا کارێکی وابەستە بە قوڵێتی ناخ و فراوانی ویژدانی کەسەکانەوە هەبوو، بە گوێرەی فراوانی ویژدان، ئەو ئازار و ناسۆرەی خۆی بە ڕۆحی مرۆڤەکاندا دەماڵی، لە گۆڕاندا بوو. هەر لەبەر ئەمەش تەنانەت لە سەردەمێکدا کەوا مرۆڤەکانی دڵ و ڕۆح بە هۆی ئۆقرە لێ هەڵگیرانی دڵیانەوە لول و پێچیان دەخوارد، ئەو کەسانەی کەوا توانستی بیستن، بینین، هەست پێکردنی خۆیان کول کردبوو، هەستیان بەوە نەکرد کەوا هەموو شتێک یەک لەسەر یەک دەگلێت و بەلادا دەکەوێت، ئەوەیان نەبینی کەوا بەها دینی و میلیەکانمان چەشنی کۆتەرە دارێکی بەردەم لافاوەکان پەلکێشی ئەملاولا دەبێت، ئەو ئاگرە دێوەزمانەیان نەبینی کە هەموو شتێک و تەواوی ڕابردوو بە یەکجاری دەسوتێنێت و وێرانی دەکات.

کەسانێک ماندوو و وەڕز، کەسانێکیش لەوەی ڕوودەدا بێخەبەر و واقوڕماو، کەسانێکیش سەرشاد و کەیف خۆش، نە هەستیان بە کارەساتی ئەو ڕوخانە تۆقێنەرە کرد، نە هەستیان بە ئاخ و فیغانی ئەوانە کرد کە هەستیان پێکردووە، تەنانەت هێندەی ئەوەی مردووی ناو گۆڕستانەکان هەستیان پێکرد، ئەوان هەستیان پێنەکرد!

ڕاستیەکەی ئەوانەی هەموو ڕۆژێک لە نێو مەراسیم و بۆنەی زەوق  و سەفایەکی جیاوازدا مەست و سەرخۆشن و ژیان بەسەر دەبەن – ئیدی گەر گونجاو بێت ئەمە بە ژیان ناو ببەین- مومکین نەبوو هەست بەم شتانە بکەن. نەیشیاندەتوانی هەستی پێبکەن، چونکە لەو ڕۆژگارەدا لە هەموو لایەکەوە بەرەڵایەکی تۆقێنەر سەری هەڵدەدا، زۆرێک لە مرۆڤەکان لە ژێر تێخوڕینی هەوا و هەوەسیان، گاه بەملاو گاه بەولایاندا دەکێشا، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام وتنەوەی “ئەقڵ، ئەقڵ” لە دەمیان نەدەبوویەوە، بە شێوەیەکی ڕاست و دروست هیچ ڕەچاوێکی یاساکانی ئەویشیان نەدەکرد، بەم هۆیەوە هەڵوەشان لە دوای هەڵوەشان بە دوای یەکدا دەهاتن، لە کۆمەڵگاشدا قڵیش و ڕوخانی بەردەوام ڕوویان دەدا. لە بەرامبەر ئەمەدا ئەو تێبینی و بیرکردنەوانەی بە ناوی “چارە”وە دەخرانە ڕوو، ڕێک ئەم قۆناغەیان خێراتر دەکرد و، هیوای زۆرێک لەو کەسانەشیان لەگەڵ خۆیان دەبرد کە ئاواتیان بە سەرلەنوێ زیندووبوونەوە دەخواست.

هەروەها کۆمەڵێکی واقوڕماو هەبوو کە بە بێهەستی شتانی بێ گیانەوە تەماشای تەواوی ئەم ڕووداوانەیان دەکرد و، حاڵی ئەمانیش بە تەواوی جێگەی بەزەیی بوو، ئەم مرۆڤانە کەوا نەیاندەزانی چۆنی و چی ڕوو دەدات، نەیاندەتوانی لەو شتانە تێبگەن کەوا لەبەرچاویان ڕووی دەدا، ئەوەیان دەزانی کەوا بەرەو ئاقارێکی دیاریکراو پەلکێش دەکرێن، بەڵام نەیاندەزانی لێکدانەوە بۆ سەرئەنجامەکەی بکەن، جار جارەش لە گەمە جیاوازەکاندا بەکاردەهێنران، بەڵام ئەقڵیان بە هۆکار و چیەتی هیچ شتێک نەدەشکا. حاڵی ئەم گروپە ڕێک وەک ئەو کەسانە بوون کەوا لە قورئاندا باسیان لێوە دەکات و دەفەرموێت” دڵیان هەیە بەڵام ناتوانن درک بە هیچ شتێک ببەن، چاویان هەیە بەڵام ناتوانن پێی ببینن، گوێیان هەیە بەڵام ناتوانن پێی ببیستن”، ئەمانە لەو کاتەشی کە تەواوی شتەکان ژێراوژور دەبوون، لە شوێنی خۆیان بە واقوڕماوی خەریکی تەماشاکردن بوون و، دواتر لە ڕێگەی تەوەکولێکەوە کەوا قەهری بە مرۆڤ دەڕشت- یاخود گونجاوترە ئەمە بە تەواکول ناو ببەین بە واتای ئەوەی کەسانی تریان دەکردە بریکاری خۆیان- بە شێوەیەکی بێ هەڵوێست و جوڵە لە شوێنی خۆیان ڕادەوەستان. نە ئاگایان لە خۆر بوو کەوا بەرەو ئاوابوون دەڕۆشت، نە ئاگایان لەوە بوو کەوا مانگ توشی گیران بووە و تاریکی لەسەر تاریکی هەموو لایەکی داگرتووە. یان ئەوەی شەمشەمەکوێرەکان بەڕێوەبردنی شاڕێگاکانیان گرتۆتە دەستیان و، منداڵانی تاریکی لە کەیف و سەفا گێڕانی ئەوەدا بوون کەوا ڕوناکی توشی بەزین بووە و، شەیتانەکانیش وەک قۆستنەوەی ئەم هەلە لە هەر چوارلا بازی قەڵەمڕەوی خۆیان دەدا؛ هیچ کام لەمانە بە خەیاڵی ئەواندا نەدەهات.

ئیدی با ئەوانەی هەردەم بە جوانی بیر دەکەنەوە و بە جوانی دەبینن وخۆیان وابەستەی گومانی باش کردووە، ئەوانەی دڵیان ڕۆشنایەتیە و دەمیان هەردەم بە دۆعایە، بە هیوای ئەوەی هەر ڕۆژێک دێت کەوا ئەم کەشوهەوا تاریکە بە هەوری بارانی ڕەحمەت دەگۆڕێت، دەستەکانیان بەرز بکەنەوە و دەست بە نزاکردن بکەن – جەنابی حەق هیچ کاتێک ئێمە لە ڕووکردنە خۆی دوور نەخاتەوە- دەبێت ئەوەش بزانین ئەوانەی ئەم سیناریۆ تۆقێنەرانە ئامادە دەکەن و چەندین سەدەیە گەمەی مەلعونتری یەک لە دوا یەک دەگێڕن، نە دەست لە ئامادەکردنی سیناریۆی نوێتر هەڵدەگرن، نە هەرگیز واز لەو بیرکردنەوە خائینانە دەهێنن کەوا هەیانە؛ وەک چۆن هەتا ئەمڕۆ دەستیان لێ هەڵنەگرتووە.

چەندین ساڵە بە دەست ئەو ناڵانەی لە چواردەورمانەوە هەڵدەستن توشی داچڵەکین دەبین. بە دەستی کوژانەوەی ڕوناکیەکانمان، حەسرەت و هیجرانی پەژموردە بوونی ڕەنگەکانمانەوە هەڵدەستین و دادەنیشین. ئەو ڕەشەبایانەی لە ڕاست و چەپمانەوە هەڵدەکەن، هەمیشە وەک ئەوەی گوێ لە وتاری ئاوابوون بگرین دێنە بەرگوێمان و گوێی لێدەگرین. خۆمان و چواردەورمان هەمیشە نیوە تەمومژاوی دەبینین، لە نێو نیوە تاریکی، نیوە کابوس، لە نێو لول و پێچ خواردنی نێو نیوە کارەساتەکاندا دەبینین. هیچ کاتێک ڕووی ئاسودەییمان نەناسی، نەمانزانی حزور چیە، بە لایەنە دڵخۆشکەرەکانی ئیمانەکەمان دڵی خۆمان دایەوە و بە وتنەوەی “هەموو تەمەنمان بە فیدای نەوەکانی داهاتوو بێت”، بێ ئەوەی سەری ئەو تورەکەی لوتف و زەمان و ئیمکان و هەلانەی الله پێی بەخشیوین بکەینەوە، پێشکەشی ئەوانمان کرد.

بێگومان لەم نێوەندەدا، لەو شتانەی بینیمان و بیستمان، لە ڕێگەی ئەو شتانەی هەستمان پێکرد و هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەنجامدان و لە ڕێگەیانەوە واتاگەلێکیان هەڵڕشتە ناو ڕۆحمانەوە، پاڵیان بە ئێمەوە نا بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ڕاڤەی ڕابردوومان بکەین و بۆ داهاتووشمان خۆمان ئامادە بکەین. نە دەمانتوانی مێشکمان لە یەکەمیان پاک بکەینەوە و بە تەواوی فڕێی بدەین، نە دەمانتوانی بەرامبەر دووهەمیان گوێمەدەرەییانە بمێنینەوە. لە ڕاستیشدا ئەو مەزڵومیەت و مەغدوریەتەی بە درێژایی چەندین ساڵ تێیدا دەژیاین، ڕێگەی ئەوەیان پشان دەداین کەوا سەرلەنوێ وەک خۆمان زیندوو ببینەوە، ڕێگەی زیندووکردنەوەی ئەو بەها دینی میلیانە بگرینە بەر، کەوا لە دەستمان داوە. بەڵێ ئەو ناڕەحەتیانەی توشمان بوو، وەک ئەوەی فشاری بۆ هێناین کەوا وەک خۆمان ببینە شتێک، لە هەمان کاتدا درکبردنمان بەوەی بەملاولادا دەبرێین و موزایەدەمان بەسەرەوە دەکرێت، یەکسەر دەبووە هۆی ئەوەی کاردانەوە میلیەکانمان ببزوێنێت.  

 

 

ئیدی بە درێژایی چەندین سەدە، وەک چۆن غەنیمەتی ئەو ژیانەمان کۆکردەوە کەوا تایبەت بە خۆمان بوو، هزرمان لە قەشەنگترین تابلۆکانی چاخە ئاڵتونیەکانمان و دەستی کراوەمان بە ڕووی هەموو شتێکدا، چەندین ئەلبومی ساز کرد و خەیاڵەکانیشمان ئێمەیان بۆ مەفکورەیەکی باڵاتر بانگهێشت دەکرد. گەر لە کاتی خۆیدا بە گوێرەی شێوازی خۆی وەڵامی ئەم بانگهێشتە بدرابایەتەوە، سەرەڕای ئەو دەیان مەحرومیەتەی لە ڕابردوودا توشمان بوو، دیسان بە براوە ئەژمار دەکرایین. ئیدی لەو کاتەدا دەمانتوانی باوەڕ بەوە بکەین کەوا هیوا ڕەش بووەکانمان و عەشق و ئایدیاڵەکانمان، لەگەڵ هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێدا سەرلەنوێ ڕۆشن دەبنەوە و ئەو بەهایانەی لە ئێمە دابڕێندراون و توڕ دراون، جارێکی تر بۆمان دەگەڕێنەوە.

ئەگەرچی باسکردن لە ئاماژەکانی وەرچەرخانێکی جددی لەو شێوەیە مومکین نەبوو، بەڵام بە نیسبەت ئەوانەی دەیانتوانی سەیری بازنەی بەردەوامی دووبارەبوونەوەی ڕووداوە مێژوویەکان بکەن، هەبوونی ئاماژەی سەرو ئاماژەکانیش جێگەی باس بوو، پێش هەموو شتێک سەرەڕای هەبوونی هەموو گۆڕان و وەرچەرخانێک، یاسایەکی نەگۆڕی ئیلاهی هەبوو: چەشنی ئەو سەرلەنوێ زیندووبوونەوەی لە زیندەوەراندا بەدی دەکەین، لە کۆمەڵگاکانیشدا ئیدی هەرچۆنێک بن، ئەم یاسایە کەوا دەتوانین بە “مەیلی هەبوون بە بەهاکانی تایبەت بە خۆیانەوە” ناوی ببەین، وەهای کردبوو لە هەموو لایەکەوە هەستی پێبکرێت…

جگە لەمانە، کۆن بوونی شتانێک کەوا جێگەی کۆنبوون بوون، ئەو بەها وەرزیانەی کەوا بە هۆی ڕاڤەی دیاریکراو و ڕاستی دیارکراوەوە هاتبوونە پێشەوە و وەک بژاردەیان لێهاتبوو، گۆڕانی ئەمانە و بێ بەهابوونیان بە هۆی گۆڕانی ئەو هەلومەرج و بارودۆخانەی وەک هۆکاری هاتنە پێشەوەی ئەوانی لێهاتبوو، جێگەی باس بوو. ئێستا گەر لەم گۆشە نیگایەوە سەیری هیوا و ئەمەلەکانی خۆمان بکەین، ئەگەرچی وەک شتێکی نەکردەش بێتە پێش چاومان، ئەو قودرەتە بێ کۆتایەی ئەو کەوا ناخرێتە چوارچێوەی حساباتەکانمانەوە، بە هۆی تەقدیر و هەڵسوکەوتی بەردەوامی خۆی کەوا لە هەموو زەمانێکدا بوونی هەیە، دەشێت شتانێکی چاوەڕوان نەکراو بێتە ئاراوە و، کەسیش ناتوانێت بەر بە هاتنی ئەم شتانە بگرێت.

تەنیا گەر هێندە دەست بدات، کۆمەڵانی خەڵک کەوا چەندین سەدەیە توشی دەستەوسانی بوون و وەهایان لێهاتووە کەوا نەتوانن وزەی خۆیشیان بخەنە گەڕ، بارگەی ئەو هێزەی هەیانە بیخەنە گەڕ و بەم هۆیەوە بانگهێشتی هاتنی چاودێری جەنابی حەق بکەن.

پێموایە لەو کاتەدا ڕەنگی دونیا لە پڕێکدا دەگۆڕێت، گریانی ئەوانەی دەگرین دەڕەوێتەوە و، سەر ڕووی زەوی لەوە ڕزگاری دەبێت کە وەک ماتەمخانەی گشتی بێت و، ئەو ڕێگایانەی هەتا دوێنی بە ناوی نەبوونی و هیچێتیەوە پێیدا دەڕۆشتین، بۆ شاڕێگاکان وەردەچەرخێن و ئێمە بەرەو بوونی ئەبەدی دەبەن…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *