دینامیکە سەرەکیەکانی بزاڤی زیندووکردنەوە

پرسیار: دینامیکە سەرەکیەکانی بزاڤی زیندووکردنەوە و بونیادنەری بەها مرۆییەکان چیە؟

وەڵام: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لە بابەتی ئیمان بە الله وە بیگرە هەتا دەگەیتە ڕێزگرتن لە دایک-باوک، هەموو شتەکان ڕووخاون و، تەواوی بەهاکان ژێراوژور بووە. تەواوی دڵ و مێشکەکان گەندەڵ بوون. بە داخەوە لە خۆمان دوور کەوتووینەتەوە، بەرامبەر بەهاکانی خۆمان بێگانە بووین، بوونە کەسێکی تری زۆر جددی لە نێوانماندا ڕوویداوە، مرۆڤایەتی ڕاستەقینەی خۆمان لە دەستداوە. واتە ئەم قەڵایە کەوا چەندین ساڵە توشی وێرانکاری بووە، نە دیواری ماوە نە دیزاین و دیکۆری ناوەوەی.

بابەتی ئەوەی موسوڵمانەکان ناتوانن بە دروستی یاسا و ڕێساکانی بوون بخوێننەوە، لە زانستەکاندا دوابکەون، لۆجیک و داوەری ژیری بەکارنەهێنن، بە کورتی بابەتی ئەوەی کەوا توشی پەرێشانی و پەرشوبڵاوی بوون، حەقی ئەوەی بە کەسانی تر داوە کەوا لە سەرەوە سەیری ئێمە بکەن. هەربۆیە بایەخ بەو پەیامانە نادەن، کەوا لە مرۆڤگەلێکەوە دەردەچێت، کە وەک کۆیلەی دەرباری خۆیان تەماشای دەکەن. هەربۆیە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بێت یان ڕێژەیی، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بابەتی ئەوەی پاشاگەردانیەک لە ئارادایە، ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە.

دوای  ئەوەی تەواوی ئەم لە شیرازە دەرچوونە یەک لە دوا یەکانە ڕوویداوە، نۆژەنکردنەوە و چاکسازی هەروا کارێکی ئاسان نابێت. بونیادنانی دونیایەکی نوێ لە چواردەوری ئەو دووزەنە بەهاییانەی کەوا لە ڕابردوەوە چۆڕاونەتەوە و هاتوون، بابەتی ئەوەی سەرلەنوێ لە دونیادا حەق و دادپەروەری و ئاشتی و سەقامگیری بونیاد بنرێت، وابەستەی هەوڵ و کۆششێکی زۆر جددیە. چونکە هەرچەندە وێرانکاری لە شتێکدا کارێکی ئاسانیش بێت، زۆرینەی کات نۆژەنکردنەوەی بە هەمان ڕادە ئاسان نابێت.

حەزرەتی بەدیعوزەمانیش دەفەرموێت” لەو گۆڕان و وەرچەرخانەی لە ماوەی داهاتوودا ڕوودەدات، بەرزترین و زوڵاڵترین دەنگ و سەدا، هەر بۆ ئیسلام دەبێت”. ئەو وەک دەشێت ئەم قسەیەی لە ڕوانگەی کەشف و بینینەکانی خۆیەوە ئەنجام دابێت، دەشێت لە ڕوانگەی ڕێڕەوی فەلسەفەی مێژوو و ڕووداوە مێژوویەکانیشەوە ئەم قسەیەی کردبێت. بەڵام هیچ شتێک سەبارەت بە کاتی ڕوودانی ئەم بابەتە نادرکێنێت. لەلایەکەوە حەزرەت باس لە قەڵایەک دەکات کەوا ماوەی ١-٢-٣ سەدەیە توشی داڕمان بووە، لەلایەکی ترەوە باس لە بونیادی داهاتوویەک دەکات، کەوا لەگەڵ ڕەگی ڕۆح و واتاکانماندا گونجاوە.

بەڵێ، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا دەشێت موسوڵمانان سەرلەنوێ لەسەر ئاستی هەموو دونیا ببنەوە بە پارسەنگی هاوکێشەکان. دەشێت ببنەوە بە دەنگ و هەناسەی حەق و دادپەروەری و ڕێگەی ڕاست. دەشێت سەرلەنوێ بەها مرۆییەکان و حەق و ئازادییە بنچینەییەکان بونیاد بنێنەوە. دەشێت دونیایەکی ئیرەییئاوەری وەها بونیاد بنێن کەوا دەوڵەتی خۆری کامپانێلاش تێپەڕێنێت. بەڵام لێرەدا پێویستە ئەوەش لەبیر نەکەین، هەتا لە بناغەوە دەست بەم کارە نەکرێت، هەتا بزاڤی بونیادنانەوە لە بناغەوە دەست پێنەکاتەوە، هەتا لە هەمان کاتدا ئەم کارە وابەستەی قۆناغێکی دیموکراسی نەبێت، مومکین نیە لەم کارەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنرێت.

**

دیموکراسی

گەر کارێک بەو شێوەیەی پێویستە ئەنجام نەدرا و، بە گوێرەی پێودانگەکانی خۆی نەخرایە ڕوو، دەشێت سەرئەنجامی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە. بە تایبەت لەو کۆمەڵگایانەی کەوا لە گەلی جیاواز و بیروباوەڕی جیاواز و دونیابینی جیاواز پێکهاتوون، پێویستە ئەو هەنگاوانەی هەڵدەنرێن بە دیقەتێکی زیاترەوە هەڵبنرێن. گەر لە وڵاتێکدا ئیماندار-بێ ئیمان، چەپڕەو-ڕاستڕەو، موسوڵمان-مەسیحی، بەهاپارێز-سیکۆلار بیانەوێت پێکەوە ژیان ببەنە سەر، ئەوا پێویست بەوە دەکات بایەخ بە هزر و هەستی هەموو لایەک بدەیت. پێویستە بە ئاڕاستەی بونیادنانی سیستەمێکی وەها هەنگاوهەڵبگیردرێت، کەوا مرۆڤی خاوەن دین و ئایدۆلۆژی و دونیابینیە جیاوازیەکان، تێیدا بتوانن بە ئاشتی و ئاسودەییەوە پێکەوە بژین، مسۆگەری ماف و ئازادیەکانی هەموو کەسێکی تێدا بکرێت.

دیموکراسی، بریتیە لەو سیستەمە ئایدیاڵەی کەوا مرۆڤانی سەر بە هزر و هەستە جیاوازەکان، دەتوانن تێیدا ئاشتیانە ژیانیان ببەن سەر. بەم هۆیەوە، لە پێناو چارەسەری هەندێک لەو کێشانەی بوونیان هەیە، پێویستە لە ڕێگەی پێشخستنی هزری دیموکراسیەوە دەست بە کارەکان بکرێت.

هەر کام لە سیستەمەکان، زۆر گرنگە بەرفراوانیەکی وەهای هەبێت کەوا وەڵامگۆی تەواوی مرۆڤەکان بێت بە باوەڕدار-بێباوەڕەوە… پێویستە وەڵامی تەواوی پێداویستیە ماددی-مەعنەوی، دونیای- ئاخیرەتی مرۆڤەکان بێت. واتە هێندەی ڕەچاوی پێداویستیە دونیایەکانی مرۆڤەکان دەکات، لە هەمان کاتدا ڕەچاوی پێداویستیە مەعنەویەکانیشیان بکات. هەربۆیە پێمان وەهایە، دیموکراسیەتێکی ئایدیاڵ، بریتیە لەو سیستەمەی کە تەواوی ئەم خاسیەتانەی لە خۆیدا جێکردۆتەوە.

بە داخەوە موسوڵمانەکان، هەتا ئەمڕۆ نەیانتوانیوە وەک پێویست هەڵسەنگاندن بۆ ئەو هەل و ئیمکانانە دەکەن، کەوا دیموکراسی بەڵێنیان پێدەدات. ئەو مێشکانەی دەتوانن بیر بکەنەوە، لە بابەتی سوود وەرگرتن لەم نیعمەتە، هەوڵ و کۆششی پێویستیان نەخستۆتە گەڕ.

 

**

شەپۆلی بنەوە

خۆ گەر موسوڵمانان خوازیاری ئەوە بن کەوا ڕووبەڕووی هەریەک لە نەخۆشیەکانی نەزانی، هەژاری، دووبەرەکی، گەندەڵی، بێ ئەخلاقی، داگیرکاری ببنەوە، گەر بیانەوێت لە تەواوی ئەو زوڵم و زۆر و داگیرکاریەی پێوەی گیرۆدەبوون ڕزگاریان ببێت، لە هەمان کاتدا چاکسازیەکی جددیش ئەنجام بدەن، بێ هیچ گومانێک پێویست بەوە دەکات لە بنەوەڕا دەست بەم کارەیان بکەن. تەواوی ئەو کێشانەی بوونیان هەیە، لەلایەن نەوەیەکەوە چارەسەر دەکرێن، کەوا بە هەستی ڕێزگرتن لە مرۆڤەکان، فکری دادپەروەری، هزری خۆشەویستی و لێبوردەییەوە پەروەردە کراون. هەتا نەوەیەکی ناوازەی لەم شێوەیە پەروەردە نەکرێت کەوا خاوەنی ئەم مەفکورە باڵایە بن، زۆر ئەستەمە هەنگاوی دروست هەڵبگیردرێت.

هەر بزاڤێک کەوا لە بناغەوە پلانڕێژی بۆ نەکرابێت و بە گوێرەی ئەقڵی دەستەجەمعی ملی ڕێگەی نەگرتبێت، تەواوبوونی بە نسکۆ لە چارەنوسیدایە. گەر گرێکوێرەی کێشە سەرەکیەکە لە مرۆڤدا بکرێتەوە و، کردنەوەی ئەم گرێکوێرەیەش تەنیا لە بەدەمەوە چوونی نەوەی نوێدا خۆی ببینێتەوە، ئەو شوێنەی کەوا پێویستە خۆمانی تێدا چڕ و سەرقاڵ بکەین هەر ئێرەیە.

هێنانەدی سەقامگیری، وابەستەی نەوەیەکە کەوا خۆیان پابەندی سەقامگیری کردبێت. زیندووکردنەوە، لە ڕێگەی مەردەکانی زیندووکردنەوەوە دێتە دێ. بۆ بونیادنانی تێڕوانینێکی ورد بۆ حەق و دادپەروەری، واتە هێندەی ئەوەی تاڵە موویەک بکەیت بە چل پارچەوە وردبیت، وابەستەی هەبوونی ڕۆحگەلێکە کەوا خۆیان بۆ بیرۆکەیەکی باڵا تەرخان کردبێت. گەر گەردیلە و ئاوێتەکانی ناو کۆمەڵگایەک لە تاکگەلێکی وەک هاوەڵانی سەردارمان پێکهاتبێت، ئەو کۆمەڵگایە وەک کۆمەڵگای هاوەڵانی لێدێت.

**

بزاڤێکی بێ توندوتیژیی و خۆڕاگر

بە داخەوە لە زۆرێک لە وڵاتەکانی دونیادا، ئەوانەی سەری کارەکانیان بە دەستەوەیە، خۆیان وەک چینی سەری سەرەوەی سیستەمی کاست دەبینن، خەڵکی خوار خۆیشیان وەک گیانەوەر دێتە پێش چاو. بە گوێرەی ئەو هێز و دەسەڵاتەی هەیانە، بانگەشەی لەسەر حەق بوونی خۆیان دەکەن. قورئانی کەریم بەم شێوەیە پێناسەی فیرعەون و قەومەکەیمان بۆ دەکات:

فَاسْتَخَفَّ قَوْمَهُ فَأَطَاعُوهُ

واتە ئەو سوکایەتی بە گەلەکەی خۆی کرد و ئەوانیش گوێڕایەڵییان کرد.

کەواتە فیرعەون ئەوەی بە گەلەکەی قبوڵ کردبوو، کە ئەوان مرۆڤگەلێکی سووک و کەم ئەرزشن. ئەگەر کۆمەڵگایەک دەستی کردبێت بەوەی لە نێو گرێکوێرەیەکی لەو شێوەیەدا بژی، بەردەوام سەیری ناو چاوانی ئەو مرۆڤانە دەکەن، کە وەک پیک خۆیان بەسەر سەریاندا دەماڵن.

لە ڕاستیشدا، لە نێو سرشتی مرۆڤەکاندا هەمیشە هەستێکی وەها بەرامبەر ئەو کەسانە بوونی هەبووە، کە هێز و دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و خەڵکیان بەڕێوە بردووە. گەر ئەوانەی چینی سەرەوە توانییان موزایەدە بەسەر ئەم هەستەی خەڵکەکەیانەوە بکەن، ئیدی بە کەیفی خۆیان دێن و، سوار سەری هەموویان دەبن و، هەرچیەکیان بوێت بە خەڵکی ئەنجام دەدەن. بەڵام لە نێو ئەو مرۆڤانەی چەوسێندراونەتەوە و لەلایەن کاربەدەستەکانیانەوە دۆشراون، دەشێت بە تێپەڕینی کات کاردانەوە و چڕبوونەوەی میتافیزیکی بێتە ئاراوە. بەڵام لێرەشدا، بابەتی ئەوەی ڕێگری لە زوڵم و ناحەقی بکرێت، بەرەنگاریی فشار و زۆرداری بکرێت و، ئەم هەستە لە شوێنی خۆیدا بەکاربهێنرێت و بە ئاڕاستەیەکی دروستدا ببردرێت، خاڵێکی زۆر گرنگە. دەبێت لەم کاتەشدا ڕێگە بە کەسانێک نەدرێت، وەبەرهێنان بەسەر ئەم وزە ئەرێنیەوە بکەن، کەوا لە نێو هەموو خەڵکدا هاتۆتە ئاراوە.

گەر بە ناوی حەق و دادپەروەرییەوە ڕێگەیەک بگیرێتە بەر، ئەو هەنگاوانەی لە پێش ئەم کارەدا هەڵدەگیرێن، پێویستە بە پلانڕێژییەی زۆر جددیەوە بەسترابێتەوە. گەر تەنیا بە تێبینی تۆڵە سەندنەوە، شەڕکردن، شکاندن و وێرانکردنی دەوروبەر خەڵکی بڕژێنە سەر شەقامەکان، زۆرینەی کات بە پێچەوانەی ئەو ئامانجەی هەیانە، شەپازلە دەخۆن. گەر هەموو شتێک بە باشی بیری لێنەکرێتەوە و پلانڕێژی بۆ نەکرابێت و تەنیا بە لادانی یەکێک لە تاغوتەکانەوە بەسترابێتەوە، کارەکان ئەنجامی نابێت. ئیدی لەم کاتەدا، لە جیاتی ئەو تاغوتەی لە ئێستادا هەیە، تاغوت و ملهوڕێکی تر دێتە کایەوە. چونکە ئەمانە هەر لە مێژەوە ئەو میراتبەرانەیان ئامادە کردووە، کەوا دوای خۆیان دێنە سەر دەسەڵات.

کاتێک ڕێگایەکیش گیرایە بەر، زۆر گرنگە کەوا خۆڕاگر بیت و سازش لەسەر تەکان نەکەیت. گەر بە گوێرەی دیسپلینێکی دیاریکراو بزاڤێک دەستی بە کارەکانی کردبێت، پێویستە هەتا کۆتایی ڕێگاکە بە ڕێکوپێکی لەسەر دیسپلینەکانی خۆیان بەردەوام ببن. گەر لە سەرەتاوە وەها دەربکەون کە خۆڕاگر بن، دواتر دەست بکەن بە دانوستان و پاشەکشە بکەن، ئەوا لە کارەکانتاندا سەرکەوتوو نابن. ئیدی ئەو مرۆڤانەی کەوا چاویان لەسەر ئێوەیە و هەنگاوەکانیان بە گوێرەی بڕیارەکانی ئێوە هەڵدەگرن، لەم کاتەدا توشی سەرلێتێکچوونی فکری دەکەن. لە شوێنێکی وەهادا لادانی فکری دروست دەبێت، دوودڵی دێتە بەریانەوە. ئیدی بزاڤێک کەوا بە ناوی دیموکراسی، ئازادی، دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ ملی ڕێگەی گرتووە، سەرئەنجامەکەی نسکۆ دەبێت. لەم ڕوانگەیەشەوە پێویستە هەر لە سەرەتاوە بیر لە تەواوی ئەم ئەگەرانە بکرێتەوە، یان ئەوەتا هەر دەست نەکرێت بە ماجەرایەکی لەو شێوەیە، یان گەر دەستت پێکر، ڕێگە نەدەیت بەوەی بە ئابڕووچوون کۆتایی پێبێت. هەروەها بنەمایەکی تریش کەوا دەبێت بە شێوەیەکی ڕەها لەبەرچاو بگیردرێت، بریتیە لە دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی. گەر ئەو مرۆڤانەی دەڕژێنە سەر شەقامەکان بێ ئەوەی بەرد بگرنە ئەم و ئەو، بێ ئەوەی سەری کەس بریندار بکەن، بێ ئەوەی زیان بە ماڵ و موڵکی کەس بگەیەنن، تەنیا داکۆکیەکی پاسیڤانەیان ئەنجام بدایە و بایکۆتی زوڵم و ناحەقیەکانیان بکردایە، دەیانتوانی ئەنجامێک بەدەست بهێنن. بیر کردنەوە لە خوێن و ڕشتنی، ناتوانێت بە هیچ شوێنێک بگات. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە ڕەفتارانە بە تێپەڕینی کات، بەرەو نەفرەت و کینە وەردەچەرخێن و، وەک میرات بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێدەمێنن.هەربۆیە بێ ئەوەی خوێن بڕژرێت، چواردەوری خۆت بڕوخێنیت و وێرانی بکەیت، بێ ئەوەی بەرەی جیاواز پێکبهێنیت، پێویستە بە نەرمونیانی هەوڵی چارەسەری کێشەکان بدەیت.

وەک لای هەموو کەسێک ئاشکرایە، غاندی لە ڕێگەی ئەو بەرەنگاربوونەوە پاسیڤەی بەرامبەر ئینگلیزەکان دەستی پێکرد، سەربەخۆیی بۆ وڵاتێکی گەورە گران دەستەبەر کرد. ئەگەرچی تەمەنی لە زیندانەکاندا سەرف کردووە، لە نێو بێ بەشیدا ژیانی بەسەر بردووە، هەرگیز لە سادەیی و بێگەردی جودا نەبووەتەوە، بەڵام سەرئەنجام سەرکەوتوو بوو لەوەی گەلەکەی لە چواردەوری بیرۆکەیەکی باڵا کۆ بکاتەوە.

هەتا ئەو کاتەی تەواوی ئەم کارانە جێبەجێ نەکرێت، تەنیا لە ڕێگەی هەستان لە دژی ملهوڕەکەی سەرەوە، کێشەکان چارەسەر ناکرێن.

لە ڕاستیشدا، پێکدادان و بەرەنگاربوونەوەی یەکتری، هێز و دەسەڵاتەکان پارچە پارچە دەکات و کاریگەرییان ناهێڵێت. ئەمیان کاری ئەوی تریان دەڕوخێنێت و بەرامبەرەکەشی هەمان کاری ئەو ئەنجام دەداتەوە.

**

هەنگاو هەڵگرتن لە ڕوانگەی بەسیرەت و دووربینییەوە

 

لێرەدا لەوە دەچێت وەبیرهێنانەوەی ئەم خاڵە سوودی خۆی هەبێت:

هەتا ئێستا زۆرێک لە وڵاتە زۆردارە زلهێزەکان، هەندێک وڵاتیان لە ڕێگەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ داگیرکردووە و بەتاڵانیان بردووە. کاتێک لە نێو میلەتدا چڕبوونەوەیەکی میتافیزیکی لە دژی ئەوان سەری هەڵداوە، یەکسەر کەسانێکی بە ڕواڵەت قارەمانیان لە نێو ئەواندا دۆزیوەتەوە و پێش ئەو خەڵکەیان خستووە، ئەو وزە ئەرێنیەی لە نێو خەڵکەکەدا دروست بووە، ئاڕاستەی ئەو کەسەیان کردووە. واتە سەرەتا خەڵکەکەیان داگیرکردووە و سوار سەریان بوون، کاتێکیش خەڵک گیانیان هاتۆتە بینەقاقایان و ئەگەری بەرخودان لە نێویاندا سەری هەڵداوە، بە گوێرەی ئەم حاڵە نوێیەش ستراتیژی خۆیان گۆڕیوە و، ئەو چڕبوونەوەی لە نێو خەڵکدا هاتۆتە بەریانەوە، دیسان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە. ئەم کارەشیان لە پێناو ئەوەدا بووە، لە نێو خەڵکدا پێکهاتەیەک دروست نەبێت کەوا ڕەگی بە ڕۆح و واتاکانی خودی خەڵکدا داکوتابێت. لەم ڕوانگەیەشەوە، لە بابەتی هەندێک لەو ڕووداوانەی لە شوێنە جیاوازەکانی دونیای ئیسلام ڕوودەدەن، پێویستە هەردەم ئەگەری هەبوونی دەستێکی جیاواز لە پشتیانەوە، نادیدە نەگرین. دەشێت هەموو کاتێک کەسانێک هەبن، پیلانی ئەوەیان هەبێت، کەوا فیرعەونێکی کۆنی پاتاڵ توڕبدەن و، یەکێکی تازە لە شوێنی دابنێن. هەتا لەم ڕێگەیەوە ماوەیەکی درێژتر میلەت ئیدارە بکەن و جارێکی تر فریویان بدەنەوە. لەوە دەچێت ئەم جۆرە کەسانەش لە دەستیاندا پانکارت و لافیتەگەلێکیان هەڵگرتبێت، کەوا چەمکەکانی دیموکراسی، دادپەروەری، ئازادی، مافەکانی مرۆڤیشی لەسەر نوسرابێت. بەڵام نیەتی ڕاستەقینەیان جیاوازە. لەم ڕوانگەیەوە کەسانی ئیماندار، بۆ ئەوەی نەکەونە ناو ئەم جۆرە گەمانەوە، ئەو وزەیەی هەیانە بە شێوەیەکی بێ هودە بە خەرجی نەدەن، پێویستە زۆر بە حەزەرەوە مامەڵە بکەن و خاوەن تەگبیر بن، لە ڕوانگەی بەسیرەت و دووربینیەوە هەنگاوەکانیان هەڵبگرن.

گەر هەمان شت دووبارە بکەینەوە، بە کەڵکترین شوێن بۆ ئەوەی ئەو وزەیەی هەیە تێیدا خەرج بکەیت، بریتیە لەوەی لە بناغەوە دەست بە کارەکانت بکەیت، مرۆڤێکی نوێ و نەوەیەکی نوێ بونیاد بنێیت. ئەو هێز و وزەیەی هەمانە لە بونیادنانی پەیکەرەی ڕۆحماندا بەکاریبهێنین و بە فیڕۆی نەدەین. مەگەرنا بە دەست تێوەردانی جۆراوجۆر، بە دەست تێوەردانی جۆراوجۆر، بە فرتوفێڵی جیاواز، ئەو ئارەزووی زندووبوونەوەیە و چڕبوونەوە میتافیزیکیەی لە ڕۆحی گەلدا دروست بووە، بە فیڕۆ دەدەیت. تەنانەت گەر بە شیوەیەکی کاتی کۆمەڵێک سەرکەوتنیش بەدەست بهێنین، ئەمانە هیچیان هەتا سەر نابن. هەتا ئەو کاتەی بناغەیەکی دروست لێنەدرێت، تەختبوونی ئەو بینایەی دروستکراوە بە زەوی، لە ئەگەرە هەرە بەهێزەکانە.

**

هەیەجانێک کەوا لە ڕێگەی پێودانگەکانی دینەوە دیسپلین کراوە

بابەتی ئەوەی لە کۆمەڵگایەکدا کۆتایی بە دەستەوسانییان بهێنیت و هەیەجانێکی زۆر جددی لە نێویاندا بهێنیتە بەریانەوە، کارێکی زۆر گرنگە. جەنابی حەق لە ڕێگەی ئەو یاسایانەی کەوا لە گەردوندا دایناوە، هەموو شتێکی خستۆتە ناو حاڵەتی جوڵەوە، بەردەوامی و درێژەپێدانی بوونی شتەکانی بە جوڵەوە بەستۆتەوە. لە هەموو شتێکدا شێوازێک لە جوڵە، گۆڕان، وەرچەرخان، پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون بوونی هەیە. تەنانەت ئەو زەریا و دەریایانەی لە سەرەتاوە وەها دێنە پێش چاوی مرۆڤ کەوا وەستاون، لە ڕاستیدا لە حاڵەتی جوڵەدان. ئاوەکەی ناوی دەبێتە هەڵم و، دواتر وەک باران دەبارێتەوە سەر زەوی و، دواتر لە ڕێچکە جیاوازەکانەوە خۆیان کۆ دەکەنەوە و دەڕژێنەوە ناو دەریاکان. واتە خولانەوەیەکی بەردەوام لەم نێوەندەدا جیگەی باسە.

جەنابی حەق لە ڕێە زمانی گەردونەوە شتێک بە ئێمە دەڵێت:

نابێت هیچ شتێک مەحکومی دەستەوسانی و وەستان بکرێت. پێویستە هەموو شتێک لە جوڵەدا بێت و بەردەوام لە ڕێگەی هەنگاوی نوێ نوێوە لە بەرەوپێشچووندا بێت.

بابەتی ئەو بەهایانەی تایبەتن بە کەسانی ئیماندار و، فەراهەمکردنی ئەوەی بەوپەڕی تازەیی خۆیانەوە لە قوڵایی ڕۆحیاندا هەستی پێبکەن، شرینقەی مەفکورەی بەرزکردنەوەی وشەی الله یان لێبدەیت و بەم ئاڕاستەیە بیانخەیتە ناو چڕبوونەوەیەکی میتافیزیکی زۆر جددی، زۆر گرنگە.

بەڵام هەرچیەک بێت، پێویستە هەموو جوڵە و هەیەجانێکیشمان لە ڕوانگەی ڕێساکانی قورئان و سونەتەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت. وەک چۆن بێ هەیەجانی و بێ جوڵەیی کارەسات بە دوای خۆیدا دەهێنێت، هەیەجانێکیش کەوا بە گوێرەی ڕێساکانی دین کۆنتڕۆڵ نەکرابێت، کارەساتێکی جیاوازتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

پێویستە لە ڕۆحماندا، ئەو هەیەجانەی لە ڕوانگەی ڕۆحی ئیمان و ئیسلام و ئیحسانەوە فەراهەم دەبێت، بە شێوەیەکی زۆر ئاقڵانە بهێنینە ئاراوە. مەگەرنا ئەو هەیەجانە سەرشێتانانەی کەوا کۆنتڕۆڵ نەکراون، کارەسات و تیاچوون بە دوای خۆیاندا دەهێنن. لە شوێنێکدا کەوا پارسەنگی هێز بوونی نیە، بابەتی ئەوەی هەموو کەسێک لە شوێنی خۆیەوە جەنگ ڕابگەیەنێت و، هەندێک لە ڕێگەی خۆ تەقاندنەوە بە بۆمب دەستیان بچێتە گیانی کەسانی بێ گوناح، خەڵکان بڕژێنە سەر شەقامەکان و لە ڕێگەی توندوتیژیەوە هەڕەشە لە پارێزراوی ماڵ و گیانی خەڵک بکەن، هیچ سوودێکی بۆ کەس تێدا نیە. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە کارانە سەبارەت بە موسوڵمانان زۆر هزری نەرێنی و، تەنانەت هزری پارانۆیی دروست دەکەن.

بە تایبەت لە دونیای ئەمڕۆدا، کەوا چەکی زۆر تۆقێنەر داهێنراوە و بەرەو شوێنێکی زۆر مەترسیدار دەڕۆین، پیویستە لە هەموو وتە و کردارێک خۆمان بە دوور بگرین کەوا نەفرەت و کینەی مرۆڤەکان دەبزوێنێت. گەر لە ڕێگەی ڕەفتاری بێ ئەندازە و بێ پێودانگەوە توڕەیی مرۆڤەکان ببزوێنرێت، ئاگری دوژمنایەتیەکان خۆش بکرێن، ئەمە دەبێتە هۆی تیاچوونی مرۆڤایەتی و هەموو دونیاش. هەربۆیە ئەم بابەتە بەرگەی ئەوە ناگرێت زێدەڕەوی، ڕێچکەشکێنی(ڕادیکالیزم)، حەماسەت و پێکدادانی تێدا ئەنجام بدەیت. زیانی ئەم جۆرە کارانە لە پێش هەمو کەسێکدا بە دونیای ئیسلام دەگات.

**

دروستکردنی پڕۆژەی ئەڵتەرنەتیڤ

لە سەردەمی ئەمڕۆماندا کەوا 50 جۆر گوێئاگردانی فیتنە قوڵپە قوڵپیان دێت، گەر ئێوە تەنانەت ساغترین ڕێگەشتان گرتبێتە بەر، دیسان گەشتنتان بەو ئامانجەی هەتانە کارێکی زۆر سەختە. هەربۆیە لە پێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە خەیاڵییەی(غایەی خەیاڵ) هەتانە، پێویستە بەوە دەکات زۆر پڕۆژەی ئەڵتەرنەتیڤ دروست بکەن. وەک چۆن لە پێکهاتەی ئەنەتۆمی لەشی مرۆڤدا، دەماری ئەڵتەرنەتیڤ بوونی هەیە، پێویستە ئێوەش ڕێگەی ئیحتیات و دەماری ستراتیژی یەدەکتان هەبێت. کاتێک لە ڕێگە دەڕۆن و شێوازێک لە گیرخواردن بەدی دەکەن، پێویستە دەستبەجێ لەولاوە ستراتیژێکی تر بخەنە گەڕ.

سۆفیەکان دەڵێن: ئەو ڕێگایانەی بەرەو الله دەڕۆن هێندەی هەناسەی هەموو بوونەوەرەکانە. هەربۆیە ئەو کاتەی بەرەو ئەو ئامانجە مەزن و باڵایە دەڕۆن کەوا کۆسپی نێوان دڵی مرۆڤەکان و الله هەڵبگرن و، ڕۆشتنی هەموو دڵەکان بەرەو ئەو فەراهەم بکەن، پێویستە ڕێگەی زۆر جیاواز بەکاربهێنن. پێویستە هەموو کاتێک ئەوە لەبەرچاو بگرن کە دەشێت گیرخواردن لە شوێنێکدا بێتە سەر ڕێگاتان و، ڕێگە ئەڵتەرنەتیڤەکانتان ئامادە کردبێت. بەم هۆیەشەوە لە پاڵ ئیمانێکی ساغ و داوەرێکی ژیری بەهێز و شعورێکی دەستەجەمعی زۆر جددیش، وەخستنەگەڕی ستراتیژی زۆر جیاوازیش، کارێکی زۆر گرنگە.

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *