زمانی دڵ و شێوەزاری حاڵ

بەیان[1] گەر وەک کلیلێک وەها بێت، ناوی ئەو دونیا ڕۆشنەی لە ڕێگەی ئەو کلیلەوە دەکرێتەوە، دڵ دەبێت. نرخی هەموو وتەیەک، بە ڕادەی پەیوەندی ئەو وتەیە لەگەڵ دڵدا دەبێت. بە ڕای من ئەوەی لە ڕێگەی دەم و زمانەوە گوزارشتی لێدەکرێت، تەنیا گوزارشت لە سێبەرێکی وتەکانی ناو دڵ دەکەن. هەرچیەک بێت، زمانی دڵ کە وەک جێپەنجەی کەلامی جەنابی حەقە، تەنیا ئەوانەی بە ڕووی ئەودا کراوەن و هەست بەو هەناسانە دەکەن کەوا لەوەوە بەرز دەبنەوە، لێی تێدەگەن. لۆجیک، داوەری ژیری، شێواز و ڕەچاوکردنی یاساکانی واتا، توخمە گرنگەکانی جەوهەری وتەن… هەریەک لە حەقیقەت، مەجاز، لێکچواندن، خواستن، ئیدیۆم، وەک ڕەنگ و بۆو، ڕووتەخت و شێوەزاری وتەن و، بنەماگەلێکی گرنگن کەوا قوڵایی بە وتە دەبەخشن. پاشان هەریەک لە ڕەگەزدۆزی، سەجع، تێهەڵکێش کە وەک هونەری ڕازاندنەوە و خۆشەویستکردنی وتەن و بە جوانکاری زارەکی(محسنات اللفظیة) ناو دەبرێن، لەگەڵ  توریة[2]، دژیەک، المقابلة[3]، جوانی بایس، کە بە جوانکاری مەعنەوی ناو دەبرێن، وتەکان ڕەنگاوڕەنگ دەکەن و، گومان نیە لەوەی قوڵاییەکی داهێنەرانەیان پێدەبەخشن.

هەرچیەک بێت، ئەوەی لە بناغەوە وتەیەک دەکات بە وتە، پەیوەندیەتی لەگەڵ دڵدا و، بریتیە لەوەی هەتا چەندە دەنگ-هەناسەی هەستەکانی ناو ناخی مرۆڤە.

لە ڕوانگەی ئەوەی وتەکان وەک قاڵبی واتاکانن، دەشێت هەریەک لە “المعانی”، “بیان”، “بدیع”- ئەگەرچی دەشێت لە ئێستادا وەک بێگانەمان لێهاتبێت بەرامبەر ئەمانە- ڕەچاوکردنی یاسا و ڕێساکانیان هەتا ڕادەیەکی زۆر گرنگ بن؛ بەڵام بابەتی ئەوەی دەوڵەمەندی و ناوازەیی ڕاستەقینەی وتەکان، “پەیوەندی ڕاستەوانەیان” لەگەڵ هاتنە دەرەوەی ئەو وتانە لە دڵ و ڕۆحەوە هەیە، ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە.

بەڵام تەنیا ئەو دڵانەی چەشنی ئەوەی بە ڕمی هەیەجانێکی سەرچاوەگرتوو لە ئیمانەوە  لە ژێی دڵیان درابێت دەناڵێنن، کاریگەری لەسەر گوێگرەکانیان دادەنێن و دەبنە هۆی دروست بوونی عەشق و خۆشەویستی.

بە پێچەوانەوە تەواوی ئەو وتە و بەیانانەی، نەبوونەتە بەشێک لە ماڵی ویژدان، بە زمانی دڵ گوزارشتیان لێنەکراوە، بە شێوەزاری حاڵ ڕەنگ نەکراون، هەرچەندە بە بریق و باقیش بن، ناتوانن کاریگەری بەردەوام لەسەر ڕۆحەکان دابنێنن. مرۆڤ پێویستە هەموو کاتێک دونیای ناخی ئاوەدان بێت و، چەشنی پەرستگاکان بریسکە و بریقەی بێت، بە ڕووی عەرشی ڕەحمەتی ئەودا کراوە بێت و بە هەیەجانی پەیوەندی بەستن لەگەڵ ئەودا بێت، هەتا ئەو واتا و کرۆکەی گوزارشتی لێدەکات، لە چواردەورەکەیدا کاریگەریەکی قوڵ و بەردەوام دابنێت. کەسانێک کەوا چاوی دڵیان داخراوە و، ڕۆحیان لە ژێر فشاری لاشە و هەڵپە جسمانیەکانیاندایە، شتێکی ئەوتۆیان پێ نیە کەوا بە چواردەورەکەیان بڵێن و بیکەن. کەسانێک کەوا لە هەموو قۆناغێکی ژیانیاندا وەک ئەوەی “ئەو” ببینن هەڵسوکەوت دەکەن، بە تێبینی ئەوەی لەلایەن ئەویشەوە دەبینرێن هەڵدەستن و دادەنیشن  – وەک لە قورئانی کەریمیشدا ئاماژەی پێکراوە- ئەو کەسانەی لە هەر شوێنێکدا دەبن باببن، هەمیشە وەک ئەوەی “ئەو” لەبەردەمیاندا ئامادە و چاودێر بێت هەناسە دەدەن و، سیماگەلێکی درەخشانن کەوا الله بە بیری چواردەورەکەیان دەهێننەوە، هەموو کاتێک هێندەی ئەوەی باوەڕیان هەبووە باوەڕپێهێنەریشن و، هێندەی ئەوەی هەستیان بە حەقیقەتەکان و “حەقیقەتی حەقیقەتەکانیش” کردووە، بە چواردەوری خۆیشیان گەیاندووە و، هەردەم لە سینەکاندا وەک دەنگ و سەدایەک زوڵاڵ وەهابوون کە دەنگی داوەتەوە.

کەسێکیش کەوا بێ ئاگایە لە کرۆکی خۆی، بێگانەیە بەرامبەر قوڵاییەکانی چیەتی خۆی، لە بابەتی پەیوەندی لەگەڵ جەنابی حەقدا لە دوای دواوە خەریکی هەستان و دانیشتن بێت، تەنانەت گەر وەک بولبول بچریکێنێت و، شتانێکی داستان ئاسا پێشکەشی چواردەورەکەشی بکات، هەرگیز ناچێتە هیچ کام لە دڵەکانەوە و لەسەر هیچ کەسێکیش کاریگەری دانانێت.

دەشێت زۆر جوان قسە بکات و، لە ڕیگەی قسەکانیەوە بایەخ و سەرنجی چواردەورەکەشی ڕابکێشێت، بەڵام کاریگەریەکی بەردەوام لەسەر دوێنراوەکانی دانانێت و هەرگیز ناتوانێت ئاڕاستەی حەقیان بکات.

الله وەک کلیلی شفرەداری ئاڕاستەکردنی مرۆڤەکان بەرەو خۆی، زمانی دڵ و شێوەزاری حاڵی وەک دیاری خستۆتە بەردەممان.

هەتا ئەمڕۆ کەسانێک کەوا لە ڕێگەی دڵ و ڕۆحەوە بەرز نەبوونەتەوە و، زانیاریگەلێکی وشک کەوا مرۆڤەکان ناگەیەنن بە لەدونیات و، قسەی قەرەباڵغ، گەمەکانی زمان و ئەقڵ کەوا شاباڵ بە هەوا و هەوەس دەگرن، کەسانێک کەوا وەهایان گومان بردووە لەم ڕێگەیەوە کارێک ئەنجام دەدەن، تەنیا دڵی خۆیان خۆش کردووە و کەسانی تریشیان فریوداوە، بەڵام هەرگیز دەستیان بە بەختیاری ئەوە نەگەشتووە، کەوا وەک دەنگ و هەناسەیەکی زوڵاڵ هەمیشە لە سینەکاندا دەنگ بدەنەوە.

هەربۆیە دەنگ-هەناسە، دەم-زمان، قەڵەم-پەنجە پێویستە لە ژێر فەرمانی ئیحساسە ناوەکیەکاندا بن، هەتا وتەکان بە نرخی ڕاستەقینەی خۆیان بگەن!

 

 

 

[1] بەیان وشەیەکی عەرەبیە بە واتای ڕوونکردنەوە و قسەکردن دێت

لە ڕەوانبێژیدا بریتیە لە بەکارهێنانی وشەیەک بە دوو واتا، یەکەمیان واتا نزیکەکەیە و مەبەست لەو نیە، واتای دووهمە دوورە و مەبەستەکە لەوەیە[2]

[3] لە ڕەوانبێژیدا دوو واتا یان زیاتر کە بەرامبەر یەک نین بەکاردەهێنیت، دواتر ئەم واتایانە لە ڕستەکەدا بە گوێرەی پلەبەندیەک ڕیز دەکەیت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *