ده‌نگ و وته زێڕینه‌كانی تایبه‌ت به دونیای ئێمه

كۆمه‌ڵێك ده‌نگ و نه‌فه‌س هه‌ن تایبه‌ت به دونیای ئێمه، مه‌حاڵه له شوێنانی تردا به‌رچاو بكه‌ون. ئه‌م ده‌نگ و وتانه كه ده‌كرێت به گوزارشتكردن له بیروباوه‌ڕمان، بیركردنه‌وه‌كانمان و پێگه‌مان له‌به‌رامبه‌ر خواوه ناوزه‌د بكرێت، هێنده له‌گه‌ڵ ژیانی كه‌سی، خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تیماندا ئاوێته‌یه، ئێمه له هه‌موو جێیه‌كدا هه‌ر له مزگه‌وته‌وه هه‌تا، له كۆڵانه‌وه هه‌تا ناو ژووره‌كانی نووستنمان له‌سه‌ر زمانمانن و به‌هۆیانه‌وه هه‌ناسه ده‌ده‌ین. به‌تایبه‌تی له هه‌ندێك له ڕۆژ و شه‌وه نوورانییهكاندا چوارده‌ورمان به‌هۆی ئه‌م ده‌نگ و نهفهسانهوه حاڵێكی هێنده له‌دوننی وه‌رده‌گرێت، هه‌موو شتێك ئه‌وه‌نده جیاواز ده‌بێت و ژیان به ڕه‌نگێكی هێنده ئه‌فسووناوی ده‌خه‌مڵێت، له هه‌موو لایه‌كه‌وه ڕووناكی به درێژه‌شه‌پۆله جۆراوجۆره‌كانیه‌وه ده‌ڕژێن به‌سه‌ر چاودا، گوێیه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی بیسه‌ر هاژه‌ی ڕوباره‌كانی به‌هه‌شت بن خۆیان له‌ناو زه‌مزه‌مه‌ی چێژێكدا ده‌بیننه‌وه و ئه‌م حاڵه پڕ له ته‌لیسم و ئه‌م هه‌وا سیحرئامێزه ڕۆحمان هێنده ده‌كاته‌وه، هێنده ناسك و نیان و ئاخیرهتیی ده‌كات، حه‌زناكه‌ین ئه‌و سه‌عات، خولهك و چركه‌یه‌ی كه تێیدان تێنه‌په‌ڕێت. نه‌ك هه‌ر حه‌زناكه‌ین تێبپه‌ڕێت، به‌هۆی ئه‌و ده‌نگ، گوفتار و وێنه ئهفسووناوییانهوه كه زۆرجار به ته‌ماشاكردنی له هۆشی خۆمان ده‌چین و به بینینیشی حه‌یران ده‌بین، هه‌رچه‌نده گونجان و په‌یوه‌ندیی نێوان هۆكار-ئه‌نجام له‌نێوان ئه‌مان و ئه‌و چێژ و خۆشییه‌دا نابینین كه له‌ناویداین، هه‌ستده‌كه‌ین به پاڵنه‌ری هێزێك كه له‌سه‌روو ئێمه و بیركردنهوهكانمانهوهیه، به‌ره‌و ناوجه‌رگه‌ی ڕووبارێكی قووڵی شادی ڕاپێچ ده‌كرێین و خۆمان له‌ناو سه‌رسامیی یه‌ك له‌ناو یه‌كدا ده‌بینینه‌وه.
ساتگهلێكی وه‌ها ئه‌فسووناویی هه‌ن كه تێیدا هه‌ست به ڕه‌نگ، شێوه و تامی ڕاسته‌قینه‌ی ژیان ده‌كرێت و له ڕوویه‌كه‌وه به‌ڕێزترین كاتی هه‌موو ڕۆژێكن، هه‌ر شتێك كه له‌م كاتانه‌دا موشاهه‌ده‌ی ده‌كه‌ین، هه‌ر وشه‌یه‌كی پیرۆز كه دێت و به‌ر گوێیه‌كانمان ده‌كه‌وێت و هه‌ر هه‌نگاوێك كه له ڕێگای نزیكبوونه‌وه له خواوه ده‌ینێین زۆر ده‌راسا و ئه‌فسووناوی ده‌رده‌كه‌وێت؛ ئه‌و شته ئاساییانه‌ی ده‌یانبینین و ئه‌و ده‌نگ و نه‌فه‌سه سروشتییانه‌ی كه هه‌میشه به گوێمان ده‌كه‌ون، ماهییه‌تێك وه‌رده‌گرن زۆر زۆر له‌سه‌روو چوارچێوه‌ی خۆیانه‌وه و به‌جۆرێك هه‌ستیان پێده‌كه‌ین و ئه‌زموونیان ده‌كه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی شتانێكی زۆر نائاسایی بن. له‌م حاڵه‌تانه‌دا كه ده‌ڵێیت له هه‌موو لایه‌كدا هه‌ست به هه‌وایه‌كی سیحرئامێز و سروه‌ی جیهانه‌كانی غه‌یب ده‌كرێت، ئێمه به‌قووڵی هه‌ست نه‌رمونیانیی ڕووتێكردنی خوایی -كه هه‌موو شتێك نه‌رم ده‌كاته‌وه و ته‌نانه‌ت ڕهقترینی دڵه‌كانیش حه‌یران ده‌كات- ده‌كه‌ین و هه‌ست به جیاوازبوون و ته‌نانه‌ت ڕۆحانیبوون ده‌كه‌ین. هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه ئه‌وانه‌ی ده‌توانن دروست خۆیان و چوارده‌وریان بخوێننه‌وه به‌م جۆره هه‌ستده‌كه‌ین؛ ئێمه لێره‌دا ته‌نها له ڕوانگه‌ی هه‌سته‌كانی خۆمانه‌وه بابه‌ته‌كه هه‌ڵده‌سه‌نگێنین.
ده‌گونجێت هه‌موو ئه‌مانه به شیعر و بهستهكانی ئه‌و كاته پیرۆز و به‌ڕێزانه ئه‌ژماربكه‌ین كه به‌هۆ و بێهۆ ده‌ڕژێنه ناومانه‌وه، هه‌سته خهتووهكانمان بێ‌دار ده‌كه‌نه‌وه و لوتكه‌ی خۆشی و لهزهتهكانمان پێدهچێژن؛ شیعر و بهستهكانی ئه‌و مانا و چه‌مكانه‌ی كه ڕۆژحمان له كه‌شوهه‌وای خۆیانه‌وه دهیانمژن و وه‌ریان ده‌گرن… ئه‌م هه‌ست و نه‌ستانه له جوگرافیای موباره‌كی ئێمه‌دا خاوه‌نی سیحر و كاریگه‌رییه‌كی جیاوازترن. به‌هۆی ئه‌م جیاوازییه‌وه، هه‌ركاتێك ئه‌م ده‌نگ و وتانه‌ی كه ئه‌سته‌مه له هیچ جێیه‌كی تری دونیا ببیسترێن به‌رزببنه‌وه و ئاسۆمان بته‌نن، هه‌ركاتێك بێن و به‌ر گوێمان بكه‌ون و بڕژێنه ده‌روونمانه‌وه، ڕاسته‌وخۆ خۆمان له ناوه‌ندی تۆفانێكی ده‌بینینه‌وه و یه‌كسه‌ر خۆمان ڕاده‌ستی كه‌شوهه‌وای ئه‌فسووناوییان ده‌كه‌ین.
به‌ڵێ، ئێمه ڕۆژانه چه‌ند جارێك، له‌گه‌ڵ ده‌نگ بانگی مناره‌كان و ده‌نگدانه‌وه‌ی ناو مزگه‌وته‌كاندا ئه‌م ههیهجانهمان به‌ش ده‌كه‌ین، مه‌گه‌ر خوا بۆ خۆی بزانێت له ماڵه‌كانماندا، له ژووی نووستنهكانماندا ئه‌م ده‌نگانه چه‌ند جار ته‌زوو به گیانماندا ده‌هێنن، چه‌ند جار هه‌ستی بانگ‌كران له‌لایه‌ن خواوه وه‌ك منداڵ دڵخۆشمان ده‌كات؛ ئیدی ده‌نگ ده‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌م نه‌غمه خواییانه‌ی كه ویژدانهكانمان ده‌دوێنن؛ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌نگ، وته و دیمه‌نێكدا كه مه‌زنیی خوا ده‌رده‌بڕن، به وتنی (ألله أكبر) گه‌وره‌یی ئه‌و ڕاده‌گه‌یه‌نین؛ كاتێك باس له نیعمه‌ته‌كانی ئه‌و خاوه‌ن ڕه‌حمه‌ته بێپایانه ده‌كرێت كه به‌لێزمه به‌سه‌رماندا ده‌بارێن، به وتنی “سوپاس و ستایش بۆ ئه‌وه” وه‌ڵام ده‌ده‌ینه‌وه؛ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر گوفتار، نیشانه و هێمایهكدا كه بیرمان ده‌خه‌نه‌وه ئه‌و هاوتا و هاوشێوه‌ی نییه، وته‌ی “ته‌سبیح و تهقدیست ده‌كه‌ین” دێته سه‌ر لێومان.. له هه‌موو بۆینهیهكدا بیر له ئه‌و ده‌كه‌ینه‌وه، یادی ئه‌و ده‌كه‌ین، چاو به په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌خشێنینه‌وه؛ مه‌گه‌ر خوا بۆ خۆی بزانێت ڕۆژانه چه‌ند جار به فیكر و خه‌یاڵ له خولیای هاوده‌میی ئه‌ودا -كه جانی جانانه- نوقم ده‌بین.
هه‌ندێك له وته نوورانییهكان كه (كلمات طیبة)شیان پێده‌وترێت و له‌ناو مزگه‌وت و له ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وتدا هه‌میشه ویردی سه‌ر زارمانن، هێنده ئاوێته‌ی ژیانمان بوون، پێی بزانین یان نا، ڕۆژانه سه‌دان جار دووباره‌یان ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ك چۆن فریشته‌كانی ئاسمان، هه‌موو شته گیاندار و بێگیانه‌كان به زمانی حاڵیان ده‌یڵێنه‌وه.. به‌تایبه‌ت هه‌ندێكمان، هه‌ركاتێك ئه‌م سه‌دایانه له چوارده‌ورماندا ده‌نگ بده‌نه‌وه، به گشت به‌شه‌كانی مێشكمان و ڕه‌هه‌نده جیاوازه‌كانی دڵمان، وه‌ك ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری هه‌موو بوون بین به گیاندار و بێگیانه‌وه، هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌سته‌كانی ستایشكردن، ته‌سدیقكردن و هه‌یه‌جانی به‌كوڵی ناو ده‌روونمان ده‌رببڕین. ته‌نانه‌ت جاری وایه بیستن و هه‌ستكردنمان به‌جۆرێك قووڵ ده‌بێت و جۆشوخرۆشمان به‌شێوه‌یه‌ك تاو ده‌سه‌نێت، ئه‌و نیشانانه‌ی عه‌شق كه له‌و ساته‌دا ده‌رده‌كه‌ون و ئه‌و هه‌سته به‌رزانه‌ی كه دڵمان سه‌رشار ده‌كه‌ن، ده‌سپێرین به هه‌ندێك ئاخ خهڵكێشان و هه‌نسك و گوزارشتی فراوانی فرمێسكه‌كان.
هه‌ست و نه‌ست و گوزارشتی ده‌روونه باوه‌ڕداره‌كان هه‌روه‌ك چۆن وه‌كو كلیلێكی سیحراوی ده‌رگاكانی ده‌روونی خۆیان ده‌كاته‌وه، به ئه‌فسوونێكی جیاوازیش پشكۆ ده‌خاته ناو سینه‌ی كه‌سانی دیكه‌شه‌وه. به‌ڵێ، ئه‌وانه‌ی به‌بێ بڕیاری پێشینه گوێیان لێده‌گرن، هه‌ستده‌كه‌ن نهێنییه‌كی نه‌زانراو ویژدانیانی خستووه‌ته‌گه‌ڕ، وه‌ك ئه‌وه‌یه وایه به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز و سه‌رله‌نوێ ته‌ماشای نه‌خشه‌ی هه‌سته‌كانیان بكه‌نه‌وه و به‌ده‌م به‌ختی خۆیانه‌وه پێده‌كه‌نن.
هه‌ندێك جار له‌نێوان به‌خشه‌ر و وه‌رگردا ئاڵوگۆڕێكی هێنده پڕ له هه‌ست و هه‌یه‌جان ڕووده‌دات و كه‌شێكی وه‌ها ئه‌فسووناوی دروست ده‌بێت، هه‌موان ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ریی یه‌كتره‌وه و، وته‌یه‌كی نوورهفشان كه له زاری یه‌كێك ده‌رده‌چێت یان به‌ده‌ركه‌وتنی جۆشوخرۆشی ده‌روونی یه‌كێك، یه‌كسه‌ر خاوه‌نانی هه‌مان ئیمان و مه‌عریفه‌ت ده‌خاته جووڵه و هه‌موان ده‌كه‌ونه وتنی هه‌مان شت و هه‌سته‌كان شاباڵ ده‌گرن. ده‌ڵێیت ئه‌م كه‌سانه شتانێكیان به دیاری پێبه‌خشراوه كه تا ئه‌و كاته ویستوویانه بیڵێن و نه‌یانتوانیوه، بیریان لێكردووه‌ته‌وه و نه‌یانتوانیوه ده‌ری ببڕین، هه‌ستیان پێكردووه به‌ڵام هه‌رچییه‌كیان كردووه نه‌یانتوانیوه گوزارشتی لێ بكه‌ن.. بۆیه به‌چێژه‌وه به‌شدارییان تێدا ده‌كه‌ن. به‌جۆرێك، هه‌ركاتێك ئه‌م وته ئه‌فسووناوییانه ببیسترێت ئاسووده‌ییه‌ك له دڵی هه‌مواندا ده‌رده‌كه‌وێت، گرێی سه‌رجه‌م زمانه‌كان ده‌كرێته‌وه، گشت ڕۆحه‌كان وه‌ك یه‌ك ڕۆحیان لێدێت، تێكڕای خۆشه‌ویستییه‌كان ده‌گۆڕێن به یه‌ك ڕوباری عه‌شق و شه‌وق. به‌م جۆره، له هه‌مان ئه‌و كاته‌دا كه هه‌ركه‌سێك ده‌نگ و وته په‌یدابووه‌كانی ناو ناخی خۆی ده‌رده‌بڕێت، له بیر و هه‌ست و نه‌ستی هه‌زاران كه‌سی دیكه‌شدا به‌شدار ده‌بێت و، بابه‌ته‌كه له تاكێتی ده‌رده‌هێنێت و ده‌یگۆڕێت به نه‌فه‌سه‌كانی زه‌وی و ئاسمانه‌كان.
ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌نگ و وتانه ئامانج لێیان ته‌عزیم و ته‌قدیس بێت، هه‌ركه‌سێك بیانبیستێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی حه‌زه‌ری وه‌رگرتبێت خۆی كۆده‌كاته‌وه؛ ئه‌گه‌ر ڕه‌نگی لوتف و ئیحسانیشیان پێوه بێت، هاوڕێ له‌گه‌ڵ هه‌ستی منه‌تباری و شوكرانه‌بژێریدا پێده‌كه‌نن؛ خۆ ئه‌گه‌ر ئومێد و شهوقهكانمان یاد بهێنێته‌وه شادیمان باڵ ده‌گرێت؛ ئه‌گه‌ر شتانێكیش بن كه ئاماژه بۆ موحاسه‌به بكه‌ن، ئه‌م جاره حه‌سره‌ت و بێتاقه‌تی دێته سه‌ر زارمان. له‌ڕاستیدا ئه‌م ده‌نگ و وتانه ناوه‌رۆكه‌كه‌یان هه‌رچییه‌ك بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موویان ده‌ربڕی بیروباوه‌ڕ و پێگه‌ی ئێمه‌ن له‌به‌رامبه‌ر خواوه، كاریگهرییهكانیشیان له كات و شوێنێكی دیاریكراودا سنووردار نییه؛ به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مانه چونكه هه‌ندێك نه‌فه‌سی وه‌هان كه گوزارشت له حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها ده‌كه‌ن و بوون به پارچه‌یه‌كی دانه‌بڕاو له وجودمان، له هه‌موو جێیه‌كی شوێندا، له گشت پارچه‌كانی كاتدا و له سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی ژیاندا، به بچووكترین یادخستنه‌وه یه‌كسه‌ر په‌یدا ده‌بنه‌وه، هه‌موو جۆشوخرۆشهكانمان ده‌بزوێنن، هه‌سته نووستووه‌كانمان بێ‌دار ده‌كه‌نه‌وه، ئاگر له ده‌روونمان به‌رده‌ده‌نه‌وه، ڕۆحهكانمان ده‌گه‌شێننه‌وه و شه‌پۆلی تهسهوورنهكراو له‌و ویژدانانهدا به‌رهه‌م دێنن كه هه‌ستیارییان له‌ده‌ستنه‌داوه؛ وه ئێمه به‌ره‌و خاڵێك كه گڵۆڵه‌ی وه‌ها كێشدهكهن و به‌ره‌و ئاستێكی وا به‌رزمان ده‌كه‌نه‌وه كه له‌ناو باوه‌شی ژیانی دڵ و ڕۆح‌دا به جۆرێك له ڕه‌هایه‌تی ده‌گه‌ین؛ ده‌بینه ده‌ریا له‌كاتێكدا خۆمان دڵۆپهین، ده‌بینه خۆر له‌كاتێكدا كه گهردیلهین، به پایه‌ی بوون به هه‌موو شتێك شه‌ره‌فمه‌ند ده‌كرێین له‌حاڵێكدا كه هیچی ته‌واو هیچین.
ئه‌م وته نوورانی و ئه‌م نهفهسانهی كه ئاسووده‌یی به ده‌روونه‌كانمان ده‌به‌خشن و هیچ كاتێك له زمانی ئیمانداری ڕاسته‌قینه ناكه‌ونه خواره‌وه و ئێمه‌ش زوو زوو په‌نایان بۆ ده‌به‌ین، نهفهسگهلێكی سیحرئامێزی وه‌هان كه تێكه‌ڵ به گشت بواره‌كانی ژیانمان بوون؛ به‌جۆرێك، وه‌كو ڕه‌نگاوڕه‌نگترین ده‌نگ و وته‌ی ناو ئه‌م جیهانه ئه‌ژماریان ده‌كه‌ین و به گوێی دڵ ده‌یانبیستین، به كلیلی ئه‌فسووناویی جیهانێكی شیرینی داده‌نێین كه چاوه‌ڕێی هاتنه‌دیی ده‌كه‌ین.
وه‌ك گوزارشتكردن له تهقدیسهكانمان ده‌ڵێین (سبحان الله)، له‌پاڵ وتنی هه‌موو ئه‌و شتانه‌دا كه پێویسته سه‌باره‌ت به ئه‌و بوترێن، بیر له‌و نیعمه‌ته چاوهڕواننهكراوانهش ده‌كه‌ینه‌وه كه له جیهانی ئه‌ودیودا له‌م پیرۆزكردنهوه به‌رهه‌م دێن.. له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو لێزمهیهكی لوتفه‌وه به ده‌نگی بڵند (ألحمد لله) ده‌ڵیین؛ به‌مه‌ش هه‌م شوكرانه‌ی خۆمان به‌رامبه‌ر به په‌روه‌ردگار ده‌رده‌بڕین، هه‌م ده‌ری ده‌خه‌ین كه خوازیاری له‌مه‌ش زیاترین و، ده‌كه‌وینه نێو خه‌یاڵی دیاری و به‌خششه‌كانی ئه‌ودونیا كه چاو نهیدوین، گوێ نه‌یبیستوون و به ته‌سه‌ووری كه‌سیشدا نه‌هاتوون.. له‌به‌رامبه‌ر دیمه‌نه جۆراوجۆره‌كانی مه‌زنی و كیبرییادا هاواری (ألله أكبر)مان لێ به‌رزده‌بێته‌وه، ڕایده‌گه‌یه‌نین كه بینه‌رانی گه‌وره‌ییه‌كی موتهعالین و، شه‌پۆلی هه‌سته‌كانی ترس و بیم مووچڕكه به گیانماندا ده‌هێنن؛ به‌نزیكه‌یی هه‌موو ڕۆژێك له سێبه‌ری ئه‌م وته و ده‌نگانه‌دا چاو به تێبینییه‌كانمان له‌مه‌ڕ دونیا و عوقبادا ده‌خشێنینه‌وه، ده‌چینه‌وه به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ خوادا و ده‌ستێك به خۆماندا ده‌هێنینه‌وه.
به وتنی “خوا گه‌وره‌یه” ده‌چینه ناو نوێژه‌وه، پاشان به (كلمة طیبة)كانی دی قووڵتر ده‌بینه‌وه، متمانه و پشتبه‌ستنمان به ئه‌و چه‌ند باره ده‌كه‌ینه‌وه و، لێی ده‌پاڕێینه‌وه بمانگێڕێت له‌وانه‌ی كه متمانه‌پێكراون. به وتنی “خوایه گیان، سه‌رچاوه‌ی ئاسانی و ئاسووده‌یی تۆیت، سه‌لامه‌تیش لای تۆیه”، هه‌م گوزارشت له چاوه‌ڕوانییه‌كانمان له ئه‌و ده‌كه‌ین، هه‌م جه‌خت له پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆشمان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ودا ده‌كه‌ینه‌وه. به‌بێ بێزاربوون و به‌رده‌وام دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه هه‌موو شتێك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودایه.. به‌یانی و ئێواره به ده‌نگی به‌گوڕ و به گوزاره‌ی ته‌واو ڕوون ڕاستیی ته‌وحید ده‌هێنینه سه‌ر زار؛ ڕایده‌گه‌یه‌نین كه ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌و ئامانجمانه، بینینی خۆی ئاره‌زوومانه، شادبوونه‌وه به ئه‌و خواستمانه.. ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین، به‌ڵام هه‌میشه ده‌گه‌ڕێینه‌وه و په‌نا بۆ ڕه‌حمه‌ت و شه‌فه‌قه‌ت و عینایهتهكهی. به خۆمان بزانین یان نا، ڕۆژانه چه‌ندین جار ده‌ڵێین “خوا بمانبوورێت”، “خوا له گوناهمان خۆش بێت”، “خوای گه‌وره ئیخلاسمان به‌نسیب بكات”، “خوا سه‌برمان بداتێ”، “خوا دڵمان ڕووناك بكاته‌وه”.. له‌گه‌ڵ ئه‌م وتانه‌دا هه‌ڵده‌ستین و داده‌نیشین، له په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هه‌میشه جۆرێك له جیاوازی پیشان ده‌ده‌ین.
تێبینی، وته و نهفهسهكانمان كه له بیروباوه‌ڕ و فیكره بنهڕهتییهكانمانهوه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، ته‌نها ئه‌م شتانه نین كه باسمان كرد. ئه‌م جۆره ده‌ربڕین، گوفتار و نهفهسانه له پهندهكانمانهوه هه‌تا نموونه به‌ناوبانگه‌كانی ناو خه‌ڵك، له شیعرمانهوه هه‌تا مۆسیقامان، سه‌رجه‌م بواره‌كانی هه‌ست و فیكر و ڕۆح و هونه‌رمان ده‌گرنه‌وه -حه‌زم ده‌كرد نموونه‌شیان له‌سه‌ر بهێنمه‌وه- له كلتوورێكی پته‌و و ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه ئای چ شتانێكمان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن!
ئه‌م زه‌نگینییه، له تێگه‌یشتن و بیروباوه‌ڕێكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه به‌درێژایی چه‌نده‌ها سه‌ده هه‌موو تاكه‌كانی میلله‌ت گرنگییان پێداوه، هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر كردووه، هه‌موان قبووڵیان كردوون و وه‌ك نه‌ستی ژێر هه‌ستیان لێهاتووه. له‌به‌رئه‌وه‌ش كه هه‌موان باوه‌ڕیان به هه‌مان شت بووه و له هه‌مان بیركردنه‌وه‌دا هاوبه‌ش بوون، هه‌رگیز ڕووینه‌داوه ئه‌م گوتارانه نامۆیی به‌رهه‌م بهێنن یان به‌خۆڕایی له هه‌وادا بمێننه‌وه. هه‌موان له یه‌كتر تێده‌گه‌ن. سه‌رجه‌م گفتوگۆ و مشتومڕه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی نائاسایی سروشتین. وه بیر و وتهكان له هه‌مان چوارچێوه‌ی ناسكی و وردیدا، له‌نێوان خه‌ڵكیدا بۆ هه‌میشه به‌رده‌وام ده‌بن…