عاشقی ڕاستگۆ… بەشی حەڤدەهەم

ساڵانی ئیزمیرکەستانەپازاری(١٩٦٦- ١٩٧٠)

 

هیجرەت بەرەو ئیزمیر…

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە دوای ئەو فشار و لێپرسینەوانەی  لە ئیدیرنە و کرکلارەلی توشی بوو، لە مانگی شوباتی ١٩٦٦ بۆ ماوەیەک مۆڵەتی وەرگرت و بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوت.

پاش چوونی بۆ سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی لە ئەنقەرە، سەردانی مامۆستا یەشار توناگیوری کرد، کە یاریدەدەری سەرۆکی کاروباری ئاینی ئەو کاتە بوو.

مامۆستا یەشار توناگیور، نیازی ئەوەی هەبوو کە مامۆستا لە ئیزمیر دابمەزرێنێت. هەرچەندە مامۆستا خۆی دڵی پێوەی نەبوو، بەڵام بە هۆی زۆرلێکردنی مامۆستا یەشار توناگیورەوە، لە ١١ ی ئازاری ١٩٦٦، وەک وتاربێژێک لە شاری ئیزمیر دەستنیشانکرا.

 

مامۆستا خۆی بەم شێوەیە باسی ئەو ڕووداوە دەکات:

مۆڵەتم وەرگرت و دەستم بە گەشتێکی بچوکی ناوخۆی تورکیا کرد. سەردانی زۆرێک لە دۆستانی شوێنە جیاوازەکانی وڵاتم کرد. گەشتەکەم ماوەی ٤٠ ڕۆژی خایاند. لە کاتێکدا مۆڵەتەکەم تەنیا ٢٠ ڕۆژ بوو. چوومە ئەنقەرە و سەردانی مامۆستا یەشار توناگیورم کرد، کە لەو کاتەدا یاریدەدەری سەرۆکی کاروباری ئاینی بوو. باسی حاڵی خۆمم بۆ کرد و لەوێ ئەوەم بۆ دەرکەوت، کە ئەو نیازی شتێکی تری هەیە.

کاتێک ئیزمیر بەجێدەهێڵێت، باسی ئەوەیان بۆ دەکات کە من لە شوێنی خۆی دادەنێت و زۆر پەسنی منیان بۆ دەکات. هەربۆیە بە منی وت” داوایەک بۆ پارێزگار بنوسە و داوای تاربێژێتی لە ئیزمیر بکە”. منیش کاتێک لە پڕێکدا ئەم تەکلیفەم خرایە بەردەم، سەرم سوڕما. منیش وتم: ئیزمیر شوێنێکی گەورەیە، قوتم دەدا، هەتا مومکین بێت، من بنێرن بۆ شوێنێکی بچوک لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا. ئەویش زۆر پێداگری کرد. داواکەی بە کەسێکی تر نوسی و پاشان بە زۆر واژۆی پێکردم. پاشان داواکەی بردە بەردەمی سەرۆکی کاروباری ئاینی و واژۆیەکی بەویش کرد. خۆی واژۆی نەکرد، ئەمەش یەکێک بوو لە تەگبیرەکانی مامۆستا یەشار، چونکە هەمیشە بە حەزەرێکەوە هەنگاوی هەڵدەگرت.

کاتێک گەڕامەوە کرکلارەلی، یەکەم کارم ئەوە بوو کە موفتی شارەکەم لە دامەزراندنم لە شاری ئیزمیر ئاگادار کردەوە. چونکە لەو کاتەدا وەک تاوانبارێک وەها بووم و دۆسیەی لێکۆڵینەوەم لەسەر کرابوویەوە. کاتێک موفتی ئەوەی بیست کە لە شوێنێکی تر دایانمەزراندووم، یەکسەر دۆسیەی لێپرسینەوەکەمی لە یاد کرد و پێ ناخۆش بوونی خۆی  بە ڕۆشتنم پێڕاگەیاندم.

جێهێشتنی کرکلارەلیم هەروەک مەراسیمی لێهات. ئۆتۆمبیلیان گرت و بە سەڵاوات و تەکبیرەوە هەتا ئیدیرنە بەڕێیان کردم. چاوم بە دۆستانی ئێدیرنە کەوت و ماڵئاوایم لە هەموویان کرد. هاتمە ئیستەنبول و بەمەبەستی ڕۆشتن بەرەو ئیزمیر و، سواری شەمەندەفەر بووم.

نائیل نامیک پارێزگاری کرکلارەلی، بە نوسراوێکی فەرمی کە لە بەرواری ٢٥ ی ئازاری ١٩٦٦ بۆ فاروق سوکانی وەزیری ناوخۆی تورکیای ناردووە، ئەوەی پێ ڕادەگەیەنێت کە مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە بەرواری ٢١ ی ئازاری ١٩٦٦ لە کرکلارەلی ڕۆشتووە.

هەروەها لە ڕۆژنامەی یەشیل یورتیش، لە بەرواری ٢٨ ی ئازاری ١٩٦٦، وتارێک سەبارەت بە ڕۆشتنی مامۆستا لە کرکلارەلی بڵاوکرایەوە.

لە هەواڵەکەدا بەم شێوەی باسی ڕۆشتنی مامۆستا کرابوو:

فەتحوڵڵا گولەن کە یەکێکە لە وتاربێژە گەنجەکانی شارەکەمان و ماوەی ساڵێکە لەم شارەدا وتار پێشکەش دەکات، ئێستا بۆ وتاربێژێتی لە ناوەندی شاری ئیزمیر گواستراوەتەوە.  بە هۆی ئەرکە نوێکەیەوە هیوای سەرکەوتن بۆ مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن دەخوازین و  هەمیشە بە وتارەکانی سەرنجی کەسانی ڕۆشنبیری بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە.

“مامۆستا چۆنی لە ئیزمیر دەستبەکار بوو”

 

مامۆستا یەشار توناگیور، لە پایزی ساڵی ١٩٦٥، وەک یاریدەدەری سەرۆکی کاروباری ئاینی ئەو کاتەی تورکیا دەست بەکار بوو.

کاتێک خوێندکارەکانی و هاوڵاتیانی کەستانەپازاری پێی دەڵێن ” مامۆستا ئێمە بۆ کێ بەجێدە‌ێڵیت و لەبەرچی دەڕۆیت؟”، مامۆستا یەشاریش لە وەڵامدا پێیان دەڵێت” کەسێکی وەها بە نرختان بۆ دەنێرم، لە ماوەیەکی کەمدا منیش لەبیر دەکەن”.

 

 هەرچەندە ناوی هیچ کەسێکی بەوان ناڵێت، بەڵام  جگە لە ناوی کەسێک، هیچ کەسێکی تری لە خەیاڵدا نەبوو. ئەویش جگە لە گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵان، کە ناوی فەتحوڵڵا گولەن بوو، کەسی تر نەبوو.

مامۆستا یەشار توناگیور بەم شێوەیە باسی دەکات:

کاتێک ڕۆشتمە ئەنقەرە، یەکەم کارم ئەوە بوو، کە مامۆستا لە ئیزمیر دابمەزرێنم. بەم شێوەیە ئەم دامەزراوەیەی جێمهێشتبوو، ڕادەستی کەسێکی شیاو کرا. کام کارە مرۆڤ ڕز لەو دونیا گار دەکات ، ئەمە شتێکە کە تەنیا جەنابی حەق دەیزانێت. من بە ناوی خۆمەوە هیچ کارێکم نیە، کەوا پشتم پێی بەستبێت و بڵێم لە ژیانی ئاخیرەتدا ڕزگارم دەکات، بەڵام  تەنیا بوومە هۆکاری کارێک، تەواوی هیواکانم لەسەر ئەو هەڵچنیوە. ئەویش دامەزراندنی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەنە لە شاری ئیزمیر. بەڵێ لە ماوەی ٥ ساڵی ئەرکی یاریدەدەری سەرۆکایەتی کاروباری ئاینیدا، ئەمە باشترین کارێک بووە کە ئەنجامم دابێت”.

 

مامۆستا لە ٢٥ ی ئازاری ساڵی ١٩٦٦، گەشتە کەستانەپازاری ئیزمیر. واتە لە مانگی ئازاری ١٩٦٦ هەتا دەگاتە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٧٠، یەکەم قۆناغی ژیانی مامۆستا لە ئیزمیر، نزیکەی ٤ ساڵی خایاند.

کاتێک مامۆستا بە دوو جانتای بچکۆلەوە گەشتە ئیزمیر، هەندێک لە مرۆڤەکان سەریان سوڕما. ماۆستا تەمەنی ٢٧ ساڵان بوو، خەڵکیش ئەوەیان بەلاوە سەیر بوو، کە بتوانێت سەرپەرشتی ئەو شوێنە بکات. تەنانەت هەندێ لە خەڵکی ئیزمیر بە مامۆستا یەشاریان وتبوو” مامۆستا لە ناو ئەم هەموو خەڵکەدا، تەنیا ئەو منداڵەت بۆ دۆزینەوە!”. هەندێکیشیان وتبوویان ئا ئەمەیە ئەو کەسەی کە مامۆستا یەشار دەیوت” کەسێکی وەها بەنرختان بۆ دەنێرم، تەنانەت ناوی منیش لەبیر دەکەن”.

مامۆستا بۆ ئەوەی نەبێت بە ئەرک بەسەر کەسەوە، تەواوی کەلوپەلەکانی لە دۆڵابێکی شوشەی نزیک  ژووری بەڕێوەبەری وەقفی مزگەوتەکە جێکردەوە. لە ژوورەکەشیدا قەنەفەیەک هەبوو کە شێوەی جێگەی خەوتنیشی وەردەگرت، مامۆستا ڕۆژانە وەک قەنەفە لەسەری دادەنیشت و شەوانیش پانی دەکردەوە و لەسەری دەخەوت.

 

“یەک دوو کاتژمێر خەوتن”

مامۆستا بەم شێوەیە باسی یادەوەریەکانی ئەو سەردەمەی دەکات:

 

بە گوێرەی یەکەم لێکدانەوەکانم، بڕیاری ئەوەمدا کە پێویستە بە شێوەیەکی بەردەوام، چاودێری خوێندکارەکانم بکەم. پێویستی بەوە دەکرد، کە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەسەر سەریانەوە بوەستم. کاروباری گشتی خوێندکارەکانم پێویستیان بە مامەڵەیەکی لەو شێوەیە دەکرد. بە هۆی مەشقی بەردەوامی خۆمەوە، لاشەم بە تەواوی لاواز بوو بوو. وێڕای ئەمانەش، بە یەک دوو کاتژمێر خەوتن، بەرگەم دەگرت. هەندێک جار هەتا بەیانی نەدەخەوتم و بە بێداری دەمامەوە. شەوانە بەسەر تەوالێت و جێگەی خەوتن و حەمامەکاندا دەگەڕام و چاودیری خوێندکارەکانم دەکرد. لەلایەکەوە لە نزیکەوە چاودێری خوێندکارەکانم دەکرد و لەلایەکی ترەوە هەوڵی گۆڕینی شتە نایاسایەکانم دەدا.

 

لەو کاتەی من گەشتمە ئیزمیر، ساڵی خوێندن تەنیا یەک دوو مانگی مابوو. بەو شێوەیە ئەو ساڵی خوێندنەمان تەواو کرد.

لە پۆلەکانی کۆتاییدا چەند منداڵێکی سەرکەش هەبوو. تەمەنیان لەوانی تر گەورەتر بوو. مومکین نەبوو وەهایان لێبکەیت، کە گوێ لە قسە بگرن. پێش ئەوەی من بێم، لەلایەن سەرپەرشتیارەکانی ترەوە، زۆر بە دەمیانەوە درابوو. کاتێک زانیم کە هیچ چارەیەکم نەماوە، بە شێوەیەکی زۆر توند قسەم لەگەڵ یەک دوانێکیان کرد. هەندێکیان کاتێک خوێندیان تەواو کرد، شوێنەکەیان بەجێهێشت، هەندێکیشیان بە تەواوی ئاقڵ بوون.

تەمەنم لە نێوان ٢٦ هەتا ٢٧ ساڵان بوو، هەربۆیە کارمەندان و خوێندکارەکانی ناو وەقفەکەش، هاتنی گەنجێکی وەک منیان پێ هەزم نەدەکرا. تەنانەت هەندێک لە مامۆستاکان، بە دەنگی بەرز قسەیان دەکرد و بە شێوەیک کەوا منیش گوێم لییبێت دەیانوت” مامۆستا یەشار بە هەموو توانیەوە ئەم منداڵەی بۆ دۆزینەوە؟!”.

لە ڕاستیشدا یەکێک لەو کەسانەی سەرپەرشتیاری ئەو شوێنەیان دەکرد، ئەو کاتە و دواتریش هەر منی پێ قبوڵ نەکرا.

 

یەکەم ڕۆژ کاتێک گەشتمە شوێنی کارەکەم، خوێندکارەکانی کۆکردەوە و وتی” لەمەودوا ئەم سەرپەرشتیاری ئێوە دەبێت، واتە شتێکە وەک بەڕێوەبەر!”.

بێگومان ئەم جۆرە پێناساندنە منی زۆر دڵتەنگ کرد. هەر ئەم شێوازی پێ ناساندنەش، لە نێوان خوێندکارەکاندا ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی بە دوای خۆیدا هێنا. هەتا ئەو کاتەی بە تەواوی کاروباری بەڕێوەبردنی خوێندکارەکانم گرتە دەست، بەم هۆیەوە توشی زۆر ناڕەحەتی بووم.

 

کاک عەلی ڕەزا، سەرۆکی وەقفەکە بوو. لە وەقفەکە زیاتر لە هەموو کەسێک، قسەی ئەو دەیخوارد.

پاش ماوەیەک ئەوەم بیست کە لای دەستەی سەرپەرشتیاران پەسنی منی کردووە. هەموویانی کۆکردبوویەوە و پێی وتبوون” ئەم مامۆستایە هەتا ئێستا نانی ئەم وەقفەی ئێمە ناخوات، گەر یەکێک لە ئێوە دڵی بئێشێنێت، لێرە دەری دەکەم”. پاش تێپەڕینی ماوەیەک، هەم دەستەی سەرپەرشتیاران و هەم خوێندکارەکان، منیان قبوڵ کرد و لە نێوانماندا گەرموگوڕیەکی زۆر دروست بوو.

 

پێش ئەوەی من بێم، کاک عەلی ڕەزا هەموو ڕۆژێک  خودی خۆی هاتبوو، هەتا بتوانێت لە نزیکەوە کۆنتڕۆڵی خوێندکارەکان بکات. لە یەکەم ڕۆژەکانی منیشدا هەر دەهات و سەردانی دەکردین، پاش ئەوەی منی بینی کە هەموو ڕۆژێک بە پێوە سەرپەرشتیاری خوێندکارەکان دەکەم، ڕۆژێکیان هات و وتی” مامۆستا ئێرە لەمەو دوا بە تەواوی ئەمانەتی دەستی تۆیە”.

ئیدی لە دوای ئەو ڕۆژەوە، هیچ کاتێک بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی خوێندکارەکان نەهاتەوە بۆ وەقفەکە.

 

“کوخە دارینەکە”

پاش تێپەڕینی ٦ مانگ، شوێنێکیان بۆ من تەرخان کرد کە بریتی بوو لە کوخێکی لە دار دروستکراو. پانی و درێژیەکەی تەنیا دوو مەتر دەبوو.

من ٦ مانگی یەکەم هەمیشە لە بەڕێوەبەرایەتی دەمامەوە و دەتوانم بڵێم کەوا  هەتا کارەکانم خستە سەر ڕێچکەی خۆی، هیچ کاتێک پشتم لەسەر زەوی دانەنا.

کوخە دارینەکەمم زۆر خۆش دەویست، گەر قاچەکانم درێژ بکردایە، قاچم لە دیوارەکەی دەدا. دەستشۆر و تەوالێتی نەبوو. دەستم لە دەبەیەکی دەرەوە دەشۆرد. بەڵام ئەم کوخە بچوکە، بە شێوەیەک خزمەتی منی دەکرد، کە بە تەواوی منی تێر دەکرد. شوێنێکی زۆر سادە و خاکی بوو. بەڵام ئەم شوێنە بچوکە، پاش ماوەیەک بووە مایەی خزمەتگەلێکی زۆر گەورە. شوێنێک بوو وەک دیوەخانی لێهاتبوو.

هەندێک جار عەلی ڕەزا لەگەڵ کاک ساجد، هەندێک جاریش سەففەت سۆلاک و کەسانی تریش سەردانیان دەکردم. منیش بە تایبەت چام لێدەنا و پێشکەشی میوانەکانم دەکرد. کاک عەلی ڕەزا بە دەنگە خۆشەکەیەوە تەلەفۆنی دەکرد و دەیوت” مامۆستا چایەکە ئامادەیە؟”. هەندێک جار منیش تەلەفۆنم دەکرد و دەموت” کاک عەلی ڕەزا چایەکە ئامادەیە”. بەڕاستی پیاوێک هەروەک ئەولیا وەهابوو”.

کاک عەلی ڕەزا گیوڤەنیش بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژگارە دەکات:

مامۆستا یەشار توناگۆر لە ئەنقەرە دامەزرا، ئێمەش وتمان هەر دەبێت کەسێکمان لە شوێنی خۆی بۆ دابنێت. لە ڕاستیشدا دوای ئەوەی بەڵێنمان لێوەرگرت، ڕێگەمان دا کەوا ئێمە بەجێبهێڵێت. ئەویش مامۆستای بۆ ناردین. بەڵام بە لای هەموومانەوە مامۆستا زۆر گەنج بوو. هەموومان لە خۆمان دەپرسی : کە ئاخۆ دەتوانێت جێگەکەی مامۆستا یەشاری پێ پڕ بکرێتەوە.

بەڵام مامۆستا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، بێ بنەمایی گومان و دوودڵیەکانمانی بۆ دەرخستین. ئەو زۆر لەسەروی پێشبینیەکانی ئێمەوە، کەسێکی خاوەن زانست، فەزیڵەت، لێبوردەیی و کەسێکی زۆر کارامە و ئیشکەر بوو. حەیران نەبوون بە دیسپیلینی مامۆستا، شتێک نەبوو کەوا لە دەستی مرۆڤدا بێت. هەم وانەی بە خوێندکارەکان دەتەوە، هەم خۆیشی سەرپەرشتی هەموویانی دەکرد.

هەموو ڕۆژێک سەردانی ژوورەکەیم دەکرد. ژوورەکەی بە شێوەیەک بوو گەر قاچت ڕابكێشایە، قاچت لە دیوارەکەی توند دەبوو. پێکەوە چامان دەخواردەوە. مامۆستا بە دەستی خۆی چاکەی لێدەنا. لە ژوورەکەیدا سۆبایەکی بچوکی کارەبایی هەبوو. بەم سۆبا بچوکە، زۆرینەی کارەکانی خۆی بەڕێدەکرد. کاتێک پێکەوە قسەمان دەکرد، یاخود دەردەدڵمان بۆ یەکتری دەکرد، زۆرینەی کات ئەمەمان لە کاتی چا خواردنەوەدا ئەنجاممان دەدا. زۆرینەی دانیشتنەکانیشمان لە دوای نوێژی عەسر بوو.

جارێکیان پێکەوە ڕۆشتین بۆ لای خاتونێکی دەوڵەمەندی شاری ئیزمیر، هەتا یارمەتیمان بدات بۆ کڕینی فەرش و ڕاخەرەکانی ناو خوێندنگەی زانستە ئیسلامیەکان. ئەمە شتێک بوو کە بە پێچەوانەی دیسیپلینەکانی مامۆستاوە بوو، بەڵام لەوێدا فیداکاری ئەنجامدا، هەمیشە حەیرانی فیداکاریەکانی ئەو بووم.

مامۆستا بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە کەستانەپازاری خزمەتی کرد، ژمارەیەکی زۆری لە خوێندکار پێگەیاند، خوێندکارەکانی ئەو زۆر جیاواز لە خوێندکاری تر بوون. کەسانێکی خاوەن شعور و وابەستە بە ڕەگی ڕۆحیانەوە بوون.

خودی خۆی بە هەموو شتێکی خوێندکارەکانیەوە سەرقاڵ دەبوو. بە وانەکانیان، پەروەردەکردنیان، حاڵی کۆمەڵایەتیانەوە… ئەو هەم بەڕێوەبەر و هەم مامۆستای گەورەیان بوو. خوێندکارە پێگەشتووەکانیشی، بە گوێرەی ئەوە کەسانێکی پڕ ئیخلاس و ڕاستگۆیان لێ دەردەچوو. هەموو کاتێک هەستم بەم جیاوازیە کردووە.

هەروەها بە وتارەکانی لە مزگەوتی کەستانەپازاری، سەرنجی زۆر کەسی بەلای خۆیدا ڕادەکێشا. لە ڕاستیشدا کەسێکی ناخ پڕ بوو. بەڵام لە هەمان کاتدا کەسێکی زۆر کارامە بوو لە دەربڕینی ئەوەی لە ناخیدایە. هێزی قەناعەت پێکردنی زۆر بەهێز بوو.

ئەو بابەتانەی لە وتارەکانیدا پێشکەشی دەکردن، مرۆڤی هەموو ئاستەکانی ڕازی دەکرد. هەرکەسێک بهاتایە بۆ وتارەکانی، گەر بە پێش بڕیارێکەوە نەهاتایەتە ژورەوە، بێگومان زۆر بە دڵی دەبوو. بە شێوەیەکی زۆر زانستی و تەکنیکی قسەی دەکرد. لە ڕاستیشدا زۆرێک لە وتارەکانی لەلایەن خەڵکەوە تۆمار دەکران.

مامۆستا لە ساڵی ١٩٦٦ کە دێتە ئیزمیر، لە خەویدا دروستکردنی خوێندگەیەک دەبینێت، کە تەواوی دونیا لە خۆی دەگرێت و هەر بەو هۆیەشەوە هۆنراوەی “دونیایەکی نوێ” دەنوسێت. ئێستا خوێندکارانی خوێندنگەکانی خۆشەویستی لە ١٧٣ وڵاتی دونیا ،وەک میوەی ئەم خەوە دەبینرێن؛ لە فێستیڤاڵی زمان و کەلتوریشدا هۆنراوەی “دونیایەکی نوێ” لەلایەن ئەو خوێندکارانەوە دەوترێتەوە.

مامۆستا وەک وەفایەک بۆ هاوڕێ دێرینەکەی، سەردانی مامۆستا سوات یڵدرم دەکات لە ئیزمیر.

 مامۆستا سوات یڵدرم بەم شێوەی باسی ئەو ڕۆژانە دەکات:

لە پاش توزلا، لە خوێندنگەیەکی سەربازی بە ناوی “ئێغیرداغ و کوماندۆ” کۆرسێکی ٦ مانگیم دەخوێند. لەو ڕۆژەی ئەو کۆرسە تەواو دەبوو، مامۆستا لە ئیزمیرەوە هەستا و سەردانی منی کرد. ئەویش لەم کاتەدا لە بەشی ناوخۆیی وەقفی مزگەوتی کەستانەپازاری، وەک بەڕێوەبەر دەست بەکار بوو بوو. خەریک بوو زستانی دەستی پێدەکرد و لە مانگی شوباتدا بووین. پاش ئەوەی سەردانی ئیسپارتە و دەنیزلیمان کرد، پاشان ڕوومان لە ئەنقەرە کرد. لەوێ پێکەوە بەشداریمان لە کۆنفڕانسێکی نەجیب فازڵی ڕەحمەتی کرد. هەتا ناوچەی هۆپا لەگەڵ من هات و، بەو شێوەیە ماڵئاوایی لێکردم.

مامۆستا لە بابەتی فیداکاریدا هیچ سنورێکی نەبوو. بەو ئیمکانیەتە کەمەی هەیبوو، لە ڕۆژئاوای تورکیاوە هەتا دوورترین شوێنی ڕۆژهەڵاتی تورکیا کە ناوچەی هۆپایە، هاتبوو بۆ سەردانی من.

منیش لەو کاتەدا لە ناوچەی هۆپا و لە شوێنێکی سەر سنور، لە پێگەیەکی وەهادابووم کە ٢٤ کاتژمێری ڕۆژم بە ئەنجامدانی ئەرک بۆ ئەژمار دەکرا و ڕۆژانە بە شێوەیەکی بەردەوام لە ئەرکدا بووم. سەرەڕای ئەوەی کە زۆرم لێکرد، بەڵام لە ترسی دیسپیلینی سەربازی  کەوا مانەوەی لەلای من کێشەیەک دروست بکات، نەهاتە ژوورەکەمەوە و تەنیا دوو کاتژمێر لەلام مایەوە  و پاشان بەجێیهێشتم. سەرەڕای ئەوەی چەندین ڕۆژ بەڕێوەبوو هەتا بگاتە لام، بەڵام وێڕای هەموو ماندوویەتی ڕێگاکەی، جگە لە دوو کاتژمێر زیاتر نەمایەوە.

 

بڵاوبوونەوەی وتارەکانی مامۆستا لە گۆڤاری غوربەت:

کەسانێکی وەک عەبدوڵا ئایماز و فەهمی کۆرو کە دەرچووی خوێندنگەی دواناوەندی زانستە ئیسلامیەکان بوون، ٣ مانگ جارێک گۆڤارێکیان بە ناوی غوربەتەوە دەردەکرد. ئیدی کەسانێکی وەک عەبدوڵا ئایماز، وەک چۆن داوایان لە مامۆستا یەشار توناگور دەکرد کەوا وتاریان بۆ بنوسێت، بە هەمان شێوە داوایان لە مامۆستا کرد، کە مانگانە وتاریان بۆ بنوسێت. مامۆستاش لە دوای ئەم تەکلیفەی ئەوان، دەستی بە نوسینی وتار کرد. یەکەم وتاری بە ناوی غوربەت بوو.(گۆڤاری غوربەت، نیسانی ١٩٦٦، ژمارە ٩). مامۆستا لەو گۆڤارەدا ٤ وتاری بڵاو کردەوە.

وتارەکانی ئەمانەن:

غوربەت(٩)

باوەڕمان هەیە؟(١٠)

لە تۆ تێنەگەشتین (١١)

هاتینە دەرگای تۆ(١٢)

 

ماۆستا سەبارەت بە گۆڤاری غوربەت، بەم شێوەیە باسی یادەوەریەکانی دەکات:

کاتێک هاتمە کەستانەپازاری، گۆڤاری غوربەت بڵاو دەکرایەوە. خوێندکارەکانی ئەوێش، هەندێک لە نوسینەکانم کە وەک ڕەشنووس وەهابوون، لەو گۆڤارەدا بڵاویان کردەوە.

لە دەستەی نوسەر و سەرنوسەرانی گۆڤارەکەدا، کەسانێکی وەک عەبدوڵا ئایماز ،  فەهمی کۆرو، مەهمەت بینیجی، کە لە پۆلی پێنجهەمی قۆناغی دواناوەندی بوون، بوونیان هەبوو. هەروەها کەسانێکی وەک ئیحسان ئێمجی و عوسمان ئێسکیجی ئۆغلوش بوونیان هەبوو، کە خوێندنی زانستە شەرعیەکانیان تەواو کردبوو.

 

 پێش منیش مامۆستا یەشار توناگیوریش چەند وتارێکی بۆ نوسیبوون. منیش چەند شتێک ڕەشکردەوە و لەو گۆڤارەدا بڵاوم کردەوە، بە ڕاستی ئەو گۆڤارەم خۆش دەویست. گۆڤارەکە ناوی غوربەت بوو، یەکەم وتاری منیش ناوی غوربەت بوو. هەروەها بە “تۆش لە غوربەتدایت” وتارەکەم تەواو کرد. هێندەی بیرم مابێت، وەکو ئێستا هەڵەچنی و ڕاستکردنەوە بۆ نوسینەکان نەدەکرا. لەوە دەچێت زۆر هەڵەشم تێدا کردبێت. بەڵام وەک ئازەریەکان دەڵێن” ئەو دیسان ڕۆحی من بوو”.

لەو سەردەمەدا هەوڵمان دەدا شتێک ئەنجام بدەین، بەڵام ئەویش تەمەنێکی درێژی نەبوو. تەنیا لەسەر ئاستی ئیزمیر بڵاو دەکرایەوە و تیراژەکەی تەنیا ٣ هەزارێک دەبوو. هەربۆیە دەتوانم بڵێم کەوا زۆر بەهێز نەبوو.

 

باڵندەکان چی دەڵێن؟

لەو سەردەمەدا ڕۆژێکیان مامۆستا لە کاتی گەشتێکیدا، بە مەبەستی ئەنجامدانی نوێژی بەیانی، ڕوو دەکاتە گوندێکی شاری ئیزمیر و یەکێک لە خوێندکارەکانی ئەو سەردەمەی لەگەڵدا دەبێت، کە هەتا ئێستا چەندین کتێبی بڵاو کردۆتەوە و  ئەویش کەس نیە جگە لە عەبدوڵا ئایماز.

لەگەڵ هاوڵاتیانی گوندەکە، نوێژی بەیانی ئەنجام دەدەن و کاتێک لە مزگەوتەکە دێنە دەرەوە، دەبینن کەوا باڵندەکان دەچریکێنن.

یەکێک لە گوند نشینەکان لە مامۆستا نزیک دەبێتەوە و دەپرسێت” مامۆستا ئەم باڵندانە چی دەڵێن”. دەشێت گوندنشینەکە چاوەڕێی ئەو وەڵامەی کردبێت کە مامۆستا بڵێت” ئەم باڵندانە یادی خودا دەکەن”.

وەڵامەکەی مامۆستا سەرنجڕاکێش دەبێت و دەڵێت” ئەو باڵندانە دەڵێن، داوەشین بۆ خەڵکی ئەم گوندە، تەنیا ٤ کەس بۆ نوێژی بەیانی هاتوون!”.

 

مامۆستا نیازی ئەوەی هەبوو گەنجێکی تەمەن ١٣ ساڵ کە ناوی مەسعود ئێریشەن بوو، بنێرێت بۆ خوێندنی هونەرە جوانەکان، چونکە لە کاتی بانگداندا دەنگێکی زۆر خۆشی هەبوو. لە بەشی هونەرە جوانەکانیش پێویست بە کەسانێک هەبوو کە خزمەت بکەن. بەڵام ئەم گەنجە لە دوای چەندین ساڵ، توانی دیداری مێژویی نێوان مامۆستا و پاپای ڤاتیکان ڕێک بخات و، لە هەمان کاتدا نوێنەری ڕۆژنامەی زەمان بوو لە شاری ڕۆما.

بەردەوام دەبێت…

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *