دادوەری دادپەروەر، مامۆستا و خزمەت بەشی پێنجەم

مامۆستا لە ساڵی ١٩٤٣، لەو کاتەی کەوا تەمەنی ٥ ساڵان بوو، لە وڵات خۆمان و لە دونیاشدا ڕووداوی زۆر گەورە ڕووی دەدا.

ئەو کەسانەی کەوا بەدیعوزەمانیان بە مەترسی دەزانی بۆ سەر ئەو دونیایەی خۆیان بونیادیان نابوو، دیسان کەوتنەوە خۆیان. ٢٧ ی ئەیلولی ١٩٤٣ کەوا ڕێکەوتی شەوی قەدری دەکرد، ئوستادیان لە شاری کاستامۆنۆوە هەڵگرت و نەفی ئەنقەرەیان کرد کەوا ٣٠٠ کیلۆمەتر لە شوێنی مانەوەیە دوور بوو.

لەم کاتەدا کۆنفرانسی دووهەمی  مۆسکۆ بەڕێوە دەبرا و، باس لەو دونیایە دەکرا کەوا لە دوای جەنگی جیهانی دووهەم دروست دەبوو. هەریەک لە ئینگلتەرە، چین، ئەمەریکا، یەکێتی سۆڤیەت بەشداری کۆنفرانسەکەیان کردبوو.

لە ساڵی ١٩٤٣، کۆنفرانسی تەهران بە بەشداری هەریەک لە ڕۆزڤێڵت، ستالین، چەرچڵ ساز کرا و تێیدا بڕیار لەسەر ئەوە درا کە تورکیاش بەشداری جەنگەکە بکات.

کاتێک ئەم شتانە ڕوویاندا، بە بەمەستی ئەوەی بەدیعوزەمان بێدەنگ بکەن، لە ئەنقەرەوە بەرەو ئیسپارتە نەفییان کرد. لەوێش ماوەی یەک مانگ لە ژێر چاودێریدا هێشتیانەوە. پاشان بردیان بەرەو دەنزیلی، خوێندکارەکانیان لە شارە جیاوازەکانی تورکیاوە کۆکردوە و، هەموویان پێکەوە خستنە زیندانی دەنزیلی. لێرەش سەرەڕای تەواوی ئەو ئەشکەنجانەی لە دژی ئەنجامیان دەدا، ١٣ جارش بە شێوەیەکی سەخت ژەهراویان کرد. ئابرا حافیز عەلیش یەکێک بوو لەوانەی شایەتی ئەم ژەهراوی کردنە بوو.

 

عەلی رەزا بەگیش کەوا سەرۆکی دادگای سزا قورسەکانی دەنزیلی بوو، لە سەردەمی خوێندکارییەوە ئوستاد بەدیعوزەمانی خۆشدەویست. کاتێک لە بەشی یاسای زانکۆی ئسیتەنبول خوێندکار بوو، لە شەکەرجی خان چاوی بەو دەکەوێت، لە نزیکەوە شایەتی زانست و خۆشەویستی ئوستاد بۆ نیشتیمانەکەی دەبێت.

قەدەر لە دوای چەندین ساڵ، هەردووکیانی لە دادگای دەنزیلی بە یەک گەیاندەوە. عەلی رەزا بەگیش، زۆر بە باشی ئەوەی دەزانی کە ئەو بانگەشانەی لە دژی ئوستاد خراونەتە ڕوو، هەموویان بێ بنەمان. کاتێک لە دۆسیەی دادگایی کردنەکەیدا هیچ شتێک بوونی نەبوو کەوا ڕەهەندی تاوانی تێدا بێت، عەلی رەزا دەیویست حوکمی بێ تاوانی هەموو زیندانیکراوەکان دەربکات و ئازادیان بکات، بەڵام ئەو دوو دادوەرەی کەوا لە سەرەوە رەوانەی دادگاکە کرابوون، سوور بوون لەسەر ئەوەی سزای ئوستاد بدەن. عەلی ڕەزا ئەفەندیش بۆ ئەوەی مۆڵەت بەم کەسە نیەت خراپانە نەدات، ماوەی دادگایی کردنەکەی بۆ ماوەی ٩ مانگ درێژ کردەوە. ئوستادیش زۆر بەم حاڵە دڵتەنگ بوو. زۆرێک لە هاوڵاتیان بە بێ هیچ هۆیەک لە زیندان دەهێڵدرانەوە و، لە ئیش و کاریان کرابوون.

لە میانەی ئەم ماوەیەدا، یەکێک لە دادوەرەکان بە هۆی نەخۆشیەوە مۆڵەتی وەرگرت و دەستی لە دۆسیەی دادگایی کردنەکە هەڵگرت. حەسنا شەنەریش یەکێک بوو لەو خانمانەی لە دادگای دەنزیلی پلەی دادوەری هەبوو. عەلی ڕەزا ئەفەندیش دەچێتە لای حەسنا خانم و پێی دەڵێت” لە ڕاستیدا لەم دۆسیەدا هیچ ڕەهەندێکی تاوان بوونی نیە، ئەم مرۆڤانە بێ گوناحن. کچم وەرە ببە ئەندامی لیژنەکەی ئێمە. با بڕیارێکی دادپەروەرانە بدەین. ئایا واژۆ لەسەر بێ گوناحی ئەم مرۆڤانە دەکەیت؟”، حەسنا خانمیش بێ ئەوەی سێ و دووی لێبکات، یەکسەر لە وەڵامدا وتی” بەڵێ واژۆی لەسەر دەکەم”. هەربۆیە عەلی رەزاش ئەوی وەک ئەندامی لیژنەی دادگاییکردنەکە ناوزەند کرد.

عەلی رەزا ئەفەندی، دادوەری سێهەمیش قەناعەت پێکرد، کەوا واژۆ لەسەر بێ تاوانی ئوستاد و خوێندکارەکانی بکات. بەم شێوەیە هەریەک لە عەلی ڕەزا ئەفەندی – کەوا لەلایەن ئوستادەوە نازناوی دادوەری دادپەروەری پێدراوە- لەگەڵ دوو دادوەرەکەی تر، لە ڕێکەوتی ١٥ ی حوزەیرانی ١٩٤٤ بڕیاری بێ تاوانییان بۆ تەواوی پەیامەکانی نور، ئوستاد و خوێندکارەکانی دەرکرد.

حەزرەتی ئوستادیش لە پەراوێزی کتێبی ئەمیرداغدا، ناوی حەسنا خانم دەهێنێت و سوپاسی دەکات:

سوپاسی حەسنا خانم دادنوسی دادگا و ئەندامی لیژنەی دادگایی کردنەکەمان دەکەم، لەگەڵ چەند زاتێکی تری خاوەن ویژدانی وەک دادوەری لێکۆڵینەوە. هەرگیز ئەوان لە بیر ناکەم و، سوپاس و پێزانینی منیان پێ ڕابگەیەنن”.

عەلی ئیحسان تۆڵا بەم شێوەیە باسی دواتری دەکات:

کاتێک چوومە حزوری مامۆستا، باسی وەزعەکەم بۆ کرد.

ئوستاد:

عەلی ئیحسان من ناوی ئەوم لەلای غەوس و قوتبەکان نوسیوە، من لەگەڵ ئەواندا نزای خێری بۆ دەکەم. پیاوەکان ترسان، بەڵام ئەو هاتە مەیدان و خۆی کردە لایەنگری خزمەتی داوای قورئان. سبەینێ لە مەیدانی مەحشەر قورئان دەبێتە شەفاعەتکاری.

 

هەروەها بە منی وت:

چیە دەڵێی لەبەر ئەوەی حەسنا لەچکی بەسەرەوە نیە، بە دڵت نیە؟ ئەو حەسنا خانمەی کەوا رەخنەی ئەوەی لیدەگریت ڕەچاوی خۆداپۆشین ناکات، بڕیاری بێ تاوانی لەسەر پەیامی خۆداپۆشینیش دەرکردووە. وەک دەڵێن هۆکار وەک بکەری کارەکە وەهایە، تەواوی ئەو حەسەنات و خێر و چاکەیەی بە نسیبی ئێوە دەبێت، بە نسیبی ئەویش دەبێت. تەواوی ئەو چاکە و حەسەناتەش، بە هۆی ئازایەتی و غیرەتی حەسنا خانمەوە بوو!

 

ئوستاد دواتر چەند پەیامێک بە دیاری دەنێرێت بۆ عەلی ڕەزا بەگی سەرۆکی دادگای سزا قورسەکانی دەنزیلی.

سەیری ئاڕاستەی قەدەر بکەن، هەمان دادوەر بووە هۆی ئەوەی چەندین خزمەتی تر لەسەر دەستی رووبدات. عەلی رەزا لە ئیزمیر دۆستێکی نزیکی هەبوو. ئەم دۆستەی کۆمەڵێک کچی دەبێت، بە مەبەستی ئەوەی لە کەشوهەوای نەرێنی ئیزمیر بیانپارێزێت، لە شوێنێکی دەرەوەی ئیزمیر خانوویەک دروست دەکات و، چواردەورەکەی بە دیوار دەگرێت. ئەم خانووەشی لە گەڕەکی بۆزیەکا دەبێت، کە ڕۆماننوسی بەناوبانگ ڕەشاد نوری یەکێک لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی بە ناوی چالیکوشو تێدا نوسیوە.  بەڵام ڕیگای پاراستنی منداڵەکانی لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی دیواری بەرزەوە کارێکی مومکین نەبوو. هەربۆیە دوای ئەوەی عەلی رەزا ئەفەندی پەیامەکانی خوێندەوە، تەواوی پەیامەکانی بە دیاری رەوانەی ئەم دۆستە دەوڵەمەندەی شاری ئیزمیر کرد. ئەم زاتەی کەوا دیاریەکەی وەرگرت، خەزوری حاجی نەفی ئاکیازیڵی بوو.

دوای چەندین ساڵ، یەکێک لە زاواکانی ئەم دۆستەی عەلی ڕەزا، کە دەکاتە هاوسەری زەهرا ئاکیازیڵی و،  ناوی نەفی ئاکیازیڵی دەبێت، وەقفێکی بە ناوی ئاکیازیڵی دامەزراند و چەندین عەرزە و دوکانی خستە خزمەتی وەقفەکەوە. لەو کاتەشدا خزمەت بە دوای شوێنێکدا دەگەڕا هەتا بیکاتە بەشی ناوخۆیی. دەستەیەکی خزمەتیش کەوا لە نێوانیاندا مامۆستاش بوونی دەبێت، بۆ یەکەم جار دەچنە سەیری ئەوەی عەرزەیەکی گونجاو بۆ دامەزراندنی بینای بەشی ناوخۆیی دیاری بکەن.

لەگەڵ مامۆستادا هەریەک لە یوسوف پێکمەزجی و ئابراکانی تری ئەو کاتەی خزمەت بوونیان دەبێت، لەو کاتەدا ئۆتۆمبیلەکەی ئوستاد بە تەوافوق دەهێنرێتە ئیزمیر، کە ئێستا لە مۆزەخانەی ئیسپارتە دانراوە. یوسوف پێکمەزجی بە لەبەرچاو گرتنی شوێنی عەرزەکە و ڕووبەرەکەی، پێی وەها دەبێت کە ئەو شوێنە بۆ بونیادنانی بەشی ناوخۆیی شیاو نیە. بەم شێوەیە پەشیمان دەبنەوە لەوەی بەشی ناوخۆیی لەو شوێنە دروست بکەن. بەڵام لەو کاتەدا ئۆتۆمبیلەکەی ئوستاد، وەک ئەوەی عینادی بکات لەوەی لەناو ئەو عەرزەیە بچێتە دەرەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام فەڕتەناش دەکات و لە شوێنی خۆی جوڵە ناکات. بەڵام مامۆستا لە روانگەی خوێندنەوەی ڕووداوەکان(تاویل الاحادیث)، ئاماژەی ئەوەی بەدیکرد، کە ڕۆحانیەتی مامۆستا، خوازیارە لەو شوێنەدا لانەیەکی زانستی بونیاد بنرێت” ئۆتۆمبیلەکەی ئوستاد نایەوێت لەم شوێنە بڕواتە دەرەوە، وەها دیارە ئەم شوێنە بۆ بونیادنانی بەشە ناوخۆیەکە گونجاو بێت”. بەم شێوەیە بڕیاری ئەوەیاندا لەو شوێنەدا بەشە ناوخۆیەکە بونیاد بنێن.

ئەوەی جێگای سەرنج دەبێت، لە دوای ئەوەی مامۆستا و هاوڕێکانی ئەم بڕیارە دەردەکەن، ئۆتۆمبیلەکەی ئوستاد بێ ئەوەی هیچ پاڵێکی پێوە بنرێت، لە عەرزەکە دەچێتە دەرەوە.

دواتر ئەم بەشە ناوخۆییە، گۆڕا بە کۆلیجی یەمانلەر و، چەشنی کەشتیەکەی نوح کەوا مرۆڤایەتی لە خنکان ڕزگار کرد، خزمەتی مرۆڤەکانی کرد.

لە ڕاستیشدا، مامۆستا لە ساڵی ١٩٦٦ کاتێک سەردانی ئیزمیر دەکات، لە یەکەم ڕۆژەکانی ئەو سەردانەیدا خەوێک دەبینێت، ڕێک لەو شوێنەی کەوا بیناکەی تێدا دروست کرا، بینایەک دەبینێت کەوا تەواوی دونیا دەگرێتەوە و، هەر بۆیە لەو کاتەدا شیعری “دونیایەکی نوێ” دەنوسێت. پاشان ئەم شیعرە لەلایەن ئەو منداڵانەی بەشدارییان لە فێستیڤاڵی زمان و کەلتوردا دەکرد، وترایەوە. بە پشتیوانی خودا دواتر بە شێوەیەکی بەرفراوانتر دێینەوە سەر ئەم باسە.

 

ئێستا دیسان دەگەڕێینەوە سەر ساڵی ١٩٤٤ کەوا مامۆستا هێشتا لە تەمەنی ٦ ساڵیدایە:

ئوستاد بەدیعوزەمان کاتێک لە دادگا بڕیاری بێ تاوانی بۆ دەرکرا، تەنیا دوو مانگ لەو شارە مایەوە. لە ساڵی ١٩٤٤ دیسان نەفی شارۆچکەی ئەمیرداغی شاری ئافیۆن کرا. لێرەش ٣ جار ژەهرانخواردیان کرد. حەسەن فەیزی ئاغاش یەکێکە لەوانەی شایەتی ئەم ڕووداوە دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی کاریگەری ژەهرەکە زۆر گەورە دەبێت، بەڵام ئوستاد دەڵێت:

” بە هۆی بەرەکەت و داباری خوێندنەوەی چەند ویردێکی وەک جەوشەنی کەبیر، لە کاریگەری ژەهرەکە ڕزگار دەبم و نامرم، بەڵام نەخۆشی و ناسۆریەکەی زۆر سەختە”. ئوستاد تەنانەت لە کاتی ئەم نەخۆشیە سەختانەشیدا، دەستی لە نوێژەکانی هەڵنەدەگرت. بەڵام لە جاری دووهەم و سێهەمی ژەهرانخواردنیدا، دوای ئەوەی بە شێوەیەکی زۆر سەخت کاریگەرییان لەسەر دانا، ماوەی ٢-٣ ڕۆژ بە  شێوەیەکی نیمچە بووراوە، لە نێو جێگەکەیدا نوێژەکانی ئەنجامدا.

 

کاتێک لە تورکیا ئەم شتانە ڕوویان دەدا، جەنگی جیهانی دووهەم بە تەواوی گوڕ و تینی خۆیەوە بەردەوامی هەبوو. کاریگەری ڕۆزڤێڵتی سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆڵێکی گرنگی لەسەر چۆنیەتی ڕێڕەوی جەنگەکە هەبوو. ئەنجامی جەنگەکە، بە نیسبەت تەواوی مرۆڤایەتییەوە کارەسات بوو. لە جەنگی جیهانی دووهەمدا ٧٣ ملیۆن مرۆڤ گیانیان لە دەستدا و، ئەمەش خوێناویترین جەنگە کەوا لە مێژووی مرۆڤایەتی لەسەر دەستی مرۆڤ ڕوویداوە. جەنگەکە دواتر بە سەرکەوتنی ئەوروپیەکان کۆتایی هات و، هەریەک لە ئەمەریکا و ڕوسیا بەسەر تەواوی دونیاوە بوونە خاوەنی قسە. لەو کاتەی مامۆستا تەمەنی ٧ ساڵان بوو، زوڵم و زۆری ئاخیر زەمان، بە تەواوی گوڕوتینیەوە مرۆڤایەتی پەرێشان کردبوو. بەڵام زوڵم هیچ کاتێک تەمەنی درێژی نەبووە، الله مۆڵەتی زاڵمان دەدات، بەڵام فەرامۆشیان ناکات.

 

الله مۆڵەتی یەک لەسەر یەک بە زاڵمان دەدات، بەڵام گەر تەنیا یەک جار بیگرێت، بە تەواوی هەناسەی لێدەبڕێت…

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *