سیلەی ڕەحم

 

پرسیار: لە سورەتی ڕەعددا، وەک وەسفی کەسانی بیرمەند و خاوەن ئەقڵ دەفەرموێت: وَالَّذِينَ يَصِلُونَ مَا أَمَرَ اللَّهُ بِهِ أَنْ يُوصَلَ، واتە ئەوان ڕەچاوی هەموو پەیوەندیەک دەکەن کەوا لەلایەن الله فەرمانی بەجێگەیاندنی کراوە. ئەو “صلة” لەم ئایەتە کەریمەدا ئاماژەی پێکراوە، چۆن پەیوەندیەک دەگرێتەوە؟

وەڵام: لەم ئایەتە کەریمەدا ئاماژە بە ٥ سیفاتی کەسانی بیرمەند و خاوەن ئەقڵ( اولوا الالباب) دەکات. یەکەمیان بریتیە لەوەی  الذين يوفون بعهد اللّه

واتە ئەو کەسانە هەر پەیمانێکیان بە الله دابێت، دەیبەنە سەر. واتە هەم ئەو پەیمانەی کەوا لە جیهانی ڕۆحدا بە جەنابی حەق دراوە( کە بریتیە لە ئیمان هێنان بەو)، هەم ئەو پەیمانانەی کەوا لە پەیوەندیە مرۆییەکاندا بە یەکتری دەدرێت، ئەم ئایەتە دەیگرێتەوە. دوای ئەوەی ئاماژە بە لایەنی بردنە سەری پەیمانەکان دەکرێت، لە هەمان کاتدا دەفەرموێت: ولا ينقضون الميثاق

بەم شێوەیە لایەنی نەرێنی پەیمانیش دەخاتە بەرچاو و، دەفەرموێت ئەوان کەسانێکن کەوا پەیمانەکانیان ناشکێنن. لە دوای ئەمانەشەوە دەفەرموێت:

وَالَّذِينَ يَصِلُونَ مَا أَمَرَ اللَّهُ بِهِ أَنْ يُوصَلَ

واتە هەر شتێک کەوا جەنابی حەق فەرمانی گەیاندنی بە یەکتری کردووە، ئەوان بە یەکی دەگەیەنن، هەر شتێ کەوا الله فەرمانی ڕەچاوکردنی کردبێت، ئەوان رەچاوی دەکەن. پاشان دەفەرموێت: و یخشون ربهم

واتە ئەوانەی خاوەن ئەقڵن، لە بەردەم پەروەردگاریاندا خاوەن “خشیة”ن. واتە سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کەوا ئەو کەسانە تەواوی ژیانیان لە نێو بەستنی پشتوێنی بەندایەتی و دووکەرتبوونی پشتیان لەبەردەم پەروەردگاریان دەبەنە سەر. خشیة گوزارشتە لە هەستێکی ڕێزی ناوەکی بەرامبەر الله. گوزارشتە لە داخورپانی دڵ بەرامبەر الله. خشوعیش بریتیە لەوەی لە بەرامبەر هەستکردن بە گەورەیی و مەزنێتی الله، پشتت ببێت بە دوو کەرتەوە و بچەمێیتەوە. بابەتی ئەوەی مرۆڤ لە بەردەم الله خشوع و خەشیەتی هەبێت، بابەتێکی پەیوەندیدارە بەوەی مرۆڤ ناسینی خودای(معرفة الله) هەبێت. هەربۆیە فەرموویەتی :

إِنَّمَا يَخْشَى اللَّهَ مِنْ عِبَادِهِ الْعُلَمَاءُ

واتە ئەوانەی بەرامبەر الله، وەک پێویست خەشیەتیان هەیە،  کەسە زاناکانن، بەم شێوەیە لەم ئایەتەدا گوزارشتی لێکراوە. دواتر دەفەرموێت:

وَيَخَافُونَ سُوءَ الْحِسَابِ

واتە ئەوان زۆر دەترسن لەوەی بە شێوەیەکی زۆر توند لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بەم هۆیەوە هەڵدەلەرزن بە لەرزین.

**

ئەو فەرمانە ئیلاهیەی کەوا پێویستی بە زیندووکردنەوە هەیە

 

سیفاتی کەسانی بیرمەند و خاوەن ئەقڵ کەوا لەو سورەتەدا باسی لێوە کراوە هەر بەم سیفاتانە سنوردار نەکراوە، باسی هەندێک سیفاتی تریش کراوە. بەڵام وەک ئەوەی لە پرسیارەکەدا تەنیا ئاماژەتان بە “صلة” کردووە، لێرەدا زیاتر لەسەر ئەو سیفاتە دەوەستین.

صلة لە ڕووی واتای وشەوە، گوزارشت لە “یەکپێگرتن” دەکات. ئەمەش لە زاراوە ئیسلامیەکاندا بە واتای پاراستنی پەیوەندیە مرۆییەکان، ئەنجامدانی کاری چاکە، چاودێری کردن، بە تایبەتی گەرموگوڕ ڕاگرتنی پەیوەندی خزمایەتی دێت. وەک لە سیفاتەکانی پێشوودا باس لە ڕەچاوکردنی بردنەسەری پەیمان و نەبردنە سەری کرابوو، دواتر یەکەم واتا کەوا لەم فەرمانی بەجێگەیاندنی پەیوەندی و ڕەچاوکردنەی کەوا لەلایەن الله وە دراوە، بریتیە لە بردنە سەری پەیمان و، پێچەسپاوی لەو پەیمانانەی کەوا دەیدەین. لەپاڵ ئەمانەشدا، یەکێکی تر لەو واتایانەی کەوا ئایەتەکە لە خۆی دەگرێت، بریتیە لەوەی لەگەڵ الله و تابلۆی شانازی  و فەرمانەکانی دینی ڕەوانی ئیسلامدا، پەیوەندیەکی وەها بونیاد بنێین کەوا پچڕانی بۆ نەبێت. دەشێت لێرەدا تەواوی بنەماکانی ئیمان، پایەکانی ئیسلام، ڕێسا سەرەکی و لاوەکیەکانی دین هەتا دەگاتە ڕەچاوکردنی حوکمەکان، لە نێو واتای وشەی “صلة” دا جێگە بکەینەوە. دەشێت بە کورتی لێرەدا بڵێین: “صلة” فەرمانە بە ڕەچاوکردنی دین و تەواوی ئەو حوکمانەی لە دیندا بوونیان هەیە.

واتا تایبەتەکەی کەوا دەشێت لێرەدا ئاماژەی پێبکەین، بریتیە لەو بابەتەی کەوا بە سیلەی ڕەحم ناو دەبرێت. واتە ڕەچاوکردنی پەیوەندی خزمایەتی. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کەوا مرۆڤەکان لەیەک دابڕاون، ئەم لایەنەی بابەتەکەش گرنگیەکی زۆری هەیە. بە داخەوە مرۆڤەکان ئەمڕۆ کەوا هەموویان لق و گەڵا و چڵ یاخود میوەی هەمان درەختن، بە شێوەیەکی دابڕاو لەیەکتر ژیانیان بەسەر دەبەن. منداڵان، نەک ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانیان بەرامبەر خزم و کەسوکارەکانیان بەجێناگەیەنن، بەڵکو لە خودی دایک و باوکی خۆیشیان دابڕاون. زۆرێک لە خزم و کەسوکارەکانی خۆیان ناناسن. ئەرک و بەرپرسیاریتیەکانیان بەرامبەر ئەوان فەرامۆش کردووە.   بەم هۆیەوە لەبەر ئەوەی لە کاتی ئێستادا کەوا کۆمەڵگا لە بەهاکانی خۆی دابڕاوە و بە غوربەتێکی زۆر جددیدا تێدەپەڕێت، هەرچەندێک بە دوای ئەم بابەتەدا بڕۆین و ساڕێژی حاڵی مرۆڤەکانی تێدا بکەین، هێشتا هەر کەمە.

ئەمە لە کاتێکدایە گەر سەیری قورئانی کەریم بکەین، لە زۆر ئایەتی کەریمدا، باس لە ڕەچاوکردنی مافی دایک و باوک و پەیوەندیە خزمایەتیەکان دەکات و، بەوپەڕی هەستیاریەوە لەسەریان دەوەستێت. بۆ نمونە:

وَاعْبُدُوا اللهَ وَلاَ تُشْرِكُوا بِهِ شَيْئًا وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَبِذِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينِ وَالْجَارِ ذِي الْقُرْبَى وَالْجَارِ الْجُنُبِ وَالصَّاحِبِ بِالْجَنْبِ وَابْنِ السَّبِيلِ وَمَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ إِنَّ اللهَ لاَ يُحِبُّ مَنْ كَانَ مُخْتَالاً فَخُورًا  

 واتە: تەنیا بەندایەتی بۆ الله ئەنجام بدەن و هیچ هاوەڵێک بۆ ئەو بڕیار مەدەن. لەگەڵ دایک-باوک، خزمان، هەتیوان، هەژاران، دراوسێیانی نزیک، دراوسێیانی دوورەدەست، هاوڕێی ڕێگا، کەسانی غەریب و ڕێبوار، تەواوی ئەو کەسانەی لە ژێر دەستی ئێوەدان چاکە بکەن. چاک بزانن کەوا الله کەسانی لە خۆبایی و شانازی بە خۆوەکەری خۆش ناوێت”.(النساء، ٣٦)

وەک لەم ئایەتە کەریمەدا دەبینن، الله لە دوای فەرمانکردن بەوەی کە تەنیا عیبادەت بۆ خودی خۆی ئەنجام بدەین، یەکسەر فەرمان بە ئیحسان و مامەڵەی جوان و چاک لەگەڵ دایک-باوک، خزم و کەسوکار دەکات.

بەم هۆیەوە کەسێکی ئیماندار پێویستە هەستێکی زۆر جددی پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاریدا هەبێت. سەرەتا لە دایک و باوکەوە، پاشان لە نزیکترین کەسەوە هەتا دوورترین کەس، پێویستە هیچ کەسێک لە سیلەی ڕەحم بێبەش نەکرێت. مادام الله لە دوای ڕەچاوکردنی حەقی خۆی، فەرمان بە ڕەچاوکردنی حەقی هەریەک لە دایک- باوک، لە دوای ئەوانیش خزمان و تەواوی ئەو مرۆڤانەی کەوا بە شێوەیەک لە شێوەکان  پەیوەندیمان پێوەیان هەیە دەکات، پێویستە بە شێوەیەکی ڕەها ڕەچاوی ئەم حەقانە بکرێت.

تەنانەت بەردە بێ گیانەکانیش کاتێک سەر بە سەری یەکترەوە دەنێن، چەندین گومەز و پرد دروست دەکەن و توشی کەوتن و هەڵوەرین نابن. بە هەمان شێوە مرۆڤەکانیش لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، گەر لە نزیکترین بازنەی خۆیانەوە سەریان بە سەری یەکترەوە بنێن و، لە پێداویستە ماددی و مەعنەویەکانیاندا یارمەتی یەکتری بدەن، ئەوا بەلادا ناکەون و هەڵناوەرن.

**

پێویستە خزمەت ڕێگری لە سیلەی ڕەحم نەکات

لەوە دەچێت هەندێک جار بە ئەقڵی مرۆڤدا بێت و بڵێت” من هەرچۆنێک بێت خزمەت ئەنجام دەدەم. بە دوای ئەرکێکی پیرۆزی وەک بەرزکردنەوەی ناوی الله ڕادەکەم. کاتێک ئەرکێکی گرنگی لەم شێوەیە وەستابێت، شتانێکی وەک ڕەچاوکردنی مافی دایک- باوک یان خزم و کەسوکاریش نەبێت، هەر دەبێت”، هەندێک تێبینی شەیتانی لەم شێوەیە بە مێشکی مرۆڤدا بێت. بەم شێوەیە دەشێت مرۆڤ ڕەچاوکردنی مافی خزم و کەسانی نزیکی پشت گوێ بخات. ئەمە لە کاتێکدا یەک پێگرتنەوەی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە لەگەڵ  لۆجیکی قورئانی کەریمدا مومکین نیە. بابەتێک کەوا قورئانی کەریم و سونەت زۆر پێداگرییان لەسەر کردووە و پاڵپشتییان کردووە، کەس مافی ئەوەی نیە هەڵیبگرێت و بیخاتە کەنارێکەوە. لە کاتێکدا خودا بە گەورەیی خۆی فەرمانی بە ڕەچاوکردنی مافەکانی ئەوان کردبیت، بە نیسبەت کەسی ئیماندارەوە دەبێتە ئەرکێکی دینی زۆر گرنگ. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نیە فەرمانەکانی الله بگۆڕێت. هەربۆیە ئەو ئەرکەی لەسەرشانی کەسی ئیماندارە، بریتیە لەوەی سەردانیان بکات و بە گوێرەی شوێنی خۆی دەستیان ماچ بکات و داوای نزای خێریان لێبکات و، خۆ گەر پێداویستیەکیان هەبێت بۆیان دابین بکات.

بابەتی ئەوەی بێ هیچ وچانێک ئەو خزمەتانەی پێویستە ئەنجامیان بدەیت و، لەلایەکی ترەوە ڕەچاوی مافی دایک و باوک بکەیت، کارێکی هەتا بڵێی مومکینە. نابێت هیچ کام لەمانە ببێتە ڕێگری ئەنجامدای ئەرکەکەی تر. لەلایەک بە ئاڕاستەی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی الله خزمەتی دینی ڕەوانی ئیسلام بکەین، لەلایەکی ترەوە دیسان بە ئاڕاستەی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەو، هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دایک-باوک، نەنک- باپیر، پور-میمک، خاڵ-مامەکانمان بدەین و فەرامۆشیان نەکەین.

تەنانەت بە ناوی ئەوەی ئیلهامەکانی ناو دڵمان بە سینەی کەسانی تریشدا بپرژێنین، دەشێت سیلەی ڕەحم وەک ئامرازێکی زۆر گرنگی ئەم بابەتە ببینین. لە ڕێگەی ئەوەی پەیوەندیمان بە خێزان و کەسوکارەکەمانەوە توندوتۆڵ بکەین و هەردەم بە دەمیانەوە بین، دەشێت ئەوانیش ئاگاداری ئەو جوانیانە بکەین کەوا بووینە خاوەنیان. بەم شێوەیە بە پشتیوانی و کۆمەکی الله، سەردانەکانمان بۆ لای ئەوان زیاتر بەرەکەتی تێدەکەوێت، وەک ئەو دەنکە گەنمەی لێدێت کە یەک بە حەوت سەد بەرهەمی دەبێت. خۆ گەر لە ڕێگەی قسەکانیشمانەوە نەبێت، دەشێت لە ڕێگەی حاڵ و هەڵسوکەوتەکانمانەوە شتێکیان تێبگەیەنین و، ببینە نمونە لەلای ئەوان. وەک هەموو کاتێک ئاماژەمان پێداوە، هیچ شتێک نیە کەوا لە ڕێگەی حاڵ و نوێنەرایەتی کردارەکانمانەوە چارەسەری بۆ نەکرێت.

بە تایبەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کەوا ئامرازەکانی پەیوەندی بەرەو پێشچوونیان بە خۆیانەوە بینیوە، پرسینی ئەحواڵی خزم و کەسوکار، بەدەستهێنانی دڵی ئەوان زۆر ئاسان بووە. تەنانەت گەر لەوان دووریش بین و نەتوانین هەموو کاتێک سەردانیان بکەین، دەتوانین لە ڕیگەی تەلەفۆن و ئینتەرنێتەوە، ئەرکی سیلەی ڕەحمی خۆمان لەگەڵ ئەواندا جێبەجێ بکەین. دەشێت لە ڕێگەی پەیوەندی دەنگی و ڤیدیۆیی قسەیان لەگەڵدا بکەین، بایەخ و خۆشەویستی خۆمان بەوان بگەیەنین، ئاگامان لە حاڵیان بێت و دڵیان خۆش بکەین.

 

**

پێویستە بڕۆینە سەردانی ئەوانەی سەردانمان ناکەن

لێرەدا سەبارەت بە هەمان بابەت، پێویستە چەند تێبینیەک لەسەر دوا خاڵ بڵێم. بابەتی ئەوەی کەسە نزیکەکانمان پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئێمە بپچڕێنن، یان ئەوەی ئەرکی سیلەی ڕەحمی خۆیان لەگەڵ ئێمەدا وەک پێویست جێبەجێ نەکەن، ئەمە نابێتە بەهانەیەک بۆ ئەوەی ئێمەش سیلەی ڕەحم لەگەڵ ئەواندا فەرامۆش بکەین. هەربۆیە لە حەدیسە شەریفەکانی سەردارماندا ئاماژە بەوە کراوە، ئەنجامدانی سیلەی ڕەحم لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی کەوا پەیوەندییان لەگەڵ ئێمەدا پچڕاندووە، کارێکی زیاتر فەزیلەتدارترە. (بخاری، ادب، احمد بن حنبل، المسند)

خۆزگە هەموو کەسێک ئەم ئەرکەی گرنگەی بەجێدەهێنا! خۆزگە هەموو کەسێک لە حاڵی کەسە نزیکەکانی دەپرسی و سەردانی دەکردن، دەستی گەورەکان و چاوی بچوکەکانی ماچ دەکرد. ئەمە لە کاتێکدایە وەک لە پێشتریش ئاماژەمان پێدا، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بە تایبەت لە نێوان نزیکترینی خزمەکانیشدا لێکدابڕانێکی زۆر جددی جێگەی باسە. هەربۆیە گەر کەسە نزیکەکانیشمان سەردانی ئێمە نەکەن، پێویستە ئێمە سەردانی ئەوان بکەین، گەر ئەوان لە حاڵ و خاتری ئێمەش نەپرسن، پێویستە ئێمە لە حاڵ و خاتری ئەوان بپرسین.

وەک لە پەندێکی لای خۆیشماندا هاتووە: وەڵامی چاکە بە چاکە کاری هەموو کەسێکە، وەڵامی خراپە بە چاکە، کاری هەموو مەردێکە.

دەشێت هەموو کەسێک وەڵامی سیلەی ڕەحم بداتەوە، سەردانی ئەو کەسە بکاتەوە کەوا سەردانی دەکات. وەڵامی ئەو کەسەی چاکە و ئیحسانت لەگەڵدا دەکات کارێکی ئاسانە. کاتێک شتەکە دوو لایەنە بێت، ئەنجامدانی کاری چاکە ئاسانە. ئەمە هەروەک سەدا و مامەڵە وەهایە. قازانج بە نیسبەت هەردوولاوە جێگەی باسە. بەڵام کاتێک لایەنێکیان ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێنەدەگەیاند، بەردەوامی لە چاکە و ئیحسان بەرامبەر ئەو کەسە هیچ ئاسان نیە. ئەگەر کەسێک سەرەڕای مامەڵەی نەرێنی بەرامبەرەکەی بەردەوامی بە سەردان و پەیوەندی خۆی بدات، بەمە دەوترێت بەجێگەیاندنی سیلەی ڕەحمی ڕاستەقینە. خۆ گەر وەڵامی سیلەی ڕەحم بە هەمان شێوە پاداشتێکی لەسەر بێت، لەوە دەچێت ئەنجامدانی سیلەی ڕەحمێکی لەم شێوەیە سەدان پاداشتی بەدوادا بێت. لە ڕاستیشدا چوونە بەردەمی کەسێک کەوا سەیری دەموچاوت ناکات، بەلای نەفسی مرۆڤەوە کارێکی زۆر سەختە. بەڵام گەر ئەو سەرەڕای ئەوەی دەشکێنرێت و هەڵدەوەرێندرێت گوێی پێنەدات و ئەرکی سیلەی ڕەحمی خۆی بەجێدەگەیاند، هیچ گومان لەوەدا نیە کەوا ئەم کارەی ئەو لای پەروەردگاری زیاتر جێگەی پەسەندکردن دەبێت.

لەمەش زیاتر، لەوە دەچێت هەندێک جار تەلەفۆنەکان بە ڕووماندا دابخرێت، لە دەرگاکەیان دەرمان بکەن، قسەمان لە ڕوو بدرێت. ئەو پەیامە تایبەتانەی کەوا لە جەژن و بۆنە تایبەتەکاندا دەینێرین، بێ وەڵام بهێڵدرێنەوە. سەرەڕای تەواوی ئەمانە، دەبێت زویر نەبین و دڵمان نەئێشێت. بە پێچەوانەوە ڕێگە و شێوازی ڕاستەقینە بگەڕێین و، ئسلوبی جیاواز بدۆزینەوە، بە دوای نەرمکردنەوەی بەرامبەرەکەماندا بگەڕێین. گەر ئەوانیش نەیەن ئێمە هەر بچین، هیچیشمان دەرخوارد نەدەن هەر ئێمە شتیان دەرخوارد بدەین، ئەوانیش تەلەفۆنمان بۆ نەکەن، ئێمە تەلەفۆنیان بۆ بکەین. بە چاکە وەڵامی خراپە، بە نەرمونیانی وەڵامی ڕەفتاری ڕەقوتەق بدەینەوە. ئاکاری ئیماندارانە داخوازی ئەمە دەکات. مەردایەتی لەمەدایە. ئەمەیە ڕێگەی محمدی…   

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *