زوڵم، پەتا و ڕەمەزان/ وتاری نوێی م.فەتحوڵڵا گولەن 20.04.2020

ڕەمەزانی شەریف، ئاشکرایە ئەو مانگەیە کەوا قورئانی کەریمی تێدا دابەزیوە، لەم ڕوانگەیەوە مانگێکی موبارەکە.

دەشێت ئەوە بڵێین، وەک لە وتەیەکدا سەبارەت بە سەرداریشمان وتراوە” لە دایک بوونی ئەو، تەشریف هێنانی بۆ دونیا، بە واتای سەرلەنوێ هاتنەوەی مرۆڤایەتی بۆ دونیا دێت”، هەر بۆیە لەم مانگەشدا قودسیەتێکی هاوشێوە بوونی هەیە.

لەم ڕوانگەیەوە گەر مرۆڤ بوونی مرۆڤ لە ڕێگەی قورئانەوە بێت، ڕووتێکردنی مرۆڤ بۆ جەنابی حەق لە ڕێگەی قورئانەوە بێت، لەم سایەیەوە فەراهەم ببێت، هەربۆیە ئەمە مانگی ڕەمەزان دەکاتە یەکێک لە پیرۆزترین ساتەکانی ناو زەمان.

لەوە دەچێت هەر شەوێکی وەک شەوێکی قەدری جیاواز بێت، بەڵام خاوەنی شەریعەت ئاماژەی بەوە داوە کە تەنیا لە یەک شەودا شەوی قەدر بوونی هەیە.

ئێستا لە عەرەفەی مانگی ڕەمەزانداین و لە دوای ٣-٤ ڕۆژ، لەوە دەچێت ئێستا سێبەرەکەی لەسەر سەرمان بێت، هێواش هێواش هەوڵی هەستپێکردنی دەدەین، بەڵام بە هۆی ڕووداوەکانی سەردەمەوە، لەوە دەچێت بەو شێوەیە لە دڵەوە خۆمان بە خاوەنی ئەم بابەتە نەکردبێت. هەربۆیە پێدەچێت پێویست بە بزواندنی ئەو هەستە لە مرۆڤەکاندا بکات. واتە چەشنی ئەوەی هیچ ڤایرۆسێک توشی مرۆڤەکان نەبووبێت، هیچ بەڵا و تاعونێک بەسەر مرۆڤەکاندا زاڵ نەبووبێت، هەموو شتێک هەر لە شوێنی خۆیدا بێت، لە هەمان کاتدا ڕووداوەکانی سەردەم وەک ماستی مەییو بێت… ئێمەش لە نێو کەشوهەوایەکی لەم شێوەیەدا پێشوازی لە مانگی ڕەمەزانی شەریف دەکەین، ان شاء الله ڕۆژوەکەی دەگرین، تەراویحەکەشی ئەنجام دەدەین، سەدەقە و سەرفیترەکەشی دەدەین… إِلَيْهِ يَصْعَدُ الْكَلِمُ الطَّيِّبُ وَالْعَمَلُ الصَّالِحُ يَرْفَعُهُ

وشە و کارە جوانەکانتان ئەوەی بە عەمەلی ساڵح ناو دەبرێت، هەموویان بۆ لای جەنابی حەق بەرز دەبێتەوە، لە نەزدی ئولوهیەتی ئەودا جێگەی خۆیان دەگرن، بە گوێرەی نرخی خۆیان ستایشیان دەکات، بەم شێوەیە دەبێت… واتە پێویست بەوە دەکات ڕووداوەکانی چواردەورمان لەم مانگەدا بە هەند وەرنەگرین…

بەڵام داخوازی سروشتی مرۆیی بە شێوەیەکی ترە… زۆر جار قسەکەی عیزەت مولام دووبارە کردۆتەوە :

من وەڕز نابم لە جەفا -نوری چاوم- بەڵام

هەرچیەک نەبێت ئەمەش گیانە و لە جەفا وەڕز دەبێت

 ئێستا بەڵایەکی لەم شێوەیە بەردەوام بەسەر سەرتانەوە گڤەی دێت و شاڵاو دەهێنێت، هەریەکەتان بە لایەکدا پەرشوبڵاو دەکاتەوە. هەربۆیە هەر ڕۆژەی لەلایەک دەنگی هاوارێک بەرز دەبێتەوە، ئاخ و زار و ناڵەیەک بەرز دەبێتەوە، مرۆڤ لە بەرامبەر تابلۆیەکی لەم شێوەیەدا، وەک ئەوەی گوێی لە تەواوی ئەم شتانە نەبووبێت و هەستی پێنەکات، بابەتی ئەوەی هەست بە نەشوە و خۆشی تایبەتی ڕەمەزان بکات، ژیانی لەم مانگە بەو تامەزرۆییە کەوا هەموو کاتێک تێیدا ژیاوە، دەشێت کارێکی سەخت بێت. وابزانم لە زۆر بۆنەی جیاوازدا ئاماژەی پێکراوە:

دەبێت “ئاسۆی ڕەمەزان” وەک بناغە لێبکەین.

خوێندنەوەی چواردەورەکەمان لە مانگی ڕەمەزاندا. خوێندنەوەی خۆمان لە مانگ ڕەمەزان، سەیر کردنمان بۆ شت و ڕووداوەکان لە مانگی ڕەمەزان… بینینی پێشی خۆمان لە مانگی ڕەمەزان…بینینی ڕابردوومان بە هۆی مانگی ڕەمەزانەوە، یان ئەوەی ڕابردوو و ئێستامان پێکەوە بخەینە ژێر خوێندنەوەوە. هەروەها هەستکردن بەمە وەک ئەوەی لە نەشوە و خۆشیەکی تایبەت بە جەژندا بین… لەوە دەچێت زۆربەمان بڵێین شتێکی وەها مومکین نیە، بەڵام گەر دیسان دان بە خۆماندا بگرین و سەرەڕای ئەو هەموو ڕووداوە چارەنوس سازە، هەست بەو قوڵێتیە تایبەتەی مانگی ڕەمەزان بکەین، کارێکی زۆر گرنگ دەبێت.

دەشێت هەست بە کۆڵەواری، هەژاری، لاوازی خۆمان بکەین، لە هەمان کاتدا بە تیبینی ئەوەی گوناح/هەڵەکانمان دەدرێتەوە بە نێوچەوانماندا، بە شێوەیەکی قوڵتر ڕوو لە جەنابی حەق بکەینەوە، بە تێبینیەکی خۆ پاکردنەوەوە، بە هزری خۆ پاکردنەوەوە هەست بەم شتانە بکەین.

واتە ڕووداوەکان چەندە بێ ئامانن با ببن، هەندێک شت چەندە بێ ئیمانە با ببێت، مرۆڤ گەر دان بە خۆیدا بگرێت و، لە ناخی دڵیەوە تێبینی مانگی ڕەمەزان بکات و، بە تێڕوانینێکی بایەخپێدەرانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، پێموایە لە هەموو حاڵێکدا دەشێت بێ ئەوەی گیر بەو شتانەوە بخوات کە گیری پێوە دەخورێت، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا هەموویان تێپەڕێنێت.

ئیدی دەشێت وەک “تافێکی پیرۆزی ناو کات” هەستی پێبکاتەوە. هەموو ئێوارەیەک چەشنی ئەوەی جارێکی تر قوم لە ئاوی کەوسەر بداتەوە، هەموو پارشێوێک وەک ئەوەی جارێکی تر گەشتبێتەوە بە “زیندووبوونەوەیەکی پاش مەرگ”، سەرلەنوێ لەگەڵ زاتی ئولوهیەتدا پەیوەندیەکی جیاواز دەبەستێت، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا.

 

هەست بەمە دەکات و، هەست کردن بە شتە نەرێنیەکان زۆر دوا دەخات، بە شێوەیەک لە شێوەکان پەراوێزیان دەخات، هەوڵ دەدات ڕەمەزان بە تایبەتمەندیەکانی خۆیەوە بباتە سەر، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا. هەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە کە بە ” تافێکی پیرۆزی کات” ناوی دەبەین.

هەروەها ڕەمەزان بریتیە لەو مانگەی کە تێیدا گوێ لە خۆمان دەگرین. ئەمەش دەربڕینێکی جیاوازە، زۆر جار دەشێت بە تەواوی قوڵایەتی خۆیەوە، لە خۆمان تێنەگەین. بە مەبەستی ئەوەی گوێ لە خۆمان بگرین، چەشنی ئەوەی چووبێتینە ناو خەڵوەتنشینێکەوە، ئەمە ش لە ڕێگەی برسێتی و تینوێتی و ڕووکردنە جەنابی حەقەوە دەبێت. پاشان بەو تێبینیەوە “گوێ لە خۆگرتن” ئەنجام بدەین، ئەمەش کارێکی زۆر گرنگە. بابەتی ئەوەی مرۆڤ گوێ لە خۆی بگرێت، بپرسێت”تۆ چیت؟”، بەندەی خودا، بەرامبەر جەنابی حەق هەندێک لە ئەرک و بەرپرسیارێتیت لەسەرشانە و، دەبێت ئەمانە بەجێبگیەنیت. لەم سایەیەوە نرخی ڕاستەقینەی خۆت شکۆفە دەکات، بە شێوەیەکی زۆر قوڵ هەست بە خۆت دەکەیت، لەو پەڕی قوڵایەتیەوە هەست بە بەندایەتی خۆت دەکەیت، پاشان بە هۆی ئەم بەندایەتیەوە، بە هەستێکی زۆر قوڵی ڕێزەوە ڕوو لە جەنابی حەق دەکەیت… بەم شێوەیە گوێ لە خۆت بگریت، ژیانی ناو خەڵوەتگە بژیت، ژیانی ناو خەڵوەت بژیت، گوێ گرتن لە خۆت بە ناوی ئەو شتانەی لە جیهانی ئەولاوە هاتووە، زۆر گرنگە.

  بەڵێ، ئەم گوێگرتنە گەر بەو ئاڕاستەیە دەرگاکە ئاوەڵا بکات، مرۆڤ سەرەڕای تەواوی شتە ناشرینەکان، زۆر شتی جیاوازی بە نسیب دەبێت کەوا دەیبورێننەوە و لە هۆش خۆی دەبەن، ئیدی وەک ئەوەی بە قوڵترین دەنگی میوزیکی ناو هەستی، دەشێت گوێی لە شتی زۆر قوڵ بێت، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا. ئەمەش لەو کاتەدا دەبێت کە گوێ لە خۆی دەگرێت.

ڕەمەزان لە هەمان کاتی تافی گوێگرتنێکی لەم شێوەیەیە. بریتیە لە گوێگرتن لەو شتە شەپۆلئاسا جیاوازنەی لە جیهانی ئەولاوە دێت. هەروەها لە ڕێگەی چاویلکە و وردبینی قورئانەوە سەیریان بکەین و، بە وردبینی کاتی دابەزینی قورئانەوە سەیریان بکەین، ڕووداوەکان بە شیوەیەکی زۆر جیاواز ببینین، پێگەی خۆمان بە گوێرەی ئەوە دیاری بکەین، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا. بە گوێرەی ئەمە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، ئیدی بە گوێرەی پێگەی خۆی، قاڵبی هەندێک شت بۆ خۆی دیاری بکات و بە گوێرەی ئەوە بە بەری خۆی ببڕێت… خۆی لە شوێنێکەوە هەڵبگرێت و بیخاتە شوێنێکی تر، دەشێت تەواوی ئەم شتانە لە سایەی ڕەمەزانەوە ڕوو بدەن.

 

کاتێک بەم شێوە قوڵە سەیری بابەتەکان دەکەیت، دەشێت مرۆڤ وەک ئەوەی لێبێت لەسەرو کاتەوە بێت.

کاتێک مرۆڤ لەسەرو زەمانیشەوە دەبێت، هەست بە قوڵایەتیە جیاوازەکانی کات دەکات، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا. بە قوڵاییە لاهوتیەکانیەوە هەستی پێدەکات. ئەمە هەر ئەوەیە کە بە “الدهر” ناوی دەبەین. “الدهر” درەوشانەوەی دەرکەوتی حەقیقەتێکی تایبەت بە زاتی ئولوهیەتە، گەر چی بە شێوەیەکی جیاواز گوزارشتی لێدەکرێت، بەڵام من بە پێویستی دەزانم بەو شێوەیە گوزارشتی لێبکەم، درەوشانەوەی دەرکەوتێکی جیاوازی تایبەت بە زاتی ئولوهیەتە. واتە بەو شێوەیە بە قوڵی هەست بە زەمان دەکەین، ئیدی لەوێدا لە نرخی زەمان تێدەگەین، هەست بەو شتانە دەکات کەوا پێی دەبەخشێت، لە ڕەمەزانی شەریفدا لەوە تێدەگات کە ئێستێکی تێپەڕ، تەمەنێکی جاویدانی دەهێنێت، لەوە تێدەگات کە ئانێکی تێپەڕ هێندەی تەمەنێکی ئەبەدی بەهای هەیە. ڕەمەزان لە ڕێگەی تەواوی ئەم دەستکەوتانەوە، ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە. لێزمەکانی خۆی بەسەریدا قوڵپ دەکاتەوە، پشتیوان بە الله دیسان بەو شێوەیە دەبێت…

هەندێک لەو بەڵا و چاڵە دۆزەخیانەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا پێیدا تێدەپەڕین، کە بریتیە لەوەی لەلایەن کەسانێکی ترەوە زوڵمت لێبکرێت، یان توشی ناحەقی ببیت، چاونوقاندن لە تەواوی ئەمانە کارێکی زۆر سەختە، بەڵام هێندەی لە دەستمان دێت پێویستە نادیدەیان بگرین. بابەتەکە حەواڵەی لای خودا بکەین. چونکە هەر الله دادپەروەری ڕەهایە، بۆ نمونە گەر بڵێیت ” فڵان فیسار شتی کرد و، فیساریش فڵان شتی کرد”، گەر هەستن و بە گوێرەی خۆتان سزای کەسەکان بدەن، بەڕای من ئەمە لە شوێنی خۆیدا نابێت، ئێوە ناتوانن سزایەکی لەو شێوەیە بدەن. هەندێک جار سزاکەیان هێندە گەورەیە، گەر ئێوە هەستن بەوەی سزایان بدەن، ئەوا دەستدەخەنە نێو بازنەی کارە ئیلاهیەکانەوە. بەم شێوەیەش بێ ڕێزی بەرامبەر ئەو ئەنجام دەدەن. هەروەها لە ڕووی ئاستی پێگەشتنی مرۆڤ بوونتانەوە، لە ڕووی ئاسۆی مرۆڤ بوونتانەوە، ناتوانن ئەو سزایەکی لەو شێوەیەی ئەوان بدەن.

هەموو کەس بە گوێرەی داخوازی کەسایەتی خۆی هەڵسوکەت دەکات، مرۆڤێک کەوا کەسایەتی بە ڕووی خراپەدا کراوە بێت، ناتوانیت بە زۆر چاکەی پێ ئەنجام بدەیت، گەر جارێکیش پێی ئەنجام بدەیت، دیسان جارێکی تر بە هەستە خراپەکانیەوە دێتەوە بەردەمتان، لەوە دەچێت جارێکیان بۆی هەڵبکەوێت و مرۆڤانە ڕەفتار بکات، بەڵام ١٠ جاری تر بە گوێرەی داخوازی کەسایەتیەکەی خۆی مامەڵە دەکات، هەربۆیە کاتێک بەم شتانە خۆتان خەریک کرد،  ئەو شتانە فەرامۆش دەکەن کە پێویستە خۆتانی پێوە خەریک بکەن، پێویستە زۆر بەم شتانەوە کە دەردی دونیایین، خۆت مەشغوڵ نەکەیت، وەک لە یەکێک لە پەندەکانی پێشینان هاتووە:

ئەوەی دەردی دونیا بێت، هێندەی دونیا دەردی دەبێت. بە ڕای من پێویستە هیچ شتێکی دونیایی وەک دەردی خۆمان لێنەکەین. چونکە هەرچۆنێک بێت، ڕاگوزەر و تێپەڕ و کاتیە.

گەر گرنگی بەو شتانە بدەن و لەبەرچاوی خۆتاندا گەورەیان بکەن،  ئەوا دەبنە بە ژێریانەوە و دەپلیشێنەوە، لەو بابەتانەدا هێندەی لە دەستان دێت پێویستە بە حەزەرەوە مامەڵە بکەن، پێویستە نادیدەیان بگرن،  چونکە ئەوان بە گوێرەی داخوازی کەسایەتی خۆیان مامەڵە دەکەن، كُلٌّ يَعْمَلُ عَلَى شَاكِلَتِهِ، چونکە عَلَيْكُمْ أَنْفُسَكُمْ

قورئانی کەریم دەفەرموێت: ئێوە هەر لە خۆتان بەرپرسن، هەوڵی ئەوە بدەن کەموکورتیەکانی خۆتان ببینن. تەنانەت ئەو کاتەی زوڵمتان لێدەکرێت،

دەبێت بڵێن: ئاخۆ لە کام ئەرک و بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر جەنابی حەق کەموکورتیمان نواند، هەتا بەم شێوەیە کەسانێکی تری بەسەردا زاڵ کردین.

ئیدی الله فڵان ڤایرۆست بەسەردا زاڵ دەکات، فڵان بومەلەرزەت بەسەردا زاڵ دەکات، قڵیشبردنێکی هێڵی بومەلەرزەیت بەسەردا زاڵ دەکات، کولـلەت بەسەردا زاڵ دەکات، کۆترێکت بەسەردا زاڵ دەکات، ئیدی الله بە گەورەیی خۆی، ئەم شتانەت بەسەردا زاڵ دەکات الله جل جلاله، مۆڵەتپێدانی هەیە بەڵام فەرامۆش کردنی نیە.  مۆڵەت بە مرۆڤەکان دەدات، چونکە ئەو “ارحم الراحمین” بەخشندەترینی هەموو بەخشندەکانە،  پەروەردگاری هەموو جیهانیانە، گەر هەر کەسێک کەموکورتیەکی ئەنجامدا یەکسەر سزای بدایە، وەک لە قورئانی کەریمیشدا ئاماژەی پێکراوە، لەسەر ڕووی زەوی بوونەوەرێک نەدەمایەوە کە جوڵە بکات. چونکە هەموو کەسێک بە شێوەیەک لە شێوەکان گوناحێک ئەنجام دەدات، دەکەوێتە ناو زوڵمێکەوە، هەربۆیە گەر الله یەکسەر سزای بدات، ئەو دەڕوات و، پاشان و ئەم و ئەوی تر دەڕوات، ئیدی کەس لەسەر زەوی نامێنێتەوە.

بەڵام ئەمە بەو شێوەیە نیە.  هەربۆیە الله مۆڵەتدانی هەیە، بەڵام فەرامۆش کردنی نیە. هەتا مرۆڤەکان بە خۆیاندا بێنەوە و ئەقڵیان بێننەوە سەر خۆیان، هەتا دەست لەو کەموکورتیانەیان هەڵبگرن. ڕوو لە پاداشتەکانی بکەن. بەرەو خۆ پاککردنەوە ڕابکەن.  هەتا الله بە گەورەیی خۆی لێی خۆش بێت و لێی ببورێت.

اَللَّهُمَّ إِنَّكَ عَفُوٌّ كَرِيمٌ تُحِبُّ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنَّا، يَا أَرْحَمَ الرَّاحِمِينَ * اَللَّهُمَّ اغْفِرْ لَنَا وَارْحَمْنَا، يَا غَفَّارُ، يَا سَتَّارُ، اِغْفِرْ لَنَا ذُنُوبَنَا كُلَّهَا، وَاسْتُرْ عُيُوبَنَا كُلَّهَا

تەنانەت لەم نێوەندەدا دەتوانم بڵێم:

لەم کاتەدا کە ئەم ڤایرۆسە هەیە، هەر الله دەزانێت کە چەندە بەم هۆیەوە گریاوم، بەڵام بە هاوڕێکانی خۆشم وتووە هەموو ڕۆژێک لە هەر چواردەوری دونیا نزا و ڕووتێکردنە  جەنابی حەق و کۆڕاڵی  موناجات ساز بکەن، بە شێوەیەکی سەرتاسەری ڕوو لە الله بکەنەوە.

وەک ئوستادیشمان فەرموویانە،   وەک چۆن سەدەقە بەڵا و موسیبەت دەفع دەکات، بە هەمان شێوە نزای دڵسۆزانەی کۆمەڵە کەسێکیش، ڕزگاری گشتی بە دوای خۆیدا پەلکێش دەکات و ڕادەکێشێت. ئەو زاراوەی “جذب” واتە “ڕاکێشان” بەکاردەهێنێت. هەربۆیە لە ڕێگەی سازکردنی کۆڕاڵی جیاوازی لەو شێوەیەوە، واتە لە ڕیگەی ئەوەی ڕوومان لە جەنابی حەق بکەین، هەڵگرتنی ساتێک زووتری ئەو شتانەی کەوا بەسەر مرۆڤایەتیدا زاڵی کردووە، هەر لە خۆی داوا بکەین. ئەمە هەم بە نیسبەت هەموو مرۆڤایەتیەوە وەک ورەدانەوەیەکی لێدێت و دەڵێن: مەگەر دەرگایەکی کراوەی لەم شێوەیەش بوونی هەبووە. هەم ئەم ڕێگە و شێوازەش فێری کەسانی تریش دەکەن. بۆ نمونە  سەیری مەسیحی و جولەکەکان، پاشان مەزهەبە جیاوازەکانی یەهودیەت و مەسیحیەت بکەنەوە، لەگەڵ هاوڕێکانی تری ئێوەشدا لە شوێنە جیاوازەکانی دونیا، لەگەڵ ئەوان دەچنە ناو سوجدەوە، نزا دەکەن و دەڵێن:

پەروەردگارا مرۆڤایەتی لەم بەڵا و موسیبەت و چاڵە دۆزەخیانە ڕزگار بکە…

جەنابی حەق بەم شێوەیە لە ڕێگەی جیاوازترەوە پاداشت دەستی ئێوە دەخات. لە ڕیگەی ئەم ستانە پاداشتی دەستی ئێوەش دەخات. ئەمەش لە ٣ مانگە پیرۆزەکەدا دەستی پێکرد کە بریتیە لە رەجەب و شەعبان و ڕەمەزان. وا ئێستا ڕەمەزان هاتووە، بەڵام ئەو بەڵایە هەر بەردەوامی هەیە. دەڵێن ڤێرژنە تازەکانی ئەو ڤایرۆسە پاش ماوەیەکی تر دەگاتە بەرەوە،  بە گوێرەی ڕای هەندێک کەس، دەڵێن توشی موتاسیۆن دەبن و ئەمجارەیان بە شێوازی جیاواز ڕوو بەڕووتان دەبنەوە. دەڵێن ئەمجارەیان ڤایرۆسەکە بە شێوازێکی جیاواز داتاندەپاچێت و تەختی زەویتان دەکات. پەنا بە خودا.   

کەواتە لێرەدا جگە لە ڕووکردنە ئەو هێزە باڵادەست و هێزە ئاشکرایەی ئەو، جگە ڕووکردنە ئەو ئیرادە گشتگیر و سنوردارکەرەی ئەو، چارەیەکی ترتان لەبەردەمدا نیە.

هەربۆیە ڕوو لە جەنابی حەق دەکەن و دەڵێن:

پەروەردگارا ئەم بەڵایانەمان لەسەر هەڵبگرە…

 

لەم مانگە موبارەکانەدا لە پێناو مرۆڤایەتی، لە پێناو خۆتان، کڕوزانەوە و پاڕانەوەیەکی لەم شێوەیە، زۆر گرنگە.

الله ئەمانەی هەموو لە یەک کاتدا هێنا، هەم پاداشتی ڕەمەزان، هەم پاداشتی ڕۆژوو، هەم پاداشتی هەستان لە شەوەکان و زیندووکردنەوەیان، پاداشتی ئەنجامدانی نوێژی تەهەجود کەوا لەبیرکراون، پاداشتی هەستکردن بە سوجدە بەوپەڕی قوڵێتی خۆیەوە، وەک ئەوەی لە حەدیسەکەدا ئاماژەی پێکراوە، پاداشتی هەستکردن بەوەی لە کاتی سوجدەدا نزیکترین ساتی نزیکێتیە لەوەوە. هەر بە ڕاستی ئەو کاتەی سەرتان لەسەر زەوی دادەنێن، گەر هەست بەوە بکەن کەوا نزیکترین ساتی ئێوەیە لەوەوە و بڵێن: پەروەردگارا فڵان شتمان بە نسیب بکە؛ ئەوا لوتف و ئیحسانێکی جیاوازی پەروەردگار ڕووتان تێدەکات.

بەڵام لە ڕێگەی قسە و بیرکردنەوەگەلێکی وەک ئەوەی” فڵان و فیسار زوڵمیان کرد، ناحەقیان ئەنجامدا، هەربۆیە بە بۆنەی زوڵمی ئەوانەوە ئەم شتانە ڕوویاندا!” پێویستە هەوڵی ئەوە نەدەین کە بابەتەکە بەسەر کەسانی تردا بهێنین و، خۆمان بەم شێوەیە لە کارەکە ڕزگار بکەین.

لە کاتی ئەم جۆرە بەڵا و موسیبەتانەدا  – لە نێو کەوانەیەکدا ئەم قسەیەتان عەرز دەکەم- هێندەی ئەوەی لە دەستی مرۆڤ دێت، پێویستە بۆ خۆیی بگێڕێتەوە.

دەپرسێت” لەبەرچی ئەم بەڵا و موسیبەتانە هاتن؟” لەوە دەچێت بە هۆی منەوە بێت. لەبەر ئەوەیە جەنابی حەق هەندێک ئیمکانی بە من بەخشی، بەڵام من لە شوێنی خۆیدا و بە شێوەیەکی کەڵکهێنەر بەکارم نەهێنا. هەربۆیە جەنابی حەق لە ڕێگەی ئەم شتانەوە ئاڕاستەی سەرلەنوێ خۆ پاککردنەوەمان دەکات و دەڵێت” ئەقڵت بهێنەوە سەر خۆت، لێرەدا بوونی من هەیە”، پێویستە ئەمە بڵێت و بەم شێوەیە بیر بکاتەوە!

مەگەرنا کاتێک ئەم جۆرە بەڵا و موسیبەتانە هاتن، گەر بڵێیت” بە هۆی فڵان و فیسارەوە ئەم بەڵایانە دروست بوون، سەیرکە چۆن بە دەستیەوە دەناڵێنن!”، ئەم جۆرە قسانە وەک بێ ڕیزیکردن بەرامبەر الله ی لێدێت.

گەڕان بە دوای تاوانەکەدا لە کەسانی تردا، بینینی خۆیشی وەک کەسێکی پاکوبێگەرد و بێ گوناح، کارێکی دروست نیە.  باسکردنی کەسانێک لە خۆپاکردنەوەی نەفس، کە پاکردنەوەی نەفسی خۆیان ئەنجام نەداوە، هەڵەیەکەی زۆر جددییە. لەبەر ئەوەی مرۆڤێکی پاکوبێگەردی بێ گوناح نیت، نابێت خۆت بەو مرۆڤە پاکوبێگەردە بزانیت.

بابەتی پاکوبێگەردی مرۆڤیش تایبەتمەندیەکی جیاوازە، تایبەتمەندە بە کەسە گەورەکان و بابەتێکە ئێمە تێدەپەڕێنێت.

وتم ئەم قسانە با لە نێو کەوانەیەکدا بێت… واتە لە ڕۆژگاری ئێستاماندا کە لە حاڵی ئێستادا تێیدا دەژین، لەم جۆرە بابەتانەدا ئەم جۆرە تێبینیانە زۆر گرنگە.

بەڵێ بابەتی ئەوەی لە ڕووی فکری و هزریەوە، لەبەرخۆمانەوە قسە بکەین و وەک ئەوەی بەم شێوەیە تۆڵە لە مرۆڤەکان بسێنینەوە، ” دەی بخۆن دەردتان بێت، خوا بە گەورەیی خۆی باشتان پێدەکات!” قسەگەلێکی لەم شێوەیە…ئەمە لە کاتێکدایە دەشێت الله گیانی ئەوان و ئێمەش بکێشێت، سزای ئەوانی و ئێمەش بدات، دەشێت ئەمە بکات…

بەم شێوەیە نابێت و دەبێت لە بناغەوە بابەتەکە بە خۆمانەوە ببەستینەوە” بە هۆی ئێمەوە ڕوویدا، خودا خۆی باشتر دەزانێت، جەنابی حەق لە ئێمە و لە کەسانی تریش خۆش ببێت!”، پێویستە قسەیەکی لەم شێوەیە بکرێت.  

پێش یەک دوو ڕۆژ زاتێک وەفاتی کرد، منیش بە گریانێکی زۆرەوە نزام بۆ کرد، بەڵام ئەو حەزرەتە هەمیشە لە بارەی ئێمەوە دەیوت” من لەوەتەی خۆمم ناسیوە هەر لە دژی ئەمانە بووم، هەمیشە ئەوانم بە خۆمەوە خەریک کرد، من ئەمانەم بە خەڵکی ناساند، هەوڵی ئەوەمدا لە حەقیان بێم!”، منیش وتم” پەروەردگارا ئەم زاتە ئیستا بۆ لای تۆ دێت، نوێژی دەکرد، ڕۆژووی دەگرت، باسی دین و دیانەتی بۆ زۆرێک لە مرۆڤەکان دەکرد، خودایە هەرچیەک دەبێت، بە هۆی ئەو کارانەی لە دژی ئێمە ئەنجامیدا سزای مەدە، تکات لێدەکەم بەو هۆیەوە سزای مەدە!”، بە شێوەیەکی بەردەوام ئەمەم دەوتەوە. بەڵێ، الله لەم بابەتە شایەتە.

مرۆڤ بوون بابەتێکی ترە، “گەورە بوون” گرنگ نیە. تەنیا “مرۆڤ بوون” ئەمە بابەتێکی زۆر جیاوازە. ئەمەش لە ڕێگەی ڕێز بۆ مرۆڤەکانی تر دەست پێدەکات، لە ڕێگەی ڕێز بۆ مرۆڤەکانەوە بەردەوام دەبێت، بە ڕێزیش بۆ مرۆڤەکان تەواو دەبێت. مرۆڤ جێدەرکەوتی “احسن التقویم” ە،  شاکارێکی سەرسوڕهێنەری جەنابی حەقە. شاکارێکێتی کەوا شایەنی ستایش و تەقدیرە، هەرچەندە ڕێزی لێبگیردرێت، لە شوێنی خۆیدایە، گەر ڕێزی لێبگیردرێت، بەهاکەی لە شوێنی خۆیدایە.

ئەو کارزان و بینەر، بەسەر هەموو شتەکانیشدا ئاگادارە.

وەک لە زۆر بۆنەی جیاوازیشدا عەرزم کردوون:

دکتۆر ئیقبال لاهوری دەڵێت:

هەمیشە بەوپەڕی هەستیاریەوە قورئانی کەریمم دەخوێندەوە، هەر بە ڕاستیش بەو شێوەیە بووە، وابزانم ماوەی ١٦ ساڵ لە ئینگلتەرا ماوەتەوە، تەنیا یەک جاریش نوێژی تەهەجودی لە دەست نەداوە، ئەمە لە کاتێکدایە نوێژی تەهەجود(شەو نوێژ) لە تورکیادا لەبیرکراوە.

ناشزانرێت نوێژێک بە ناوی تەهەجودەوە هەیە یاخود نا، هیچ کاتێک ئەم نوێژەی نەفەوتاندووە و هەمیشە قورئانی کەریم دەخوێنێتەوە، ئەمەش بەوپەڕی هەستیاریەوە ئەنجام دەدات، دەڵێت هەمیشە باوکم پێیدەوتم” کوڕم قورئان وەک ئەوە مەخوێنەوە کە بۆ حەزرەتی محمد دابەزیبێت، وەک ئەوەی بەسەر تۆدا دابەزیبێت بیخوێنەوە”.

بنەمای ئەم کارە بەم شێوەیەیە، پێویستە هەمیشە خۆت بە دوێنراوی بابەتەکە بزانیت، واتە لە هەموو شتێکیدا خۆت بە دوێنراوی بابەتەکە بزانیت، جەنابی حەق هەرچیەکی بە سەردارمان  فەرمووبێت، تۆ بڵێیت ئەمەی بە منیش فەرمووە، بەڵام لەسەر ئاستی پلانی ڕێژەیی و پلانی سێبەر، دەبێت بڵێیت الله ئەمەی بە منیش وتووە، هیچ کەسێکیش لەم بابەتەدا مافی تانەدانی لە تۆ نیە. چونکە هەر لە مێژە تێگەشتنێکی لەم شێوەیە بوونی هەیە.

وابزانم لە ئێستادا لە کۆمەڵگای ئێمە ئەم ڕۆحە بە تەواوی کوژراوە، ئێستا قورئانی کەریم وەک ئەوەی هەندێک لە دەمیان دەرچوو و ناماقوڵییان کرد”قورئانی کەریم ئەو کتێبەی گومان دەبرێت پێش ١٤ سەدە لە ئاسمانەوە دابەزی بێت”، بەم شێوەیە سەیر دەکرێت.

ئەم جۆرە کەسانە کە بەم شێوەیە سەیری قورئان دەکەن، هەستکردنیان بەو دەربڕینە موعجیزەئاسایانەی قورئان بە تەواوی قوڵایەتی خۆیەوە، کارێکی مومکین نیە. پێویستە زۆر بخوێنرێتەوە و بەردەوام بخوێنریتەوە، لایەنی کەم… لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، نازانم لە ماوەی یەک ساڵیشدا تەنیا جارێک خەتمی دەکرێت یاخود نا… هیچ نەبێت تەنیا لە مانگی ڕەمەزاندا…

سەلەفی ساڵحین لە دەرەوەی ڕەمەزانیش، هەر ١٥ ڕۆژ جارێک خەتمێکیان دەکرد، کاتێک ڕەمەزانیش دەهات، هەر ٣ ڕۆژ جارێک خەتمیان دەکرد، پاشان لە ١٠ ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزاندا، بە نیەتی ئەوەی بەر ئەو یەک شەوەی قەدر بکەوێت، هەموو ڕۆژێک خەتمێکی قورئانی کەریمیان دەکرد. ئەمەش لەلایەن پیاوی کوڕی پیاوەوە ئەنجام دەدرا، هەربۆیە کاتێک سەیری شیوازی ژیان و ئسلوبیان دەکەیت، ڕەنگدانەوەی ئەم بابەتەی تێدا دەبینیت. ئەوان ئەم خوێندنەوەیەیان بەو شیوەیە لە کارەکانیشیاندا جێبەجێ دەکرد. ئەمە لە ئێستادا وەک ڕۆح و واتایەکی کوژراوی لێهاتووە، بە نیسبەت ئێمەوە وەک ڕۆح و واتایەکی کوژراوی لیهاتووە.

دەبێت ئەم بابەتە بە گوێی مرۆڤەکاندا بدرێتەوە، هەروەها ئەو شتانەی کەوا چەشنی ئەوەی ئەفسوناوی بن سەریان سوڕماندوین، پێویستە لەم بابەتەدا جەختی لەسەر بکرێتەوە. تەنانەت کەسێکی نەخوێندەوای وەک من کاتێک نوێژ دەکەم، قورئانم لەبەردەمدایە و دەیخوێنمەوە. هەندێک جار لە ڕووی پاش و پێشی نێوکۆی ئایەتەوە شتی وەها ئەفسوناوی دێنە بەرچاوم، خەریکە لەناو ئەو نوێژەدا کڵاوەکەم فڕێ دەدەم. تەنانەت بە نیسبەت مرۆڤێکی وەک منەوە کە بە نیوەناچڵ موسوڵمانە، گەر بەم شێوەیە هەست بەو بابەتە بکات، خۆ گەر مرۆڤ بە تەواوی دڵیەوە ڕووی تێبکات، کاتێک الم*ذَلِكَ الْكِتَابُ لاَ رَيْبَ فِيهِ هُدًى لِلْمُتَّقِينَ دەخوێنێتەوە هەتا دەگاتە مِنَ الْجِنَّةِ وَالنَّاسِ، چەشنی ئەوەی تەواوی ئایەتەکان لە یەک نەخشەدا بخوێنێتەوە، سەیری هەموو ئایەتەکان بکات وەک ئەوەی لە بەردەم جەنابی حەقدا دووبارەیان بکاتەوە دەڵێت” پەروەردگارا ئەمانە هەمووی ڕوونکردنەوەکانی تۆن، منیش هەمان شت دووبارە دەکەمەوە، هەر هەموویانم وەک خۆی قبوڵ کردووە!” گەر ئەمە بڵێت و  وەک ئەوەی لە پێگەیەکی وەهادا بێت هەست بە خۆی بکات، ئیدی وەهای لێدەکەن، هەست بە زۆر شتی جیاواز بکات.

هەروەها ئەوانەی لە دڵەوە ڕووی تێدەکەن، بە هەمان شێوە ئەویش ڕووتێکردنی بۆ مرۆڤەکان هەیە، چونکە ڕووتێکردن ڕووتێکردنی لێدەکەوێتەوە. گەر ئێوە ڕووی تێبکەن، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەویش ڕووتان تێبکات.

هەربۆیە پێموایە لەم بابەتانەدا گەر بە شێوەیەکی قوڵ لەسەریان هەڵوێستە بکرێت، ئەوە دەردەکەوێت کە قورئانی کەریم وتەی کەسێکی هاکەزایی نیە.   وەک ئەوەی هەندێک دەڵێن” قورئان ئەو کتێبەیە کە گومان دەبرێت پێش ١٤ سەدە لە ئاسمانەوە دابەزیوە”، نەخێر گومانی پێنابردرێت. دەشێت قسەکانی من درۆ بن، یاخود لە خەیاڵاتدا بم، بەڵام هاتنی ئەو قورئانە لەلایەن الله وە، بابەتێکی ڕەها و بڕاوەیە. چونکە گەر ئەم کتێبە بۆ جەنابی حەق نەگێڕیتەوە، ناتوانیت ڕوونکردنەوەیەکی تری بۆ بکەیت. شتی وەها ئەفسوناوی تێدایە، گەر لە یەک شوێندا پەییت بە یەکێک لە نهێنیەکانی برد، ئیدی لەوێدا دەڵێیت” هەر ئەمە بۆ من بەسە!”. بەو شێوەیە قوڵایی هەیە. ناتوانیت ئەمە لە نێو دێرەکانی کتێبێکدا ببینیت. چونکە ئەو کاتێک بە دڵێکی فراوان و بە دووربینی دڵەوە سەیری دەکەیت، کاتێک بە سەرە ڕمی هەیەجان لەو تەلانە دەدەیت، ئەو دەنگە لە ڕۆحی مرۆڤدا هەستی پێدەکرێت، لە ڕێگەی ئەو سەرەڕمەوە هەست بەو دەنگە دەکرێت، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا.

ئێستا لە ڕێگەی ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام گوزارشتی لێبکرێت، دەشێت لە بناغەوە سەردەم و  سەدەیەکی قورئان بێتە ئاراوە. بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا. حەزرەتی پیری موغان شەمعی تابان قورئانی کەریمی بەو شێوەیە هەلاج کردووە… ئوستاد نەجیب فازڵیش دەستەواژەی ” هەلاج کردنی شت و ڕووداوەکان” ی بەکاردەهێنا، هەروەها دەیوت ” هەلاجکردنی فەرمانە تەکوینیەکان”. گەر قورئانی کەریم بەم شێوەیە هەلاجی تێدا بکەیت ئەوا تەواوی ئەم شتانە دەبینیتەوە:

آمَنْتُ بِاللهِ وَمَلاَئِكَتِهِ وَكُتُبِهِ وَرُسُلِهِ وَالْيَوْمِ اْلآخِرِ، وَبِالْقَدَرِ خَيْرِهِ وَشَرِّهِ مِنَ اللهِ تَعَالَى، وَالْبَعْثُ بَعْدَ الْمَوْتِ حَقٌّ

پاشان باوەڕت پێیان دەبێت. دەشێت تەواوی ئەمانە بۆ ٣ حەقیقەت بگێڕیتەوە. هەریەک لە غەزالی و حەزرەتی پیریش ئەم کارەیان ئەنجامداوە. بەڵام بیستنی قورئانی کەریم بەو شێوەیە زۆر گرنگە.

هەروەها گەیاندنی بە کەسانی تر، ئەرکی ئەو کەسانەیە کە خۆیان بیستوویانە. گەر خۆی گوێی لێبووبێت، ئەوا دەبێت بە کەسانی تریشی بگەیەنێت. ئیدی دەڵێت” باشە چۆن دەبێت ئەم مرۆڤانە بەو شێوە بێ ئاگایانە مامەڵە لەگەڵ قورئانی کەریمدا بکەن”. هەروەک هاوەڵە بەڕێزەکان و شوێنکەوتە گەورەکانی ئەوان بیر دەکاتەوە و دەڵێت” ئەمانە قورئان دەخوێننەوە ئەی فرمێسکەکانی چاویان لە کوێیە؟ ئەی هەیەجانی لە دڵیان لە کوێیە؟ ئەی لەرزەی دڵیان لە کوێیە؟”

پێویستە ئەم هەستە لە نێو مرۆڤەکاندا دروست بکرێت. لە ڕێگەی ئەوەی لە دەستی ڕۆحە مردووەکانی بستێنینەوە،  

هەر بە ڕاستی پێویست بە زیندوو کردنەوەی ئەو ڕۆحە دەکات کە دەڵێت” کورە با جارێکی تر گوێی لێبگرمەوە!” بەم شێوەیە بەرەو نوێژەکانی ڕابکات. قورئان بە دەستەوە بگریت و بیخەیتە سەر سەرت و ماچی بکەیت، پاشان بەوپەڕی ڕێزەوە لە بەردەمیدا ببیت بە دووکەرتەوە.

پێموایە ئەم کارێکە کەوا دەبێت کەسانی شارەزای ئەم بابەتە ئەنجامی بدەن. کە دەڵێم شارەزا مەبەستم لەو کەسانە نیە کەوا لە نێو دێڕی کتێبەکاندا ناویان بە دکتۆر، یاریدەدەری پڕۆفیسۆر، پڕۆفیسۆر نوسراوە.  لێرەدا مەبەستم لە مرۆڤەکانی ڕۆحە، مرۆڤەکانی دڵ، مرۆڤە خاوەن هەست و شعورەکان…

پێموایە لەم بابەتەدا پێویستە بە ئاگادارکردنەوەیەکی زۆر جددی دەکات. ئاگادارکردنەوە… پێویستە زۆر پێداگری لەسەر ئەم ئاگادارکردنەوەیە بکرێت. ساڵانی پێشوو قورئانی کەریممان لەگەڵ تەفسیرەکەی دەخوێندەوە، بەیانیان و ئێواران جوزئێکمان دەخوێندەوە. لایەنی کەم مانگی جارێک خەتمێک ئەنجام دەدرا، لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەیە ئەمەوە، هەستی ئەوەی ١٥ ڕۆژ جارێک خەتمێک ئەنجام بدرێت لەلای کەسانی تر دروست دەبوو، لایەنی کەم هەستی ئەوەی لە مرۆڤەکاندا دروست دەکرد، مانگی جارێک واتە لە ساڵێکدا ١٢ جار خەتمی قورئان بکرێت.

ئیمامی ئەبو یوسف دەڵێت” لە کاتی نوێژە سنونەتەکاندا کێشەیەک نیە گەر سەیری قورئان بکەیت و بیخوێنیتەوە،”، ئەمە فەتوا و بۆچوونی ئەوە، لایەنی کەم خوێندنەوەی قورئانی کەریم بەو شێوەیە، هەروەها گەر پێش ئەو خوێندنەوەیە مەجالی ئەوە هەبێت سەیرێکی تەفسیرەکەشی بکەیت، ئیدی کاتێک لە کاتی نوێژدا دەیخوێنێتەوە، لایەنی کەم لەو شتانە تێبگات کەوا دەیخوێنێتەوە. هەندێک لە هاوڕێکانمان ئەم کارە دەکەن ولە ئێستاشدا ئەنجامی دەدەن و پێویستە بەردەوامیشی پێبدرێت.

ئەم بابەتە کەوا بەرامبەری وەک بیانییەکمان لێهاتووە، وەک بابەتی سەرەکی و بنەمای خۆمانی لێبکەین. پێویستە سەرلەنوێ یەکترناسین لەگەڵ قورئان ئەنجام بدەینەوە، لەگەڵیدا ئاوێتە ببینەوە، لە بەرامبەر ئەوەی زۆرێک لە خەڵکی وەها سەیری دەکەن  کەوا کتێبێکە ١٤ سەدەی بەسەردا تێپەڕیوە، چەشنی ئەوەی هەر ئێستا بەسەر ئێمەدا دابەزیبێت، بیخوێنینەوە. هەربۆیە هەندێک جار دەڵێین” وای خودایە، ڕێک وەک ئەوەی هەر ئێستا بەسەر ئێمەدا دابەزیبێت، هێندە لەگەڵ هەستەکانمدا یەک دێتەوە هەر مەپرسە!”. بەم شێوەیە لە نزیکەوە هەستی پێدەکرێت، جەنابی حەق هەستێکی لەم شێوەیە بە نسیبی هەموو لایەکمان بکات.

هەروەها ئەنجامدانی ئیعتیکافیش لەم مانگەدا بە گوێرەی خۆی هەندێک مەرجی هەیە،  بۆ نمونە پێویستە مرۆڤ لە نێو مزگەوتدا بێت، پێویستە خۆی لە شتی فزوڵیات دووربخاتەوە، پێویستە پشت لە شتە دونیەویەکان بکات، بە تەواوی ڕوو لە شتە ئاخیریەتیەکان بکات.

لە ئێستادا دەشێت بەم واتایە و بە شێوەیەکی ڕێژەیی، جەنابی حەق پاڵی بە ئێمەوە نابێت بەرەو خەڵوەتکێشییەکی ناچاری لەو شێوەیە.  هەربۆیە دەڵێن” با نەچینە دەرەوە، چاومان بە کەسانی تر نەکەوێت،  با خۆمان توشی شتێک نەکەین”، هەر بە ڕاستی لە ڕووی پەیوەندیمان بە الله وە، لە ڕوانگەی پەیوەندیمان بە قورئانەوە، پێویستە لەو گۆشەنیگایەوە خۆمان توشی هەڵەیەک نەکەین.

لە ئێستادا لە هەموو لایەکەوە بەڵا و موسیبەت و ڤایرۆس بڵاو بۆتەوە. پێویستە لە دەست ئەم شتانە هەڵبێین و پەنا بۆ پارێزگاری و چاودێری و پاراستنی جەنابی حەق ببەین. بڵێین : پەروەردگارا بمانپاریزە و لە بەڵا لامان بدە.

هەروەها قیتمیریش لەلای خۆیەوە نزایەکی لەم شێوەیەی هەیە:

پەروەردگارا تەواوی ئەو شتانەی کەوا وەک لوتفی خۆت بە قیتمیر، براکانمان، لایەنگرانمان، دۆستان و خۆشەویستانمانت بەخشیوە، وەک نیعمەتی خزمەتکردن بە دینەکەت، کردنەوەی دامودەزگای پەروەردەیی لە شوێنە جیاوازەکان، هۆشیارکردنەوەی مرۆڤەکان، هەرچەندێک نیعمەتت بە ئێمە بەخشیوە، تەواوی ئەمانە لەلای نەزدی ئولوهیەتی خۆت وەک ئەمانەت هەڵبگرە و، خۆت بیانپارێزە و مەهێلە کەسانی تر زیانیان پێبگەیەنن!   لەلای خۆت وەک ئەمانەت هەڵیانبگرەو پارێزگارییان لێبکە خودایە.

زۆر جار ئەم نزایەم بە دڵدا دێت. ان شاء الله هەر بەو شێوەیەش دەبێت، لە ڕاستیدا هەتا ڕادەیەک بەو شێوەیە بوو، بەڵام دەبێت بڵێین” ئێمە گەر بە تەواوی حەقی ئەو پێگەیەی خۆمان بدایە، ئەوا الله نەیدەهێشت هەندێک کەسمان بەسەردا زاڵ ببێت”، هەتا لەم ڕێگەیەوە سەرلەنوێ پێداچوونەوەیەک بە خۆماندا بکەین و خۆمان ڕێک بخەینەوە. مەگەرنا پەنا بە خودا، تەنیا لە ڕێگەی ئەوەی کەسانی تر تاوانبار دەکەین، دەکەوینە ناو غەیبەت و بوختان و عەیبدارکردنی کەسانی ترەوە

وەک ئیلهام لەوەی لە حەدیسێکی شەریفیشدا هاتووە اَللَّهُمَّ اغْفِرْ لَنَا وَلِمَنِ اغْتَبْنَا دەتوانن ئەمەشی بۆ زیاد بکەن اَللَّهُمَّ اغْفِرْ لَنَا وَلِمَنْ عَيَّرْنَا، واتە پەروەردگارا لە ئێمە و تەواوی ئەو کەسانەش خۆش ببە کە هەڵە و عەیبدارمان کردوون. گەر نزایەکی لەم شێوەیە ئەنجام بدەن، ئەوا بە ویژدانێکی فراوان و ناوازەوە هەنگاوتان هەڵگرتووە…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *