دڵانی باوەڕدار

 

مرۆڤایەتی سەری خۆی هەڵگرتووە و بە نەفرەتەوە بەرەو ئاقارێک دەڕوات. ئەگەرچی گونجاوترە، لە جیاتی ڕۆشتن، ئەمە بە خلۆر بوونەوە ناو ببەین. بابەتی ئەوەی سەرئەنجامی ئەم کارە چی دەبێت و ئەم ڕۆشتنە بە کوێ دەگات، یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە لە ئێستاوە کارێکی هەتا بڵێی سەختە. ئەگەرچی گونجاو نیە ڕەشبین بین و بڵێین سەرئەنجامی ئەم کارانەیان دۆزەخە، خۆ گەر بشڵێین سەرئەنجامیان بەهەشت دەبێت، گەشبینیەکی لە ڕادە بەدەر دەبێت. سینەکان بە ڕقەوە لێدەدەن و، شانازی بە خۆوەکردن سەرچۆپی گرتووە، بیرکردنەوەکان پارچە پارچە بوون و، داوەری ژیریش دەربەدەر بووە. گەڕان بە دوای دیالۆگدا بە شێوەیەکی دەراسا دەستکردە و بەرژەوەندی بە ئامانج گرتووە، مشتموڕ و گفتوگۆی نێو مەجلیسەکان هەر وەک مەیدانی جەنگیان لێهاتووە، وەک سەرسنوری تەقە لەیەک کردن و مەیدانی دڕندایەتی لێهاتووە، هەموو شتێک بە ناوی دابەشکردنی کۆمەڵگا بەسەر بەرەی جیاواز و زیادکردنی بارگرژی لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگا، لە ئێستادا بوونیان هەیە. هەڵسوکەوتەکان ڕەقوتەق، دەربڕینەکان دەستدرێژیکەرانە، کۆمەڵانی خەڵکیش بەرامبەر یەکتری لێبوردەییان لە دەستداوە. وەک شاعیریش دەڵێت” وەفا نیە و حورمەتی عەهد و پەیمان نەماوە، وێژەی ئەمانەتیش بێ واتا کەوتووە، درۆ ڕەواجی هەیە، خیانەت لە هەموو لایەک خۆی سەپاندووە، حەقیش نادیارە” ئەوی دڵی خۆشە دوژمنانە و ئەوەی دەگری گەلەکەمانە.

بۆ ئەوەی بەم ڕێ ڕۆشتنە بڵێین “بەسە”، ڕێگری لەم خلۆر بوونەوەیە بگرین، پێویست بە دڵانێک هەیە کەوا بە خۆشەویستیەوە لێبدەن و، هەمیشە بە لێبوردەییەوە هەستن و دانیشن. پێویست بە سینەگەلێکی باوەڕدار و پڕ خۆشەویستی هەیە کەوا خۆیان بۆ بەختەوەری دونیایی- ئاخیرەتی مرۆڤەکان تەرخان کردبێت و بڵێن” لە چاوی مندا نە سەودای بەهەشت و نە ترسی دۆزەخ هەیە، گەر ئیمانی گەلەکەم لە سەلامەتیدا ببینم، ڕازیم بەوەی لە ئاگری دۆزەخدا قرچەم لێهەستێت”.

خۆشەویستی زمانێکی گەردوونیە کەوا بێ وتە-بێ وشە ڕۆحی مرۆڤەکان دەکاتە دوێنراوی خۆی. ئەو جادوو لە دڵەکان دەکات و بەرەو خۆی ڕایاندەکێشێت،  ڕێگری لە هیچ کەسێک و تەنانەت دڕندەترینی ڕۆحەکانیش ناکات و، خۆی ڕادەستی سەرچاوەی هێزێکی ئەفسوناوی کردووە… بەڵێ، سەرچاوەی هێزێکی لەو شێوەیەیە و تەنانەت ئەو دەشتەکیانەی لە هیچ شتێکیش تێنەدەگەشتن، بێ هیچ گومانێک لەو زمانە هاوڕێیانەی ئەو تێدەگەستن کە لە هەموو نەرمێک نەرمتر بوو، بەو هۆیەشەوە مەست دەبوون.

 لە خۆشەویستیدا هێز و ئەفسونی کاریگەردانانێکی پێغەمبەرئاسایانە هەیە. ئەو، کاتێک بە ڕوونکردنەوەکانی تایبەت بە خۆی، بەسەر لایەنە بەرفراوانەکانی خودماندا دەست بە بارین دەکات، لەگەڵ ئەودا هەر شتێک کەوا باسی لێوە دەکرێت، لە قوڵاییەکانی ڕۆحماندا دەیبیستین و، گەیاندنی هەر پەیامێک کەوا بە ئامانج گیراوە، یەکسەر قبوڵ دەکرێن.  

کاتێک دڵەکان بە خۆشەویستیەوە لێدەدەن، سیماکانیش پەردەی ڕاستگۆیی بەسەر خۆیاندا دەدەن، چاوەکانیش خۆیان فڕێ دەدەنە ناو ئەو زەردەخەنە ئەفسوناوییە، تەنانەت گەر هیچ قسەیەکیش لە دەمیان نەیەتە دەرەوە، تەواوی فەسڵ و بابەکانی کتێبەکەی ناو دڵیان، دەگوازرێتەوە بۆ دوێنراوەکەیان.

ئیدی بە گوێرەی دەنگ و هەناسەی خۆشەویستی، بە گوێرەی سەمیمیەت و گەرموگوڕیەکەی، لە زۆرینەماندا جۆش بە هەستەکانمان دەدات، ئێمە لە پشتبەستنەوە بەرەو خۆڕادەستکردن، لە خۆڕادەستکردنەوە بەرەو پەسەند کردن، لە پەسەند کردنەوە بەرەو متمانەکردن بەرز دەکەنەوە، واتاگەلێک کەوا پاراوترین و بەناوباگترین کتێبەکانیش ناتوانن گوزارشتی لێبکەن، بە ڕۆحماندا دەچرپێنن.

تەنانەت نەغمە ناڕوونەکانی خۆشەویستی، هەمیشە چەشنی دەنگی بولبول دەبیسترێن و وەک ئەو لایلایە بێگەردەی لەسەر بێشکە دەمانبیست، تەواوی خودمان دادەپۆشێت. بە شێوەیەکی وەهاش دایدەپۆشێت، لە بەرامبەریدا چەشنی نەشە و دڵخۆشی منداڵێک، دەکەوینە سەر ئەژنۆ و لە هەنسکی گریان دەدەین.

خۆشەویستی، چەشنی باوەشی گەرموگوڕی دایک و ئەو کلیلە ئەفسوناویانەی کەوا هەموو دەرگایەک دەکەنەوە، وەک بەلوعەیەکی سیحراوییە، کەوا واتای تەواوی پەیوەندیە لەدونیەکان و پوختەی بوون هەڵدەڕژێتە ناو دڵەكانمانەوە. بە ڕادەی ئەو کەوسەری خۆشەویستیەی  لەو بەلوعە بێگەردەوە پێمان دەگات، هەستەکانمان بە شێوەیەکی وەها شاباڵ دەگرن، ڕۆحمان بە ڕادەیەکی وەها هەیەجان دەیگرێت و قوڵپ دەدات، سەقفی منێتیمان کون دەکات و وەک ئەوەمان لێدێت بە نەشوەی ئەبەدی ئاسمانەکان گەشتبین.

دڵەکان هێندەی ئەوەی هەناسەی زیندووکەرەوەی خۆشەویستیان هەڵمیژیبێت،  لە ژێر تاڤگەی خۆشەویستیدا خۆیان پاککردبێتەوە و دەستلەملانی بووبێتن و بۆنیان پێوەکردبێت و هەناسەی ئەویان دابێتەوە، بە لایەنە قوڵە ناوازەکانی مرۆڤ بوونی خۆیان دەگەن و بە مرۆڤەکانی تریشی دەگەیەنن، دەگەن بەو ڕازانەی کەوا ناوزەندیان دەکات بۆ ژیانی ئەبەدی و، ئیدی بە گوێرەی قوڵایی خۆشەویستییان، موحیبەت و بایەخیان ئەڵقە ئەڵقە فراوان دەبێت هەتا دەگاتە ئەوەی تەواوی بوون لە خۆی بگرێت و، تەنانەت ئەم ئەڵقانە لە ڕۆشتنی خۆیان بەردەوام دەبن هەتا دەگەنە ئەبەدیەت، پاشان بە ڕەنگی ئەبەدیەت خۆیان ڕەنگدار دەکەن و لە هەموو شوێنێک هەر دەڵێن” هەر لە پێناو ئەودا” و بەم شێوەیە خۆشەویستی و لوتفیان بەسەر چواردەورەکەیاندا دەبارێنن، وەک کەسێکیان لیدێت کە لە هەموو شوێنێکدا بەم هۆیەوە خۆش دەویسترێن و، کەسانێک بە دوایاندا عەوداڵ دەبن.

خۆشەویستی لە پێش ئێمەی مرۆڤیشەوە هەر هەبووە. خۆشەویستی یەکەم ئاوازە کەوا چاوی مرۆڤایەتی بە ڕووی بووندا هەڵهێناوە و لەناو بێشکەکەیدا ڕایژەندووە. ئێمە لێرە بە ناوی خۆشەویستیەوە، شێوەزاری پەردەیەکی دێرین و، شێوازێکی نوێی نەغمەیەکی دێرینین، تەنیا لە ڕێگەی کەمێک گۆڕینی وێژەکانی و، کەمێک دەستکاری ئسلوبەکەیدا، لەگەڵ تێبینی ئەوەی نۆژەنکاری لە نەفرەت و کینە و دڵڕەنجان و گرفتاری ئسلوبدا بکەین  و، جارێکی تر هەمان نەغمە و ئاوازی دێرین لەبەرخۆمانەوە دەڵێینەوە.

کێ چووزانێ، لەوە دەچێت لەمەودوا زۆر کەسی تر، بە شێوازێکی نوێی دەربڕین و ئاوازێکی نوێ، نەغمەگەلی ئاگرین و سرودی سوتێنەری وەها بپچڕن، چەشنی ئەو فیشەکە هەواییانەی لەسەر شاڕێگاکان دەتەقێنرێن، ڕوناکی بەسەر چواردەوری خۆیاندا ببارێنن. ئیدی هەمیشە بیر لە خۆشەویستی دەکەنەوە، باسی خۆشەویستی دەکەن، بە دوای ئەو دڵانەدا دەگەڕێن کەوا ئاشنای خۆشەویستین.

خۆشەویستی گەر جارێکی تر ئەو ڕێگە ئەفسوناویەی “سهل الممتنع”[1] بگرێتەوە، ئەو بەرزایی نەفرەت و کینەیەی کەوا بە نیسبەت هەندێکەوە وەها دیارن هەرگیز تێناپەڕێندرێن، تێدەپەڕێندرێن. ئیدی بەسەر دەریاگەلی پڕ تەڵەزگەی خوێنیندا تێدەپەڕێت کەوا بەردەمی پێدەگرن. چەشنی قەدپاڵەکانی بەهەشت لە کەشوهەوای بەهاردا دەست بە سوڕانەوە دەکات، ئامێز بۆ ئەو ڕۆحانە دەگرێتەوە کەوا بۆنی خۆشەویستیان لێهەڵدەستێت. تەمەنی هەردەم چەشنی نێو لانەی باڵداران گەرموگوڕ و، چەشنی نێو ئامێزی دایکان لە نێو کەشوهەوای پڕ ئاسایشدا بەسەر دەبات. ئیدی سوود لە تەواوی لایەنە مرۆییەکانی دەبینێت و بەو شێوەیە ژیان دەکات.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کەوا مرۆڤەکان بەرامبەر تۆڵە و دوژمنایەتی بەزیون، کۆمەڵانی خەڵک بەرەو شەڕ و خنکاندنی یەکتری پەلکێش دەکرێن و، حەق بەرامبەر هێز بێدەنگکراوە، هەرکەسێک کەوا هێزی لە دەستدایە بەرامبەر ئەوانەی وەک خۆیان بیر ناکەنەوە تاغوتانە مامەڵە دەکات و، زاڵم و غەددارەکان چەپڵەڕێزان دەکرێن، بە شانوباڵیاندا هەڵدەدرێت، ستەمدیدە و غەدرلێکراوەکانیش پاڵیان پێوەدەنرێت و ڕادەوەشێنرێن، هەرچەندە پاڵمان پێوە دەنرێت و ڕاشمانبوەشێنن بەڵام لە نێو چاوەڕوانیەکی پڕ هیواداین و لە پێش و دوای هەموو شتێکەوە دیسان هەر  وشەی”خۆشەویستی” دەڵێینەوە.  

ئەمە دەڵێینەوە و لەو باوەڕەداین کەوا خۆشەویستی ڕیتمی ژیانمان دەگۆڕێت و، ئێمە لە ئاستێکی هاکەزاییەوە بەرەو ئاستێکی دەراسا بەرز دەکاتەوە، لەو سادەییەوە کەوا تێیدا وەستاوین و پەلەقاژە دەکەین بەرەو ئاستی سەرو هەموو ئاستەکان بەرز دەکاتەوە، هیوا بەوە دەخوازین، ئەو خولیا پاکوبێگەردانەی لە سەردەمی منداڵیماندا هەستمان پێدەکرد و تێیدا دەژیاین، جارێکی تر بەدەستیان بهێنینەوە.

ئێمە بە ڕادەی ئەوەی هەست و بیرکردنەوە و ئاسۆمان بە خۆشەویستی و ڕێز و لەیەکتێگەشتنەوە تێشودار بکەین، پێموایە چواردەوریشمان بەو ڕادەیە گۆڕانکاری بەسەردا دێت… ئیدی ڕەنگی شت و ڕووداوەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. بەها ڕاستەقینە مرۆییەکان دێنە ئاراوە. چەندین خاڵی بەهێز کەوا بە هۆی پێگەی ” بەشەرەفترینی بوونەوەران” بە مرۆڤ دراوە، لەوەی وەک زبڵی لێبێت ڕزگاری دەبێت. ئیدی تەواوی ئەو جوانیە دینی و میلیانەی کەوا بوونەتە ماڵ لە مێژوودا، جارێکی تر زیندوو دەبنەوە و دەگەڕێنەوە، تەنانەت دێن و جارێکی تر دەبنەوە بە هی ئێمە. ئیدی ئەو ژیانەی کەوا لە دوێنێدا تێێدا دەژیاین، ئەمڕۆ سەرلەنوێ تێیدا دەژینەوە و، تەواوی ئەو چێژ و لەزەتە ناوازانەی لە سەرو کاتەوەن، پێکەوە بە یەکجار هەست بە هەموویان دەکەین.

خۆزگە ئێمەش وەک کەسانی پێشین بەرامبەر ئیمان و ئەو خۆشەویستیە قوڵەی لە ئیماندا هەیە، بێدار ببوینایەتەوە. 

 

 

[1][1] بریتیە لەو وتانەی کەوا لە ڕواڵەتدا سادە و ئاڵۆزییان تێدا بەدی ناکرێت، بەڵام گەر هەوڵی هێنانی شتێکی هاوشێوە بدەیت توشی سەختی دەبیت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *