عاشقی ڕاستگۆ بەشی حەوتەم   ساڵانی خوێندنی پڕ ناسۆری مامۆستا

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە گوندی ئاڵڤاری کە باوکی مەلایەتی لێدەکرد، کاتێک بۆ یەکەم جار چووە سەر مینبەری وتاردان، تەمەنی تەنیا ١٤ ساڵان بوو. لە ئێرزرومیش بەردەوام بوو لەسەر خوێندن و، وردە وردە فێری زمانی عەرەبی دەبوو. لە جەژنەکان، شەوە موبارەکەکان، ڕۆژانی هەینی، دەچووە بەردەم ئەو کەسانەی وتاریان دەخوێندەوە، بە حەیرانیەکی زۆریشەوە گوێی لە وتارەکانی باوکی دەگرت. کاتێک لە مزگەوتیش دەچووە دەرەوە، ئەوەی لەبیر نەدەکرد کەلە مزگەوت گوێی لێ بوو بوو. کاتێک دایکی پرسیاری ئەوەی لیدەکرد کە لە مزگەوت باسی چییان کردووە، وشە بە وشە وەک خۆی بۆی دەگێڕایەوە.

دیسان ئیوارەیەکی ڕەمەزان بوو، بە پەلە ئەو نانەی خوارد کەوا دایکی بۆ بەربانگ ئامادەی کردبوو، پاشان یەکسەر ڕووی لە مزگەوت کرد.  چونکە پاش کەمێکی تر باوکی دەچوویە سەر مینبەر و، وتارێکی بۆ دانیشتوانی ئاڵڤاری دەخوێندەوە. مامۆستاش وەک ئەوەی باوکی تەنیا وتار بۆ ئەو بدات، بە تەواوی دڵیەوە گوێی بۆ ڕادەگرت. کازم ئەفەندیش کەوا یەکێک لە پیاوماقوڵانی ئاڵڤار بوو، ئەو ڕۆژە یەکێک بوو لەوانەی لە پێش هەمووانەوە ڕووی لە مزگەوت کردبوو. حاڵێکی سەیری دەبێت. بە شێوەیەک سەیری مامۆستای دەکرد، مرۆڤ سەری بە لێوردبوونەوەکەی دەسوڕما. پاش کەمێک مزگەوتەکە پڕ بوو. کازم ئەفەندی لە پڕێکدا هەستایە سەر پێ، لە دەستیدا مێزەرێک هەبوو، بەرەو ڕووی مامۆستا ڕۆشت کەوا چاوەڕێی دەستپێکردنی وتارەکەی باوکی دەکرد. مامۆستاش بە سەرسوڕمانەوە سەیری کازم ئەفەندی دەکرد. پاشان مێزەرەکەی لەسەری مامۆستا کرد و ، بانگهێشتی کرد بۆ سەر مینبەری مزگەوتەکە. مامۆستاش لەو کاتە واقی وڕمابوو. نەیدەزانی بەرامبەر جەماعەتێک کەوا باوکیشی لەناویاندایە و، هەمووشیان کاتی لە دایک بوون، ساوایی، گاگۆڵکێ، ڕۆشتنی دەزانن، هەروەها بەرامبەر جەماعەتێک کە تەواوی ئەرکانەکانی دین دەزانن، دەبێت باسی چییان بۆ بکات؟ کازم ئەفەندی گوێی بەم پرسیارانە و هەیەجانی مامۆستا نەدەدا. قۆڵی مامۆستای گرت و وەک ئەوەی پەلکێشی بکات، خستە سەر ئەو مینبەرەی کەوا باوکی وتاری لێدەدا. مامۆستاش بە شێوەیەک بوو، قاچەکانی نەدەگەشتە سەر مینبەرەکە. کاتێک بە هۆی ئەم سوپرایزەی کازم ئەفەندیەوە چووە سەر مینبەرەکە، چاوی بە چاوی باوکی کەوت. ئیدی هەرچۆنێک بێت چوو بووە سەر مینبەرەکە و، مومکین نەبوو بێ ئەوەی وتارێک بدات، بێتە خوارەوە.  ئەمەش ئەمرێکی واقعی وەهابوو، وەک چۆن مامۆستا نەیتوانی هیچ ناڕەزاییەک دەرببڕێت، لە هەمان کاتدا بووە دەستپێکی هەموو وتارەکانی ژیانی و، ڕێچکەی قەدەری ئەوی دیاری کرد.  ڕامیز ئەفەندیش بە سەرسوڕمانەوە سەیری دەکرد. بێ ئەوەی هەیەجانی خۆی ئاشکرا بکات، چاوەڕێی ئەوەی کرد مامۆستا دەست بە قسەکانی بکات. مامۆستا سەرەتا ناڕەحەت بوو. پاشان یەکسەر کرایەوە و وتارێکی ناوازەی پێشکەش کرد. جەماعەتیش بە وتاری ئەم منداڵە تەمەن ١٤ ساڵەیە، جۆشیان سەند، هەندێک کەس خەریک بوو لە هۆش خۆیان دەچوون. فەوزی ئەفەندیش کەوا یەکێک لە کەسە دیارەکانی ئەو گوندە بوو، لەو ڕۆژەدا درەنگ هاتە مزگەوت و، بە هەنگاو هەڵنان بەسەر ڕیزی گوێگراندا هەتا ڕیزی پێشەوە هات. مامۆستاش لە ڕێگەی گێڕانەوەی ڕووداوێکەوە کەوا دەڵێن لە نێوان ئیمامی عەلی و موعاویەدا ڕوویداوە، ڕەخنەی لەم کارەی فەوزی ئەفەندی گرت. دەڵێن ڕۆژێکیان حەزرەتی موعاویە درەنگ دێتە مزگەوت و، ڕێک وەک فەوزی ئەفەندی دەیەوێت لە ڕێگەی هەنگاو هەڵهێنان بەسەر نوێژخوێناندا خۆی بگەیەنێتە ڕیزی پێشەوە، لەو کاتەشدا ئیمامی عەلی جبەکەی دەگرێت و دەیوەستێنێت، بەم شێوەیە مێزەرەکەی دەکەوێتە خوارەوە.  بە گوێرەی گێڕانەوەکە، یەکەم ساردی نێوان ئیمامی عەلی و موعاویە بەم شێوەیە دەست پێدەکات. بەڵام کارەکەی حەزرەتی عەلی دروست بوو، هەرکەسێک درەنگ هاتە مزگەوت، دەبێت لە یەکەم شوێنی چۆڵدا دابنیشێت کەوا دەیدۆزێتەوە. پاش وتارەکە، هەریەک لە مامۆستا و رامیز ئەفەندی باوکی، سەردانی ماڵی فەوزی ئەفەندییان کرد،  بە زەردەخەنەوە پێشوازی لە مامۆستا کرد کەوا لەسەر مینبەر ڕەخنەی لێگرتبوو. پاشان فەوزی ئەفەندی بە باوکی مامۆستای وت” منداڵی ئەم تەمەنە ناتوانن دوو وشە بنێن بە یەکەوە، ئەم لەسەر مینبەر وتاری بۆ ئێمە دەدا”. ئەم کاردانەوە ئەرێنیە کەوا بەرامبەر ڕەخنەکەی مامۆستا پشاندرا کەوا لەسەر مینبەر گرتبووی، بە شێوەیەک بوو کەوا هیچ کاتێک لە یادگەی مامۆستا نەدەچووە دەرەوە.

مامۆستا لە دوای ئەم ڕووداوە، بە درێژایی ئەو کاتەی خوێندکار بوو، هەر هەلێکی بهاتایە بەردەم لە دەستی نەدەدا، ئیدی لە گوندی ئاڵڤار بێت، یاخود لە گوندی کۆروجوکی خۆیان بێت، وتاری پێشکەش دەکرد.

” ئەو کاتەی لە تەمەنی ١٤-١٥ ساڵیدا بووم، کەمێکیش بە هۆی ئەوەی باوکی حەزی بەوە دەکرد لەسەری ڕابێم، بە درێژایی ڕەمەزان، لە گوندەکەی خۆمان وتارم پێشکەش کرد. مامێکم بە ناوی ئەنڤەر هەبوو، کەوا کەسێکی زۆر ئاقڵ و بە ڕووی مەعنەویەتیشدا کەسێکی کراوە بوو. کاتێک لە کۆڵان پێکەوە دەڕۆشتین، دیقەتی ئەوە دەدا کەوا لە پێش منەوە نەروات، زۆر بە ڕیزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکردم. ڕۆژێک وتم: مامە زۆر کاریگەرم بەوەی بەم شێوەیە دەکەیت، خۆزگە وەهات نەدەکرد! ئەویش لە وەڵامدا وتی: کوڕم! ئەوەی کەسێک ڕێزدار دەکات بریتیە لەوەی لە ماڵەکەی خۆیدا ڕێزی لێبگیرێت. گەر من ئەم ڕێزە پشان نەدەم، خەڵکیش قبوڵت ناکەن.

بابەتی ئەوەی سەرەڕای تەمەنم لە مامی خۆم بچوکتربوو، بەڵام ڕێزگرتنی ئەو لە من بەو شێوەیە، هیچ کاتێک لە یادم ناچێت. منیش بە نیسبەت ئەو هاوڕێیانەمەوە کەوا پێم وەهابوو سوودێکیان بۆ مرۆڤەکان هەیە، بە هەمان شێوە مامەڵەم دەکرد”.

 

 لە دوای یەکەم وتاری مامۆستا لە گوندی ئاڵڤاری، ژیانی مامۆستا بە ڕێڕەوێکی تردا ڕۆشت. ساڵی دواتر، بە هۆی پێداگری باوکیەوە، بڕیاری ئەوەیدا بچێتە دەرەوەی ئێرزروم. بە درێژایی مانگی رەمەزان، لە دەوروبوری ئاماسیا، تۆکات، سیڤاس سوڕایەوە. لەم شوێنانەش وتاری پێشکەش دەکرد. هەندێک لە موفتیەکان ئیمکانی ئەوەیان بە مامۆستا دەدا کەوا وتار پێشکەش بکات و، هەندێکی تریشیان بە پاساوی ئەوەی تەمەنی مامۆستا زۆر بچوکە، داوای ئەوەیان لێدەکرد کە واز لەو شەیداییەی خۆی بهێنێت. بەڵام مامۆستا سوور بوو لەسەر بڕیارەکەی. ئەو دەبوو لەسەر ڕیگاکەی خۆی بڕوات. لە دوای سیڤاس سەردانی ئێرزینجانی کرد و، بەم شێوەیە گەڕایەوە ئێرزروم. ئەم چوونە دەرەوەیەی مامۆستا، هەندێک بەهرە و توانست کەوا لە مامۆستادا بوونیان هەبوو، بەرەو پێشەوە برد. لە دوای ئەو وتارانەی پێشەکەشی کرد، بە شیوەیەکی تایبەت قسەی لەگەڵ خوێندەوار و ڕۆشنبیرانی ئەو ناوچانە ئەنجامدا. لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەم وتارانەوە، لەوە تێگەشت کە جگە لەو کەسانەی لە گوندی کۆروجوک، ئاڵڤار، ئێرزوم چاوی پێان کەوتووە و، هەمان زانیاری و حاڵەتی ڕۆحییان هەیە، کەسانێکی تریش هەیە کە خاوەنی زانیاری و بیرکردنەوەی جیاوازن. لە کاتی یەکێک لە وتارەکانیدا، کەوا کەسێکی دیاری ئەو ناوچەیە بوو، داوای لە مامۆستا کرد، لە کاتی وتارەکانیدا شیعرەکانی مەمەت عاکیف بخوێنێتەوە. مامۆستاش لە کاتی گەڕانەوەی ئێرزروم، نیوەی کتێبەکەی مەهمەت عاکیفی لەبەر کرد، کە ناوی سەفاحەتە.

**

 

“دیسان بەسەرهاتێکی شیرینی ئەو سەردەمە”

مامۆستا خۆی بەسەرهاتێکی ئەو سەردەمەی وتاردانی بەم شێوەیە دەگێڕیتەوە:

جاری دووهەم یان سێهەم بوو کەوا وتارم دەدا. دەمویست باسی ئەو ڕووداوە بکەم، کەوا لە نیوان سەردارمان و عاسی و کوڕی وائیلدا ڕوویداوە. کاتێک سەردارمان دەچێت بەرەو کەعبە، لە ڕێگە دەیبینێت و قسەی لەگەڵدا دەکات. کاتێک لێیدەپرسن لە ڕێگا قسەی لەگەڵ کێ کردووە؟ لە وەڵامدا دەڵێت “ئەبتەر”. منیش لەو کاتەدا چاوم کەوتبووە سەر ناوی ئەو تابعینە بەڕێزەی کە ناوی ئەبو سالیحە و لە ئەبوهورەیرەوە ئەم ڕیوایەتەی گێراوەتەوە. ئیدی لەو کاتەدا وەها تیگەشتم کە ئەو ئەم قسە ناشرینەی بە سەردارمان وتووە. ئیدی دەستم کردن بە قسەوتن بەم ساڵح ناوە. لەسەر مینبەر هەرچیەک بە دەممدا هات پێمدەوت. دوای نوێژ هاتمە ماڵەوە، سەیری باوکمم کرد، لە پێکەنیندا بە زەویدا کەوتبوو. مەگەر لەو کاتەدا کاک ساڵحی گوندەکەمان لەبەردەممدا بووە، کە تەنیا بۆ نوێژی جەژن دەهاتە مزگەوت. کاتێک لەسەر مینبەر ئەم قسانەم بە ساڵح ناوەکە دەوت، ئەویش لە بەردەممدا شین و مۆر دەبێتەوە. ئێستاش هەر کاتێک لەگەڵ هاوڕێکانمدا لە کاتی وانە خوێندندا دێینەوە سەر باسی ئەو ڕووداوە، خۆم ناگرم گەر هەمان بەسەرهات نەگێڕمەوە”.

مامۆستا لە ساڵی ١٩٥٣ برایەکی تری هاتە دونیاوە. خێزانەکەشی ناوی محمد فخرالله یان بۆ ئەم برایەی مامۆستا دانا.

 

وەفاتی نەنک و باپیری مامۆستا لە ساڵی ١٩٥٤

مامۆستا لەو کاتەی لەسەر خوێندنی خۆی بەردەوام بوو لە ئیرزروم، ڕووداوێک ڕوویدا کە بە تەواوی هەژاندی. لە ڕێکەوتی ١٠ ی کانونی دووهەمی ١٩٥٤ مونیسە خانمی نەنکی و شامیل ئاغای باپیری، بە جیاوازی یەک کاتژمێر، پێکەوە وەفاتیان کرد. مونیسە خانم ماوەیەکی زۆر بوو، لە جێگادا بە نەخۆشیەوە کەوتبوو. ٥-١٠ پێش ئەوەی وەفات بکات، بە یارمەتی ڕەفیعە خانمی بوکی، دەستنوێژ هەڵدەگرێت و نوێژی عەسری دەکات. پاشان ئاماژە بە شامیل ئاغا دەکات و دەڵێت” هەردووکمان لەم دونیایە بەشمان نەبوو. ئەمشەو جەنازەکانمان لە ماڵەوە دەمێنیتەوە”. پاشان دوا هاوار کە لە دەمیەوە دێتە دەرەوە “الله” دەبێت، دوای ئەوە ڕۆحی رادەستی الرحمن دەکاتەوە.

لەم کاتەدا شامیل ئاغا لە ژوورەکەی تر دەبێت و، هیچ ناڕەحەتیەکیشی نابێت. کاتێک ئەوانەی لە ماڵەوە بوون، بە جەنازەی مونیسە خانمەوە خەریک بوون، لە پڕێکدا گوێیان لە دەنگی هاوارێک بوو. یەکێک لە نەوەکانی شامیل ئاغا، هەواڵی ئەوەی بۆ هێنان کەوا باپیرە شامیلیش کۆچی دوایی کردووە. پەیوەندیەکی زۆر بەهێز لە نیوان باپیرە شامیل و مونیسە خانمدا دەبێت. مامۆستا لە دایکیەوە دەیگێڕێتەوە کەوا نەنکی لە نزاکانیدا وتویەتی” خودایە ئەم پیاوە تەنیا بۆ یەک کاتژمێریش لە دوای منەوە بەجێمەهێڵە”.  بەم شێوەیە الله نزای ئەو خانمە موبارەکە قبوڵ دەکات و، لە دوای یەک کاتژمێر گیانی ئەویش دەکێشێت. بەم شێوەیە شامیل ئاغا، مونیسە خانمی لە گەشتی ژیانی ئاخیرەتیشدا بە تەنیا جێنەهێشت. وەک مونیسە خانمیش لە پێش مردنیدا ئاماژەی پێدابوو، جەنازەی هەردووکیان ئەو ئێوارەیە لە ماڵەوە مایەوە. ڕۆژی دواتر بە خاک سپێردران.  ئێستاش گۆڕەکانیان لە گۆڕستانی گوندی کۆروجوکە.

مامۆستاس بەم شێوەیە باسی رووداوی وەفاتی نەنک و باپیری دەکات:

ڕووداوێک بوو کەوا منی زۆر هەژاند. وابزانم لەو کاتەدا کتێبی “المراح” م دەخوێند. هاوڕێکانی حوجرە هەوڵی ئەوەیان دەدا لە منی بشارنەوە و لە کاتی باسکردنی لە نێو خۆیاندا، ئەو هەواڵە ناخۆشەم بەر گوێ کەوت. نەنک و باپیرم پێکەوە وەفاتیان کردبوو. وەک ئەوە وەهابوو دونیام بەسەر سەردا ڕووخابێت، زۆر هەژاندمی. دەوای ئەوەی وانەکانم تەواو کرد، ملی ڕێگەم گرت. بێگومان فریای نوێژی جەنازەکەیان نەکەوتم. چەندین ڕۆژ گریام. چەندین ڕۆژ لە خودا پاڕامەوە و دەموت” خودایە منیش بکوژە و بە نەنک و باپیرم شاد بکەوە”. ئیدی بە هەر شێوەیە بێت، مردنی ئەوانم پێ قبوڵ نەدەکرا. تەنانەت ئێستاش ئەو هیجرانەی ئەوان هەر لەسەر دڵمە. هەرکاتێک باپیر و نەنکم بە بیردا دێتەوە، پشکۆیەک دەکەوێتە ناو ناخمەوە و ئێسقانی لوتیشم دەتوزێتەوە. بەڵام چی لە دەستی مرۆڤ دێت، پێویستە واقعی بین.

هۆکاری ئەوەی بەو شێوەیە توشی هەژان بووم، بریتی بوو لەوەی ئەندامانی خێزانەکەی من، بە شیوەیەک زۆر توندوتۆڵ وابەستەی یەکتر بووین. لە نێوان برا و خوشکەکانیشدا بە هەمان شێوە پەیوەندیەکی توندوتۆڵ بوونی هەبوو. بۆ نمونە لەو ڕۆژەوەی من ڕۆشتم بۆ ئێدیرنە، مەسیح یەک وشە قسەی نەکردبوو. ئەم حاڵەتەشی هەتا ئەو کاتەی مۆڵەتی سەربازیم وەرگرت و گەڕامەوە بەردەوام بوو. ئەمە لە کاتێکدا بوو، هەتا من گەڕامەوە ئێرزروم، ٤ ساڵم پێچوو. دیسان لە کاتی منداڵیمدا برایەکم وەفاتی کرد. منیش چەندین ساڵ دەچوومە سەر گۆڕەکەیی و فرمێسکم دەڕشت. بیرم زۆر جار دەستە بچوکەکانم بەرز دەکردەوە و دەپاڕامەوە و دەکڕوزامەوە” خودایە چی دەبێت گیانی منیش بکێشە، با چاوم بە براکەم بکەوێت”.

باپیرە شامیلیشم، پارچەیەکی ژیانی من بوو. نەنە مونیسیشم، ژیانم بە بێ ئەو چۆنی بەردەوام دەبوو، شتێک بوو نەمدەتوانی خەیاڵیشی بکەم. بەڵام لەو کاتەدا، هەردووکیان پێکەوە بە جیاوازی یەک کاتژمێر، وەفاتیان کردبوو. ئیدی من چۆن دەمتوانی بەرگەی ئەو ناسۆر و هیجرانە بگرم.

ئیدی ئەم ڕۆژە پڕ ناسۆری و تاسانە چەندیان خایەند، نازانم. بەڵام بیرمە کەوا ماوەیەکی دوور و درێژی خایەند. دواتر بە نابەدڵی گەڕامەوە حوجرەکەی ئێرزروم”.

 

بارودۆخی سەخت و چەتوونی ئێرزروم، مەرگی نەنک و باپیری، هیچ کام لەمانە عەشقی ئەویان بۆ خوێندن و فێربوون کەم نەکردەوە. دوای گەڕانەوەی بۆ ئێرزروم، لەو شوێنەی مابوویەوە، بەردەوامی بە خوێندنەکەی دا.

 

تەنیا یەک فلسیشی بۆ نەمایەوە

 

مامۆستا لەو کاتەی لە ئێرزروم وانەی دەخوێند، هاتوچۆی گوندی ئاڵڤاریشی دەکرد. تەنانەت جارێکیان سەردانی ئیمامی ئاڵڤاریش دەکات. لەو کاتەدا نزیکەی ١٠ کەسی لە پیاوماقوڵان و دەوڵەمەندانی ئاڵڤاری لەلا دەبێت. ئیمامی ئاڵڤاریش لەو کاتەدا پێیان دەڵێت:

ئێستا من پرسیارێک لە خوێندکارەکەم دەکەم، گەر هەموو پرسیارەکانی زانی، ئەوا یەکی ١٠ لیرەی پێدەدەن. پاش ئیمامی ئاڵڤاری، مەلایەکیش دەستی کرد، بەوەی پرسیاری لێبکات. مامۆستا سەری سوڕمابوو، هەرچی پرسیارێک کەوا لێیان دەکرد، زۆر بە چاکی وەڵامەکانی دەزانی. کاتێک پرسیارەکانیان تەواو بوو، هەریەک لە پیاوماقوڵانی ئەو مەجلیسە، یەکی ١٠ لیرەیان پێدا. لەو سەردەمەدا لیرەیەکی رەشادی بە ٢٠ لیرە بوو. مامۆستا بەم شێوەیە پارەیەکی زۆری دەستکەوتبوو. کاتێک ئیمامی ئاڵڤاری پرسیاری ئەوەی لێکرد کە چەند لیرەی دەستکەوتووە، مامۆستا وەڵامی دایەوە. ئیمامی ئاڵڤاری بە پێکەنینەوە وتی:

ئەو پارەیە زۆرە، تۆ ئێستا بیدە بە من، منیش دەیدەم بە عوسمان ئەفەندی با خواردن بۆ حوجرەکە بکڕێت، مامۆستاش تەواوی پارەکەی دایە دەستی ئیمامی ئاڵڤاری، تەنیا یەک فلسیش بۆ خۆی نەمایەوە.

 

ساڵان خوێندنی پڕ ناسۆری مامۆستا لە ئێرزروم

خوێندکار بوون لە حوجرەی ئەو سەردەمەدا، لە هەما کاتدا بە واتای سالانێکی پڕ ناسۆری دەهات. زستانان کەوا پلەی گەرما لە ئێرزروم دەگاتە ٥٠ پلەی ژێر سفر، خۆ گەرمکردنەوە یەکێکە لە کارە سەختەکان. مامۆستا لە زستاندا هەر کاتێک خۆی بشۆردایە، بۆ ئەوەی هەردوو قاچی بە زەویەکەوە نەیبەستێت، هەمیشە لەسەر یەک قاچ دەوەستا و بەو شێوەیە خۆی دەشۆرد. چونکە پارەی ئەوەی پێنەبوو، ڕوو لە حەمامەکانی ناوچەی کرکچەشمە بکات و لەوێ خۆی بشوات. بەڵام خوێندکارە هەژارەکان تەنیا لە ڕێگەی ئەو فیشانەی لە کەسانی دەوڵەمەندەوە وەریان دەگرت، دەیانتوانی سەردانی گەرماوەکان بکەن. ئەو کاتەی فیشی گەرماویان پێنەبوو، دەبوو بە ناچاری بە ئاوی سەهۆڵای وەرزی زستان خۆیان بشۆن. هەروەها مامۆستا، هەمیشە سۆندەیەکی دەگرت بە دەستیەوە و، تەوالێتەکانی حوجرەی پاک دەکردەوە. هەروەها چەندین ڕۆژی بەسەر دەبرد، کە لەبەر بێ پارەیی نەیدەتوانی نانێکیش بکڕێت و بە برسێتی دەمایەوە. نانیشیان لەسەر تەباخێکی بچوکی غاز دروست دەکرد، کە لە هەمان ژووری نوستنەکەیان بوو. تەنانەت هەندێک جار پارەی کڕینی ئەو کتێبانەشی پینەبوو کە پێویست بوو بیانخوێنێتەوە:

” زۆرینەی کات لەبەر ئەوەی پارەم پێنەبوو، نەمدەتوانی ئەو کتێبانەش بکڕم کەوا پێویستیم پێیان هەبوو. زۆرینەی جار لە بازنەی وانەکانی حوجرەدا دادەنیشتم و، لە ڕێگەی سەیرکردنی کتێبی هاوڕێکەمەوە، هەتا ئەو کاتەی سەرە دەگەشتە سەر من،  هەوڵی ئەوەم دەدا وانەی ئەو ڕۆژە لەبەر بکەم”.

مامۆستا لە دوای ٢ ساڵ، هەرچیەک کەوا فێر بوو بوو، بە خوێندکارەکانی دوای خۆی دەوتەوە. وتنەوەی ئەم وانانە زۆر سوددیان بۆ مامۆستا هەبوو. هەر کتێبێک کەوا خۆی تەواوی کردبوو، بە خوێندکارەکانی دوای خۆی دەوتەوە و، چەندین جار هەمان کتێبی لە سەرەتاوە بە خوێندکارەکانی دەوتەوە. بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت، هەرچیەکی خوێندبوو، دەمەزەردی دەکردەوە. هەروەها بە هەمان شێوەی ئەو کاتەی ئیمامی ئاڵڤاری لە ژیاندا مابوو، خۆی بە تەسەوفیشەوە خەریک دەکرد. بەردەوامی لەسەر خوێندنی وانەکانی و تەسەوف، تەنانەت گەر خۆیشی ئاگاداری نەبوو بێت، لایەنی باتینی و زاهیری ئەویان پێدەگەیاند.

“من ئەو کاتەی لە حوجرەش بووم، تەکییەم فەرامۆش نەدەکرد. ئەو کاتەی ئیمامی ئاڵڤاری لە ژیاندا بوو، هەمیشە هاتوچۆی ئەوم دەکرد. لە ڕاستیشدا ئەو شوێنەی کە بۆ یەکەم جار چاوم تێیدا کرایەوە و، ڕۆحم هەوێنی خۆی وەرگرت، تەکیە بوو. لە مندا چنینەکانی حوجرە و تەکیە بە هەمان شێوە ئەتەمینی خۆیان چنیوە و بەو شێوەیە بەردەوام بووم. ئەو کەرامەتە ئاشکرایانەی لە ئیمامی ئاڵڤاریم دەبینی، یەکەم پلیکانە بوون، کەوا ئیحساسی منداڵی منیان بەرەو یەکێتیەکی لەو شیوەیە برد.

مامۆستا سەرەڕای ئەوەی لە کاتی خوێندندا توشی نارەحەتیەکی زۆر بوو، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا زۆر وانەی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو تەواو کرد. بەڵام سەرەڕای ئەمە، پاش ماوەیەک ناچار کرا بەوەی حوجرەی مزگەوتی کورشونلو بەجێبهێڵێت.

” بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک، سەعیم لە وانەکانمدا دەکرد. زۆر کەم دەخەوتم و شەوەکانم بە سەعی کردن لە وانەکانمدا بەسەر دەبرد. لەو کاتەدا لەبەر ئەوەی ئیمکانێکی ترم لەبەردەستدا نەبوو، لە ڕێگەی مۆمەوە بەردەمی خۆمم ڕوشن دەکردەوە. مامۆستاکەشم بە بێ ئەوەی من ئاگام لێبێت، شەوانە دەهات و کۆنتڕۆڵی منی دەکرد.

لە ڕاستیشدا ئیمامی ئاڵڤاری و خێزانەکەشی، کوڕەکەشی بە ناوی سەیفەدین ئەفەندی، ئێمەیان زۆر خۆش دەویست. ئیمامی ئاڵڤاری بە باوکمی دەوت “کوڕەکەم” و، بە منیشی دەوت ” تەلەبەکەم”. بێگومان ئەم ئیلتیفاتە کەوا لەلایەن ئیمامی ئاڵڤاریەوە دەمانبینی، نزیکی ئێمەی لە دڵی ئەوەوە پشان دەدا. بەڵام لەگەڵ سەعدی ئەفەندی، ماەیەک زویرییەک لە نێوانماندا ڕوویدا. ئیدی جگە لە جێهێشتنی حوجرە، چارەیەکی ترم لەبەردەمدا نەمایەوە”.

 

باشە هۆکارەکەی چی بوو؟

چونکە هزری پەروەردەی کلاسیک، ڕەقوتەق، بێ واتای ئەو سەردەمە کە لە سەدەی شانزەوە چوو بوەوە ناو قاوغەکەی خۆی، ئاوی دڵی گەنجێکی وەک مامۆستای نەدەدا. تەنانەت پێش ساڵی ١٩٥٠، جگە لەو ئەرکانەی لەلایەن مامۆستاکەیەوە بەسەریدا دەدرا، هەرگیز حەزی بە خۆ خەریک کردن بە هیچ کارێکی ترەوە نەدەکرد. تەنانەت قورئان خوێندنیش. ئەو وانانەی لە حوجرە دەوترانەوە، زۆر لە خوار ئاستی توانست و ئامادەیی مامۆستاوە بوون. ئەم ڕۆشتنە شەل و کوێرانەی ناو حوجرەش مامۆستایان ناڕەحەت کرد. چونکە بەو شێوەیە، تەواو بوونی وانەکان لە ١٠ ساڵیشدا مومکین نەبوو. مرۆڤگەلێکی خاوەن تەمەنی دەبینی، کە چەندین ساڵ لە بازنەی وانە خوێندندا دادەنیشتن و، هێشتا هەر لە وانە سەرەتایەکاندا بوون. ئەویش بەرگەی ئەمەی نەدەگرت. عادەتی وەهابوو، لە دوای تەواوکردنی وانەکانی، خۆی بە خوێندنەوەی کتێبی ترەوە خەریک دەکرد. ئەم عادەتانەی مامۆستا لە سەرەتاوە، جێگەی قبوڵ نەبوو. دواتر وەک شتێکی بێزراوی لێهات. ئەو کارەی ئەنجامیدا، وەک سەرکەشی بەرامبەر نەریتی ٥٠٠ ساڵەی ناو حوجرە لێکدەدرایەوە

سیستەمێکی دواکەوتووی خوێندن

 

” تەواوی ئەو وانانەی لە حوجرە دەوترایەوە، گەر کۆیان بکەیتەوە بە دوو ساڵ دەخوێنرێت. لەو کاتەدا لە ڕێگەی خوێندنی ” علل الادغام” کاتی خوێندکارەکانیان بە فیڕۆ دەدا. کەسێکیش نەبوو کەوا بە جددی سەرپەرشتی خوێندکارەکان بکات”.

مامۆستاش خاوەنی مەزاجێکی ئاگرین، زیرەکیەکی تیژ و، خاوەنی ڕۆحێکی نوێگەرانە بوو. شێوازی کۆنی پەروەردەی دینی کە لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە مابوویەوە، تەکنیکی وانە وتنەوە، کەم ئاستی ئەو وانانەی دەوترانەوە، شتێک بوو هەر زوو مامۆستا هەستی پێکرد. بۆ ئەوەی ئەمەش بە شێوەیەکی کردەیی بسەلمێنێت، لای خۆیەوە دەستی کرد بە هەوڵدان. لەلایەکی ترەوە زۆرێک لەو یاسایانەی لەو سەردەمەدا هەبوو، یاخود زۆرێک لەو کڵێشانەی باو بوون، لە ناخیدا جێگەی نەدەبوویەوە. مامۆستا هەر زوو لەوە تێگەشت کە فێربوونی زمانی عەرەبی وەک ئامانجی لێکراوە. لەوەش زیاتر، ئەو کتێبانەی دەبوونە هۆی فێربوونی زمانی عەرەبی، ئەوانیش وەک ئامانجیان لێکرابوو. واتە ئەو لادانەی لە سیستەمی خوێندندا ڕوویدا بوو، وەهای لە مرۆڤەکان دەکرد بە شێوەیەکی بۆش و بەتاڵ پێبگەن. بۆ نمونە بە سەرسوڕمانەوە سەیری ئەو مشتومڕانەی دەکرد، کە لە چواردەوری جێناوێکی “هو” دەخولانەوە، کەوا بۆ کێ دەگەڕێتەوە.  ئەویش بە توندی دژی ئەوە وەستابوو، کە ئامرازەکانی فێرکردنی زانست وەک بتیان لێبکرێت. هەروەها ڕێگریکردنی کەسەکان و دەزگاکان لەوەی نوێکارییەک لەم حاڵە بەرچاو و ڕوونەدا بکرێت، شتێک بوو کەوا بەرگەی نەدەگرت. ئەم جۆرە بیرکردنەوانەی مامۆستا کە لە ساڵانی دواتردا زیاتر پێگەشت و خۆیان گرت، مامۆستایان هەر لەو ڕۆژگارەوە وەک تۆوێک کردبوویەوە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەش کەوا لە قۆناغی گەنجیدا لە هزری مامۆستا چەشنی تۆوێک گەشەی کرد، دوای چەندین ساڵ لە یەکێک لە نوسراوەکانیدا بەم شێوەیە باسی دەکات:

خۆ نوێکردنەوە، گرنگترین و یەکەمین بنەمای بەردەوامی بە خۆدان و بوونە. ئەو کەسانەی لە کاتی خۆیدا خۆیان نوێ ناکەنەوە، تەنانەت گەر بەهێزیش بن، درەنگ یان زوو هێزەکەیان مەحکوم بە تیاچوونە. هەموو شتێک لە ڕێگەی نوێبوونەوە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و بەردەوامی بە بوونی دەدات. کاتێک نوێبوونەوەش دەوەستێت، هەموو شتێک وەک لاشەیەکی لێدێت کە گیانی تێدا نەماوە، توشی ڕزین دەبێت و، بەجێهێڵدراوە بۆ ئەوەی بە هەوادا بچێت و بڵاو ببێتەوە. گەر دەست بدات، ئەو کەسانەی لەمڕۆدا بەرپرسیاری پەروەردە و فێرکردنن، خاوەنی ڕۆحێکی فەتحکەر و کەشفکەر بن، لەسەر ئاستی نوێکارە گەورەکان ئەم ئەرکەی سەرشانی ئەنجام بدات، دەبینن کەوا کەسێکی وەک نیزامولمولک و ئاڵپاسلانی لیدەردەچێت. ناتوانیت هەریەک لە فاتیح و ئاکشەمسەدین،  زەنبیل و یاوز لە یەک جیا بکەیتەوە. لە ئاسمانی ڕۆشنی غەزالیدا، پاسکاڵ لە بیر ناکەیت. گەر بە دەربڕینە ئەفسوناویەکەی مەولانا گوزارشت لە بابەتەکە بکەین:” کاتێک بەرەو ئاسمان بەرز دەبیتەوە، ئەوە لەبیر نەکەیت کە سەرێکیش لە تاقیگە بدەیت و، سڵاوێک لە پاستۆریش بکەیت. پوختەی ئەمەش بریتیە لەوەی ئاوێتەبوونی دڵ و مێشک بکاتە دروشمی خۆی…”

بەڵێ یەکێک لەو هۆکارانەی وەهای لە مامۆستا کرد لەو دەزگایانەدا خۆی پێنەگیرێت کەوا لە زۆر لە دوای سەدەی خۆیانەوە مابوونەوە، بریتی بوو لە ئاشکراکردنی ئەو هزر و بیرکردنەوانەی لە هەلومەرجی ئەو سەردەمەدا، کەوا دەبوو دوای چەندین ساڵ گوزارشتیان لێبکات، هەروەها رەنگدانەوەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە نیو رەفتار و گومانی ئەوەی کە دەتوانێت بیانهێنێتە ژیانەوە. ئەو لە کاتێکدا خوازیاری ئەوە بوو لەگەڵ غەزالیدا حەشر و نەشر بێت، لەلایەکی ترەوە خوازیاری ئەوە بوو، لە ئاسمانی پاسکاڵدا لە شەقەی باڵ بدات. لە ناخیدا وتەکانی مەولانای دەوتەوە و، لە هەمان کاتدا مەراقی پاستۆریش لێیدابوو.

مرۆڤ هەر هێندەی یەک جار دەستی بە فڕین کرد، ئیدی گەر ئاسۆی و پانوبەرینی بێ کۆتای ئاسماندا نەسوڕێتەوە، خۆی پێناگیرێت. تەنانەت مامۆستا لە ساڵانی خوێندکار بوونیشیدا، خۆی لە خوێندنەوەی ڕۆمان، وتار، شاکارە فەلسەفیەکان بە دوور نەدەگرت. بەڵام بێ ئەوەی بە کەس بڵێت، ئەم کتێبانەی دەخوێندەوە. سەبارەت بە داروینیش چەندین کتێبی خوێندەوە. چونکە بە باشی ئەوەی دەزانی کە ئەم کارەی لەلایەن کەسانی چواردەوریەوە بە کارێکی باش سەیر ناکرێت. ئەم خوێندنەوانە، ئەوان لە هزری ئیسلامی سوونی دوور نەخستەوە. ڕێک بە پێچەوانەوە، هەم بەرامبەر هزری دونیای سوننی ئیسلام بە ڕاستگۆیی مایەوە، هەم چاودێری تەواوی ئەو بزاڤە فکریانەی کرد، کەوا لە جیهانی ئیسلام و لەسەر ئاستی دونیا بوونیان هەبوو.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *