یه‌كه‌م ئه‌ڵقه‌ له‌ بابه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خوددا (٢)

.

كه‌سایه‌تیی ئه‌م جاره‌ حه‌زره‌تی عومه‌ره‌ كه‌ نموونه‌ی باڵای دادپه‌روه‌رییه‌. ئه‌م مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ی كه‌ ئه‌ستێره‌ی دره‌خشانی ڕێی پێغه‌مبه‌رێتییه‌، له‌ شوێنپێهه‌ڵگرتنی ڕاسته‌هێڵی (أقرب المقربین)دا تابڵێیت هه‌ستیار بووه‌… شانبه‌شانی ئاسمانییه‌كان ئه‌سپی خۆی تاوداوه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ژیاوه‌… له‌ ڕوانگه‌ی پله‌كانی ژیانی دڵ و ڕۆحه‌وه‌ له‌ پێگه‌یه‌كی وه‌هادایه‌ كه‌ شایسته‌یی ئیره‌یی پێبردنه‌… سه‌رفراز بووه‌ به‌ ستایشكرانی به‌رده‌وام له‌لایه‌ن سه‌روه‌ری پێغه‌مبه‌رانه‌وه‌… به‌وه‌ش كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌می وه‌ك ده‌ ساڵدا سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ هێنانه‌دی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ مه‌زنه‌كان -به‌ عوسمانییه‌كانیشه‌وه‌- له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵدا ئه‌نجامیان داوه، ڕیكۆردی یه‌ك له‌دوای یه‌كی شكاندووه‌… كه‌چی سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش خۆبه‌كه‌مزانی و ساده‌یی و خاكیبوونه‌كه‌ی وایان لێكردووه‌ كه‌ له‌ خه‌رمانه‌ی قه‌مه‌ری مونیردا خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی نوورانی بێت و هاوشێوه‌ی نه‌بێت و وه‌ك میكائیلی سه‌رزه‌وی وابێت.
ئه‌و، له‌ بابه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و میراته‌ ئاسمانییه‌ی كه‌ پێش خۆی له‌لایه‌ن ڕابه‌ری كامڵ و پاشان خه‌لیفه‌ی سه‌روه‌ری وه‌لییانه‌وه‌ دامه‌زرێنرابوو -هه‌ڵبه‌ت حه‌ول و قووه‌ت له‌ خواوه‌یه‌ و هیممه‌تیش له‌ حه‌زره‌تی ڕێنماوه‌- ئاستێكی وا به‌رزی پیشانداوه‌ كه‌ دانیشتووانی ئاسمانه‌كانی سه‌رسام كردووه‌ و، ئیماندارانی خستووه‌ته‌ خۆشی و شادییه‌وه‌ و دووڕووانیشی تووشی خه‌یاڵشكان و نائومێدی كردووه‌. هه‌تا كۆتایی ژیانی یه‌ك له‌دوای یه‌ك زوڵقه‌رنه‌ین ئاسا سه‌ركه‌وتنی تۆماركردووه و، كاتێكیش وه‌ختی وه‌فاتی نزیك بووه‌وه‌، خه‌لیفه‌یه‌كی گونجاوی له‌دوای خۆی دیاریكرد و پاشان دونیای فانی به‌جێهێشت.
سه‌رله‌به‌ری ته‌مه‌نی ئاواته‌خوازی ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌پێناوی هاوده‌میی ژیانی به‌رزه‌خ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌دا -كه هاوده‌مییه‌كه‌ی به‌ هه‌موو جیهان نه‌ده‌گۆڕییه‌وه‌- له‌ خانه‌ی سه‌عاده‌تدا بنێژرێت. هه‌رواش بوو. به‌ڵێ، كه‌سێك كه‌ له‌ دڵه‌وه‌ باوه‌ڕی به‌ پێغه‌مبه‌ر هێنابێت‌‌ و، شێتانه‌ خۆشی ویستبێت و، خاوه‌نی ڕۆحێكی مه‌زن و بان-مرۆیی وه‌ها كه‌ تاڵێك له‌ كاكۆڵی گوڵبه‌رگی ئه‌و به‌ هه‌موو جیهان نه‌گۆڕێته‌وه‌… به‌ڵێ، كه‌سێكی له‌م شێوه‌یه‌ نه‌ده‌كرا به‌جۆرێكی تر بێت و به‌ شێوازێكی دی ڕه‌فتاربكات.
له‌ ژیانیدا وه‌ك وه‌زیری دووه‌م و، قاره‌مانی بواری ئیراده‌ و، نموونه‌ی باڵای فناء فی الله-بقاء بالله‌ ژیا. نه‌ شانازی به‌وه‌وه‌ كرد كه‌ زلهێزه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره‌ی خاپوور كردووه‌، نه‌ به‌ جڵه‌وكردنی دونیای ئه‌و ڕۆژگاره‌ غروور گرتی، نه‌ له‌به‌رامبه‌ر چه‌پڵه‌ڕێزانكرانی حه‌قپه‌رستی و دادپه‌روه‌رییه‌كه‌شیه‌وه‌ سه‌ری گێژی خوارد و به‌رچاوی لێڵ بوو. ته‌نانه‌ت پێی ناخۆش بوو كه‌سانێكی وه‌فادار كه‌ حه‌یرانی حه‌ققانییه‌ت و ڕاستڕه‌وییه‌كه‌ی بوون به‌ (أمیر المؤمنین) بانگی بكه‌ن؛ له‌م ڕووه‌وه‌ چوارده‌وره‌كه‌شی ئاگاداركرده‌وه‌. ئه‌و (ر.ع)، كاتێك ته‌نانه‌ت له‌ خاڵێكی گرنگی وه‌ك لوتكه‌ی لوتكه‌كاندا بوو، هه‌میشه‌ خۆی وه‌ك كه‌سێكی ساده‌ و ئاسایی ده‌بینی. نه‌ پاسه‌وانی هه‌بوو و نه‌ له‌شكری پارێزه‌ر… وتی (توكلت علی الله‌) و هه‌میشه‌ به‌ تاقی ته‌نیا به‌ناو خه‌ڵكدا ده‌سووڕایه‌وه‌.
-خۆزگه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ شتانێكیان یادی فیرعه‌ون و یه‌زید و حه‌ججاجه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌هێنایه‌وه‌! به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌ دڵه‌ مردوو و، بیره‌ ژه‌هراوی و ئه‌و خۆنه‌ناس و گه‌مژانه‌ی كه‌ دڵیان به‌ چه‌پڵه‌ خۆشه‌، شتێك له‌مانه‌ حاڵی ببن. قه‌ناعه‌تمان وایه‌ ئه‌م كه‌سه‌ به‌دبه‌ختانه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌ر گوفتارێكیان به‌ گوێدا بدرێت و هه‌ر نموونه‌یه‌كیان پیشان بدرێت، به‌خۆڕایی ده‌چێت…-
له‌پاڵ ئه‌م ڕووداو و سه‌ركه‌وتننانه‌دا كه‌ به‌ ئیزنی خوای گه‌وره‌ هێنانیه‌دی، سوڵتانی پێغه‌مبه‌ران مژده‌ی ئه‌وه‌ی پێدا كه‌ ئیمزا له‌سه‌ر شتانی سه‌یرتر و ده‌راساتریش داده‌نێت؛ ئه‌مه‌شی به‌و جۆره‌ وێناكرد كه‌ پەیتا پەیتا ئاو له‌ بیرێكه‌وه‌ هه‌ڵده‌گۆزێت كه‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوێكی زوڵاڵ و سازگاره‌. ئه‌مه‌ش ته‌نها بریتیبوو له‌ چه‌ند نه‌خشێكی چنراوه‌كه‌ی ئه‌و خۆری نووری هیدایه‌ته له‌ جیهانی مه‌عنادا و، نیشانه‌ی ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ ناوازه‌یه‌ به‌ پێگه‌ و سه‌ركه‌وتنێكی سه‌رسووڕهێن ده‌گات. سه‌ره‌ڕای گشت ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌م زاته‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌ست و بیر و شه‌خسییه‌ت كه‌ ته‌نانه‌ت فریشته‌كانیش ده‌ستیان بۆ به‌ سنگه‌وه‌ ده‌گرت، كه‌چی ئه‌و خۆی به‌ هیچ له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا و، گوفتاری پیرۆزی “له‌ خۆتان بپرسنه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی لێتان بپرسنه‌وه‌”ی كردبوو به‌ ده‌ستووری ژیانی و به‌م شاڕێیه‌دا ده‌ڕۆیشت.
سه‌ره‌تا ناڵه‌ جگه‌رسۆزه‌كانی گوفتاری له‌عل و گه‌وهه‌ر ئاسای پێغه‌مبه‌ری ڕێنما و سه‌روه‌ری وه‌لییان (حه‌زره‌تی ئه‌بو به‌كر) ویردی سه‌رزمانی بوو. به‌ڵام نركه‌كانی دواتری وه‌ك حاشییه‌ی ئه‌و مرواری و مه‌رجانانه‌ وابوون. ئه‌و، هه‌میشه‌ ڕاهێنانی له‌سه‌ر ئه‌و گوفتارانه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ده‌كرد كه‌ ده‌رباره‌ی ئاسۆی (أقرب المقربین)ه‌كان له‌ بابه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خوددا، فه‌رمووبوونی. له‌ پاڕانه‌وه‌ و لاڵانه‌وه‌ و هه‌ڵڕشتنی ناخ بۆ خوای گه‌وره‌دا، ئه‌و فه‌رمایشته‌ زه‌به‌رجه‌دییانه‌ی -كه‌ وه‌ك ناڵه‌ی مه‌لائیكه‌تان وابوون- به‌كارده‌هێنا و، به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ هه‌ناسه‌ی ده‌دا. حه‌زره‌تی پێغه‌مبه‌ر چی فه‌رمووبێت و، له‌ بابه‌تی هه‌ڵڕشتنی ناخ بۆ خوای گه‌وره‌دا چ شێوازێكی به‌كارهێنابێت، له‌تیفه‌ی ڕه‌ببانییه‌كه‌ی به‌كاریده‌هێنا و هه‌میشه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌مانه‌وه‌ هه‌ناسه‌ی ده‌دا.
ئای ئه‌مه‌ چ خاوێنی و بێگه‌ردییه‌كه‌! له‌كاتێكدا كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین به‌ربه‌ست و گرفت ڕووبه‌ڕوو ده‌بووه‌وه‌، هه‌میشه‌ له‌ ئاسۆی پێغه‌مبه‌راندا هه‌نگاوی هه‌ڵده‌گرت و، به‌شێكی گرنگی كاته‌كانی بۆ دوعا و پاڕانه‌وه‌ و وتنی ناوی (ألله‌) ته‌رخانكردبوو. ژیانی به‌ شه‌و و ڕۆژ و هه‌فته‌ و مانگیه‌وه‌ له‌پێناو ناخ هه‌ڵڕشتن بۆ خوا به‌كارده‌هێنا و، هه‌ر ده‌مه‌ و به‌ جۆرێكی جیاواز له‌ خۆی ده‌پرسییه‌وه‌ و، دونیایه‌ك ناڵه‌ و نركه‌ی له‌ خوله‌كه‌كانیدا جێده‌كرده‌وه‌. ساتێك له‌نێو چنراوه‌كانی ژیانیدا نه‌بوو كه‌ له‌ هه‌ستی موحاسه‌به‌ بێبه‌ش بێت، خوله‌كێك نه‌بوو هه‌یه‌جانی موڕاقه‌به‌ نه‌یخاته‌ ناڵین. ئه‌مه‌ش ته‌نها چه‌ند دڵۆپێكه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خود و موڕاقه‌به‌ی ناوه‌كیی ئه‌و:
“پەروەردگارا، به‌پێوه‌ و به‌دانیشتنانه‌وه‌ و كاتێكیش كه‌ ده‌چمه‌وه‌ ناو جێوه‌ بۆ نووستن، له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی ئیسلام بمپارێزه‌! خوایه‌ گیان، سه‌رفرازم كه‌ به‌و خێر و چاكانه‌وه‌ی كه‌ لای خۆت هه‌ن و، ئه‌م هه‌ژاره‌ له‌ شه‌ڕ و خراپه‌كان بپارێزه‌! ئیلاهی،‌ قووڵبوونه‌وه‌ و چڕبوونه‌وه‌ی جددیم له‌ قورئاندا پێببه‌خشه‌! بمبوره‌ و ته‌وبه‌كه‌م قبووڵ بكه‌! خوایه‌ گیان دڵم ڕه‌قه‌ و كه‌سیش به‌م ڕه‌قییه‌ نازانێت -ئاه سوڵتانم، ئه‌گه‌ر تۆ به‌ جێبه‌جێكردنی حه‌ق بڵێیت دڵڕه‌قی، ئه‌مە سیفه‌تێكی وه‌هایه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئاسۆ تایبه‌ت و به‌رزه‌كه‌ت و سه‌ری ڕێزی بۆ داده‌نه‌وێنین.- تۆ به‌ ڕه‌حمه‌تی فراوانی خۆت نه‌رمونیانی به‌ ڕه‌فتاره‌كانم ببه‌خشه‌! پەروەرێنم، من یه‌كێكم له‌ به‌نده‌ ڕه‌زیل و به‌خیله‌كانت! -ئه‌گه‌ر تۆش ڕه‌زیل بیت كه‌ له‌ دونیادا خاوه‌نی ماڵێكیش نه‌بوویت، كه‌وایه‌ ئه‌ی نووری چاوم بۆ خاتری سه‌روه‌ره‌كه‌ت پێمان بڵێ به‌ڕای تۆ كێ به‌خشنده‌یه‌؟- چی ده‌بێت، سه‌ركه‌وتووم بكه‌یت له‌وه‌دا كه‌ ڕاسته‌قینه‌ ڕه‌فتاربكه‌م بێئه‌وه‌ی تووشی ئیسراف و زیاده‌ڕه‌وی و ڕیا و خۆبه‌چاكزانین ببم؟! بمگێڕه‌ له‌و به‌ندانه‌ت كه‌ له‌ هه‌موو حاڵ و جووڵه‌یه‌كیاندا بیر له‌ ڕه‌زامه‌ندیی تۆ و ئاخیره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌! خوایه‌ گیان، غه‌فڵه‌ت و له‌بیرچوونه‌وه‌م زۆره‌! -ئاخر شه‌معی تابانم، ئه‌مانه‌ نیشانه‌ی كه‌ماڵی تۆن… زمانی ئه‌وانه‌ وشك بێت كه‌ ده‌رحه‌ق به‌ تۆ به‌م جۆره‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌!- ئیلاهی، عومه‌ر بگێڕه‌ له‌و به‌ندانه‌ت كه‌ له‌ هه‌موو بارودۆخێكدا ئاگاداری زاتی تۆ و مردن و ئاخیره‌تن! پەروەردگارم، له‌ڕووی به‌ندایه‌تییه‌وه‌ هه‌تا بڵێیت لاوازم! -ئاه پیری موغانم، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ تۆ نه‌بوویت كه‌ له‌ سوجده‌دا له‌ دڵه‌وه‌ ده‌گریایت و مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌رت غه‌رقی تۆفانی هه‌نسك ده‌كرد؟!- له‌ به‌ندایه‌تیدا نییه‌تی پاك و زیندووییم پێببه‌خشه‌!”
ئه‌م نركه‌ و ناڵه‌ و ئاخ هه‌ڵكێشان و موحاسه‌به‌ و موڕاقه‌بانه‌، تایبه‌تن به‌ كه‌سێك كه‌ له‌ جوگرافیایه‌كی زۆر فراواندا بووه‌ به‌ نووری خۆری هیدایه‌تێكی وه‌ها كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ دڵانی خه‌ڵكێكی بێشومار له‌ خۆشه‌ویستیی خوا و پێغه‌مبه‌ر پڕبووبوون. -كه‌موكورتییه‌كان له‌ پێشكه‌شكردندا تایبه‌تن به‌ من- هه‌رچی چاكه‌ و فه‌زیله‌تی هه‌بوو له‌ژێر خاكی له‌بیركردندا ناشتی و وه‌كو كه‌سێكی ئاسایی هه‌میشه‌ سه‌ری له‌سه‌ر زه‌وی بوو. ئه‌م پاڕانه‌وانه‌ی كه‌ وای له‌ فریشته‌كان ده‌كرد له‌ سه‌رسامیدا په‌نجه‌ی خۆیان بگه‌زن، هه‌ناسه‌ی ژیانبه‌خشی ئه‌و (أقرب المقربین)ه‌ بوو كه‌ په‌یكه‌ری باڵای عه‌داله‌ت بوو.
كاتێك له‌و سیما پاكه‌دا ئه‌م شتانه‌ ده‌بینین، ویژدانه‌ هۆشیاره‌كان ئیره‌یی ده‌یانگرێت و له‌ لێوه‌كانه‌وه‌ ڕسته‌ی “خۆزگه‌ یه‌ك له‌ سه‌دی ئه‌م ناسكی و وردی و قووڵییه‌ی ئه‌و، له‌ نه‌فسپه‌رست و سه‌رگه‌ردانه‌كانی به‌نده‌ی پاره‌وپوولدا بوونی ده‌بوو!” هه‌ڵده‌وه‌رێت…
لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ بڵێم كه‌ قسه‌ی دڵمن:
تۆ هاوشێوه‌ی خه‌لیفه‌كه‌ی پێش خۆت و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ت، هه‌میشه‌ ژیانێك ژیایت كه‌ خاوه‌نی ڕه‌هه‌ندێكی زۆر قووڵی موحاسه‌به‌ بوو. وه‌ بوویت به‌ نموونه‌ و قیبله‌نمایه‌كی ڕێنیشانده‌ر و نوورانی بۆ ئێمه‌مانانی ڕێبوارانی ماندووی ڕێگا كه‌ تاوێك ده‌ڕۆین و تاوێك ده‌كه‌وین. زۆربه‌مان له‌ نه‌خش و ڕه‌نگی ژیانی تۆ تێنه‌گه‌یشتین! خۆ ئه‌گه‌ر تێبگه‌یشتینایه‌ و ئه‌و سه‌رگه‌ردانانه‌ش تێبگه‌یشتنایه‌ كه‌ به‌ خۆشویستنی دونیا سه‌ریان گێژ و به‌رچاویان تاریك بووه‌، دونیاكه‌مان شێوه‌ی یوتۆپیایه‌كی ئیره‌یی بزوێنی وه‌رده‌گرت. مه‌خابن، ئه‌وان به‌ هه‌ڵبژاردنی دونیا به‌سه‌ر ئاخیره‌تدا دۆڕانی یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كیان به‌سه‌ر خۆیان و خه‌ڵكیشدا هێنا؛ هه‌موو دونیا به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ وایزانی ئیسلام بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی تیرۆریست… وه‌ مه‌ینه‌تی بوو به‌ به‌شی موسڵمانان و ئێمه‌ش…
ئه‌ی ئه‌و قامه‌ته‌ باڵایه‌ی كه‌ پێت ناگه‌ینه‌وه‌! ئه‌گه‌ر به‌ ده‌بڕینه‌ له‌ڕ و لاوازه‌كه‌م تۆم له‌ لوتكه‌ی ئاسۆ فراوانه‌كه‌ت هێنابێته‌ خواره‌وه‌، به‌ ده‌ره‌نجامی نادانی و بێڕێزیم قبووڵی بكه‌ و بمبه‌خشه‌! هه‌میشه‌ ناوی تۆم بردووه‌ و له‌ یادكردنه‌وه‌شت به‌رده‌وام ده‌بم؛ مه‌حاڵه‌ وازی لێ بهێنم! چونكه‌ حه‌زره‌تی (روح سید الانام) فه‌رموویه‌تی: (علیکم بسنتی وسنە خلفاء الراشدین). ئێوه‌ش به‌ ژیانه‌ پیرۆزه‌كه‌تان بوون به‌ سه‌رچاوه‌گه‌لێكی فه‌یزی وه‌ها كه‌ به‌ ئه‌مانه‌ت بۆ دڵه‌كانمان جێمان. ‌

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *