عاشقی ڕاستگۆ   بەشی ٣٥

“هەندێک جار خزمەت هێندە زیندە و، مرۆڤەکانی خزمەت هێندە بە هەڵوێست، دەربڕینەکان هێندە گەرم، تێڕوانینەکان هێندە نەرمونیان، هەستەکانیش وەها جۆش و خرۆش وەردەگرن، هەموو مەردێکی ناو خزمەت وەک ئەوەی کوهەیلانەکەی خۆی دۆزیبێتەوە، بێ گوێدانە شەو-ڕۆژ خەریکی ڕاکە ڕاک دەبێت و، هەتا ئەو کاتەی قڵیش دەبات  هەست بە ماندوویەتی ناکات. چونکە ئەوە باش دەزانێت گەر شەقیش ببات، پاداشتی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی جەنابی حەق چیە…”(گۆڤاری سزنتی، حوزەیرانی ١٩٩٢)

 

خوێندنگەکان

 

خزمەتی خوێندنگەکان کەوا مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن زۆر بایەخی پێدەدات، لە هەمان کاتدا ئامانجی میسالی بەدیعوزەمانیش بوو:

“بە مەبەستی ئەوەی ئەهلی مەکتەب و ئەهلی حوجرەی ناوچەی ئەنەدۆڵو یارمەتی یەکتر بدەن و لە نێوانیاندا هەماهەنگیەک پێکبێت، هەوڵی ئەوەم داوە لە ناوەندی ویلایەتی ڕۆژهەڵات، هەم لە ناوەندی هەریەک لە وڵاتانی هندستان، عەرەبستان، ئێران، قەفقاس، تورکمەنستان زانکۆیەک کەوا هەم مەکتەب بێت و هەم حوجرە، “دار الفنون” ێک لەسەر شێوازی (جامع الازهر)، لە ژێر ناوی “مدرسة الزهراء” بکرێتەوە، ماوەی ٥٥ ساڵە وەک ئەوەی هەوڵی بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستیەکانی پەیامەکانی نور داوە، هەوڵی فەراهەم کردنی شتێکی لەم شێوەیەشم داوە.”(پەراوێزی ئەمیراداغ، نامەی ١٣٩)

 

بەدیعوزەمان سەرەڕای ئەوەی زۆر ئارەزووی کارێکی لەو شێوەیەی دەکرد و هەوڵ و کۆششێکی زۆری بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردبوو، هەرکاتێک دەهاتە سەر ئەوەی خوێندنگەیەک بکاتەوە، کۆسپێک دەهاتە بەردەمی و خۆیشی بەم شێوەیە باسی بابەتەکە دەکات:

“لەلای ڕۆژهەڵاتەوە نورێک سەرهەڵدەدات، تاریکستانی بیدعەکان پەرش و بڵاو دەکاتەوە، من زۆر جاوەڕوانی دەرکەوتنی نورێکی لەو شێوەیەم کرد و ئێستاش چاوەڕێی دەکەم. بەڵام گوڵەکان لە بەهاردا دێن. پێویستە سەرەتا زەمینە بۆ هاتنی گوڵانێکی قودسی لەو شێوەیە ئامادە بکرێت.  دواتر لەوە تێگەشتین، ئێمە لە ڕێگەی خزمەتەکەمانەوە، زەمینە بۆ هاتنی ئەو زاتە نورانیانە ئامادە دەکەین”.(کولیاتی پەیامەکانی نور)

 

کاتێک لە ساڵی ١٩٨٢ بابەتی کردنەوەی خوێندنگە تایبەتەکان لەلایەن کەنان ئێڤرەنەوە کرایەوە، مامۆستا هانی ئەوەی دەدا، ئەو بەشە ناوخۆیی و دەرسخانانەی لە زۆر شوێنی تورکیا کراونەتەوە، بگۆڕێن بە کۆلیژ و خوێندنگە. بەڵام لە هەلومەرجی ئەو ڕۆژگارەدا، تێگەشتن لەم خواستەی مامۆستا و بە پەلە جێبەجێکردنی، کارێکی هەروا ئاسان نەبوو. لە ڕیگەی هاندانی زۆری مامۆستاوە، بەشی ناوخۆیی بۆزیەکا کەوا لە ئیزمیر بوو، گۆڕدرا بە کۆلیژی یەمانلەر و لە ڕێکەوتی ١٠ ی تشرینی دووهەمی ١٩٨٢ لە ڕێگەی ٢٨ خوێندکارەوە دەستی بە چالاکیە پەروەردەییەکانی خۆی کرد. لە هەمان ساڵدا کۆلیژی فاتیح لە ئیستەنبول و کۆلیژی نیلوفەر لە بورسا کرایەوە. ساڵی دواتر کۆلیژی سامانیۆڵو کەوا زەویەکەی لەلایەن عەبدولکەریم دۆغرو، یەکێک لە وەزیرە پێشووەکانی تورکیاوە تەرخان کرابوو، دەستی بە کاروچالاکی پەروەردەیی خۆی کرد.

 

تەمەنێکی پڕ خزمەت

 

یەکێک لەو مرۆڤە جوامێرە خێرخوازانەی لە کردنەوەی خوێندنگەکاندا دەستێکی باڵای هەبوو، حاجی کەمال ئێریمەزی خەڵکی ئایدن بوو. باوکی لە سەردەمی عوسمانیەکاندا فەرماندەیەکی هێزەکانی جەندەرمە دەبێت و، لە خانەوادەیەکی دەوڵەمەندەوە هاتبوو. ئێریمەز کەسێکی هەبوو بوو. هێندەی ئەوەی بەشی ٧ پشتی بکات، داری زەیتون و  کانزای ئەڵماسی هەبوو. زۆر نزیکایەتی لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەبوو کە سیاسەت و ڕەوتی چارەنوسی تورکیایان لە دەستدابوو. بۆ نمونە بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی ئەو کاتە پێشوازی لە کەسێکی وەک عەدنان مەندەرەس بکەن، لۆریەکانی ئەو کاتەی پڕ لە خەڵک  دەکرد و دەیبرد، دەمیرەیلیش کاتێک دەهاتە ئایدن، ڕاستەوخۆ سەردانی ماڵی ئێریمەزی  دەکرد و، لە ماڵی ئەودا پێشوازی لێدەکرا. ئەویش ئەو کەسە بوو، کە خواستی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەی بۆ ئەنقەرەی پایتەخت دەگواستەوە.

دەمیرەل لە یەکێک لەو ڕۆژانی لە ماڵی ئەودا دەمێنێتەوە، تەکلیفی ئەوەی دەخاتە بەردەم کە بچێتە ناو سیاسەتەوە. هەروەها مەندەرەسیش هەمان تەکلیفی خستبوویە بەردەمی… بەڵام ئەو گوێێ بە تەواوی ئەم شتانە نەدەدا. هەروەها لای کەسیش باسی ئەم شتانەی نەدەکرد. چونکە باسکردنی خۆیی و پیاهەڵدان بە شانوباڵی خۆیدا، شتێک بوو کەوا ئەویان نارەحەت دەکرد. ئەو وەک هاوڵاتیەکی دەرەوەی شار بە تێڕوانینی خۆی هەستی بەوە کردبوو کە لە گەلەکەیدا نوقسانی شتێک هەیە و، بەڵام نەیدەتوانی ناوێکی لێبنێت. پێویستی بەوە  دەکرد کەسێک ئەوەی پێبڵێت، کەوا ڕێگەی ڕۆشنکردنەوەی مرۆڤەکان، لە پەروەردەکردنیانەوە تێدەپەڕێت و ، ئەمیش بەم هۆیەوە جۆش و خرۆشی ئاگر بگرێت.

 

حاجی کەمال هەمیشە ڕێز و خۆشەویستیەکی زۆری بۆ کەسانی دیندار و پیاوانی دینی هەبوو، بەڵام گەنجێک کەوا لە ئێدیرنەوە هاتبوو، بە نیسبەت ئەوەوە خاوەنی ئاسۆیەکی زۆر بەرفراوان بوو. ئەم گەنجەی کەوا زۆر شتی گەورەی تێدا بەدی کردبوو، مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن بوو. نزیکایەتی لەوەوە لە ماوەیەکی کەمدا وەک ئالوودە بوونی لێهات. هەرچەندە لە ڕووی تەمەنەوە لە مامۆستا گەورەتر بوو، بەڵام ئەو هەر قسەیەکی بکردایە، وەک فەرمان وەریدەگرت. ئیدی دوای ئەوە ژیانی بە تەواوی گۆڕا. ئیدی هەتا ساتی دوا هەناسەکانی، لە پێناو خزمەت و پەروەردە و ڕۆشنکردنەوەی مرۆڤەکان، دەستی بە ماراسۆن و ڕاکرنێکی درێژخایەن کرد.

ئیدی هەر ئیشارەت و تەنانەت ئاماژەکردنێک کەوا لەلایەن مامۆستاوە دەهات، وەک فەرمان وەریدەگرت. هێندەی ئەوەی لە توانایدا بێت هەوڵی جێبەجێکردنیانی دەدا. ئەو هەستیارەی مامۆستا لە بواری پەروەردەدا هەیبوو، لە حاجی کەمال ئێریمەیزیشدا ڕەنگی دابوویەوە. هەربۆیە جارێکیان کاتێک بە مەبەستی ئەنجامدانی خزمەتێک سەردانی یەکێک لە شارەکانی تورکیا دەکات و لەوێ لە ماڵی کەسێک میوان دەبێت، کاتێک خاوەن ماڵەکە یەکێک لە منداڵەکانی لە ئامێز دەگرێت، یەکسەر لە هەنسکی گریان دەدات و دەڵێت” منیش کچ، کوڕ و نەوەم هەیە، بەڵام هەرگیز کاتی ئەوەم نەبووە ئاوەها بەم شێوەیە تێر بەدڵم لە ئامێزیان بگرم و خۆشەویستی خۆمیان بۆ دەرببڕم”. کاتێک ئەم قسانەش دەکات، تەنیا مەبەستی ئەوە دەبێت، سەرنجی خاوەن ماڵەکە بۆ خزمەت ڕابکێشێت.

 

بە مەبەستی ئەوەی کۆلیژی یەمانلەر بکرێتەوە، حاجی کەمال ئێریمەز پاڵپشتیەکی ماددی و مەعنەوی گەورەی پێشکەش کرد. هەروەها یەکێکی تر لەوانەی لە ڕیزی پێشەوەی ئەو کەسانە بوو کە دەستیان لە کردنەوەی کۆلیژی فاتیح لە ئیستەنبول هەبوو، هەر دیسان حاجی کەمال ئێریمەز بوو. هەمیشە مامۆستای بە “مامۆستاکەم” بانگ دەکرد و تەنانەت لە ڕووی ئەودا بە حەزەرەوە قسەی دەکرد و، لەوە دەچێت لە ئاماژە و نیشانەیەکی ناو قسەکانی مامۆستاوە، ئەوەی بەدی کردبێت کە پێویستە ڕوو لە ئیستەنبول بکات. مامۆستا ئاماژەی بە ئیستەنبول کردبوو، ئیدی شوێنی خزمەتی ئەو ئیستەنبول بوو. هیچ ڕێگەیەکی تری نەبوو. ڕۆژمێرەکان مانگی ئازاری ساڵی ١٩٨٢ یان پشان دەدا، لە گەرەکی فاتیحی شاری ئیستەنبول بینایەکیان بە کرێ گرت، کە دواتر خوێندکارەکانی لەسەر ئاستی بوارەکانی فیزیا، کیمیا، بیرکاری، بایەلۆژی چەندین خەڵاتی نیودەوڵەتی پێشبڕکێکانیان بەدەستهێنا. لە سەرەتادا لەو خوێندنگەیەدا جگە لە خودی بەڕێوەبەر، نە کارمەندێک نە خزمەتکارێک بوونی نەبوو. پۆلەکانی وێرانە، پەنجەرەکانی شکاو، دیوارەکانیشی پیس و بێ بۆیە بوون.  هەربۆیە حاجی کەمال لە کاتی ئاوەهادا، لە پێش چەندین مانگەوە قۆڵەکانی لێهەڵکردبوو. هەوڵی ئەوەیدا خوێندنگەکە بۆ کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ئامادە بکات. لەو کاتەدا تەمەنی خۆی لە ٦٠ ساڵان دەدا. جگە لەمەش نەخۆشی شەکرە و پرۆستاتی لەگەڵدا بوو؛ هەروەها دڵیشی نارەحەت بوو. حاجی کەمال کەوا هیچ کاتێک سکاڵای لە حاڵی خۆی نەدەکرد، ڕۆژانە بە ٣-٥ کاتژمێر  خەو دەستی هەڵدەگرت و، بێ ئەوەی گوێ بە ڕۆژ و شەو بدات، بە عەشق و شەوق و هەیەجانێکی گەورەوە، تەنانەت گەر پێویستی بکردایە خۆیشی بەشداری لە کاری کرێکاری و نۆژەنکردنەوەی خوێندنگەکە دەکرد و ، ئەو خوێندنگەیەی خەڵکی دەیانوت هەرگیز فریای دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن ناکەوێت، هەوڵی ئەوەیدا لە کاتی خۆیدا ئامادە بێت. هەروەها لە کاتی دروستکردنی کۆلیژی نمونەیی کوڕانی فاتیحیشدا، فرمێسک و عارەقی ناوچەوانی ئەو ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان گێڕا. کاتێک پارە بەشی نۆژەکردنەوەی بیناکەی نەدەکرد، ماڵە دێرینەکەی ناوچەی فاتیح، باخچەکانی هەنجیر و پرتەقاڵ، دوکانەکانی بۆ ئەو مەبەستە فرۆشت. دیسان کاتێک پێویستی زۆر بە پارە هەبوو، ئەمجارەیان ڕووی لە دەرگای پیاوانی کاری ئیستەنبول کرد.

بۆ نمونە، بۆ ئەوەی مۆڵەتی کردنەوەی کۆلیژەکە وەربگرن، پێویستی بەوە دەکرد کە تاقیگەی کۆلیژەکە بە شێوەیەکی کارا لە بەردەستدا بێت. لەو کاتەدا لەگەڵ ناجی تۆسون کەوا لە بەشی پلانسازی دەوڵەت کاری دەکرد، مەوعیدیان لە محمد چۆڵاکئۆغلو وەرگرت، کە لەو کاتەدا خاوەنی کۆمپانیای چۆڵاکئۆغلو مێتاڵئورجی بوو. ئەو کاتەی چووینە لای، لە جیاتی خودی محمد چۆڵاکئۆغلو، عەلی نوری چۆڵاکئۆغلوی کوڕی پێشوازی لێکردن. هەر کە باسی بابەتەکەیان بۆ کرد، حەزی نەکرد گوێیان لێبگرێت و یەکسەر وتی” لەگەڵ ئیتاڵیەکان چاوپێکەوتنم هەیە، ناتوانم گوێ لەم قسانە بگرم”، ئەوانیش بە خەمباریەوە لە ژوورەکەی چویینە دەرەوە.

بەڵام لەو ڕۆژەدا شتێکی سەیر ڕوویدا و ئیتاڵیەکان لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا ئامادە نەبوون. لە دڵی نوری چۆڵاکئۆغلوشدا ناڕەحەتی ئەوە هەبوو، کە بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ حاجی کەمال ئیریمەز و ناجی تۆسون کردووە. یەکسەر یاریدەدەرەکەی بە شوێنیاندا نارد و وتی بگەڕێنەوە. ئێریمەز و تۆسونیش ئەو ڕۆژە نوری چۆڵاکئۆغلوویان هێنایە سەر بیناکەی کۆلیژی فاتیح. چۆڵاکئۆغلوش کەوا سەری بە شێوازی مۆدێرنی بیناکە سوڕما، هەر ئەو کاتەی لەسەر بیناکە بوو، تەلەفۆنی بۆ کارمەندانی کۆمپانیاکەی کرد و فەرمانی پێکردن، کە کەلوپەلی تاقیگەکەیان بۆ دابین بکەن.

 

ڕۆژێکی تر ئێریمەز سەبری ئولکەریان هێنایە سەر بینای کۆلیژەکە. سەبری ئولکەریش کاتێک چاوی بە بەڕێوەبەری کۆلیژەکە کەوت، کە بە ماسیحەیەکەوە زەوی کۆلیژەکەی دەسڕی، یەکسەر دەستی بە گریان کرد و بە حاجی کەمال ئێریمەزی وت” وەرە ٥ قاتی ئەو پارەیەی بۆ ئەم خوێندنگەیە دەتەوێت بیبە”.

مامۆستاش سەبارەت بە سەبری ئولکەر دەیوت” زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت وەزارەتی دارایی تورکیای ڕادەست بکەیت”. سەبری ئولکەریش یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆر لە ژێر کاریگەی مامۆستادا بوو. کاتێک گوێی لە وتارەکانی دەگرت، هەمیشە دەیوت” قسەکانی وەک رۆنی زەیتون دەڕژێنە ناو ناخمەوە”.

پاشان حاجی کەمال ئیریمەز لە کاتی کردنەوەی خوێندنگەکەدا، نەیتوانی بەر بە فرمێسکی چاوەکانی بگرێت و دەستی بە گریان کرد. لەو سەردەمەدا ئوغور ئۆزتاش کەوا بەڕێوەبەرایەتی خوێندنگەکەی دەکرد، تەواوکردنی کارەکانی خوێندنگەکە و ئامادەبوونی لە دەستپێکی ساڵیی نوێی خوێندندا، بە کارێکی دەراسا ناو دەبرد. ئۆزتاش باس لەوە دەکات کە حاجی کەمال جارێکیان پێی وتووە” ئامان مامۆستا، ئەم منداڵانەی ئەمڕۆ دەبنە کاربەدەستەکانی سبەینێی وڵاتەکەمان، خزمەتی وڵات و گەلەکەمان دەکەن. وەک چاوت ئاگاداری ئەم منداڵانە ببە. هەوڵ و کۆششتان هەمیشە بۆ ئەوە بێت کە زۆر بە باشی پێبگەن”.

 

هەروەها هەتا ئێستا کەس ناتوانێت مەزەندەی ئەوە بکات، کە حاجی کەمال لە بواری ماددیدا چەندە یارمەتی خزمەتە پەروەردەییەکانی داوە و هەتا چی ڕادەیەک بووە.

 

مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەم جۆرە مرۆڤانەی ناو خزمەت دەکات:

حاجی کەمال لە کردنەوەی خوێندنگەکانی ئازەربایجان، کازاخستان و ئۆزبەکستانیشدا ڕۆڵی هەیە. بۆ هەموو ئەو شوێنانە ڕۆشتووە. هەر کارێک کەوا لەو شوێنانە ئەنجامی داوە، وەک بیلبیلەی چاوی خۆشی دەویستن و، هەمیشە هەستی بە پێویستی ئەوە دەکرد، کە دەبێت سەردانیان بکات. بەڵام لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا، پێش ئەوەی وەفات بکات، ماوەی ٣-٤ ساڵ تەواوی هیممەت و هەڵمەتی خۆی بۆ تاجیکیستان تەرخان کردبوو، کە لەو کاتە شەڕ و شۆڕی زۆری تێدا بوو، هەڵدەکوترایە سەر خوێندنگەکان، مرۆڤەکان دەکوژران و، کەس متمانەی بە ژیانی خۆی لەو وڵاتە نەبوو. هاوڵاتیان و تەنانەت وەزیرەکانی ئەو وڵاتەی هینایە تورکیا و دەیگێران و، چاوپێکەوتنی لەگەڵ کاربەدەستاندا بۆ ساز دەکردن. خۆی لە ڕووی ماددیەوە بڕێکی بەخشی و کەسانی تریشی بانگهێشتی ئەوە کرد کە بیبەخشن. لەو وڵاتەشدا ٤-٥ خوێندنگەی کردەوە. لە وڵاتێکی ٢-٣ ملیۆن کەسیدا کردنەوەی ٤-٥ خوێندنگە کارێک نەبوو کەوا بە مەبەستی ناساندنی کەلتوری ئێمە و خۆمان، وەک کاری لۆبیچێتی ئەنجام بدرێت. پێموایە ئەو کەسە بەختیارانەی لە داهاتوودا دەبنە کاربەدەستی وڵاتەکەمان، لە بەرامبەر ئەو خزمەتانەی حاجی کەمال پێشکەشی کردووە، خەڵاتی نۆبڵی پێشکەش دەکەن. ئەم کارانەی ئەو لەلایەن مێژوونووسە بەختیارەکانی داهاتوەوە دەنوسرێتەوە. ئەو هەر بە ڕاستی وەک شێتی خوێندنگە کردنەوەی لێهاتبوو.

 

ئەو کاتەی هاوسەرەکەی وەفاتی کرد لێرە نەبوو. هەروەها کاتێک کچەکەشی وەفاتی کرد، لە دەرەوە بوو، زۆر بە زەحمەت فریای ئەویش کەوت. ئەم ناسۆریانە ئەویان لە ناخەوە ڕزاندبوو. سەرەتا دایکی، پاشان هاوسەرەکەی، دواتر کچەکەی، بەسەر یەکەوە ٣ کەس لە خێزانەکەی وەفاتیان کرد، بەڵام ئەو مرۆڤە دڵناسک و پڕ شەفقەتە هەر بە پێوە خۆڕاگرانە مابوویەوە. نەڕووخابوو هەر لە شوێنی خۆیدا بوو. بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە، هەر وەک شێتێک هەردەم دەیوت” هەر دەبێت خوێندنە بکەینەوە”. هەمیشە ڕووی لە وڵاتانی ئاسیا دەکرد. زۆر بە کەمی و بە ناڕەحەت لە شوێنی خۆیدا پێمدەگیرا. جارێکیان وتم هەفتەیەک لە ماڵەکەی خۆتدا بمێنەرەوە… پاشان نەخۆشکەوت و ئەو ماوەیە بە هۆی زۆرلێکردنی منەوە لە نەخۆشخانە مایەوە. لەو کاتە توشی ناڕەحەتیەکی گەورەی دڵ بوو. توشی گیرانی دەمارەکانی بوو… بردیان بۆ نەخۆشخانە و لە کۆما مایەوە. ئەگەر نەیانبردایە بۆ نەخۆشخانە، دیسان بەو حاڵەیەوە ڕووی لەو وڵاتانە دەکردەوە. حەزی دەکرد لە تاجکستان بمرێت و هەر لەوێش بینێژن. چونکە باپیرانی ئێمەش روویان لە هەر شوێنێک کردووە، لەوێ نەگەڕاونەتەوە، تەنیا کێلی گۆڕێکیان لە دوای خۆیان جێهیشتووە”.

 

ساڵانی پڕ ناڕەحەتی

 

ئەو کاتەی کودەتا ڕوویدا، مامۆستا چەشنی کەراکتەری “جیان ڤالیان” ی ناو ڕۆمانەکەی ڤیکتۆر هۆگۆ بە ناوی لانەوازان، لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتەوە بە دوایدا دەگەڕان. هەربۆیە بە بەلاش نەبوو کە مامۆستا خۆی بەو کەراکتەرە دەچواند و لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت:

دوای ساڵی ١٩٨٠ بە نیسبەت منەوە ساڵی دابڕان بوو. ٥-٦ ساڵ بە نیسبەت منەوە زۆر بە سەختی تێپەڕی. تەنانەت جاری وەها هەبوو، ئیمکانی ئەوەم نەبوو بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە یەک شوێندا بمێنمەوە. هەمیشە خەریکی سوڕانەوە بووم. ماڵێکم بۆ نەدەدۆزرایەوە کەوا بە شێوەیەکی دڵنیا لە خۆم، تێیدا دابنیشم و نزایەکی تێدا بکەم…”

مامۆستا مرۆڤێکی زۆر بە وەفا بوو. لە ساڵی ١٩٨٢ سەرەڕای ئەو هەموو ناڕەحەتیەی خۆی هەیبوو،  سەردانی مامۆستا حوسەین تۆپی کرد، کەوا بە هۆی نەخۆشی دڵەوە، لە نەخۆشخانەی بەشی پزیشکی جەراحپاشا کەوتبوو. نیوەی شەو بەو هەموو ناڕەحەتیە، هەتا ژوورەکەی ڕۆشت و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواست. مامۆستا حوسەین تۆپ سەبارەت بەو بابەتە دەڵێت:

“بێگومان من دواتر بەم ڕووداوەم زانی. مامۆستا زۆر حەقی بەسەر ئێمەوە هەیە، لە کاتی خۆیدا نرخی ئەومان نەزانی. نەمانتوانی هیچ شتێکی بۆ ئەنجام بدەین. بەڵام ئەو زیاد لە حەد لوتفی بەرامبەر ئێمە پشاندا”.

 

ساڵی ١٩٨٣ هێشتا باری نائاسایی بەردەوام بوو

کاربەدەستانی سوپا، بە مەبەستی ئەوەی مامۆستا دەستگیر بکەن، بە شێوەیەکی بەردەوام هەڵیاندەکوتایە سەر ئەو ناونیشانانەی، کە گومانی هەبوونی مامۆستای لێدەکرا. لە ١٢ ی شوباتی ١٩٨٣، هەڵیانکوتایە ماڵی ڕەفیعە خانمی دایکی کە ئەو کاتە لە ئیزمیر دەمایەوە. لە ڕاستیدا بڕیار بوو مامۆستا لەو کاتەدا سەردانی دایکی بکات. بەڵام کاتێک ئەوە بەدی دەکات کەوا یەکێک لە گۆرەویەکانی کونی تێدایە، نزیکەی نیو کاتژمێر بە دوورینەوەی گۆرەویەکەیەوە خەریک دەبێت. بەم شێوەیە ١٠ خولەک دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایش ماڵەکەی دایکی جێدەهێڵن، دەگاتە ماڵەوە. کاتێک ئەوەی زانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی، نەچووە ژوورەوە و گەڕایەوە. کاتێک مامۆستایان لە ڕێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە دەستگیر نەکرد، بە مەبەستی ئەوەی چۆکی پێدابدەن، لە ڕێکەوتی ٢ ی ئازاری ١٩٨٣ دوو برای بە ناوەکانی ساڵح و مەسیح، لەگەڵ دەیان کەسی تری نزیک لە مامۆستایان قۆڵبەست کرد. دوای ئەوەی نزیکەی مانگێک ئەشکەنجەی براکانی مامۆستایان دەدەن لە زیندان، ئازادیان کردن. هەروەها یەکێکی تر لەو ئۆپەراسیۆنە گەورانەی بە مەبەستی قۆڵبەستکردنی مامۆستا لە ساڵی ١٩٨٣ ئەنجامدرا، بریتی بوو لەو ئۆپەراسیۆنەی بۆ سەر ناوچەی ئاڵتونیزادە لە ئیستەنبول ئەنجامدرا، کە لەو کاتەدا مامۆستا لەوێ دەمایەوە. هێزەکە لە ئیزمیرەوە هاتبوون. بە درێژایی ٣ ڕۆژ، لە باڵکۆنی یەکێک لە نەخۆشخانەکانەوە، چاودێری ئەو ناوچەیەیان دەکرد کە مامۆستای لێدەمایەوە. بەڵام بە هەر حیکمەتێک بێت، هەڵیاندەکوتایە سەر هەر شوێنێک، مامۆستای لێنەبوو. دەچوونە سەر هەر ماڵێک دەیانوت” یان ئەوەتا لێرەوە بۆ ئاسمان فڕیوە، یاخود بە ناخی عەرزدا ڕۆچووە”. مامۆستا لە نێوان دوو دیواردا، ڕێک ٤ کاتژمێر قاچەکانی بە سکیەوە دەنوسێنێت و بەو شێوەیە دەمێنێتەوە. ئەو ئازارەی بەهۆی ئەم جۆرە دانیشتنەوە توشی بوو، هەتا ماوەیەکی زۆر لەگەڵیدا مایەوە. تەنانەت ڕەنگدانەوەی لەسەر قاچی هەبوو، هەتا ماوەیەکی زۆر بە شەلەشەل دەڕۆشت.

مامۆستا بە هۆی ئەو چاودێریە بەردەوامەی کە کۆتاییان بۆ نەبوو، بە شێوەیەکی بەردەوام شوێنەکانی خۆی دەگۆڕی. مامۆستا سەرەڕای ئەو هەموو نارەحەتیەی هەیبوو، هێشتا دەستی لە خزمەتەکانی خۆی هەڵنەدەگرت. بە تایبەت هەوڵ و کۆششێکی زۆری بۆ ئەوە دەدا کە خوێندنگەکان لە ناوخۆی تورکیادا بکرێنەوە. لە یەکەم هەڵبژاردنی دوای کودەتاکە، بە شێوەیەکی سوپرایز تورگوت ئۆزاڵ هەڵبژێردرا. لە ڕێکەوتی ١٣ ی کانونی یەکەمی ١٩٨٣، پارتی ئەناپ بە سەرۆکایەتی ئۆزاڵ حکومەتی پێکهێنا. ئۆزاڵ ئەو کاتەی دەبێتە سەرۆک وەزیران، لە میانەی یەکێک لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا، بە کەنان ئێڤرەنی سەرکردەی کودەتا و سەرۆک کۆماری ئەو کاتە دەڵێت” من دەمێکە مامۆستا دەناسم، ئەو شتانەی لە بارەی مامۆستاوە دەوترێت، هیچیان لە ڕاستیدا بوونیان نیە”.

 

بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، ئۆزاڵ زۆری کاری باشی ئەنجامداوە. لە هەمووشیان گرنگتر، تورکیایەک کەوا تازەیی لە کودەتای سەربازی دەرچوو بوو، بێ ئەوەی بهێڵێت توشی کارەساتێکی نوێ ببێت، بەردەوامی بە بەرەوپێشچوونی تورکیا دەدا. مامۆستا سەبارەت بەو بابەتە دەڵێت” لە کاتی ئەودا نە خوێندنگەیەکی ئیمام و وتاربێژی، نە فاکەڵتێکی زانستە ئیسلامیەکان داخرا، نە کۆرسێکی وتنەوەی قورئان. بە پێچەوانەوە هەموویان بەردەوام بوون لە کاری خۆیان و دەکرانەوە”.

 

ئابرا خولیسی یەحیاگیل و مامۆستا

 

مامۆستا لە یەکێک لە وتارەکانیدا بەم شێوەیە باسی یادەوەریەکی خۆی لەگەڵ ئابرا یەحیاگیل دەکات:

” کوڕی ئابرا خولیسی وەفاتی کردبوو. ئێمەش بە مەبەستی سەرەخۆشی کردن لەوێ ئامادە بووین(١٩٨٣). باسی چەند شتێکی جوانی بۆ کردین”.

بە گوێرەی گێڕانەوەکانی ئابرا سالیح ئۆزجان، کاتێک ئابرا خولیسی مامۆستا لەوێ دەبینێت، ئیشارەتی بۆ دەکات و بە چواردەورەکەی دەڵێت:

“سەرنجی ئەم گەنجە بدەن، ئەم گەنجە بەڵێنی داهاتوویەکی گەش دەدات”. جگە لەمانە، ئابرا خولیسی لە میانەی ئەم سەردانەی مامۆستادا، بە دەستی خۆی کەوچکێک لەو هەنگوینە پڕ کەرامەتە دەدات بە مامۆستا، کە بەدیعوزەمان لە پەیامی ئابوریدا ئاماژەی پێکردووە. مامۆستا خۆی بەم شێوەیە باسی ئەو ڕووداوە دەکات:

کاتێک سەردانی ئابرا خولیسیم کرد، ساڵی ١٩٨٣ بوو، واتە ڕێک دوای ٢٣ ساڵ لە وەفاتی ئوستاد سەردانم کرد. ئابرا خولیسی بە دەستی خۆی کەوچکێک لەو هەنگوینەی ئوستادی کرد بە دەممەوە، کە لە پەیامی ئابوریدا باسی کردووە. هێشتا ئەو هەنگوینەی ئوستاد لەلای مابوویەوە و تەواو نەبوو بوو”.

 

خەیاڵەکەی ئوستاد بەدیعوزەمان ئەو کاتەی لە ڤان بوو

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، ڕێک لە دوای کرانەوەی کۆلیژەکانی ئیزمیر، ئیستەنبول، ئەنقەرە، هەوڵی ئەوەشی دەدا لە ناوچە کوردیەکانیش کۆلیژێک بکاتەوە. لە ساڵی ١٩٨٤ یەکێک لەو کەسانەی دەستپێشخەری لە کردنەوەی کۆلیژێکی لەم شێوەیە لە شاری ڤان کرد، کاسپکارێکی ناسیاوی مامۆستا بوو لە شاری ئیزمیر. هەروەها کاتێک مامۆستا ئەوەی بۆ دەرکەوت کە کێشە لە زەوی ئەو شوێنەی شاری ڤاندا دروستبووە کەوا بریار بوو کۆلیژەکەی لەسەر دروست بکەن، دەڵێت:

” گەر پێویست بکات خۆم دەچمە ڤان و ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەم”، بەم ڕادەیە بایەخی بە کردنەوەی کۆلیژەکە دەدا. چونکە کردنەوەی کۆلیژێکی لەم شێوەیە لە ناوچەی ڤان، یەکێک لە خەیاڵە گەورەکانی ئوستاد بەدیعوزەمانیش بوو.  ئوستاد ٣ جاری ڕێک پێش ئەوەی کۆماری تورکیا دابمەزرێت و، جارێکیش لە دوای دامەزراندنی پەڕلەمانی تورکیا، هەوڵ و کۆششەکانی خۆی بۆ کردنەوەی خوێندنگەیەکی لەو شێوەیە چڕ کردەوە. بەڵام قەدەر وەهابوو هەموو جارێک کۆسپێکی دەخستە بەردەمی. ئیدی گەشتە ئەو قەناعەتەی کە ئەنجامدانی خزمەتی کردنەوەی خوێندنگە بۆ سەردەمی دوای خۆی جێهێڵدراوە.

 

کاسپکارێکی شاری ئیزمیریش کەوا زۆر کاریگەر بوو بەم پەرۆشیەی مامۆستا بۆ کردنەوەی خوێندنگەکەی شاری ڤان، هەر ئەو ڕۆژە چووە شاری ڤان و کێشەی تاپۆکەیان چارەسەر کرد و ، ڕۆژی دواتر گەڕانەوە بۆ ئیزمیر. لەو ڕۆژەدا یەکێک لەو دوو کەسەی ڕوویان لە شاری ڤان کرد، یوسف پێکمەز بوو کە بە هۆی پێشنیارەکانی مامۆستاوە تەواوی ژیانی خۆی بۆ ئەو جۆرە خزمەتانە تەرخان کردبوو. پێکمەزجی دوای ئەوەی کێشەی تاپۆکەی چارەسەر کرد و ڕۆژی دواتر گەڕایەوە ئیزمیر، مامۆستا تازەیی نوێژی بەیانی کردبوو. کاتێک ئەو هەواڵەی بە مامۆستا گەیاند، ئەو خۆشیەی لەسەر دەموچاوی مامۆستا بەدی کرد، بە درێژایی ژیانی لەبیری نەدەچوویەوە.

ساڵی ١٩٨٤ بناغەی کۆلیژی سەرهات لە ڤان لێدرا

لە دوای کودەتاکەی ١٢ ی ئەیلولی ١٩٨٠، مامۆستا ئیدی وازی لە وتار پێشکەش کردن هێنا. بەڵام لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٥، لەگەڵ چەند خوێندکارێکی دیاریکراوی زانستە ئیسلامیەکان، دەستی کرد بە وانە وتنەوەی شاکارە کلاسیکیەکانی ناو دونیای ئیسلام. مامۆستا لە ساڵی ١٩٨٥ کە ئەم وانانەی لەگەڵ ١٠ خوێندکاری شاری ئەنقەرە دەستپێکردبوو، دواتر لە شارەکانی ئیزمیر و ئیستەنبوڵیش بەردەوامیی پێیاندا. لە دوای ئەو بەروارەوە دەیان خوێندکاری زانستە ئیسلامیەکان، سەدان کتێبی ناو دونیای ئیسلام کە بە سەدان بەرگ مەزەندە دەکرێت و لە هەموو لایەک بە شاکارەکانی ناو مێژووی ئیسلام  ئەژمار دەکرێت،  لە ژێر دەستی مامۆستا لە ڕێگەی سیستەمێکەوە کە خۆیان بە “مذاکرة” ناوی دەبەن، وانەیان وەرگرت. بۆ نمونە مامۆستا، کتێبێکی ١٦ بەرگی کەوا ٤٦ هەزار حەدیسی تێدا بوو، لە ماوەی مانگێکدا بە خوێندکارەکانی دەوتەوە.

 

بایەخی تورگوت ئۆزاڵ بە کۆلیژی سەرهات

دروستکردنی کۆلیژی سەرهات لە ساڵی ١٩٨٥ بەردەوام بوو. تورگوت ئۆزاڵ لە ڕێکەوتی ١٨ ی تشرینی دووهەمی ساڵی ١٩٨٥ کاتێک سەردانی هەریەک لە شارەکانی بیتلیس و ڤانی کرد، کاتێک پاسەکەی بە بەردەم بیانی خوێندنگەکەدا هات، کەوا لەسەر ڕێگەی ڤان-ئێدرەمیت بوو، پاسەکەی وەستاند و لە نزیکەوە سەیری قۆناغەکانی تەواوبوونی کۆلیژەکە کرد. حاجی کەمال کەوا لە ڕێگەی وەرگرتنی یارمەتی ماددی لە چەند بازرگانێکەوە دروستکردنی کۆلیژەکەی لە ئەستۆ گرتبوو، ئەو ڕۆژە کاتێک دەزانێت ئۆزاڵ دێتە ڤان و قسە بۆ خەڵکی ئەو شارە دەکات لە میتینگێکدا، ئێریمەز خۆی هەتا بەردەم پاسەکەی ئۆزاڵ دەچێت و بانگهێشتی دەکات بۆ بینینی خوێندنگەکە.

 

کۆلیژی سەرهات لە دوای ٥ ساڵ، والە لە ساڵی ١٩٩٠ دەستی بە پەروەردە کرد. دەستپێکردنی ئەم کۆلیژە ١٢ ساڵ لە پێش دەستپێکردنی کۆلیژی سەرهات لە ئێدیرنە، واتایەکی زۆری هەبوو. هەربۆیە ئەم کۆلیژە پاش ماوەیەک کەوتە ژێر هەڕەشەی زۆر جددیەوە…

  

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *