داوی ئەنانەیەت و چەقە هێزی ئیخلاس

 

مرۆڤ دەشێت هەندێک جار لە ڕوانگەی سەرئەنجامی کارەکانیەوە بگاتە ئەو بڕوایەی کەوا کاری جوان ئەنجام دەدات و ئەمەیشی وەک کارێکی زۆر بێگەردانە بێتە بەرچاو. بەڵام گوناح، دەشێت لە نێو مەعسومترین هەست و بیرکردنەوەکانیشدا جێگە بۆ خۆی بکاتەوە. بۆ نمونە لەو ساتانەی بیرکردنەوەگەلێکی چەشنی ئەوەی بڵێین” ئێمە ئەم کارانەمان ئەنجامدا، ئێمە پلانمان بۆ دانا” توشی دەمارەخانەکانی مێشکمان دەبێت، ئەو کارەی ئەنجامی دەدەین ناشرینی دەکەین. لەم بابەتەدا مانەوە لەسەر ڕێگەڕاستەکە(استقامة) هەتا بڵێی کارێکی سەختە. گەر لە کاری زۆر گەورەدا سەرکەوتوو ببن، هەموو جیهان فەتح بکەن، لە قوڵاییەکانی زەویدا گەنجینەگەلێک بدۆزنەوە و دەریبهێنن، بەڵام دواتر ئەوە بە ئەقڵتاندا بێت کە بڵێن” دەستتێوەردانی ئێمەش لە هاتنە کایەی ئەم کارانەدا بوونی هەیە”، توشی دۆڕان دەبن.

**

 

ئافراندن هاوبەشی قبوڵ ناکات

ئیرادەی مرۆڤ لە دەستپێکی کارەکاندا بناغەیە. لەم سۆنگەیەوە ئەو ئەرکەی لەسەرشانێتی، بریتیە لەوەی حەقی ئیرادەی خۆی بدات، پەنا بۆ تەواوی ئەو هۆکارانە ببات کەوا دەیگەیەنن بە سەرئەنجامەکە، بە عەزمێکی زۆر گەورەوە باوەش بە کارەکەیدا بکات و هەوڵ و کۆششێکی زۆر گەورە بخاتە گەڕ. بەڵام دوای ئەوەی ئەرکەکەی خۆی بەجێگەیاند، نابێت خۆی بکاتە خاوەنی ئەو سەرئەنجامەی کەوا وەک جێدەرکەوتی کارەکانی پەروەردگار هاتۆتە کایەوە و، نابێت سەرئەنجامەکە بە کاری خۆی بزانێت. خۆی لە ڕاستیشدا تەواوی بوون و ڕووداوەکانی ناو گەردونیش هەر لەلایەن الله وە ئافرێندراوە. ئەمەش کارێکە هاوبەشی قبوڵ ناکات. لێرەدا چوونە ناو تێبینی ئەوەی کارەکانی هاوبەشی هەیە، هیچ نیە جگە لەوەی هاوبەشێکت بۆ الله دانابێت.

مرۆڤەکان هەر کاتێک دەستیان کرد بەوەی نیعمەتەکانی پەروەردگار بە کاری خۆینا بزانن، لەدەستی دەدەن. تەنانەت گەر بۆ ماوەیەکی کاتی ئەو گۆشەیەی بەهۆی ناوەندی چەقەهێزی ئیخلاسەوە لە کرانەوە بەردەوام بێت، پاش ماوەیەک بە هۆی نەمانی ئیخلاسەوە توشی وەستان دەبێت. دوای ئەوەی بە شێوەیەکی خالیسانە و دڵسۆزانە دەست بە کارێکی پیرۆز دەکرێت، ئەو کەسانەی دەست دەکەن بەوەی خۆیان تێکەڵی کارەکان بکەن، تەنانەت گەر گەورەترین وەلیەکانی خوداش بن دەست بە دۆڕان دەکەن و درەنگ یان زوو لە شوێنێکدا گیردەخۆن و پەکیان دەکەوێت.

بەم هۆیەشيوەیە حەزرەتی پیر پێشنیاری ئەوەی کردووە لایەنی کەم ١٥ ڕۆژ جارێک پەیامی ئیخلاس بخوێنرێتەوە. بابەتی ئەوەی مرۆڤ ئێگۆی “منێتی” خۆی بسڕێتەوە و فڕێی بدات، پاشان نزیک بوونەوەی لە کەناری “ئێمە” کە وەک شیرکی خەفیف وەهایە، دواتر بە تێبینیەکی سەمیمانەوە “ئێمە”ش هەڵبگرێت و خۆی وابەستە ئەو”هو” بکات، کارێکی زۆر گرنگە.

ئەو ڕێگایەی ئێمەی لەسەر دەڕۆین ڕێگای یەکتاپەرستیە. ڕێگای سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی ئەو تێبینیانەیە کەوا پەیوەندییان بە بوونی الله و تاکێتی ئەوەوە هەیە. چونکە دینامیکە سەرەکیەکانی ئەو بابەتە بە درێژایی چەندین ساڵ ژاکاوە و، لەلایەن زۆرینەی مرۆڤەکانەوە لەبیرکراوە. دەبێت ئەوەش بزانرێت کەوا ناشێت لەسەر ڕێگەی یەکتاپەرستی بە تێبینی شیرک و هاوبەشی دانانەوە، ملی ڕێگە بگریت. خۆ گەر لە ڕێگەیەکی لەم شێوەیەدا هەستن و هەندێک لە بابەتەکان بە “جگە لە الله” بە هەندێک لە هۆکار و ئێگۆی خۆتانەوە ببەستنەوە، الله لە دوای ماوەیەک ئەو شتانە لە دەستی ئێوە دەردەهێنێت. ئەو دونیایەی کەوا گومانی ئێوەی پێدەبەن بونیادتان ناوە بەسەر سەرتاندا دەڕوخێت، ئێوە دەبن بە ژێریەوە و دەپلیشێنەوە. لەم سۆنگەیەوە هەتا نیعمەت و ئیحسانەکانی الله ڕوو لە زیاد بوون بکات، پێویستە بەو ڕادەیە پەیوەندی و بایەخ بە ڕێگەی ئەو بەهێزتر ببێت، جگە لەو هەرچی تێبینی تر هەیە بسڕدرێتەوە.

بەدیعوزەمانیش شوێنی هۆکارەکان لە ڕێگەی ئەم چەند وتەیەوە ڕوون دەکاتەوە” عیزەت و گەورەیی ئەو، خوازیاری ئەوەیەی لەبەردەم ئەقڵدا هەندێک لە هۆکارەکان ببنە پەردە بەسەر دەستی قودرەتیەوە؛ تەوحید و جەلالی ئەویش خوازیارە هۆکارەکان بکشێنە دواوە لەوەی وەک کاریگەر دانەری ڕاستەقینە دەربکەون”. لە شوێنێکی تریشدا دەڵێت”بۆ ئەوەی دەستی قودرەتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەندێک کاری نەشیاودا دەرنەکەوێت، هۆکارەکانی وەک پەردە بەسەردا داون”. وەک لە وتەکانی ئوستادیشەوە دەبینرێت، هۆکارەکان تەنیا پەردەن. لەم نێوەندەدا ئەگەرچی مرۆڤ لە ڕێگەی ئەقڵەوە سەرفراز کراوە و وەک بەشەرەفترینی بوونەوەرەکانیش ئافرێندراوە، کارەکانی ئەو جگە لە هۆکارێک شتێکی تر نیە. هەربۆیە جێگۆڕکێکردن لە نێوان “هو” و “من”دا بێڕێزییەکی زۆر گەورەیە بەرامبەر الله.

مرۆڤ لەم بابەتەدا نابێت ڕێگە بە بچوکترین تێبینی هەڵە بدات لەوەی توشی هزری ببێت. چونکە ئەم تێبینیانە هێواش هێواش گەورە دەبێت و مرۆڤ وەک تیمسالێکی ئێگۆیزم لێدەکات. کاتێک کارەکانی هەتا ئەم ڕادەیە هێنا، ئیدی ئەم بتە زەبەلاحەی کەوا بە دەستەکانی خۆی دروستی کردووە، تەنانەت خودی خۆیشی ناتوانێت بە ئاسانی بیشکێنێت.  

**

الله ئەو کەسانەی خۆشناوێت کە دەڵێن “من”

جەنابی حەق لە یەکێک لە ئایەتەکانیدا دەفەرموێت” والله خلقکم وما تعملون”. واتە ئەوەی ئێوە و کردارەکانیشی ئافراندون هەر الله یە. دەشێت مرۆڤ هەموو کاتێک هەست بەمە نەکات. دەشێت هەندێک جار ئەو بەرهەمەی هاتۆتە کایەوە  لە خۆیەوە ببینێت. بەڵام هەر کاتێک هەستی بەم هەستەی کرد، پێویستە یەکسەر داوای لێخۆشبوون بکات و خۆی لەو تێبینیە هەڵانە دوور بخاتەوە. تەنانەت ڕێگە بەوە نەدات خەیاڵەکانیشی بەم جۆرە تێبینیانە چەپەڵ ببێت. هەتا ئێستا لە نێو ئەو مرۆڤانەی هەردەم دەڵێن” من، من” چاوم بە یەکێکیان نەکەوتووە کەوا سەرکەوتن بەدەستبهێنن. ئەم جۆرە مرۆڤانە گەر هەتا شوێنێکی دیاریکراویش کارەکانیان ببەن بەڕێوە، لە شوێنێکدا کەوا هیچ چاوەڕوانی ناکەن دەبن بە دەم گەرداوێکەوە و نغرۆ دەبن. خۆ گەر زۆر بە وردی چاوێک بە ژیانتاندا بخشێننەوە، ئێوەش ئەوە بەدی دەکەن زۆرێک لەو کارانەی دەرحەقیان وتووتانە “زۆر بە جوانی ئەنجامم داوە”، بە سەرئەنجامێکی ئابڕوبەرانە کۆتایی هاتووە. چونکە ئەم جۆرە بیرکردنەوانە لەلای الله زۆر قێزەونن. الله کەسێکی خۆشناوێت کە هەردەم دەڵێت “من”. لەم سۆنگەیەوە گەر بمانەوێت لە کارەکانماندا سەرکەوتوو بین، پێویستە تەواوی کارەکانمان لە تەوەری ئیخلاسدا بەڕێوە ببەین. نەفس خوازیاری ئەوەیە خۆی قورس ببینێت و لە ڕێگەی ئەو کارانەوەی ئەنجامی دەدات ستایشی بکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە نەفس بە شێوەیەکی زۆر توند فەرمان بە خراپە دەکات. هەربۆیە متمانە بە نەفس ناکرێت. کاتێک هەندێک کار بە ناوی نەفسەوە ئەنجام دەدەین و بە نەفسمانەوە دەیبەستینەوە، نرخی ئەو کارانەی ئەنجاممان داوە دادەبەزێنین و کاریگەریەکەی دەشکێنین. هەرکارێکیش بە ناوی نەفسەوە ئەنجام دەدرێت، مەحکومە بەوەی لە ئاخیرەتدا نەزۆک بێت. ئێوە تەنانەت گەر هەموو جیهانەکانیشتان فەتح کردبێت، بەڵام گەر بە ناوی نەفستانەوە هەنگاوتان هەڵگرتبێت، ناتوانن هیچ پاداشتێک لەلای جەنابی حەق وەربگرن.

لەسەرو ئەمانەشەوە، ئەم جۆرە مامەڵە خۆپەرستانەیە وەک ئەوەی کاردانەوەی مرۆڤە خاوەن ئیخلاسەکانی لێدەکەوێتەوە و بە ناخۆشحاڵییەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە؛ لە هەمان کاتدا بابەتی ئەوەی دەبێتە هۆکاری حەسودی و ناحەزی ئەو مرۆڤانەی لەگەڵ ئێوەدا ملی هەمان ڕێچکەیان گرتووە، گومانی تێدا نیە. بە نیسبەت مرۆڤێکەوە کەوا خۆیی و ئەو کارانەی ئەنجامی دەدات بەلایەوە زۆر پەسەندە، پێویستە ئەوەی بە بیردا بهێنرێتەوە کەوا کەسانی تر بە هەمان ڕادەی خۆی بەلایانەوە پەسەند نیە.

**

“بە کەم تەماشاکردنی عیبادەتەکان”

لەلایەکی ترەوە، ئەگەرچی ئەو کارانەی ئەنجام دەدرێن بچوکیش بن، گەر بە ئیخلاسەوە ئەنجام بدرێن گەورە دەبن. هەر کارێک کەوا لە پێناو الله ئەنجام دەدرێت بچوک نیە. هەربۆیە سەرداریشمان ئاماژەی بەوە داوە کە تەنانەت زەردەخەنەیەکیش بە ناوی چاکەوە بە کەم نەزانین.

بەڵێ، لەلایەکەوە پێویستە هیچ کارێک کەوا بە ناوی الله وە ئەنجام دەدرێت بە بچوک نەبینین و، لەلایەکی ترەوە هەرکارێک کەوا خۆمان ئەنجامی دەدەین تەنانەت گەر گەورەش بێت، بە بچوک تەماشای بکەین. کەسێکی ئیماندار هەر کارێک کەوا دەست بە ئەنجامدانی دەکات پێویستە بەم چاوەوە سەیری بکات. هیچ کارێک لەوانەی ئەنجامی دەدات بە گەورە نەیبینێت. هەم ئەو عیبادەتانەی بە ناوی الله وە ئەنجامی دەدات، هەم ئەو هەوڵ و کۆششانەی بە ناوی ناساندن و بەرزکردنەوەی ناوەوە دەیخاتە ڕوو، پێویستە بە کەمیان بزانێت. ئەو کاتەی بۆ الله تەرخانی کردووە، لەگەڵ ئەو کاتەی بۆ ڕێنمویی و بانگەوازی دینەکەی دیاریکردووە، وەک پێویست نەیبینێت. لە ڕاستیدا تێبینیەکی لەم شێوەیە لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە بە عیبادەت ئەژمار دەکرێت. دەشێت ئەمە بە “بەکەم تەماشاکردنی عیبادەتەکان” ناوی ببەن. لەم بابەتەدا گەر گەورەیی و مەزنێتیەک بوونی هەبێت، وابەستەی ئەوەیە کە هەتا چەندە لە پێناو خزمەتی مرۆڤایەتی و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی الله ئەنجامدراوە. ئێمە لەو باوەڕەداین، الله تەنانەت دۆزینەوەی زۆر گەورە بە نسیبی کۆششی زۆر بچوکیش دەکات. بۆ نمونە یەک دوو ماڵی خوێندکارانە کەوا ئێوە لە سەردەمێکی دیاریکراودا کردتانەوە، لە داهاتوویدا بووە هۆکاری کرانەوەی زۆر گەورە. هەر تۆوێک کەوا دەیچێنن، دواتر خونچە دەکات و دەبێتە درەخت، لە هەموو لایەک ڕەگ دادەکوتێت و، لە پڕێکدا هەموو دونیا دەکاتە گوڵستان. تەنانەت ئەو کەسەی تۆوەکەی چاندووە لە بەرامبەر ئەم سەرئەنجامەی دێتە دی، توشی حەیرەت و سەرسوڕمان دەبێت. تەنیا هێندە هەیە ئەو کارانەی ئەنجام دەدرێن لە پێناو ڕەزامەندی ئیلاهی ئەنجام بدرێن، مرۆڤ لە ڕێگەی ئەوانەوە هەوڵی خۆدەرخستن نەدات.

سەرئەنجام دەتوانین ئەوە بڵێین، هەر مرۆڤێک کەوا بایەخ بە سەرئەنجامی دونیایی کارەکانی نەدات، نەفسی خۆی تێکەڵیان نەکات، خەمی دونیا داینەگرێت، بێ بانگەشە و بێگەردانە خزمەتەکانی ئەنجام بدات، لەلایەن الله وە سەرکەوتنی بە نسیب دەکرێت. وەک ئەوەیە لە یەکەم ئایەتی سورەتی فەتحیشدا ئاماژەی پێکراوە، الله ڕێگەی ئەو جۆرە مرۆڤانە دەکاتەوە و لەبەردەمیاندا شاڕێگەکان دەخاتە سەرپشت و، ڕێگە تەسکەکانیان لەبەردەمدا دەکاتە ئۆتۆبان.

لەلایەکی ترەوە کەسانێک کەوا دەڵێن” کاردەکەم، خەریکی ڕاکەڕاکم، هیجرەت دەکەم، بەرگەی مەحرومیەتی زۆر گەورە دەگرم، ئایا بەرامبەر ئەم هەموو هەوڵ و خۆ ماندووکردنە چیم دەست دەکەوێت!”، کەسانێک کەوا تێبینیگەلێکی لەم شێوەیەیان هەیە، ئەو مرۆڤانەی کەوا چەشنی جاڵجاڵۆکە خەریکی هۆنینەوەی داوی دونیای خۆیانن، خۆیان دەکەونە ناو ئەم داوەی کەوا ناویانەتەوە. ئەمەش داوی ئەنانیەتە. ئەمانە هەر هێندەی یەکجار کەوتنە ناو ئەم داوەوە، چیدی ناتوانن بێنەوە دەرەوە و دەبنە خۆراکی کەسانی تر. الله بە لوتفی خۆی کۆتاییەکی جوان و سەلامەت بە نسیبی هەموولایەکمان بکات.  

ئەم نوسینە لە وتارێکی مامۆستا کەوا لە ڕێکەوتی ٥ ی ئازاری ٢٠١٠ پێشکەشی کردووە، ئامادە کراوە…

    

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *