عاشقی ڕاستگۆ: بەشی(٥٢)

“خزمەت لوتف و ئیحسانی الله یە”

 

“هەندێک دەڵێن : ئەمە پڕۆژەیەکی گەورەیە، مومکین نیە لە مێشکی مەلای مزگەوتێکەوە هاتبێتە دەرەوە… بە مەبەستی سوکایەتی ئەم قسانە دەکەن. قسەکەیان ڕاستە. بەڵام لە هیچ قۆناغێکی ژیانمدا نەموتووە ئەمانە پڕۆژەی منن، هیچ کاتێک بانگەشەی ئەوەم نەکردووە کەوا لە مێشکی منەوە سەرچاوەیان گرتووە. لە بەرامبەر بانگەشەگەلێکی لەو شێوەیە، پەنا بە الله دەگرم. ئەمە لە پێش هەموو شتێکدا بێڕێزی و قوڕمساغیە بەرامبەر الله. تەواوی ئەو کارانەی ئەنجامدراوە، لوتف و ئیحسانی الله یە…”

ئەو دادگاییەی کەوا بە  نیەتی دوژمنانەی مەحکومکردنی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن پێکهێنرابوو، لە کۆتاییەکانی خۆی نزیک بوو بوویەوە. دادگا لە ڕێکەوتی ١٠ ی ئازاری ٢٠٠٣، کۆتا بڕیاری خۆی دەرکرد. بڕیارەکە بریتی بوو لەوەی، بڕیاری کۆتاییان بۆ ماوەی ٥ ساڵ دوابخرێت. بابەتی دواخستنی بڕیاری دادگا بۆ ٥ ساڵی داهاتوو، ڕووداوێکی دەرەئەقڵ بوو.  لە کاتەدا هەریەک لە پارێزەرەکانی مامۆستا بە ناوی عەبدولقادر ئاکسۆی و ئۆرهان ئێردەملی، تانەیان لە بڕیارەکەی دادگا دا. هەردووکیان لە نوسراوی تانەکەیاندا وتیان” گەر مامۆستا م. فەتحوڵڵا گولەن تاوانبارە مەحکومی بکەن، گەر بێ تاوانیشە بڕیاری بێ گوناحی دەربکەن”. بەڵام دادگا داوای پارێزەرەکانی مامۆستای ڕەتکردەوە کە داوای دەرکردنی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان کردبوو.

مامۆستا لە دوای ٤ ڕۆژ لە دەرکردنی ئەم بڕیارە، سەبارەت بە پرۆسەی دادگاییکردنەکەی وتی:

“سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگا، لە کەسانی ناو بازنەی نزیکمەوە هەتا دەگاتە دوور، چەندین جار پرسیاری ڕای من کراوە. لە ڕاستیدا شەخسی خۆم نیەتی ئەوەم هەبوو کەوا هیچ قسەیەکی لەسەر نەکەم. وەک ئەوەی لە کاتی پڕۆسەی دادگاییکردنەکەشدا بێدەنگیم هەڵبژارد. وەک لای هەمووان ئاشکرایە، چەشنی ئەوەی زۆرێک کاری وەها دەکەن، من لەو کاتەشدا قسەی بەرز و نزمم نەکرد. نە بە چاک نە بە خراپ، هیچ شتێکم سەبارەت بە دەستەی دادگا نەگووت هەتا کاریگەری لەسەر ڕای گشتی تورکیا دابنێم، نەچومە ناو ڕەفتارگەلێکی لەو شێوەیەش. تەنیا ئەوە نەبێت کە لە ڕێگەی پارێزەرەکانمەوە، هەوڵی پاراستنی مافە یاساییەکانی خۆمم دەدا. بە هۆی کاریگەری نەخۆشیەکەشمەوە، لە هەموو هەڵوێست و مامەڵەیەک خۆم بە دوور گرت کەوا جێگەی هەڵە تێگەشتن و ڕاڤەکردن بێت. تەکلیفی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنە بیانیەکانیشم سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕێپۆرتاژ ڕەتکردەوە. دیسان داواکاری سەردانی هەزاران – بێ زێدەڕۆیی ئەمە دەڵێم- لە کەسی خۆماڵی و بیانی، تەنانەت ئەو دۆستانەی پێش کردنەوەی دۆسیەکە، لە قۆناغی دیالۆگدا بوونە دۆستمان، ڕەتکردەوە.

بە هەمان نیگەرانییەوە، پەیوەندیە تەلەفۆنیەکانیشمان کەمکردەوە. تەنانەت لە بەرامبەر سەمیمیترین دۆستەکانم و هاوڕێ نزیکەکانم و خزمە گیانی بە گیانیەکانم کەوا لەو باوەڕەدا بووم بیستنی دەنگی ئەوان کەمێک ئاو دەکات بەسەر ئەو ئاگری حەسرەتەی لەم ژیانی غوربەتەدا هەمە، جار جارە پێم بە جەرگی خۆمدا دەنا و، تەکلیفی قسەکردنی ئەوانیشم ڕەتدەکردەوە. خۆ گەر ئێوە هەستن بەوەی ناوێک بۆ ئەم ژیانەی من دابنێن، ئەوا دەتوانن بە خەڵوەتکێشی ئیرادی یان زیندانی ئیرادی ناوی بهێنن. لەوە دەچێت خۆڕاگواستنی ئیرادی ڕاستترین دەستەواژە بێت. بابەتی ئەوەی ژیانێکی لەم شێوەیە بە نیسبەت کەسێکەوە کەوا بچوکترین پنتی ٦٥ ساڵی تەمەنی لە نێو خەڵکدا بەسەربردووە چەندە چەتوون و ناهەموارە، تەنیا ئەو کەسانە لێیتێدەگەن  کەوا لەگەڵ مندا هاوبەشی هەمان هەستیان هەیە. بەڵام من لە پێناو گەلەکەمدا بەوپەڕی خۆشحاڵەیەوە بەرگەی تەواوی ئەمانەم گرت. وتم ئەمە ورشەی ئەو قەدەرەیە کەوا لەلایەن الله وە بۆم دیاریکراوە، لە هەمان کاتدا هەوڵی خوێندنەوەی ئەو ورشانەم دەدا. وتم ئەمانە دەبنە کەفارەتی گوناحەکانم و، وەک ئامرازێک بۆ چاودێری و لێپرسینەوە لە نەفسی خۆم بەکارمهێنا.

بەڵام مادام هێندە پێداگیری لەسەر ئەوە دەکرێت کەوا لەم بابەتەدا شتێک بڵێم، یان وەک ئەوەی هەندێک لە کەسە نزیکەکانی چواردەوریشم دەڵێن ڕای گشتی تورکیا و دونیا لەم بابەتەدا چاوەڕوانییەکیان هەیە، مادام وەهایە با شتێک بڵێم:

من بە درێژایی تەواوی ژیانم، لە بۆ هیچ کەس و دەزگایەک نەبوومەتە داردەست و پیاوی کەس. لە شوێنێکدا کەوا موچەکەم بەشی نەکردووە و بەشی بژێوی ژیانمی نەکردووە قەرزم کردووە، سکی خۆمم بەو شێوەیە تێر کردووە. ئەگەر کەسێکی وەهاشم نەدۆزیبێتەوە کەوا قەرزی لێبکەم، ئەوا لەو کاتەدا پێم باشتربووە بە برسێتیەوە بمێنمەوە. لەو دەزگایەی کەوا بەڕێوەبەری بەشی ناوخۆیی خوێندکارەکان بووم، لە ترسی ئەوەی حەقی خوێندکار و بەندەکانی خودا نەخۆم، تەنانەت دەستم بە سابونەکەشی نەدەشۆرد. شاباشم لە هیچ کەس و دەزگایەک وەرنەگرتووە. چاوەڕێی شاباشیم لە کەس نەکردووە. جگە لە الله هەرگیز منەتی کەسم بەسەرەوە نەبووە.

من تاوانێکم ئەنجام نەداوە. ئەو تاوانانەی کەوا دراونەتە پاڵم، لەو باوەڕەدام کەوا بە ئەنجامدانی هیچیان هەڵنەستاوم. زۆر زیاتر لەو کەسانەی کەوا لەلایەن نیشتیمان و گەل و دەوڵەتەوە ئیمکانیەتی ماددی-مەعنەوییان خراوەتە بەردەست و دواتر بە هۆی هەندێک لەو خزمەتانەی ئەنجامیانداوە شانازیان بە خۆیانەوە دەکەن و، بە وتنەوەی “من، من” بە چواردەوری خۆیاندا دەسوڕێنەوە، بەڵام بێ ئەوەی ئەو ئیمکانیەتەی ئەوانم لەبەردەستدا بێت، زیاتر لەوان هەوڵی خزمەتکردنم بە بوونی ئەم نیشتیمانە و، یەکێتی و یەکگرتوویی و ئەمڕۆ و سبەینێی ئەو دەوڵەتە داوە.

وەک زیا پاشاش دەڵێت” ئاوێنەی مرۆڤ کارەکانێتی، سەیری قسەکانی ناکرێت”. پێویست بە درێژدادڕی ناکات. ئەو کارانەی ئەنجامدراون لەبەرچاودایە. ئەم کارانە سەرەتا  بە لوتف و چاودێری الله، دواتر سەمیمیەتی ئەم گەلە و، کۆششی سەرو مرۆڤانەی هەندێک لە مرۆڤە فیداکار و لەخۆبوردووەکان ئەنجامدراون و، لە ئێستادا بە هەر چواردەوری دونایدا بڵاوبوونەتەوە، چالاکیگەلێکی پەروەردەیی و فێرکاریی –بە شێوەیەک کەوا لە مێژوودا کەم وێنەی هەیە- لە پێش هەموو شتێکەوە و لە تەواوی کایە جیاوازەکانی ژیاندا خزمەت پێشکەش دەکرێت.

بەڵام تەواوی ئەم کارانەم بە تاقی تەنیا ئەنجام نەداوە، لە ڕاستیشدا نە لە دوێنێ و نە لەمڕۆدا بانگەشەیەکی شەیتانئاسایانەی لەم شێوەیەم نەبووە، لە سبەینێشدا هەرگیز بانگەشەیەکی لەو شێوەیەم نابێت. ئەم کارانە بە ڕاوێژ لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەت و لە ڕێگەی هاندانی ئەوانەوە ئەنجامدراوە. دەتوانن لەم بابەتە دڵنیا بن. چەندین جار ئاماژەم بەم بابەتەش داوە.  ئەم گەلە کەوا بەرەو داهاتووی خۆی هەنگاوی هەڵدەگرت و هەزار و یەک لەمپەریشی لەبەردەمدا بوو، لە تەواوی ئەم کارانەدا کەوا ڕووی گەلەکەمی سوور دەکرد، ڕۆڵی من بریتی بوو لە دیسان بەکارهێنانەوەی ئەو کرێدی گومانی باشەی خۆیان بە منیان دابوو، هەر لە پێناو خۆیاندا.

لە بەرامبەر کەسانێکدا سامانی ئەم گەلە بە فیڕۆ دەدەن کەوا لە هەموو فلسێکیدا ئارەقی ناوچەوانی هاوڵاتیانەکەی هەیە و، سەربەستانە لە دەرەوە قۆڵ و باڵیان بادەدەن و دەسوڕێنەوە، ناویان لە ئابڕوچونی یەک لە دوایەک و هەموو جۆرە کارێکی گەندەڵی، گزی و فزی، ساختەکاریدایە…لە شوێنێکدا کەوا کەسانی لەم شێوەیە دەست بە سنگەوە دەگیرێت بۆیان، لە ویژدانی ئەم گەلەدا بڕیاری کۆتایی دادگا دەبوو  ئاشکراکردنی بێ تاوانی من بێت. ئەوانەی بڕیارەکەیان داوە خۆیان باشتر دەزانن، ویژدانی ئەم گەلە کەوا بە هۆی کردنەوەی دۆسیەکە بریندار بوو، پاشان درێژەکێشانی بۆ چەندین ساڵ ئەم برینەی زیاتر قوڵ کردەوە، تەنیا بڕیاری بێ تاوانی ئەم برینەی کەمێک ساڕێژ دەکرد و دەیتوانی برینی ناو ویژدانیان چاک بکاتەوە.

بەڵێ، ئیدی لەمەودوا هەموو کەسێک ئەوە دەزانێت، کەسانێک هەن کەوا کاری سەرەکی خۆیان بریتیە لە من و، بۆ ئەوەی وەک تاوانبار پشانم بدەن و بڕیاری مەحکومیەتم بۆ دەربکەن، ئەوەی لە دەستیان دێت درێغی لێناکەن. بەڵام ئەم مرۆڤانە ئەوە نازانن، کەوا بوونی ئەم خزمەتە و بەردەوامی ئەم ڕێبازە، پەیوەندی بە شەخسێکی دوابڕاوی(فانی) وەک منەوە نیە. چونکە ئەم کارانە لە نێو هەست و هزر و باوەڕی گەلێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە چەندین سەدە لە دونیادا خاوەنی قسە بووە و، ئەمەی ئێستاش ئاماژە و سەرئەنجامی ئەوەیە کەوا ئەم هەست و هزر و باوەڕە سەرلەنوێ وە خۆی کەوتووە. هەتا ئەو ساتەشی پارێزگاری لەم ڕۆحە دەکرێت، ئەم کارانە چەندین قات دەبنەوە و بەردەوام دەبن. ئەم دڵە کەوا شەکرە و بەرزی فشاری خوێن و، دەیان نەخۆشی تری لەگەڵدایە، پێموایە دوا دەمەکانی ژیانی خۆی دەژی. وەک هەر مرۆڤێک کەوا بەم ڕادەیە لە گۆڕ نزیک بووبێتەوە و بەم ڕادەیە هەستی پێبکات و خاوەنی دڵێکی پڕ ئیمان بێت بەرامبەر ژیانی ئەولا، منیش تەنیا ئامانجم ئەوەیە ئەم ڕۆژانەی لە بەردەممدا ماوە بە ئاڕاستەی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی الله بەکاریبهێنم.

هەربۆیە ئەوەی لەم بابەتەدا گرنگ و ڕەسەنە، بڕیارەکە مەحکومیەتە یان بەرائەت، گەر بابەتی ئێمە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی الله بێت، هیچ گرنگیەکی نیە. بەڵام وەک لە سەرەوەش ئاماژەم پێدا، ویژدانی هاوڵاتیان بەم هۆیەوە بریندار بووە و بێگومان پێویستی بەوە هەیە ساڕێژ بکرێت. بە گوێرەی بڕیارەکە، گوایە هەندێک تاوان بوونیان هەیە، کە لە ڕوانگەی یاساکانی ئێستاوە نەتوانراوە بسەلمێنرێت. بەڵام بابەتی ئەوەی تاوانێک لە ڕێگەی بەڵگە و دانپێدانانەوە نەسەلمێنرێت و حوکمی بەرائەتی بۆ دەرنەکەیت، پێچەوانەی ئەو بنەما یاساییەیە کە دەڵێت” هەموو کەسێکی بێ تاوانە هەتا ئەو کاتەی پێچەوانەکەی دەسەلمێندرێت”.

هەربۆیە پێموایە ئەو تانەیەی کەوا پارێزەرەکانم لە بریارەکەی دادگایان داوە، لەلایەن ئەندامانی دەستەی دادگای ئاسایشی دەوڵەتەوە بە وردییەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و، هیوام وەهایە درەنگ یان زوو بڕیارێک دەربکرێت کەوا دەرکەوتی درەوشانەوەی دادپەروەری بنوێنێت”.

لە کاتێک مامۆستا لە ساڵی ٢٠٠٣ بە شێوەیەکی زۆر دەرەئەقڵ لە وڵاتی خۆیدا هەوڵی تاوانبارکردنی دەدرا، لە فێستیڤاڵی ساڵانەی گەنجانی دونیا کەوا لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج سازکرابوو، لە کۆی ٤٥٠ گەنج ٢٠ کەسیان دەرچووی خوێندنگە جیاوازەکانی خزمەت بوون لە سەرتاسەری دونیا و، لە نێوان خۆیاندا بە زمانی تورکی قسەیان دەکرد.

**

ئیماژی “مەلای مزگەوتێک”

لە ساڵی ٢٠٠٣، گەنەڕاڵ خورشید تۆڵۆن فەرماندەی سوپا لە ناوچەی ئەگە، لە بنکەی فەرماندەییەکەی لە ئیزمیر، لەگەڵ ڕۆژنامەنوس خالید ئەسەندر گفتوگۆی دەکرد کە ماوەی ٣٥ ساڵ بوو مامۆستای دەناسی. ئەوەی گەنەڕاڵە سەربازیەکە بە ئەسەندری دەگووت بەم شێوەیە بوو” چۆن دەبێت لە پەنا مەلای مزگەوتێکدا، هێندە مرۆڤی خاوەن بڕوانامەی زانکۆکان بوونی هەبێت؟ ئەمە شتێکە کەوا لێی تێناگەم”.

مامۆستا سوات یڵدرمیشم زۆر بە جوانی وەڵامی ئەم پرسیارەی دەدایەوە:

“… لە ڕاستیدا ئەو مۆدێلەی کەوا ئەو دەیەوێت بیخاتە ڕوو: پەروەردە و فێرکردنێکی چاک؛ سوودبەخش بێت، بەرهەمهێنانێکی خاوەن ئیعتیبار و بازرگانی، عیبادەتێکی هاوسەنگانە، کە پڕ لە نمونەی جوانی ئەخلاق بێت، خستنە ڕووی ژیانێکی چالاکانە، بانگهێشتکردنی مرۆڤەکان بۆ کاری چاکە.

هەر وەک ئەوەی پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی فوئاد باشگیل ئاواتی پێدەخواست و هاوکێشەی بۆ داناوە، ئەو هەوڵی پشاندانی ڕووی پڕ زەردەخەنەی موسوڵمانێتی دەدات کەوا کەسی ئیماندار لە ڕێگەی ڕەفتارە پێگەشتووەکانی خۆیەە دەبێتە جێگەی ئیرەیی ئەوانەی دوور لە دینن و، لەگەڵ ئەو دەوڵەمەندیەی کەوا دین بە کەسی ئیمانداری دەدات و پاشان لە ڕۆحیدا ئاسودەیی فەراهەم دەکات. هەربۆیە ژمارەی ئەو مرۆڤانەی کەوا ئیمان و فکر و ئەخلاق و ڕەفتاریان لە هەماهەنگیدایە، ڕوو لە زیادبوون دەکات. ئەو کاتێک لە نێو ئەم هەوڵ و کۆششەدا بوو، لە هەمان کاتدا ئەو موسوڵمانێتیەی بە بناغە وەرگرت کەوا گەلانی تورکیا لێیتێگەشتوون و لەسەری ژیاون و بە درێژایی مێژوو پەیڕەوییان لێکردووە. پێموایە ڕازی ئەوەی قسەکانی کاریگەریەکی لەو شێوەیە دروست دەکەن، هەر بەم هۆیەوەیە”.

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن، توانی ئەو ئیماژە نەرێنیەی “مەلا” بڕوخێنێت کەوا لە هزری زۆرێک لە هاوڵاتیاندا بوو. چونکە مامۆستا لە هیچ قۆناغێکی ژیانیدا تەنیا “مەلا”یەکی کلاسیکی ناو مزگەوتەکان نەبووە. ئەو وتارانەی کەوا لە ٣٠ ساڵی یەکەمی تەمەنیدا لەسەر مینبەری مزگەوتەکان پێشکەشی کردن، لە ڕاستیدا دەستپێکی ژیانی خزمەتی ئەو بوون، بابەتی ئەوەی ڕاڤەی قسەکانی ئەڕستۆی دەکرد و باسی لە مۆنتێسکۆ دەکرد، جێگەی سەرسوڕمانی هەموو لایەک بوو.

وەک مامۆستا وەک ئەوەی کولیاتی پەیامەکانی نور و دیوانە شیعریەکەی محمد عاکیفی لەبەر بوو، لە هەمان کاتدا شارەزاییەکی تەواوی لە بەرهەمی فکری و مەدەنیەتی ئیسلام -بە کلاسیک و نوێوە- هەبوو، کە لەلایەن چەند کەسایەتیەکی وەک ئیمامی ڕەببانی، ئیمامی غەزالی، مەولانا، ئیمامی ئەعزەم و چەندین موجتەهیدی بەناوبانگی ترەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.

لە پاڵ ئەمانەشدا لە کایەکانی ئەدەب و فکر و فەلسەفە شارەزایی لە کلاسیکی ڕۆژئاوادا هەبوو، هەروەها لە زانستەکانی بایەلۆژی و فەلەکناسی لە دەرچوویەکی مامناوەندی زانکۆکان زیاتر خاوەنی توێشوو بوو. هەروەها بابەتی ئەوەی لە بواری پزیشکیشدا خاوەنی توێشوویەک بوو کەوا کەسانی شارازاشی توشی سەرسوڕمان دەکرد، شتێک بوو لای هەموو لایەک ئاشکرا بوو. نەک لەسەر ئاستی تورکیا، تەنانەت لەسەر ئاستی کەسانی ئەکادیمی بەناوبانگی دونیا، ئەم لایەنەی مامۆستا جێگەی ڕێز و دەستخۆشی بوو.

ئامێزگرتنەوە بۆ داهاتوو، لە کۆمەڵگایەکی خاوەن زانستدا دەبێت. مرۆڤ کەوا لە پێگەی حوکمکردنی شتەکاندا ئەفرێندراوە، دەبێت ببینێت و بخوێنێتەوە و درک بە شتەکان ببات و فێر ببێت. لە دوای فێربوونیش، قسەی خۆی بەسەر ڕووداوەکاندا دەسەپێنێت و ڕێگەی دەستەمۆکردنی ئەوان دەگرێتە بەر.

هەر ئەم خاڵە، بریتیە لەو خاڵەی کەوا شتەکان بە فەرمانی ئەفرێنەری گەورە خۆیان ڕادەستی مرۆڤەکان کردووە و، مرۆڤیش خۆی ڕادەستی ئەفرێنەر دەکات. هەندێک لە مرۆڤەکان لەو باوەڕەدان، بەڕێوەبردنی دونیا بە گوێرەی زانست، فەلاکەتگەلێکی وەک وەرچەرخانی مرۆڤەکان بۆ بوونە مەکینە و کۆمەڵگاکانیش بۆ کۆمەڵگای مێروولەیی، بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ئەمە هەرگیز ڕاست نیە. وەک چۆن ڕابردووی بێ زانست بوونی نیە، لە هەمان کاتدا داهاتوو بە بێ زانست وێنا ناکرێت. هەموو شتێک لە ڕوانگەی سەرئەنجامەوە وابەستەی زانستە و، گەر زانست بوونی نەبێت، دونیاش شتێکی وەهای پێ نیە کەوا بیدات بە مرۆڤ.

ئەگەرچی لە واقعیشدا، لە زۆرێک لە شارەکانماندا مرۆڤەکان کراونەتە مەکینە و، هەستە مرۆییەکانیان لەناوبردراوە و، بیرکردنەوە و تەندروستییان، تەندروستی و فەزیڵەتە مرۆییەکانیان سڕدراوەتەوە و تیاچووە، ئەمەش ڕاستیەکە بۆ خۆی. بەڵام دانە پاڵی ئەم بارەش بۆ زانست و تەکنەلۆژی کارێکی ناڕەوایە. لەوە دەچێت قەباحەتی ڕاستەقینەی ئەم بابەتە، پێویست بەوە بکات لە پیاوانی ڕاستەقینەی خاوەن زانستدا بۆی بگەڕێین کە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵدێن.

پیاوانی خاوەن زانست کەوا شعوری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییان هەیە، گەر ئەوەی لەوان چاوەڕێ دەکرێت بەجێی بگەیەنن، لەوە دەچێت زۆرێک لەم شتانەی کەوا لە ئێستادا بوونەتە جێگەی نیگەرانی، هەر  بوونیان نەدەبوو.

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *