زمانی دڵ و شێوەزاری حاڵ   (بەشی دووهەم)

 

مەردەکانی دڵ، هەمیشە بە دوای ئەوەوەن بەهای راستەقینە، دەست وتەکان بخەنەوە. ئەوان داوەکانیان هەڵدەدەن و، هەوڵی ڕاوکردنی ئەو ئیحساس و کرکۆکی واتایانە دەدەن کەوا لە دڵیانەوە قوڵپەی دێت، بە ڕووی ئەو تێبینیانەشدا داخراون کەوا لە میکانیزمی ویژدانیانەوە ڤیزەیان وەرنەگرتووە. هەر دەنگ -هەناسەیەک کەوا لە دڵیانەوە هەڵنەقوڵابێت، تەنانەت گەر نەغمە و ئاوازی بولبولیش بێت، لە قوڵاییەکی جیاوازی ناخیاندا بۆ لەبیرچوونەوە جێیدەهێڵن و، لە بەرامبەر ئەگەری ئەو جۆرە تێبینیانەدا بەردەوام لە بێدەنگی چاودێریکرندا دەژین.

هەرشتێک کەوا دڵنیابن لەوەی لە نێو دڵیانەوە فیشقەی کردووە، هەروەها ئەو چەمکانەی بە تێبینی وابەستەیی بە حەقەوە هێناویانەتە سەرزاریان، تەنانەت گەر لە ڕوانگەی ڕوکەشی ئەقڵەوە وەک ژەهریش وەهابن، بەسەر شتانێکی کەوسەرئاسا پێش دەخەن کەوا لە زمانی دڵیانەوە نەهاتبێتە دەرەوە و، بە شێوەزاری حاڵیان ڕەنگیان نەکردبێت. هەڵیدەبژێرن، چونکە ئەوان بە دوای ئاسودەیی نەفسانی و جسمانی خۆیانەوە نین، گەر لەسەر ئەو ڕێگایەی بە تێبینی دونیاکەیانەوە بەسەریدا دەڕۆن، هەزاران مەغدوریەت و بێبەشبوون جێگەی باسیش بێت، ئەوان هەردەم بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەڕۆن کە دەرزی دڵیان پشانی دەدات و، گەر پێویستی کرد، ئامادەن بە تەواوی خۆیان لەبیر بکەن، تەنانەت ئامادەی ئەوەشن بە درێژایی تەمەنیان لەیاد بکرێن. نە بە دوای ناو و نیشان، نە شان و شۆرەت، نە بە دوای سەروەت و سامانەوەن.

تەنانەت گەر بە شێوەیەکی بەردەوام بێ وەفایی ببینن بەرامبەر ئەوەی دەیکەن و ئەنجامی دەدەن، یاخود هەمیشە توشی بێ بەشی ببن، نە بە هەندی وەردەگرن، نە دڵیان زویر دەبێت و نە کەسیش بە بێ وەفایی تاوانبار دەکەن. هەڵسوکەوتێکی لەم شێوەیەش، وەک داخوازی ئیمانەکەیان و، تایبەتمەندی ئەو ڕێگایەی لەسەری دەڕۆن ئەژمار دەکەن و، هەر شتێکی نەرێنی کەوا ڕووبەڕووی دەبنەوە، “خوا کەریمە”یەکی بۆ دەڵێن و سەیری ئەوە دەکەن لەسەر شاڕێگەی پێغەمبەران بەردەوامی بە ڕۆشتنی خۆیان بدەن.

 بە درێژایی مێژوو، تەواوی خوێندکارەکانی قورئان بەم شێوەیە بیریان کردۆتەوە، لەم گوزەرەوە ملی ڕێگەیان گرتووە. ڕێبوارانی دوێنێ و ئەمڕۆی ئەو شاڕێگا نورانیە، سوێندی ئەوەیان خواردووە ببنە شوێنکەوتەی ڕابەری ئە ڕێگە بێ کۆتاییە و، هەمیشە هەر هەناسەی خۆشەویستیان داوە و، هەردەم عەشق و خۆشەویستیانی بۆ کەسانی تر وتووەتەوە و، هەموو کەسیان بە هەستی برایەتیەوە لە ئامیز گرتووە – بە دەربڕینەکەی ئوستاد بەدیعوزەمان- لە ڕوانگەی “بێشکەی برایەتیەوە” سەیری گەردونیان کردووە، کاتێک قسەیان کردووە بە زمانی دڵیان قسەیان کردووە، بە شێوەزاری حاڵیشیان قسەکانیان ڕەنگاوڕەنگ کردووە، گەشتوونەتە ئەو خاڵەی کەسانی فانی لە باقی جیا دەکاتەوە، بە هەست و هەیەجانەکانیانەوە هەمیشە تابلۆیەکی جیاوازییان کێشاوە.

ئەمانە کەسانێکن، لە بچوکترین ئاماژەی چواردەوریانەوە، هەست بە ڕۆح و واتای تەواوی بوون دەکەن و، ئەوەی هەستیشی پێدەکەن، بە ئاماژەکانی سەر دەموچاویان و واتاکانی ناو چاوەکانیان شکڵی پێدەدەن، ڕازە قوڵەکانی ناو بوون، بە درکپێبردنی لەدوونی خۆیان درک پێدەبەن و، ئەو واتایانەی بە لێزمە و شەستە بەسەر ترۆپکەکانی دڵیاندا قوڵپ دەبێتەوە، وەک خوانێکی ئاسمانی پێشوازی لێدەکەن، هەوڵ دەدەن بە هەموو کەسێکی تریشی تام بکەن. دۆڵ بە دۆڵ دەگەڕێن و، بە دوای ئەو سینانەدا دەگەڕێن کە جوانیەکانی شکۆفەکردووی ئیمانەکەیانیان پێشکەش بکەن. ئیدی هەر ڕۆحێکی ئامادە دەدۆزنەوە، لەوێدا جەژنێک دەگێڕن و، لەم هەستانەشیان هەتا بڵێیت مەعسوم، لە بەرامبەر گەورەترین سەرکەوتنەکانیشیاندا بێ بانگەشە و، لە بەرامبەر هەموو چاوەڕوانییەکیش داخراون، بەڵام هەردەم پڕ نەشە و لێوان لێو لە تامەزرۆیین.

شەو-ڕۆژ هەردەم بە دوای ڕازێکەوەن. بەشکردنی ئەم ڕازەش لەگەڵ کەسانی تردا، گەورەترین هیوایەتی ئەوانە. ئەوەی لە دڵیانەوە هەستی پێدەکەن، هەوڵ دەدەن لە دڵەکانی تردا هەیەجانی پێ بهێننە ئاراوە. بۆ سینەگەلێکیش کەوا ئاشنایەتی لەگەڵیان هەیە، بەستەی بێ گوفتەی وەها لە هەست-هزر، دەنگ- وتە پێشکەش دەکەن، کە هێشتا مورەکەبی چاپخانەکان نەیانبینیوە.

هەمیشە بە هەیەجانی ئەو کارەی ئەنجامی دەدەن لە هەناسەبڕکێدان، نە توشی بێ هیوایی و خەفەت، نە توشی دوودڵی و دڵشکان دەبن.  قوم لە تام و  چێژی هیوا و بزاوتەکانیان دەدەن لەو کارانەی ئەنجامی دەدەن، لە هیچ شوێنێکی تریش بە دوای پاداشتی کارەکانیاندا ناگەڕێن، وەک ئەوەی دڵنەزان و ڕۆحنەزانەکان بە دوایدا دەگەڕێن.

پاشان ئەو ڕۆح و واتایەی لە دڵەکانیاندا هەوێنیان گرتۆتەوە پێشکەشی دەکەن. پێشکەشی دەکەن ئەو ماریفەت و خۆشەویستیەی کەوا تێرخورادن لە چێژەکەی بوونی نیە. هەرکەسێک کەوا پێش داوەری نەبێت بۆیان، خۆی پێناگیرێت لەبەردەم ئەم دەنگە ئەفسوناویەی ئەوان، کە چەشنی تاڤگەی کرانەوە بەرەو دامێنی قەدپاڵەکانی دڵیان خوڕەی دێت و دەڕوات. کەس ڕزگاری نابێت لەم هێزە ڕاکێشەرە لەدوننیە، کەوا بە سینەی مرۆڤەکاندا دەکێشێت و لە ناخیاندا دەنگ دەداتەوە.

وتە و ڕوونکردنەوەکانی ئەم دڵە کاریگەرانە کەوا وەک ئاوێنەی دەربڕینەکانی سەرو ئاسمانەکان ئەژمار دەکرێن، هیچ کەسێک ناتوانێت لە بەردەمی بێ پەروا بمێنێتەوە. ئەگەرچی یەکسەر کاریگەریەکەشی نەبینین، ئەم تیمسالی وتانە کەوا لە دڵیانەوە فیشقەی کردووە و لە حاڵیشیاندا شێوەزارێکی جیاوازی وەرگرتووە، گەر ئەمڕۆش نەبێت سبەینێ، هەر کاریگەری لەسەر ئەو دڵانە دادەنێت کەوا بە ڕوویاندا کراوەن و، سیستەمی ویژدانیان بە تەواوی قوڵایی خۆیەوە لە ژێر کاریگەرییان دەمێنێتەوە. پاشان ئەم داهاتەی ئەوان کە ڕۆژێک وەک دەستکەوتی نەست و ژێر شعوری لێدێت، تەنانەت گەر بە بانگهێشتێکی زۆر بچوکیش بێت، بۆیەی خۆی تەنانەت لە دوورترین ڕۆحەکانیش دەپرژێنێت.

بەڵێ، نە ئەو وتانەی لەمڕۆدا بە زمانی دڵ دەوترێن، نە ئەو ڕوونکردنەوانەی(بیان) لە ڕێگەی شێوەزاری حاڵەوە دەوترێنەوە، هەرگیز بە فیڕۆ ناچێت. هزرەکانی ئێستا هەریەک لەوان لەسەر دیسکێک تۆمار دەکات و، شعور هەڵسەنگاندیان بۆ دەکات، لۆجیک و داوەری ژیری بەخێوی دەکەن و گەورەی دەکەن، پاشان لە قاڵب و شکڵی نوێدا جێگەیان دەکاتەوە و، ئەوان ئەمانەتی دەستی “کاتی دیاریکراو” ی خۆیان دەکات.

کاتێک وەرزی خۆیشیان دێت، ئەو وتە و حاڵە ئەفسوناویانەی دڵ، کەوا جێپەنجەیان لەسەر ڕۆحەکان ناسڕێتەوە، کێ چوزانێت چۆن جوانیگەلێکی نەبینراو و نەبیستراوی لێدەکەوێتەوە!

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *