دونیا و شتانى ناوى لە ئاسۆى موسڵماندا بەشی – ٢

هەموو شتان بە گیاندار و بێگیانەوە هێندە هاوئاهەنگ و تەبا و گونجاون لەگەڵ یەکدا، زۆرجار کاتێک تەماشایان دەکەین بە خۆمان دەڵێین: “داخۆ ئەمانەش هەر جۆرێکیان وەکو ئێمە داراى ڕۆحن و ئەم ڕێکوپێکى و نیزامە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت؟” ڕۆحێکیان هەبێت وەک فریشتە چاودێریکارەکان یان نا، هەرکاتێک بەوردى سەرنجیان بدەین، لە پەیوەندیى بەتینى نێوان خۆیان و هەروەها پەیوەندییان بە ئێمەوە تێدەگەین و، وا هەستدەکەین کە دەیانەوێت شتێکمان پێبڵێن؛ دەست دەکەین بە گوێگرتن لە نەغمەى بێدەنگیان کە زۆر لە شیرینترین مۆسیقاکانیش ئەفسووناویترن؛ لەهەمبەر خامۆشییە هێمادارەکەیانەوە کە لە قووڵترین وتەکانیش قووڵترن هەناسەکانمان ڕادەگرین؛ وەک ئەوەى ترسى خەبەکردنەوەى منداڵێکى نووستوومان هەبێت بێدەنگ دەبین، هەست و بیرمان هەڵدەڕێژینە ناو هەرێمى بێپایانى ئەو تێبینییە بێگەردانەوە کە هێشتا فلتەرى عەقڵ، لۆجیک و داوەریى ژیرییان بەخۆوە نەدیوە؛ ئیدى لە خانەى خەیاڵماندا هەموو تەنێک دەگۆڕێت بە خوێنەر، بەستەبێژ و قەسیدەخوێن و ئاى چ شتانێکى ئەفسووناوییامان بۆ دەدرکێنن: هەندێک لە شتان، لە خەیاڵماندا وەک سەماکارى تەرقەتى مەولەوى دەردەکەون؛ هەندێکیان لەم مەقامەوە بەرەو ئەو مەقام دەگوازنەوە؛ هەندێکیان نەى لەسەر لێویانە و بەستەگەلێکى حەزینمان پێشکەش دەکەن کە لە ڕۆژانى پڕ لە حەسرەت و هیجرانمان چنیویانەتەوە؛ هەندێکیشیان وەک مارشى بڵندى ئەو ڕۆژانەمان وان کە لە دونیادا لە بەرزیدا بووین و دەمانتوانى خۆمان بناسێنین. بەڵێ، هەموو تەنێک بە ناوى پێگە و حاڵەت و جۆرەکەیەوە، بە هێما و نیشانەى جۆراوجۆر بێگومان شتانێکمان بەگوێدا دەدەن؛ ئێمەش هەوڵدەدەین بیانبیستین، شییان بکەینەوە، لێیان تێبگەین، ڕاڤەیان بکەین، نهێنییەکانیان وەک ڕازەکانى خۆمان هەست پێدەکەین؛ دەردەدڵیان لەگەڵ دەکەین، خۆشمان دەوێن، وەک خۆشەویستێک باوەشیان پێدا دەکەین، یان خۆمان لە ژینگەى گەرموگوڕیان دەهاوین.

لەبنەڕەتدا کاتێک بە چاوى ئیمان دەڕوانین، تێکڕاى شتان و ڕووداوەکان هێندە ئاشنا و نزیک دێنە بەرچاومان، وەک دۆست و هاوڕێیەک دەیانبینین، بەمیهرەبانییەوە لە ڕوخساریان ڕادەمێنین و، سوپاس و ستایش پێشکەش بە بەدیهێنەرەکەیان دەکەین.

ئەگەر هەندێکیان لە یەکەم ڕوانیندا کەمێک تاڵ، قەبە و هەندێکیش داخراو دەربکەون، وەلێ کاتێک ئێمە ڕوانینمان بە ئیمانەوە دەبەستینەوە و ڕاستى دەکەینەوە، لەپڕێکدا دەگۆڕێن، نەرم دەبنەوە، جوان دەبن و دەگۆڕێن بە دۆستانى هاودەم.

 

هەندێکیان هەمیشە وەک بەشێک لە مرۆڤەکان لێو بەخەندە، ڕوو شیرین، گەرموگوڕن و بە ڕووى هەموو کەسێکدا کراوەن؛ بۆ ئەوەى بکەونە گفتوگۆوە لەگەڵتدا تەنها یەک نیگایان بەسە؛ هەر ئەوەندەى بۆت ڕوانى یەکسەر دەکرێنەوە و ناخى خۆیانت بۆ هەڵدەڕێژن.

هەندێکیان هاوشێوەى منداڵان لە دەمى یاریدا بەردەوام بەشادییەوە هەڵدەستن و دادەنیشن؛ بزە بەسەر چواردەوریان دەبەخشنەوە و کەشوهەواى شارى یارى بە دەوروبەریان دەدەن.

هەندێکیان بە جوانى و ئارایشتى سەرتاپایان کاتێکى لەبیرنەکراوت پێشکەش دەکەن و وەک بڵێیت دەڵێن “جاریکى تریش وەرەوە!”

هەندێکیان بەو سفرەى میواندارییەى کە لەبەردەمماندا دایدەخەن و زۆر زۆر لە ئاستى چاوەڕوانییەکانمان هەتابڵێیت سەخاوەتمەندانە ڕەفتاردەکەن و هەرگیز نایانەوێت لێیان دووربکەوینەوە.

هەندێکیان لەوانەیە هەمیشە گەرم و شیرین نەبن؛ بەڵام ئەگەر بە دڕکێک دەستیان ئەزێت دایت، هەرچییەکیان کردبێت گوڵێکیشمان پێدەدەن.

بەڵێ، هەموو بوونەوەرێکى گیاندار و بێگیان کە بیبینین و بتوانین بیناسین، مانەندى سوجدەى فریشتەکان بۆ حەزرەتى ئادەم، بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕێزمان لێدەگرن؛ بە سوود و بەرژەوەندییەکانیان پێمان ڕادەگەیەنن کە لە خزمەتماندان و ڕازەکانیان لەبەردەم ژیریماندا هەڵدەڕێژن. تێکەڵەى ماددە و مەعنا، نەخش و چنراوى ئەمانە کە زۆر زەر لەسەروو ئاستى پەیبردنى ئێمەوەن، حەواڵەى ئیمان و ئیزعانمان بن.. هەریەکەیان هێما و ئاماژەیەکن لەسەر بەدیهێنەر، “ئەو” پیشاندەدەن، بەردەوام ناوى “ئەو” دەڵێن؛ بەجۆرێک، ئینسان لەناویاندا وا هەستدەکات لەناو ڕاڕەوەکانى بەهەشتدایە. هەرکاتێک بکەوینە تەماشاکردنیان ــ بەتایبەت کاتێک ئاگادارى هەندێک لە تایبەتکارییەکانیان دەبین ــ هەستەکانمان تێکەڵ بە سروشت دەبن، وا هەستدەکەین کە ڕەنگى ناو و سیفەتەکان لە هەموو شتێکەوە دەچن، تێکڕاى بوون دەبێت بە شیعر و مەعنەوییەت و لەم نێوەندەدا لە هۆشى خۆمان دەچین. هەرشتێک دەیبینین و سەرنجى دەدەین هێندەى تر قووڵتر و نوورانیتر دەبێت و حاڵێکى ئەفسووناویتر وەردەگرێت. تەنانەت ئەو شتانەى دەیانبینین وەک بڵێیت بە سیحرێک سیفەتى ئاخیرەتى بەدەستدەهێنن؛ زەوى وەک سێبەرى بەهەشت دەخەمڵێت و ئاسمانەکان بە خۆیان و شکۆ سەرسووڕهێنەکەیانەوە وەک ئەوە وایە هاتبنە سەر زەوى.

هاوڕێ لەگەڵ ئەم ئەفسوونەدا، وەک دڵێکى قووڵ هەست بە سەرتاپاى وجود دەکەین و لەم ڕێگاى ژیانەدا، لەبریى شوێنێکى ماددى و دونیایى، بەرەو بەختەوەرییەکى هەمیشەیى و جیهانێکى جیاوازى وەها هەنگاو دەنێین کە لە دڵەوە باوەڕمان پێیەتى، هەمیشە لە ناوەوەماندا هەست بە کاریگەرییەکەى دەکەین و هەموو بەختەوەریى دونیا بە دڵۆپێکى نابێت. لە دڵماندا ئەو شتانە ئەزموون دەکەین کە کەسانى کامڵ پێیان گەیشتوون و هاوشێوەى بەهەشتییەکان لەبەردەم خۆمانەوە دەڵێین “سوپاس بۆ ئەو خوایەى کە هەموو ترس و خەم و ئەندێشەیەکى ڕەواندەوە.. ئەو خوایەى کە ئێمە لە جوانترین شوێندا نیشتەجێ کرد. چیتر بۆ ئێمە نە بێزارى و نە ماندووبوونێک هەیە…”

لەپاڵ جوانى و ناسکى و چۆنێتییەکى بەهەشتئاساى لەم جۆرەدا، دونیا لایەنێکیشى هەیە کە ڕووى لە نەفس، هەوا و ئارەزووەکانمانە، کە ئەم ڕووەى زۆر ناشرین، قەبە و بێکەڵکە؛ هەر ئەم لایەنەیشە کە نەفرەتى لێکراوە. ئێمە لێرەدا باسى ئەم ڕووەیمان نەکرد، نەشمانویست باسى بکەین؛ چونکە هەر لە سەرەتاوە پەیمانمان دا لە ئاسۆى ئیماندارەوە لە باسەکە بڕوانین. ئەگەر لێرە بڕوانین، دەبینین دونیا زۆر بەجوانى لەو چوارچێوەیەدا جێى دەبێتەوە کە لە نووسینەکەدا باسکراوە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *