زمان پاکی

لە سەردەمێکدا کەوا خۆپەرستی زۆر بەرەو پێش چووە، بە شێوەیەکی بەردەوام ڕووداوی نەرێنی دەوروژێنرێت و هەموو کەسێک زمان بۆ ئەوی دی درێژ دەکات، ئەو ئەرکەی لەسەرشانی ئەو کەسانەیە کە سەریان لەسەر ڕێگەی خزمەتی ئیمان و قورئان داناوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، بە خۆشەویستی و لێبوردەییەوە باوەش بۆ مرۆڤەکان بکەنەوە. خۆ گەر ئەمانیش بە هەمان شێوەی ئەوان وەڵامی ئەم شتە نەرێنیانە بدەنەوە، هەم بەرامبەر کۆمەڵگای خۆیان، هەم بەرامبەر تەواوی مرۆڤایەتی خراپە ئەنجام دەدەن.

بە سیفەتێ کەوا ئێمە مرۆڤین، دەشێت بەرامبەر هەندێک ڕووداوی جەرگسوتێن توشی توڕەیی ببین، دەشێت بەرامبەر ڕقهەستان و توندوتیژی، توشی دۆڕان ببین. تەنانەت لە هەندێک شوێندا، بەرامبەر هەندێک لە کەسانی زاڵم و دەستدرێژیکەر، لە ناخماندا قین و نەفرەت دروست ببێت. بەڵام پێویستە حەقی ئیرادەمان بدەین و، ئەوە بزانین کەوا چۆنی بەسەر ئەم هەستانەماندا زاڵ دەبین، مۆڵەتی ئەوە نەدەین هەستە خراپەکانمان سەر ڕووی ئاو بکەون. تەنانەت گەر لە دەستمان بێت، لە ڕێگەی سیستەمی هەرسی مەعنەویمانەوە، پێویستە ئەو جۆرە هەستانە بتوێنینەوە و لەناویان ببەین. ئەو کاتەی توانیمان سەرکوتی توڕەیی خۆمان بکەین کەوا چەشنی بورکان قوڵپەی دێت و دێتە دەرەوە، هەم وەک ئەوەیە عیبادەتمان ئەنجام دابێت، هەم ئەو بارگرژی و پێکدادانەی لە کۆمەڵگادا هەیە، گەورەتری ناکەین.

بە داخەوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، سوکایەتی کردن و قسە پێوتنی نابەجێ و نەشیاو بە کەسانی تر وەک مۆدەی لێهاتووە. هەموو کەس زمانێکی تیژ و شێوازێکی ڕوخێنەری هەیە. ئەگەرچی دەشێت هەندێک کەس شایەنی مامەڵەیەکی لەم شێوەیەش بن، وتنی قسەی خراپ بەو جۆرە کەسانە هیچ سوودێکی نیە، بە پێچەوانەوە زیانی هەیە. وەک ئەوەی قسە پێوتن و جوێندان پاداشتی نیە، بە نیسبەت هیچ کام لە مرۆڤەکانیشەوە بە فەزیڵەت ئەژمار ناکرێت. دەرحەق بەو کەسانەی کەوا حەزرەتی زەکەریایان بە مشار دوو لەت کردووە، یان ئەوانەی حەزرەتی یەحیایان شەهید کردووە، گەر کەسێک هەستێت و بڵێت” خودا بەڵای خۆی بەسەرتاندا ببارێنێت”، بابەتی ئەوەی ئەم قسەیە بە عیبادەت ئەژمار بکرێت و پاداشت دەستی ئەو کەسە بخات، نە لە قورئانی کەریمدا، نە لە سونەتە سەحیحەکاندا، نیو وشەش بوونی نیە.

خۆزگە، دەرحەق بەو مرۆڤانەی کەوا خۆیان وابەستەی خراپەکاری کردووە بە فراوانی ویژدانمانەوە ئامێزیان بۆ بگرینەوە و، بتوانین هیوای شتی چاک بۆ ئەوانیش بخوازین! بۆ نمونە بڵێین” پەروەردگارا ئیمان و ئیسلام و ئیحسان لە دڵی ئەو مرۆڤانەشدا شکۆفە پێبدە کەوا خراپەیان بەرامبەر ئێمە ئەنجامداوە!هیدایەتی ئەوانیش بدە!..

بەڕای من ئەمە ڕەفتارێکی مرۆڤانەیە، بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتێکی مرۆڤانەیە! کاتێک هەڵسوکەتی مرۆڤانە لەبەردەمماندایە، پێویستە سازش بۆ شتی تر نەکەین. کەسێک کەوا کەلەیەک لە ئێوە دەدات، یاخود جووتەیەک بە ئێوەدا دەماڵێت، ئەمە کارێکی مرۆڤانە نیە. خۆ گەر ئێوەش بە کەلە و جووتە وەڵامی ئەو کەسانە بدەنەوە. ئەوا ئێوەش دەچنە دەرەوەی مرۆڤایەتی. ئەمە لە کاتێکدایە قورئان و سونەت، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، هانی کەسانی ئیماندار دەدات کەوا هەڵسوکەوتی مرۆڤانە ئەنجام بدەن.

**

مامەڵەی پێغەمبەرەکەمان

لە کتێبەکانی حەدیسدا ئاماژە بەوە کراوە، کەوا تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، لە کاتی وەفاتی ئیبراهیمی کوڕی، عوسمانی کوڕی مەعاز، گریاوە. بەڵام هیچ کام لەمانە ئەویان هێندەی شەهیدکردنی حەزرەتی حەمزە نەیهەژاندووە. پێغەمبەری خودا کاتێک حەزرەتی حەمزە دەبینێت کەوا لە مەیدانی جەنگا کەوتووە و هەموو لایەکی لاشەی بڕاوە و هەنجن هەنجن کراوە، زۆر فرمێسک دەڕێژێت. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، نە بەرامبەر وەحشی کەوا ڕمەکەی بە سینەی حەزرەتی حەمزەدا چەقاند، نە بەرامبەر هندی کەوا ئەم کارەی بە وەحشی ئەنجامدا، نە بەرامبەر حەزرەتی سوفیان هەستی بە قین و نەفرەت نەکرد. ئەو وەحشیەش دواتر هاتە نێو ڕیزی هاوەڵانەوە و، لە وەرزی خۆیدا شان بە شانی حەزرەتی ئەبوبەکر، بەرامبەر موسەلەمەی ناسراو بە پێغەمبەرە درۆزنەکە و ئەو سوپایەی پێکی هێناو، سەنگەری لێگرتن و ئەم جارەیان ڕمەکەی بە سنگی ئەودا چەقاند. خۆ گەر پێغەمبەری ئازیزمان لە دژی وەحشی کاردانەوەی پشان بدایە و چەند قسەیەکی پێ وتبایە، ئەگەری زۆرە کەوا بە ئیسلام شەرەفمەند نەبووایە، لە جەنگی یەمامەش بەو شێوە قارەمانانە نەجەنگایە. بە هەمان شێوە، تاکەکانی خانەوادەی بەنی ئومەیە، گەر گەر ئەو شەفقەت و بەزەیی و لێبوردەییە ناوازەی پێغەمبەری ئازیزیان نەبینیایە نەدەهاتنە ناو ئیسلامەوە. لێبوردەیی و شەفقەت و چاوپۆشیلێکردنی پێغەمبەری خودا، تەنیا بەرامبەر بکوژانی مامی نەبوو. ئەو بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی ژیانی مەککە، لە موشریکانی مەککەش خۆش بوو، کەوا ئاو و نانیان لێ حەرام کردبوو، ماف و ئیمکانی ئەوەیان پێنەدەدا کەوا لە شوێنی خۆی ژیان بەسەر ببات، فەرمانی کوشتنیان بۆ دەرکردبوو، تەنانەت ئەو کاتەی مەککەی جێهێشت و ڕۆشت، ڕێگەیان نەدەدا لەو شوێنەی هیجرەتی بۆ کردووە بە ئاسوودەیی ژیان بەسەر ببات. لە دوای فەتحی مەککە هەموو کەسێک لە چواردەوری ئەو گردبوونەوە. بەڵام لە سینەیاندا ترسی ئەوەی بە هۆی ئەو تاوانانەی لە ڕابردوودا ئەنجامیان داوە سزا بدرێن، بوونی هەبوو. نیگەرانی ئەوە دایگرتبوون، کە ئاخۆ بەرامبەر ئەو زوڵم و ئەشکەنجانەی لە ڕابردوودا ئەنجامیان دابوو، بە هەمان شێوە سزایان دەدرێتەوە؟ بەڵام پێغەمبەری خودا چەشنی حەزرەتی یوسف بە هەموویانی وت” بڕۆن لەمڕۆدا سەرکۆنە و لۆمەی ئێوە ناکرێت. ئێوە هەمووتان ئازادن”. ئەمە چی جوامێریەکە؟ بەرامبەر ئەو کەسانەی چەندین ساڵ ئازار و ئەشکەنجەیان دابوو، هیچ شتێکی نەوت. ئەو خراپانەی ئەوان ئەنجامیان دابوو، لەلای خۆی نەکردە بابەتێک. ڕێگەی سزادانی ئەوانی هەڵنەبژارد. تەنانەت بۆ ئەوەی ئەوان خەجاڵەت نەکات، هەر باسیشی نەکرد. بەرامبەر ئەو مرۆڤانەی کەوا لە مێژبوو پەشیمان بوو بوونەوە و چاوەڕێی لیبوردنیان دەکرد، جوانمەردیەکی گەورەی پشاندا. لە ڕاستیدا ئەمە نیشاندەری ئەوە بوو، کەوا ئەو بە ئاکاری ئیلاهی خۆی ئەخلاقدار کردووە.

بەڵێ، گەر دووبارەی بکەینەوە، سوکایەتی کردن بەم و بەو، سوودی بۆ هیچ کەسێک نیە. ئەم جۆرە قسانە، شتانێکی نوێ دەخاتە سەر ئەو شتە نەرێنیانەی بوونیان هەیە. ئیدی ئەمانە بازنەیەکی نەزۆک دروست دەکەن. قورئانی کەریمیش دەفەرموێت:

وَلاَ تَسُبُّوا الَّذِينَ يَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللهِ فَيَسُبُّوا اللهَ عَدْوًا بِغَيْرِ عِلْمٍ[1] واتە ئێوە جوێن بەو بتانە مەدەن کەوا ئەوان لە جیاتی الله دەیپەرستن، ئەمجارەیان ئەوانیش بە هۆی نەزانی خۆیانەوە سنور دەبەزێنن و جوێن بە الله دەدەن… بەم شێوەیە قورئانی کەریم، جوێندان بەو بتانەی لەلایەن موشریکانی مەککەوە وەک ئەبو جەهل، شەیبە، عوتبە، ئیبنی ئەبی موئەیەد، وەلیدی کوڕی موغیرەوە دەپەستران، قەدەغە دەکات. واتە دەڵێت بە بتەکان مەڵێن ” الله ئێوە بە ناخی زەویدا ببات”. لەبەرچی؟ چونکە ئەمجارەیان ئەوانیش هەڵدەستن و بەرامبەر ئەو الله یەی کەوا ئێوە باوەڕتان پێیەتی، قسەی نابەجێ و نەشیاو دەکەن.

بەم هۆیەوە، پێویستە کەسی ئیماندار بە قسەی خراپ دەم و دڵ و زمانی خۆی پیس نەکات، کاردانەوەی کەسانی تر بە لای خۆیدا ڕانەکێشێت. بە پێچەوانەوە لە ڕێگەی ئەوەی نوێنەرایەتیەکی تەواوی بەهاکانی خۆی بکات، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدات. لێرەدا شوێنی خۆیەتی ئەو قسەیە دووبارە بکەینەوە کەوا هەموو کاتێک ئاماژەی پێدەدەین: لە ڕێگەی زمانی حاڵەوە هیچ بابەتێک نیە کەوا چارەسەری بۆ نەکرێت. ئەوەی لەم بابەتەدا بناغەیەوە، نوێنەرایەتیەکی جوان و بوونە نمونەیەکی جوانە.

**

گەر زویریش بکرێین با کەس زویر نەکەین

دەرحەق بەو کەسانەی هەمیشە لە دژی من دەنوسن و پیلان دادەڕێژن، ئەوانەی بەردەوام بەرامبەر من خراپە دەکەن، هەمیشە ئەم ئاواتەم لە پەروەردگارم خواستووە، کەوا ڕۆژێک ئەوانیش بهێنێتە بەردەمم و، ئیمکانی ئەوەم هەبێت چاکەیەکیان بەرامبەر ئەنجام بدەم. بۆ نمونە لە ڕێگا بیبینم کەوا ئۆتۆمبیلەکەی تێکچووە، بیخەمە ناو ئۆتۆمبیلەکەی خۆمم و بیگەیەنمە ئەو شوێنەی کەوا دەیەوێت پێبگات.  وەک ئەوەی لە قورئاندا ئاماژەی پێکراوە و لەلایەن پێغەمبەرمانەوە ئەنجام دراوە، هەمیشە بە چاکە وەڵامی خراپە بدەمەوە. ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کەوا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا زۆر پێویستمان پێی هەیە. پشتیوان بە خودا هەرگیز لە ڕێگەی زۆرداری و سوکایەتی پێکردنەوە گیانی هیچ کەسێک ناسوتێنین. گەر خاتری ئێمەش بشکێنن، ئێمە خاتری کەس نەشکێنین. گەر زویریشمان بکەن، ئێمە کەس زویر نەکەین. چونکە دڵانی ئەمڕۆ، لە جیاتی شکان ئاتاخی ئەوەن دروست بکرێنەوە.

لە ڕاستیدا کەسانی زاڵم و خۆ بە زلزان، لە جیاتی جوێن پێدان شایەنی ئەوەن بەزەییمان پێیاندا بێتەوە. کاتێک مرۆڤ بیر لە حاڵی قیامەتی ئەوان دەکاتەوە، بەزەیی پێیاندا دێتەوە. ئایا حەجاج، شیمیر، ئەبو لوئلوئە، ئیبنی مولجەم شایەنی ئەوەن جوێنیان پێبدەیت یاخود جێگەی بەزەیین؟ پێموایە گەر لە ئاخیرەتدا بێ بەشبوونی ئەوان لە ڕەحمەتی پەروەردگار ببینیت، ویژدانتان دەکەوێتە خوڵە و چزە لە ناختانەوە هەڵدەستێت.

مرۆڤ پێویستە حەقی ئیرادەی بدات و نەهێڵێت دوژمنایەتی بێتە ناو ناخیەوە. گەر نەفرەت و کینە تەنیا جارێک بێن و لە نێو مێشکی مرۆڤدا جێگەیەک بۆ خۆیان بدۆزنەوە، هەڵکەندنی لەو شوێنە کارێکی زۆر ئەستەم دەبێت. مرۆڤێک کەوا دەمارە خانەکانی مێشکی بەم هەستە نەرێنیانە چەپەڵ بوو بێت، بە شێوەیەکی بەردەوام بیر لە شتی خراپ دەکاتەوە. ئەگەرچی وەهاش بیر بکاتەوە کەوا لە ڕێگەی ئەقڵیەوە هەنگاو هەڵدەگرێت، زۆرینەی کات بە هۆی پەمپلێدانی هەستە خراپەکانیەوە جوڵە دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە بە نیسبەت ئەو کەسانەی کەوا دڵیان بە قورئان داوە، ئەو ئەرکەی لەسەر شانیانە بریتیە لەوەی لە ڕێگەی ئەقڵ، لۆجیک و داوەری ژیرییانەوە هەنگاو هەڵبگرن، لە نێو هەرێمی پڕ ئاسودەیی دڵ و رۆح و ویژدانیاندا بسوڕێنەوە.

بەم هۆیەوە، پێویستە نەهێڵین ڕووداوە نەرێنیەکان ئێمە بخەنە حاڵی مرۆڤەکانی نەفرەت و کینەوە. پێویستە قین و توڕەیی بۆ نەوەکانی داهاتوومان بەجێنەهێڵین. نەکەوینە هەڵەی ئەوەی بونیادی ناسنامەیەک دابنێین کەوا لە نەفرەت پێکهاتبێت. بە پێچەوانەوە بونیادی ناسنامەیەک بە بناغە وەربگرین، کەوا لە ڕێز و خۆشەویستی پێکهاتبێت. دەشێت هەمیشە کەسانێک هەڵە و زوڵم و غەدر ئەنجام بدەن. لە نێو بازنەی بەردەوامی دووبارەبوونەوەی ڕووداوە مێژوویەکاندا، نمونەی بێ شوماری ئەم بابەتە هەیە. بەڵام پیویستە ئێمە هەمان هەڵەی ئەوان ئەنجام نەدەینەوە. گەر ئەوان ڕۆژەکان و چارەنوسی خۆیشیان ڕەش بکەن، پێویستە ئێمە ڕۆژەکانمان و چارەنوسی خۆمان ڕەش نەکەینەوە…  

 

 

[1] الانعام، ١٠٨

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *