عاشقی ڕاستگۆ، بەشی ٥٠

“وەک خەنجەر بە سنگمدا دەچەقێت”

هەریەک لە نوح مەتە یوکسەل داواکاری گشتی ئەو کاتەی ئەنقەرە و، ئەو پێکهاتە تاریکەی لە پشتیەوە بوو، مامۆستا و تەواوی پێکهاتەی خزمەتیان لە کەسایەتی مامۆستا مەحکوم کردبوو، لە تەواوی ساڵی ١٩٩٩ بێ وچان و بەوپەڕی هەتەری و هەستی تۆڵەوە، لە دژی مامۆستا کاریان دەکرد.

لەم کاتەشدا وڵات بە هۆی کارەساتێکی گەورەوە توشی هەژان بوو بوو. تورکیا لەو کاتەدا، تورکیا لەو کاتەدا توشی یەکێک لە گەورەترین کارەساەکانی سەد ساڵی ڕابردووی دەبێت، کە ئەویش بومەلەرزەکەی ١٧ ی ئابی ١٩٩٩ بوو. بومەلەرزەکە کەوا بە گوڕی ٧.٤ پلەی ڕێختەر بوو، لە هەریەک لە شارەکانی ئیستەنبول و سەکاریا و کۆجائێلی و چنارجک وێرانکاریەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنابوو. بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان نزیکەی ١٧ هەزار هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوە و، ئامارە نافەرمیەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە لایەنی کەم ٤٠ هەزار هاوڵاتی گیانی لە دەستداوە.

لە دوای ماوەیەکی زۆر کەم، سەرهەڵدانی کارەساتی شەیتانپەرستەکان، لایەنی کەم هێندەی بومەلەرزەکە ڕۆژەڤی وڵاتی ژێراوژور کرد. لە ڕێکەوتی ١٩ ی ئەیلولی ١٩٩٩، ٣ کەسی کەسی شەیتانپەرست دەستگیرکران کەوا لە کاتی مەراسیمی تایبەت بە خۆیاندا، کچێکی گەنجیان بە ناوی شەهریبان لە گۆڕستانی ئۆرتاکۆی سەربڕی بوو. لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا، مێدیاکان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ باسیان لە بیروباوەڕی شەیتانپەرستەکان دەکرد. هەروەها ٣ ڕۆژ دوای ئەم ڕووداوە، دوو کچی گەنج کەوا لە شاری ئەدەنە دادەنیشتن و بانگەشەی ئەوە دەکرا ئەوانیش شەیتانپەرست بن،  لە قاتی ١٣ هەمی بینایەکی ناوچەی ئێردەمیتی شاری مەرسین خۆیان فڕێ دایە خوارەوە و بەم شێوەیە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنابوو. هەربۆیە شەیتانپەرستی وەک ئەوەی پەتا و درمێکی گواستراوە بێت، بە خێراییەکی زۆر لە نێوەندی خوێندگەی شارە گەورەکاندا بڵاو دەبوویەوە. ئەمەش لەسەر هاوڵاتیان کاردانەوەیەکی قوڵی دروست کردبوو.

بەڵێ، لە کاتێکدا گەنجانی وڵات بەم شێوەیە بە تۆڕی شەیتانەوە بوو بوون و پەلەقاژەیان دەکرد، بە داخەوە لەولاوە کەسانێک خەریکی ئەوە بوون بە تاوانی دەستکرد، کەسانێک تۆمەتبار بکەن کە هیوای گەنجانی وڵات بوون.

هەربۆیە ئەوانەی لەمڕۆدا وەها بیر دەکەنەوە کەوا لە ڕێگەی بانگەشەیەکی ساختەی کودەتاوە، دڵانێکی ڕاستەقینە و سەمیمی خزمەتیان لەناوبردووە کەوا لە پێناو وڵاتی خۆیاندا ئەم ئەرکە بەجێدەگەیەنن و ئەوانیان لەوە دابڕیوە ببنە کانگای ئیلهامی هەموو دونیا، بە هەڵەدا چوون. الله لەمڕۆدا بزاڤی خزمەت بۆ قۆناغێکی تر وەردەچەرخێنێت. ئەوانەی بە مەبەستی لەناوبردنی بەدیعوزەمان، بە نەزانی خۆیان هێنایانە مەیدانەوە، چەشنی ئەوانەی لەمڕۆدا زوڵم لە هاوسۆزانی خزمەت دەکەن، بێ ئەوەی خۆیشیان بزانن، هاوسۆزانی خزمەت ئاڕاستەی ئەوە دەکەن بە ڕووی تەواوی دونیادا بکرێنەوە و خزمەتی هەموو مرۆڤایەتی بکەن. ئەمەش تەقدیری قەدەری ئیلاهیە…

**

مامۆستا بیر لە تەواوی مرۆڤایەتی دەکاتەوە

 

خەمی مامۆستا تەنیا بۆ ئەو مرۆڤانە نەبوو کەوا لە تورکیادا بوونیان هەبوو. لە ساڵی ٢٠٠٠، کاتێک هەندێک سیاسەتمەدار سەردانی مامۆستا دەکەن، لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت” لە بۆرما ٣٠٠ هەزار موسوڵمان بوونیان هەیە، ئەمانە مافی هاوڵاتبوون و ناسنامەیان پێنادرێت. بە ڕاستی ئەمە لە ناخمدا هەستێکی هیجرانی قوڵی دروست کردووە”.

یەکێک لەو ڕۆژنامەنوسانی کەوا لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداری کردبوو، بەم شێوەیە گوزارشتی لە سەرسوڕمانی خۆی دەکرد” سەرەڕای ئەوەی من لە کاری پیشەیی خۆمدا، کار لەسەر کاروباری دەرەوەی وڵات دەکەم، بەڵام هەتا ئەو ساتەی مامۆستا ئاماژەی پێکرد، ئەوەم نەزانیبوو کەوا لە بۆرمادا ٣٠٠ هەزار موسوڵمان بوونی هەیە”.

یەکەم خوێندنگەی خزمەت لە بۆرما لە ساڵی ٢٠٠٠ کرایەوە، ژمارەی خوێندکارەکانیشی ٧٠٠ کەس بوو.

لەو ساتەی گەردولولی نێرگیس لە ڕێکەوتی ٣ ی ئایاری ٢٠٠٨ هەڵیکرد و، لە بۆرماش دەیان هەزار بە هۆیەوە گیانیان لە دەستدا، ٧ خوێندکاری بۆرمای خوێندنگەکانی خزمەت، لەو کاتەدا بە مەبەستی بەشداری لە ئۆڵمپیاتی کەلتور و زمان لە ئیستەنبول بوون.

خوێندنگەکانی خزمەت لە دەرەوەی وڵات کەوا مامۆستا وەک سەرچاوەی ئیلهامیان بوو، لە تێڕوانینی بولەنت ئەجەویدی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیادا، پڕۆژەیەکی زۆر گەورە بوو. هەربۆیە ئەجەوید لە ساڵی ٢٠٠٠ لە میانەی بەشداری لە کۆڕبەندی ئابوری ساڵانەی شاری داڤۆسی وڵاتی سویسرا، کاتێک باسی تورکیای بۆ وڵاتانی بیانی دەکرد، وەک ئاماژەدان بە خوێندنگەکانی خزمەت کەوا لەو کاتەدا لە ٣٤ وڵاتی دونیا کرابوونەوە، دەستەواژەی ” ئاماژەکانی ئێمە لە دونیای مۆدێرندا” ی بۆ بەکارهێنان.

ئەجەوید لە مانگی شوباتی هەمان ساڵدا کاتێک سەردانی وڵاتانی ڕۆمانیا و ئەلبانیای کرد، ئەوەی بۆ دەرکەوت کە ڕەجەب مەیدانی سەرۆک کۆماری ئەلبانیا، لە ساڵی ١٩٩٦ مامۆستای وانەی فیزیای یەکێک لە خوێندنگەکانی خزمەت بووە. هەروەها منداڵی سەرۆک کۆمار و وەزیرەکانی ئەو وڵاتە، لە خوێندنگەکانی خزمەت دەیانخوێند.

ئەجەوید لە ڕۆمانیا سەبارەت بە خوێندنگەکانی ئەو وڵاتە وتی:

” خوێندنگەکانی دەرەوەی تورکیا هەستی شانازی لە مندا دەبزوێنێت. ئاماژەکردنیش بەمە لە هەموو بۆنەیەکدا، وەک قەرزی سەرشانی خۆم دەبینم”.

ئەجەوید لە مانگی ئازاری هەمان ساڵدا، لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ وڵاتی هندستان، لە فڕۆکەخانەی نیودەلهی لەلایەن خوێندکارانی خوێندنگەکانی خزمەتەوە پێشوازی لێکرا، کەوا سەر بە دینە جیاوازەکانی وەک سیه، بودیست، هیندۆز و ئیسلام بوون.

مامۆستا کەوا هەردەم دەڵێت ” هەموو بابەتێک هەر لە خودی خۆتەوە دەست پێدەکات و، لە خودی خۆتدا کۆتایی دێت”، لە وتارێکیدا کەوا لە ڕێکەوتی ٣١ ی ئایاری ٢٠٠٠ پێشکەشی کردووە دەڵێت” لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ئەوانەی موسوڵمانن یاخود تازە موسوڵمانێتییان کەشف کردووە، ئیدی نازانم بە هەر حیکمەتێک بێت، یەکسەر پێیان بەرەو توندوتیژی هەڵدەخلیسکێت.  یەکسەر ڕوو لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە هەموو بابەتەکان لە منەوە(خودی مرۆڤ) دەست پێدەکات و، هەر لە مندا کۆتایی دێت”.

هەربۆیە ئەوانەی دەیانەوێت لە دونیادا ڕیفۆرم ئەنجام بدەن، پێویستە سەرەتا لە خۆیانەوە دەست پێبکەن. سەرەتا پێویستە نەفرەت و بوغز و حەسودی ناو ناخیان پاک بکەنەوە و، دونیای دەرەوەیان بە هەموو جۆرە فەزیڵەتێک بڕازێننەوە، هەتا بتوانن مرۆڤەکان بۆ سەر ڕێگەیەک بگوازنەوە، کەوا بەرەو دونیایەکی باشتریان دەبات.

 

بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، کوێری و کەڕی و لاڵی بەرامبەر هەڵەکانی بەرامبەر، یەکێکە لەو فەزیڵەتانەی پێویستە لەو کەسانەدا هەبێت کە دەیانەوێت دونیا بگۆڕن. وەک دەڵێن داپۆشینی هەڵەی کەسێک، باشترە لەوەی جلێکی ئاوریشمینی لەبەر بکەیت. کەسێک کەوا نەتوانێت بە نەرمونیانیەوە باوەش بۆ هەموو مرۆڤێک بکاتەوە، لە بابەتی لێبوردەییدا لێوەشاوەیەتی خۆی لە دەستداوە. کەسێکیش کەوا بەرامبەر کەسانی تر لێبوردە نیە، مافی ئەوەی نیە لێبوردەیی لە کەسانی تر چاوەڕێ بکات. کەسێک ڕێز لە هەموو کەسێک نەگرێت لە پێگەی خۆیدا، ڕێزیش نابینێت. ئەوەی هەموو کەسێکی خۆش نەوێت، شایستەی ئەوە نیە خۆشبویسترێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، الله ئەرکی ئەوەی نەخستۆتە سەرشانی کەس، کەوا عەیب و کەموکورتی مرۆڤەکانی تر ئاشکرا بکات. وەک ئەوەی هیچ کەسێک لەسەر ڕووی زەوی داواکاری گشتی نیە بە ناوی خوداوە، لە هەمان کاتدا ئەو پۆلیسەش نیە کەوا لە دوڕیانەکانی سەر شەقامەکان دەیبینین. الله ئێمەی نە وەک زەبانی ئاگری دۆزەخ، نە وەک دەرگاوانی بەهەشت نە ئەفراندووە. هەرکەسێک لای خۆیەوە بۆ ئەوەی کەموکورتی کەسەکانی تر نەبینێت، دەبێت کل بکاتە نێو چاوەکانی، بۆ ئەوەی گوێشی لێینەبێت، قورقوشم لە گوێکانیدا بتوێنێتەوە. مرۆڤێک لە کاتێکدا خراپەیەکی لەلایەن کەسێکی ترەوە بەرامبەر ئەنجامدرا، چەشنی ئەوەی دۆسیە بێ کەڵکەکانی ناو کۆمپیوتەرەکەی دەسڕێتەوە، پێویستە دەستبەجێ بیسڕێتەوە و فڕێی بدات”.

**

غوربەتێکی خەماوی

دوو ساڵی یەکەمی مامۆستا کەوا لە ویلایەتی پەنسیلڤانیای وڵاتی ئەمەریکا بەسەری برد، لە نێو تەنیاییەکی تەواودا بوو. لەم ماوەیەدا تەنیا ٣-٤ جار لە ماڵەکەی چووە دەرەوە، لەم چوونە دەرەوانەشیدا سەردانی نەخۆشخانەی کرد. سەرەڕای ئەوەی لەو کێڵگەی تێیدا دەمێنێتەوە گۆمێکی ئاوی سروشتی لێیە، چەند ساڵێک تەنانەت بۆ یەک جاریش بە لای ئەو ئاوەدا نەڕۆشت. پارێزەرەکانی بە ناوی عەبدولقادر ئاکسۆی و فەتی ئۆنە کەوا لە ساڵی ٢٠٠٣ سەردانیان کرد، ئاوەکەی ناو باخچەکەی پشاندان و وتی” لەوەتەی هاتوومەتە ئێرە، لەوە دەچێت ٢-٣ جار چووبێتمە لای ئەو ئاوەی لە باخچەکەدا دەیبینن”.

مامۆستا لە کاتی نانخواردندا کەوا هەموو کاتێک حەز لەوە دەکات چواردەوری قەرەباڵغ بێت، ٧-٨ کەس زیاتری لێنەدەبوو. لە ساڵی ٢٠٠١ کاتێک سەرۆکی ڕێکخەری کۆمپانیای ECA سەردانی کرد، بە مامۆستای وت” مامۆستا هەست بەوە دەکەم ئێوە بە حەسرەتی خۆرەوە دەژین، وەرن با هەتا لای ئاوی ناو باخچەکە بڕۆین”، مامۆستاش لەم کاتەدا لەبەر دڵی میوانەکەی، هەتا لای کەنار ئاوەكە ڕۆشت. مامۆستا لەو ڕۆژەدا، ئەوە یەکەم جار بوو، کەوا چووە کەناری ئەو ئاوەی لە کێڵگەکەیدا هەبوو.

لە ساڵی ٢٠٠١ تەنیا شتێک کەوا دڵی مامۆستای خۆشکرد، بریتی بوو لەوەی تەلەڤیزیۆنی سامانیۆڵو دەستی بە ژیانی پەخشی خۆی کرد. مامۆستا لەو ساڵەدا لەگەڵ نزیک بوونەوەی مانگی ڕەمەزان، ئیمکانی ئەوەی دەستکەوت لە نزیکەوە لە تەلەڤیزیۆنەوە تورکیا ببینێت و، لە کاتی نزیکبوونەوەی بەربانگ، تەلەڤیزیۆنی ساڵۆنەکەی هەڵدەکرد و، لە بەرامبەر بینینی مرۆڤەکانی ناو شاشە، دیمەنەکانی ئیستەنبول و ئەو مرۆڤانەی بە لێشاو دەچوونە ناو مزگەوتەکانەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام فرمێسک بە چاوەکانیدا دەهاتە خوارەوە. لەم قۆناغەدا بە شێوەیەکی وەها لە ژێر کاریگەری هەستەکانیدا بوو، کاتێک بە دەگمەنیش لە تورکیاوە هەندێک میوانی دەهات، لە  دوای بەڕێکردنیان نزیکەی کاتژمێرێک بە خەفەتەوە لە ساڵۆنەکە دادەنیشت و، زۆری پێدەچوو هەتا هەڵدەستا و  دەچووە ژوورەکەی خۆی.

مامۆستا لە نێوان مانگی ئابی ٢٠٠١، هەتا ئەیلولی ٢٠٠٢، نزیکەی ساڵێکی ڕێک هیچ شتێکی نەنوسی.

هاوڵاتیانی تورکیاش کەوا لە ساڵی ١٩٩٩ بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو، هیچ دەنگێکی مامۆستایان نەبیستبوو، ساڵی ٢٠٠١ وەک خاڵی وەرچەرخان وەهابوو. هەندێک لە خوێندکارەکانی مامۆستا کەوا لەو کاتەدا لەگەڵیدا دەمانەوە، ماڵپەڕی herkul.org یان کردەوە، ئەو وتارانەی مامۆستا ڕۆژانە پێشکەشی دەکرد، وەک دەقی نوسراو بڵاو دەکرایەوە. بەڵام عەوداڵی هاوڵاتیان بۆ ماڵپەڕەکە بە شێوەیەکی وەها ڕووی لە زیاد بوون کرد، پاش ماوەیەک دەستکرا بەوەی وتارەکانی مامۆستا وەک تۆمار دەنگیش بڵاو بکرێنەوە.

ئیدی لە نێوان مامۆستا و خۆشەویستانی، لە ڕێگەی ئەم ماڵپەڕەوە جۆرێک لە پەیوەندی دروست بوو. ئیدی ڕۆژانە سەدان نامە بەسەر پەنسیلڤانیادا دەباری. مامۆستا لە سەرەتاوە ڕازی نەبوو بەوەی وتارەکانی وەک تۆماری دەنگی بڵاو بکرێنەوە. بەڵام لە دوای ئەو هەموو نامە و پەیامەی بە دەستی گەشت، وازی لەم بڕیارەی هێنا. زۆرینەی ئەو نامانەی لە هەر چواردەوری دونیاوە بە دەستی مامۆستا دەگەشت، دەیانوت” ئیدی هەموو هەفتەیەک هەواڵی تۆ دەزانین، ئێستا وەک ئەوە وەهایە هەر لە ناو ئێمەدا بیت و گوێت لێبگرین”.

**

ئەو نەوەیەی داوای “من” ی تێپەڕاندووە

مامۆستا لە وتارێکیدا کەوا لە مانگی تشرینی دووهەمی ٢٠٠١ پێشکەشی کردووە دەڵێت:” با ئەمە وەسیەت بێت لەلاتان. هێندەی ئەوەی لە دەستان دێت، چواردەورەکەتان لە “منێتی” و ئێگۆ دوور بخەنەوە. ئەگەر ڕۆژێک ئەو نەوە ئایدیاڵە بێت، ئەو نەوەیەی کەوا لە یۆتۆپیاکاندا وێنەی بۆ دەکێشرێت، ئەوا کەسانێکن کەوا خودپەرست نین و داوای “منێتی” یان تێپەڕاندووە، وازیان لە ‘منێتی” هێناوە و نەوەیەکن کەوا یەکێتییان بەدەستهێناوە”.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا پاڵنەری وەها هەن کەوا مرۆڤەکان بەرەو ئێگۆسەنتەری پاڵ پێوە دەنێن، بە هیچ شێوەیەک الله ناخانە حسابەکانیەوە. ئەم سەردەمە سەردەمی خۆپەرستیە. ئەمە لە کاتێکدایە پێویستە مرۆڤ، لە بەرامبەر بچوکترین نیعمەتدا کەوا لەلایەن الله وە پێی بەخشراوە، پێویستە چەشنی مەولەوی بکەوێتە سەما و جەزبە بیگرێت و ئەوە لە بیر نەکات کەوا ئەم نیعمەتە لەلایەن الله وە پێی بەخشراوە. بەڵام ئێگۆی مرۆڤ، چەشنی دزێکە کەوا هەردەم ئەم ڕاستیانەی لە بیر دەباتەوە”.

**

ئەو ناڕەزایەیتیەی لە ڕۆشنبیرانەوە چاوەڕێی دەکرد

لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەکانی مامۆستا لە ئەمەریکا، ژمارەی ئەو دەرمانانەشی بەکاری دەهێنا، ڕوویان لە زیادبوون دەکرد. نزیکەی ٢٠ جۆر دەرمانی بەکاردەهێنا. زۆر ناڕەحەت بوو بەرامبەر ئەو گەردەلول و فەرتەنەیەی لە چواردەوری ناوی خۆیی و خزمەت بەرپا دەکرا.

ئەو داوایەی نوح مەتە لە دژی مامۆستا کردبوویەوە، یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەی خەفەتەکانی مامۆستا بوو. کاردانەوەی سەرەتای مامۆستا ئەوە بوو، کە بە هیچ شێوەیەک بایەخی بە دۆسیەکە  نەدەدا. بە تایبەت لەو ڕۆشنبیرانەی چەندین ساڵ بوو خەباتیان بۆ ئەوە دەکرد کەوا لە تورکیادا دیموکراسیەت بە بێ کەموکورتی پەیڕەوی لێبکرێت، چاوەڕێی ئەوەی دەکرد نارەزایەتی خۆیان دەرببڕن.

ئەوەی لە ناخەوە مامۆستای بە قوڵی بریندارکردبوو، ئەو داوایەی لە ڕاستیدا خەبات بوو لە دژی هزرێکی دیاریکراوی تورکیا، لەلایەن کۆمەڵە کەسانێکەوە وەک داوای خودی فەتحوڵڵا گولەن پشان دەدرا. ئەمە لە کاتێکدا بوو ئەوەی لەسەر کورسی تۆمەتباری دادگایی دەکرا مامۆستا فەتحوڵڵا نەبوو، بەڵکو ئەو بەهایانە بوو کە لەلایەن زۆربەی خەڵکانی تورکیاوە وەک شێوازی ژیانی خۆیان پەسەندیان کردبوو. هەربۆیە داواکاری گشتی بە ناوی مەتە یوکسەل، لە ڕێگەی شەخسی مامۆستاوە دادگایی ئەم بەهایانەی دەکرد. ئەو ناڕەزاییەی مامۆستا چاوەڕێی دەکرد، بریتی نەبوو لەوەی خەڵک لەبەردەم دادگا کۆببنەوە و خۆپشاندان ئەنجام بدەن. چونکە ئەمە شتێک بوو کەوا بە درێژایی ژیانیی لە دژی وەستابوویەوە. ئەو دەنگەی مامۆستا چاوەڕێی دەکرد، لە ڕۆشنبیرانەوە چاوەڕێی دەکرد. هەربۆیە هەڵوێستی بێ پەروایانەی هەندێک کەس، ئەویان زۆر دڵتەنگ دەکرد.

مامۆستا سەرەڕای ئەوەی لە نیشتیمانی غوربەت زۆر بە تەنیا مابوویەوە، لە هەمان کاتدا گیرۆدەی دەستی چەندین نەخۆشی لاشەیی بوو بوو. کاتێک مانگی ڕەمەزانیش دەهات، هەرچەندێک ناڕەحەت ببووایە، بەردەوام دەبوو لە ڕۆژوو گرتنی خۆیی و ئەمەش هەتا بڵێی بێهێزی دەکرد. پزیشکەکەی پێیدەوت” ڕۆژوو گرتن بۆ ئێوە زۆر مەترسیدارە، ئەگەری مەترسی بەرزبوونەوەی شەکرە و مەیینی خوێنەکەت لە ئارادایە”. بەڵام لە وەڵامی پزیشکەکەدا دەیوت” دکتۆر من گەر ڕۆژوو نەگرم، هەر  بەڕاستی لەو کاتەدا دەمرم”.

مامۆستا لە بەرامبەر مەترسی ئەوەی بە درێژایی ڕۆژ شەکرەکەی لە پڕ داببەزێت و توشی مەترسی کەمی شەکری ناو خوێن(هایپۆگلیسەمی) ببێت، بەردەوام دەرزی گلۆکاگۆنی لەسەر مێزەکەی دادەنا.  مامۆستا بۆ ئەوەی بگاتە بەربانگ و توشی مەترسیەکی لەو شێوەیە نەبێت، هەم لە کاتی بەربانگ و هەم لە کاتی پارشێودا دەرزی ئینسولینی بەکاردەهێنا. ئەمە لە کاتێکدا بوو لەو ڕۆژانەدا، ئازارێک لە شانی ڕاستیەوە هەتا پەنجەکانی دەستی دادەبەزی و، پزیشکەکانی ئەمەیان بە حاڵەتی ” neuropathy” دیاریکردبوو. ئازارەکەی هەندێک جار هەتا ڕادەیەک بەرز دەبوویەوە کە توانای بەرگەگرتنی نەبوو. هەروەها چەندین ساڵ بوو ئازاری قۆڵیشی هەبوو، بەڵام لەو چەند مانگەی دوایدا زۆر توند بوو بوو. بە شێوەیەکی لێهاتبوو کەوا نەیدەتوانی پەنجەکانی بنوشتێنێتەوە و، کاتێک دەستەکانی بەکاردەهێنا ئازاری دەچەشت. بەکارنەهێنانی دەستی ڕاستی، وەهای لێدەکرد کەوا چیدی نەتوانێت نوسینەکانی بنوسێت. ئەمەش بە نیسبەت کەسێکەوە کەوا چەندین ساڵە خەریکی نوسینە، ئازارێکی جیاوازتری پێدەدا. هەربۆیە یەک دوو تێبینی بچوکی دەنوسی و، نوسینەکانی بە یەکێک لە خوێندکارەکانی دەنوسیەوە، بەم شێوەیە توانی یەک دوو وتاری خۆی تەواو بکات.

مامۆستا لە ڕێکەوتی ١٩ ی تشرینی دووهەمی ٢٠٠١، سەبارەت بەو تۆمەتانەی لەلایەن دادگاوە ڕووبەڕووی کرابوویەوە وتی” تەنیا نزای من، تەنیا ناسۆری من، بریتیە لەوەی مرۆڤەکان الله بدۆزنەوە و ئیمانی پێبهێنن. هەموو ڕۆژێک بە لاڵانەوە و کڕوزانەوە نزا دەکەم: پەروەردگارا نزای من بۆ ئەوەی مرۆڤەکان تۆ بناسن و باوەڕت پێبهێنن. بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەی ئەوەم ڕۆژانە چەندین جار بمرم و زیندوو ببمەوە. کەسانێکیش کەوا لەم شتانە تێناگەن و، بۆ تاقە جارێکیش ناسۆری مرۆڤەکانیان لە ڕۆحیاندا هەست پێنەکردووە، لای خۆیانەوە ناسۆر و دەرد و کۆششی ئێمە لە کایەیەکی تردا دەبینن. باسی دەوڵەت و حوکمەت و سیاسەت دەکەن… تۆمەتبارم دەکەن بەوەی هەوڵی دەستبەسەراگرتنی تورکیا دەدەم. من داواکاری هیچ شتێکی دونیایی نیم. گەر تەکلیفی سوڵتانێتی هەموو دونیا بخەنە بەردەمم، ئاوڕێک لەولایە نادەمەوە و بە تیلەی چاویشم سەیری ناکەم. لە بەرامبەر ئەم تۆمەتانەشدا هەمیشە دەڵێم” پەروەردگارا تۆ بڵێی لەو کاتەنەدا کە ویستوومە بەندایەتی بۆ تۆ ئەنجام بدەم و ڕەزامەندی تۆ بەدەست بهێنم، هەڵەیەکم کردبێت؟ تۆ بڵێی لە ئیخلاس و دڵسۆزیمدا کەموکورتیەکم نواندبێت، وەها بە شتانێک تۆمەتبارم دەکەن کەوا لە هەموو ژیانمدا بیرم لێنەکردۆتەوە و تەنانەت نەهاتۆتە ناو خەوەکانم و خولیایەکی وەهاشم بە مێشکدا نەهاتووە. زۆر سەرم بەو کەسانە سوڕ دەمێنێت کەوا بە دەستی گروپێکی نا-ڕەسەنی ناوخۆی تورکیا فریویان خواردووە، دەستیان لە دەستی ئەواندا داناوە هەتا پێکەوە داهاتووی ڕۆشنی تورکیا تاریک بکەن… من بەم حاڵە نەخۆشیەی هەمە، پێموایە کۆتا ساڵەکانی ژیانم بەسەر دەبەم. هیچ سڵ ناکەمەوە لەوەی هەستم و بچمە بەردەم دادگا، بە شێوەیەک کەوا هەموو دونیا بیبیستێت، تەواوی ئەو سوکایەتیانەی پێمدەکرێت، بە دەموچاوی بکەرەکانیاندا بدەمەوە… بەڵام هەرچیەک بێت، لە ئێستادا کاتی کارێکی لەو شێوەیە نیە… لە سەردەمێکدا کەوا هەموو کەس خووی بە شەڕکردنەوە گرتووە، پێموایە هەرچیەک بەرامبەر نەفسمان بکرێت، ناچارین بەوەی بەرگەی بگرین. بۆ ئەوەی گوڵ لە ئێمەوە بڕوێت، ناچارین ڕازی بین بەوەی ببین بە پەیین. خۆ هەڵناستین بەوەی وەڵامی هەرکەسێک بدەینەوە کەوا بوختان و تۆمەت و لەکەمان بەسەردا دەبارێنێت. ئێمە سەربازانی ڕێگەی موحیبەتین، کاتی دوژمنایەتیمان نیە”.

لەو کاتەدا، یەکێک لەو کەسانەی سەردانی مامۆستایان کرد، محمد ئەمین ئۆزکان بوو، کە لە کاتی ڕووداوەکانی بوردوردا پارێزەری مامۆستا بوو بوو. کاتێک ئۆزکان بە مامۆستای وت” مامۆستا خۆزگەم دەچوونە بەردەم دادگا و، لەبەردەم خەڵکی تورکیادا هاواری هەموو ڕاستیەکانتان دەکرد”، مامۆستا وەبیرهێنانەوەی بۆ کتێبەکەی نورەدین تۆپچو کرد بە ناوی “ئەخلاقی سەرکەشی”، کە بە لای ئۆزکانەوە نوسەرێکی زۆر خۆشەویست بوو، تۆپچوش لە بەشێکی قسەکانی ئەو کتێبەیدا دەڵێت” دەتوانم بێمە مەیدان و هاواری تەواوی ڕاستیەکان بکەم، بەڵام ئەوەی پێویستە لەمڕۆدا بکرێت ئەوە نیە”…مامۆستا هەمیشە لە بەرامبەر ئەم جۆرە قسانەدا دەیوت” با ئێمەش بەردێک نەخەین ناو گۆمی حزوری وڵاتەوە، کەوا لەلایەن کەمینەیەکی ئۆلیگارشیەوە لێڵکراوە”.

هەربۆیە کاتێک مامۆستا لە ڕێکەوتی ٣١ ی ئازاری ٢٠٠٢ توشی جەڵتەی دڵ بوو، ئەگەری زۆرە تەواوی ئەم ناڕەحەتیانەی توشی بوو، کاریگەرییان لەسەر هەبووبێت. ئیدی وەهای لێهاتبوو کەوا نەیدەتوانی بەسەر پلیکانەکاندا سەربکەوێت و، زۆرینەی کاتەکان بە نەخۆشی لە جێگەدا کەوتبوو.

مامۆستا لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت” ماوەیەکی زۆر بوو لە شێوازی لێدانی دڵمدا ناڕێکی هەبوو. لەم ماوەیەی کۆتاییدا زۆر بێتاقەت بووم. چەند شتێک ڕوویاندا وەک ئەوە وەهابوو کەوا پشتم بووبێت بە دووکەرتەوە. ئەو شتانەی بەسەر ئومەتی محمد هاتن، وەک خەنجەر بە سینەمدا چەقی. ئەو ئەزیەت و ئەشکەنجانەی لە شوێنە جیاوازەکانی دونیا لە دژی موسوڵمانان ئەنجام دەدرێت، ڕیتمی لێدانی دڵی منیان شێواند. ئەو ئەزیەت و ئەشکەنجەیەی بەرامبەر مرۆڤە بێ گوناحەکانی خەڵکی فەڵەستین ئەنجام دەدرێت، بە تەواوی قۆڵ و باڵی منیان شکاندووە. بابەتی ئەوەی جگە لە نزاکردن هیچ شتێکی ترمان لە دەست نایەت، قوڵایی ڕۆحمی هەڵتەکاندووە. لە ڕاستیشدا دڵێک کەوا خۆی لە خۆیدا زۆربەی دەمارەکانی گیرابێتن، بەرگەی ئازارێکی لەم شێوەیە ناگرێت. هەربۆیە هاوڕێکانم ئۆتۆمبیلی فریاکەوتنیان بانگ کرد و گواستیانمەوە بۆ نەخۆشخانە. لە نەخۆشخانە زۆر وەڕز بووم، ڕۆژانێکی زۆر سەختم بەسەر برد. بەڵام لە بەرامبەر جەنابی حەق هیچ سكاڵایەکم نەکرد. تەمەنم ٦٤ ساڵە، الله هەتا ئەم تەمەنەی هێناوم، زۆر مرۆڤی جوان و، دۆستی ڕاستگۆ و ڕاستەقینەم ناسی. هەتا ئێستا زۆر ڕۆژی جوانمان پێکەوە بینیوە. هەمیشە وەفای گەلەکەشم لە ژور سەرمانەوە بووە. ئیدی بۆ لەمەودوا، ئەوەم قبوڵکردووە کە هەتا دوا ڕۆژەکانی ژیانم بەم شێوەیە بە نەخۆشی بیبەمە سەر.  وێڕای هەموو شتێک هەستی شوکرانەبژێری بێ کۆتام بەرامبەر پەروەردگارم هەیە. ساڵانێکی دوور و درێژە توشی چەندین نارەحەتی و نەخۆشی بووم. بەڵام ئەو جەڵتەی دڵەی لەم دواییەدا توشم بوو، منی بە تەواوی بەو دونیاوە بەست. ئیدی هەر قسەیەک دەکەم، وەک دوا وتەکانی خۆم دەیانبینم و بەو شێوەیە دەریاندەبڕم. پێموایە دوا دەمەکانی ژیانم دەژی و بە تەواوی لە داڵانی  ژیانی ئاخیرەت نزیک بوومەتەوە. ئێستا ئاسۆی جیهانی ئەولا لەبەرچاوەکانمدا هەڵهاتووە”…

مامۆستا کاتێک باسی ئەوە دەکات کەوا نەخۆشیەکان چۆنی ماندوویان کردووە” تەنانەت نوێژەکانم بە دانیشتنەوە ئەنجام دەدەم، کەوا لە تەمەنی ٥ ساڵیمەوە ئەنجامیان دەدەم”. هەروەها دەڵێت” گەرچی لە جەڵتەی یەکەم جاریش ڕزگارم بوو، بەڵام هێشتا ناڕەحەتیەکانی نەخۆشی شەکرە و دڵم بەردەوامە. ڕۆژانە چەندین جار پشکنینی شەکرەی خوێن ئەنجام دەدەم، ناچارم بەوەی گوێ لە ترپەکانی دڵم بگرم، جگە لەو یەک دوو دەرمانە زیادانەی ڕۆژانە بەکاری دەهێنم، هەموو ڕۆژێک نزیکەی ٢٥-٣٠ جۆری دەرمان بەکاردەهێنم. تەنیا ئەو کاریگەریە لاوەکیانەی ئەم دەرمانانە لە لەشی مرۆڤدا دروستی دەکەن، بەسە بۆ ئەوەی لە جێگەدا بیخەن. بەڵام مانەوە لە نێو جێگا و خەوتن زیاد لە حەدی خۆی، شتێکە کەوا بە درێژایی ژیانم بێزم لێیهاتۆتەوە. بەم هۆیەوە هەر زوو لە جێگەکەمدا ڕاست دەبمەوە، تەنانەت گەر بە نیمچە دانیشتنیشەوە بێت، پێم باشترە لە حزوری یەک دووانێک لە هاوڕێکانمدا بم. چەشنی ئەمڕۆ، تەواوی ژیانم هەر قومم لە ئازار و دەرد و ناسۆری داوە و، هەریەک لە ناسۆریەکانیش بەس بوون بۆ ئەوەی دڵم بوەستێنن و ٣-٤ جار توشی شۆکی بکەن؛ ئەگەرچی ناچاربم بەوەی لە دوای خواردنی هەر دەرمانێک، پێش ئەوەی کاریگەری ئەوم لەسەر لاچێت دانەیەکی تریش قوت بدەم، من لە جیاتی لەزەتە دونیاییەکان و تەنانەت چوونە ناو بەهەشتیش، وێڕای هەموو شتێک خزمەتی دین و گەلەکەم بەسەر هەموو شتێکدا پێشدەخەم. ئامانجی من ئەوە نیە تەمەنێکی درێژم هەبێت. هەموو شەوێک چاوەڕێی ئەوەم کەوا دوا شەوم بێت. بەڵام بە چاوی ئەوەی دونیا هەواری خزمەتە لێی دەڕوانم و، هەتا ئەو کاتەی لە ژیانیشدا بم، هەوڵی بەجێگەیاندنی داخوازەکانی ئەم تێڕوانینەم دەدەم. هەندێک جار توشی هەندێک کێشە بووم، کەوا چەندین مانگ بە هۆیانەوە گریاوم. ئەو شۆکانەی توشی کەسانێک دەبوو کە نەیاندەتوانی سنگی بدەنە بەر، من ناچار دەبووم لە شوێنی ئەوان یەک لەسەر یەک سنگی خۆمی بدەمە بەر، هەتا ئێستاش هەر بەو شێوەیە دەژیم”…

لەبەر ئەوەی مامۆستا لە ئەمەریکا بوو، ئاگای لە زۆرێک لەو هەواڵە نەرێنیانە نەبوو کەوا لە مێدیای تورکیادا لە دژی بڵاو دەکرانەوە. بە تایبەت پزیشکەکانی، تەنانەت ئەگەر ئەم هەواڵانە لەسەر ماڵپەرەکانی ئینتەرنێتیش بووایە، نەیاندەهێشت چاوی پێیان بکەوێت. بەڵام کاتێک ئاگری هەندێک لە فیتنەکان گەورە دەبوو، مامۆستا بەوپەڕی سەرسورمانی خۆیەوە دەیوت” وای مەگەر ئەم شتانەش ڕوویانداوە”…

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *