دونیا و شتانى ناوى لە ڕوانگەى موسڵمانەوە

دونیا، سەبارەت بە ئادەمیزاد، کەشتییەکى کامڵى گەشتیارییە لە فەزاى ڕەهادا؛ هێلانەیەکى گەرموگوڕى وەهایە کە تێیدا هەین، هەست بە بوونمان دەکەین و بەدیهێنەرەکەى دەناسین؛ بە ئارایشتە گیاندار و بێگیانەکانى ناویەوە پێشانگایەکى ڕەنگاوڕەنگى پڕ لە جریوەجریوە؛ کتێبخانەیەکى مەزنە ملیۆنان و ملیاران پەڕاو لەخۆدەگرێت کە بە زمانى جۆراوجۆر نووسراون؛ هێندەى ژوورى پڕ لە میهرەبانیى دایکمان گەرم و نەرم، هێندەى ئەو بێشکەیەى کە ئەوان بەدەم لایلایەوە ڕایدەژەند ئەمینە؛ هەموو لایەکى وێنە و سێبەرى باخچەکانى بەهەشت؛ بۆ ئەوانەش کە لە ئاسۆیەکى وادان تواناى بینینیان هەیە، نەزەرگاى جیهانەکانى غەیبە.

جگە لەمە، دونیا جیهانێکى نموونەیى وەهایە کە پوختە و کاکڵەى سەرجەم جیهانەکانە و، ماددە و مەعناى ئەوانى لە ماهییەتیدا کۆکردووەتەوە؛ لاپەڕەیەکى چڕ و دەوڵەمەندى بوون و ڕووداوەکانە؛ جێگایەکى فراوانى سەیران و گەشتە و بەوپەڕی گرنگییەوە بۆ ئینس و جین ئامادەکراوە و وەک ساڵۆنى پڕۆڤەى جیهانەکانى ئەودیو وەهایە؛ چاکە و خراپەش لە سینەى ئەودا گەشەدەکەن، باشە و گوناهیش لە دەشت و چیاکانى ئەودا سەوزدەبن؛ پاشان بەرهەمى هەموو ئەمانە بۆ بازاڕەکانى جیهانەکانى ئەودیو ڕەوانە دەکرێن.

لەم ڕووەوە دونیا هەم کێڵگە، هەم کارگە و هەم تیجارەتگایەکى کراوەیە بە ڕووى بازاڕەکانى ئاخیرەتدا. شتان لێرە دەچێنرێن و دەدوورێنەوە. تێشووى ئەودیو لێرە ئامادە دەکرێت، ئارایشتە نوورانییەکانى بەهەشت لێرە دابیندەکرێت، ئەو بەروبوومانەى لە پێشانگاى عوقبادا دەخرێنە پێشچاو لە دەزگاکانى ئێرەدا بەرهەم دێن ــ گیانمان بە قوربانى ئەو زاتەى وا دەکات و دەیگەیەنێت بەودیو ــ لەوێ لە بەرچاوى جیهاندا عەرز دەکرێت؛ پاشان لە کۆشکەکانى بەختەوەریى هەمیشەییدا بەشێوەیەکى ئەبەدى پێشکەش بە ئیمانداران دەکرێت.

دونیا، جێى شنەى بەردەوامى تەجەللییەکانى میهرەبانییە.. شوێنى دابارینى لێزمەى بارانەکانى ڕەحەمەتە.. جێگایەک تێیدا شەپۆلەکانى ڕووناکى و جوانى لە ئاسۆماندا دەخەمڵێن.. وەک پەردەیەکى سینەما وایە کە لە چوارچێوەیەکى دیاریکراودا تێکڕاى شکۆمەندى و ڕەنگاوڕەنگیى جیهانەکانى ئەودیو دەدەنەوە. لە شوێنى خۆمانەوە چەپک چەپک تیشکەکانى ئەودیو دەبینین؛ بەهۆى بەهار و زستانەکانەوە موشاهەدەى مردن و زیندووبوونەوەى پاش مەرگ دەکەین.. هەموو شەوێک لەسەر ئاستى تاک، هەم زستانێکیش بەکۆمەڵ بەرەو مەرگ دەچین، لە هەموو بەیانى و بەهارێکیشدا سەرلەنوێ زیندوو دەبینەوە. شتە جۆراوجۆرەکان بەردەوام دەبن و بەردەوام جیهانى ئەودیومان بیردەخەنەوە.

هەندێک جار لە دونیادا لەپاڵ جوانیدا ناشرینى، لەناو چاکەدا خراپە، لە پشتەوەى ڕووناکیدا تاریکى و لەگەڵ بەسووددا زیانبەخش دەگونجێت هەبێت؛ بەڵام بۆ ئەوانەى جوان دەبینن و جوان بیردەکەنەوە، هەمیشە ئەو لایەنەى کە ئاسوودەیى دەبەخشێت و چاو تێردەکات بەهێزتر، ماوەتر، ئێرەیی بزوێنتر و سەرنجڕاکێشترە. لەبەرامبەر ئەمەدا، ئەو شتانەى کە ناشرین دیارن و ناخمان لێڵ دەکەن، هەم لە ڕوانگەى دەرەنجام و هەم لە چەندین لایەنى دیکەوە جوان و خێردارن. لەڕاستیدا ئەم جۆرە شتانە، بە نەغمەى جیاواز شتانێک بە گوێى هەستە مرۆییەکانماندا دەچپێنن، ئیرادەمان دەمەزەرد دەکەنەوە و هەمیشە سەپرایزى نوێى دەخەنە بەردەم.. هەمیشە مانابەخش بەڵام کاتین، هەتابڵێیت بەفەڕن وەلێ واریداتیان دەڕژێتە ناو جیهانەکانى غەیبەوە، کانگایەکى پڕ لە خێرى سازگار و شیرینن. ئەمانە وەک گەردیلەکانى ئاو وان؛ ئەگەر بەتەنها بمێننەوەوە سووتێنەرن، بەڵام ئەگەر بەهۆى سەبر، تەسلیمییەت و ڕەزامەندییەوە بلکێن بە یەکەوە، دەبن بە ئیکسیرێکى ژیانبەخش.

ئەم دونیایەى کە لەسەرى دەژین، هەم بەراورد بە گەردوون و هەم لەچاو ئاواتەکانماندا زۆر بچووکە، بەڵام وەک دڵى هەموو شتێک وەهایە؛ بەراورد بە کاکێشانەکانى ئاسمان وەک گەردیلەیەک وایە، بەڵام نرخى جیهانەکانى هەیە؛ دڵۆپەیەکە لەچاو تەواوى بووندا کە لە جیهانى ئەثیردا مەلەدەکەن، بەڵام هێندەى ئاسمانەکان قورسایى و سەنگى هەیە. میواندارى لە ئینسان کردووە کە ئاوێنەیەکى گشتگیر و شەففافى گشت ناو و سیفەتە پیرۆزە خواییەکانە؛ وەک ڕەمپایەک وایە بۆ بەرزبوونەوە و فڕینى ئەو بەرەو ئەودیوەکان.

ئەو دڵە باوەڕدارانەى کە توانیویانە پێگەى دونیا هاوڕێ لەگەڵ بەها و نرخی خۆیان لاى خوا موتاڵا بکەن، دەتوانن بەم دڵۆپە بچووکە دەریاگەلێکى ڕەها بکڕن؛ لەم جیهانە گچکەیەدا کە بەراورد بە ئاسمانەکان لە حوکمى گەردێکدایە ببن بە خاوەنى چەندین خۆر؛ دەتوانن ئەو تەمەنە کورتەى کە لەسەرى دەژین بکەن بە تۆو و ناوکى ژیانێکى هەمیشەیى. گرنگ ئەوەیە تاکە گەردیلەیەکیش لەو ئەمانەتەى ناو جەوهەرى ماهییەتى ئینسانییان بەفیرۆنەدەن و لە جێى خۆیدا بەکارى بهێنن.

بەڵێ، ئەم دونیایە فانییە؛ ئەوانەى یەک یەک وەک میوان دێن، وەختێک کاتى ڕۆیشتن هات بێ ئاوڕدانەوە یەک یەک دەڕۆن. هاتووى نوێ بەدواى ڕۆیشتوواندا دێن و وەک خانێک هەمیشە پڕدەبێت و خاڵى دەبێتەوە. هاتووان وەک ئەوەیە بۆ سەربازی و مەشق بێن؛ ئەوانەش کە دەڕۆن، بە مۆڵەتى مردن بۆ نیشتمانى ئەسڵییان دەگەڕێنەوە. لەوەتەى مرۆڤایەتى هەیە نە هاتن و نە ڕۆیشتنەکان تەواونەبوون؛ لەم ڕووەوە هەندێک لەو بەدبەختانەى کە نازانن بۆچى هاتوونەتە ئێرە و پاڵێوراوى چین، لە هەمان ئەو کاتەدا کە بە شادیى لەدایکبوون جۆشیان سەندووە، بە شیوەنى مەرگ زەندەقیان چووە؛ ئەگەر بۆ ساتێکیش هەناسەیەکى خۆشى هەڵبمژن هەردەم بە هەنسکى خەمیان قووتداوە؛ لەبەرامبەر ئەوەدا کە ڕۆژێک ئومێدیان هەبووە، چەندین ڕۆژ لە بێهیواییدا تلاونەتەوە؛ نە گریان و نە پێکەنینیان نەنیشتەوە؛ ئەگەر جارێک وتبێتیان “ئۆخەى!”، سەد جار وتوویانە “ئاخ!”…

بەڵام بۆ ئەوانەى کە بە چاویلکەى ئیمان بۆ شتان و ڕووداوەکان دەڕوانن دۆخەکە زۆر جیاوازە؛ ئەوان، ئەو زاتە دەناسن کە ئەوانى بۆ ئێرە ناردووە، هەوڵدەدەن لێى نزیک ببنەوە، هاوڕێ لەگەڵ بیر و هەستى ئەوەى ئەو جێیە ئاوەدان بکەنەوە کە بۆى دەچن هەڵدەستن و دادەنیشن، بۆیە بەدرێژایى ڕێگەى ئاسوودەیى هەڵدەمژن. کاتێک هەموو شتێک تا ئەم ڕادەیە بە ئەوەوە دەبەستنەوە، گەردوون و شتانى ناویشى لەپڕێکدا ڕەنگ، شکڵ، شێوە و ماهییەتیان دەگۆڕێت؛ دەبنە تام، چێژ و ڕۆشنایى و دەڕژێنە دەروونەکانەوە. لەم گۆشەیەوە دونیا، لە کەشتی و فڕۆکەیەک دەچێت کە ئامانجى جاویدانییە و خەڵکى بەرەو بەختەوەریى هەمیشەیى دەبات؛ لە کتێبخانەیەکى دەوڵەمەند دەچێت کە ملیۆنان و ملیارەها کتێبى لەخۆگرتووە؛ دەگۆڕێت بە پێشانگایەک کە سەر دەسووڕێنێت، چاو لە بینینى تێرنابێت و ئەفسوون لە هەموان دەکات.. دەبێتە زمانێکى گۆیا، هەموومان بۆ لاى “ئەو” بانگ دەکات.. نوورى ئەو، لە ڕێگەى یاریی تیشک و ڕەنگەکانەوە بە دڵەکانمان دەگەیەنێت.

لەڕاستیدا، بۆ ئەوانەى کە دەتوانن بە نوورى ئیمان بڕوانن، ئەم جوانییە یەک لەناو یەکانە هەریەکەیان بەڵگەن لەسەر زاتى حەق؛ ئینسانیش بریتییە لە بینەر، بیسەر، خوێنەر، خوێنەرەوە و وەرگێڕى ئەم بەڵگانە. تێکڕاى شتان، سەبارەت بەو بەختەوەرەى کە دەتوانێت بە شعوور، هەست و دەروون بەدروستى هەڵیانبسەنگێنێت، چاوى مرۆڤ بە ڕووى جیهانەکانى ئەودیو فیزیکدا دەکەنەوە؛ بە تێپەڕبوونى کاتیش ڕازە مەلەکووتییەکان دەڕژێنە ڕۆحیانەوە، زیهنیان وەک حەوزى ئەم نهێنییانەى لێدێت، دڵیشیان دەگۆڕێت بە دووربینگایەک بۆ ڕاوکردنى تەجەللییەکان. بەم جۆرە، هەموو ئەو تاریکییانەى کە لە نەناسینى بەدیهێنەرەوە دروستدەبن یەک یەک دەدڕێن؛ نوورەکان دێن و چادرى خۆیان لە هەموو لایەکدا هەڵدەدەن.. گەردوون دەبێت بە ئەڵقەیەکى فراوانى زیکر.. لە زمانى گیاندار و بێگیانەکانەوە، شیعر و مۆسیقایەکى بێپیت و بێوشە دەبیستین، لە حاڵ و باریشیانەوە هێما و ئاماژە دەربارەى بەدیهێنەوەر وەردەگرین.

بەجۆرێک، هەرکاتێک نیگایەکى گشتگیر لە بوون بدەین، دەڵێیت جیهانە فیزیکییەکان دەدڕێن و لەناویانەوە نهێنییەکانى ئەودیو پەردەى شتان دەڕژێنە ڕۆحمانەوە و، هەردەم سەرنجمان بۆ ئەودیوى ئەودیو، ئەودیوى ئەودیوەکان ڕادەکێشن؛ هەستى موڕاقەبە لە ناخماندا دەچێنن؛ ئیدى لە جێى خۆماندا وەک دەروێشێکمان لێدێت کە لە حاڵى سەرسامى و سەرسووڕماندا دەژى. کەمێک دونیا، کەمێک عوقبا؛ کەمێک ماددە، کەمێک مەعنا؛ کەمێک حەقیقەت، کەمێک خەیاڵ.. هەر شتێک کە تەماشاى دەکەین، هەستى پێدەکەین و سەرنجى دەدەین، هێندە بەکامڵى لەگەڵى دەگونجێین و ئاوێتەى دەبین، وەک ئەوەیە تێکڕاى کتێبى گەردوون و شتانى ناوى، گشت مرۆڤایەتى و هۆنراوەى سەرجەم سەرکێشییەکانى ببیستین و ئەفسووناوى دەبین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *